کۆمۆنیزم

کتێبی مێژوویەک لە یادەوەریدا

کتێبی مێژوویەک لە یادەوەریدا

لە نوسینی سالار ڕەشید :

ده‌رباره‌ی “کرێکارانی کۆمۆنیست”،
“هه‌سته‌ی کرێکارانی سۆشیالیست‌” و “سه‌رنجی کرێکار”
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ “ئاسۆ کمال”

دیدار سەبارەت بە مێژووی چەپ و کۆمۆنیزمی نوێ لە کوردستان

بۆ خوێندنەوەی گفتوگۆکە کلیکی ئەم وێنەیە بکە

کرێکارانی کۆمۆنیست”، “هه‌سته‌ی کرێکارانی سۆسیالیست‌” و

“سه‌رنجی کرێکار”

(گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاسۆ که‌مال )

“کرێکارانی کۆمۆنیست” یه‌کێکه‌ له‌و گرووهه‌ کۆمۆنیستییانه‌ی ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، که‌ چه‌ند ساڵێک کار و هه‌ڵسووڕانی هه‌بووه‌ و لێکدانه‌وه‌ و تێڕوانینی خۆی له‌و ده‌مه‌دا بۆ خه‌بات و کاری کۆمۆنیستی هه‌بووه‌. ئه‌م گرووهه‌ سه‌ره‌نجام هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌شێک له‌ بنیاتنه‌رانی به‌شداری پێکهێنانی “هه‌سته‌ی کرێکارانی سۆسیالیست” و پاشانیش “سه‌رنجی کرێکار” ده‌که‌ن. بۆ شاڕەزایی زیاتر له‌م ڕووه‌وه‌، ڕووی پرسیاره‌کانمان له‌ “ئاسۆ که‌مال”، وه‌ک یه‌کێک له‌ بنیاتنه‌رانی ئه‌م هێڵه‌ ده‌که‌ین.

پرسیار: به‌ڕێز ئاسۆ که‌مال، تۆ یه‌کێکی له‌ بنیاتنه‌رانی ئه‌و سێ گرووهه‌ی که‌ ناومان هێنان. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر پرسیاری ئه‌وانه‌، پێم باشه‌ شتێک له‌سه‌ر پێشینه‌ی خه‌باتی خۆت و چۆنیه‌تیی ئاشنابوونت به‌ مارکسیزم و کۆمۆنیزم باس بکه‌یت، ئه‌وه‌نده‌ی من تێبینیم کردووه‌، ژماره‌یه‌کی زۆری هه‌ڵسووڕاوانی چه‌پی ئه‌و ده‌مه سه‌ره‌تای کاریان له‌نێو کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانه‌وه‌ بووه‌، ئایا بۆ تۆش هه‌ر به‌و جۆره‌ بووه‌؟‌

ئاسۆ که‌مال: من لە خێزانێکی کرێکاریی پەروەردە بووم. لە منداڵییەوە حەزم بە خوێندنەوەی چیرۆک بووە و ڕۆمانی دایک کە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەمان پێکەوە دەمان خوێندەوە و بە ژیانی کرێکارییانەی خۆمان بەراوردمان دەکرد، زۆر کاری تێ کردم. خوشکێکی لە خۆم گەورەتر ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو و منیش کەوتمە نێو ئەو فەزا نوێیەوە و دواتر بڕیارم دا، پێش چالاکیی سیاسی دەبێت، دیراسەی مارکسیزم بکەم. سەرەتا بۆ ئاشنابوون بە مارکسیزم دەستم بە خوێندنەوەی هەڵبژاردەی کتێبەکانی مارکس و ئەنگلس بە زمانی عەرەبی کرد و دواتر مانیفێستم بە کوردی دەستکەوت و هاوکات لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٩٨١ تێکەڵاوی کاری سیاسی بووم، کە ئەو کات لە پۆلی ٥ ئامادەیی بووم. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٢دا کۆمەڵە و حیزبی شیوعی و حیزبەکانی کوردستانم ناسی. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢ بڕیارم دا، ببمە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەبەر ئەوەی دەمویست، بە شێوەیەکی ڕێکخراو لەگەڵ سازمانێکی چەپدا کار بکەم. هه‌تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ کۆمەڵە مامەوە و کاتێک مفاوەزاتی یەکێتیی نیشتمانی و حکوومه‌تی بەعس دەستی پێ کرد، ئیتر پەیوەندیی سیاسیم بە کۆمەڵەوە نەما. له‌ بەهاری ساڵی ١٩٨٤ کە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانم بینی، زانیم من سەر بەو بەرنامە کۆمۆنیستییه‌م.

 

پرسیار: گرووهی کرێکارانی کۆمۆنیست لە ساڵی چه‌ند دامه‌زرا؟ دامه‌زرێنه‌رانی کێ بوون؟ چ کاره‌ بوون؟ خه‌ڵکی چ شار و ناوچه‌یه‌ک بوون؟ ئه‌و ناوه‌ی که‌ بۆ گرووهه‌که‌تان هه‌ڵتان بژاردبوو، مانایه‌کی تایبه‌ت و دیاریکراوی له‌پشته‌وه‌ هه‌بوو؟

ئاسۆ که‌مال: لە هاوینی ساڵی ١٩٨٥ کاتێک لەگەڵ ئاسۆ ئیسماعیل، ڕێنوار جەبار، لوقمان و من ئه‌ڵقه‌یەک بووین، دیراسه‌ی کتێبی “دۆستانی خەڵک کێن؟”ی لێنینمان دەستپێ کرد. دواتر هاوڕێ کرێکار کە لەگەڵ ئەڵقەیەکی تری ئەم گرووپەی ئێمە بوو، نووسراوێکی ڕەخنەیی لە چەپ له‌ژێر ناوی “کرێکارانی کۆمۆنیست”ەوە نووسی. ئیتر لەو کاتەوە دەستمان بە چالاکی کرد، کە زیاتر دەرکردنی بەیاننامە بوو. دواتر گۆڤارێکمان بە هەمان ناوی گرووپەکەمانەوە دەرکرد و ئەم ناوەمان وەک جەختکردنەوە لەسەر خەتی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەژێر کاریگەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و مەنسوور حیکمەتدا هەڵبژاردبوو.

زیاتر لە شاری سلێمانی چالاکیمان دەکرد. هاوڕێکانم خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگا بوون و لە خێزانی کرێکار و کاسبکار بوون و ئاسۆ ئیسماعیل ئەندازیار بوو.

پرسیار: له‌و ده‌مه‌دا چه‌ندین سازمان و گرووهی کۆمۆنیستی خه‌ریکی کار و هه‌ڵسووڕان بوون، چی وای له‌ ئێوه‌ کرد، تێکه‌ڵ به‌وان نه‌بن و گرووهێکی دیکه‌ بنیات بنێن؟ هه‌ر لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسم: دیارده‌ی دامه‌زراندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌‌ی ئه‌ڵقه‌‌ و گرووهه‌کان له‌ ساڵانی هه‌شتاکان له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و کۆمۆنیستی چۆن لێک ئه‌ده‌یته‌وه‌؟

ئاسۆ که‌مال: ڕاستییه‌که‌ی ئێمە ئامانجمان درووستکردنی حیزبێکی کۆمۆنیستیی گەورە و دەخاڵەتگەری سیاسی نەبوو. بۆیە لەگەڵ گرووپەکانی تردا تێکەڵ بەیەکتر نە دەبووین و قەزاوەت و داوەریشمان لەسەر یەکتر لەسەر بنەمای ئەو نووسینانە بوون، کە دەمان نووسین. ئەگەر نووسینێکت بەدڵ بووایە، دەبوویتە ئەندامی ئەو گرووپە. ئەو کات کە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران جیابووینه‌وه‌ و بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانمان بینی و ئاشنای ڕەخنە لە خەتی ماوی، ترۆتسکی، یه‌کێتیی سۆڤێت، حیزبی شیوعی، ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم بووین. ئەمە سەرنجی ئێمەی بەلای دانانی بەرنامەیەکی کۆمۆنیستی لە عێراقدا ڕاکێشا و من پێم وابوو، کە ئەو بەرنامەیەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەڵامی ئەم بەرنامەیەی ئێمەشە و پێویستە کاری پێ بکەین. بەڵام بەگشتی چەپ تووشی گێژاوێکی عەمەلی بووبوو، کە چی بکات. دانانی بەرنامە و کاری ئەکادیمی بیانوویەک بوو، بۆ داپۆشینی ئەو بێ وەڵامییە سیاسییه‌ی چەپ. کەسمان باوەڕمان بە چوونە شاخ نەبوو و ڕەخنەگری ناسیۆنالیزمی کورد بوین و دژ بە بەعس بووین. بەڵام نە سەرکوتی بەعس ڕێگای دەدا، کاری سیاسی بکەین، نە خۆشمان بەدوای بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی عەمەلی و جەماوەری ترەوە بوین، کە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی مانادار بکات و هه‌ڵسووڕاوانی چەپ بتوانن وەک قاڵب و شێوازی نوێی خۆدەرخستن و ڕاکێشانی خەڵک بۆ کاری سیاسی لە کۆمەڵگە نیشانی بدەن. ئێمە دژ بەم نەخۆشییە ئەکادیمیستییەی چەپ بووین و چەند نموونەیەکمان لە ڕێکخستنی مانگرتن، چوونە نێو کرێکاران، یەکگرتووکردنی کرێکاران لە سندووقی هاوپشتی، کۆبوونه‌وه‌ی گشتی و گرتنی جەژنی یه‌کی ئایار نیشان دا، بەڵام ئەمانە گشت لە گۆشەیەکی بچووک، لە کارگە، ناوەندی بچووک و بێ کاریگەردا بوون و نەبووە سوننه‌تی کاری بزووتنەوەی چەپ. بەم شێوەیە زەمینەی سەرهەڵدانی گرووپ و ئەڵقە کۆمۆنیستییه‌کان لە دەرەوەی چینی کرێکار و دوور لە ئامانجی درووستکردنی حیزبێکی سیاسی مایەوە. هەر بۆیە دامەزراندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەم گرووپانە لە بازنەیەکی داخراوی گەڕان بەدوای بەرنامە و دۆزینەوەی جیاوازییه‌کانی ناو گرووپە چەپەکان مایەوە، تا قەیرانی خه‌لیج و گۆڕانی دۆخی سیاسیی عێراق و کوردستان.

پرسیار: له‌و ده‌مه‌دا گرووهه‌کان په‌یوه‌ندی و نزیکایه‌تیی نێوانیان زۆر بوو. زۆر جاریش هه‌ڵسووڕاوان ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ریان ده‌کرد. جگه‌ له‌ ڕه‌وتی کۆمۆنیست نه‌بێ، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جێگیر بوون و لە لایەن باقی بزووتنه‌وه‌که‌وه‌ به‌ ئاکادیمیست و سیکتاریست ناوزه‌د ده‌کران. لێکدانه‌وه‌ی ئێوه‌ بۆ ڕه‌وتی کۆمۆنیست چی بوو؟ ئه‌و جێگیرییه‌ی ڕه‌وت چۆن ڕاڤه‌ ده‌که‌ی؟

ئاسۆ که‌مال: ڕه‌وتی کۆمۆنیست بە حوکمی ئەوەی لە ڕێکخراوی کارگەرانەوە هاتبوو، لەباری ڕێکخراوه‌یییه‌وه‌ جێگیرتر بوو، بەڵام ئەوانیش بەشێکی ئه‌و چەپە بوون، لە گێژاوێکی عەمەلیدا بوون و ئەو جێگیرییە ڕێکخراوه‌یییە هیچی لەو دەردە پاسیڤیستی و ئاکادیمیستییەی چەپ نەگۆڕی. دوو قوتبی ڕه‌وتی کۆمۆنیست و دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا و سیکتاریزمی ڕەوت هەمووی نیشانەی دووریی عەمەلی و سیاسیی چەپ لە خەباتی کۆمەڵایەتیی کرێکاران و خەباتی کۆمۆنیستی لە ململانێ سیاسییه‌کاندا بوو.

پرسیار: کرێکارانی کۆمۆنیست گۆڤارێک، بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، ناوی چی بوو؟ چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچوو؟ ئه‌وه‌نده‌ی بێته‌وه‌ یادت، باسه‌کانی ده‌رباره‌ی چی بوون؟ نووسه‌رانی کێ بوون و به‌ چ ناوێکه‌وه‌ نووسینه‌کانیان بڵاو ده‌کرده‌وه‌؟ ئایا هیچ دانه‌یه‌کی لێ ماوه‌ته‌وه‌؟

ئاسۆ که‌مال: “کرێکارانی کۆمۆنیست” ناوی گۆڤارەکەمان بوو، کە ٣ ژمارەی لێ دەرچوو. باسه‌کانمان دەربارەی گرفتەکانی بزووتنەوەی چەپ و ڕەخنە لە گرووپەکانی ئەو ده‌مه‌ بوو. سەبارەت بە مەسەلەی میللی و مافی چاره‌نووس لە کوردستان و سیاسەتەکانی بەعس و ڕووداوە سیاسییه‌کانی عێراق و کوردستان و یه‌کی ئایار. ڕێنوار جەبار، لوقمان و من (بەناوی “ن. ڕێبین”ەوە) زیاتر شتمان تیایدا دەنووسی.

من هیچ دانەیەکم لا نه‌ماوه‌، بەڵام ئێمە بەدەیان نوسخەمان بە ڕۆنیۆی دەستی لێ چاپ دەکرد.

پرسیار: بێجگه‌ له‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی تێڕوانینه‌کانتان، کار و هەڵسووڕانی عه‌مه‌لیتان چی بوو؟ له‌ چ کارگه‌، شار و ناوچه‌یه‌ک بوو؟

ئاسۆ که‌مال: من لەناو ئەو گرووپەدا زیاتر کاری ناو کرێکارانم دەکرد، لەبەر ئەوەی کرێکاری کاتی بووم و زیاتر لەناو کرێکاراندا بووم.

دوو مانگرتنمان لە دائیرەی کارەبای شارۆچکە و لادێکانی شاری سلێمانی کرد و ٣ مانگرتنیشمان لە کارگەیەکی بچووکی شیرینیی ناو شاری سلێمانی کە ناوی “کارگەی گوڵزار” بوو، کرد.

بۆ بڕیاردان لەسەر مانگرتن، کۆبوونه‌وه‌ی گشتیمان دەکرد و سندووقی هاوپشتیمان هەبوو و لە ئایاردا شیرینیمان دەگێڕا و باسی یه‌کی ئایارمان بۆ کرێکاران دەکرد. من و ٦ کرێکاری هاوڕێم که‌ سه‌ربازی هەڵهاتوویش بووین، لە لایەن پۆلیسه‌وه‌ لەسەر مانگرتن و پێداگری لە مانەوە لە کارگەی گوڵزار گیراین و لە بەندیخانەی سەرەوە بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک زیندانی کراین و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراین. ئەم ڕووداوە بۆ زیندانییەکانی تر جێگای سه‌رسووڕمان بوو. یەکێکیان پێی وتین: ئێوە وا ئەزانن، ئێرە “باکۆ”ی ڕووسیایە تا مان بگرن؟

پرسیار: له‌ کۆتایی ساڵی هه‌شتاکان حکوومه‌تی به‌عس له‌ شاڵاوێکدا ژماره‌یه‌کی زۆری له‌ کۆمۆنیسته‌کان گرت و زیندانی کرد، ئایا هاوڕێیانی ئێوه‌ی تێدا بوو؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، کێ بوون؟ مه‌سه‌له‌ی ده‌سگیرکردنه‌که‌یان چۆن بوو؟

ئاسۆ که‌مال: ٢ هاوڕێی ئێمە بەر ئەو شاڵاوە کەوتن، که‌ یه‌کێکیان لوقمان بوو، گیرا و پاشان لە ڕاپەڕیندا ئازاد بوو. ئه‌وه‌ی تریشیان ڕێنوار جه‌بار بوو، چوونە سەر ماڵیان و برایەکیان لە جێگای ئەو گرت. کەسانێک کە لەناو چەپدا بوون و گیرابوون، ناوی ئەم هاوڕێیانەی ئێمەیان بە بەعس دابوو.

پرسیار: سه‌ره‌نجام ئه‌م گرووهه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، که‌ی؟ بۆچی؟

ئاسۆ که‌مال: لە کاتی ئەو شاڵاوەدا ئێمە لە شاری هەولێر خۆمان شاردبووه‌وه‌. دوای گرتنی کوێت، بۆ سلێمانی گەڕاینەوە و دەستمان بەکار کردەوە. تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە شووراکان لەگەڵ هه‌ڵسووڕاوانی تر، کە پێشتر لە گرووپەکانی تر بوون، ئاشنا بووین و پێکەوە کارمان کرد. ئیتر پێویستیمان بە مانەوە لە گرووپێکی بچووکدا نەبوو. کرێکارانی کۆمۆنیستیش بەعەمەلی لەکاتی شووراکاندا هەڵوەشایەوە.

پرسیار: تۆ یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی “هه‌سته‌ی کرێکارانی سۆسیالیست” بووی، ئه‌م گرووهه‌ که‌ی دامه‌زرا؟ چۆن دامه‌زرا؟ بێجگه‌ له‌ تۆ، بنیاتنه‌رانی کێ بوون؟ چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان کرێکارانی کۆمۆنیست و هه‌سته‌دا هه‌بوو؟ بڵاوکراوه‌ و نووسراوه‌کانی چی بوون؟ ئه‌م گرووهه‌ چی کرد؟ بۆ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟

ئاسۆ که‌مال: ئێمە کاتێک لە شووراکان له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕاوانی تردا، کە ئەوانیش لە گرووپی جۆراوجۆری تردا بوون، یان ئەڵقەکانیان هەڵوەشابوونەوە، دەستمان بەکار کرد و لە پێشەوه‌ی بزووتنەوەی شووراییدا بووین و وەک گرووپێکی سیاسیی گەورەی بێ ناویش کارمان دەکرد.

لە کاتی شکستی ڕاپەڕین و ئاوارەیییەکەدا، لەدەوری یەکتر مابووینەوە، تا لە کۆتایی نیسانی ساڵی ١٩٩١دا هه‌سته‌ی کرێکارانی سۆسیالیستمان لە ناوچه‌ی دۆڵێ لای ڕانیە ڕاگەیاند.

ئەندامانی هەستە لە هەر ٣ شاری سلێمانی، هەولێر و که‌رکووک هەبوون و لە ڕانیە، قەڵادزێ و شارۆچکەکانی دیکه‌ش هەبووین. ئه‌م گرووهه‌ دەستەیەکی دامەزرێنەری فراوانی هەبوو، کە ئەوانەی ناوەکانیم لەیاد مابێت، ئەمانە بوون: خەسرەو سایە، موزه‌فه‌ر عەبدوڵا، وەستا جه‌لال، سامان کەریم، شەماڵ عەلی، عه‌بدوڵا مه‌حموود، شوان، مامۆستا محه‌مه‌د، ئەکرەم میهرداد و من.

جیاوازییه‌ک کە هەستە لەگه‌ڵ کرێکارانی کۆمۆنیستدا هەیبوو، ئەوە بوو، کە هەستە بەرهەمی بەشداریی کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕینێک و بزووتنەوەیەکی شووراییدا بوو. ئیتر ئێمە بزووتنەوەیەکی جەماوەریمان بەڕێ خستبوو، شوورای چەکدارمان درووست کردبوو، ڕابەرانی عەلەنیی بزاوتێک بووین، کە دژ بە ناسیۆنالیزم لە مەیداندا بوو. ڕێپێوانی هەزاران کەسیمان بەڕێ خستبوو، بەردەرگامان بە بەرەی کوردستانی گرتبوو، شەڕی بەعسمان کردبوو و شەهیدمان دابوو. لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی تر لەدەوری بەرنامەیەکی عەمەلی و سیاسی کۆبووبووینەوە. هێزێکمان لە ٣ شار و چەند شارۆچکەیەکدا هەبوو. چالاکیی سیاسیمان دەکرد و دوای هاتنەوەشمان بۆ ناو شارەکان “هەواڵنامە”ی هەستەمان دەردەکرد. ئەمانە جیاوازیی گەورە بوون، نەک لەگەڵ کرێکارانی کۆمۆنیست، به‌ڵکوو لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست و هەموو گرووپەکانی تریشدا.

بە هەوڵی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەستە و يەکێتیی خەباتی کۆمۆنیستیی کرێکاری، کە له‌گه‌ڵ بەشێکی زۆری ئەندامانیان لە شووراکاندا پێکەوە کارمان دەکرد، چەند کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان کرد و لەلای ئێمەوە کارمان بۆ یەکگرتن دەکرد، بەڵام بەداخەوە یەکێتیی خەبات، بەتایبەت دەوری ئەحمەد موعین ئیجابی نەبوو و سەرەنجام نزیکبوونەوەکه‌مان، نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی فۆرماڵی بوو.

لە هەستەدا “کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان”مان هەبوو، که‌ ڕێکخراوەیەکی شێوە جەماوەری بوو، ئەندامانی غەیری هەستەشی تێدا بوو، دژی بەعس کە هێشتا لە شارەکاندا بوو، چالاکی سیاسی دەکرد و لە کاتی پەلاماردانی بنکەکانی بەعسدا بەشداریمان دەکرد و چەک و کەلوپەلمان به‌دەست دەهێنا.

لەو کاتانەدا بوو، باسێکی ئیرەجی ئازەرین کە کەسی دووەمی “کانوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری” ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو، لەسەر ڕاپەڕینی کوردستانی عێراق بڵاو بووەوە. ئەم نووسراوەیه‌ ڕەخنەیەک بوو، لە دەوری چەپ و شووراکان لە قه‌یرانی خه‌لیج و ڕاپەڕینی کوردستان و کاریگەرییەکی سه‌لبی لەسەر چەپ دانا.

بزووتنه‌وه‌ی چەپ لەدوای دەورەیەکی دوورودرێژی پاسیڤیستی، کە بەدوای جیابوونه‌وه‌ لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران تووشی بوو و خاوەنی پایەی کۆمەڵایەتی و سوننه‌تی کاری سیاسی نەبوو، به‌ڵام لە ڕاپەڕیندا شانسی گۆڕینی ئەم وەزعەی هەبوو، وە دەستی بە خەڵک ڕاگەیشت و چووە مەیدانی سیاسی و بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شوورایییەوە. ئەم ڕەخنەیەی ئیرەجی ئازەرین جارێکی تر چەپی تووشی گێژاوی گەڕان بەدوای بەدیلی سۆسیالیستیدا کرد و ئەمە بووە بیانووی دەستهەڵگرتن لەو کارەکتەری سیاسیبوون و جەماوەریبوون و پاسیڤیزمی خۆدوورخستنەوە لە جەماوەر و گەڕان بە دوای کرێکاری خاڵیس و دوورکەوتنەوە لە کاری سیاسی و عەلەنی و گیرۆدەبوون بە کێشەی نێو ڕێکخراوەکان و کارکردن لەخوارەوەی کردە ئامانجێکی سەرابی و کۆمۆنیزمی جارێکی تر بردەوە قاڵبی نا کۆمەڵایەتی و نا سیاسیبوونی خۆی.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هەستە بەرهەمی ئەو سەرلێشێواوی و ئامانجە سەرابییەی ئەم بەشە لە بنیاتنەرانی بزووتنەوەی شوورایی‌ و کۆمۆنیستە کارا و جه‌ماوه‌رییه‌‌کان بوو. لە جێگای بردنی چەپ لە هەستەوە بەرەو حیزبی سیاسی و دەخاڵەتگەری کۆمەڵایەتیی زیاتر و سوودوەرگرتن لە فرسەتی نەبوونی حکوومه‌ت و دەسەڵات لە کوردستان بە هۆی کشانەوەی بەعس لە شارەکاندا، کەچی ئێمە وەک چەپ بەرەو دواوە گەڕاینەوە.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هەستە یەکێک لەو گەڕانەوە بەرەو دواوەی چەپ بوو، کە لە ڕێکخراوەکانی تری چەپدا بە پێداچوونەوەی ناوه‌ڕۆکی هەڵسووڕانی دەورانی شووراکانیان و گەڕانەوە بۆ قاڵبی پێشووی فه‌عالییه‌ت و نه‌ریتی کاری مەحفەلی تەواو بوو.

پرسیار: له‌ درێژه‌ی ئه‌و خه‌ته‌ و له‌پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌‌ی هه‌سته‌، سه‌رنجی کرێکار بنیات ده‌نێن. ئه‌وه‌ی من بێته‌وه‌ بیرم، تێڕوانینی ئێوه‌ له‌نێو سه‌رنجی کرێکاردا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ باقیی سازمان و ده‌سته‌کانی دیکه‌ جیاواز بوو. سه‌رنجی کرێکار پێی وا بوو، ده‌بێ بچنه‌ نێو کرێکاران، ڕابه‌ران و پێشڕه‌وانی عه‌مه‌لی نێو بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له‌ده‌وری یه‌کتری گرێ بده‌ن و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پێکهێنانی سازمان بده‌ن. ئه‌گه‌ر بکرێ له‌م باره‌یه‌وه‌ شتێکمان بۆ ڕوون بکه‌یته‌وه‌؟

ئاسۆ که‌مال: بەڵێ ئەمە بۆچوونێک بوو، لە بەشێک لە نووسینەکانی سەرنجی کرێکار و‌ تێزەکانماندا سەبارەت بە حیزب هەبوو. بەڵام وەک پێشتر باسم کرد، ئەمە تیۆریی ئەزمەی چەپ بوو، بۆ نەبوونی ئاسۆیه‌کی سیاسی و پایەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەڕێخستنی بزووتنەوەیەک کە وەڵامی ململانێی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی تازە بەده‌سه‌ڵاتگه‌ییشتوودا پێ بداتەوە. ڕەخنەکەی ئیرەجی ئازەرین، ڕەخنەیەکی ئەکادیمیستی بێ بەرنامەی کۆمۆنیستی بوو. به‌ڵام ئەوەی کە چەپی خستە هەوای وەرگرتنی ئەم ڕەخنە پاسیڤیستییە، بێ ئاسۆیی و بێ باوەڕی چەپ خۆی بوو، لەو سەرکەوتن و دەستەکەوت و زەمینە و فرسەتانەی کە بەشداری پراکتیکی کۆمۆنیستانەی خۆی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا بۆی هێنابووه‌ پێش.

هێزێکی کۆمۆنیستی دەخاڵەتگەر کە لە شووراکاندا خۆی نیشان دا و ناسیۆنالیزمی کوردی تووشی شۆک کرد، لە لایەن ڕێکخراوه‌کانی ئه‌و کاته‌دا، لە حیزبێکی سیاسیی یەکگرتوو و ڕێکخراو نەکرا، کە سەرەڕای ناڕۆشنیی سیاسی، بەڵام لە مەیدانی ململانێی سیاسیدا بمێنێتەوە و مەیدان بۆ ناسیۆنالیزم چۆڵ نەکا. نموونه‌ی لەم بابەتە ڕێکخراوە کۆمۆنیستییانە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێرانە، کە سەرەڕای ناڕۆشنیی تیۆری و سیاسی، چەند دەورانی سەرکەوتووانەی تێپەڕاند، هه‌تا گەیشتنی بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.

کاتێک مه‌نسوور حیکمه‌ت نەخشەڕێگای پێکهێنانی حیزبی خستە بەردەم هه‌موومان، ئەو کاته‌ هەستمان کرد، کە تیۆرییه‌کانی هەر ٣ ڕێکخراوەکەی چەپ وەڵامدەرەوە نین و بەرەوپیری ئەو دەستپێشخەرییەی مه‌نسوور حیکمه‌ت چووین و توانیمان بازێکی گەورە بەسەر ڕابردوویەکی پڕ دەردیسەر و نەخوازراودا بدەین.

هەرچەندە کە ئێستا سەیری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەکەین، هێشتا لە ئاستی پێویست و نیازی زەمانەدا نییە و هێشتا زۆری ماوە بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەسەڵاتدار، بەڵام درووستبوونی حیزب مێژووی کۆمۆنیزمی پاسیڤی، ئاکادیمی، مەحفەلی، بێ باوەڕی، لاکه‌وته‌ی‌ و ترس لە ململانێی سیاسی و ترس لە دەسەڵاتی بردە کەنارەوە و پراکتیکی ١٨ ساڵەی کاری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەتوانێ و ئیمکانی بیلقوەی نه‌ریتی حیزبی و کۆمۆنیستی لە قاڵبی حیزبێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا فەراهەم بهێنێ. هەر ئەمە دەلیلی گیانسەختی مانەوەی کۆمۆنیزمە لە عێراق و کوردستاندا.

پرسیار: بێگومان زۆربه‌ی سازمان و گرووهه‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (و پاشانیش حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران)دا بوون، که‌ دواتر هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ توانییان حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بنیات بنێن.

لێره‌دا ده‌پرسم، ئه‌و سازمان و ڕێکخراوانه‌ی که‌ به‌شداری بنیاتنانی حیزبیان نه‌کرد و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ودا مانه‌وه‌ کامانه‌ بوون؟ وه‌ هۆکاری بنه‌ڕه‌تیی مانه‌وه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیزبه‌ چی بوو؟

ئاسۆ که‌مال: وەک ڕێکخراو من ناوی وام نەبیستووه‌، بەڵام کەسان و ئەڵقە هەبوون، که‌ لە شووراکان لەگەڵماندا بوون، بەڵام دواتر خۆیان وەک کۆمۆنیست نە دەناساند، یان لەگەڵ ناسیۆنالیزم ڕۆیشتن، یاخود ڕێکخراوێکی تریان پێک نە هێنا و وه‌کوو فەردی کۆمۆنیست لە په‌راوێزدا مانەوە.

تشرینی دووەمی ٢٠١١

 

 

Add Comment

Click here to post a comment