کۆمۆنیزم

تارمایی مارکس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیادا

تارماییەک هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا ڕاودەکا ئەویش تارمایی مارکسە. ئیکۆنۆمیست وەک زمانحاڵی نیولیبراڵیزم هاوار دەکا” باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لەوەی ببیت بە قوربانی داهاتوی مارکس ئەوەیە کە دەست پێ بکەیت بەوەی جدی وەریگری”.*١

ئەم ترسە لەپای چی؟

ئاشکرایە مەسەلەکە شۆڕشێك نیە بەڵکو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیە، بەڵام مافی هەڵبژاردن هەرچەند بەرتەسک و ڕوکەشیش بێت فرسەتی بەدەنگدەر داوە کە بیرێکی ڕادیکاڵ تر لەوە بکاتەوە کە بەرامبەر بەم ئەزمەیەی سیستەمی سەرمایەداری ئێستا لە ئارادایە هەڵبژاردەی ئەو چیە؟
باڵی چەپی حزبی کرێکاران بە لیدەری جێرمی کۆربن و ڕاوێژکارەکەی جۆن ماکدۆناڵ، مانیفێستێکیان خستۆتەڕوو کە دەیەوێ ڕیفۆرمی ئابوری بە قازانجی کرێکاران و خوێندکاران و مناڵان و کرێچیەکان و دانانی باجی زیاتر لەسەر سەرمایەداران دابنێ. ئەم مانیفێستە شۆڕشگێڕانە نیە و ریفۆرمیستیە بەڵام ئەم داواکاریانە لە دەورانی ئەزمەی ئێستای مالی و بریکزیت (دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) و بەرنامەی ڕاستڕەوی حزبی پارێزگاراندا دەنگ و چاوەڕوانیەکی شۆڕشگێڕانە لەهەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ کە ڕەنگدانەوەی تیۆری مارکسە.

ڕادەی دەوڵەمەندبونی سەرمایەداران Social Market Foundation (SMF) بەپێی ئاماری لە بەریتانیادا ٪٦٤ هەڵکشاوە و ڕادەی هەژاری کرێکاران ٪٥٧زیادی کردوە. معاشی بەڕیوەبەری بانکەکان ٣٠٠ بەرامبەری معاشی فەرمانبەرێکە، لەکاتێکدا پیشتر ٢٠-٣٠ ئەوەندە بوو.*٢ هەروەها ٪١ی دەوڵەمەنترین سەرمایەدارەکان بەهێندەی ٥٥ ٪ دانیشتوانی هەژاری سامانی هەیە*٣. ئەم واقعیەتە کە مارکس وەک چڕبونەوەی سەرمایە لەلایەک و هەژاری لەلایەکی تر وەک یاسای ئابوری سەرمایەداری خستویەتیە ڕوو ئەمڕۆ لەم کۆمەڵگەیەدا بە گۆشت و خوێن سەلمێنراوە و “ئیکۆنۆمیست” یش ناچارە دروستی تیۆریەکەی مارکس پشت ڕاست بکاتەوە . “ئیکۆنۆمیست” چینی دەسەڵاتداری بەریتانیا لە ئاکامی بڕواهێنانی کۆمەڵگە بە پێویستی بانگەشەکانی مارکس ئاگاداردەکاتەوە کە لەم کاتانەی ئەزمەدا سەرهەڵدەدا، و ئەگەر ببنە مانیفیست و چاوەڕوانی کرێکاران ئەوا دیسان تارماییەکەی مارکس خۆی نیشان دەدا. هەر ئەوەندە بەسە کە مەزاجی شۆڕشگێڕانە لە کاتی ئەزەمەدا فرسەتی دەرکەوتن پەیدا بکا تا وەک ئاگری بن پوش یاساکانی کەڵەکەی سەرمایە و هەژارکردنی کریکاران ئاگربگرن.

نیولیبرالیزمی پارێزگاران هەمان بەرنامەی ئابوری ترامپ و باڵی ڕاستی هەیە کە دەیەوێ لەم ئەزمەیەدا باجەکانی سەر کرێکاران و هەژاران زیاتر بکا و بیمە و زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان لابەرێ و کرێی خانو زیاتر بکا و پەنابەران دەربکا و درێژە بە دەستێوەردانی سەربازی و پێشبڕکێی ئەتۆمی و قەرزدارترکردنی وڵاتە گەشەنەکردوەکان بدا و کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی و پیشێلکردنی پاراستنی ژینگە و هتد بدەن..گرنگی باڵی چەپی حزبی کریکاران لەم کاتەدا ئەوەیە کە دەیەوێ دژ بەم شەپۆلەی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیزم ڕاوەستێ و بەرگری لە مافی کرێکاران و سەندیکاکانیان و بەرزکردنەوەی لانی کەمی کرێ بۆ ١٠پاوەند لە سەعاتێکدا و دابینکردنی خانو و خۆڕایی کردنی خوێندن و بەکورتی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکان دەکا و پەنابەران دەپارێزێ و ڕیگری دەکا لە دەستێوەردانە سەربازیەکان و خوازیاری پاراستنی ژینگەیە.
ئەمە هەرچەند مانیفیست و شەڕیکی بەرگریکارانەیە نەک کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی کاری بەکرێ بەڵام گرنگی لە دروستکردنی جەوێکی لەبارتر بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی خۆش دەکا.

هەربۆیە ئەگەر بەریتانیا سەد ساڵ لەمەوبەر هوشداری دا بە سەدەی بیست دا کە تارمایی بەلشەفیزم ڕاوی دنیای سەرمایەداری دەکا و دەبێ ڕێگا بە خەتەری سوور نەدا ، بەڵام هوشداریەکەی بەجدی وەرنەگیرا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر سەرکەوت. ئیستاش “ئیکۆنۆمیست” ،وەک پیرە بیرتیژەکەی نیولیبرال هەمان هوشداری دەداتەوە بەریتانیا خۆی کەئەگەر تارمایی مارکس بەجدی نەگرێ ئەوا دەبێتە قوربانی سەدەی بیست ویەکەمی مارکس.

سەرکەوتنی حزبی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی بەریتانیادا بەهەر ڕادەیەک بێت دەتوانێ ئەم بانگەشەیەی مارکس بۆ شکاندنەوەی قەیرانی ئێستا بەسەر بەشی سەرمایەداران لە داهاتی کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکا و زەمینەی گۆڕانی مەزاجی شۆڕشگێڕانە دروست دەکا کە کرێکاران ئەمڕۆ بۆ وەڵامدانەوەی سەرمایەداری قەیرانگرتو پێویستیان پێیەتی تاکو گۆڕانکاری دروست بکەن. ئینسانێک کە خوازیاری دنیایەکی باشترە لەڕیزی دەنگدان بە حزبی کرێکاراندا تارمایی مارکس لەم هەڵبژاردنەدا هەست پێ دەکا، ئەمەش وایکردوە ئەم بانگەشە و ململانێی هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردە بێ تامەکانی ڕابردوو .

“*١ http://www.economist.com/news/britain/21721916-shadow-chancellors-comment-provoked-scorn-yet-marx-becomes-more-relevant-day-labour
*٢ http://www.bbc.co.uk/news/business-32824770

Add Comment

Click here to post a comment