نارەزایەتیەکان

ئەرکی چەپ لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستادا چیە؟ 

کۆکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەدەوری ئەنجومەنێکی نوێنەرانی سەراسەری و دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لەو گروپ و دەستانەی کە ئەم خۆپیشاندانانە ڕیک دەخا چەپ دەباتە ئاستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشڕەوەوە کە وەک بزوتنەوەی جەماوەری لە مەیداندا خۆی نیشان دەدا.ئەمە ئەو کارەیە کە ئەمڕۆ لە ئەستۆی هەموو کۆمۆنیست و سۆشیالیست و چەپێکی چالاکە لە ناڕەزایەتیەکاندا.
بزوتنەوەی چەپ پیویستە لە دۆخی حاشیەیی ئێستایەوە بچێتە قۆناغی جەماوەری بوون و پێشڕەوی کردنەوە. چەپ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم کارەبکا دەبێ سەرەتا جێگاو ڕیگەی خۆی لەگەڵ ئەم بزوتنەوە ناڕەزایتیەدا دیاری بکا . هەر خوێندنەوەیەک لەلایەن هەر هێز و گروپ و حزبێکەوە، ئەگەر سەرەتا ئەم بزوتنەوە ناڕەزایتیە جەماوەریە وەک بنەمای دەوری چەپ لەمڕۆی کوردستاندا نەناسێت ئەوا ناتوانێ لە قاڵبی ئیستای پەراوێزبونی خۆی دەربچێ. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هێشتا گروپە چەپەکان ئەم حاشیەیی بونی خۆیان لەم ناڕەزایەتیانە و لە ململانێی سیاسی نێو کۆمەڵگەدا نابینن و دەیانەوێ لەچوارچێوەی هەمان سیاسەت و چوارچیوەی ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە درێژە بە کارەکانیان بدەن.
چەپی حاشیەیی دەوری گۆڕان و ئیسلامیەکان لەم ناڕەزایەتیانەدا دەکاتە بیانویەک بۆپاساودانی لاوازی و پەراوێزبونی خۆی. ئەمە وەک واقعیەتی ناڕەزایەتیەکی کۆمەڵایەتی لەم کۆمەڵگەیانەدا نابینێ و پێی وایە دەبێ بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان کاریگەری بزوتنەوە بورژوازیە ناڕازیەکانی بەسەرەوە نەبێ ، لەکاتێکدا چەپی کۆمۆنیستی نەیتوانیوە ببێتە پێشڕەوی ئەم ناڕەزایەتیانە! لەڕابردودا ئەم ناڕەزایەتیانە لەژێر کاریگەری ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان و ئیسلامیەکاندا بەلاڕێدا برا و لە ١٧ شوباتدا سودی خراپیان لەو خۆپیشاندان و قوربانیانەی خەڵک بینی ،وە ئێستاش کاریگەری خۆشباوەڕی ریفورم و دیموکراسی پەرلەمانی گۆڕان و ئیسلامیەکانی لەسەرە و “بەرەی مێژوویی” هەموو زیانلێکەوتوە ئیسلامی و گۆڕان و هاودیدە کۆنە یەکێتیەکان و نەوەی نوێی کەناڵە ئاسمانیەکە ، دەیانەوێ جارێکی تر ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بکەنە پردی گەیشتنەوەیان بە کورسیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی. لە ئێستاشدا ئەم هێزە بوژوازیانە دەیانەوێ سود لە ناڕەزایەتیەکان ببینن بۆ فشارخستنەسەر یەکێتی و پارتی و بەکارهێنانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بۆ ڕاوکردنی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. تاکو جەماوەری ناڕازی خاوەنی ڕیکخراوی سەربەخۆی جەماوەری خۆی نەبێ و خۆی نەبێتە نوێنەری خواستەکانی ئەوا ئەم هێزانە یاری بەم ناڕەزایەتیانە دەکەن و خۆیان دەکەنە نوێنەری خەڵک.
خاڵی ئاڵوگۆڕی گرنگیش لەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەدا ئەوەیە کە جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت و لاوان لە مەیدانی خۆپیشاندانەکاندا لەسەراسەری کوردستاندا هێزی خۆی نیشاندا . هێزێک دەتوانێ ببێتە پێشڕەو کە ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەباری ئامانج و ڕیکخراوەیی گەشە پێبدا تا ئاستی گەیاندنی بە بەدیلێکی جەماوەری کە توانای فشاردانانی لەسەر دەسەڵات هەبێ بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی و هێزی سەراسەری و لۆکاڵی کۆکراوە و ڕیکخراوی هەیە بۆ لەکارخستنی توانای سەرکوتی دەسەڵات لە خوارەوە، وە بەوێنەی ئۆپۆزسێۆنێکی سیاسی و جەماوەری کە ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتە لە هەنگاو و سیاسەتەکانیدا دەرکەوێ.
لێرەدا دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەم چەپە خۆی لە ئاستی ناڕەزایەتیەکەدا پەراوێزە و ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و پراتیک و دەخالەتیان لەم چەپە بەرزتر و کۆمەلایەتی ترە کەواتە ئەم چەپە ناتوانێ ببێتە قاڵبی ئەو ناڕەزایەتیانە و بە ڕێکخراوبونی ڕابەرانی ئەم ناڕەزایتیانە لەو ڕیکخراوانەدا ئاستی توانایی و دەخاڵەتی ناڕەزایەتیەکان دێتە خوارەوە و وەک ئەم ڕیکخراوانە دەبنە حاشیەیی.
کەواتە ئەوە ئەم چەپەیە کە دەبێ بگۆڕدرێ و بچێتە ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە و ناڕەزایەتیەکان بگەیەنێتە ئاستی بەدیلێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی. بەڵام ئایا ئەم ڕێکخراوە چەپانەی ئێستا ئەمە بەرنامە و نەخشەکاریانە و لە ناڕەزایەتیەکان و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستاندا وەڵام بەم ئەولەویەتانە دەدەنەوە؟
هەموو ئەو هێز و هەڵسوڕاوانەی کە لەناڕەزایەتیە سیاسی و چەماوەریەکانی ئێستادا بەشدار و چالاکن، دەتوانن ماتریالی دروستکردنی بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی جەماوەری بن کە نوێنەرایەتی کردنی چەپی کۆمەڵگە بکەن بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕادیکالانە و شۆڕشگێڕانە . کاری گرنگی ئەم هێزە لەناو چەماوەری ناڕازی و کرێکار و فەرمانبەر وژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخوازدایە کە بتوانێ پێشڕەوایەتی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بکا و لەگەڵ شێوازی تۆڕی ناڕەزایەتیەکان و ڕابەران و ڕیکخەرانی ئەو دەستە و گروپانە تێکەڵاوبێت و بەرەیەکی چەپی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە دەبێتە بەدیلی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لە جۆری حزبە چەپەکانی یۆنان، ئیسپانیا و ڕێکخراوەی جەماوەری و کرێکاری و ئۆرگانەجۆراوجۆرەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست بکا نەک تەنیا لە ئەندامەکانی خۆیان بەڵکو لە زۆربەی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایتیەکان.
کۆکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەدەوری ئەنجومەنێکی نوێنەرانی سەراسەری و دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لەو گروپ و دەستانەی کە ئەم خۆپیشاندانانە ڕیک دەخا چەپ دەباتە ئاستێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێشڕەوەوە کە وەک بزوتنەوەی جەماوەری لە مەیداندا خۆی نیشان دەدا.ئەمە ئەو کارەیە کە ئەمڕۆ لە ئەستۆی هەموو کۆمۆنیست و سۆشیالیست و چەپێکی چالاکە لە ناڕەزایەتیەکاندا. ئەو هەوڵانەی پێشتر وەک دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە سلێمانی و ئێستا وەک ئەنجومەنی هەڵوەشانەوەی پاشکەوتی موچە لە هەولێر هەبون و هەن دەتوانێ ئێستا لە ئاستكی سەراسەریدا دەستیان پێبکرێ و ببێتە نمونەیەک لەو پێشڕەویەی چەپ دەبێ لەدروستکردنی ڕیزی سەربەخۆی مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران و چینە هەژارەکاندا نیشنای بدا.ئایندەی سەرکەوتنی خواستی هەڵوەشانەوەی پاشەکەوتی موچە و پاشەکشە بەم بڕیارانەی حکومەتی هەرێم لە دروستکردنی ئەم ڕیزە سەربەخۆیە و ڕێکخراوە جەماوەریەدایە.

Add Comment

Click here to post a comment