ڕیفراندۆم

دژایەتی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ ڕیفراندۆمی کوردستان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی ٢١ سێپتەمبەر بە بەیانێک دژایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ ڕفراندۆمی کوردستان ڕایگەیاند. ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئەم بەیانەی ئەنجومەنی ئاسایش رەتدەکاتەوە و سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکا. لەبەرئەوەی دژی مافێکی سەرەتایی خەلکی کوردستانە بۆ رفراندوم و دیاریکردنی چارەنوسی خۆی لە عێراقدا.
ئەم بەیانە بە ئاشکرا دژی چارتەری نەتەوە یەکگرتوەکان خۆیەتی کە مافی دیاریکردنی چارەنوسی بۆ خەلکی ستەملێکراو وەک بەندێک ڕاگەیاندوە. ئەمە گالتەکردنە بە یاسا نێودەولەتیەکان و دەبڵ مۆراڵی ئەنجومەنی ئاسایش نیشان دەدا، کە هەر کات بە قازانجیان نەبو تەنانەت دژی مافی رفراندۆمی خەلکێکی ستەملێکراو وەک خەلکی کوردستان دەوەستنەوە .بیانوی ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەیە کە” نیگەرانن لە ناجێگیریەکی شاراوە کە گوایا بەهۆی بریاری تاکلایەنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی رفراندوم لە هەفتەی داهاتووداوهاتۆتە ئاراوە” و “ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەگرن، داواش دەکەن هەموو کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق وهەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستووری عێراق و بە گفتوگۆی بونیاتنەرانە و لێکتێگەیشتن بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت”. ئەم بیانوانە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندوم پشتی نەبەستوە بە هیچ بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ڕەتکردنەوەی مافی رفراندومی خەلکی کوردستان. بۆیە ئەم هەلوێستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان مایەی شەرمەزاریە چونکە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافی خەلکی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بڕیارێکی سیاسی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشە دژی مافی دیاریکردنی چارەنوسی خەڵکی کوردستان. ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ئەمریکا و بەریتانیا و ولاتانی زلهێزە، لە پشتگوێخستن و پێشلێکردنی مافەکانی خەلکی ستەملێکراوی کوردستان وەکو لە سەدەی ڕابردودا بوەتە مایەی کارەساتی کیمیایی باران و ئەنفال و جینۆساید و چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد لە عێراقدا.

ئەم هەڵوێستە هیچ پشتیوانییەک لە مافی رفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان ناکا و بەپێچەوانەوە بە زۆر هێشتنەوەی خەلکی کوردستانە لەناو عێراقدا لەژێر ناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا. ئەمەش نیشانی دەدا کە هەر ناوبژیوانیەک و سەرپەرشتیەکیش لەلایەن ئەنجومەنی ئاساییشەوە بۆ گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دادپەروەرانە نابێ و بە قازانجی مافی رفراندوم و سەربەخۆیی خەلکی کوردستان نابێ. بەلکو پینە و پەڕۆ کردنی هەمان فیدرالیزمی شکست خواردوی قەومی و مەزهەبی عێراق دەبێ، کە ئاکامەکەی جگە لە تەسلیمکردنەوەی خەلکی کوردستان بە حکومەتی شۆڤێنیستی عێراق هیچ ئەنجامێکی تری نابێ.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بە توندی ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی ئاساییش ڕەتدەکاتەوە و بانگەوازی خەڵکی کوردستان و خەلکی ئازادیخوازی جیهان دەکا بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم هەلوێستەی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵویست بنوێنن و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. وە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە نێوەندە نێودەوڵەتی و پەرلەمانیەکان و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بگەیەنن و داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان بکەن مافی ڕیفراندوم وسەربەخۆیی بێ مەرج و بێ ڕێگری بۆ خەلکی کوردستان بسەلمێنن و ئەم هەلوێستە نەیارەیان بەرامبەر بە مافی ڕفراندوم و سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان وازلێبێنن. هاوکات بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیمان لە هەمو جێگایەک، دەتوانین ڕێگەبگرین لەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان پلانی ڕادەستکردنەوەی خەڵکی کوردستان بە حکومەتی عێراق پیادەبکەن.
.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان هەر ڕێکەوتنێک لەگەل حکومەتی عێراق و بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ، بەبێ دانپیانان بە مافی بەرپاکردنی ڕیفراندوم و سەربەخۆیی و بە بێ دیاریکردنی بەرواری بەدیل بۆ ڕیفراندوم و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەنجامی ڕیفراندوم لەماوەیەکی دیاریکراودا،ڕەتدەکاتەوە. پێچەوانەی ئەم خواستەمان بە پلانی تەسلیمکردنەوەی خەڵکی کوردستان دادەنێین بە حکومەتی عێراق.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان

٢٢سێپتەمبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment