پیشنیار کردنی “یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌کان” و ڕاگه‌یاندنی “که‌مپینی به‌رگرتن به سنوردارکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین” بۆ به‌رگرتن به‌م یاسایه ، جه‌ده‌ل و باسێکی زیندووی خوڵقاندووه سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ئازادی له کوردستان. ئه‌بوبه‌کر عه‌لی وه‌ک که‌سێک له سه‌نته‌ری بڕیاری یه‌کێک له هێزه ئیسلامیه‌کاندا ، وه‌ک ڕه‌خنه‌گری ئه‌م که‌مپینه وبۆ پشتیوانی کردن له‌و یاسایه له دوو به‌شدا وتارێکی (خه‌می ئازادی راده‌ربڕین و خه‌ونی به‌پاڵه‌وان بوون) له ڕۆژنامه‌ی “هاولاتی”دا بلاو کردۆته‌وه ، که ده‌توانیت پاساوه‌کان وپێویستیه‌کانی ئیسلامی سیاسی وه‌ک یه‌کیک له لایه‌نه‌کانی به‌رگریکه‌ر له‌م یاسایه به‌یان بکات . وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م ووتاره پولمیک(polemic) و ئارگومێنتێکه بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی بنه‌ماکانی وه‌ستانه‌وه به دژی ئه‌م یاسایه و ده‌رخستنی ڕاستیه‌کانی پشتی تێڕوانینه جیاکانی هه‌ردوولایه‌نی ئه‌م کیشمه کێشه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی .
ڤۆلتێر و” ڤۆلتێریزمی ئیسلامی”
له به‌رامبه‌ر ئه‌و تایتله‌ی” که‌مپینی..ئازادی ڕاده‌ربڕین”دا ” من رای تۆ ناسەلمێنم ، بەڵام تا مردن بەرگری لە مافی تۆ دەکەم بۆ وتنی ” که ووته‌یه‌کی ڤۆڵتیره ، ئه‌بو به‌کر عه‌لی ده‌ڵیت ” پێناجیت شانسی به ڤۆلتێر بوون له وڵاتی ئێمه‌دا زۆر بێت به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ ئاماده‌کردنه‌وه‌یه‌کی پیرۆز و ده‌ستکاری نه‌کراوانه‌ی ڤۆڵتێر له واقعی ئێمه‌دا نه‌ک سوود وه‌رگرتن له هه‌ناسه‌کانی ” ، له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕای ئه‌و ” په‌ره‌سه‌ندنه مێژووییه‌كانی خۆرئاواش له‌په‌یوه‌ندی به‌جه‌ده‌لیه‌تی نێوان كڵێسا‌و ئازادی به‌جۆرێ له جۆره‌كان ، سێبه‌ری به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س و ناوه‌ندا داناوه ” . لیره‌دا کاک ئه‌بوبه‌کر گواستنه‌وه‌ی ” ڤۆڵتێر”ی وه‌ک خۆی بۆ کوردستان بۆیه به‌دڵ نیه چونکه بەرگری لە مافی به‌رامبه‌ره‌که‌ی دەکا بۆ وتنی ڕایه‌ک له‌سه‌ر ئیسلام و ئایین،که ئه‌و نایسه‌لمێنێ . ئێستا به‌م مافه ده‌ڵێن ئازادی ڕاده‌ربڕین و بوه‌ته به‌ندێکی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ .
ئه‌م ڕاستیه کاتێک ده‌رده‌که‌وێ که نووسه‌ر خه‌ریکه به حسابی خۆی به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ناسه‌کانی ڤۆڵتێر به‌رگری له “یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌کان” له واقعی کوردستاندا ده‌کات، ئه‌م یاسایه که ده‌ڵێ ” هه‌موو که‌سێک له کوردستاندا ده‌بێ ته‌قدیسی ئیسلام و دین و خواوپێغه‌مبه‌ره‌کانیان بکات و ئه‌گه‌ر دروشمە ئایینیەكان و وێنه‌ی ناشایسته‌ی پێغه‌مبه‌ره‌کان وبەكارهێنانی ناوەڕۆكەكانی قورئان بەناشیاوی به‌کارهاتن له‌هه‌ر شوێنێکدا ده‌بێ زیندان و پۆلیس و دادگا سزای ئه‌م تاوانبارانه بدا بە مادده‌ی سێهه‌م : زیندانی كە لە (5) پێنج ساڵ كەمتر نەبێت و لە (10) ساڵ زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەك كە لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 50 میلیۆن زیاتر نەبێت. وه به‌ماددەی چوارەم:هەر هۆیەكی ڕاگەیاندن ئەم كردەوانەی ماددەی (3) بڵاو بكاتەوە دادەخرێت بۆ ماوەیەك لە یەك ساڵ زیاتر نەبێت و لە شەش مانگ كەمتر نەبێت لەگەڵ غەرامەیەك كە لە 10 ملیۆن كەمتر نەبێت و لە 50 ملیۆن زیاتر نەبێت.”
به‌ڕاستی ئه‌م یاسایه‌ی نووسه‌ر پشتیوانی ده‌کا نه‌ک هیچ په‌یوه‌دنیه‌کی به “هه‌ناسه‌کانی ڤۆڵتێره‌وه” نیه به‌ڵکو ئاماده‌کردنه‌وه‌یه‌کی پیرۆز و ده‌ستکاری نه‌کراوی “یاسای ئینکیوسیشن (Inquisition)دادگای پشکنینی کلێسای کاسولیکی ڕۆمانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته که هه‌ر دژایه‌تیه‌کی ده‌قی ئنجیل و دروشمە ئایینیەكان و وبەكارهێنانی ناوەڕۆكەكانی مه‌سیحیه‌ت بەناشیاوی سزای گرتن و زیندانی و کوشتن و سوتاندنی ڕۆشنبیر و زانا و ڕه‌خنه‌گرانی به‌شوێنه‌وه بوو، نه‌ک ڤۆڵتێر. گالیلۆ یه‌کێک له قوربانیه‌کانی ئه‌م دادگایانه بوو کاتێک سه‌لماندی که ئینجیلی مه‌سیح هه‌ڵه‌یه که ده‌ڵێ ڕۆژ به‌ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه.ڕێنیسانس و ڤۆڵتێر له‌دژی ئه‌م یاسای پشکنینی بیروباوه‌ڕ شۆڕشی فیکری و ڕۆشنگه‌ریان ده‌ست پێ‌کرد و له‌وکاته‌وه له خۆرئاوا ئینسان له‌ده‌ست کۆت وبه‌ندی ئایینی له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین ڕزگاری بوو.هه‌ربۆیه نووسه‌ر ناتوانێ “یاسای دادگای پشکنینی بیروباوه‌ڕ” ی ئیسلامی ناوی ڤۆلتێریزمی ئیسلامی لێبنێ و باشتره ڕاشکاوانه و بێ سه‌رلێشێواندن پێناسه‌ی ئیسلامی بۆ ئه‌م یاسایه دابنێ تا خوێنه‌ر ناکۆکی ڤۆلتێرو جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی به بیری ته‌قدیس کردنی ئایینی لا ڕۆشن بێت.
“شیواندنی چه‌مکی ئازادی” یان ” یاسای پشکنینی بیر و باوه‌ڕ”
کێشه‌یه‌کی تر که ئه‌بوبه‌کر علی له‌گه‌ڵ چه‌مکی ئازادی هه‌یه‌تی ئه‌وه‌یه که ئه‌م چه‌مکه شێوێندراوه. ئه‌و ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین و ئازادی ویژدان و ئازادی باوه‌ڕبوون به ئایین یان بێ دینی یه که ئێستا بوه‌ته مافێکی گه‌ردوونی هه‌موو ئینسانێک ، لای نووسه‌ر ئه‌م یونیڤێرساڵ بوون و گه‌ردوونی بونه‌ی ئازادی کێشه‌یه. ئه‌و ده‌ڵێ”به سه‌نته‌ر کردنی ئه‌زمونه مێژویه‌که‌ی خۆرئاوا سه‌باره‌ت به ئازادی جۆرێک له نامۆ بوون و نائومیدی له به‌رجه‌سته‌بوون له ئازادی له نێو کۆمه‌ڵگادا په‌ره پێده‌دا”. به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و ئازادیه فکری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی خه‌باتی مرۆڤایه‌تی له‌چه‌ندین سه‌ده‌دا له خۆرئاوای دیکارت و میل و مارکسه‌وه تا خۆرهه‌ڵاتی گاندی و ئه‌فریقای ماندیلاوه تا بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازانه له‌نێوکۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا،کاتێک نامۆیه و نائومێدی بۆ که‌سان و لایه‌نێک دێنێ که خۆیان به‌شێک نه‌بن له‌م مێژووه‌ی ئازادی مرۆڤایه‌تی و ئه‌م مێژووه به دژی بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆیان بزانن. له به‌شێکی تردا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه له‌زمانی نووسه‌ره‌وه به‌م شێوه‌یه به‌یان ده‌کرێ ” شێواندنی چه‌مکی ئازادی که مێژویه‌کی هه‌یه له کوردستاندا ، و له لایه‌ن مارکسیزم و لیبرالیزم و سته‌مکاری هێزه چه‌پ و ناسیۆنالیسته‌کاندا شێوێندراوه وه کراوه‌ته دژایه‌تی کردنی ئیسلام و گاڵته کردن به دروشم و په‌رسته‌کانی” و” له حه‌فتاو هه‌شتاكانی وڵاتی ئێمه‌داو، به‌ناوی ماركسیزمه‌وه هه‌ندێ شت ده‌وتراو ده‌كرا، كه هه‌ست به غوربه‌تێكی دینی قوڵی بۆ مرۆڤی ئایندار دروست ده‌كرد”.هه‌ر بۆیه “پێویستیمان به بیناكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كه‌و، پێناسه‌كردنه‌وه‌و دابرانیه‌تی له‌گه‌ڵ فۆرم‌و ناوه‌رۆكه شێواوه پێشوه‌كانی”.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م شێواندنه‌ی مێژووی کوردستاندا پێویسته بڵێین که ئه‌م مێژووه‌ی ئازادی له‌کوردستان دابڕاو نه‌بوه له‌مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ، ململانێ له‌سه‌ر ئازادی به‌شێکی هه‌میشه زیندوی ئه‌م مێژوه بوه. کاتێک کوردستان وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن پێ ده‌نێته سه‌ده‌ی بیسته‌وه و ده‌که‌وێته ژێرکاریگه‌ری ڕه‌وه‌نده فکری و سیاسی و ئه‌ده‌بی وکاریگه‌ری پێشکه‌وتنه‌کانی دنیای سه‌رمه‌یه‌داری و ده‌ستکه‌وته زانستیه‌کانیه‌وه ، دوورکه‌وتنه‌وه له ئایین و ڕه‌خنه‌گرتن له دیارده دواکه‌وتوه‌کانی له‌بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و دروست بوونی حزبه سیاسیه‌کان و به‌شداری خه‌باتی دژی داگیرکه‌ران و کرانه‌وه‌ی زانکۆکان و به‌شداری ژنان له‌بازاڕی کار ، ئه‌مانه ده‌بێته سیمای کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی کوردستان له‌پاڵ ژیانی له عێراقدا که هه‌مان توخمه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن تێیداگه‌شه‌ی ده‌کرد. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ئایین و دروشمه‌کانی به‌شێک بوون له‌م واقعیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن ی کوردستان که له‌زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌کانی تردا هه‌بووه. هه‌ر له نوسه‌ر و شاعیره ناوداره‌کانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست تا ده‌گات به شێرکۆ بێکه‌س و قوبادی جه‌لی زاده شاعیره‌وه تا لیکۆڵه‌وه‌ر‌انی وه‌ک عبدالخالق معروف و فوئاد مجید میسری و مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ییی و سه‌روه‌ر پێنجوێنی وه تا سیاسیه‌کانی وه‌ک ڕێبوار ئه‌حمه‌د و مه‌لا به‌ختیار و وه ده‌یان نوسه‌ری تر و چه‌ندین ڕۆژنامه و ڕێکخراو و ده‌زگای راگه‌یاندنی تر که ئه‌مڕۆ له‌م ریزه‌دان .
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه واقعیه‌تێکی مێژوویی و یونیڤیرساڵی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنن بۆچی ڕه‌خنه‌گرتن له ئایین و ئیسلام له‌کوردستاندا به لادان و شێواندنی ئازادی داده‌نرێ له‌لایه‌ن ئیسلامی سیاسیه‌وه و ئایا ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌مکی ئازادی له”یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌کان” ی نووسه‌ری ووتاری “خه‌می ئازادی و..”دا چ پێناسه‌یه‌کی تازه‌ی بۆ ئازادی تێدایه ؟
له وتاری کاک ئه‌بوبه‌کردا هیچ پێناسه‌یه‌کی نوێ بۆ ئازادی به‌رچاو ناکه‌وێ به‌ڵکو سنووری ئازادی دیاریکراوه و کۆت و به‌ندی بۆ دانراوه و ناونراوه ئازادی لۆکا‌ڵی . بۆ نمونه ده‌ڵێ”” له وڵات و ناوچه‌یه‌كدا كه‌هێشتا ئاین هێزو ئاماده‌یی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه ،زیاتر پێویستمان به‌و یاسایانه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی یاری به‌ئاگری هه‌ستی ئاینی خه‌ڵك نه‌كرێت و، ئه‌و هه‌سته ده‌سته جه‌معییه بریندار نه‌كرێت و، له‌و سۆنگه‌وه كه كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ‌ده‌كه‌وێته‌وه”. لێره‌دا باس له پاراستنی پیرۆزیه‌کانی هێزێکه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیسلام هێزی هه‌یه ده‌بێ به‌یاسا ته‌قدیس بکرێ تاکو له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا ئه‌و هێزه دژی ڕه‌خنه‌گران به‌کارنه‌هێنێ. واته ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلام ده‌بێت سنووری بۆ دابنرێ تا هێزی ئیسلام نه‌وروژێنرێ و دوکانی مه‌شروب و شوێنه گشتیه‌کان نه‌سوتێنرێ و هه‌ڕه‌شه له‌وانه نه‌کرێت که ڕه‌خنه له ئیسلام ده‌گرن. که‌وایه به پێی مه‌بده‌ئی نوسه‌ر هه‌ر دین و بیروباوه‌ڕێک له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی هه‌یه و ده‌توانێ خه‌ڵک کۆبکاته‌وه ، ده‌بێ باوه‌ڕو ئاینه‌که‌یان به پیرۆز دابنرێ تاکو کاره‌سات نه‌قه‌ومێنن ، له ڕوانگه‌ی نوسه‌ره‌وه ئه‌مه نمونه‌ی ئازادی لۆکاڵیه . به ڵام له راستیدا ئه‌مه ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافی تاکه‌که‌س پێشێلکردنه له‌لایه‌ن زۆربه و دام وده‌زگای دینی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه نه‌ک چه‌مکی نوێی ئازادی . ئه‌مه چه‌مکی ئازادی ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاتێکه بۆ دانانی کۆت وبه‌ندی یاسایی بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین واته ته‌سلیم کردنی ئازادی جه‌ماوه‌ر (خواره‌وه) به ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و قه‌زایی و سیاسی حکومه‌ت (سه‌ره‌وه). ئه‌مه سانسۆر وسه‌رکوتی ئازادیه له‌لایه‌ن ئایینه‌وه. له‌م سیسته‌مه‌دا مافی تاکه‌که‌س و هاوڵاتی وجودی نیه و ئه‌بێ پاشکۆی ئاین و باوه‌ڕی زۆربه‌یه‌کی ڕێکخراو بێ. ئه‌مه لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئازادی فه‌ردیه له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ،که لێره‌دا ده‌زگای سانسۆری دینیه.ئه‌مه هه‌مان سیسته‌می تۆتالیتاری بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاته که ڕێگای به‌نه‌یارانی سیاسی ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌دا چالاکی سیاسی و ئازادی ڕاده‌ربڕینیان هه‌بێ . ئه‌مه هه‌مان سیسته‌می ئیسلامی و تیۆکراسی ئێران و سعودیه‌یه که له‌سه‌ر نه‌پاراستنی پیرۆزیه‌کانی ئیسلام ساڵانه سه‌دان که‌س ئیعدام ده‌کرێ.
هه‌ربۆیه ئه‌م چه‌مکی ئازادیه‌ی کاک ئه‌بوبه‌کر باسی ده‌کا پێناسه‌که‌ی ئاشکرایه ئه‌ویش ئازادی بۆ ئه‌وانه‌ی پیرۆزی ئیسلام ده‌پارێزن و سزاش بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌و یاسا و شه‌ریعه‌تانه به موقه‌ده‌س نازانن وڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن. ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا مافی ساده و هه‌میشه‌یی هه‌ر ئینسانێکه که دێته‌دنیاوه. ناکرێ که‌سێک مافی نه‌بێ که سه‌رنجی کۆمه‌ڵگا بۆ لای ڕه‌خنه‌ی خۆی ڕابکێشێ سه‌باره‌ت به فره‌ژنی و نیوبه‌شی ژن له میرات و کوشتنی “بێ باوه‌ڕه‌کان”به‌دین و که به‌پێی مادده‌ی یه‌که‌می “یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌کان” ئه‌مانه تاوانە لەلایەن هەر كەس و لایەن و دەزگایەكەوە بێت و بە ئازادیی ڕادەربڕین دانانرێت”.
به‌ڕاستی ئه‌م چه‌مکی تازه‌ی ئازادی ئیسلامی که جیاوازه له “ئازادی شێوێنراوی” ڕۆژئاوا، به‌هه‌مان شێوه‌ی ڤۆلتێریزمی ئیسلامی که ڕۆشنگه‌ری خسته شوێنی کلیسای کاسولیکی ڕۆمانی جێگای سه‌رسوڕمانه وسه‌یروسه‌مه‌ره‌یه.!! باشه بۆ خستنه‌ڕووی یاسای سانسۆرکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین چ پێویست به‌داهێنانی نوێ بۆ چه‌مکی ئازادی ده‌کا؟ بۆ ڕاشکاوانه وه‌ک کلیسای کاسولیکی ناوی نانێن “یاسای پشکنینی بیروباوه‌ڕ(Inquisition)”؟!ئه‌مه‌یه ئیسلامیزمی نوێ که له یاری ناو بازنه‌ی دیموکراسیدا کار بۆ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات ده‌کا.
سه‌رابی دیموکراسی ئیسلامی
ئه‌و هه‌موو پێشه‌کیه‌ی ئه‌م نوسه‌ره ئیسلامیه له‌سه‌ر ئازادی ڕه‌خنه و ڕاده‌ربڕین و به‌ئاشتی پێکه‌وه ژیان و لێبورده‌یی هێناویه‌تیه‌وه له‌ڕاستیدا ڕوپۆش کردنی مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌که که ته‌وژمی ئیسلامی له گۆڕانکاریه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئێستا به دوایه‌وه‌یه‌تی. به‌رگریکردنی نووسه‌ر له ئیسلامی کردنه‌وه‌ی فه‌زای گشتی و کردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی به یاسا له‌ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه وه به‌ڕه‌وا زانینی هێرشکردنه سه‌ر دوکانی مه‌شروب و ئوتێلی گه‌شتیاری و شوێنه گشتیه‌کان ،وه پاساودانی به‌وه‌ی ئیسلامی میللی به‌رگری له بیروباوه‌رو كه‌رامه‌ت و كه‌سێتی مه‌عنه‌وی خۆی ده‌كات”، هه‌موو ئه‌مانه له‌ژێر ناوی چاکردنی چه‌مکی ئازادی و چاره‌سه‌رکردنی سه‌رپێچی له پاراستنی پیرۆزیه ئایینه‌کان به‌یاسا ده‌کرێت. ئامانج له‌م ڕوپۆشکردنه سوود وه‌رگرتنه له زه‌مینه‌یه‌ک که سه‌رابی “دیموکراسی بوونی ئه‌م هێزه ئیسلامیانه ” بۆ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات ده‌یڕه‌خسێنێ. ئه‌وان گۆڕینی زمان تا به‌رنامه‌ی سیاسی ده‌که‌نه وه‌سیله تاکو مۆدێل و سیسته‌می ئیسلامی خۆیان پیاده‌بکه‌ن به‌ناوی هه‌ڵبژاردن و دیموکراسیه‌وه ،به‌ڵام ئاشکرایه که ناوه‌رۆکی ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه و یاساکانی ئیسلامی سیاسی هه‌مان به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی ئازادیه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌کانه .هه‌ربۆیه کۆمه‌ڵگه هه‌میشه پێویستی به خۆپاراستن له هێرشه‌کانی ئه‌م ته‌وژمه ئیسلامیه هه‌یه بۆ سه‌ر مه‌ده‌نیه‌تی خۆی که به‌ناوی زۆرینه‌ی موسڵمان بوونی کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌یکا. گۆڕینی ئه‌م مۆدیرنیزمه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌و فه‌زا گشتیه ئیسلامیه‌ی ئێستا له سعودیه وئێران هه‌یه و سه‌پێنراوه زه‌مینه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامیه‌کان ده‌ڕه‌خسێنێ و هه‌وڵ و پشتیوانی ئه‌م نوسه‌ره که له سه‌نته‌ری بڕیاری هێزێکی ئیسلامیدایه له”یاسای پاراستنی پیرۆزیه ئاینیه‌کان” له‌و پێناوه‌دایه .
ڵیره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌نجامگیری ئه‌م ووتاره‌ی کاک ئه‌بوبه‌کر علی له‌م هه‌موو ” سود وه‌رگرتنه له هه‌ناسه‌کانی ڤۆڵتێر ” و ” ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌مکی ئازادی” ته‌نها بۆ به پیرۆزکردنی یاساکه‌ی مه‌لابه‌شیری ئه‌ندام په‌رله‌مانی پارتی و مه‌لا بیلال سلیمانی ئه‌ندام په‌رله‌مانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فراکسیۆنه ئیسلامیه‌کانه بۆ به‌ده‌ست هێنانی ” ئازادی سزادانی خه‌ڵکی ڕه‌خنه‌گر له ئایین به پێێ یاساکه‌یان ” و ئاڵوگۆڕ پێدانی “فه‌توای ئایینی ” دوێنێ به ” یاسای په‌رله‌مانی” ئه‌مڕۆ یه ، ئه‌مه‌یه خه‌ونی بێ ده‌نگ کردنی ئازادی له کوردستان .
ئاسۆ کمال
05/06/2012
Add Comment