ژنان

دوالیزمی خۆشەویستیی و توندوتیژیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

ئەم وتارە سەرەتایەک بۆ ئەو خویندنەوە هەمەلایەنەی دۆخی فەرهەنگیی و هزریی و کۆمەڵایەتییەی کوردستانە کە دەمەوێ بە چەند سەرنجێک لەسەر خۆشەویستیی و توندوتیژیی و خێزان لە کۆمەڵگەی کوردستان دەستی پێ بکەم.


ریشەی ئەم دوالیزمە.


لە سەیری میدیای کوردیدا دوو دیاردەی دژبەیەکی خۆشەویستیی و توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان سەرنجت بۆ ناکۆکییەک لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان و تاراوگەدا ڕادەکێشێ. دانانی پەیکەری خۆشەویستیی و سوتاندنی ، ماچی کوڕ و کچی ناو پارک و هاتوهاواری دینی دژ بەم ئادابە گشتییە نوێیە. قاڵبی زەواج و خێزان وەک تاکە ڕێگای ڕەسمی و ڕیپێدراوی پەیوەندیی خۆشەویستییی – سێکسیی و هەڵکشانی لەڕادەبەدەری ڕیژەی جیابوونەوە. لافاوی شیعر و نووسراوەی عاشقانە لەگەڵ کوشتنی ڕۆژانەی ژنان لەسەر دڵداریی و سێکس. سەرنجدانی ئەم دیاردە دژ بەیەکە زۆر جار لە مەترسی گەشەی ئیسلامی سیاسیی یاخود لە سیستەمی خێڵەکیی دەسەڵاتدا کورتکراوەتەوە و کاردانەوە یا کەمپێنی دژی توندوتیژیی بوە یاخود ناڕەزایەتی بەرامبەر سەپاندنی شەریعەت و یاسای کۆنەپەرستانە. بەڵام دوای دوو دەیە لە درێژەکێشانی ئەم ناکۆکییانە و لەو گۆڕانکارییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیانەی لە کوردستاندا بە تایبەت لە دەیەی ڕابردوودا ڕوویانداوە پێویستە سەرنجێکی قووڵتر و خوێندنەوەیەکی قووڵتر بۆ کێشە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بدەین لە پەیوەندیی ژن و پیاو و مەسەلەی خۆشەویستییی و عەشق و سێکس و توندوتیژیی و رۆڵی ژنان و لاوان لە بواری خویندن و کار و ناڕەزایەتی و کاریگەری کۆمینیکەشنی جیهانی.


لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەلومەرجێکی سیاسیی تا ڕادەیەک جێگیر و بودجە و داهاتێکی زۆر و باشبوونیک لە باری گوزەراندا لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە، کە هەنگاوێک کوردستانی لە ئۆردوگاوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی گەڕاندۆتەوە. بەشداریی ژنان لە کاری کۆمەڵایەتی دەرەوەی ماڵ و لە چاڵاکیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دژ بە توندوتیژیی و لە خوێندنی باڵا و پۆستی سیاسیی و حکومی. کردنەوەی زیاتری دایەنگا. رۆڵی ژنان لە میدیا و دەست ڕاگەشتنیان بە میدیا و کۆمینیکەشنی جیهانی. گەورەبوونەوەی شارەکان و یەکڕەنگیی فەرهەنگیی شاریی لە هەموو فەزای گشتییدا. ئەمانە بە گشتیی ئاڵوگۆڕیکی لە سیمای کۆمەڵایەتیدا پەیوەندییەکانی ژن لەگەڵ کۆمەڵگە و پیاواندا پێکهێناوە. کچان ئازادانەتر دڵداری دەکەن . ژنان لە بەرامبەر پەیوەندیی ئاشکرای پیاوەکانیاندا بە نهێنیی پەیوەندیی سێکسیی دەبەستن. ژنان زیاتر لە دەرگای جیابوونەوە و تەڵاق دەدەن ئەگەر وابەستەیی ئابووریی و زۆری (وەلی ئەمر) ڕێگر نەبن.


بەڵام هاوکات ڕێگرییەکانیش لەبەردەم پەیوەندییەکانی ژن و پیاو و رۆڵی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەچەق بەستوویی و بگرە لە ڕیگەی دەسەڵات و یاساوە بەرەو دواوە براوە. دەرکردنی یاسای فرەژنیی و مانەوەی نووسینگەی کۆمەلایەتی حزبەکان و پەراوێزی دادگا و (سوڵح)ی خێڵەکیی و نەبوونی بیمەی بێکاریی بۆ ژنانی بێکار و پەرەدان بە فەرهەنگیی کۆنەپاریزی لە کۆمەڵگە لە ڕیگەی سەکۆی ناوەندە دینیەکانەوە. مانەوەی فەرهەنگی شەرەف پارێزی پیاوسالارانە و پەردەپۆشکردن و بێدەنگ بوونی کۆمەڵایەتی و پشتیوانیی خێڵەکیی لە تاوانبارانی کوشتنی ژنان.


ئەمانە فەزا و چوارچیوەی گشتیی ژیانێکی کۆمەڵایەتین کە خۆشەویستیی و پەیوەندیی سێکسیی ژن و پیاو و خێزانی لە کوردستان تێدا دەچێتەپێش.

ئایا ئەم ناکۆکییانە، خۆشەویستیی و توندوتیژیی، پێکەوە چۆن هەڵدەکەن؟ ئایا بنەماکانی خێزان چۆن دوانەی خۆشەویستیی و خیانەت دەپارێزێ؟ عەشق و خۆشەویستیی – سێکس لە نێوان ژن و پیاو بۆ ناپاریزرێ و خیانەت و توندوتیژیی بۆ سەرهەڵئەدا؟ شێوازی تر لە دەرەوەی خێزان نییە بۆ پێکەوە بوون و بنەماکانی چیە؟ ئایا لە زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوەدا گۆڕانکارییەک بەسەر سیستەمی خێزانی تاکەکەسیدا دێت؟ چ رۆشنبیرییەکی سێکسیی و هونەریی و کۆمەڵایەتی دەتوانێ شۆڕشێکی فەرهەنگیی لە کوردستاندا دروست بکا؟


ئەم پرسیارانە لەلای مرۆڤ دەرگای بەرەو ئاڵوگۆڕێک نیشان دەدا کە بەداخەوە لە کوردستان حەزێکی گشتیی بۆ وروژاندنی لەناو توێژێکی لاواندا نەبێ هەستی پێ ناکەی. بەڵگەی خەمساردیی توێژی ڕوناکبیر و گەنجانی کوردستان لە مەسەلەی سوتانی پەیکەری خۆشەویستیی و کێلی گۆڕێ شێرکۆ بێکەس و کاردانەوەی دوو گەنج بە ماچێکی ئاشکرادا، ئەم نەبوونی پالنەرە رۆشنبیرییەیە بۆ شۆڕشێکی فەرهەنگیی کە تا ئێستا کوردستان بەخۆیەوە نەبینیوە. نیشانی دەدا کە هێشتا پەیکەرتاشی، شیعر، ڕۆمان، ڕەخنەی ئەدەبیی، شانۆ، درامای تەلەفزیۆنیی و چاڵاکییە ڕۆشنبیرییەکان لە خەوی سەردەمی کۆنی نەریت و رەوشت و هزر دان. وێڕای گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەڵام رۆشنبیریی شەرمنانە دەردەکەوێ و ئەو هەنگاوانەی گەنجان خۆبەخۆ دەینێن لە لایەن ئیلیت و ڕۆشنبیرانەوە نابێتە ئاگاییەکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی هەرچی پیرۆزییەکانی خورافاتی کۆنە و بەرپاکردنی شۆڕشێکی ئاداب و رەوشت و هونەر و هزری نوێ. هەر بۆیە ئەم ناکۆکییە لە کوردستان لە نێوان خۆزگەی ئازادیی و داهێنان و عەشق لەگەڵ مانەوەی پیاوسالاریی و کۆنەپارێزی دینی دەبینین کە ئەمانە دوایی خۆیان لە مانەوەی ئەم رۆشنبیرییە کۆنسەرڤاتیزمە نان دەخۆن و گەشەدەکەن.


شۆڕشەکان هەموو شتێکیان گۆڕیوە مرۆڤەکان نەبێ.


پێوەرێکی گرنگی گۆڕانی مرۆڤ پەیوەندیی پیاو بە ژنەوەیە. ئەم دوالیزمەی خۆشەویستیی و توندوتیژییە نیشانمان دەدا کە چ گۆڕانێک لە دەرون و نەریت و هزر و کردەوەی پیاواندا بەرامبەر ژنان پێوسیتە تاکو هەست بەنزیکایەتی لە فەرهەنگێکی مرۆیی بکەین. مارکس لە “دەستنوسە ئابووریی و فەلسەفیەکان ١٨٤٤”دا دەڵێ”پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و سروشتی و پێویستی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا پەیوەندیی پیاوە لەگەڵ ژندا.پەیوەندیی پیاو لەگەڵ ژندا ڕاستەقینەترین پەیوەندیی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤدا.هەربۆیە ڕادەی ئەوە دەردەخا کە چەند ڕەفتاری سروشتی پیاو بووەتە مرۆیی،یاخود ڕادەی ئەوەی جەوهەری مرۆیی لە پیاودا بووەتە جەوهەری سروشتی ئەو. هەروەها ئەم پەیوەندییە ئەوە دەردەخا کە ڕادەی گۆڕانی نیازی پیاو بووەتە نیازێکی مرۆڤ: ڕادەی ئەوەی کە ئەو کەسەی تر وەکو کەسێک بوەتە نیاز”. هەروەها لە کتێبی “خێزانی پیرۆز”دا دەڵێ: “خۆشەویستیی بۆ یەکەم جار بەڕاستی مرۆڤ فێری ئەوە دەکا کە باوەڕ بە دنیایەکی ئۆبژەکتیڤ لە دەرەوەی خۆی بهێنێ.” خۆشەویستیی ئەو شتەی خۆشت ئەوێت دەکاتە ئوبژێکتێکی دەرەکی، ئۆبژێکتێکی هەستی کە چیتر لەناخدا نامێنێتەوە، لە مێشکدا شاراوە بێت.”.


بەم پێیە خۆشەویستیی و عەشق وەک دیاردەیەکی دەرەکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ خۆی نمایش دەکا و دەبێتە پێوەری مرۆیی ئەم پەیوەندییەی نێوان ژن و پیاو یان دوو مرۆڤ. ئەم پەیوەندییە مرۆییە ئەسڵ و بنەمای هەر پێکهاتە و شێوازێکی کۆمەڵایەتی ژیانە کە بەدرێژایی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتوە. لە فرەخێزانی سەرەتایی و زەواجی دووانە و تا شیوازی خێزانی تاکی (ناوکی- ژنێک و پیاوێک) ئێستا و شێوازەکانی ژیانی پێکەوەیی دەبینین. ئەم شێوازانەی پێکەوە بونی کۆمەلایەتی ژن و پیاو لە هەر دەمێکدا بەپێی گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و شۆڕشە فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە.


خێزانی تاکی ئێستا لەسەر بنەمای دەسەڵات و بەرژەوەندی پیاو بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی کەسی بورژوازی و پاراستن و گواستنەوەی میراتی بۆ منداڵەکانی دامەزراوە و هەربۆیە لە هونەر و ئەدەب و شانۆ و فیلم و شیعر و هزر و ئاداب و ڕەوشتدا خیانەتی فرەژنیی پیاوان بەئاشکرا و خیانەتی فرە پیاوی ژنانیش بە نهێنیی لەپاڵ خێزانی تاکدا دەبینین. کڕین و فرۆشتنی سێکس و خستنە چوارچێوەی بازاڕو یاساکانەوە دەبینین. ناچاریی ژنان بە مانەوە لە سایەی ژیانی خێزانیدا لەبەر هۆی بژێوی یاخود لە ترسی لەدەست نەدانی منداڵەکانی دەبێتە دیاردە و یەکسانیی قانونیی و ئازادیی تەڵاقیش ناتوانێ بە یەکجاریی ئەم ژێردەستەییە ناچارییە کۆتایی پێ بێنێ. لێرەوە توندوتیژیی دەبێتە بەشی جیانەکراوەی ژیانی خێزانی و کە دیارە لە کوردستاندا لە سایەی سیستەمی خێڵەکیی دەسەڵات و نەبوونی ئابووریی سەربەخۆی ژنان و لەئەستۆنەگرتنی دابینکردن و سەرپەرشتی کردنی منداڵ لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە و یاسای فرەژنیی و زاڵ بونی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر یاسای باری کەسێتیدا خێزان کۆتێکی گەورەتری کردۆتە ملی ژنان و هەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لێی رووبەڕووی سزای کوشتن و سوتاندن دەبێتەوە. بەردەوامی و هەڵکشانی ئامارە هەزاریەکانی کوشتن و توندوتیژیی ژنان نیشانەی ئەم پەیوەندییە نامرۆییەیە کە بەسەر ژیانی پێکەوەیی ژن و پیاودا زاڵە و خۆشەویستیی لە باشترین حاڵەتدا دەگمەن و خۆزگەیەکی شاعیرانەیە.


لە کاتێکدا پێوسیتە پیاو یان ژن ژیانی پێکەوەیی تەنیا لەسەر بنەمای خۆشەویست و حەزی سێکسیی بەرامبەر بە یەکتر دامەزرێنن و هەر کاتێک ئەم بنەمایە نەما ئەوا ئەو پێکەوەبوونە هەڵوەشێتەوە و پێکەوە بوونێکی تر لەسەر بنەمای دڵداریی – سێکس جێگای بگرێتەوە. ئیتر ناچارییەک بۆ درۆ و خیانەت لە یەکتر نەمێنێ لە نێوان دوو مرۆڤدا کە ڕاستگۆیی و وەڵامدانەوە بە خۆشەویستیی یەکتر پێوەری ژیانێکی بەختیاریی پێکەوەییان بێت. ناکۆکییەکانی نێوان خۆشەویستیی و مرۆڤایەتی ناخی مرۆڤ لەگەڵ گوشارە مادی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژی دینی و کەلتوری پیاوسالاریی کێشەی خێزانی کردۆتە یەکێک لە نامۆبونە سایکۆلۆژیەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ و لەژێر ئەم گوشارەدا ڕێگاکانی شل کردنەوەی سنوورەکانی شیوازی خێزانی تاکی بەشێوەی پەیدابونی ژیانی پێکەوەی کەپڵ و ژیان لە ماڵی جیا و شێوازی جۆراوجۆری فەردی تردا دەچێتە پێش. زیادبونی ڕێژەی تەڵاق و لەباربردنی منداڵ و خستنەوەی منداڵ لەدەرەوەی پەیوەندیی خێزانی و پەیوەندیی سێکسیی نێوان لاوان ،ئەمانە نیشانەکانی هەرەسی پیرۆزییەکانی شێوازی خێزانی پیاوسالارییە و پێویستیەکانی ئازادیی عەشق و سێکس و ژیانی تاکەکەسی نیشان دەدا. ئەمانە بەشێکن لەو شۆڕشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەی کە کۆمەڵگەی کوردستان لەم ژانەی دوالیزمەی خۆشەویستیی و توندوتیژییەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مرۆیی تر دەگوێزێتەوە. مرۆڤەکان لەم شۆڕشەدا نەک هەر یاسا ودەسەڵات بەڵکو لەوانە گرنگتر ناخ و ڕەوشت و هزر و کردەوەی خۆیان دەگۆڕن و مرۆڤایەتیی خۆیان دەسەلمێنن ، ئەمە کارێکە کە هەموو تاکێک لەپیناو مرۆڤایەتیی خۆیدا گرنگە بە گەرموگوڕیی بەشداریی تێدا بکا و بناغەی شیعر و هونەر و کار و خێزان و پێکەوە بوون تەنیا بە خۆشەویستیی و عەشق ڕەنگڕێژ دەکا.