سێکولار

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا

کاتێ شادی و خۆشی تۆبە بە دواکەوتویی دەکا مەلا هەڵۆ کاتێک وەک میراتگری داعش بەرامبەر بە “ماریا هەورامی” کەوتە سوکایەتیکردن نەیدەزانی سەردەمی داعش لە کوردستان بەسەر چوە. خەڵکی کوردستان لە تەجروبەی وەحشیگەریەکانی داعشەوە حەساس بوە بەرامبەر بەم ڕەفتار و کردەوانەی ئیسلامیەکان هەربۆیە فشارێکی جەماوەریان لە کوردستان و دەرەوە خستە سەر ئەم مەلایە تاکو وایان لێکرد تۆبە بکا. ئەمە نیشانی دەدا کە مەیدان لەو کەس و لایەنانە بەرتەسک بوەتەوە کە دەیانەوێ ڕێچکەی داعش بگرنە بەر. ناوەندی سیکۆلار لە کوردستان پێشوازی لەم سەرکەوتنەی دەنگی پێشکەوتنخوازی دەکا. ئەم نمونانەی ئازادی گۆرانی وتن و هەڵپەرکێی لاوان و ژنان و خەڵکی ئازادیخواز لەسەر شەقام بەشێکە لە فەرهەنگی گلۆباڵ و دنیای مۆدێرنی تیکەڵاوبونی کوڕان و کچان و ئاواز خویندن و مۆسیقا و شادی بەکۆمەڵ کە ڕەنگێکی نوێ بە ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان دەدا. ئەم خەڵکە دەیەوێ دنیای ئێستا لەو داخراوی و دواکەوتوییە پاک بکرێتەوە کە باکگراوندی دۆخی تاوانەکانی ئاوایی حەمە و شەنگال و ئەنفالە. لە کوردستان ئەم دەستێوەردانەی مەلا و دین بەشێکە لە سیستەمی حوکمڕانی و هێشتا بودجە و وەزارەت و پۆست و ڕیکخراوەی جۆراوجۆریان لە خزمەتدایە. ئێستا هەموو ئەمانە لەم شکستەدا خەمی ئەو دامودەزگا و جێگا و ئیمکانەتانەیانە کە هەیانە و دەیانەوێ بیپارێزن لە توڕەیی و ڕادیکاڵ بونەوەی خەڵکی مۆدیرن و سیکۆلار و ئازادیخواز. ئەم کۆنەپەرستیە بۆ نزیک بە سێ دەیەیە لەپاڵ دەسەڵات و بەپشتیوانی ئێران و سعودیە و تورکیا بەردەوام لە هەوڵی سەپاندنی یاسا و نەریتی دواکەوتوانەدا بوون بەسەر خوێندن و پەروەردە و یاسا و دادگا و ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی هونەر و گۆرانی و پەیکەرسازی و هەموو ڕوخسارێکی پێشکەوتوانە لەکوردستاندا. پشتیوانی بەرفراوان لە “ماریا هەورامی” نیشانی دەدا کە خەڵکی کوردستان ئازادی و شادی پێ گرنگتر و پڕبایەخترە لە دابونەریت و فەتوا و“ئامۆژگاری” کۆن و بەسەرچوو. ئەو فشارە بۆسەر مەلا هەڵۆ دەبێ ڕوبەڕوی هەموو ئەوانە بێت کە، دەیانەوێ بیروڕای دینی بکەنە پاساوی هێرشکردنە سەر ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان . لەهەر هەوڵێکی ئەم کەس و لایەنەدا بۆ بەستنی دەرگای حەز و ئارەزوو و شادی و مۆسیقا و گۆرانی و خۆشیەکانی ژیان بە پەتی بیروڕا ویاسای دواکەوتوانە دەبێ بەهەمان شێوەی شکستی پێ بهێنرێ. ئایندەی ئازادی و شادیەکانی ژیان و گەشەکردنی کەلتور و فەرهەنگی مۆدێرن بە دەنگی بەرزی ئەم بزوتنەوە ئازادیخوازی و سێکۆلارەی خەلکی کوردستانەوە پەیوەستە و پیویستە ئەم بەرەیە ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر و یەکگرتوتری بکەین تا دین لە دەسەڵات و پەروەردە و یاسا جیادەکەینەوە و کەس نەتوانێ بیروڕا و دینی خۆی بەسەر ژیانی گشتی وهاولاتیاندا بسەپێنێ.

ناوەندی سیکۆلار لە کوردستان

١٥ ئابی ٢٠١٩

Add Comment

Click here to post a comment