ڕیفراندۆم

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان: بەشدارى فراوانى جەماوەر دەریخست کە سەربەخۆیى خواستى خەڵکە

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکى لەسەر ڕیفراندۆم بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەشداری بەرفراوانی جەماوەری کوردستان لە ڕیفراندۆمدا نیشانی دا کە خواستی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی خواستی زۆربەی خەڵکە و دەرخەری ئیرادەی ئازادیخوازانەی ئەوانە دژ بە حکومەتی عێراق.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان پەیامێکى بەبۆنەى ڕیفراندۆمەوە بڵاوکردەوە و پرۆسەکە بە سەرکەوتوو ناوزەد دەکات و دەڵێت “سەرکەوتنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە بەرپاکردنی ریفراندۆمی ٢٥ ئەیلولى ٢٠١٧ بۆ سەربەخۆیی بە هەنگاوێکی مێژوویی جەماوەری کوردستان دەزانێ لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستاندا”.

هەروەها دەشڵێت، خواست خەڵک بۆ سەربەخۆیى و  ئیرادەی ئازادیخوازانەیان دژ بە حکومەتی عێراق و هەموو ئەو دەوڵەت و ناوەندانەی دەیانەوێ خەڵکی کوردستان ژێردەستە و پلە دوو بمێنێتەوە”.

ناوەندە ئەوەشى وتووە “ئەمە یەکەم جارە خەڵکی کوردستان خۆی بریار لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان بدات، نەک چارەنوسی لەلایەن حکومەت و حزبەکان و مامەلەی سەروو خەڵک دیاری بکرێ”.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئەم سەرکەوتنەی ڕیفراندۆم بە هەنگاوی یەکەمی سەرکەوتنی خواستی سەربەخۆیی دەزانێ و پێویستە ئەنجامی ئەم ریفراندۆمە لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێ و هیچ سەودایەک بە دەنگدانی خەڵکی کوردستانەوە بۆسەربەخۆیی نەکرێ و هەنگاوەکان بەڕۆشنی بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بنرێ.

هەروەها ئەوەشى وتووە “ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بەم حکومەت و پەرلەمانەی عێراقی نیشاندا کە چیتر ناتوانن خەڵکی کوردستان وەک سەدەی رابردوو مافخوراو و ژێردەستە بهێڵنەوە”.

ناوەندەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکرێ لەسەر بنەمای دانپێدانانی حکومەتی عێراق بە ئەنجامی ڕیفراندۆم و جێبەجێکردنی بریاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بێت نەک ئەجێندای گەڕانەوە بۆ دابەشکردنەوەی فیدراڵی بودجە و پلە و کێشەکانی نێو سیستەمی شکست خواردوی فیدراڵی.

لەبەشێکى ترى پەیامەدا هاتووە، پێویستە نەتەوەیەکگرتوەکان مافی سەربەخۆیی و ئەنجامی ڕیفراندۆم بەرەسمی بناسێ و ڕێگە نەدا ڕێگری لە خەڵکی کوردستان بکرێ بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆی بەم ڕێگا ئاشتیانە و دژایەتی هەر هەڕەشە و دەستێوەردانێکی حکومەتی عێراق و ئێران و تورکیا لە کوردستاندا بکات.

ناوەندى سەربەخۆیى کوردستان ئەوەشى وتووە “دەبێت دەوڵەتێکی سێکولار و ناقەومی لە کوردستان راگەیەنین کە هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی زمان و ڕەگەز و ناوچە و ئاین مافی یەکسانیان هەبێ و دەستور و یاساکانی سێکولار و پێشکەوتوانە بێت”.

ئەو ناوەندە ئەوەشى وتووە “پێویستە کۆمیتەى باڵای ڕیفراندۆم لە ڕووی پێکهات و میکانیزمی کارکردنیەوە بگۆڕدرێ بە ناوەندێک کە جێگای خەڵک و هەموو ئەو لایەنانەی تێدا بێتەوە و بڕیاری بەکۆمەڵ تیایدا جێگای بڕیاری تاکەکەسی و پاوانکاری حزبە دەسەڵاتدارەکان بگرێتەوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەیانى ڕۆژى ٢٥ى ئەیلولی ٢٠١٧ بنکەکانى دەنگدانى ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەڕووى دەنگدەراندا کرایەوە، سەرەڕاى فشارى وڵاتان، بەڵام ئەنجومەنى باڵاى ڕیفراندۆم سوور بوو لەسەر ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەکاتى خۆیدا.

بە وتەى کۆمسیۆنى سەربەخۆیى هەڵبژاردن ڕێژەى بەشدارى لە ڕیفراندۆمدا لەسەدا ٧٢ بووە.

ش.ع

Add Comment

Click here to post a comment