وتار

خوێندنەوەیەک بۆ قەیرانی ئابووریی کوردستان

فاینانشاڵ تایمز*١ ساڵی پار کوردستانی بەھەرزانترین شوێنی دنیا بۆ دەرھێنانی نەوت و ئازادترین شوێن بۆ وەبەرھێنانی کۆمپانیا جیھانیەکان دادەنا،ئەمساڵ لەپڕێکدا بەموجازەفەترین شوێن بۆسەرمایەگوزاری و بێمتمانەترین حکومەت بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی ناو دەبرێ.


لەماوەی ئەم دوانزەساڵەدا(٢٠٠٣-٢٠١٥) کەکوردستان نەوتی ھەناردەکردوەبەپێی ئامارەکانی نەوتی حکومەتی عێراق بەشی ١٧٪ کوردستان ٢٥٠ملیار دۆلار بوە*٢،بەڵام ئێستا کوردستان ٢٢ ملیار دۆلار قەرزارە*٣. وە لەماوەی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥واتە لەدووساڵدا ڕێژەی ھەژاری لەکوردستاندا لە ٪٣ەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٪١٢*٤.


لێکدانەوەی پەیوەندی ئەم داھاتە زۆرە و ھەرزان بونی تێچونی نەوت لەگەڵ ئەم قەیرانە داراییەی حکومەتی ھەرێم و فڕینی ڕادەی ھەژاری، ،پێویستی بە ناسینەوەی تایبەتمەنیدیەکانی ئابوری کوردستانە .لەبەرئەوەی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکەش کە خاوەنی ئابوری رەیعی سەرمایەدارین لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت وەک حکومەتی ھەرێم توشی مایەپوچی و بانکۆرەپسی دارایی نەبون و تاڵان فرۆشی نەوت و بەرزبونەوەی ڕادەی ھەژاریش بەم شیوە ناوازەی کوردستان نیە.
لەم وتارەدا ھەوڵ دەدەین کە چوارچیوەی گشتی ئابوری رەیعی باس بکەین و بزانین ئەو تایبەتمەندیانەی سیستەمی ئابوری و سیاسی کوردستان چین کە ھۆکاری ئەم داڕوخانە خێرا و تیژە ئابوریەی ئێستان.ئەم لێکدانەوەیە دەتوانێ ڕێگاچارەی واقعی بۆ دەربازبون لەم قەیران و ئایندە نادیارە بخاتە بەردەم و ناڕەزایەتیەکانیانی خەڵک بەڕووی سیاسەت و نەخشەی یەکێتی وپارتی بۆ ئیدارەی ئابوری و سیاسی کوردستان.


یاسا گشتیەکان و مۆدیلی ئابوری رەیعی کوردستان.


لە ٨٥٪ داھاتی کوردستان بریتیە لە فرۆشتنی نەوت وگاز. ئەم ئابوریەی کوردستان پێی دەوترێ ئابوری رەیعی ،کە پشت بەسەرچاوەیەکی سروشتی دەبستێ و لەنیوان بڕی تێچون وفرۆشتنیداجیاوازیەکی زۆر ھەیە کە خاوەنی ئەو سەرچاوەیە وەک “کرێی جیاکاری”وەریدەگرێ.لەکوردستان ئەم سامانە سروشتیە Differential Rent لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە.ئەو داھات و زێدەباییەی دەستی خاوەنانی ھۆیەکانی بەرھەمھێنانی نەوت ، کۆمپانیاجیھانیەکانی نەوت و پارتی و یەکێتی دەکەوێت دەکرێت بەدوو بەشەوە ؛بەشێک وەک زێدەقازانج لە ھێزی کاری ھەرزانی کرێکارانی نەوتی کوردستان دەستیان دەکەوێت وبەشەکەی تری یەکێتی و پارتی وەک مۆنۆپۆلی نەوت بە شێوەی ” کرێی تەفازولی یا جیاکاری”*٥ وەری دەگرن. Differential Rent ئەم کرێی جیاکاریە بریتیە لە جیاوازی نێوان تێچونی بەرھەمھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت لە کوردستان لەگەڵ ڕێژەی ناوەڕاستی تێچونی ھەربەرمیلێک نەوت لە جیھاندا.گرێبەستەکانی حکومەتی ھەرێم بەشیوەی شەریک کردنی ئەم کۆمپانیانەیە و ئەوان بەھۆی بەکارھێنانی سەرمایەیەکەوە کە لەم بوارەدا خستویانەتە کار بەشێک وەک زێدەقازانج دەبەن.*٦.


ئابوری رەیعی لە کوردستان تەواو بەستراوەتەوە بەسەرمایەی کۆمپانیا جیھانیەکان و دەوڵەتەکانیانەوە.لەکاتێکدا بەرھەمھێنانی نەوت لە کوردستان ھەلومەرجی بەدەستھێنانی قازانج بۆ ئەم کۆمپانیانە مسۆگەر نەکا و ھەلومەرجی ئەمنی و ئاسایش و جێگیری باری سیاسی و پێداویستیە ژێرخانیەکانی بواری گواستنەوە و بەرھەمھێنانی نەوت فەراھەم نەکەن و نرخی نەوتیش لەئاستی کەمتر لە تێچوندا نەبێت، ئەوا سەرمایە بەگەڕ ناخەن و ڕیسک و موجازەفە لە کوردستاندا ناکەن.ھەربۆیە بازاڕی ناوخۆی کوردستان وابەستەی سەرمایەی کۆمپانیادەرەکیەکانی نەوت و ئەو دەوڵەتانەیە کە سەرمایە لە کوردستاندا بەگەڕ دەخەن.


کوردستان ئێستابەشێک لەو بازاڕەی سەرمایەی جیھانیەی نەوتە کە کێشمە کێشێکی بەردەوام و توندو تەنانەت شەڕی تێدایە و کۆمپانیا و دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان ئەم بازاڕەیان مۆنۆپۆلکردوە و کار لەسەر وابەستەکردنی ماڵی و ئابوری و سیاسی دەوڵەت و حکومەتە بەرھەمھێنەکانی پیشەسازی نەوت و وزە دەدەن. ھەرکامەیان وەک ئەمریکا “کۆنترۆڵی نرخی نەوت و ڕادەی بەرھەمھێنانی بە کۆڵەکەی ئەمنی قەومی “خۆی دەزانێ.


تایبەتمەندی کوردستان لەم بازاڕە جیھانیەدا لەوەدایە کە ھیچ کام لە پێویستیە بنەڕەتیەکانی خستنەگەڕ و پێشبڕکێ و بەکاربردنی ئەم پیشەسازیەی نەوتی نیە.کوردستان دەوڵەت وکۆمپانیای پیشەسازی نەوت و دراو و بانک و بازاڕی ناوخۆی پیشەسازی و یاسا و گومرگ و باج و ستراتیژ وچاودێری و سندوقی داھاتی نەوت بۆ زەمانەتی کۆمەڵایەتی و زۆر شتی تری نیە و ھیچ بەرنامە و کارێکی جدیش نیە بۆ ئەوەی کە پیشەسازی نەوت و بازاڕی ناوخۆی لە چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابوری و یاسایی و نێودەوڵەتیداڕێک بخا. ھەربۆیە لەڕاستیدا دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کوردستان وەک قاچاغچی و مافیایەکی خاوەنی چەندکێڵگەیەکی نەوتی لەم بازاڕە جیھانیەدا دەردەکەون. لە بەتاڵان فرۆشی نەوت و گاز بەتورکیا وەک “تەنار یڵدز” وەزیری وزەی تورکیا دەڵێ ڕۆژی ٦٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە کوردستانەوە دەگاتە تورکیا و گازیش بەنیوە قیمەت لە کوردستان دەکڕین لە ٢٠١٧ەوە.”*٧ تا دەگاتە دیارنەبونی کۆنتراکتەکان و داھاتی نەوت و سپاردنی بەبانکی بنەماڵە”بانکی کوردستان” لەجێگای بانکی حکومی و ھتد..دەبینین کە چۆن دوو حزب و کۆمپانیاکانیان کێڵگە نەوتیەکان دابەشکردوە و بەردەوام لە کێشەدان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەر بڕ و داھاتی نەوت. بەپێی نەخشەی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێمەوە پارتی و یەکێتی بەڕێژەی (٧٥٠ بەرمیل لەڕۆژێکدای پارتی و٣٩٠ی یەکێتی) نەوتی کوردستانیان بەشکردوە*٨ و ئێستا کەرکویش بەڕێژەی٢٥٠ ھەزار بەرمیل لەڕۆژێکدایەلە لایەن یەکێتی و پارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە . بێگومان بەم ئیدارە میلیشیاییەی نەوت لەبازاڕێکی ڕێکخراوی مۆنۆپۆلکراوی جیھانیدا کوردستان لەگەڵ ھەر نزمبونەوەیەکی نرخی نەوتدا ڕوبەڕوی مایەپوچی و بانکۆڕەپسیەکی خێرای وەک ئێستا دەبێ و لەئاکامیشدا بڕی قازانجی خەیاڵی سەرانی ئەم دوو حزبە مسۆگەر و پارێزراوە و کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی کەم دەرامەتیش دەبێ لەبەشە موچە و بژێوی ئەوان قەرەبوی کەمی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت بکرێتەوە.


ڕێگا چارەکانی دەسەڵات بۆ ئەم قەیرانە.


ھەنگاوی یەکەم کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە دەستیان بۆبردوە قەرزکردنە. بێگومان لەبەرئەوەی کوردستان دەوڵەت نیە ھیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی وەک بانکی جیھانی و سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی متمانە و زەمانەتی دانی قەرزیان بەم دەسەڵاتە ناوچەییە نیە. قەرزی نێودەوڵەتی بە حکومەتێک دەدرێ کە لە حساباتی نێودەوڵەتیدا بتوانرێ مامەڵەی ڕەسمی لەگەڵ بکرێ و زەمانەت و رەسیدی بانکی و ئیعتباراتی مادی ھەبێ ، یاسا و دەزگای چاودیری و لێپرسینەوە دیار بێت تاکو لەسەر بەرنامەی دانەوەی قەرز و مەرجەکانی بەڕیوەبردنی بەرنامەی ئابوری حساب بکرێ. لەغیابی ئەم پیداویستیانەدا پارتی و یەکێتی پەنایان بردۆتە بەر دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئەمریکاو بانکی کەرتە تایبەتە دەرەکیەکان. بەڵام ئایا ئەم ھەنگاوە دەتوانێ کۆتایی بە مایەپوچی دارایی حکومەت بێنێ؟ ئایا مەرجەکانی ئەم دەوڵەت و بانکانە چیە؟ ئەم قەرزانە چەندن و چۆن دەدرێنەوە و کاریگەریان لەسەر کوردستان چیە؟ دیارە ھیچ کام لەمانە ئاشکرانین.


تورکیا خۆی بەشێک لە ھۆکارەکانی قەیرانی ئابوری و دارایی کوردستانە و ئاشکرا نیە کە ڕێکەوتنی ٥٠ سالەی پارتی لەگەڵ تورکیادا و داھاتی ئەم چەندساڵەی تورکیا لە نەوتی ھەرێمی کوردستان چەند بوە و ئەو قەرزانەی دراوە و دەدرێت لەڕێگەی حکومەتی ئەردۆگانەوە چۆن کوردستان دەکاتە وابەستە و ژێردەستەی تورکیا. تورکیا ٩٥٪ پێویستی نەوت و گازی لەدەرەوە بۆ دابین دەکرێ و بەبڕی ٥،٤ ملیار دۆلار بازرگانی لەگەڵ عێراق ھەبوە لە ساڵی ٢٠١٤ کە بەشی زۆری لەگەڵ کوردستان بوە. *٩.


بێگومان بانکی ناوەندی ئەمریکاش ئەگەر قەرز بەحکومەتی ھەرێم بدا مەرجەکانی زۆر قورستر لە مەرجەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی دەبێ کە قەرزی بە عیراق داوە بەمەرجی کەمکردنەوەی تێچون و سەرفکردن بۆ بوارە غەیرە نەوتیەکان،ھەربۆیە ئەم قەرزانە چاەڕوانیەکیان لێ ناکرێ جگە لەوەی ڕێژەی ھەژاری لە ٪١٢زیاتر دەکا و کەمتری ناکا.


سەرەڕای ئەمانەش حکومەتی ھەرێم بەم سیستەمە ئابوری و سیاسیەی ئێستایەوە بەم قەرزانەشەوە ئەگەر شانسی وەرگرتنی ھەبێ ئەوا چاوەڕوانی دانەوەی لێناکرێ و خەڵکی کوردستان دەبنە باجدەری ڕێژەی قازانجی ساڵانەی ئەو قەرزە کە لەوانەیە ئایندەی دەیان ساڵی تر لەژێر باری قەرزدا لە ئێستا خراپتربێ.ئەگەر حکومەتی یەکێتی و پارتی لەداھاتی زیاتر لە٢٥٠ملیار دۆلاری نەوت ٢٢ ملیار دۆلار قەرزاربن ئەوا دەبێ لەسەر ئەم قەرزداریەوە بڕی قەرزی کەڵەکەبوو لەماوەی ١٠ ساڵدا ببێت بەچەند؟


حکومەتی چەپی سیریزای یۆنان ڕازی نەبوو بەھەر مەرج وقیمەتێک قەرز لە ئەوروپای یەکگرتو وەرگرێ ،چونکە نەیدەویست دەوڵەتی یۆنان بکاتە کرێگرتەی ئەڵمانیا. ئێستا حکومەتی ھەرێم پێشنیاری فرۆشتنی کەرتی کارەبابە”کەرتی تایبەت”! دەکا و سبەینێ دەست دەکا بە فرۆشتنی کەرتی نەوت بەتورکیا و ئێران و سعودیەش ئەگەر نەیانتوانی ئەم قەرزانە بداتەوە. پێویستە بڕ و چۆنیەتی سەرف و دانەوەی ئەم قەرزانە دیار بێت ، ئەگینا ھیچ زەمانەتێکی ئایندەی خەڵک نیە.


چاودێریی و شەفافیەت.


یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان داوای چاودێری و شەفافیەت دەکەن و ئەمە بە ڕێگاچارەی قەیرانی کوردستان دەزانن! سەیر لەوەدایە یەکێتی کە تائێستاش بەشی شێری دوەمی لەم ئابوری جەنگەڵەدا ھەیە داوای شەفافیەت دەکا! دانانی دەزگای چاودیری و شەفافیەتی ڕاستەقینە جۆرێک لە ئازادی ڕادەربڕین و پێویستی دەخاڵەتکردنی پەرلەمان ودادگا وحزب و ڕێکخراوە و گروپ و میدیاوھاوڵاتیان دێنێتەئاراوەو ڕێگەی سەرانی حزب لە نھێنی ھێشتنەوەی داھات و چۆنیەتی سەرفکردنی بەرتەسک دەکاتەوە.بەڵام ئایا داوای چاودێری و شەفافیەت لەم سیستەمە میلیشیایەی کوردستان واقعیە و مومکینە؟


باسندوقی داھاتی نەوت وەک نمونەی ئەم چاودێری و شەفافیەتە باس بکەین و بەراوردێک لە نێوان سندوقی کوردستان و نەرویجدا بکەین ؟ نەرویج لە بڕی داھاتی نەوت تەنیا ٪٤ دەخاتە خزمەت بودجەی ساڵانەوە و ٪٩٦دەخاتە سندوقی موچەی خانەنشینی حکومیەوە و بەمە تا ٢٠١٤ بڕی ٨٦٠ ملیار دۆلاری پاشەکەوت کردوە و داھاتی ھەر تاکێک١٧٦ ھەزار دۆلارە وە نەک تەنیا مافی لەسەر کاربون بەڵکو مافی زەمانەتی لەسەر کاربونیشی بۆ ھەرتاکێک دابین کردوە*١٠.


.ئایا سندوقی نەوتی کوردستان چی لێ ھات کە نزیک بە ١٠ساڵە یاساکەی ھەیە ؟ پێش ئەوەی ٢٥٠ ملیار دۆلارەکەی تێ بکەن ئێستا قەرزی ٢٢ ملیار دۆلاری لێ دەدەنەوە. جیاوازیەکە لێرەدایە کە بڕی داھاتی نەوت لە نەرویج لەدەست دەوڵەت و دەسەڵاتێکدایە کە خەڵک دەزانێ ڕادەکەی چەندە و دەزگای چاودێری ئاشکرا ھەیە کە دەزانێ چۆن سەرف دەکرێ وبەرنامە و ستراتیژیەک ھەیە بۆ سەرفکردنی. لە کوردستان بڕ و پارەی نەوت تەنیا بنەماڵەبارزانی و ھێرۆخان دەیزانێ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیش نایزانن ، ھەربۆیە نە لیژنەی چاودیری و نە شەفافیەت دەتوانی واقعیەتی ھەبێ و نەمیدیا و نە ھاوڵاتیش زانیاری ڕاست و دروستی لەسەر دەبێ. خویندنەوەی ڕاپۆرتە نوێیەکەی ٢١٠٦ی دکتۆر مارک دیوێڤەر ” قەیرانە گەورەکەی کوردستان”*١١ئەم ڕاستیە دەخاتە ڕوو کە ئەگەر بتەوێ بەدوای داتا و ئاماری ئابوری لە کوردستاندا بگەڕێیت دەبێ بچیت دوکان و بازاڕ و ئوتێل و کارگە و فەرمانگەکان بگەڕێی و خۆت کۆی بکەیتەوە* ئەگینا چونە لای وەزیری کاریش سودی نیە کە دەڵێ “ئاماری بێکاری کوردستانم نازانم”*!١٢.


بەتایبەت شەفافیەت و چاودێری لەسەر داھاتی نەوت مەترسیە بۆ سەر کەڵەکەکردنی سەرمایە لە بانکەکانی دەرەوەی کوردستان و سپی کردنەوەی ملیارەھا دۆلار کە کۆڵەکەی ئەم دەسەڵاتەیە. لە ئێستادا بەھۆی ئابوری رەیعی نەوت زۆر ئاسان ئەم دەسەڵاتە توانیویەتی لە داھاتی نەقدی زۆری نەوت دەیان دەزگای میلیشیایی جۆراوجۆری سەرکوت و تۆقاندن لەپاڵ دامودەزگای میدیای بۆ فریودان سازبکا ،و لەبەرامبەر ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەرانیشدا ،کە وەک موچە خۆرانی حکومەت لە٪٧٠ ی ھێزی کارن، ھەڕەشەی دەرکردن لەسەر کار و بڕینی موچە وفشاری جۆراوجۆر وەک چەکێ دژیان بەکاربێنێ . ھەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی وفشار و ناڕەزایەتیکی دەوڵەتانی دەرەوەی ڕوبەڕو بێتەوە .نمونەی دەوڵەتە رەیعیەکانی عێراق و ئێران و شێخ نشینەکانی کەنداو و سعودیە ئەو ڕاستیانە دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستی دینی وپەیوەندی عەشیرەتی و سیستەمی بنەماڵەیی و بیرۆکراتیەت دەبنە شێواز و سیستەمی بەڕێوەبردن و سەرکوتی ئازادیەکان و بێ مافی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبنە سەرخانی سیاسی ئەم دەسەڵاتانە و بازاڕی جیھانی سەرمایەداری و ئەمریکا و ئەوروپا کێشەیان لەگەڵ ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتە دیکتاتۆریانەدا نیە . بەپێچەوانەوە ئەو ھەلومەرجە سیاسی و ئابوریەی کە بۆ کەڵەکە و گەشەی سەرمایەی مۆنۆپۆلی لەم وڵاتە نەوتیانەدا پێویستە ، ھێشتنەوەی تێچونی ھەرزانی بەرھەمھێنانی نەوت و کاڵاکان کە بەمانای ھەرزان ھێشتنەوەی ھێزی کار و کرێ و موچەیە کە ئەمەش بە دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بێ مافی سیاسی دەکرێ .ھەربۆیە سەدەی بیست و تائێستاش شاھیدی ئەم پەیوەندیە دۆستانەیەین کە داھاتی قازانجی ئەم دیکتاتۆرانە لەبەرھەمی نەوت پەیوەستە بەبازاڕی جیھانی و نیازە تایبەتەکانی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و پەیوەندی نێوان ئەم دوولایەنە دیاریکردوە.


بێدەنگی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر پەکخستنی پەرلەمان لەلایەن پارتی و گەندەڵی و سەرکوتی ئازادیەکان لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە دریژەی ھەمان ھاوپەیمانی دیکتاتۆریەت و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایە و بەتایبەت کە جێگای دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەم دەوڵەتانە لەکارتێکی فشارەوە گۆڕاوە بۆ شەریکێکی بازرگانی نەوت لەبازاڕێکی ڕەشی ئازاددا.


دەربازبون لەئابوری بەرخۆر و بەکاربەریی.


لەگەڵ باسی قەرز و شەفافیەت ئێستا ئەم حزبانە سەرگەرمی کۆنفرانس و ۆرک شۆپن بۆ دەربازبون لەئابوری بەرخۆر و ئیستھلاکی.سەیر لەوەدایە لەکاتی ئیفلاسیدا نەک ڕەونەقدا باسی گۆڕینی سیستەمی ئابوری دەکەن. داھاتی کوردستان ٪٨٥ داھاتی فرۆشتنی نەوتە و باقیەکەی گومرگ و باج وبازرگانی و چەند بەشیکی تر. لە کوردستان ئەو بەشانەی سەرمایەی تێدا خراوەتە کار لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتیەوە بریتی بوون لە چیمەنتۆ و خانووبەرە و بازرگانی خۆراک و دەرمان و چەند بوارێکی تر. قەیرانی ئێستا ئەم بوارانەشی گرتۆتەوە. چیمەنتۆ لە ٢٠٠٠دا تەنی بە ١٦٠ دۆلار بوەئێستا بوە بە ٦٠دۆلار*١٣. نرخ و کرێی خانوبەرە و ئوتێل و تاوەرەکانیش بەڕادەیەکی زۆر دابەزیون. خۆراک و دەرمان ڕۆژ بەڕۆژ کوالیتی دادەبەزێ و بونەتە سەرچاوەی زیانی گەورە بەتەندروستی. ئەوەی ئاشکرایە کە کۆمپانیا بازرگانەکانی سەرمایەدارانی حزبی و ناحزبی بەشوێن قازانجی خێرا و کورت ماوەدا بوون چ لە بواری نەوت خەریکی بەتاڵان فرۆشتنی و خۆشبون لە باجی کۆمپانیاکان بۆ ماوەی دەساڵ یاخود بەفراوانی کەوتونەتە بەخشینی زەوی وزار بە بنەماڵە و پلە و پۆستە باڵاکانی حزب. بوژانەوەیەکی ئابوری کەلە بەرزبونەوەی ئاستی کرێ و موچە و بەھۆی بودجەی نەوتی عێراق و کوردستان ھاتەئاراوە زۆر زوو بوە سەرچاوەی داھاتێکی زۆروزەبەندی کۆمپانیاکانی حزب بۆ خانوبەرەوخۆراک و پێویستیەکانی تر.


ھەربۆیە ھەمیشە کاتێک باس لەکەرتی تایبەت و بوژانەوەی دەکرێ لە دوای ڕوخانی بەعس و پیشەسازی نەوتەوە ئەوەی بازاڕی ناوخۆ و ئەو بوارانەی پیشەسازی و بازرگانی بەدەستەوەیە ھەمان کۆمپانیاکانی دەسەڵات و حزبەکانن و دیواری چین لەنێوان کەرتی گشتی و دەوڵەتی و کەرتی تایبەت نیە. بازاڕی ناوخۆ و نەوت و گاز وداھاتی کوردستان لەلایەن یەکێتی وپارتیەوە مۆنۆپۆل کراوە و ھەرچی حزب و کۆمپانیا و سەرمایەدار وبازرگانی ترە بەناچاری وابەستە یاخود شەریکی سەرانی ئەم دوو حزب و دوو بنەماڵەیە و کەرتی تایبەت خۆی بەشێکە لەو دەسەڵاتەیە. داواکاری گەڕانەوەی داھاتی کۆمپانیا حزبیەکان بۆ حکومەتیش ھەمان ھاوکێشە و مەتەڵەی حکومەت و حزبەکانە کە وەک سەفسەتەی مریشک و ھێلکە نازانین کامیان لەکامیانن.


سەرەڕای ئەمەش بازاری ناوخۆ و نەوت و سەرمایەی دەسەڵات لە کوردستان بەناچاری وابەستەی ئەو بازاڕ و دەسەڵاتە جیھانیەیە کە نرخی نەوت دیار دەکا.بەم پێیە بەرھەمھێنان و پرۆسەی سوڕانەوەی ئەم سەرمایەیە لە بازاڕی کوردستاندادەبێ ئەو ھەلومەرجە قازانج ھێنەرە دروست بکاتەوە کە سەرمایەی دەرەکی لەڕێگای کۆمپانیاکانی نەوتەوە دەیڕژێننە بازاڕی ناوخۆی کوردستانەوە.پارتی ویەکێتی و کۆمپانیاکانیان دەبێ پێداویستیەکانی پرۆسەی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا دەرەکیەکان فەراھەم بکەن و لەدەوری ئەمە ئەو پیشەسازی و بوارە ئابوریانەی پەیوەستن بەنەوتەوە گەشە دەکەن . بەڵام ئەو پیشەسازیانەی ناتوانن ئەم سەرمایەیە زیاد بکەن و قازانج ھێنەر بن ئەوا شانسێکیان نابێ و سەرمایە ڕویان تێ ناکات. بۆنمونە بەرھەمھێنانی ھۆیەکانی گوزەرانی کرێکاران و فەرمانبەران کە لە دەرەوەی کوردستان بەنرخێکی ھەرزانتر بەرھەم دێت ئەوا دەسەڵات ناچێت و نایەوێت سەرمایەی خۆی بخاتە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکەوە و دەرگای کوردستانی خستۆتە سەرپشت بۆ ئەو کاڵایانە.گرنگ بۆ ئەم حزبە سەرمایەدارانە ئەوەیە کە پێویستیەکانی ژیان و مانەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان کە کرێکار و کارمەند و خەڵکی کەم دەرامەتە بە کەمترین تێچون فەراھەم بکرێ تا بتوانێ لەم کاتی قەیرانانەدا کرێ و موچە کەم بکاتەوە.


نەدان و کەمکردنەوەی موچە.


لەکاتێکدا سەرمایەی دەسەڵات لەڕێگای بازرگانی بەو مادە خۆراکی و پێویستیە سەرەتاییەکانی ترەوە ئەو موچە و کرێیە وەردەگرێتەوە کە بە موچەخۆرانی دەدا ولەگەڵیشیدا قازانج دەکا. سەرەڕای ئەم ڕاستیەش کە کرێ و موچە لەکۆتاییدا بەشیوەی قازانج دەچێتەوە گیرفانی دەسەڵات بەڵام تایبەتمەندی ئەم دەسەڵاتە لەوەدایە ،کە ئامادەنیە لەکاتێکدا توشی قەیران بوە لەبەشی قازانجی خۆی کەم بکاتەوە و بەئەرکی خۆی نازانێ کە کرێ و موچەی زیاتر لە ملیۆنیک کارمەند بدات و بەپێچەوانەوە وەک ھەر سەرمایەدارێکی تاک و کەرتی تایبەت مامەڵە دەکا لەگەڵ کارمەندان دەکا و زۆر بەئاسانی خۆی بەبەرپرسیار نازانێ لەژیانی ٤ملیۆن ئینسان. لەم کاتەداکە دەیان ملیار دۆلاری سەرانی ھەردوو حزب لە بانک و بازاڕی جیھانیدا خەریکی سوڕانەوەیە بەدوای قازانجدا یان نازانین چەند دە ملیاری تریان بە قسەی “مەلا بەختیار” لە ژێر زەمینەکاندا پاشەکەوت و “تکنیز” دەکرێ، سەرۆکی حکومەت بەئاسانی دەتوانێ بڵێ “پارە نیە” تا بدرێت بە موچە وکرێی کرێکاران و فەرمانبەران.


نەدانی موچەی کرێکاران و فەرمانبەرانە و دانی نیوموچەی ٦مانگ لەمەوپێش، نیشانی دەدا کە ئەم دەسەڵاتە ھیچ پێوەرێکی ئیدارەی مەدەنی و شارستانیانەی ژیانی کۆمەڵگەی نیە. ھەژارکردن و برسی کردنی کرێکاران و فەرمانبەران و چینە کەم دەرامەتەکان تەنیا ڕێگایەکە کە لەم قەیرانەی دابەزینی داھاتی نەوتدا بتوانێ سەرمایەی کەڵەکەبوی سەرانی پارتی و یەکێتی بپارێزێ و ئەوان وەک خەڵک ئیفلاس نەکەن. توندکردنەوەی چەوسانەوە ودابەزاندنی ئاستی گوزەران و چاوەڕوانیەکانی کرێکار و فەرمانبەر و چینە ھەژارەکان ھەمیشە یەکێک لەڕیگاکانی بەتاڵکردنەوەی قەیرانەکانی سەرمایەداری بەڵام مامەڵەی ئەم دەسەڵاتەی حزبە سەرمایەدارەکانی کوردستان لەگەڵ سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک و گەیاندنی ڕادەی ھەژاری لە دووساڵدا لە ٪٣ ەوە بۆ ٪١٢ نیشانەی دڕندەیی و چاوچنۆکی ئەم حکومەتە و حزبەکانێتی.سەرۆکی ئەم حکومەتە میلیشیاییە بە کارمەندانی مانگرتوو دەڵێ بایکۆت و مانگرتن ھیچ سودێکی نیە. ئەمە مانای ئەوەیە کە بەشەڕ و شۆڕش نەبێ ئەم حزبانە ئامادەنین دەست لەم ھێرشە بۆسەر ژیان وگوزەرانی خەڵک ھەڵگرن.مانای وایە لەسایەی ئەم حزبانەدا خەڵک ڕێگاچارەی تری نیە جگە لەلابردنی ئەم دەسەڵاتە و چاوەڕوانی بێ ھودەیە.چارەسەری کێشەی ئابوری و نەبونی دەوڵەت و دامەزراوە گشتیەکان و بەرنامەی خزمەتگوزاری و چاودێری و ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک لە گۆڕینی ئەم سیستەمە سیاسی و ئیداری و ئابوریە میلیشیاییەدایەوئەمەتەجروبەی شکست و ھەژاری و سەرگەردانی چارەکە سەدەیەکی خەڵکی کوردستانە.
_________________________________
سەرچاوەکان:
*١- http://www.ft.com/cms/s/0/0cc26014-1674-11e5-b07f-00144feabdc0.html#axzz3yD040TFs
*٢- http://www.alhayat.com/Opinion/Writers/11593768
*٣- http://pasewan.com/Kurdi/Detail.aspx?Jimare=303
*٤- http://www.marcopolis.net/iraqi-kurdistan-economic-report-2016-kurdistan-s-great-recession.htm?SETSTYLE=1
*٥- https://www.marxists.org/archive/marx/works/1894-c3/ch38.htm
*٦- http://hekmat.public-archive.ne
*٧- http://rudaw.net/english/kurdistan/15082015
*٨- http://mnr.krg.org/index.php/ku/2013-09-16-10-55-57
*٩- http://investingroup.org/analysis/195/turkey-the-kurdistan-regions-largest-trading-partner-kurdistan /
*١٠- http://ara.reuters.com/article/businessNews/idARAKBN0DO0RX20140508
*١١-   http://www.marcopolis.net/iraqi-kurdistan-economic-report-2016-kurdistan-s-great-recession.htm?SETSTYLE=1
*١٢- http://www.sulcci.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=5725&Jor=6
*١٣- http://www.marcopolis.net/iraqi-kurdistan-economic-report-2016-kurdistan-s-great-recession.htm?SETSTYLE=1

Add Comment

Click here to post a comment