بابەتی هەڵبژاردە کۆمۆنیزم

حزب و دەوڵەت

زنجیرە وتارێک سەبارەت بە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی ئینسانی

پێشەکی

ئەم وتارە دەیەوێ ڕیشەی ئەو قەیرانە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە شی بکاتەوە کە کۆمۆنیزمی سەردەم ، واتە کۆمۆنیزمی دوای ڕوخانی سۆڤیەت و دەورەی کۆتایی دوو قوتبی ڕۆژهەڵاتی بەناو سۆشیالیستی و ڕۆژئاوای لیبراڵ دیموکراتی، تێکەوتوە. کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکە دوو سەدەی لە تیۆری و پراتیک پشت سەرناوە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەدوبارە خۆپێناسەکردنەوەیەکی تیۆری و پراتیکی سەردەمی خۆیەتی. لەبەرئەوەی هیچ کات بە هێندەی ئێستا کۆمۆنیزم پەرژوبڵاو و بێ دەستپێشکەری و بچوک نەبوە.

لەکاتێکدا هیچ کات بە‌هێندەی مێژووی ئێستا دابەشبونی چینایەتی پێگەیشتوو و کامڵ نەبوە و سامان لەلایەن چەند کەسێک کەڵەکە نەبوە، کە ڕێژەی سامان و داهاتی ١٪ی چینی سەرمایەدار داهاتی ٤٥٪ سەرزەوی لەژێردەستدایە*١.

ناکۆکیە چینایەتیەکانیش لە زۆربەی شوێنەکان بەشیوەی شۆڕش و تەقینەوە جەماوەریەکان دەبینرێ ، وەک بەهاری عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ، یان بەشێوەی وەستانەوە دژ بە قەیرانی دارایی وەک لە یۆنان و ئیسپانیا ، یان لە شێوەی شۆڕشی شەقامی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا و هتد..شەڕی کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکان لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆری و نیولیبرال و بانکی جیهانی و یەکێتی ئەوروپا.

قۆناغی گەشەی سەرمایەداری چینی کرێکارێکی گلۆباڵی دروستکردوە کە شێوازی ژیان و خەباتی هاوچەشنە دژ بە سیستەمێکی گلۆباڵی سەرمایە.

کۆمۆنیزم ئەگەر بەشی ڕۆشنبیری چینی کرێکار بێت، ئەوا دەبێ بەپێی ئەو واقعیەتانەی سەرەوە ئێستا هێزێکی گلۆباڵ و زۆرینە و دەستپێشکەر و ڕیکخەری ئەو خەباتە چینایەتیە بێت کە لە دنیادا دەچێتە پێش. بەڵام لەواقیعدا کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمەمان لەم خەسڵەتانە بێ بەشە و هەربۆیە لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتە چینایتیەدا نیە و گیرۆدەی ئەو کێشانەیە کە زیاتر پەیوەندیان بەمێژووی ڕابوردوە هەیە نەک بە پێداوستیەکانی سەردەم. هەروەک دابەشبونی کۆمۆنیزم بە سەر ڕەوت و حزبی جۆراوجۆری مارکسی، مارکسی لینینی، ترۆتسکییستی، ستالینی ، ماویستی و ئەنتی کاپیتالیست و حیکمەتیستی،سۆشیال دیموکراتی و سەندیکالیستی و هتد.. کە هەریەک لەمانەش دەیان گروپ و دەستەی تری لێ جیابۆتەوە وەک کەنیسەکانی کاسۆلیک و پرۆتستانتەکان و شیعەو سونەکان. ڕیزی چینی کرێکار بەهەمان شێوە پەرژوبڵاوە و سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕیکخراوە جەماوەریەکانی کرێکاران هەرچەند چالاکن بەڵام لە سەنگەری خۆپاراستندان و لە زۆرشوێنیش یان قەدەغەدەکرێن یان دانەمەزراون. ئەم خەباتە ” خۆبەخۆیە”ی شۆڕشی شەقام و تەقینەوە جەماوەریەکان هێشتا شکڵێکی ڕیکخراوەییی کارا و چالاکی بەخۆیەوە نەگرتوە کە بتوانێ لە ئاستی بەدیلی دەسەڵاتی بورژوازی ڕیکخراو بێت چ لە ئاستی لۆکاڵ و دەوڵەتەکاندا و چ لە ئاستی جیهانیدا.

ئەم قەیرانە بەرهەمی دوو دیاردەی لێکهەڵپێراوە. یەکەمیان؛شکستی مۆدێل و بەدیلێکی سۆشیالیستیە کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هاتە ئارا و نەبونی ڕەخنەیەکی تیۆری و سیاسی لە تەجروبەی شکست هێنانە، کە وەک وانەیەکیش بێت لە تەجروبەی شۆڕشەکانی پێشووی چینی کرێکار. دووەمیان؛ نەبونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی ڕۆشنە بۆ شێوەی ڕێکخستنی حزبی و جەماوەری و بەرنامەی سیاسی و ئابوری کەپشتی بە گۆڕانکاریەکانی سەرمایە لە سەدەی بیست و یەک بەستبێ. بەدیلێک کە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بە شیوەیەکی بەرجەستە و مومکین بکاتە دروشم و بەرنامەیەکی پراتیکی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا.

لەم شیکردنەوەیەدا دوو چەمک و ئامڕاز گرنگترین بەشن کە دەتوانێ هۆکارەکانی لاوازی و قەیرانی کۆمۆنیزمی پێ لێکبدرێتەوە. یەکەمیان حزب و دوەمیان دەوڵەتە. ئەم دوو ئامڕازە سیاسیە دەوری یەکلاکەرەوەیان هەیە لە شۆڕش و گۆڕانکاریەک کە چینی کرێکار بەهۆیانەوە دەتوانێ کۆمەڵگەی سەرمایەداری بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.ئایا تێگەیشتنی باو لەسەر حزب و دەوڵەتی کۆمۆنیستی چ دەورێکی لەسەر قەیرانی کۆمۆنیزم هەیە؟ بۆچی وانەوەرگرتن لە تەجروبەکانی پێشوو پەیوەندی لەگەڵ لێکدانەوەی مۆدێلی باوی حزب و دەوڵەت هەیە؟ حزب و دەوڵەت چ جێگایەکیان لە جیهانبینی کۆمۆنیستی و خستنەڕووی پایەکانی کۆمەڵگەی ئایندەی ئینسانیدا هەیە؟ ئایا حزبی کۆمۆنیستی حزبی نوخبەیەکی دابڕاوە و “ڕابەرە” کە بەرنامەیەک سنوری ڕێکخراوەکە دیاری دەکا ، یان حزبێکی جەماوەری کرێکارە کە لە مەیدانی جۆراوجۆر و لە شیوازی ڕیکخستنی جۆراوجۆردا دەردەکەوێ؟ ئایا دەوڵەتی کرێکاری هەمان دەوڵەتی تاک حزبی و نەبونی ئازادی سیاسیە کە لە سۆڤیەت و بلۆکی بەناو سۆشیالستیدا هەبوە یا خود دەوڵەتێکی جەماوەری و کاتی و پابەند بە ئازادی سیاسیە کە هەنگاوەکانی هەڵوەشانەوەی خۆی ناسنامەکەیەتی کە دوای نەمانی ترسی گەڕانەوەی بورژوازی بۆ دەسەڵات بەرەبەرە دەزگا سەروو خەڵکی و بیرۆکراتیەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە ؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر کە ئەمڕۆ دەبێ کۆمۆنیزمی سەردەم وەڵامی پێ بداتەوە تا بتوانێ سیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی وەک بەشێکی ڕۆشنبیری چینی کرێکار کە دەتوانێ هەژمونی ئەم چینە لە نێوخۆیدا و لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە بورژوازی و سیستەمە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکەی نیشان بدا و جیاوازیەکانی خۆی لەوان بخاتەڕوو. هەروەها ڕاشکاوانە ڕەخنە لەهەموو کەموکوڕیەکانی مێژووی ڕابردووی بگرێت تا وەک مارکس دەڵێ”دوژمن وا دەدات بە زەویدا تا هێزی زیاتری بکاتەوە بەبەردا و دیسانەوە بچێتەوە مەیدانی جەنگی یەکجاری لەگەڵیدا”*٢. ١٨برۆمێر لویس بوناپارت

 لەم ووتارەدا دەچینە سەر لێکدانەوەی مێژووی دروستبونی ئەم ئامڕاز و چەمکانە و کێشە و جەدەلەکانی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەرحزب و دەوڵەت. دواتر ڕەخنە لەو تێگەیشتن و قاڵبانەی لە ئێستادا بونەتە مایەی قەیران و بەربەستی بەردەم گەشەی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران و بەدەسەڵات گەیشتنی کرێکاران و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی بێ چین و چەوسانەوە.

لە بەشی یەکەمدا لەسەر؛ حزب و پەیوەندی بە چینی کرێکار و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی،حزب وەک نمونەی دەوڵەتی کرێکاری کاتی،حزب و شۆڕشی کرێکاری ،حزب و ڕێکخراوەی جەماوەری، توخمی وشیاری و خۆبەخۆیی و چەمکی نوخبە و جەماوەر ،جێگا و چەمکی رابەری و جەماوەری حزب ، حزبی کرێکاری و کێشەی سێکتاریزم و بیرۆکراتیزم ،سەنترالیزمی دیموکراتی و ناوەند و میکانیزمی بڕیاردان و هتد قسە دەکەین.

لە بەشی دووەمیشدا باسەکانمان لەسەر : دەوڵەت دەسەڵاتی حزبی و دەسەڵاتی شورایی،دیکتاتۆری حزبی و دیکتاتۆری چینی کرێکار،ئازادی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی،ناکۆکی نێوان دامەزراندن و هەڵوەشانەوەی دەزگای دەوڵەت ،ئابوری کۆمۆنیستی و دەوڵەت ،پەرلەمان و شورا وهەڵبژاردن و دیاریکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت،دەوڵەت و بیرۆکراتی،خۆبەڕیوەبەری و دەزگای دەوڵەتی،پایەکانی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت،کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی و کۆمەڵگەی ئینسانی، و هتد دەبێت.

Add Comment

Click here to post a comment