ڕیفراندۆم

ئایا یەکێتی و پارتی جگە لە ١٦ ئۆکتۆبەر و ٣١ ئابەکان هیچ ڤیژنی ئایندەیەکی جیاوازی تریان بۆ کوردستان هەیە؟


لەم گفتوگۆیەدا ئاسۆکمال لەگەل بڵاوکراوەی “بۆپێشەوە” ،کە هاوری عبدوڵا محمود ئەنجامی داوە، لێکدانەوەکانی دەخاتەڕووسەبارەت بە مێژووی تەجروبە و هۆکانی شکستی پارتی و یەکێتی و ڕیشەکانی مانەوەی کێشەی کورد و کاریگەریەکانی نەبونی دەوڵەت لەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، هەروەها ڕەخنە لە بەدیلی “بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان” وبەدیل و ڕیگاچارەی واقعی دۆخی کوردستان .

بۆپێشەوە: ریفراندۆم بەسەرکەوتووی ئەنجامدراو خەلکی کوردستان دەنگیان بەجیابوونەوەدا، بەڵام حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە لایەنگرو پشتیوانی ریفراندۆم بوون، دەستیان لە ئاکامی ریفراندۆم هەڵگرت و ئیستا ئەوەندەی پەلەیانە لەگەڵ بەغدا رێک بکەون، نیو ئەوەندە پابەندی ئاکامی ریفراندۆم نین، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕنەوە؟ هەروەها دۆخی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر تا ئیستاش، نیشانی دەدات، کە فیدرالیزمی قەومی و مایەپوچ بووەو ئایندەی خەلکی کوردستان لە بەغدا نییە، لاتان وانییە پێویستە ئامادەکاری و پێداگری لەسەر جیبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم بکرێت؟

ئاسۆکمال: ئەنجامدانی رفراندۆم هەمیشە شانسی سەرکەوتنی هەیە چونکە زۆربەی زۆری خەڵک بە تەجروبەی پراتیکی خۆی بەو ئەنجامە گەیشتوە کە سەربەخۆیی ڕێگاچارەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا. بەڵام حزبە ناسیونالیستەکان ئەنجامدانی رفراندۆمیان بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی نەبوە بەڵکو وەسیلەیەک بوو کە لە ڕێگایەوە دەیانویست شەرعیەتێک بدەن بەو جێگەوڕیگەی تازەیەیان کە لە دوای داعشەوە بەدەستیان هێنابوو. چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکە و جیهان ئەمەیان بۆ نەچوە پێش و شکستیان هێنا.
هۆکاری سەرەکی ئەوەی بە ئەنجامی رفراندۆمە پابەندنین ولەگەڵ بەغداد ڕیکەوتونەتەوە ئەوەیە کە ستراتیژی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا سەربەخۆیی کوردستان نیە. هەرچەندە ئەم کێشە قەومیە لە هەردوولاوە بەردەوامە. بۆئەوەی لەم ئەنجامگیریە تێ بگەین پێویستە سەرەتا کورتەیەکی پرۆسەیەکی مێژوویی -ئابوری ئەم کێشەیە باس بکەین.
بورژوازی لە عێراقدا نەیتوانیوە لەدەوری بازاڕی نەوت هاوئاهەنگیەکی سیاسی و فەرهەنگی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی عێراقی دروست بکا. ناسیونالیزمی عەرەبی دەورەیەک توانیویەتی وەک سەرخانێکی سیاسی زۆربەی خەڵکی عێراق وەک نەتەوەی عەرەب بە دەوری دەوڵەتی عێراقدا ڕێک بخا، بەڵام هەر ئەمە وای کردوە کە کەمایەتیەکی خەڵکیش وەک کورد وەک هاوڵاتی پلەدوو لە دەوڵەتێکی عەرەبیدا مامەڵە بکا و سیاسەتی تەعریبکردنی کەرکوک و جێگا تێکەڵاوەکان بگرێتە بەر. لەدوای ڕوخانی بەعسیشەوە ئیسلامی سیاسی بەهەردوو باڵەکەیەوە خەڵکی عێراقیان کردە دوو نەتەوەی شیعەوسونەی عەرەبی کە هەرچی زیاتر ئەم جیاکاریەی نێوان هاوڵاتیانی عێراقی توندترکردەوە و ئێستا بورژوازی لە عێراقدا خاوەنی هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی نیە کە بتوانێ هاوئاهەنگیەکی سیاسی و فەرهەنگی سەراسەری بۆ دەوڵەتی عێراق و هاوڵاتیەکانی دروست بکا و شەڕ و ململانێی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەم دەوڵەتەی لەبەریەک هەڵوەشاندوە و ناجێگری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی توش کردوە.
لە کوردستانیش ناسیونالیزمی کورد لەبەرئەوەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە شێوەی عەشیرەتگەری و ناوچەگەریدا دێتەمەیدان و لە ڕێگەی زمان و خوێندنی ڕەسمی کوردیەوە فەرهەنگێک شکڵ پێدەدا کە ناتوانێ هەموو بەشەکانی سۆران و بادینان هاوئاهەنگ بکا و کێشەی ناوخۆی بزوتنەوە سیاسیەکەشی لە شێوەی جەلالی و مەلایدا زیاتر ئەم خەسڵەتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و ناوچەگەریە تۆخ دەکاتەوە. لە دوای ١٩٩١یشەوە هەرچەند دیفاکتۆ سەربەخۆ دەبێ لە ڕژێمی بەعس ،بەڵام نە لە باری ئابوریەوە توانای سەربەخۆی دەبێ و نە لەباری سیاسیشەوە دەتوانێ یەک ئیدارە بێت و بەم شێوەیە دوو ڕۆشنبیری ناوچەگەری لەلایەن دوو حزبی چەکدارەوە دەبێتە ناسنامەی دانیشتوانی کوردستان. لە ٢٠٠٣ەوە ئاڵوگۆڕی گرنگ لە باری ئابوریەوە ڕودەدا و نەوت دەبێ بە بنەمایەکی ئیمکانی سەربەخۆبون و ڕێکەوتنی ستراتیژی دەساڵەش حکومەتی هەرێم دەکاتە ئەمری واقیع. بەڵام هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە ئیدارەی سیاسی و یاساییدا ڕونادات و دەستور و پەرلەمان و دەزگاکان وەک خۆیان ناکارا و ناجێگیر و ژێردەستەی سیستەمی میلیشیایی دوو ئیدارەی حزبی دەمێنێتەوە. هەم سیاسەتی نێودەوڵەتی و دژایەتیەکانی ئێران و تورکیا و هەم بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و پەیوەندیە پاشکۆکیەکانی یەکێتی بۆ ئێران و پارتی بۆ تورکیا قاڵبی مانەوەی کوردستان لەعێراقدا دەسەپێنن.
حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناسیونالیزمی کورد لەو چوارچیوە سیاسی و نێودەوڵەتیەی تیایدا کاردەکا بەرژەوەندیەکانی لە ئاستی لۆکاڵ و ناوچەکانی سەوز و زەرددا لە پاراستنی سیستەمێکی میلیشیایی عەشیرەتی و بنەماڵەییەوە بەڕیوەدەچێ کە لە پێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتە هەرێمیە ولەژێر فشاری دەرەوەدا پێویستی بە جۆرێک ڕیکەوتنە لە ئاستی کوردستاندا، بەڵام ئەمە نە سیستەمێکی سیاسی جێگیرە نە خاوەنی بەرنامەیەکی دەوڵەتی و ستراتیژیە. ئەم پێویستیانەی دەسەڵاتە ناوچەگەریەیە کە پلەی هاوئاهەنگی لە نێو ناسیونالیزمی کورددا دروست دەکات، نەک وەک ئەوانەی پییان وایە کە یەکێتی و پارتی ناسیونالیست نین هەربۆیە هاوئاهەنگیان نیە و دژ بەیەک دەوەستن و لەگەڵ هێزی دەرەکیدا ڕیک دەکەون لەدژی یەکتر. بورژوازی کوردیش ئەم حزبە ناسیونالیستانەی وەک نوێنەری سەرەکی خۆی لەم سێ دەیەیەدا قبوڵکردوە و هیچ بزوتنەوەیەکی تری بورژوازی نەیتوانیوە ڕەقیبی بێت و بتوانێ دۆخی کوردستان بگۆڕێ وئایندەیەکی جیاواز بۆ چارەسەری کێشەی قەومی بخاتە ڕوو.
سەرەڕای ئەمەش لە فیدرالیزمی قەومی و سیستەم وپێکهاتەی سێ کوچکەی قەومی و مەزهەبی کورد – شیعە – سونە، لەوەی تا ئێستا لە ٢٠٠٣ەوە گوزەراوە باشتر دروست نابێ.ئەم جۆرە فیدرالیزمە مانای ناجێگیری و کێشە و شەڕی بەردەوامە. خەڵکی کوردستان کاتێک لە رفراندۆمێکدا ،کە مەسعود بارزانیش سەرپەرشتی دەکا، دیسانەوە هەر دەنگ بەسەربەخۆیی دەدا نیشانەی شکستی ئەو فیدرالیزمەیە لە قەناعەتی خەڵکدا. پیش ١٦ ئۆکتۆبەر و دوای ئەویش هەر خەلک دەزانن هیچ ئایندەیەکیان لەگەڵ ئەم حکومەتە مەزهەبی و شیعیەی عێراقدا نیە و هەر رفراندۆمێکی تریش بکرێ و هەر فرسەتێکی تر بێتە پێشەوە داوای سەربەخۆیی دەکەن.
رفراندۆم لەسەر دەستی ئەم حزبانە خۆی ناتوانێ هیچ لەم واقیعەتانە بگۆڕێ. تەنیا وەک وەسیلەیەک بو کە پارتی و یەکێتی بەکاریان هێنا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتیان لەو هاوسەنگیەی دوای داعشدا. لە کاتێکیشدا ئەم وەسیلەیە نەیتوانی ئامانجی ئەم دوو حزبە دابین بکا ئەوا هەردوولا گەڕانەوە سەر درێژەدان بە هەمان ستراتیژی مانەوە لە عێراق و قبوڵکردنی ڕۆڵی کەمایەتی لە سایەی زۆرینەی حکومەتی شیعەی عێراقدا. هەر نەبونی ئەم بەرنامە وئاسۆیەش بۆ چۆنیەتی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی و ئابوری سەربەخۆ لە بەغداد وای کردوە کە ناسیونالیزمی کورد لە بنەبستدا بمێنێتەوە و نەتوانێ شەرعیەتی خۆی لەڕێگای ئایدیا و ڤیژن و سیاسەت و فەرهەنگێکی دەوڵەتیەوە جێگیر بکا و هەمیشە ئایندەی ئەم دەسەڵاتداریەتیە نادیارە ، هەربۆیە پێویستی بە سەرکوتی بێ پەردە یان تۆخکردنەوەی سنورە ناوچەیی و عەشیرەتی و حزبیەکانی زیاترە بۆ درێژەدان بە مانەوەی دەسەڵاتە لۆکاڵیەکانی. ئەم شێواز و سیستەمی بەڕیوەبردنە لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بازرگانی و وەرگرتنی گومرگی سنورەکان و بودجە لە دەوڵەتی عێراق ، یا خود لە بواری سیاسەت و پەرلەمان و یاسا و پەروەردە و هتد.. دەبینرێ.
ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و چونەوە بەغداد و بەشداری پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی عێراق ئیتر ئەو مەلەفەی داخستوە کە ناوی “ئاکامی رفراندۆم” بوە. لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی رفراندۆمیان ئەنجام دا و خەڵک تەنیا بەشداری لە پرۆسەیەکدا کردوە و دەنگی بەسەربەخۆیی داوە لەبەرئەوەی ئەوە بە قازانجی بوە. ئێستاش وەک پێش رفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ خەڵک هەمان خواستی هەیە، بەڵام ئەم خەڵکە خاوەنی بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی سیاسی و جەماوەری نیە تا خۆی بکاتە میراتگری ئەو رفراندۆمە و هیچ کام لەو هێزانەشی ئەم رفراندۆمەیان بەرپاکرد ئێستا خۆیان ناکەن بە خاوەنی. لە ئێستادا ئەم رفراندۆمەی سێپتەمبەری ٢٠١٧ وەک رفراندۆمی نافەرمی ٢٠٠٥ لەسەر کاغەز یان نێتدا ماوەتەوە و خاوەندارێتی رفراندۆم و سەربەخۆیی بە بەدەستەوەگرتنی “ئاکامی رفراندۆم” ئۆتۆماتیکی خۆی نابێتە هێزێکی یاسایی و فیعلی ،کە تەنیا بە ئاماژەپێکردنەوەی”ئاکامی رفراندۆم” فشارێک دروست بکا کە لە یەکێتی و پارتیەوە تا حکومەتی عێراق و ئەمریکا و UN حسابی بۆبکا.

بۆپێشەوە: ناوەندی سەربەخۆی کوردستان، لەسەروبەندی ریفراندۆمدا، چالاک بوو، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ئەنجامدانی ریفراندۆم، کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا، پێویست نییە لایەنی سیاسی ترو لەوانەش ناوەندی سەربەخۆی کوردستان، چالاک بیتەوە یان بەدیلی ناوەندی سەربەخۆ کوردستان پیک بێت و کار بۆسەربەخۆی کوردستان و جێبەجێکردنی ئاکامی ریفراندۆم بکات؟
ئاسۆکمال: ئێمە وەک کەمپینی رفراندۆم و گۆڤاری رفراندۆم و دواتر ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چالاکی جۆراوجۆری سیاسی و ڕاگەیاندن و ناڕەزایەتیمان ئەنجامداوە. لەهەر دەورەیەکدا بەپێی پێویستی و ئەولەویەت و تواناییەکانی خۆمان و پشتیوانیەکان شێوازی کارمان دیاریکردوە و گۆڕیومانە. دەورەیەک زۆر چالاک بوین و دەورەیەک کپ بوین. ئێستاش دەورەیەکی کپیە لەدوای رفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ و هەر کات ئەم خواستە لەکۆمەڵگەدا کەوتەوە ئەولەیەتی خواستەکانی خەڵک ئێمەش بێگومان کاری زیاتری لەسەر دەکەین. تەجروبە و توانای تیوری و پراتیکی و ڕاگەیاندنی بۆ دەخەینەوە کار. ئەوەی تا ئێستا وەک کەمپینی رفراندۆم و ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کراوە ئامانجی خۆی لەوەدا بەدیهێناوە کە رفراندۆم و سەربەخۆیی وەک فکرە و ڕێگاچارە ناسراوە و چیتر پیویستی بە ناساند نەماوە. جەماوەری ملێونی رفراندۆمیان کرد و تەجروبەیان هەیە و ئەوەی بەردەوامە باسی دۆخی سیاسی کوردستان و ئایندەکەیەتی کە دەکرێ لە ڕێگەی میدیا و کۆڕەوە باس بکرێ و وەک ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان یان کەسایەتیەکانی ئەم بوارە بەردەوام دەبین.
ئەوە ڕۆشنە کە ئێمە وەک کەمپین و کاری ڕۆشنگەری و ناڕەزایەتی و کۆڕ و کۆنفرانسی زۆرمان گرت لە ٢٠ ساڵی ڕابوردودا لەسەر رفراندۆم و سەربەخۆیی، بەڵام لەبەرئەوەی وەک کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری نەبوین و دەسەڵاتدار نەبوین نەمانتوانی رفراندۆم بەرپابکەین و پارتی و یەکێتی لەبەرئەوەی هێزی دەسەڵاتداربون ئەنجامیاندا. ئەمە هەمان ڕاستیمان پێ دەڵێ لەسەر ئەوەی کە لایەنێک دەتوانێ “ئاکامی رفراندۆم” بەدەستەوە بگرێ و جێبەجێ بکا کە لە جێگای پارتی و یەکێتی ئەو دەسەڵاتداربێت. بەبێ ئەم هێزە ناتوانین ٢٠ ساڵی تریش کەمپین و کۆڕ و خۆپیشاندان بۆ “ئاکامی رفراندۆم” بکەین و هەموو کاتیش پێمان وابێ بەم ئاڵا و دروشمەوە سبەینێ دەبینە میراتگری “ئاکامی رفراندۆم” و سەربەخۆیی جێبەجێ دەکەین.
وەک لەسەرەتاوە وتم لە وانەکانی رفراندۆمەوە دەبێ بزانین کە میراتگری سەربەخۆیی و بەکارهێنانی بەڵگەی “ئاکامی رفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧” لە پێشدا پێویستی بەهێزێکە کە چارەنوسی کوردستان دیاری بکا و ئەو کات لە جێگای پارتی و یەکێتی بڕیاری سەربەخۆیی دەدا یان ئەگەر پێویست بوو رفراندۆمێکیشی بۆ بەرپادەکا. بۆ لێسنەندنەوەی دەسەڵاتیش لە یەکێتی وپارتی پێویستە بەدیلێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی دروست ببێ کە سەرجەم سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم دوو حزبە هەڵوەشێنێتەوە. ئەمەش بەدەوری خواستی ژیان و گوزەران و ئازادیەکانی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەمدەرامەت و ئازادیخوازی کوردستانەوە شکڵ دەگرێ نەک بەتەنیا بەدەوری “ئاکامی رفراندۆم” و خواستی سەربەخۆیی کوردستانەوە. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەم چینە چەوساوەیە سەربەخۆیی بەدەرگای کرانەوەی ڕزگاری و ئازادی خۆی نابینێ بەڵکو بەشێکە لەچارەسەرێک کە دەبێ لەگەڵ لابردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی یەکێتی و پارتیدا کێشەی چارەنوسی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا یەکلایی بکرێتەوە.
لە پرسیارەکەتدا باست لە “بەدیلی ناوەندی سەربەخۆی کوردستان کردوە کە پێک بێت” و کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جێبەجێکردنی ئاکامی رفراندۆم بکا. وەک وتم ئەم بەدیلە دەبێ بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بێتە مەیدان تاکو بتوانێ سەربەخۆیی و سەرجەم خواستەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بەدی بێنێ. ئەم کارە بە پرۆژە و کەمپینێک ناکرێ کە هێزی جەماوەری و سیاسی نەبێ و نەتوانێ لە جیاتی یەکێتی و پارتی بڕیار لەسەر پەیوەندی و چارەنوسی کوردستان لە گەڵ عێراق و حکومەتی ناوەندیدا بدات. ئێستا ئەولەویەتی کاری ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە بزوتنەوەیەکی چینایەتی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بەڕێ بخەین تاکو بتوانین کیشە سیاسی و ئابوریەکانی بەردەم خەڵک لەوانەش سەربەخۆیی وەڵام بدەینەوە، بەتایبەتیش لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا وەک ئەم هێزە سیاسی و جەماوەریە سەربەخۆیە بتوانین چارەنوسی کوردستان بگۆڕین.
دوای ١٦ ئۆکتۆبەر هاوڕێیانێک ” بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان” دروستکرد وەک بەدیل بۆ “سەربەخۆیی” هەر ئەوکات ئەم ڕەخنانەم لەو پڕۆژەیە گرت کە ڕاستەوخۆ لەگەڵیان باسمکرد، کە دەمەوێ لێرەدا بەچەند خاڵێک ڕەخنەکانم لەو پڕۆژەیە باس بکەم بەمەبەستی ڕۆشنتر کردنەوەی پرسیارەکەی تۆ سەبارەت بە “بەدیلی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان”.
یەکەم ؛ ئەم پڕۆژەیە دوو مەسەلەی تێکەڵ کردوە یەکەمیان ئازادی و دوەمیان سەربەخۆیی کوردستان. کە ئەمە دوو کیشەی جیاوازن. لەوانەیە کوردستان بە سەربەخۆیی بگات بەڵام هیچ ئازادیەکی تێدابێت، وە ئازادیش و حکومەتی نوێنەرانی خەڵک لەڕێگای سەربەخۆییەوە نایەتەدی. هاوکات باسی گۆڕینی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بە دەوڵەتی نوێنەرانی خەڵکی دروشمێکی پۆپۆلیستیە و وەک کۆمۆنیست دوای دووسەدە لە تەجروبە و زانست و تیۆری ئەوەی دەوڵەت نوێنەری چینێکی دیاریکراوە و شەڕی چینایەتی هەمووی لەسەر دەوڵەتە و شتێک نیە بەناوی دەوڵەتی ئازادی خەڵک .
دووەم؛هەربۆیە ئەم پڕۆژەیە زیاتر کەمپینێکی تەبلیغاتی دوای دۆخی ١٦ ئۆکۆتۆبەرە کە پێی وابوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە کوردستان تەواو بوە و ئەم بزوتنەوەیە ئەرکی دروستکردنی حکومه‌تێکی کاتی وئاماده‌کردنی ده‌ستور له‌ماوه‌ی 6 مانگدا.و دیاریکردنی “لیژنەی دانوسان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندا”و” هه‌یئه‌ته‌کانی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی شاره‌کان و کۆمیته‌و لیژ‌نه‌کانی په‌یوه‌ست پێیانه‌وه‌، له‌قۆناغی ڕاگوزه‌رداو شتی لەو بابەتەیە کە “دۆخێکی شۆڕشگێڕانە” دەیخوازێ. ئەمە هیچ لێکدانەوەی واقعی لە دۆخی سیاسی و هاوسەنگی و ململانێی هێزەکان و هەربۆیە ئەم پڕۆژەیە هیچ فکر و تیۆریەکی سیاسی جدی لە پشتەوە نیە.
سێهەم؛ هاوڕییانێک کە تیۆریزەی ئەم بزوتنەوەیە دەکەن دەڵێن”حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان” ناتوانێ ئەم بەدیلە بێت بۆیە “بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان” پێویستە. کەواتە ئەمە دۆزینەوەی بەدیلی حزبە نەک بەدیلێک بۆ وەڵامدانەوە بە نیازەکانی چینی کرێکار و خەڵکی کوردستان. چونکە ئەگەر بەدیلێک بتوانێ حکومەتی نوێنەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دروست بکا و سەرچاوەی دارایی و سەربازی بخاتە دەست ئەم چینە چەوساوەیە و ئازادی و یەکسانی لەکۆمەڵگەدا دابین بکا ئیتر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆچی پێویستە؟ هەربۆیە دەبینین ئەم “بەدیل”ە کە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکا جێگای حزبی گرتۆتەوە و تەنانەت لە ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانیشدا ئەم حزبە “بەدیلەکەی” دەنێرێ پەیام بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بدا! بەڕای من ئەم دۆزینەوەی بەدیل بۆ کۆمۆنیزمە نیشانەی ئەزمەی بزوتنەوەکەمانە، کە دەبێ نەک بە هێنانی پڕۆژەی خەیاڵی بەڵکو بە لێکۆڵینەوەی زانستی لە کێشە و کەموکوڕیەکانی بکۆڵینەوە و بزانین کە چۆن دەتوانێ ئەرکەکانی خۆی و لەوانە بەدیهێنانی خواستی خەڵکی کوردستان بۆسەربەخۆیی بەدی بهێنێ.
بەکورتی ئەمڕۆ کاری ئێمە وەک کۆمۆنیستەکانی کوردستان وەڵامدانەوەیە بەسەرجەم ئەو پێداویستیانەی بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری کرێکاری لە کوردستان دێنێتەمەیدان کە دەتوانێ لەهەموو مەیدانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکاندا وەڵامی پراتیکی خۆی بەو کێشانە بداتەوە کە بورژوازی کورد و حکومەت و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش و کۆمەڵگەی کوردستانیان دروستکردوە. پڕۆژە و بەدیلی دروست و واقعی دەبێت لەلایەن ئەم هێزەوە بخرێتە ڕوو ئەوکات دەبێتە بەدیل و واقع.

Add Comment

Click here to post a comment