ڕیفراندۆم

بۆ ڕەوەندی کوردستانی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق

پەیامی ئاسۆکمال ڕیکخەری ناوەندی سەربەخۆی کوردستان بۆ ڕەوەندی کوردستانی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە نەخشە ڕیگای سەربەخۆیی و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق لەدەرەوەی وڵات
بەڕیزان ڕەوەندی کوردستانی دەرەوەی وڵات
ئێمە وەک خەلکی کوردستان و کوردستانیانی دەرەوەی وڵات بڕیارێکی مێژوویمان دا لە رفراندۆمدا کە دەمانەوێ سەربەخۆبین و چیتر ژێردەستەی دەوڵەتی عێراق نەبین. بەهۆی ئەم بڕیارە و داوای ئازادبونمان لە ژێردەستەیی دەوڵەتی عێراق ڕوبەڕوی هەڕەشە بوینەتەوە لەلایەن حکومەتی قەومی عەرەبی و مەزهەبی عەبادیەوە. ئامانجی ئەم هەڕەشە و فشارانە دەست بەرداربونمانە لەم مافی سەربەخۆبونەو گەڕانەوەیە بۆ ژێرسایەی حکومەتی عێراق کە هەم بە تەجروبەی سەدەیەک و هەم بە کردەوەکانی ١٤ ساڵی ڕابردوو و وە لەهەمان کاتدا بە بڕیارەکانی ئێستای حکومەت و پەرلەمان و دادگای فیدرالیە قەومی و مەزهەبیەکەی نیشانی داوە کە جگە لە دژایەتی مافەکانی خەلکی کوردستان هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێ.
ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە دەبێ وەڵامی ئەم هێرشانەی حکومەتی عەبادی بە چونە بەردەم سەفارەتەکانی عێراق لە وڵاتانی جۆراوجۆر لەیەک کاتدا بدەینەوە و داوای هەڵوێست لە هەموو دەوڵەت و پەرلەمان و حزب و میدیا جیهانیەکان لە بەرامبەر ئەم بڕیارە شۆڤینیستی و داگیرکەرانەی دەوڵەتی عەبادی بکەین، بەڵام پێویستە تەنیا لەسەنگەری نارەزایەتی و کاردانەوە بەرامبەر بە هێرش و هەڕەشەکانی عەبادیدا نەمێنینەوە . پێویستە ئێمە بە چالاکیەکی هەمە لایەنەی سیاسی و جەماوەری نەخشە ڕیگای دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەرینە پێش و مەیدانی ململانێمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بکەینە ململانێ لەسەر ڕەوایەتی مافی سەربەخۆیی و جیابونەوەمان لەدەوڵەتی عێراق و ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی بۆ ئەم خواستەمان و مەحکومکردنی هەر هەرەشە و هێرشێک بۆسەر ئەم مافەمان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
ئەو نزیک بە ١٠٠هەزار دەنگدەرە لەم رفراندومەدا کە لە دەرەوەی وڵات هەمانە پیویستە چالاکانە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەی نەخشە ڕێگای دەوڵەتی سەربەخۆ کاربکەین وەک بەشێک لە هێزی خەڵکی کوردستان کە بڕیاری سەربەخۆبون و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی داوە:
١-لە ڕیگای نامە و سەردان و کۆبونەوە و ئاکسیۆنەوە داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ، یەکێتی ئەوروپا، حزب و ڕێکخراوەی کرێکاری و جەماوەری و پەرلەمان و حکومەتەکانی دنیا بکەین کە ئەنجامی ئەم رفراندومەی خەلکی کوردستان و ماف و بڕیاری سەربەخۆیی بەرەسمی بناسێ و وەک ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتوەکان قبوڵی بکا .
هاوکات فشار بۆ حکومەتی عیراق بهێنێ کە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی خەلکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ڕێگای کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیەوە بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و بەبەشداری هەریەک لە نوێنەرانی خەلکی کوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش یەکلایی بکرێتەوە و ڕایگەیەنین پیویستە ڕێز لە بڕیاری خەلکی کوردستان بۆسەربەخۆیی بگیرێ و نامانەوێ بچینەوە ژێر سایەی ئەو دەوڵەتە و یاسا و دەستورەکەی و گفتوگو نابێ بۆ گەڕانەوە بێ بۆ بەغداد بەڵکو بۆ کردنە ئەمری واقیع و ڕەسمیەتدان بەسەربەخۆییە.
٢- داوای هەڵوێست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەین لە بەرامبەر بڕیاری شەڕو گەمارۆ و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەرکوک و سزاکانی حکومەتی عەبادی کە بە هۆی رفراندوم و بڕیاری سەربەخۆیی لەخەلکی کوردستان کراوە. دەمانەوێ بە ئاشکرا ئەم هێرش و هەڕەشانە مەحکوم بکەن و ڕێگای پێ نەدەن و بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و خەلکێک بزانن کە بڕیاری سەربەخۆبونی لە دەوڵەتی عێراقێکی شۆڤینیست و ستەمکار داوە. داوای سەربەخۆبونی ڕێگای هاتوچۆ و بازرگانی و پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی و بونی هێزی پاراستنی ئاشتی نەتوەیەکگرتوەکان و هەموو ڕێکارە عەمەلیەکانی پاراستنی خەلکی کوردستان بکەین لە بەرامبەر هەڕەشەی عێراق و ئێران و تورکیا.
٣- ناڕەزایەتی وئاکسیۆنی سەراسەری لە و وڵاتانەی ڕەوەندی کوردستانی تێدایە بەرپابکرێ بۆ بەردەم سەفارەتی عێراق و نامەی ناڕەزایەتی و ئاگادارکردنەوە بە حکومەتی عێراقی بدرێ کە دەبێ رفراندوم و سەربەخۆیی بسەلمێنێ و ئەگەر دەستبەجێ کۆتایی بەم هێرش و هەڕەشانەی نەهێنێ ڕوبەڕوی کاردانەوەی توندتری سیاسی و جەماوەری دەبێتەوە.
٤-داوای هاوپشتی لە ڕەوەندی عێراقی و عەرەبی و تورکی و ئێرانی بکرێ بۆ پشتیوانی لە مافی خەلکی کوردستان لە رفراندوم و سەربەخۆییدا و تەشهیر بە کاروبڕیارەکانی حکومەتی عێراقی و ئێرانی و تورکی بکرێ لە گەمارۆدان و فشارخستنە سەر خەلکی کوردستان.
٥- داوای پشتیوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئینساندۆست و ئازادیخوازەکانی جیهان کە دژ بەو بڕیارانەی حکومەتی عێراقی بوەستنەوە کە دەبێتە مایەی سزادانی سیاسی و مادی خەلکی کوردستان و تێکدانی باری گوزەران و هاتوچۆ و ئاسایش و تەندروستی خەلک.
٦-کەمپەینێکی جهانی میدیایی بەڕێبخەین بۆ پشتیوانی لە بڕیاری رفراندومی خەلکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و نیشاندانی ڕوخساری ئاشتیخوازانەی خەلکی کوردستان بۆ پایدەکردنی مافی سەربەخۆیی و شەڕانگێزی حکومەتی عەبادی لە دژایەتی کردن و پێشێلکردنی ئەم مافەدا و تەشهیرکردن بە بڕیارەکانی عەبادی بۆ داخستنی سنور و ئاسمان و هەڕەشەی شەڕی قەومی و مەزهەبی لە دژی خەلکی کوردستان و بەراوردکردنی لەگەڵ ڕژێمی بەعس و ڕژێمە شۆڤینیستیەکانی پێشووی عێراق.
٧-ڕەوەندی کوردستانی پێویستە بەشداربێ لە داڕشتنی یاسا و دەستور و دامودەزگاکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا هەرچۆن بەشداربوە لە رفراندوم و بڕیاری سەربەخۆیی کوردستاندا و پشتگیری ئەم ڕەوەندە لە دروستکردنی دەوڵەت و دەوستورێکی سێکولار و ناقەومی و یەکسانی مافی هاوڵاتی بەبێ جیاوازی بەهۆی زمان و ڕەگەز و ناوچە و دینەوە و سەلماندنی ئازادیە سیاسەکان و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی حزبی چەکدار و بنەماڵەیی نمونەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوتر لە حکومەتی مەزهەبی و قەومی عێراقی پیشانی جیهان دەدا کە شایەنی پشتگیری ئازادیخوازان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە.
٨-ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کە لە ١٨ ساڵی ڕابردوەوە کاری بۆ سەرخستنی خواستی رفراندوم و سەربەخۆیی کردوە بانگەوازتان دەکا کە لەهەموو وڵات و شارەکاندا ناوەندی سەربەخۆیی پێکبهێنن تاکو پیکەوە لەسەراسەری جیهاندا ئەم دەنگ و سەنگەرە جیهانیەی پارێزگاری لە مافەکانی خەلکی کوردستان بەسەرکەوتن بگەیەنین. ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و دەستە و گروپانەی کار لە پێناو سەربەخۆیی خەلکی کوردستاندا دەکەین، بەجیا لە جیاوازی حزبی و ڕیکخراوەیی و ئایدیۆلۆژیا و ڕاکانمان ،هاوکارین و داوادەکەین کە هەمومان پێکەوە ئەم ئەرک و چالاکیانە بەرینە پێش و هێزی هەموو ڕەوەندی کوردستانی لەم پێناوەدا بێنینە مەیدان تا بتوانین سەرکەوتوبین. سەربەخۆیی بڕیار و خواستی هەمومانە بۆیە پێویستە پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی تێبکۆشین.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment