وتار

کۆتایى ئەفسانەى ناسیونالیزم و ڕاستیەکانى دەسەڵاتى”خۆمان”

لەسەر ووتارى ( یەکێتى دواى تاڵەبانى) کە لە هەفتەنامەى (هەوالڕ) دا بڵاوم کردەوە ، بەڕێز شێخ بەکر شکراللە ووتارێکى لە ژمارە 188ى هەمان هەفتەنامەدا بەناو نیشانى (کاک ئاسۆ کمال و یەکێتى وپارتى وچەپگەرى) بڵاوکردۆتەوە. من بەوەتاوانبارکراوم کە “درزوکەلێنم خستۆتە ناو لایەنە جیاکانەوە”،کاتێک دەڵێم یەکێتى دواى تالەبانى دەبێتە پلەدوو وپارتى کاربۆ پلەیەکى وباڵادەستى خۆىدەکا، وە دەڵێت ” ئێستا کوردستان داگیرکراوە لەبەر سامانەکەى” لەلایەن داگیرکەرى بێگانەوە بۆیە دەبێت واز لە پێش بڕکآ و لەم بیروبۆچوونە جیاوازە بینین و “ئەم چەپگەرىیە نامانگەیەنێتە ئەنجام وتاکە ڕێگامان کوردایەتیکردنە تاکو سەربەخۆ و خاوەن سامانى کوردستان بین”. ئەوکات “ئەم پێشبڕکآیە ڕەوایە و سەرکەوتنیش بۆ باشترینە”.

ئەمە ئەفسانەیەکى ناسیونالیستى باوە لە کوردستاندا و دەسەڵاتداران دواى 15 ساڵ لە حوکمڕانى و چەندین دەیە لە وجودیان دەتوانن لە سایەى خێروبەرەکەتى ئەم ئەفسانەیەدا ژیانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەسایەى دەسەڵاتى خۆیاندا بهێڵنەوە.
بەلام هەرکەسێک لانى کەم لە ڕاپەڕینى ساڵى 1991ەوە بێت و مێژووى کوردستان سەیربکات دەبینێت کە لە کوردستان حزب ولایەنى سیاسى جیاواز هەیە و کێشە و ململانآى سیاسیان هەیە لەسەر ژیان و چارەنوسى خەڵکى کوردستان. بەتایبەت ئەم جیاوازیانەى نێوان یەکێتى وپارتى لەسەر دەسەڵات ، ژیانى شێخ بەکر و سآملیۆن ئینسانى لە کوردستاندا بۆ ماوەى چوار ساڵ کردە قوربانى شەڕى ناوخۆى 1994 بۆ 1998.ئەم درز و کەلێنانە من دروستم نەکردوە و من باسى واقعیەتى درێژەکێشانى ئەم کێشمەکێشە و ئایندەکەیم کردوە لە دەورەى دواى تاڵەبانیدا. ئەم ئەفسانە ناسیونالیستیەى “لایەنەکانى کوردستان هەموو یەکن” سەرەڕاى دواى 4 ساڵ لەشەڕى ناوخۆ ئێستا دەمەزەرد بۆتەوە، لەبەرئەوەى ڕێکەوتنێکى کاتى لەنێوان یەکێتى وپارتیدا هەیە لەسەر دابەشکردنى دەسەڵات و ئەمە ئەمرى واقیعى هاوسەنگى هێز و بەرژەوەندیە حیزبیەکانى یەکێتى وپارتى دروستى کردۆتەوە نەک ئەفسانەى تاکە ڕێگا کوردایەتىیە تاکو سەربەخۆیی.
ئەوەى سەیرە لەم ووتارەدا ئەوەیە کە نووسەر دواى 15 ساڵ لە دەسەلاتدارێتى دەسەڵاتدارانى “خۆمان”دایە لە کوردستاندا کەچى باسى ئەوە دەکات کە “سامانى کوردستان لەلایەن بێگانەوە داگیرکراوە”. سامانى کوردستان 15 ساڵە لەژێردەستى تاقانەى یەکێتى وپارتى دایە و ڕێگەیان بە بیروبۆچوون و لایەنە جیاوازەکان نەداوە تیایدا بەشداربن و وە “کۆمەڵگاى کوردەوارى ” واتە خەڵکى کوردستان بەگشتى و خەڵکى کرێکار وفەرمانبەر و هەژارى کوردستان بەتایبەتى نەبونەتە “خاوەن سامانى کوردستان” . بۆچى نووسەر داوا لە یەکێتى وپارتى ناکات کە واز لەم پێشبڕکآیەى خۆیان بهێنن لەسەر “سامانى کوردستان” و لێیان ناپرسآ 15 ساڵە ئەم “سامان”ەى لەژێر دەستى بێگانە دەرهاتوە ، کوا؟ ئایا بەرواردى سەروەت و سامانى بەرپرسانى دەسەڵاتى لە کوردستان کردوە لەنێوان 1991 و 2006دا و لێى پرسیون ، ئەمەتان لە کوآ بوو؟ “من ڕین لک هژا؟” ئەم پیُش بڕکآیە لەسەر سامانى کوردستان و شەڕ لەسەر دەسەلات لە کوردستاندا 15 ساڵە بەڕێوە دەچێت و ئەو دابەش بونەى ئێستاى کۆمەڵگاى کوردستان کە ئێستا دەیبینین بە دووچین و دووژیان کە زەوى بۆ ئاسمان بەینیانە، لەوەى دەسەڵاتداران لە دریم سیتى دەژین و باقى خەڵکى کوردستانیش لە تاو بآئاوى و بآکارەبایى و گرانى و گەرما و گەندەڵیدا دەناڵێنن و ناڕەزایەتى دەردەبڕن و خۆپیشاندان دەکەن. دەمێکە زەمینەى ئەوەى فەراهەم کردوە کە ئەم ئەفسانە ناسیونالیستە کۆتایى پآبێت کە گوایە هەموو لایەنەکان و هەموو ئەوانەى لەژێر یەک ئاسمان لە کوردستان دەژین وەکو یەکن و یەک ژیان ویەک بەرژەوەندیان هەیە. ئایا ئەم ئەفسانەیە دەیەوآ چەند 15 ساڵى تر لە سایەى دەسەڵاتى “خۆماندا” بژین و هێشتا بەناوى “کوردستان و کەرکوک” داگیرکراوە داواى دواخستنى ئەم پێش بڕکآى چەپگەرى لەگەلڕ دەسەڵاتدا بکا؟
بزوتنەوەى چەپ و کۆمۆنیستى کرێکارى لەساڵى 1991ەوە ئەم ڕاستیانە دەخاتە بەردەم خەڵکى کوردستان و ڕێگاى دەرچوونى کوردستانى لە وەزعى سیاسى نادیارى ئێستا و ڕابردووى عێراقى بە جیابونەوە زانیوە و ڕێگاى گەیشتنیش بە ژیانێکى ئازاد و خۆشگوزرەانى بەدامەزراندنى دەسەلاتێکى مەدەنى و سکۆلار و چەپ زانیوە کە بەرژەوەندى چینە چەوساوەکانى کوردستان بپارێزآ. ئەم پێش بڕکآیەیە ڕەوایە و سەرکەوتنى ئەم بەرەیەش دەتوانآ سیناریۆى 15 ساڵى ڕابردوو و ئەم ئەفسانەیە کۆتایى پآبێنآ.
لەکۆتاییدا بڵێم ووتارى (یەکێتى دواى تاڵەبانى) خستنەڕووى واقعیەتەکانى ئەو دەورەیەیە کە ئایندەى کوردستان لەسایەى باڵادەستى پارتی دیموکراتى کوردستان و ئایندەى نادیارى کێشەکانى ناو باڵەکانى یەکێتى نیشتمانى بەرەو بەرتەسکبوونەوەى زیاترى ئازادى و زاڵبوونى زیاترى دەسەڵاتى میلیشیایى دەچێت. بزوتنەوەى چەپ و کۆمۆنیستى پێویستە وەڵامى خۆى بەم مەسەلەیە دەداتەوە و بەدیلى خۆى دەخاتە ڕوو و بآگومان جەدەل و ڕەخنە لەسەر ئەم تەوەرە دیاریکراوە گرنگە.

ئاسۆ کمال
‏21‏/07‏/2006

Add Comment

Click here to post a comment