نارەزایەتیەکان

گاڵتەجاڕی پارتی وەک چاودێری تورکیا

جەبار یاوەر بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای وتووە.”ئەوەی كە ئێمە، بەس لە ماوەی چوارساڵدا كە ژماردوومانە، ئامارمان وەرگرتووە كە لە 1/1/2015 وە تاكو 31/12/2018 تاكو ئێستا حكومەتی توركیا 398 جار لە رێگای فڕۆكەوە بۆردوومانی ناوچە سنووریەكان و گوندەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، جگە لەوەش 425 جار بە هۆێ تۆپخانەوە بۆردوومانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستانی كردووە كە تا ئێستا زیاتر لە 20 كەس لە هاووڵاتیانی بێ تاوان لەو گوندانە گیانیان لە دەستداوە وە تا ئێستا 288 لە گوندەكانی سنووری بۆردوومان كردووە، دیارە ئەمە زیانێكی زۆر گەورەی بە هەموو ناوچەكانی كوردستانی گەیاندووە، وە هەر ئەو بۆردوومانەی كە پێرەكە كرا لە ناوچەی دیرەلوك چوار هاووڵاتی بێ تاوان شەهید بوون. ”
هەرکەس ئەم قسانە ببیستێ وادەزانێ ئەم کەسە بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤە لە کوردستان نەک بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی پارتی. بەڵام بێگومان پارتی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا هیچی زیاتری بۆ خەڵکی کوردستان لەدەست نایەت و لەم ٢٨ ساڵەی پێشێلکاریەکانی تورکیادا ئەمە یەکەمجارە باسی ئەم ئامارانە دەکا، ئەویش نەک لە UN و دەزگا نێودەوڵەتیەکان بەڵکو بۆ ڕوسپیکردنەوەی خۆی لای خەڵکی خۆپیشاندەری شیلادزێ و خەڵکی ناڕازی کوردستان. ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکیا دەریچەی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی پارتیە، هەربۆیە ئەم حزبە نەک هەر خەڵکی ئەو گوندە سنوریانەی کردۆتە قوربانی هێرشەکانی تورکیا بەڵکو ئامادەیە هەموو کوردستان بکاتە سەربازگەی ئەو دەوڵەتە.
ئەوە خەڵکی شیلادزێ و باقی شوێنەکانی کوردستانە کە خۆیان ئەم بنکە سەربازیانەی تورکیا تێکوپێک دەدەن و وەڵامی هێرشە سەربازیە دڕندانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە و ماڵ و حاڵیان دەدەنەوە. پارتی بەرامبەر بەم کردەوە شۆڕشگێڕانەی خەڵک تەنیا دەبێ ئارەقی خەجاڵەتی بۆ سەرانی تورکیا بسڕێ و بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لە قوربانیەکان بدات نەک لە جەلاد. ئەمە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردە کە بۆ سێ دەیەیە خەڵکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێ کە نەک هەر خۆی سەرکوتی خەڵک دەکا بەڵکو سوپای دەوڵەتانی تورکیا و ئێرانیش دەپارێزن لەکاتێکدا کە خەڵکی کوردستان دەکوژن.
پارتی و یەکێتی نەک دەسەڵاتێکی ئابوری موڵکانەستێنن بەڵکو دەسەڵاتێکی موڵکانە فرۆشی سیاسیشن بە ئەمریکا و ئێران و تورکیا و عێراق. سەروەرێتی و دەوڵەتداری ئەم دوو حزبە لەم جۆرە فرۆشتنی خوێنی خەڵکی کوردستاندایە بەهەر هێزێک کە مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی ئەوان پێویستیەتی.

Add Comment

Click here to post a comment