کۆمۆنیزم

سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا
ناسینی گرامشی لە “دەفتەرەکانی زیندان”ەوە
مەسەلەی سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانیدا یەکێک لە کێشە ئاڵوز و پرۆبلۆماتیکانەیە کە گرامشی باسیان لێوەدەکا. ئێمە لێرەدا ناچارین تەنیا بنەماکانی ئەم مەسەلەیە و تێڕوانینەکانی گرامشی باس بکەین. بەڵام بۆ خستنەڕوو و دەرهێنانی ئەنجامگیری لە کێشەی سێکتاریزم و بیرۆکراتی پیویستمان بە دراسەیەکی هەمەلایەنەی مێژووی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیەیە بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەلشەفیکەکانەوە. لەم ئارگۆمێنتەدا لینین، ڕۆزالۆکسبۆرگ، ترۆتسکی ، کۆلۆنتای و گرامشی و زۆرێکی تر بەشدارن. بەڕای من ئەمە بەشێکە لە گرنگترین مەسەلەی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست و یەک ،کە چ جیهانبینەکی لەسەر حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی هەیە بەدوای شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە؟ بێگومان ئەمە لە باسێکی دورودرێژدا پێشکەش دەکەم و لەم پۆستەدا کۆتایی بە ناسینی بەشی سیاسەت لای گرامشی لە “دەفتەرەکانی زیندان”یەوە دێنم.
مۆدێلی فکری حزبی کرێکاری
چ لای مارکس و چ لای گرامشی هەمیشە تەئکیدیان لەسەر ناکۆکی مەبدەئی حزبی کرێکاری لەگەڵ سێکتاریزمدا کردۆتەوە. لە پۆستی “مارکس و حزبی کرێکاری” دا وتمان ئەو دەڵێ؛” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”
گرامشی ئەمە زیاتر ڕوندەکاتەوە کە حزب و یەکێتی کرێکاری ڕیکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ئەم خواستە هاوبەشە دروست نابێ ئەگەر ئەم جەماوەری ئەم چینە نەیەنە مەیدانی سیاسەتەوە. حزب ئەو ئامڕازیە کە ئەم هاتنە مەیدانە ڕێکدەخا و چالاکی دەکا و جەماوەر ڕوناکبیر دەکا و ریفۆرمی مۆراڵی تیادا پێک دێنێ. بەڵام حزب نەک وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی بەڵکو وەک چینێک کە دەیەوێ دەوڵەتێک دروست بکا. چین حزب دروست دەکا ، وەحزبەکان شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەت پێک دێنن. حزب “ڕۆحی دەوڵەتە”. ئایا پرۆسەی ئەم دروستبونە چۆنە؟
هەموو چینێک ڕۆشنبیرانی خۆی هەیە. ئەمانە دەربڕینێکن لە گەشەی ستراکتۆری چینەکەیان و نوێنەرایەتی بەردەوامبونێکی مێژوویی دەکەن.ئەم کاتیگۆری و توێژی ڕۆشنبیرەی چینی کرێکار بە شێوەیەکی مێژوویی دروست دەبن ،لە ژێرکاریگەری گشتی لە کۆمەڵگەدا و بەپێی هەلومەرجی دروستبون ، ژیان و گەشەی چینەکەوە ،تا ئەرکی خۆیان نەک تەنیا لە بواری ئابوری بەڵکو لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا جێبەجێ بکەن، بەتایبەت لەوەڵامدانەوە بە مەسەلە ئاڵوزەکانی دەسەڵات پەیداکردنی چینەکە.
بەم پێیە باوەڕی کۆمۆنیزم توخمێکی مێژووییە نەک تیۆری. ئەو لە خەباتی چینی کرێکاردا بۆ هەژمونی پەیداکردن لە کۆمەڵگەدا وەک زانستێکی سیاسی “باوەڕی جەماوەری کرێکار” گەشە دەکا و لە دەوڵەتی کاتی کرێکاریدا هەموو سەرخانی کۆمەڵگە گەشە پێدەدا بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و حزب ،وە لێرەشدا کۆمۆنیزم وەک ئایدیۆلۆژی کۆتایی بەکارەکەی خۆی دێنێ، کاری ڕۆشنکردنەوەی ناکۆکەچینایەتیەکان، وە مرۆڤایەتی دەبێتە دەربڕینی سروشتی مرۆڤ خۆی.

لادانی سێکتاریستی و بیرۆکراتی
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە نەتیوانیوە هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ دەرک و پراتیکی سێکتاریستانەیە لە دەوری مێژوویی و چینایەتی خۆی. هەروەک هۆبسبام دەڵی “باسەکانی ڕیکخستن و ستراکتۆر و لیدەرشیپی لە کاتی ئەنتەرناسیونالی دوەمەوە دەستی پیکرد.بەهۆی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشەوە نەک تەنیا سەبارەت بە ستراتیژی بردنەوەی دەسەڵات بەڵکو بە کێشەکانی گواستنەوە بۆ سۆشیالیزمیش دوبارە حسابکردنەوەی دەویست، کە کۆمەڵگەی سوشیالیستی دەبێ چ ستراکتۆرێکی سیاسی و دامەزراوەیی هەبێ. ئەمە بوە کێشەی نێوان کۆمۆنیستەکانی سۆڤیەت و ماویزم و کۆمۆنیزمی ئەوروپایی.” لەم مێژوەوە ئێمە شاهیدی جۆرێک لە حزب و دەوڵەت و سۆشیالیزمین کە کێشەی سەرەکی لەگەڵ ئەو مۆدێلە فکری و سیاسی و عەمەلیەدا هەیە کە دەبێ حزبی کرێکاری هەیبێ و لیرەدا لەسەر دوو خاڵی ئەو جیاوازیانە قسەدەکەین تا بەراورد بکرێ بەو مۆدێلە کرێکاریەی لەسەرەوە باسمان کرد.
سێکتاریزم وەک فکر و سیاسەت و چوارچیوەی ڕێکخراوەیی دەربڕینێکی پێچەوانەیە لە کۆمۆنیزم. کۆمۆنیزمی کردۆتە مەکتەبی فکری جیاواز بەناوی مارکسیزم، لینینزم، ستالینیزم، ترۆتسکیزم،ماویزم، حیکمەتیزم و هتد..وەک سیاسەت و ڕیکخراویش هەرکام لەم حزب و گروپانە بەرنامە و سنوری ڕێکخراوەیی خۆیان کردۆتە قاڵبێک کە چینی کرێکار دەبێ لەڕیگای ئەوانەوە خەباتی چینایەتی بەرێتە پێش و بەپێی ئەو سێکتانە دەوڵەت و سۆشیالیزم دامەزرێنێ.
گرامشی نمونەی مەسیحیەت وەک سێکت دەهێنێتەوە و باس لەو جیاوازیانە دەکات کە کۆمۆنیزم لەگەڵ دیندا هەیەتی . ئەو پلەبەندی هایراکی لە نێوان مارکس و لینیندا بە بێ عەقڵانە و بێ کەڵک دەزانێ بەپێی ئەوەی ئەمانە هەوڵی زانستی و پراتیکی دوو دەوری جیاجیای چینێکن کە هاوئاهانگ و جیاوازیشن لەیەکتر. ئەو دەڵی “لە کریستانەتیدا لەبەرئەوەی مەسیح پلەی ئیلاهی هەیە نەتوانراوە سانت پۆل ،کە ڕیکخەر و کردار و فراوانکردنەوەی هەمان دنیابینیە، لەپاڵیدا مەسیح دابنرێ و کریستانەتی ناوبنرێ”مەسیحەیەت – پۆلینیزم”. ئەم سێکتەش لە کۆمۆنیزمدا بەهەمان شێوە بەناوی کەسە جیاجیاکانەوە دروستکراوە و هەرکام لە “یزم”انە هایراکیەکیان کردۆتە مێژووی کۆمۆنیزم کە مێژووی ڕاستەقینەی بزوتنەوەیەکی مێژوویی و چیانیەتیان پێ سڕیوەتەوە و قاڵبێکی ئایدیۆلۆژیان بۆ کۆمۆنیزم دروستکردوە کە سنورەکانی نەک بە پراتیکێکی مێژوویی و جەماوەری دیاری دەکرێ بەڵکو بە تێکستەکانی ئەم تاکە کەسانە و پەیڕەوانیان تەلبەندکراوە. “کۆمۆنیزم لێرەدا بوە حەز و خورافە و بوەتە مێژووگەری (historicism) مۆدێرن.” ئەمە بە پیچەوانەی ڕوانگەی ماتریالیستیەوەیە بۆ مێژوو.
گرامشی دەڵێ؛”دروستبونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتون. بەڵام “سێکتاریزم ناسیاسی بونە”، ئەم گروپانە ناتوانن حزبی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەن تالەم سێکتانە ڕزگاریان نەبێ. حزبی سیاسی کرێکاری پێویستە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و گروپ و بەرنامە پراتیکیەکانی سەرتاسەری چینەکەی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. حزب خۆی وشیاربونەوە و گەشەکردنی ئەم خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە لەناو ئەم چینە و توێژە ڕوناکبیرەیدا. ئەم حزبە کاتێ لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێ کە ” لێکدانەوەیەک لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هەبێ و نوێنەرانی هەوڵی خەبەرکردنەوەی ئەو خواستە هاوبەشە هەبێ و لە شکستەکانی ڕابردووی بکۆڵێتەوە” . هەروەها “کاتێک ئەم حزبە دەبیتە پێویستیەکی مێژوویی کە هەلومەرج بۆ “سەرکەوتن” ، و بۆ گەشەی بونی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لانی کەم لە پرۆسەی دروستبوندا بێت. وە ئەم دۆخە ڕێگە بە گۆڕان وئیڤۆلوشنی ئایندەی بدا و ئەم پێشکەوتنانە بەچاو ببینرێ.”
هەربۆیە مانەوەی توخمی سیکتاریزم لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا نیشانەی ڕەنگدانەوەی نەبونی ئەو وشیاریە چینایەتیەیە سەبارەت بە خواستی هاوبەشی کرێکاران و مانەوەی سیکتاریزم بەمانای نەبونی دۆخی سەرکەوتنە و دروستنەبونی ئەو فشارەی پیویستی مێژووییەیە. هەربۆیە سێکتاریزم ڕوو لە فراکسیۆنیزم دەکا و ناتوانێ لە ناوخۆی حزب و چینی کرێکار لەو قۆناغانەدا کە توشی گۆڕانی هەلومەرجی دەرەوە دەبێ بەشێوەی فراکسێۆنی دەورەی ڕاگوزەری تێپەڕێنێ تا دواتر لە ڕیگەی یەکێتی ئیرادە و سەنترالیزمێکی دیموکراتیەوە سەرجەم ئاستەکانی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری و یەکپارچە کۆبکاتەوە. لە کاتی نوسینەوەی میژووی حزبەکەشدا “ئەو کەسانە فکرەی خۆیان لەسەر حزب چیە و دەبێ چی بێ دەنوسنەوە و ئەم تێگەیشتنە سیکتاریستیە ئاشکرا دەبێ لەسەر مەسەلە ناوخۆییەکان.” بەگشتی کاتێک ئەم جیابونەوە سێکتاریستیانە دەبێ لە ناو چینێکدا پێویستە ئەو”بنەما و مەبدەئە دیاریکراوەکانە چاک بکرێ ” کە زاڵن.
بیرۆکراتیەت لەگەڵ سێکتاریزمدا دوانەن و تەواوکەری یەکترن. کاتێک سێکتاریزم دەبێتە قاڵبی حزب و بزوتنەوەیەک ئەوا میکانیزمی کارکردنی ئەم حزب و گروپە بیرۆکراتیانە دەبێ. کێشانی ئەو سنورانەی کە حزب و گروپەکە خۆیان لە یەکتری پێ جیادەکەنەوە دەبێتە شێوازی جیابونەوەی ئەم گروپی ڕۆشنبیرانە لە چینەکەش. لەم حاڵەتەدا کە لیدەرەکان و جەماوەر هاوئاهەنگ نابن ئەوا “ڕابەرەکان” توشی شەلەل دەبن و حاشیەیی دەبن. “لە نەبونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە” ، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن. هەربۆیە توشی کاردۆنیزم دێن، واتە هەوڵنەدانی لیدەر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو کەسانەی لیدەریان دەکا و داوای دیسپلین و ملکەچیان لێ دەکات بەبێ نیشاندانی عەقلانیەت. لە کاتێکدا لە حزبی کرێکاریدا ئەبێ لە گروپی لیدەری بپرسرێتەوە نەک ملکەچی بیت. ئەمە جیاوازی فەلسەفەی حزبی کرێکاریە لە حزبی بورژوازی کە سەرەوە خزمەت دەکا نەک سەروەر بێت.
لە کتێبی “میری مۆدێرن”دا گرامشی ،باسی سەنترالیزمی دیموکراتیک وەک پێچەوانەی سەنترالیزمی بیرۆکراتیک دەکا. ئەو باسی پەیوەندی “ئۆرگانیکی” بەشەکانی حزب دەکا نەک دابەشکردنی پۆستەکانی ڕابەری و ئەندام و ملکەچی خوارەوە بۆسەرەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.
“دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” هەربۆیە گرامشی بیروکراتیەت وەک خەتەرترین پەیوەندی شاراوە باس دەکا و وەک هوبسبام دەڵێ لە “گرامشی ئاگاداربوە لە خەتەری بیرۆکراتی و مەرکەزیەتی بیرۆکراتی و دژی گەشەی ستالینی بوە لە سۆڤیەتدا و ئەمە کێشەی لە زینداندا بۆ دروست کردوە. ئەمە هەمان ئەو هوشداریانەیە کە مارکس دەیدات کاتێک دەڵێت”چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرانەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ” و فێرمان دەکا کە حزب و سیاسەت ئامڕازن بەدەست چینی کرێکارەوە بۆ ئامانجی کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتی و هەرکات ئەم ئامڕازانە پیرۆزکران ئەوا بزانن کە ئامانجەکە لە پیرۆزی کەوتوە.
لێرەدا بەشی سیاسەت کۆتایی پێ دێنم و هیوادارم زوو بتوانم ئەنجامگیریەکان سەبارەت بەم باسانەی حزبی کرێکاری و نمونەی دەوڵەتی کاتی سۆشیالیستی و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بەشیوەی وتار بڵاوبکەمەوە. کێشەکانی ئێستای “کۆمۆنیزمی کرێکاری” وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە دنیادا کە نەیتوانیوە سەرکەوتوبێت لە وەڵامدانەوە بەم کێشانەی بەردەوم کۆمۆنیزمی سەدەی بیست و یەک جەخت لەسەر پیویستی زیاتری خستنەڕووی ئەم باسانە دەکا و هیوادارم هەمووان بەشداری جدی لەم ئەرکەدا بکەن.
ئاسۆکمال

Add Comment

Click here to post a comment