نارەزایەتیەکان

داواکاری خەڵکی هەژاری عێراق و کەڵبە ئیسلامیەکانی عادل عبدالمهدی

لە ماوەی چەند ڕۆژێکی خۆپیشاندانی خەڵکی کرێکار و بێکار و هەژاری عێراقدا دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندارن. داخوازی ئەم خۆپیشاندەرانە ژیانێکی باشتر و کار و شوێنی نیشەجێبون و ئاو و کارەبا ، ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە دەریایەک گەندەڵی و دەسەڵاتی میلیشیایی شیعەکان و دەستدرێژیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران.

عێراقێک کە چوارەمین وڵاتی دنیایە لە زەخیرەی نەوتدا ١٠ملێون خەڵکی هەژاری ڕۆژانە ژیان بە ٢ دۆلار دەگوزەرێنن. ١٧٪ خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی بێکارن. هەرچی سامان و داهاتیشە بۆ کەمایەتیەکی سیاسی شیعە و سونە و میلیشیا شیعەکانی سەربە جمهوری ئیسلامی ئێران سەرف دەکرێ. ئەم حکومەت و دەسەڵاتە ئیسلامیە هیچ ئاسەوارێکی لە مەدەنیەت و خۆشگوزەرانی نەهێشتۆتەوە و عێراقی کردۆتە جەهەنەمێکی ڕاستەقینە بۆ خەڵک.خەڵک لە دژی ئەم جەهەنەمە کە ئیسلامی شیعە بۆ خەڵکی دروست کردوە هیچ ڕێگایەکی تریان نیە جگە لە دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی.
ڕیشەی ناڕەزایتیەکانی ئەم وڵاتانەی وەک عێراق و ئێران و میسر و تونس و وڵاتانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست نیشانی دەدا ئەوەیە کە ئابوری سەرمایەداری لەم شوێنانەدا جگە لە کەڵەکەی سەرمایە لە چەند مەیدانێکی دیاریکراو و بەرتەسکدا هیچ کار و پێویستیەکی تری نیە بە باقی هێزی ملێونی بێکار لەم وڵاتانەدا. بێگومان سەرمایەی بەدەست هاتوش لەم مەیدانە دەگمەنانەدا تەنیا لە خزمەت کەمایەتیەکی سیاسیدا سەرف دەکرێ کە دەتوانن ” کۆنترۆڵی کاروبارەکان” لەلایەن هێزی چەکداریانەوە بپارێزن. ئەمە سیناریۆی سەرکوتگەری دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە پێناو بە هەژاری هێشتنەوەی خەڵک و ملکەچ پێکردنیان دەبێ کەڵبە خوێناویەکانی دەسەڵاتی میلیشیایی نیشانی خەڵک بدرێ.
تایبەتمەندی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی عێراق لەوەدایە کە سەرەڕای ئەوەی هەرکام لە حکومەتی هاوبەشی ئەم حزبە شیعی و سونە و کوردیانە کە دێنەسەرکار پێشتر بە شێکیان خۆیان لەسەر پشتی ئەو ناڕەزایەتیانەوە گەیشتونەتە کورسی دەسەڵات. لە نەبونی هێزی ڕیکخراو و سەربەخۆی خەڵکی کرێکار و ناڕازی عێراقدا بێگومان ناڕەزایەتیەکانیش لە ململانێی ئەم هێزە شیعە و سونە و ئێران و ئەمریکادا بەکاردێ.
بەڵام ڕێگا ئەوەنیە کە خەڵک ناڕەزایەتی دەرنەبڕن چونکە ناڕەزایەتیەکانیان تێکەڵاو بە شەڕی ئەم دوژمنانەیان دەبێ بەڵکو ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەری خۆپیشاندەری کرێکار و زەحمەتکێش ئاراستەبکرێ و ئەمەش تەنیا لە توانای ئەو کەس و لایەنانەدایە کە لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەدا دەوری ڕێکخەر و پیشڕەوی ئەو جەماوەرە دەبینن. ئەم کەس و لایەنانە دەبێ بە فشاری ئەم ناڕەزایەتیانە بتوانن هەم دەستکەوتی مادی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بەسەر حکومەتی عادل عبدالمهدی دا بسەپێنن و هەم خەڵک زیاتر وشیارتر و یەکگرتوتر بکەن لەدژی ئەم دەسەڵاتە هەزار سەرەی بورژوازی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا ژیانی خەڵکی عێراقی کردۆتە جەهەنەم تا خۆیان لە سایەی بەهەشتی خێری نەوت و شەڕو تیرۆر و سەرکوتدا بژین.

Add Comment

Click here to post a comment