وتار

ئایا گەڕانەوەی ئایدیا گەورەکان گونجاوە؟

    

• هەموو شتێک بەرەو باشتر دەڕوا لەم جیهانەدا کە باشترینە لە نێو جیهانە گونجاوەکاندا. (ڤۆڵتێر).
• بە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی هێزی کار بۆ سەرمایە، کۆمەڵگە دەتوانێ لەسەر ئاڵاکەی دروشمی لە هەر کەس بە پێی تواناکانی، بۆ هەر کەس بە پێی پێویستییەکانی بنووسێ. (مارکس).


دوو شۆڕش و دوو جەنگی جیهانیی کە مێژوویان گۆڕێ.


شۆڕشی فەرەنسی سەدەی هەژدە ئایدیای ئازادیی مرۆڤی وەک تۆپێک بە گوێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا تەقاندەوە ،کە لە ڕینیسانسەوە ڕۆشنگەران کەرەسە هزریی و فەلسەفیەکانیان ئامادە دەکرد. شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا لە سەدەی بیستدا جیهانی بە ئایدیای یەکسانیی مرۆڤەکان هەژاند، کە لە سەدەیەک پێشترەوە بزووتنەوە و شۆڕشە کرێکارییەکان ئاڵای خەبات بۆ جیهانێکی نوێیان دژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریی بەرزکردبۆوە. ئەمانە ئومێد و ئایدیایەکی گەورە بوون کە مێژووی تازەی مرۆڤ لە سەدەی نۆزدە و بیستدا بەمانە دەستی پێ کرد. بەڵام سەدەی بیست و یەک لە نائامادەیی ئەم ئایدیا و ئامانجە گەورەمرۆییانەدا لە سەدەی بێدەنگی دەچێ.


ئەم دوو پەیامەی ئازادیی و یەکسانیی لە سەرەتای ئەم قۆناغە سیاسیی و ئابوورییەی جیهانی سەرمایەداریی تێیکەوتبوو ئایدیا و ئومێد و رەوشت و پەروەردەیەکی مرۆیی گەورەی هێنا و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا مێژووی مرۆڤایەتیی و مێژووی ڕیزگرتنی مرۆڤ لە مافەکانی خۆی دەستی پێکرد و قۆناغی تاریکیی بێ ئاگایی لە ئازادیی و یەکسانیی ڕەویەوە. لیبرالیزم دوای شۆڕشی فەرەنسە و کۆمۆنیزم دوای کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر وەک دوو ئایدیا و مۆدێل کە باسیان لە ئازادیی و یەکسانیی سیاسیی و ئابووریی دەکرد کەوتنە پێشبڕکێەکی مێژوویی. مێژووی دوو سەدەی ڕابردوو مێژووی کاریگەریی ئەم دوو بزووتنەوەیە لیبرالی و کۆمۆنیستییە و چارەنووسی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە چارەنووسی ئەم دوو بزووتنەوەیەوە گرێدرا.


لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەوە کە سیستەمی سەرمایەداریی دەرگیری قەیرانێکی مەزنی ئابووریی بوو. لیبرالیزم وەک سەرچاوەی بەهرەی دیموکراسی و بازاڕی سەرمایە هەرەسی هێنا. بەرگی ئەم داڕمانە ئابوورییە هەموو پیرۆزییەکی لە بەری مۆدێلی بازاڕی ئازاد داماڵی و یەکێک لە ئاکامەکانی سەر هەڵدانی فاشیزم و نازیزم لە نێو بازاڕی سیاسەت و مۆدیلی دەسەڵاتدا بوو. کۆنترۆلی بازاڕ و سیاسەت لەلایەن دەوڵەتەوە بوونە سیمای دیاری سیستەمی سەرمایەداریی و ئایدیا گەورەکانی ئازادیی لە سایەی دوو جەنگی جیهانییدا ئاوابوو.


کۆمۆنیزمیش کە خاوەن پەیامی شۆڕشێکی جیهانیی بوو، لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ رووسیای کردە مۆدیلی کۆمەڵگەیەکی جیاواز لە سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتێکی کرێکاریی دامەزراند. بەڵام هەروەک شۆڕشی فەرەنسە لە بەدیهێنانی ئازادییدا شکستی هێنا ئەمیش لە بەدیهێنانی ئایدیا و مۆدێلی یەکسانییدا شکستی هێنا. سۆڤیەت لە جیاتی دامەزراندنی مۆدێلێکی ئابووریی سۆشیالیستیی کە کۆتایی بە کاری بە کرێ بهێنێ و یەکسانیی ئابووریی بەپێی یاسای کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی “لە هەر کەس بە پێی توانای و بۆ هەر کەس بە پێی پێویستی” بەدیبێنێ، سەرمایەدارییەکی دەوڵەتی لە رووسیادا هێنایە سەرکار کە دڕندەیی چەوسانەوەی هێزی کار هیچی کەمتر نەبوو لە بازاڕی ئازادیی سەرمایە. هاوکات دەوڵەتی دیکتاتۆریی حیزبیی جێگای دەوڵەتی کرێکاریی و مۆدێلی خۆبەڕێوەبردنی شورایی کرێکاریی و جەماوەریی گرتەوە. ناسیونالیزمی رووسیی بووە سیاسەتی جەمسەرێک کە هێشتا بە هەڵە تابلۆی ئەنتەرناسیونالی کۆمۆنیستی لە دەرگای کۆمینترن هەڵواسیبوو. ئەم کۆمۆنیزمە بورژوازییە هاوشانی دیموکراسی پەرلەمانی بورژوازی باڵێکی شەڕی جیهانیی دووەم بوون. ئەگەر قێزەونیی و دڕندەیی ئۆردوگای فاشی و نازی ڕەقیبیان نەبووایە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دیار نەبوو چۆن باوەڕی دەکرد لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم ئەمانە وەک مۆدێلی سەرکەوتوی سیاسیی و ئابووریی قبوڵ بکا.


کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دوای ئومێد و گەشبینییەک کە لەڕێنیسانسەوە تا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە هەڵکشاندا بوو لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ئیتر خۆری ئازادیی و یەکسانیی تێدا ئاوا بوو. ئەم جەنگە پاشەکشەی گەورە بوو بە ئایدیا گەورەکانی ئازادیی و یەکسانیی. داڕمانێکی هزریی و سیاسیی کە جەنگی جیهانیی دووەم و قەیرانی ئابووریی دروستیکرد ڕێگای بە هەر دوو جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بورژوازیدا کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە جەنگێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی “سارد”دا لەقاڵب بدا و جیهان و بازاڕ و دەسەڵاتی تێیدا دابەش بکا. ناساندنی خواستی ئازادیی تاکیی و سیاسیی لە لایەن سۆڤیەتەوە بە ناوی پرەنسیپی سەرمایەداریی و باسکردنی ئایدیا یەکسانییخوازیی بە پیلانی شەیتانی سووری کومۆنیزم لە لایەن ئەمەریکا و ناتۆوە ئامرازێکی کارا بوو بە دەستی ئەم دوو جەمسەرە بورژوازییەوە تا ئایدیا ئازادیی و یەکسانیی و ڕەخنەی ڕادیکال لە سیستەمی سەرمایەداریی ،چ دەوڵەتی و چ بازاڕی ئازاد، لەبیر کۆمەڵگەی مرۆیی بەرنەوە. لە جێگای ئەم خواستە ڕۆشنانەی مرۆڤ بۆ ڕزگاریی و گەشەکردن ،بێباوەڕیی و بە سووک سەیرکردنی ئایدیا گەورەکان و گومان لە تواناکانی مرۆڤ برەوی پەیداکرد لە چەشنی پۆست مۆدێرنیزم.


لیبرالیزمی نوێ و ترسی گەڕانەوەی تارماییە سوورەکە.


کۆتایی سەدەی بیست کۆتایی جەنگی سارد بوو کە جەنگی سێهەمی جیهانیی سەرمایەداریی بوو و جەمسەری سەرکەوتووی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا سیستەمی نوێی جیهانیی لە چوارچێوە و مۆدێلی لیبرالیزمی نوێی کۆنەپارێزدا ئارایش دایەوە. سیستەمێک کە لە ژێر دروشمی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و کۆتایی دیکتاتۆریەتەکان خۆی ناساند. بەڵام نموونەکانی ئەم دیموکراسی پەرلەمانی کۆتایی سەدەی بیست شێوازی کۆمیدیی و گاڵتەجاڕیی بەخۆیەوە گرت، وەک دیموکراسی دەستەگەریی و دینیی و نەتەوەیی وەک عێراق. دیموکراسی سەربازیی وەک میسر. دیموکراسی ئۆتۆکراتی وەک کوردستان. بۆ دەستکەوتەکانی بواری مافی مرۆڤیش ئەوەندە بەسە سەیری میدیا و ڕاپۆرتەکانی (ئەمنستی ئەنتەرناشنال و هیومان ڕایت وەچ) بکەی تا لەسەر کوشتاری سوپای ئەمەریکیی لە عێراق و ئەفغانستان ئاگادارییت هەبێت. کۆتایی دیکتاتۆریەکانیش تەنیا دیکتاتۆرە نەیارەکانی ئەمەریکای گرتەوە. ئەگەر ئاکامی شەڕەکانی دوو دەیەی ڕابردووی سەرکەوتنی ئەمەریکا لە جیهاندا سەیربکەین دەزانین چ نائارامیی و توندوتیژییەک و بەرەودواگەڕانەوەیەکی هزریی و رەوشتیی لەگەڵ خۆی هێنا. ئەم مۆدێلی لیبرالیزمە نوێ یە و بەرنامەی حیزبە پارێزگارە تازەکانی ڕۆژئاوا هەموو ئەو نەرمییەی بەرنامەی کینزی وەلانا کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە کاتی گەشەی زێڕیندا بۆ گێڕانەوەی سەنگینی بۆ بازاڕ و دەسەڵاتی سەرمایە و لە سانسۆر لەگەڵ بلۆکی سۆڤیەتدا ملیان پێ دابوو.


ئەم لیبرالیزمە نوێیە ئێستا “ئۆباما” بە سۆشیالیست ناو دەبا لەبەرئەوەی باسی بیمەی تەندروستی لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتی جیهاندا دەکا. “کامیرۆن” بە “میلیباند”ی حیزبی کریکاران دەڵێ “بەرنامەی ٢ ساڵهەڵپەساردنی چوونەسەری نرخی ووزەت لە پەرتووکی “کاپیتاڵ”ی مارکسەوە وەرگرتوە و بە کۆمۆنیست تاوانباری دەکا. ئەم شان خاڵیکردنەوەیەی دەوڵەتی دیموکراسی لە بیمە کۆمەڵایەتیەکان و ناوبردنی دەوڵەتی خۆشگوزەران بە “ماڵی نەنە گەورە کە ئیتر کاتی بەسەر چووە”، ڕاستی ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە ئایدیا گەورەکانی ئازادیی و یەکسانیی لە سایەی سەدەی سێهەمی سەرمایەدارییدا شارەزایانە و بەبەرنامە چ هێرشێکی گەورەی کراوەتە سەر و چۆن بەرهەمی شۆڕشەکانی فەرەنسە و رووسیا و خەباتی دوو سەدەی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو دەسڕنەوە. پاشەکشە بەم ئومێد و ئاواتە گەورانەی مرۆڤ لەژیانێکی ئازاد و یەکسان کراوەتە هزر و ئایدیۆلۆژیای زاڵی کۆمەڵگە، بە شێوەیەک بیرکردنەوەی جارێکی تر لەم مافە گشتیی و جیهانداگرانە بە سیستەمی تۆتالیتار و لێسەندنی مافی تاکیی و بەزاندنی سنووری دین و فەرهەنگە خۆماڵیی و لۆکالییەکان دەناسێنێت.


ڕەخنەیەک کە پۆست مۆدێرنیزم لە دیکتاتۆریەتی ئایدیا گەورەکانی دەگرێ کە گوایە خەونە بچووکەکان سەرکوت دەکا. لە ئێستادا لەوەدا خزمەتێکی گەورەی کرد بەم لیبرالیزمە نوێ یە کە خوازیاری پوکانەوەی ئایدیا گەورەکانی ڕزگاری مرۆڤە. ئەم بۆچوونەی گومان لە خواستی ئازادیی و یەکسانیی مرۆڤایەتی بۆ ڕزگاربوون لەم سیستەمە ئابووریی و سیاسییەی ئێستای سەرمایەداریی دەکا ،هەوڵی داپاچینی جەستەی ئەم خواستە جیهانگیرەی مرۆڤ دەکا لەسەر تەختەی پێوەری پۆست مۆدێرنی خۆی. ڕەخنە گرتن لە سەرکوتی ئازادییە تاکیی و مەدەنیەکان و سەپاندنی سیستەمی پۆلیسی کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان و قۆرخکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و ژیانی سیاسیی و ئابووریی لەلایەن حیزبێکی سیاسیی یەوە، وە ڕەخنە لەسیستەمێکی بیروکراتی ئیداری حیزبی و دروستکردنی پەرستنی تاک، پێویستە خواستی شۆڕش بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی مرۆیی گوزراشت لێ بکا. پێویستە ئازادیی و یەکسانیی تاکەکان لە ژیانی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا بنەمای بەدیهێنانی سیستەمێکی ئابووریی و سیاسیی جیاواز بێت لە سیستەمی خاوەنداریی دەسەڵات و سامان لەلایەن کەمینەیەکی کۆمەڵگەوە. پۆست مۆدێرنیزم بەڕەخنە لە تۆتالیتاریزم ناگاتە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی کەمینە بەڵکو هەمان کۆنترۆڵی ژیانی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی لەلایەن دەزگا هەڵبژێردراوەکانی کەمینەوە بەدەست لێنەدراوی دەهێڵێتەوە. لیبرالیزمی نوێ لە بناغەدا خاوەنی ئەم ئایدیۆلۆژیە پۆست مۆدێرنیزمەیە کە تاک مل کەچ پێ دەکا لەبەرامبەر دەسەڵاتدارێتی کەمینەی بورژوازی ئێستادا بەڵام لەژێر ناوی پاراستنی ئازادیی و سنووری فەرد لەدەست زۆرداری دەسەڵاتی زۆرینە . ئەم فەلسەفەیەی لیبرالیزمی نوێ هەموو چەکێکی شۆڕش کردن لەدەست تاکی چەوساوەی ژێرسایەی بازاڕی ئازاد دادەماڵێ و فۆبیای خەونی ڕزگاری مرۆڤ و گێڕانەوەی ئومێد بە ئازادیی و یەکسانیی دەکاتە بنەمای کاری ئەو میدیایەی ئێستا جێگای کەنیسە و مزگەوتی گرتۆتەوە بۆ دانانی سنوورەکانی بیرکردنەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵسووکەوتی ڕۆژانەی کۆیلەکانی ئەم سیستەمەی ئێستا.


ئایدیا گەورەکانی ئازادیی و یەکسانیی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان گەیاندۆتە ئەم ئاستەی ئێستای لە ناسین و ڕێزدانان بۆ مرۆڤایەتی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە قۆناغی بەجێهێشتنی بەربەریەتی شەڕ و کوشتن و کۆیلایەتی کار و سووکایەتی و پلەدوویی و هەژاریی، بەرهەمی ڕەخنەگرتن لە بیروباوەڕی باو و دەسەڵاتدار بووە. هەربۆیە گێڕانەوەی سەنگینی بۆ ئەم ئایدیا گەورانە، کە هێشتا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نیازی گەورەی بەبەدیهێنانیانە، پێویستی بەڕەخنەگریەکی بێ بەزەییانەی ئەو هێرشە هزریی و سیاسیی و ئایدیلۆژیانەیە کە لەسەدەیەکدا و لە ژێر زەبری سێ جەنگی جیهانییدا بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە.


شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆپیشاندانەکانی دژی کاپیتالیستی و دژی دەسەڵاتی بانکەکان لە ڕۆژئاوا نیشانەکانی سەرەتایەکی تازە لە ڕەخنە و شۆڕشێکی جەماوەریە لەدژی نەبوونی ئازادیی و یەکسانیی لە جیهاندا. شۆڕشی میسر و تونس بۆ ئازادیی و خۆپیشاندانەکانی یۆنان و ئیسپانیا و فەرەنسە بۆ یەکسانیی سەرهەڵدانەوەی ئومێد و درێژەپێدان بە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادیی و یەکسانیی نمایش دەکەن. بەڵام هەرچۆن شۆڕشی فەرەنسە و ئۆکتۆبەر ئومێدە گەورەکانیان لەگەڵ ڕەخنەگری گەورە و ڕیشەیی لەسەرتاپای ئەم سیستەمی چەوسانەوەیەی مرۆڤ لەدایک بوو ، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئیستا پێویستی بەڕەخنەگریەکی ڕیشەیی و سەرتاپاگیرە لە هەموو پایەکانی هزر و بەرنامەی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ. لابردنی دەسەڵاتی ئیخوان موسلمین لەماوەی ساڵێکدا و دوای ئەوەی لە ڕێگەی دیموکراسی پەرلەمانیەوە بەرنامەی کوشتنی ئازادیی هەبوو، ئاماژەیەک بۆ وجودی “بالقوە” ی ئەم ڕەخنە ڕادیکاڵەی جەماوەری ئازادییخواز دەکا. لە کوردستان هێشتا ئەم ڕادیکالیزمە بەم هێزەوە دەرنەکەوتوە و سەرباری ڕێگریەکانی دەسەڵات بزووتنەوەی گۆڕانیش بووەتە یەکێک لە ڕێگریەکانی بەردەم ئەم ڕادیکاڵ بوونەوەیەی ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسیی و پارێزگاری کردن لە کۆنەپارێزی ئیسلامی بۆ مەرامی سیاسیی و سود وەرگرتن لێی دژ بە دەرچونی ناڕەزایەتیەکان لە فەلەکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پارتی و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆپارێز و نائازاددا.


سەدەی بیست و یەک لەبەردەم ژانێکی گەورەی تری بەدیهاتنی خەون و خواستی گەورەی ئازادیی و یەکسانیی مرۆڤدایە. ئەوەی ئەم ژانە دەکاتە لەدایک بوونێکی نوێی ڕەخنەگریە لە هەرچی موقەدەساتێکی دینی و سیاسیی و کەلتووری کە کۆیلایەتی مرۆڤ دەپارێزێ. هیچ بیانو و تەبریرێکی تیوری نابێ لەبەردەم ڕەخنەی ڕیشەیی و ڕادیکال لە گونجاو نەبوونی ڕزگاربوونی مرۆڤ لەدەست سیستەمێکی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی کە زادەی دەستی مرۆڤ خۆیەتی بتوانێ خۆی ڕاگرێ. ئەو مرۆڤەی توانی تیۆریەکانی سوڕانەوەی خۆر بەدەوری زەوی و دەسەڵاتی نوێنەرایەتی خوا لەلایەن کەنیسەوە لە کار بخا، وە توانی لە یاسای کۆیلایەتی بەرهەمهێنانی سوود بۆ کەمایەتییەک و پیرۆزیی خاوەنداریی سەرمایەداران هەڵگەڕێتەوە، دەتوانێ لە ئەزموونی دوو سەدەی ڕابردوو دەرسی ئەوە وەرگرێ کە هەر مۆدێل و هزر و بەرنامەیەک کە بە خواستی ئازادیی و یەکسانیی ڕاستەقینەی نەگەیاندوە بخاتە پاڵ ئەو ناپیرۆزییانەی تر کە شوێنیان مۆزەخانەی خورافاتی مێژووی پێش لەدایک بوونی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤی ئازاد و یەکسانە. کاتێک ئەو ڕەخنەیەی مارکس لە کار توانرا جیهانی ئێستا بخاتەوە سەرپێی خۆی و کاری مرۆڤ لە کۆیلایەتی بۆ کرێ و سەرمایەوە گۆڕدرا بۆ پێداویستی باشترکردنی ژیانی هەموان، ئەوکات ئەو جیهانەی ڤۆڵتێر دێتەدی کە هەموو شتێک تیایدا بەرەو باشتر و بوژانەوەی مرۆڤ و ئازادیی ڕەهای سیاسیی و ئابووریی لە دەست ستەمی کەمینە و زۆرینە دەڕوا. ئەمە کارێکە کە لە گرەوی ڕەخنە و پراتیکی شۆڕشگێڕانەدایە و قەدەر نییە. سەرمایە لە هەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە “دەیەکانی قەیران”ی تێدەپەڕێنێ و لە قەیرانی ئەمجارەی بانکەکاندا وێنەی تارماییە سوورەکەی کتێبی “سەرمایە” ترسی گەڕانەوەی ئەم جۆرە ڕەخنە ڕیشەیی و سەرتاپاگیرەی ژیاندۆتەوە.

Add Comment

Click here to post a comment