ڕیفراندۆم

هەڕەشەی پەرلەمانی عێراق دژی رفراندۆمی کوردستان مەحکوم دەکەین

پەرلەمانی عێراق لەڕۆژی ١٢ سێپتەمبەر بڕیارێکی بەزۆربەی دەنگ پەسەند کرد کەتیایدا ڕایانگەیاند دژی رفراندۆمی کوردستانن لەبەرئەوەی نایاسایی و دژی دەستوری عێراقە وهاوکات پەرلەمان حکومەتی عێراق سەرپشک دەکا لە هەر کارێک کە دژی رفراندوم بیکا لەبەرئەوەی رفراندوم دژی یەکپارچەیی عێراقە .
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دژی مافی خەلکی کوردستانە بۆ بەرپاکردنی رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان و بەتوندی مەحکومی دەکەین و بەرانبەر ئەم هەڕەشانە دەوەستینەوە.
ئەمە هەمان سیاسەتی سەدەیەکی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە دژی مافەکانی ئازادی و مافی خەلکی کوردستان لە بڕیاردان لە چارەنوسی سیاسی کوردستاندا. ئەم هەڕەشەیەی پەرلەمان کە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکا هەموو کارێک دژی رفراندوم و جیابونەوەی کوردستان بکا نیشانەی دوپاتکردنەوەی هەمان سیاسەتی شەڕ و شۆڤینستی بەعس و ناسیونالسیتی عەرەبی یە کە جینۆساید و کیمیایی باران وئەنفالی کردوە.
رفراندوم و سەربەخۆیی مافی خەلکی کوردستانە کە دەبێ حکومەت و پەرلەمانی عێراق بەڕەسمی بناسێ و هەر دژایەتیەی کردنێکی هیچ ناگەیەنێ جگە لەتەئکیدکردنەوە لەوەی خەلکی کوردستان دەبێ لەژێر دەست و سایەی ئەم پەرلەمان وحکومەتەدا بۆ یەک ڕۆژ نەمێنێتەوە و بڕیاری جیابونەوە لەم حکومەت و پەرلەمانە کۆنەپەرستە ئیسلامیە شیعەگەرا و شۆڤینستیە بدات. پەرلەمان و حکومەتێک کە بڕیاری دژایەتی مافی رفراندوم و سەربەخۆیی وەک مافێکی ڕەوای خەلکی کوردستان بدا کە دەیەوێ لەڕێگەی ئاشتیانە و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەلک ڕێگاچارەیەکی سیاسی هەلبژێرێ نیشانی دەدا کە مانەوە لەگەلیدا مانای ژێردەستەیی وپلەدوویی و ملکەچی دەبێ.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بانگەوازی خەلکی کوردستان دەکا کە دژایەتی خۆی بۆ ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بە پێداگری لەسەر بەرپاکردنی رفراندوم و جیابونەوە و ڕاگەیاندنی دەولەتی سەربەخۆ وەلام بدراتەوە و کۆمەلگەی نێودەولەتی لە دوژمنایەتی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لەگەل خواست و مافی خەلکی کوردستاندا ئاگابکرێتەوە و داوای هەلوێستیان لێ بکرێ لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا و داوا دەکا کۆتایی بەو بانگەوازانەیان بهێنن کە دەیەوێ خەلکی کوردستان تەسلیم بەم پەرلەمان وحکومەتە کۆنەپەرستەی عێراق بکاتەوە بەناوی دەستور و وەرگرتنی مۆلەت لەم حکومەت و پەرلەمانەی عێراق.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەلگەی نێودەولەتی بانگەواز دەکا بۆ ڕاگەیاندنی پشتیوانیان لە مافی خەلکی کوردستان بۆ بەرپاکردنی رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان لەبەرامبەر ئەم بڕیارە دژی ئازادیەی پەرلەمانی عێراق وهەڕەشەکانی حکومەتی عێراق.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١٣ سێپتەمبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment