ڕیفراندۆم

بەرگری و سەربەخۆیی وەڵامە بە داگیرکاری و ڕادەستکردنەوە

 

کارەساتی تەسلیم کردنی کەرکوک لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی، ٣١ ئابی یەکێتی نیشمانی بوو کە لەپێناو ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و گۆڕینی بالانسی هێز لەبەرامبەر پارتیدا ئەنجامیدا. ئەم باڵەی یەکێتی بەم کارەی بوە بە پاشکۆی حکومەتی عەبادی و حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکانی وەک عەسایبی ئەهلی حەقی تیرۆریست. تەسلیمکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە یەک ڕاستی دەسەلمێنێ کە خواستی سەربەخۆیی کوردستان لەسەر دەستی یەکێتی و پارتی نەک بەدی نایەت بەڵکو یەکێتی ئامادەیە بە فرۆشتنی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە ئێران و حکومەتی عێراقی شیعە و پارتیش ئامادەیە بە سازش وتەسلیمکردنی ئەم چارەنوسە لەبەرانبەر پاراستنی پشکی دەسەڵات و بودجە و داهاتە نەوت و گاز و گومرگدا.هەربۆیە تاکو کوردستان لەژێر سایەی ئەم دوو حزبەدا بێ و هێزی پێشمەرگە و داهاتی کوردستان بەدەست ئەم دوو میلیشیایەوە بێ ئەوا خۆیان ڕێگر و کۆسپی بەردەم جێبەجێ بونی بڕیاری خەلکی کوردستان لە رفراندۆمی ٢٥ سێپتەمبەردا بۆ سەربەخۆیی دەبن و دەبێ خەلکی کوردستان ببێتە خاوەنی هێزی پێشمەرگە و چەکداری خۆی و ئیدارە و داهاتی کوردستان لەم حزبانە بسەنێتەوە تا بتوانێ شەڕی دوژمنانی خەلکی کوردستان بکات بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی.

 

بێگومان دەبێ هەموو وێنەی ئەم دۆخە کارەسەتاویەی کوردستان ببینین و تەنیا چاومان لەسەر گۆشەی یەکێتی و پارتیە کەی نەبێ. ئەم لەشکرکێشیەی حکومەتی عەبادی بەرنامە و ستراتیژی حکومەتە مەزهەبی و قەومیە عەرەبیەکەی عێراقە و رفراندوم تەنیا بیانویەک بو بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی گێڕانەوەی کوردستان بۆ ژێردەستی ئەم حکومەتە سەرکوتگەرە. عێراقی فیدرالی قەومی و مەزهەبی لە ٢٠١٤ شکستی هێناوە و ملیشیا شیعەکان دەیانەوێ حکومەتێکی مەزهەبی شیعەگەرا هاوشێوەی جمهوری ئیسلامی ئێران و وەکو بەشێک لە ستراتیژی ناوچەیی ئێران سەقامگیربکەن و کوردستان داگیربکەنەوە. ئەم هەنگاوە لە ئێستادا دوای شکستی داعش و سەرکەوتنی ئێران و ئەسەد لە سوریادا پێویستی بە شەڕ لە گەڵ کوردستان و هەڵوەشانەوەی ئەو ئیدارە دیفاکتۆیەی هەرێمی کوردستانە و خستنەوە ژێر دەستی کوردستانە لەلایەن حکومەتی مەزهەبی عێراقەوە. لە شکرکێشی بۆ سەر کەرکوک و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کوردنشینە دابڕینراوەکان تەنیا هەنگاوی یەکەمی ئەم ستراتیژەی حکومەتی عێراقە و هەنگاوبەهەنگاو دەبرێتەو پێشەوە بۆ کۆنترۆڵی داهات و هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە و کۆنترۆڵی سنورەکان و هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی و ئیداری و بەکورتی کردنی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردستان بە ئیدارەیەکی لۆکاڵی و کۆنترۆڵکراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و بەڕێوەبردنی سیاسەت و بازاڕ و ئیدارە بەپێی نەخشە و سیاسەتی ئەم حکومەتە شیعەگەرا قەومیەی عێراق.

 

خەلکی کوردستان بۆ تەسلیم نەبون بەم سیاسەتە قەومی و شۆڤینیانەی حکومەتە مەرکەزیەکانی عێراق هەمیشە لەژێر هەڕەشە و کوشتاردا بوە و هەمیشەش خەباتی کردوە دژی ئەم ستەمە قەومیە. هەربۆیە سەرەڕای گەڕانەوەی یەکێتی و پارتی لە ٢٠٠٣دا بۆ ناو دەسەڵاتی مەرکەزی و پاشکۆکردنەوەی خەڵکی کوردستان بۆ حکومەتی عێراقی لەڕێگەی دەستور و دامودەزگای دەوڵەتی عێراقەوە بەڵام لە رفراندۆمی نافەرمی  ٢٠٠٥ لە ٪٩٨،٥ دەنگی بە سەربەخۆیی دا وبەهەمان شێوەش لە رفراندۆمی ٢٠١٧دا ٪٩٢،٧خەڵک دەنگاین بە بەڵێ بۆسەربەخۆیی دا.

 

رفراندوم و سەربەخۆیی ماف و ڕێگاچارەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و نابێ خەڵک دەستبەرداری ئەم مافەی خۆی ببێ بە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراقی دژیەتی و ئێران و تورکیا دژیەتی و ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵیدا نین. خەڵک دەزانێ ناتوانێ لەسایەی حکومەتی مەزهەبی و عروبی عێراقدا ئازادانە بژی و حکومەتی عێراقی شیعەی ئێستا نمونەیەکی قێزەون لە جمهوری ئیسلامی ئێرانە کە بە ئێعدام و تێرۆر و لەشکرکێشی و شەڕ خۆی دەسەپێنێ و دەمێنێتەوە. هەربۆیە هەر سەرکۆنەیەک و پاشگەزبونەوەیەک لەوەی خەڵکی کوردستان دەنگی بە جیابوەنەوە لەم حکومەتە ئیسلامیە فاشستیەی حەشدی شەعبی و ئێران داوە تەسلیم بونێکە بە ئەمری واقیع و ڕازی بونە بە ژێردەستەیی و کۆیلایەتی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەر و وەحشیە مەزهەبیە و نابێ ڕوخانی ورەی خەڵک و نائومێدی لە خیانەتەکانی یەکێتی و پارتی خەڵکی کوردستان تەسلیم بکات.

 

ئەو بەرە و دەنگە سیاسیانەی کە خەتای خەڵکی کوردستان دەگرن لەوەی رفراندۆمی کرد بیانەوێ و نەیانەوێ خۆشخزمەتی بە حکومەتی عەبادی دەکەن و چاو لە ئاست داگیرکاری و سەرکوتگەری ئەم حکومەتە دڕندە ئیسلامی و مەزهەبیەی عێراقدا دادەخەن تاکو پلە و پۆست و جێگایەکیان لە دەسەڵات و ئیدارەی کوردستانی ژێر سایەی عەبادیدا پێ ببڕێ هەرچۆن باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی باڤێڵ و لاهور ئەم ڕێکەوتنەیان لەگەڵ قاسم سلێمانی و حەشدی شەعبی کردوە و ئێستا ئاڵا تاڵەبانی دەستی بەدامێنی ئەعرەجیەوە گرتوە تا پۆستێکیان بداتێ لە ئیدارەی کەرکوک و پێشمەرگە بکاتە موچەخۆرێکی بەکرێگیراوی حکومەتی شیعەگەرای عێراقی. لە کوێی دنیادا هەبوە خەڵک لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆی و رفراندوم بکا لەشکربێننە سەری و کوشتاری بکەن مەگەر لە سایەی حکومەتی مەزهەبی و قەومی عێراق و ئێران و تورکیا و حکومەتە سەرکەتگەرەکاندا. ئەمە هەر وەک ئەوە وایە کە بمانوتایە خەتای خەڵکی شاری سلێمانی بوو کە ١٧ شوباتی کرد بۆیە یەکێتی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران. هەموو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان بیانو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی سەرکوتی خۆیان بکەن. حکومەت و پەرلەمانی عێراق لەگەڵ باسی رفراندوم هاتە ئارا ئەم بڕیارەی دابوو کە دەبێ خەڵکی کوردستان سەرکوت و تەمبێ بکا تاکو ئیرادە و جورئەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تێک بشکێنێ. بەڵام ئەم خواست و ئیرادەیەی خەڵکی کوردستان لە ٢٥ سێپتەمبەردا بۆ سەربەخۆیی نیشاندرا ئاوا بە ئاسانی و بە حەشدی شەعبی و بەکرێگیراوی باڵێکی یەکێتی و تەسلیم بونی پارتی تێک ناشکێت و بەرەبەرە دێتەوە مەیدان.

ئێستاش حکومەتی عەبادی لە کوردستان و لەدەرەوەی وڵاتیش دەزانێ لەسەر کوانویەکی ئاگر دانیشتوە ودرەنگ یان زوو دەتەقێتەوە بەڕویدا. کۆمەڵگەی کوردستان چارەکە سەدەیەکە لە عێراق جیابۆتەوە و ناجێگیری حکومەتی مەزهەبی عێراق و ناجێگری سیاسی ناوچەکە هەمووی فاکتەری کاریگەرن لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان دەتوانن خواست سەربەخۆیی خۆیان بکەنە ئەمری واقیع و تەسلیم بەم ژێردەستەیی و داگیرکاریەی حکومەتی عێراق نەبن. بەڵام دەبێ دەرس و تەجروبەی تەسلیمکردنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەوە فێری خەڵکی کوردستان بکا کە جێبەجێکردنی خواستی سەربەخۆیی کارێکی سەختە و پێویستی بە پشت بەستنی خەڵکە بە هێزی ڕێکخراو و چەکداری خۆی.

 

هێزو بڕیاری یەکێتی و پارتی خزمەت بە خواستی سەربەخۆیی خەڵک ناکات بەڵکو وەک ئێستا دەبنە هاوکاری حکومەتی مەزهەبی عێراق و خەڵکی کوردستان بە فرۆشتن بێت یان بە وەرگرتنەوەی نیوەناچڵی ئیمتیازەکانی پێشویان بێت تەسلیم دەکەنەوە هەرچۆن پێشتر بە وەعدی ئەمریکا یان سەدام کوردستانیان ڕادەستکردۆتەوە. وە هەموو کات ئامادەن هەرلایەکیان لە پێناو وەرگرتنی ئەم ئیمتیازاتانەدا دەست بکەنەوە بە شەڕی ناوخۆ و بەکرێگیراوی بۆ ئێران و یان عەبادی و حەشدی شەعبی و هەر لایەنێکی تر.هەربۆیە دوژمنی سەربەخۆبونی خەڵکی کوردستان حکومەتی عێراق و ئێران و تورکیا بەردەوام دەبن لە ڕێگەی لە شکرکێشی و گەمارۆی ئابوری و دروستکردنی شەڕی ناوخۆی بەوەکالەت. خەڵکی کوردستان دەبێ خۆی بۆ پەیداکردنی هێز و ڕێکخراوبونێکی سیاسی و چەکداری ئامادە بکا تابتوانێ بەرامبەر بە ئاشبەتاڵی دەسەڵات لەسەربەخۆیی خۆی بکاتە خاوەنی ئەم کەیسە و ئەم پڕۆژەیە. ئەمە دابڕانی خەڵک و هێزی پێشمەرگەی لەم دەسەڵاتە پێویستە.

 

ئەم بەرە ئازادیخوازەی خەڵک دەبێ وەڵامی ئەو تەسلیم خوازیەی بەرەی نەخێری رفراندوم و پەرلەمانتارە لەکارکەوتوەکانی عێراق و ڕۆشنبیرانی سەرگێژ بە مانەوە لە فیدرالی مەزهەبیدا بداتەوە کە پڕۆژەی تەسلیم بون بەناوی دژایەتی دەسەڵاتی گەندەڵەوە ڕەواج پێ دەدەن. ئەم هێز و لایەنانە لەبەرامبەر گەندەڵی و سەرکوتی ناوخۆدا پەنا بۆ دوژمنی دەرەکی دەبەن کە کوردستان نوقمی گەندەڵی و کۆنەپەرستی و ژێردەستەیی دەکا. ئەمانە ئەو پەڕی شۆڕشگێڕیەتەکەیان ئەوەیە کە عامری وقەیس خەزعەلی و قاسم سلێمانی و عەبادی و جبوری و مەلا و مێزەر بەسەرەکانی نەجەف و کەربەلا و قوم لە جێگای مەسعود و نێچیر ومەسرور و کۆسرەت و نەجمەدین کەریم و شێخ جەعفەر و سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی دادەنێن. ئەمانە پڕۆژەی هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی بە پارێزگاکان و هەرێمەکانی ژێردەستی حکومەتی مەزهەبی عێراقیان هەیە و دەیانەوێ خەڵک تەسلیم بەم چارەنوسە ڕەشەی ئەنفال و جینۆساید و ژێردەستەیی بکەنەوە. بێگومان ئەمانە دەنگ و خواستی خەڵکی کوردستان نیە هەروەک لە رفراندومدا خەلک نیشانی دا کە ڕێگە چارەی ترمان نیە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی عێراق و ئێران وتورکیا جگە لە پێداگری لە سەربەخۆیی.

نابێ هیچ کات دژایەتی ئێمە بۆ پارتی و یەکێتی بکرێتە پاساو بۆ بێدەنگی و لایەنگری لە حکومەتی عەبادی و هاوکات دەبێ خواستی سەربەخۆیی خۆشمان لەهەر هەوڵێکی یەکێتی و پارتی جیابکەینەوە کە بیانەوێ لە پێناو ساتوسەوداکانیاندا خەباتی ئێمە دژی حکومەتی عێراقی بەکاربێنن.

لەم تەجروبەیەدا دەبێ بزانین کە ئەمریکا و ئەوروپا دژی خواستی سەربەخۆیی و رفراندوم بون و ئەمە گڵۆپی سەوزی بۆ عەبادی و حەشدی شەعبی هەڵکرد تا هێرش بکەنە سەر کوردستان. هەربۆیە نابێ جارێکی تر بە وەعدەکانی ئەوان بۆ گەڕانەوە بۆ بازنەی بەتاڵی گفتوگۆی ١٠ ساڵی ڕابردوو لەسەر مادەی ١٤٠ خۆشخەیاڵ بینەوە، ئەوان بەو هەڵوێستانەیان نیشانیان دا کە مافەکانی خەڵکی کوردستان هیچ ڕێزێکی لێناگیرێ و کورد وەک کارتی فشاربەکاردێنن و هەرکات پێویستیان نەما وەک لە کەرکوکدا نیشانیاندا بە بێدەنگ بون ڕەزامەندی خۆیان دەردەبڕن. ئێمە دەبێ ڕایگەیەنین ئەگەر ئەوان نایانەوێ ئەم ڕیاکاریە درێژەپێبدەن با لە ڕیگەی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی ببەستن و کێشەی کورد لەگەڵ عێراق و ئەنجامی رفراندۆمەکە تاوتوێ و جیبەجێ بکەن و بڕیار بدەن کە خەڵکی کوردستان مافی سەربەخۆیی هەیە. ئەم خواستەی خۆمان ڕوبەڕوی نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕوسیا و وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەینەوە پشتیوانی جیهانی بۆ ڕاکێشین و بیکەینە فشار تا جێبەجێ دەکرێ.

Add Comment

Click here to post a comment