ئەدەب

خۆت بدە دەست خەیاڵەوە با بۆ ئایندەت بتبات!

بۆچی خەیاڵ بۆ ئایندەمان نابات؟ بۆ ئێمە هەمیشە هەناسە بۆ ڕابردوو هەڵدەکێشین؟ بۆچی تەنیا بەساتە خۆشەکانی ڕابردومان سەرحاڵ دەبین و ئیلهام وەردەگرین؟
تۆ بێنە پێش چاو تۆ لە ٢٠ یان ٤٠ ساڵی تردا دەژیت؟ دەبی چی بکەی؟ حەزت لە چی بێت؟ لە کوێ بژیت؟ کێت خۆش بوێت؟ چۆن سەیری ئەمڕۆ و ڕابردوی خۆت بکەی؟ بۆ کام شانۆگەری بچی؟ سەر لەکام قاوەخانە بدەیت؟ چەند سەعات کاربکەیت؟ سەردانی کام شاری جیهان بکەیت؟ چ کتێبێک بنوسی؟ چ سەرکێشیەک بکەیت؟ چەند لە مێژوو و فەلسەفە شارەزاییت پەیداکردبێ؟ چ هونەرێک فێربوبی، نیگارکێشی یان مۆسیقا یان سەما؟چەند زمان فێربویت؟چەند کۆڕی هاوڕێیاتیمان فراوانتربوە؟ چەند کەسمان خۆش ویستوە؟ چ چێژێکمان لە دنیای مناڵان بردوە و هەرچی بۆشاییەکانی دنیای مناڵی خۆمانە لای مناڵانی ئایندەمان پڕمان کردۆتەوە ؟ گیانی یارمەتی و هاوکاریمان نیشانی چەند ئینسانی دەوروپشتمان داوە؟ بیر لەوەبکەرەوە خەڵکی گەرەک و کۆمینیتیەکەت هەموو شاد و سەرحاڵن و هەمیشە تۆ حەز بەدۆستی و نزیکایەتیەک دەکەیت کە پێشتر تەنیا لە چوارچێوەی خێزانە بچوکە چەند کەسیەکەی خۆتدا هەستت پێ کردوە؟ تا خەیاڵ بڕوا ئەم لیستە درێژدەبێتەوە؟ بەڵام کاتێ سەیری دنیای واقیعمان دەکەین لیستەکە نەک کورت دەبێتەوە بەڵکو دەبێتە خەیاڵێک کە تاقەتی باسکردن و گوێگرتن بۆی نیە!بەڵام هیچ شتێک ناتوانێ خەیاڵی مرۆڤ بوەستێنێ. هەربۆیە تۆش کۆڵ مەدە بیرێک لەوەڵامی ئەو پرسیارە بکەرەوە کە ئایا بۆ نابێ ئەوە سبەینێی من و تۆ بێت؟
ئێمە لەمناڵیدا خولیامان زیاترە لەگەورەیی! سەیرە چ سیستەمێکی پەروەردەیی و فەرهەنگیمان هەیە کە هەر ئەوەندە گەورەبویت دەڵێی ژیانت لە قاڵب دەدرێ و ئەو هەموو شتانەی کە ئەگەری ئەوە هەیە تۆ لە ئایندەدا بیانکەیت بچوک دەبێتەوە بۆ یەک شت یان دوو شت؟ لەڕاستیدا زۆربەمان ئەم شتانەمان بەفکردا نایەت لەبەرئەوەی دەبێ بیر لە موچە و پەیداکردنی کار و دەرنەکردن لەسەر کارەکانمان هەموو ڕۆژەکانی ساڵمان داگیردەکا. یاخود پەیداکردنی خانویەک و هاوسەرێک و مناڵ هەموو ئاواتێکمان دەبێ و بەس.
دەبێ تاکەی ئێمە وابین؟ ئەو ئاینانەی هەزاران ساڵە مانەتەوە ئەم خولیا و ئایندە خەیاڵیەیان بە ئینسان داوە بۆیە ئینسان هۆگری بوە و وێڕای دەرکەوتنی ئەفسانەکانی و سەرەڕای بازرگانی چینە چەوسێنەرەکانی دوێنێ و سەرمایەدارانی ئەمڕۆ بەم خەیاڵە دینیەوە و بونی دین بەسەرچاوەیەکی کوێرەوەری و دواکەتویی مانەوە، هێشتا ئینسان دینی تەڵاق نەداوە.
ئەوە ڕاستیەکە کە ناتوانین لە چارەنوسی خەیاڵ بە ئایندەوە ڕزگاربین و ئەمە بزوێنەری مێژووی ئێمەی ئینسانە. خەیاڵێکی زانستی بە ئایندەمانەوە دەبێ چ جیاوازی لە خەیاڵێکی دینی و بەهەشتە بەڵێن پێدراوەکان هەبێ؟
جیاواز ئەوەیە ئەم ئایندەیە دەبێ ئینسان خۆی خەیاڵەکەی بکا و خۆی ڕێگای گەیشتن بە خۆشیەکان و ئارەزوەکانی پەیدابکا.
خەیاڵی ساڵی تازە تەزوی ئەم خەیاڵەیە کە بەشێوەیەکی شاراوە و کپ و نائاگایانە بە مێشکماندا تێپەڕدەبێ و لە یەکەم ڕۆژی ساڵی تازە و بگرە لەیەکەم چرکەی دوای سەعات ١٢ەوە دەچینەوە ناو ڕۆتینی ساڵێکی ترەوە.
خەیاڵ و داهێنانەکانی مرۆڤ هێشتا لە ئاست ئەم پرسیارە سادەیەی کە ئایندە چیە لاواز و پاسیڤە؟ هێشتا زانستی کۆمەڵایەتی ئینسان هەنگاوی هاوشانی زانستە بایۆلۆجی و ئەسترۆنۆمیەکان نەناوە کە بزانێ دەبێ پێش لەگەشتنە سەر مارس و ڕزگارکردنی وەچەی ئینسان لە تەواوبونی تەمەنی گۆی زەوی چۆن ئێستا لەسەر گۆی زەوی لەدەست سیستەمێک ڕزگاری بکەین کە ئینسانی بچوک کردۆتەوە بۆ مەکینەیەکی پارە کۆکردنەوە بۆ ئەو١٪ەی دەوڵەمەندانەی لەهیچ شتێک سڵناکەنەوە بۆ کوشتنی ئەم خەون و خەیاڵە ئینسانیانە.
خۆشە خەیاڵی تازە بکەینەوە بەوەی ئەو خەونە ئینسانیانەمان لەو ساڵە تازەیەدا بەدی بێنین. ئەو ڕۆژەی نزیک دەبینەوە لەوەی ئەم خەیاڵانە بوبنە خولیای هەموومان و ئومێدمان بە گەیشتن بەو خەیاڵانەمان پەیداکردبێ، ئای کە ساتێکی شاد و ئیلهام بەخش دەبێ. ئەو کاتە هەموان گوێمان شلکردوە بۆ گۆرانی “خەیاڵ بکە- Imagine” ی John Lennon.

Add Comment

Click here to post a comment