وتار

مەلاکان و بایکۆتی مامۆستایان

پیاوانی ئاینی لەڕۆژی هەینی ١٩شوباتی ٢٠١٦دا لەبەشێک لە مزگەوتەکاندا بانگەوازی شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی کوردستانیان کردوە . ئەم بانگەوازەی مەلاکان لەلایەن مامۆستایان کە سێ هەفتەیە دەستیان داوەتە بایکۆت و مانگرتن بەدژایەتی خواستی مانگرتوان و لایەنگری لە حکومەتی هەرێمدانراوەو بوەتە جێگای ناڕەزایەتی و توڕەیی مامۆستایان.
ئاشکرایە دەسەڵات لەڕێگەی پیاوانی ئاینی و یەکێتی زانایانی ئیسلامی و وەزارەتی ئەوقافەوە هەوڵ دەدا کە ئاین ودامودەزگا ئیسلامیەکان بەکاربێنێ بۆ ڕازیکردنی خەڵک بە بەرنامەی هەژارکردنی خەڵک و ڕازیکردنیان بە بڕینی موچە. بەشێک لە مەلاکان و دامودەزگا دینیەکانیش کەوتونەتە پشتیوانیکردنی دەسەڵات و لە ئێستاشدا بانگەوازی سەبر و تەحەمولی هەژاری و وازهێنان لە بایکۆت و مانگرتن دەکەن.
هەربۆیە پێویستە دین و دەزگادینیەکانە لەدەسەڵات و حکومەت جیابکرێتەوە تاکو ڕێگە بگیرێت لە بەکارهێنانی ئاین و مەلا و مزگەوت لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ هەڵخراندنی ڕای گشتی دژی بایکۆت و ناڕەزایەتی خەڵک.
پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە مامۆستایانی ناڕازی فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکومەتی هەرێم تاکو بەرپرسیارێتی دابینکردنی موچەی مامۆستایان هەڵگرێت وەک بەشێک لە پێویستیەکانی بەردەوامی خوێندن .بێگومان مامۆستایان خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بە خوێندن و پەروەردەی کۆمەڵگە و دەیانەوێت لەزوترین کاتدا پێویستیەکانی خویندن و مامۆستایان دابین بکرێ تاکو زیان بە ساڵی خوێندنی خوێندکاران نەگات .پەک کەوتنی خوێندن و خزمەتگوزاریەکان ئامانجی مامۆستایان و کرێکار و کارمەندان نیە بەڵکو ئامانجی بایکۆت و مانگرتن فشاردانانە لەسەر حکومەت تا موچە و خزمەتگوزاریەکان دابین بکا و بخرێتە ژێرباری لێپرسراوێتی دابینکردنیان.
ئەگەر تا ئێستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن حکومەتی ناچار بە ملدان بە خواستەکانی مامۆستایان نەکردوە ئەوا پیویستە مامۆستایان شێوازی خەباتیان بگۆڕن تا بتوانن فشاری زیاتر دابنێن.مانگرتنی گشتی دەتوانێ یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی سەرکەوتنی ئەم بایکۆتانەی ئێستا بێت و دەتوانێ ببێتە بەرنامە و نەخشەڕێگایەک کە نوێنەران و دەستەکانی ناڕەزایەتیەکان کۆبکاتەوە. . لەم ڕێگەیەوە دەتوانین ڕێگە لە حکومەت بگرین کە مەلا و دامودەزگای دینی فشار بخاتە سەر مانگرتوان و ئەم ناڕەزایەتیانەی ئێستا سارد بکاتەوە و شکست پێ بێنێت.

Add Comment

Click here to post a comment