سێکولار

دابڕان یا دوابڕاو

مەلابەختیاردوای ٤ ساڵ دیسانەوە خەتە سورەکانی قورئان و خوا و پێغەمبەری بە دەوری پڕۆژەکەی دابڕاندا تۆخکردەوە. لە کوردەواریدا بە شتێکی باش کە کاری خراپ دەکا و ئیتر خاوەنەکەی زۆر بێزاردەکا کە نەبونی پێ باشتربێ، هاواری “دواتبڕێ”ی بەسەردا دەکرێ.ئەم پڕۆژەیەش بەم سەرۆکەیەوە بوەتە ئەو شتەی دوای ببڕێ باشترە لەم هەموو بە پێرۆزکردنەی بۆ دین و شەریعەتی ئیسلام دەیکا.
ئەو کات وتمان “پڕۆژەی “دابڕان “بەم سوێندخواردن بە خەتی سوری قورئان لەگەڵ لەدایک بوونیدا توشی ئیفلیجی کرا . پڕۆژەی “دابڕان” بەم خەتە سوورانەوە، نەزمانی ڕەخنەگرتنی لەبەرنامەی ئیسلام هەیە و نەدەستی کاردەکا بۆ گۆڕینی هیچ کام لەو شەریعەت و سونەتانەی ئیسلام .”
“پرسیارێک کە دەبێ هەربەشداربویەکی ئەو کۆنفرانسە و ئەو پڕۆژەیە لە مەلابەختیاری بکات ئەوەیە کە چۆن بە خستنەدەرەوەی “قورئان ” وەک بنەمای شەریعەت و ئیسلام لەبازنەی ڕەخنەگرتنی ئەقڵانی دەتوانین لە هەژمونی دەقە سەپێنراوەکان ڕزگارمان بێت ؟ ئایا قورئان و ئەو دەقانە چ جیاوازیەکیان هەیە،کەوا دەکات قورئان خەتی سوور بێت و ئەو دەقانە خەتی سەوز بن؟ ئەمە چ جۆرە سیحرێکە کە کە بەرپەرچی توندڕەوایەتی سەلەفی دەبیتەوە بەبێ ئەوەی توخنی ڕەخنە لە دەقە سەلەفیەکانی شەریعەت و سونەتەکانی ئیسلام بکەویت؟ ئایا دژایەتی کۆنەپەرستی و باوکسالاری بەبێ هەڵوەشانەوەی یاسای چوارژنە و لێدانی ژنان و مناڵان و بەخەتی سوور دانانی ئەم یاسا شەرعیانە چۆن دەکرێ؟
ئاشکرایە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای بەرپرسی “دابڕان” بە پیرۆزڕاگرتنی ئەو خەتە سورانەیە.”
“سەرچاوەی ئەم پاشەکشە و پەشیمان بونەوەیەی مەلابەختیار لەپەیامەکەی کۆنفرانسی “دابڕان” پێگە و بەرنامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە ناچاری دەکا بەپێچەوانەی پەیامەکەی کۆنفرانسەکەیەوە بڵێ”خودا و پێغەمبەر و قورئان لای ئێمە هێڵی سورن”.”ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ئەو ڕوناکبیرانەی کە خەونی بوونە پاڵەوانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ دەبینن لەڕێگەی بەکارهێنانی پشتیوانی مادی و مرۆیی ومەعنەوی دەسەڵاتێکەوە کە لە چارەکە سەدەیەکی فەرمانڕەوایەتیدا ئیسلامی کردۆتە بنەمای یاسادانان و پەروەردە ، وە کۆنەپەرستی سەلەفی دژ بە ڕوخساری مەدەنیەت و ماف و ئازادیە مەدەنی و ئینسانیەکان بەکارهێناوە .”*
مەلابەختیار وەک کارگێڕی حزبێک کە وەک خۆی دەڵێ” ڕۆژانە بەرمیلە نەوتی خەڵکی کەرکوک و کوردستان دەدزن” و “پارەی دزی لە ژێرزەمینەکانیاندا دەشارنەوە” و خەڵکی کرێکار و فەرمابنەر و مامۆستا و خانەنشین و هەژاریش موچەیان دەبڕێ و کارەبا و سوتەمەنیان نیە، بێگومان دەبێ ڕەخنەگرتن لە ئاین و هەر بیروڕایەکی دواکەوتوانەش بەخەتی سوور دابنێ تاکو بتوانێ خەڵکی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی دواکەتوانەی میلیشییایی یەکێتی و پارتیدا بهێڵێتەوە.ئەم خەتە سورانە بۆ ڕیگری کردن لە دروستبونی بزوتنەوەیەکە کە ڕەخنەی ڕیشەیی لە هەموو دواکەتوییە فکرییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بگرێ کە بنەمای مانەوەی سیستەمی دزی و ڕاوڕوتەی حزبەکەی و سەرمایەدارانی کوردە.
مەلابەختیار پاڵەوانی” ڕۆشنگەری و عەلمانی”، کارگێری حزبێکە کە لە سێ دەیەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا فرەژنی ژیاندۆتەوە و کردویەتیە یاسا، دیوەخانی بۆ سەرۆک عەشیرەت و شێخەکان داناوەتەوە و مەلا و بانگخواز و سەلەفی و دەروێشی پەروەردەکردوە. بیگومان پیرۆزڕاگرتنی ئاین و شەریعەتی ئیسلامی بنەمایەکی دروستکردنی سوپایەکی فکری و کادری میلیشیاییە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرستانەی وەک یەکێتی و پارتی.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش مەلابەختیارکارگێڕی حزبێکە کە بۆهەر کارێکی ڕۆژانەی دەستور لە جمهوری ئیسلامی ئێران وەردەگرێ . ئەم حکومەتەی لە نیوسەدەی ڕابردودا سەرچاوەی سەرەکی توندوتیژی و توندڕەوی ئیسلامی بوە لە ناوچەکە. هەربۆیە پەیامی هەر کۆنفرانس و کۆنگرەیەکی “دابڕان”دا دەبێ سوێندخواردن بێت بە سەری پیرۆزیەکانی جمهوری ئیسلامی و شەریعەتی ئیسلامی.
مەلابەختیار تەنیا لەو پەیامی تازەگەریەیدا ڕاستگۆیە کە سەرچاوەی توندوتیژیەکانی فەرەنسا بە داواکاری خەلکە هێلەک زەردە کەمدەرامەتەکان دەزانێ! لێرەدایە لە سەرکردەی حزبێکی سۆشیال عەشایەرەوە دەبێتە ڕاوێژکاری ماکرۆن و بڕیاری حکومەتی فەرەنسا بۆ هەژارکردنی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت بەڕەوا دەزانێ و ئەم بڕیار و هێزبەکارهێنانەی حکومەتی بورژوازی بە تاوانبار نازانێ و ئەو خۆپیشاندەرانە بەتوندوتیژ و تێکدەر تاوانابردەکا کە پارێزگاری لە ژیان و گوزەرانیان دەکەن. بێگومان ئەمە هەمان هەڵوێستە کە ئەم کارگێڕە لە کوردستان و ناوچەی سلێمانی دژی خۆپیشاندەران لەم سێ دەیەی حکومڕانی دیموکراسیاندا هەیان بوە. ئەو دیموکراسیەی “بەیەک کورسیشەوە یەکێتی هەر حاکمە چونکە میلیشیای هەیە”.!
پێویستە بۆ هەرکەسێکی ئازادیخواز و ڕەخنەگری کۆنەپەرستی ئاینی ڕۆشن بێت کە پاڵەوانێکی لەم چەشنە ناتوانێ هیچ بەردێک بخاتە سەر بەردی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنگەر و ئازاد و هەر چەپڵەلێدانێک بۆ پەیامی خەتە سورەکانی ئازادی ڕەخنەگرتن بردنە دواوەی ئەو بزوتنەوە ڕەخنەگرانە ڕۆشنگەری و سێکۆلاریستیەیە کە لەدوای شەڕی داعشەوە دژ بە دواکەتویی دینی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک بەشێک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەدەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ناسیونالیستی و ئیسلامی سەریهەڵداوە.
ئەم هەلومەرجە دژوارە ئابوری و سیاسیەی دەسەلاتدارانی کۆنەپەرست لە ناوچەکەدا بەسەر ژیان و خەباتی خەلکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکەدا سەپاندویانە پیویستی بەو دروشمەی مارکسە کە ““ڕەخنەی ئایین، بنەڕەتی هەر ڕەخنەیەكی دیكەیە”. ئەگەر لای سەرمایەداران و حزبەکانیان ڕەخنەی دین خەتی سورە و بەمە سیستەمی پیرۆزی ئێستای سەرمایەداری بەهەموو گەندەڵی و دواکەتویەکەوە دەپارێزن، ئەوا بۆ کرێکار و ئازادیخوازێک کە پێویستی بە گۆڕینی ئەم سیستەمە هەیە ، ڕەخنەگرتن لەم پیرۆزییانە بەشێک لە خەباتێکە بۆ نەهێشتنی پیرۆزی ئەم کۆیلایەتیە فکریە.

Add Comment

Click here to post a comment