ڕیفراندۆم

نابێ ڕیفراندوم بگۆڕدرێ  بە پلانی تەسلیمکردنەوەی  خەڵکی کوردستان بە حکومەتی عێراق

جارێکی تر ئەمریکا فشارەکانی بۆ ڕێگرتن لە ریفراندومی ٢٥ سێپتەمبەر توندکردۆتەوە و وەزارەتی دەرەوە کۆمەلێک هەڕەشە و ترسی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندوم بلاوکردۆتەوە و دەیەوێ خەلکی کوردستان واداربکا دەست لەمافی خۆی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەلگرێ و تەسلیم بە حکومەتی عێراقی بکاتەوە.
هاوکات سەرکوماری عێراق بەهەمان شێوە دەیەوێ بەناوی گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی بەشە فیدراڵی هەرێمەوە ڕیفراندوم بەبازنەی بەتال و بنبەستی گفتوگۆکان لەگەل حکومەتی عێراق بسپێرێ.
هەموو ئەم فشارانە بۆ تەسلیم بونی خەلکی کوردستانە بە بڕیارەکانی پەرلەمان وحکومەت و دادگای فیدرالی عێراق کە دژ بەمافی رفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستانن لە ژێرناوی سەرپەرشتی نێودەولەتی بۆ گفتوگۆ لەسەر چارەسەری کێشەی بەشە فیدرالی هەرێمدا ڕازێنراوەتەوە.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئەم هەوڵانە بە پلانی تەسلیمکردنەوەی خەلکی کوردستان بە حکومەتی عێراق دادەنێت و درێژەی هەمان سیاسەتی پێشوی ٢٦ سالی ڕابردویانە لە عێراقدا، کە کوردستان وەک کارتی فشار بەکاردێنن و دەیانەوێ دەست لەم مافە هەلگرین. هەربۆیە ئەم هەولانە بە دژایەتی خواست و بەرژەوەندیەکانی خەلکی کوردستان دەزانین و خزمەت بە فیدرالیزمی شکستخواردوی قەومی و مەزهەبی حکومەتی عێراق دەکا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دەسەڵاتدارانی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە کە ئەم هەولانە بۆ ڕێگاگرتن لە ڕیفراندوم و سەربەخۆیی یاریکردنە بە چارەنوسی کوردستان و پێشێلکردنی مافی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستانە و بێگومان سەپاندنیان دەبێتە مایەی ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و شکستێکی سیاسی و جەماوەری گەورەش بۆ پارتی و یەکێتی بەدوای خۆیدا دێنێ.

ئێمە بانگەوازی خەلکی کوردستان دەکەین بۆ فشاردانان لەسەر دەسەلاتدارانی هەرێم کە لە پێناو بەلێنی کاتی بەشە فیدرالی بودجە و داهاتی نەوت و دەسەلاتیان خواستی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان نەکەنە قوربانی. نابێ ڕێگە بدەین دەسەلاتدارانی کوردستان ڕیفراندوم بگۆڕن بە پلانی تەسلیمکردنەوەی خەلکی کوردستان بە حکومەتی عێراق.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان هەر ڕێکەوتنێک لەگەل حکومەتی عێراق و بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بەبێ دانپێدانان بە مافی بەرپاکردنی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی و دیاریکردنی کاتی ڕیفراندوم و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی لەماوەیەکی دیاریکراودا ڕەتدەکاتەوە و بە پلانی تەسلیمکردنەوەی خەلکی کوردستان دەزانێ.

نابێ گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق وەک بەدیلی ڕیفراندوم وسەربەخۆیی بەهیچ شیوەیەک قبول بکرێ، لەبەرئەوەی ڕیفراندوم مافی خەلکی کوردستانە بۆ بریاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق و ئەم مافە لەلایەن دەولەتی عێراقەوە دژایەتی دەکرێ و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عەبادی بەبڕیاری ڕەسمی ڕایانگەیاندوە. گۆڕینی گفتوگۆ لەگەل حکومەتی عێراق بە بەدیلی ڕیفراندوم تەنیا مانای دەست هەلگرتن لەمافی ڕیفراندوم و سەربەخۆییە و فرسەتدانە بە دەولەتی عێراق تاکو بەشیوەی حکومەتەکانی پێشوی پاشایەتی و عەسکەری و بەعس و مالکی و عەبادی هەمان کارەساتی کوشتار و ژێردەستەیی بەسەر خەلکی کوردستندا بسەپێننەوە و ڕێکەوتن و ئەنجامی گفتوگۆکان پێشێل دەکەن.

خەلکی کوردستان کە سەدەیەکە گیرۆدەی کێشەی ستەمی قەومی و بێ دەوڵەتی و گیرۆدەی فیدرالیزمێکی شکست خواردوە لە عێراقدا، ئەگەر لەم فرسەتەی ئێستادا دەست هەڵگرێت لەم خواستەی خۆی بۆسەربەخۆیی و ڕیفراندۆم ئەوە بێگومان لە دژی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەوەستێتەوە. هەربۆیە سەرەڕای سەختی ئاستەنگیە نێو دەوڵەتی و ناوچەییەکان دەبێ ڕێگاچارەیەکی سیاسی و پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی بۆ داوا ڕەواکەمان پەیدا بکەین و لەسەروو ئەوانەشەوە باوەڕبون بە هیزی خۆمان، متمانەی هێزی جەماوەری کوردستان بەدەستبێنین.

دەست هەلگرتن لە مافی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی، پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهەموو شێوەیەک کۆتایی پێ دێنێ. کاتێک دەبینن ئێمە وەک خەلکی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی عەبادی گەڕاوینەتەوە ژێر سایەی فیدرالیزمی شکست خواردوەکەیەوە.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕایدەگەیەنێ کە لە ئێستادا ڕێگای عەمەلی و خێرا بۆ بەدەستیهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا بەرپاکردنی ڕیفراندوم و کردنی سەربەخۆییە بە ئەمری واقیع نەک چاوەڕوانی گۆڕانی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە. دەبێ وەک خەڵکی کوردستان خۆمان ڕیفراندۆم بکەین تا وەک ئەمری واقیع دانمان پێدابنرێ و لێرەوە فشاربهێنین کە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان بۆ بەڕەسمی بناسرێ لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
٢١سێپتەمبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment