بایۆگرافی کۆمۆنیزم

هاوڕێیەتی, بەیادی شوانی هاوڕێم

لەگەڵ ئەو لەسەر یەک کورسی پۆلی پێنجی ئامادەیی سلێمانی کوڕان دادەنیشتین. هەردوکمان دوو گەنجی ئارام بوین و مارکس بوو بە هاوڕێی سێهەممان . بەڵام هاوڕییەتی ئێمە لە کتێب گۆڕینەوەدا نەوەستا و بوینە دوهاوڕێی گیانی بەگیانی کە زۆر کەس دەوروبەرمان لێکی نەدەکردینەوە و کوڕێکی تری خێزانە کرێکاریەکەی ئێمە بوو. لە زۆربەی مەسەلەکانی ژیانی مندا لە سیاسەت و پیاسە و گەڕان بە دێ و شادی و کۆڕی هاوڕێیانە و مەسەلەی خێزان و سەردانی کۆمەڵایەتی و سەردانی کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئێران پێکەوە بوین. شوان زۆر لەخۆبردوو و خۆنەویست بوو. ئەو چەند ساڵێک سەربازی و فراری بینیبو و وەرزشی دەکرد و هەربۆیە لە شوراکاندا چەکداربوو و لەگەڵ هاوڕییانی شورا بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ دەچوو و لە ٣١ ئازاری ١٩٩١ کاتێک لە شورای مەجید بەگ خواحافیزیمان کرد و ئەوان بەرەو تاسڵوجە چوون نەمزانی کە ئێتر ئەوە دواماڵئاوایی یە. لە تاسڵوجە ئەو و هاوڕێ نەوزاد لەکاتی بەرەنگاربونەوەی هێرشی دەبابەکانی بەعسدا بۆ سەر سلێمانی گیانیان بەخشی. ئێمە تا دواڕۆژی ژیانی شوان ئەوەی پێکەوە بەستینەوە هاوڕییەتیەکی قوڵ بوو کە تەنیا باوەڕە هاوبەشەکان و نزیکایەتی شەخسیەتمان نەبوو بەڵکو خۆشەویستیەکی هاوڕێیانە بوو کە مرۆڤ پێویستە هەمیشە لەگەڵ یەکتر هەیبێ بەڵام بەداخەوە دەگمەنن و لەکاتی لەدەستدانیدا بۆ هەموو ژیانت بە حەسرەتەوەیت جارێکی تر ئەو ڕۆژانەت بگەڕێتەوە تا بەو هاوڕێیەت بڵێی چەند خۆشم دەوێی. یادی هەمیشە ئازیز و بەرزە لەلام کاکە شوانە.

Add Comment

Click here to post a comment