گفتوگۆ

راپۆرتى (پتریوس – کروکر) بەپیچەوانەى تەسریحاتى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستانەوە ، بردنەپیشەوەى بەشێک لە راسپاردەکانى (بەیکەر – هاملتن)ە

دیمانەى ئاسۆ کمال لەگەل کەناڵى ئاسمانى سەناى کوردى سەبارەت بە راپۆرتى (پتریوس – کروکر) ى ئەمریکى

تەلەفزیۆنى سەناى کوردى راپۆرتى پتریوس – کروکر
سەرۆکى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ باڵوێزى ئەمریکا رۆژى دووشەممە رێکەوتى 10ئەیلول 2007 راپۆرتى سالانەى خۆیان دا بە کۆنگرێسى ئەمریکى و تێیدا چەند خاڵێکیان بە شێوەیەکى سەرەکى بەرجەستە کردەوە وپشتیوانى خۆیان لە ستراتیجى ئێستاى ئەمریکا لە عێراق دەربرى وە تەداخولاتى ئێرانیان لە عێراقدا بە خەتەرێکى گەورە لەسەر ئەمریکا و ناوچەکە باس لێکرد، لەم بارەیەوە بۆ تیشک خستنە سەر لایەنە جیاجیا کانى ئەو راپۆرتەکە میواندارى کەسایەتى سیاسى ئاسۆ کەمال مان کرد :
• ئایا راپۆرتەکە راستیەکانى وەزعى عیراق دەردەخات وە ئامانجى راپۆرتەکە چىیە ؟ئایا پێتان وایە کە ستراتیژى بوش سەرکەوتوبوە وەک راپۆرتەکە ئیدعاى دەکا؟
ئاسۆ کمال: ئەم راپۆرتە باس لە راستیەکانى پاریزگاى ئەنبار دەکات وەک تەنها دەلیلیک بۆ نیشاندانى سەرکەوتنى ستراتیژى بوش لەعیراقدا.لەراستیدا ئەمە بۆ داپۆشینى شکستى ستراتیژى ئەمریکایە لە عیراقدا. لەم ساڵەدا کە ئەمریکا هیزەکانى زیادکردوە ژمارەى کوژراوەکان لە 1000 بۆ 1500 کەسدایە مانگانە و تیرۆر هیشتا دەستى باڵاى هەیە لە بەغداد و کرکوک وموسڵدا. ئیتر ئەم راپۆرتە چۆن دەتوانێت بەچەکدارکردنى عەشیرەتەکانى پاریزگاى ئەنبار کە بوەتە هۆى سەرکەوتنى ستراتیژى بوش لەو شارەدا لەبەرامبەر قاعیدە ،بەقسەى بوش دواى راپۆرتەکەش تەنانەت لەوشارەشدا هێشتا بەسەر قاعیدەدا سەرنەکەوتون، شکستى ستراتیژى بوش لە عیراقدا بشارێتەوە.ستراتیژى داگیرکارى و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەعیراقدا بە راپۆرتێ لەسەر ئەنبار داناپۆشرآ و ئەمە پەردەپۆش کردنێکى ئاشکراى راستیەکى گەورەترى شکستى ستراتیژى بوشە. هەربۆیە ئامانجى ئەم راپۆرتە کەمکردنەوەى فشارەکانى دیموکراتەکانە لەسەر ئیدارەى بوش و ستراتیژى ئەمساڵى لە زیادکردنى هیزەکاندا و مانەوەى سوپاى ئەمریکا لەعێراقدا و خۆنزیکردنەوەیە لە راسپاردەکانى بەیکەر – هاملتن.
هەورەها دەیانەوێت شکستى ئەم ستراتیژیە بخەنە ئەستۆى ئاشتەوایى نیشتمانى سونەو شیعەکان و گەورەکردنەوەى خەتەرى ئیران . ئەمانە پاساوێکى ترن کە دەیانەوێت سەرنجى راى گشتى لەسەر مەسەلەى شکستى ستراتیژى مانەوەى هیزەکانى ئەمریکا پآ بشێوێنن و خودى ئەم سیاسەت وستراتیژی داگیرکاریە بەسەرچاوەى وەزعى نائەمنى و شەرى ناو عیراق نەزانرێت.
• بۆچى خەتەرى ئیرانى بەگەورەترین خەتەر وەسف کردوە؟ ئەگەر وایە بۆچى لەبەرامبەر تۆپبارانى ئیراندا بۆ سەر کوردستان بآدەنگ بو؟
ئاسۆ کمال: ئەمریکا بەدواى بیانویەکدا دەگەڕێت بۆ درێژەدان بە ستراتیژى مانەوەى هێزەکانى لە ئەمریکادا وبەتایبەت ئیدارەى بوش و کۆنسەرڤەتیڤە نوێیەکان ،مانۆڕى شەڕ لەگەلڕ قاعیدە لەعیراق و خۆپاراستنى لە جەبهەى دەرەوەى ئەمریکادا مەیدانى بەرتەسک بۆتەوە و لە هەلبژاردنەکانى داهاتوودا بەدریژەدانى ئەم وەزعەى ئیستا حزبى کۆمارى شکست دێنن لە بەرامبەر دیموکراتەکاندا کە خوازیارى ئالوگۆرن لەو ستراتیژەى بوشدا.هەربۆیە جارێکى تر دەیانەوێت خەتەرى ئیران گەورە بکەنەوە و مانەوەیان لە عیراق ببەستنەوە بە کێشەى ئیران و رێگەنەدانى جمهورى ئیسلامى ئیران تا کۆنترۆلى ناوچەکە بکات.
لەسایەى داگیرکارى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە شیعەکان لە جنوبدا بەدەسەڵات گەیشتن وئێستا ئیران کۆنترۆلى باشوورى عیراق دەکات و حکومەتى مالکى نوێنەرایەتى جمهورى ئیسلامى ئیران دەکات . لەشارى بەغدا و شارەکانى تریشدا مقتدى ێدر بوەتە حزب اللە یەکى تر لە عیراقدا و لەریگاى سوپاى مهدیەوە سیاسەتى فشارهینانى ئیرانى لە زۆر ناوچەدا بەسەر ئەمریکادا سەپاندوە.بەگشتى جمهورى ئیسلامى ئیران لەم شەڕو داگیرکاریەى ئەمریکا لە عیراقدا سەرکەوتووى یەکەمە و ئەم خەتەرە رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت و سەرتاپاى عیراق دەگرێتەخۆ وەک دەبینین کە ئیستا تۆپبارانى کوردستانیشى گرتۆتەوە. ئەمریکا سەرەراى ئەو هەموو باسەى لەسەر خەتەرى ئیران لە عیراقدا بەڵام بەرامبەر بەم تۆپبارانەى کوردستان دەبینین هیچ هەلوێستێک نانوێنێت . ئەمریکا مەسەلەى کوردستانى بۆ دووشت پێویستە یەکەم: وەک کارتى فشار بەکارى بهێنێت وە دووەم : وەک هدیەیەک لە ساتوسەودا لەگەلڕ هێزەکانى بەرامبەرى بەکارى بهێنێت.هەرچەند ئەم تۆپبارانە فشارێکى ترى جمهورى ئیسلامى ئیران لەسەر هاوپەیمانەکانى ئەمریکا کە حکومەتەکەى یەکیتى وپارتىیە لە کوردستاندا بەڵام وەک ووتم ئەمانە بۆ ئەمریکا لەئیستادامەسەلە نیە.هەڵوێستى لاوازى حکومەتى هەرێمیش لێرەوەیە کە وەک پاشکۆى سیاسەتەکان و هەلوێستەکانى ئەمریکا یەکێتى وپارتى ناتوانن وەڵامى ئەم هێرشانەى ئیران بدەنەوە.

• پشت بەستن بە عەشیرەتەچەکدارەکان لە ئەنبارەوە بۆ کرکوک ،چ کاریگەریەکى لەسەر وەزعى سیاسى و ئەمنى عیراق و کوردستان دەبێ؟
ئاسۆ کمال: ئەم هەنگاوەى ئەمریکا ئیتر هەموو ئیدعاکانى چەند ساڵى رابردووى لەسەر دروستکردنەوەى نیشتمان(Nation Buldding) بەئاسماندابرد و ئیستا دیارە کە دەیەوێت بەپشت بەستن بە ملیشیاى چەکدارى عەشیرەتەکان شەرى قاعیدە بکات و ئیمتیاز بدات بەسونەکان بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە ملیشیاى شیعەکان کە پیکهاتوون لە سوپاى مەهدى و بەدر. ئەمە سپاردنى چارەنوسى عیراقە بە دەسەلاتى کۆمەڵیک ملیشیاى چەکدار کە لەسایەى داگیرکاریدا شەرى ناوخۆیەکى بەردەوام دەکەنە نسیبى خەلکى عیراق. ئەم کارە تەنها بە ئەنبارەوە نەوەستاوە و وەکو خۆتان دەڵێن لە ناوچەکانى کەرکوکیشدا خەریکن عەشایرە سونەکان چەکدار دەکەن وکە خەتەرى ئەمانە لەسەر ئایندەى کەرکوک ئەوەیە کە رێگەدەگرن لەهەر ریگاچارەسەرى کیشەى کەرکوک بەشیوەیەکى ئاشتى و لەریگاى رفراندۆمەوە. ئەوەى بوش لە کۆشکى سپیەوە دێت بۆلاى سەرەک عەشیرەتێکى ئەنبار تاکو کێشەى ئەمنى عیراقى پآحەل بکات نیشانەى شکستى ئەم سیاسەت وستراتیژیەى بوش دەسەلمێنآ کە کێشەى ئەمنى وسیاسى عیراقى پىچارەسەر بکرێ.ئەم هەنگاوانە عیراق دەکاتە ئەفغانستانێکى تر کە ئەمریکا بەشێوەى چەکدارکردنى تالیبان و قبائل دەستى داوەتە چەکدارکردنى عەشیرەتەکان .
• پێتان وایە چەکدارکردنى ئەم عەشیرەتانە دەتوانآ بەعسیەکان بهینیتەوە و گرفتى حکومەتى ئیستا حەل بکا وەئایا ئەمریکا لە ریکەوتنى شیعە وسونەدا سەرکەوتو دەبێت؟
ئاسۆکمال: مەسەلەى هینانەوەى بەعسیەکان بەتەنها عەشیرەتە چەکدارەکان نىیە بەلکو ئیستا ئەمریکا خەریکە سەران ورەمزەکانى بەعس دەهینیتەوە سەر دەسەلات. ئەم ستراتیژە بەپآى راپۆرتەکانى ئەمریکا خۆى لە 18 خالڕ کە بۆخۆى دانابوو ئەنجامى بدات تەنها یەک خاڵى ئەنجامداوە کە ئەویش نزیک بونەوەیان لەگەلڕ بەعسیەکان بوە .ئەمە رازیکردنى دیموکراتەکانیشە کە پشتیوانیان لە راسپاردەکانى بەیکەر- هاملتن کردوە و بەرەبەرە سپاردنەوەى دەسەلات وئیمتیازات بە بەعسى وسونەکانە بۆ کەکردنەوەى ئەو تیرۆریزمەى بەناوى مقاوەمەتەوە لە ناوەراستى عیراق دەستیانداوەتآ. ئەمریکا ناتوانێت بەم رێگایە گرفتى حکومەتى ئیستاى حەل بکات لەکاتیکدا ئەگەر بیەوێت ئیمتیازاتى ئیستاى مالکى وشیعەکان کەم بکاتەوە ئەوا خواروى عیراق لەدژى هەڵدەستن و شکستى ئەمریکا نزیک دەخاتەوە . داواکارى جیبەجێ نەکردنى فیدرالى و کۆنترۆلى نەوت و گۆرینى تەوازن بەقازانجى سونەکان هەنگاویکە ئەمریکا دەیەوێت بۆرازیکردنى سونەکان بەدی بینێت تاکو خۆى لەشەڕى ناوەراستى عیراق رزگار بکات کە سونەکان بە پاڵپشتى ئەلقاعیدە دەیبەن بەرێوە ،بەڵام ئەمە بە هێزى میلیشیاکانى بەدر و مەهدى تائیستا شکستى هێناوە و ئاشتەوایى نیشتمانى تەنها لە هۆڵەداخراوەکاندا باسى دەکرآ و لەشەقامەکاندا بەقسەى پتریۆس خۆى سونەیەک لەگەرەکێکى شیعەکاندا لەناوجەرگەى بەغدادا گیانى سەلامەت نىیە. شەرى دەسەلاتى سونە و شیعە لە سایەى داگیرکارى ئەمریکا ودەستیوەردانى دەولەتانى ئیسلامى وعەرەبى ناوچەکەدا کۆتایىیەکى دیاریکراوى نىیە.
• مەسەلەى کورد وکەرکوک بۆ پشت گوآخراوە و چارەنوسى ماددەى 140 چى لێدێت؟
ئاسۆ کمال: ئەم راپۆرتە، بەپیچەوانەى تەسریحاتى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستانەوە کە دەڵێن باش بوە چونکە هیچ قسەى لەسەر کورد نەکردوە ، بردنەپیشەوەى بەشێک لەو راسپاردانەیە کە بەیکەر – هاملتن بۆ هینانەوەى بەعسیەکان و ئیمتیازدان بەسونەکان داینابوو.چەکدارکردنى عەشیرەتە سونەکانیش لە ناوچەى کەرکوکدا خەتەرى شەر و تیرۆریزم لە کەرکوکدا و ریگەگرتن لە چارەسەرى ئەو کیشانە لەریگەى رفراندۆم وبەشیوەیەکى ئاشتى ناهیلیت. بەگشتى ئەم راپۆرتە بەشێک لەو پرۆژە وسیاسەتانەیە کە لە راپۆرتى بەیکەر- هاملتندا لایەنەکانى ترى تەواونیشاندراوە کە چۆن چارەنوسى کوردستان دەداتە دەست دەسەلاتى قەومى شۆڤینستى وئیسلامى لە عیراقدا و دەیکاتە قوربانى ئەم ستراتیژى داگیرکارى ومانەوەى هیزەکانى ئەمریکا لەعیراقدا. هەربۆیە ئەم خۆشباوەڕیە بۆ شێواندنى سەرنجى خەلکى کوردستانە لەسەر سیاسەتى سەرەکى و ستراتیژى ئەمریکا و شاردنەوەى ئەو راستیەى کە ئەمریکا چارەنوسى کوردستانى خستۆتە بەردەم خەتەرى جۆراوجۆرەوە ، کە ئەوانیش بریتیتن لەوەى:
• خەتەرى ئیرانى بۆسەر کوردستان زیاتر کردۆتەوە و کوردستان دەکاتە پاشکۆى شەرى خۆى لەگەلڕ ئیراندا و تۆپبارانى ئیستاى ئیران گواستنەوەى ئەو شەرە لەلایەن هەردوولاوە بۆ کوردستان .
• دەستدریژیەکانى تورکیا بۆسەر کوردستان و چارەسەرى کیشەى کەرکوک زیاتر دەکات
• تیوەگلانى کوردستانى لەشەرى تیرۆرەوە زیاتر کردوە و هەرئیستا شەرى تیرۆر گەیشتۆتە ناوچەى گەرمیان.
• هینانەوەى بەعسیەکان و سەپاندنەوەى حکومەتیکى ئیسلامى و قەومى شۆڤیستى لە مەرکەزداو ژیردەستەکردنەوەى خەلکى کوردستان و کۆنترۆلى مەرکەزى داهات و دەسەلات وپاشکۆکردنى ژیان وچارەنوسى خەلکى کوردستان.
ئەمانە ئەو خەتەرانەن کە ئەم راپۆرتە ودریژەدانى ئەم سیاسەتانەى ئەمریکا روبەروى کوردستانى کردۆتەوە وخەلکى کوردستان دەبێت بەچاوێکى کراوەوە برواننە ئەم سیاسەت وئالوگۆرانە و ریگاچارەى جیاى کوردستان بەرپاکردنى رفراندۆم بۆسەربەخۆیى و جیاکردنەوەى چارەنوسى کوردستانە لەم شەرو تیرۆریزمەى ئەمریکا لەعیراقدا دریژەى پآدەدات.

Add Comment

Click here to post a comment