کۆمۆنیزم

چۆن جیهان بگۆڕین؟ خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: «حیکایەتەکان دەربارەی مارکس و مارکسیزم»

چۆن جیهان بگۆڕین؟

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: «حیکایەتەکان دەربارەی مارکس و مارکسیزم»

ئاسۆ کەمال

گرنگی ناساندنی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر لەوەدایە کە دەتوانێت مێژووی کۆمۆنیزم بەو شێوەیەی لە واقیعدا هەبووە، بە سەرکەوتن و شکست و دەستکەوت و کەموکوڕی و زیانباریەکانییەوە، بناسێنێت. ئەم کتێبە لای خوێنەر دیدێکی یەک ڕەهەندی دروست ناکات کە کۆمۆنیزم هەمیشە پێرفێکت و وەڵامدەرەوە و بێ تەنگەژە بووە، بەڵکو هەموو ڕەهەندەکانی ئەم بزووتنەوە مێژوویی، کۆمەڵایەتی،  سیاسی و ئابوورییە دەخاتە پێش چاو، تا بتوانین لەسەر هەر کەسایەتی و حزب و دەوڵەت و بزووتنەوەیەک دەرکێکی دروست و زانستی پەیدا بکەین. ئەمە کێشەیەکی جدی کۆمۆنیستەکانی سەردەمی ئێمەیە کە یەک ڕەهەند و یەک سەرچاوە و یەک کەسایەتی و یەک تێکست، ڕیشەیەکی قووڵی لە شیوازی بیرکردنەوە و پراتیکماندا دروستکردووە.

بەداخەوە ناتوانم لێرەدا هەموو ئەو شتانە بە کورتی بیناسێنم کە هۆبزباوم باسی کردوون، بەڵکوو مەبەستی من ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەرە بۆ ئەم کتێبەی هۆبزباوم هەموو ساڵێک لە 6 ساڵی ڕابردوی دەرچوونییەوە چاپ دەکرێتەوە لەبەرئەوەی گرنگە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت مێژووی مارکس و کۆمۆنیزم بەو هەموو سەرچاوە دەوڵەمەندە فکری و سیاسییەوە بناسێنێت و کێشە و گرفتە واقیعییەکانی بزانێت. بەتایبەت بۆ خوێنەری کوردزمان کە زۆربەی ئەم سەرچاوانە بە کوردی دەست ناکەوێت، چونکە تەنیا کۆکراوەی بەرهەمەکانی مارکس و ئەنگڵس (پەنجا بەرگ)ـە. هیوادارم کە خستنەڕووی ئەم کتێبە کەسانێک هانبدات کە لە ئینگلیزییەوە یان زمانەکانی ترەوە بیکەن بە کوردی.

ئەم کتێبە 470لاپەرەیە و لە 16 بەش پێکهاتووە. لە دوو بەشی سەرەکیدا جیایدەکاتەوە. بەشی یەکەمی باسی مارکس و ئەنگڵس و کاریگەریی کۆمۆنیزم لەسەر خۆیان و نووسینەکانیان. بەشی دووەمیش تایبەتە بەو ڕەخنانەی کە لە مارکس گیراوە و کاریگەریی مارکس لەسەر کۆمۆنیزم و گەشە و قەیرانی کۆمۆنیزم. ئەم کتێبە بەشەکانی بە جیاجیا نووسراون، کە لە ساڵی 1956ـەوە دەستپێدەکات، لەنێوان ساڵانی (1978 بۆ 1982)دا 6 بەشی ئەم کتێبە کە ناوەڕۆکی باسەکانیەتی بڵاوبۆتەوە و دواتر نووسەر ساڵێک بەر لە مەرگی لە 2011دا بە شێوەی ئەم کتێبە چاپی کردووە.

لە بەشی یەکەمدا (مارکس لەمڕۆدا) دەڵێت: »بیرکردنەوەی خەڵک لەسەر مارکس لە سەدەی ڕابردوودا (سەدەی20) پشتی بە سێ فاکت بەستبوو؛ یەکەم: دابەشبوونی وڵاتان بەسەر دوو بەشدا بە پێی ئەوەی کە شۆڕش تیایاندا ڕوودەدات یان ئەوانەی شۆڕش تیایاندا ڕوونادات. دووەم؛ دابەشبوون بەسەر میراتگری مارکسدا، ئایا ڕیفورمیزمی سۆشیال دیموکراتیە یان شۆڕشگێرانەیە کە سەر بە شۆڕشی ڕوسیایە، سێیەم؛ قۆناغی ڕووخانی سەرمایەداری سەدەی نۆزدە و ڕۆچوونی کۆمەڵگەی بورژوازی سەدەی بیستە بۆ «چەرخی کارەسات» و 1914بۆ 1940ـەکان دەگرێتەوە. بەڵام ئەمانە لەڕاستیدا هەمووی سەر بە سەردەمێکی دوای مەرگی مارکس و ئەنگڵسن، لە مەودای دەرەوەی ئەزموون و هەڵسەنگاندنەکانی ئەواندا بووە. هەر بۆیە ئەوەی بە مارکسیزم داوەریی لەسەر کراوە لە سەدەی بیستدا پشتی بە بیرکردنەوەی مارکس نەبەستووە، بەڵکو بە وەرگێڕان و چاوپێداخشاندنەوەی نووسینەکانی بووە». هاوکات باسکردنی سۆسیالیزم وەک سیستەمێکی سەروتر لە سەرمایەداری بۆ خێراترکردنی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەکان و سەرمایەداری چیتر ناتوانێت گەشە بەم هێزانە بدات و سەنتڕالیزەکردن و بەدەوڵەتیکردنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و نەخشەی قۆناغی (5ساڵ) و کۆنترۆڵی بازاڕ، ئەمە پڕۆژەی هەموو ئەو حزبانە بووە کە کاریگەریی مارکسیان لەسەر بووە بەبێ ئەوەی کە ئەمە پڕۆژەی مارکس بووبێت. مارکس بە ئەنقەست خۆی لە خستنەڕووی نموونەیەکی ئابووری سۆسیالیستی دوور گرتووە، لەبەرئەوەی پێی وابووە کە »کێشەیەکی ئەکادیمی و ئەزموونێکی یۆتۆپی دەبێت تا دوای شۆڕش». ئەوەی مارکس باسی دەکات پڕەنسیپێکی گشتییە کە خاوەندارێتیی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان دەبێتە گشتی و هەرەوەزی (کۆمۆن) نەک دەوڵەتیی.

خاڵە سەرەکییەکانی مارکس لە سەرمایەداری ئەمڕۆدا، بریتین لە یەکەم: شیکردنەوەکانی لەسەر نەکارایی لە بەرگرتن بە داینەمیزمی گلۆبالی گەشەی ئابووریی سەرمایە و تێکشکاندنی هەموو بەربەستەکانی بەردەمی. دووەم: شیکردنەوەکانی لەسەر میکانیزمەکانی گەشەی سەرمایە بە بەرهەمهێنانی «ناکۆکیە» ناوخۆیەکانی بە بەردەوامی و دروستکردنی قەیران و چڕکردنەوەی وەک ئابووریەکی جیهانی.

لەم بەشەدا هۆبزباوم قسەی (ژاک ئاتالی) دەهێنێتەوە کە هەردووکیان باسیان لەسەر ڕۆڵی مارکس کردووە، لە ساڵڕۆژی مەرگی مارکسدا دەڵێت: «فەیلەسوفەکانی پێش مارکس بیریان لە ئینسان کردەوە لە گشتێتیی خۆیدا، بەڵام مارکس یەکەم کەس بوو کە مانای دا بەوەی جیهان وەک گشتێک کە لە یەک کاتدا سیاسی، ئابووری، زانستی و فەلسەفییە».

هۆبزباوم لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەڵێت: «ئێمە ناتوانین پێشبینیی چارەسەری کێشەکانی بەردەم سەدەی 21 بکەین، بەڵام ئەگەر کەسانێک شانسی سەرکەوتنیان هەبێت پێویستە پرسیارەکانی مارکس بکەن، تەنانەت ئەگەر وەڵامە جۆراوجۆرەکانی پەیڕەوانی ئەویش قبوڵ نەکەن».

مارکس و حزبی کرێکاری

لەم بەشەدا کە ناوی «مارکس، ئەنگڵس و سیاسەت»ـە، باسێکی مێژوویی تێگەیشتن و هەڵوێستەکان و کارەکانی مارکس و ئەنگڵسە لەسەر دەوڵەت، خەباتی چینایەتی، سیستەمی پەرلەمانی، شۆڕش، قۆناغی گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆسیالیزم، شێوازی ڕیکخراوەکان، حزب، تاکتیک و ستراتیژی بزووتنەوەی سۆسیالیستی، بزووتنەوەی کرێکاری، ناسیۆنالیزم، مەسەلەی نەتەوایەتی و جەنگ، بەگشتی باسی مەسەلەی سیاسەتە بۆ چینی کرێکار.

من ئەم بەشە دابەش دەکەم بۆ چەند بەشێکی بچوکتر. لێرەدا باسی حزب و بزووتنەوەی کرێکاری و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەخەمەڕوو، لەبەرئەوەی لە ئێستادا بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی باسێکی گرنگە و دەتوانێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشە و قەیرانانەدا یارمەتیدەر بێت کە ڕووبەڕووی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەگشتی، ئە بزووتنەوەیە لە عێراق بەتایبەتی، بووەتەوە.

من لەگەڵ ئەو ڕایەی هۆبزباومدام کە بەپێی ئەم لێکدانەوە میژوویانەی بەڵگەی نووسین و کارەکانی مارکس و ئەنگڵس و بەراوردکردنی لەگەڵ کۆمۆنیزمی پاش مارکس دەڵێت: »هیچ بەشێکی تیۆری مارکس لەباری تیۆری و بزووتنەوەوە هێندەی فکری مارکس و ئەنگڵس لە بورای بیرکردنەوەی سیاسیدا تێک نەدراوە». هەربۆیە چاوخشانەوە و ریڤیوی ئەم کار و تیۆرانەی مارکس لە سیاسەتدا گرنگە و ئەم کتێبە کۆمەک بە گەیشتن بەو بەڵگە و لێکدانەوە کۆمۆنیستییانەی مارکس دەکات و پێشنیاری گرنگیدان و خوێندنەوەی  دەکەم لەلایەن هاوڕیێان و پەیڕەوانی ڕێبازی مارکسیزمەوە. ئەمەش مەبەستی منە لە ناساندنی ئەم کتێبە.

مارکس و ئەنگڵس لە باسی پێشبینییەکانیان بۆ ئایندە بە ئاگاداری و حەزەر بوون، ئەمە زیاتر بەهۆی ئەو ڕاستییەوە بوو کە دروستکەر و ڕابەری شۆڕش کە پرۆلیتاریایە، خۆی چینێک بوو لە پڕۆسەی گەشەکردندا. هێڵە گشتییەکانی تێڕوانینیان سەبارەت بەم گەشەکردنە، بە شێوەی سەرەکی پشتی بە بەڵگەی ئەزموونی بەریتانیا بەستبوو، کە لە «مانیفیستی کۆمۆنیزم»دا خراوەتەڕوو: گەشەکردن لە یاخیبوونی تاکەکانەوە دەستپێدەکات بەرەو لۆکاڵ و خەباتی یەکە ئابووریەکان، سەرەتا بە ناڕەسمی، دوایی ڕێکخراوبوونی زیاد دەکات لە ڕێگای یەکێتییە کرێکارییەکانەوە، بەرەو »خەباتێکی سەرانسەری (نیشتمانی) لەنێوان چینەکاندا»، کە پێویستە ببێتە خەباتێکی سیاسی لەپێناو دەسەڵاتدا». هەروەها ڕیکخراوی کرێکاران وەک چینێک، دەبێت لە ئاکامدا ببێتە حزبێکی سیاسی».

«ئەم لێکدانەوەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە هەموو ژیانی مارکسدا بەردەوام بوو، دەستکاری کەمی کراوە لەژێر ڕۆشنایی جێگیری سەرمایەداری و پەلوپۆهاویشتنی لە دوای ساڵی 1848ـەوە، هەروەها بەپێی ئەزموونی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاری ڕێکخراودا».

لە کاتی ئەزمەکانی سەرمایەداریدا کە خرۆشانە کرێکارییەکانی بەدوادا دەهات، مارکس و ئەنگڵس گەشبین بوون بەوەی کە لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا ئیمکانی سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران هەیە، واتە لە ڕێگەی چالاکی یەکێتییە کرێکارییەکانەوە یان بەدەستهێنانی ئەو یاسایانەی بە قازانجی کرێکارانە.

مارکس و ئەنگڵس، ئەرکی سەرەکیی خۆیان بە گشتگیرکردنی بزووتنەوەی کرێکاری لە بزووتنەوەیەکی چینایەتیدا، کە ئامانجی خۆی بە ئاشکرا بهێنێتە بوون، کە ئەویش گۆڕینی سەرمایەدارییە بۆ کۆمۆنیزم، لە نزیکترین کاتدا بیکاتە بزووتنەوەیەکی سیاسی، کە حزبی چینی کرێکار جیابکاتەوە لە حزبەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و بە ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵات.

لیرەدا دوو شت گرنگە یەکەم؛ ئەوەی کە هیچ ڕێگا نادرێت بە جیاکردنەوەی بزووتنەوەی ئابووریی چینی کرێکار لە خەباتی سیاسی ئەودا. دووەم: سروشتی حزبەکە گرنگیی پلە دووی هەیە، گرنگ ئەوەیە کە حزبی چینێکە. ئەوان کاتێک باسی حزبی کرێکارانیان کردووە مەبەستیان حزبی سیاسی بووە کە لە زۆربەی وڵاتەکاندا لە 1871 هەبووە و «یەکێتی کۆمۆنیستەکان»یان وەک ئەڵقەیەکی مێژوویی حزب باسکردووە. پێیان باش بووە حزبەکان، ئەگەر لەتوانادا بێت، بەرنامەیان هەبێت، بەڵام پێداگرییان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە بەرنامەکە سێکتێک نەبێت. بە پێچەوانەوە پێداگرییان لە دورکەوتنەوە لە کولتووری سێکتاریستی دەکردەوە و زۆر گرنگییان بە کێشەکانی ستراکتۆری حزب و ڕێکخراو و سۆسیۆلۆژی نەداوە کە دواتر بیری تیۆریسینەکانی داگیر کردبوو. ئەوان گوتویانە کە «ئامانج و مەیلە گشتییەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتیی خۆیەوە سەرهەڵدەدات کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێت، هەروەها بزووتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە». هەر بۆیە هەڵوێستیان سەبارەت بە فۆرمەکانی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەوە بووە کە: «بەپێی وەزعی کۆنکرێت بڕیاریان لەسەر دەدرێت کە نابێت بە کۆمەڵە یاسایەکی جێگیرەوە بەرتەسک بکرێتەوە. لەهەر وڵات و لە هەر ساتێکدا، لێکۆڵەرەوە کۆمۆنیستەکان دەبێت کۆمەڵێک یاسا پێشنیار بکەن، نەک بەسەر هەموو وەزعێکدا بیسەپێنن». نابێت لە تێکستەکانەوە تاکتیک و ستراتیژ دەربهێنرێت، مەترسیداریشە کە وەک سێکتێکی پێشتر ئامادەکراو بسەپێنرێت.

مارکس هەمیشە هەوڵی داوە ئەوانەی دوای خۆی دێن ئەم جۆرە میتۆد و تێگەیشتنە فێربن کە بۆ ئەرکی توێژینەوە و چالاکییەکانیان پشت بە واقعی مێژوویی و ئاستی کۆنکرێتیی گەشەی چینی کرێکار ببەستن، نەک دەرسی ئامادەکراو کە لە تیکستەکانەوە وەریگرن. ئەم ڕێنماییە گشتییانە بۆ چالاکی، هەمیشە هەوڵیان داوە ببنە دۆگما کە وەک (ئێمیل لیدرەر) دەڵێت؛ ڕێنماییە گشتییەکان کورت بینن، ستایلی سادەکردنەوەیە کە فکر دەکوژێت، هەر بۆیە دەبێت فکری گەورە و فراوان دژی بوەستێتەوە ئەگەر بیەوێت جەماوەر بخاتە جوڵە و بزووتنەوە دروست بکات». ئەم میتۆدە وەها لە کۆمۆنیستەکان دەکات کە باشتر لە مانای شاراوەی خەباتی چینایەتی تێبگەن، کە بە ئاشکرا بە بەرچاویاندا دەگوزەرێت، کە ئاخرین کەسانێک بن هەڵەی سکتاریستی نەکەن». حزب دەبێت ئامانجی ئەوە بێت کە چینێکی ڕێکخستووە، مارکس و ئەنگڵس هیچ کات لەو ڕاگەیاندنەی مانیفیست لایان نەدا، کە کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لە بەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵێک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزووتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات».

هەموو جەدەلە سیاسییەکانی مارکس لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا لە بەرگری لە سێ فکرە و کۆنسێپت بوو؛

یەکەم: بزووتنەوەی چینایەتیی سیاسی کرێکاران، دووەم؛ بینینی شۆڕش تەنیا گواستنەوەیەکی دەسەڵات بە یەک کەڕەت نیە کە یۆتۆپیایەکی سیکتاریستانەی بەدوادا بێت، بەڵکو ساتێکی بڕێنەرەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز و پێشتر نەخوێندراوەی قۆناغێکی گواستنەوەیە، سێیەم؛ ڕاگرتن و چاککردنی بەردەوامی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسییە، واتە جۆری شۆڕشگێڕانە و ئینتقالی دەوڵەت.

پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە فکری مارکسدا هەیە لە تێروانین بۆ حزب و خەباتی چینایەتی و شۆڕش و دەسەڵات. ئەمانە لە یەکتر جیا ناکرێنەوە و کاراکتەر و پڕەنسیپەکان و ستراکتۆرەکانیان یەک بنەمای چینایەتییان هەیە، کە چینی کرێکارە و یەک ئامانج ئاڕاستەیان دەکات، کە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییە. ئێمە لە بەشەکانی تردا دێینە سەر دەوڵەت و شۆڕش. بەڵام لەم بەشەدا درێژە بەم تێگەیشتنانەی مارکس لەسەر حزب و بزووتنەوەی کرێکاری دەدەین.

ئەوە عەبەسیەتە کە لە مارکسدا بەدوای ئەو شتەدا بگەڕێیت کە سەر بە کام یەک لەم دوو لایەنە بووە کە دواتر جەدەلی لە نێوان «ڕیفۆرمیستەکان» و «شۆڕشگێرەکان»ی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروستکرد. «مارکس ئەوەی ناسی کە ناکۆکییەک لە نێوان پڕەنسیپی خەباتی ڕۆژانەی کرێکار لەپێناو باشترکردنی هەلومەرجی خۆی نییە لە سایەی سەرمایەداریدا، لەگەڵ دروستبونی وشیاریەکی سیاسی کە تەسەوری گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمەلگەیەکی سۆسیالیستی دەکات، یان چالاکییەکی سیاسی کە دەگاتە ئەم کۆتاییە». مەسەلەکە بۆ مارکس ئەوە بوو کە چۆن بەسەر ئەو کەموکوڕییە ناپێگەیشتوانەی زاڵ بین کە گەشەی حزبی چینی کرێکاریان ڕاگرتووە. بۆ نموونە مانەوە لەژێر کاریگەریی شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسی ڕادیکاڵی بۆرژوازی و وردەبۆرژوازیدا»، هەربۆیە ئەوە ئەنارکییە کە مارکس وەک «ڕاست» یان «چەپ»، یاخود «ناوەند» یا «ڕادیکال» بناسێنیت لە نێو ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا یان لە هەر بزووتنەوەیەکی کرێکاریدا. بە هەمان شێوە ئەوە مشتومڕێکی بێ مانایە لەسەر ئەوەی مارکس لە کاتێکدا وازی لە «شۆڕشگێڕبوون» هێناوە و بۆتە «گراجولیست» واتە خوازیاری گۆڕانی پلەبەپلە و شێنەیی بووە.

سیاسەت بۆ مارکس پاشکۆی گەشەی مێژوویی بووە. واتە ئەوە هەوڵی سیاسی سۆسیالیستی نییە کە شۆڕشی چینی کرێکار دروست دەکات، بەڵکو هەوڵی سیاسیی سۆسیالیستی پشت بە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری دەبەستێت، کە لە سایەیدا چینی کرێکار پێگەیشتووە، لە ئاستی جیهانی و لە وڵاتێکی دیاریکراودا، بە لێکدانەوەی ئەم دۆخە بە شێوەیەکی زانستی بنەمای ستراتیژی سیاسەتی سۆسیالیستی دادەنرێت. سیاسەت لە چوارچێوەی مێژوودا بەرجەستە بووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن بزووتنەوەی چینی کرێکار لە شکان نەهاتووە»، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەدا بێت. ئەم گەشەیە بریتییە لەوەی «چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکات و بە دیسپلین دەبێت، یەکگرتوو دەبێت، ڕێکخراو دەبێت، لە ڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە».

لای مارکس سیاسەت یەکلاکەرەوەیە. هەربۆیە چینی کرێکار دەبێت بە شێوەی سیاسی ڕێکبخرێت، (بۆ نموونە وەک حزب) تا بتوانێت دەسەلاتی سیاسی بگۆڕێت. هەربۆیە چالاکیی سیاسی لە ڕۆڵی مێژوویی چینی کرێکاردا بناغەیە، کە لە ڕێگەی سیاسەتەکانەوە کاردەکات، بۆ نموونە لە سنووری هەڵبژاردەی-میژوویی، بڕیار و چالاکیی وشیارانەی چینی کرێکار.

خاڵی جیاکەرەوەی مارکس لە تەواوی سۆسیالیستەکان جگە لە ژاکۆبینەکان، گرنگیدانیەتی بە ڕۆڵی سیاسەت لە پێش و لە کاتی شۆڕش و لە دوای شۆڕشدا. ئەو لەگەڵ ئەنگڵسدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی هەڵوێستیان لەسەر سیاسەت دوای شۆڕش دەربڕیووە، بەڵام بۆ پێش شۆڕش کە خۆیان بەشداری چالاکانەیان تێدا کردووە بە گرنگیان زانیوە کە حزبی کرێکاران لە هەموو جۆرە چالاکییە سیاسیەکاندا لە سایەی کاپیتالیزمدا بەشداری بکات.

ئەم بابەتە لە ژمارە (70-71)ی گۆڤاری “ئایدیا”دا بڵاوبۆتەوە

Add Comment

Click here to post a comment

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *