وتار

ڕێگای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان کامەیە؟

دەسەڵاتی هەردوو حزبی چەکداری یەکیتیءپارتی لە کوردستان کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری کە خواستی نەهێشتنی دەسەڵاتی چەکداری و گەندەڵی و لەپیناو ئازادیء ئالوگۆری ئابوریء سیاسیء کۆمەلایەتیدا لە مەیداندا بەردەوام ڕاوەستاوە. ئەم بزوتنەوە سیاسیە کەلە کوردستان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقادا بەڕێکەوتوە ئامانجی گۆرینی سیستەمی سیاسیە دیکتاتۆریەکانە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی عەسکەری دامەزراوە.
ئەم دەسەڵاتەی یەکیتیء پارتی کە توانای جیبەجیکردنی ئەم خواستانە و چاکسازیانەی نیە لە سیستەمی حوکمڕانیداو نەمانی دەسەڵاتی چەکداری ئەم حزبانە بەمانای هەلوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمانەکەیانە ، هەربۆیە لەڕێگای سەرکوتی سەربازیەوە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیەکان دەبنەوە. بەم پێیەش سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوە جەماوەریە بۆ گۆڕینی دەسەڵاتداریتی ئەحزابی میلیشیایی پیویستی بە سەراسەری کردنەوەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەیە. ئەم بزوتنەوەیە بەفراوانکردنەوەی نارەزایەتیەکانی ئیستا و لێسەندنەوەی دەسەڵات لە خوارەوە لەدەست حزبە چەکدارەکانەوە بەرەوپێش دەچێ تا دەگاتە ئاستی وەلانانی دەسەڵات و حکومەت وپەرلەمانی یەکێتی وپارتی. ئەمە ئاسۆیەکە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئیستا بەسەرکەوتن دەگەیەنێ و ڕێگا لەشکست یان پاشەکشەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە دەگرێت.
ڕێگای عەمەلی ئەم بەرەو پێشەوەچوون وبەردەوامی خۆپیشاندانەکان و سەراسەری بونەوەی ڕێگری جۆراوجۆری لەبەردەمدایە . جیاوازی چۆنیەتی گۆڕینی دەسەڵات لە کوردستاندا بەبەراوردکردن بە میسر وتونس ئەوەیە کە خەلکی کوردستان لەگەلڕ دەولەتیکی مەرکەزی وسەرۆکێک بەرەو ڕوو نیە کە بەداوای ڕۆشتنی سەرۆک و حزبی حاکم ئاڵوگۆڕ دەست پێبکات.لە کوردستان حکومەت وپەرلەمان شتێکی شکڵیە و بەقسەکانی بەرهەم ساڵح و بن بەستی پەرلەمانەکەیان لە گۆڕینی سەرۆکی حکومەت دەردەکەوێت کە ئەمانە دیکۆرێکن بۆ پۆشینی دەسەڵاتی ڕاستەقینە کە دوو حزبی چەکدارە. ئەم بزوتنەوە جەماوەریە دەبێ دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە چەکدارە لابەرێ نەک حکومەت و پەرلەمان کە بەگۆڕینیان شتێک لەمەسەلەکە ناگۆڕێت چونکە هەمان دەسەڵاتی دوو حزبی چەکدار بە داگیرکردنی داهات و بوونی میلیشیاکانی ئاکامی هەر هەلبژاردنێکی تر دروستکردنەوەی پەرلەمان وحکومەتێکی تر دەبێ کە تیایدا یەکیتی وپارتی زۆرینە مسۆگەر بکەنەوە. هەربۆیە گۆڕینی دەسەڵات لە کوردستاندا لەڕێگەی چەک کردنی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە و هەلوەشاندنەوە و نەهێشتنی میلیشیاکانەوە دەست پێدەکا . ئەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕە لە شیواز و فۆرمدا جیاوازیەکەی ئەوەیە کە مەرج نیە خێرا سەراسەری ببێتەوە یاخود هاوکات لە هەموو شوینەکان دەست پێبکا ، بەهۆی بوونی دوو حزبی چەکدار لە دوو ناوچە و لە جیاوازی تەوازنی هێزەکان لە ناوچەجیاجیاکانی کوردستاندا. ئەگەر چی ئەم بزوتنەوە جەماوەری وسیاسیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات یەک ستراتیژی هەیە ئەویش وەلانانی دەسەڵاتی هەردوو حزبی چەکدارە بەڵام تاکتیکی جیاواز لەم پرۆسەیەدا دەبێتە ئەمری واقیع.
لایەنێکی تری ئەم بزوتنەوە جەماوەریانە بوونی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆنی جۆراوجۆرە کە بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتین. هەڵویست بەرامبەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان پەیوەستە بە سیاسەت و کاری ئەوان بەرامبەر بە دەسەڵات و شیعاری وەلانانی دەسەڵاتی یەکیتی وپارتی وە هەروەها دوورو نزیکی ئەم حزبە ئۆپۆزسیۆنانە لە خواستەکانی خۆپیشاندەران و پلاتفۆرمی سەرخستنی ئەم راپەرینەی خەلکی کوردستان. ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە چاکسازی ناو دەسەڵاتی یەکیتی وپارتی کە زیاتر ئیسلامیەکان لایەنگری ئەم بەدیلەن تاکو گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی کە گۆڕان ئیدعای دەکا. ئیمکانی ریکەوتن و گۆرینی سیستەمی زۆرینەو کەمینەی ئیستای یەکیتی وپارتی بە سیستەمی تەوافقی وەک ئەو سیستەمەی ئیستا لە عیراقدا هەیە لەم پلاتفۆرمانەی ئۆپۆزسیۆندا خۆی نیشان دەدا. دیاریکردنی سنوری بزوتنەوەی جەماوەری بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەگەڵ تاکتیک و پلاتفۆرمەکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو پەرلەمان ودەسەڵاتدا زەمانەتی ئەوەدەکا کە ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە پاشەکشەی پێنەکرێت لە ئامانجی گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیایی یەکیتی وپارتی و نەکرێتە قوربانی ئیمتیاز وەرگرتنی هەر حزبێکی ئۆپۆزسیۆن لەسەر حسابی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەر.
چەپ و کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان کە بەشێکی ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەری و بزوتنەوە سیاسیەیەن پیویستە ئەم پلاتفۆرمەی کە سەرکەوتنی ئەم راپەرینە شۆڕشگێریەی جەماوەر مسۆگەر دەکا بخەنە ڕوو وە هێزی شۆڕشگیرانەی جەماوەری کوردستانی لەدەور کۆبکەنەوە. بەدیلی چەپ بۆ دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی حکومەتێکی نوینەرایەتی راستەوخۆی خەڵکە کە ئەم پلاتفۆرم و خەتی گشتی بەرنامەکەی لەئاست داخوازیە هەنوکەییەکاندا بریتیە لە جیبەجیکردنی “داواکاریە هەنوکەیی و بنەڕەتیەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان” کەلەلایەن ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی ڕاگەیەندراوە.وە لەئاست بەرنامەی حکومەتی کاتی نوینەرایەتی راستەوخۆی خەڵکدا بریتیە لە:هەلوەشاندنەوەی هیزی میلیشیا و دەزگای دژەتیرۆر وپاراستن وزانیاری، ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی ،یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان ،جیایی دین لە دەوڵەت وپەروەردە و بەرپاکردنی رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئاسۆ کمال
13/03/2011

Add Comment

Click here to post a comment