ڕیفراندۆم

وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان

وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بۆ ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان سەبارەت بە ڕێگاچارەی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عەبادی
وەزرەتی دەرەوە و کۆمۆنوێلسی بەریتانیا لە لایەن تیمی عێراقی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقاوە نامەیەکیان لە ٩ نۆڤەمبەری ٢٠١٧دا ئاراستەی ئاسۆکمال ڕێکخەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کردوە لە وەڵامی نامەیەک کە ناوەند پێش لە هەفتەیەک لە هێرشی حەشدی شەعبی و عەبادی بۆ سەرکوردستان لە ١١ئۆکتۆبەردا ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیای کردبوو، کە تیایدا داوای ڕاوەستانەوە بەرامبەر بەو لەشکرکێشیەی عەبادی دەیکاتە کوردستان کرابوو و هاوکات پێویستی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیش بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق خرابوە ڕوو.
بێگومان داوا بەپەلەکەی ناوەند لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە لەبەرچاونەگیرا و عەبادیش ئەم بێدەنگیە نێودەوڵەتیەی وەک گڵۆپی سەوز سەیرکرد و هێرشی کردە سەر کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەرەڕای ئەوەی دەڵێ کە ئاواتەکانی خەڵکی کوردستان بەڕەسمی دەناسێ و لێیان تێدەگات، بەڵام سیاسەتی ئەم دەوڵەتە دوپات دەکاتەوە کە دەبێ رفراندوم و سەربەخۆیی بەشێک بێت لە پرۆسەی سیاسی کە بە ڕێکەوتن بێت لەگەڵ حکومەتی عێراق. هەروەها باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکان کاردەکەن تاکو بارگرژیەکانی ئێستا خاوبکەنەوە و گفتوگۆ لە نێوان هەولیر و بەغداد کێشەکان چارەسەر بکا.
ناوەندی سەربەخۆی کوردستان ڕای وایە کە حکومەتی میلیشیا شیعەکانی عێراق دەیانەوێ کوردستان بکەنە ویلایەتی جیاجیای ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەپیی ستراتیژی ئێران لە ناوچەکەدا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی شیعەگەرای مەزهەبی هیچ کات ڕێگە بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان نادەن و ڕۆژبەڕۆژ سیاسەتەکانی عەبادی لە کۆنترۆڵی سنور و نەوت و داهات و دانانی دەسەڵاتی ئینتدابی لە کەرکوک و شارەکانی تری کوردستاندا دەکاتە ئەمری واقیع و بەریتانیا و ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتوەکانیش وەک ٢٦ ساڵی ڕابردوو مەسەلەی کورد وەک کارتی فشار بەکاردێنن و لە ئێستاشدا خەریکی ساتوسه ودان لە گەڵ حکومەتی عەبادیدا و هەمان سیناریۆی پشتیوانی مالیکی دوبارەدەکەنەوە.هەربۆیە ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا تەنیا لەڕێگەی کۆنگرەیەکی نێودەولەتیەوە بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێگای دروست دەزانین تاکو فشارلەسەر عەبادی دروست بکا کە کێشەی خەڵکی کوردستان بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بڕیاری رفراندومی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی چارەسەربکرێ. ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لەم هەوڵە نێونەتەوەییانەی بۆ سەرخستنی خواستی کونگرەیەکی نێودەوڵەتی و سەلماندنی مافی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بەردەوامە.
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
١٧نۆڤەمبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment