کۆمۆنیزم

حزبی بەلشەفی لەدەسەڵاتدا چۆن دەگۆڕێ؟

بەشی ١٤

حزبی بەلشەفی لەدەسەڵاتدا چۆن دەگۆڕێ؟

لەدوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ وە لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، شوراکان و کۆمیتە کارگە و کۆمیتەی شۆڕشگێڕی سەربازان و جوتیاران لە سەرتاپای وڵاتدا دروست دەبن و جێگا بە دەسەڵاتی حکومەتی بورژوازی کاتی و سوپای پیشەیی لێژدەکەن. بەلشەفیەکان ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو دەسەڵات دەبەن و لە نێو ئەو ئۆرگانە جەماوەریە شۆڕشگێڕانە تازانەدا زۆرایەتی بەدەست دێنن. کەچی لە کاتی دەسەڵاتگرتندا لەجیاتی فراوانکردنەوەی ڕیزەکانی حزب ،تاهەموو ئەم هێزە شۆڕشگێڕەی چینی کرێکار بگرێتە خۆی، بە پێچەوانەوە دەست دەکەن بە پرۆسەی پاکسازی و دەرکردن لە ناو حزبدا و دواتر قەدەغەکردنی فراکسیۆنەکانی جیاواز لەخەتی دەستەی ڕابەری و دواتریش نەهێشتنی دەوری کۆمیتەی کۆنترۆڵی کرێکاری و دانانی تاک بەڕێوەبەری لە کارگە و پاشکۆیەتی سەندیکا کرێکاریەکان بۆ حزب و لابردنی سیستەمی هەڵبژاردن لە ناو سوپا و گێڕانەوەی پۆست و پلەداریە سەربازیەکان.

ئەم گۆڕانکاریانە بۆچی ڕوودەدەن و  سەرچاوەکەی چیە؟ بۆچی حزبێکی شۆڕشگێڕی کرێکاری لە جیاتی کۆکردنەوەی سەرجەم هێزی چینەکە خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لەبەشێکی زۆری ئەو هێزەی شۆڕشی دروستکردوە؟

لە بەشی پێشودا لەسەر مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم وتمان، کە ئەم مۆدێلە دیکتاتۆریەتی حزبە لەجێگای دیکتاتۆری چینی پرۆلیتاریا. کەواتە حزب دەبێ شەرعیەت بدا بەوەی کە ئەو لە جێگای چینی کرێکار مافی حوکم کردنی هەیە. ئەمەش ناکرێ بەبێ لێسەندنەوەی ماف لە چینەکە خۆی و ڕەوایەتدان بە نوێنەرایەتی حزب و ڕیگری کردن لە هەموو ئەو بەشانەی تری چینەکە کە ئەم نوێنەرایەتیە قبوڵ ناکەن. ئەگەر وا نەبێ ناتوانرێ دیکتاتۆریەتی حزب وەک دەسەڵاتی کەمایەتیەک پیادەبکرێ. هەربۆیە ئەم پرۆسەیەی سەپاندنی مافی نوێنەرایەتیەی کەمایەتی حزب، دەبێ چ لەناو حزبی بەلشەفی کرێکاریدا و چ لەکۆمەڵگەدا، وەک نوێنەرایەتی تاقانە خۆی بسەپێنێ. هەڵبژاردنی ئەم نوێنەرایەتی هیچ لەم ڕاستیە ناگۆڕێ،چونکە بورژوازیش بە ڕیگەی هەڵبژاردن دێتە سەرکار بەڵام دەسەڵاتی کەمایەتیەکە بەسەر کۆمەڵگەدا.مەسەلەی بنەڕەتی لە کۆمۆنیزمدا بریتیە لە بەشداری هەموو چینی کرێکار لە دەسەڵاتی سیاسی و لە بەشداری ئازادانە لە بەرهەمهێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکساندا نەک هەڵبژاردنی نوێنەرانێک کە لە جیاتی ئەوان حوکم بکا. ئەمە بنەمای سیستەمێکی نوێیە کە جیاوازە لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کەمینە جا چ لەڕیگای هەڵبژاردنەوە بێ یان دیکتاتۆری ڕاستەوخۆ.

با بزانین چۆن ئەم پرۆسەیە لەناو حزبی کرێکاری بەلشەفیدا دەچێتە پێشەوە کە نوخبەیەک دەبنە هەموو کارەی حزبەکە و کرێکاران لەم حزبەدا دەکرێنە پاشکۆ ئەم نوخبەیە؟

کێشە ناوخۆیەکانی حزب سەبارەت بە دەوری چینی کرێکار لەدەسەڵاتدا و پرۆسەی بەلاوە خستنی دەوری ئەم چینە لە ئیدارە و بەڕیوەبردن و دەوڵەتدا دەگاتە ئاستی دروستبونی دوو فراکسیۆنی ناڕەسمی؛ “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندی دیموکراسی”. بەڵام لە کۆنگرەی دەیەمدا بە پێشنیاری لینین بڕیارنامەیەک دەردەکرێ کە ” کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندی ڕادەسپێرێ کە هەرجۆرە فراکسیۆن بازیەک پاکتاوبکا ، وبەم پێیە کۆنگرە هەموو ئەو گروپانەی لەسەربنەمای پلاتفۆرمی جۆراوجۆر دروست بوون(لەچەشنی”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندی دیموکراسی” و ئەوانی تر)بەبێ جیاوازی هەڵوەشانەوەیان ڕادەگەیەنێ و کەسانێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکەن بێ ئەملاولا لە حزب دەردەکرێن.”*1

دەرکردنەکانیش دەبێتە شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناو حزبدا کە هەموو ئاستەکانی حزب دەگرێتەوە. لە کاتێکدا حزب لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ژمارەی ئەندامەکانی لە ٢٥ هەزارەوە بو بە ٧٠٠ هەزار ، ئەم شەپۆلی دەرکردنە لە ١٩٢١ کەدەستی پێکرد لە ١٩٢٤دا نیوەی ئەم ژمارەیە لە ئەندامی حزب مایەوە کە تەنیا ٣٥٠ هەزاربوون*2

٢٢کەسی ناڕازی فراکسیۆنی “ئۆپۆزسێۆنی کرێکاری و ٢ لیدەرلە ٥ کەسیان کە لە ناو ڕابەری حزبدا دەبن دەردەکرێن.*3 بڕیاری دەرکردنی کۆمیتەی ناوەندی ئاسان کاری بۆ دەکرێ.

“دەرکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیش لەڕیگەی پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە بانگێشتی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پشکنین.ئەگەر دوولەسەر سێی ئەو کۆبونەوەیەی بەرپرسترین ڕابەرانی حزبی تێدایە بڕیاری دەرکردن یان هێنانەخوارەوەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیان بۆ قۆناغی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندی دا، ئەوا بڕیارەکە جێ بەجێ دەکرێ.”*4

لینین بۆ دیفاع لەم سیاسەتی پاکسازیە لە وتاری “دەربارەی پاکسازی حزب” دەڵێ ” پاکسازی حزب وادەردەکەوێ کارێکی زۆر پڕبایەخ بێت. لەوانە بەهۆی ئابوری نوێ وە (NEP) کە پێویستی زیاتر بە زیادکردنی  توانای بەرهەمهێنەری کار و دیسپلینی کار ، وە یاخود بۆ دەرکردنی ئەوانەی خەڵک بە بیرۆکراتیان دەزانێ و بە نیاز وهەڵپەی پلە خۆیان بەحزبەوە نوساندوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١ مەنشەفیەکان بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حزب لەو ٪٩٩ لەو مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحزب.”*5

ئەم قسانەی لینین نیشانی دەدا کە حزب جێگای هەموو شتێکی گرتۆتەوە و ئابوری و خەباتی چینی کرێکار هەمووی بەدەوری حزبدا چڕبۆتەوە و کۆمەڵگەیەکی حزبی دروستکراوە کە لەجێگای چینی کرێکار کاردەکا و هەروەها ژیانی سیاسی کورتکراوەتەوە لە پەیڕەوکردنی خەتی ڕەسمی حزبدا.

دەبینین ئەگەر حزب پێویستی بە “زیادکردنی  توانای بەرهەمهێنەری کار و دیسپلینی کار”ە، ئەوا دەبێ ئەندامەکانی بەم شیوەیە لە بەرهەمهێناندا گوێڕایەڵی حزب بکەن . ئەمە مۆدیلی سۆشیالیزمێکە حزب ودەوڵەت خاوەنی کۆمەڵگەن و ئەوان دیسپلینی کار دیاری دەکەن. بەڵام بەشداری کرێکاران لە بەرهەمهێناندا بەپێی دەستوری حزب لە ناوەرۆکدا جیاوازە بە سیستەمی کۆمۆنیستی بەرهەمهێنان کە لەسەر خواستی بەشداری ئازادانە و وشیارانەی هەموانە. بەپێچەوانەوە هیچ پاسەوانێکی حزبی ناتوانێ دەستوەرداتە ناو بەشداری ئینسانەکان لە بەرهەمهێنانی ژیانی خۆیاندا لە سیستەمی کۆمۆنیستی بەرهەمهێناندا. لێرەدا پێچەوانە بۆتەوە کە هێزێکی حزبی دیاری دەکا کە دەبێ کرێکاران چەند توانای بەرهەمهێنان و سەعاتی کارکردنیان زیاد بکەن و چۆن وەک سوپایەک پابەندبن بە دیسپلینی خاوەنکارێکەوە کە ناوی حزبە.

هاوکات حزب لێرەدا بوەتە کۆمپانیا و خاوەنی داهات و هۆیەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانی بژێوی، هەربۆیە بوەتە شوێنێک بۆ گەیشتن بە پلەوپۆست و بیرۆکراتیزمی حزب سەرچاوەی دروستبونی توێژو چینی وەزیر و کاربەدەستەکانە.لێرەدایە کە ناکۆکی دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەزەقی دەردەکەوێ. ئەگەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بکرێتە موڵکی دەوڵەت و دەوڵەتیش موڵکی حزب بێت یان لەژێر سایەی دیکتاتۆریەتی حزبدا بێت ، ئەوا بێگومان حزب دەبێتە ئەو شوێنەی کە پۆستەکانی و ئیمتیازاتەکانی بۆ ئەندامانی حزب دەبێ و حزب جێگای چینی دەسەڵاتداری پێشوو دەگرێتەوە وەک خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. ئەم سۆشیالیزمە دەوڵەتیەش دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی بەپێی خاوەندارێتی حزبی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان . پەیوەندی بەرهەمهێنایش لەژێر سایەی سیستەمی پلەوپایەی حزبیدا بریتی دەبێ لە کاری کرێ گرتەیی کرێکاران بۆ حزبی خاوەندارانی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و دەوڵەتی دیتکاتۆری ئەو حزبە. ئەمە سەرچاوەی دەرکەوتنی ئەو بیرۆکراتانەی حزبە کە خەڵک لێیان بێزارە و وەک لینین دەڵێ” بڕیاری پاکتاوکردنی حزب”! لەمانە دەدا. بەڵام بێگومان وەک بینیمان بەدەرکردنیان نەک کێشەی بیرۆکراتیزم لە سۆڤیەت چارەسەرنەکرا، بەڵکو حزب و دەوڵەت بەبێ ئەم بیرۆکراتیزمە نەیاندەتوانی حوکم بکەن، لەبەرئەوەی ئەوان نەسیجی کۆمەڵایەتی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوون، سۆشیالیزم لەسەرەوە.

 هاوکات بیانویەکی تری ئەم پاکتاوکردنە نیشانی دەدا کە ،هەر ئەندامێک هاتە ناو حزب و ڕای جیاوازی هەبوو ئەوا دەبێ بەناوی مەنشەفیک و سۆشیال شۆڕشگێڕەوە دەربکرێ. تەنانەت پاکتاوکردن بۆ ئەوەیە کە “ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١ مەنشەفیەکان بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حزب لەو ٪٩٩ لەو مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحزب”. ئایا ئەگەر بەشێک لە کرێکاران خۆیان بە مەنشەفی یان هەر ڕەوتێکی تری سیاسی بزانن و لەناو چینی کرێکاریشدا زاڵ بن ، پێویستە حزبی کرێکاری ئەمانە بگرێتەخۆ و بەشداریان پێ بکا لە دەسەڵات و بەڕیوەبردن و خەبات دژی بورژوازیدا یاخود دەبێ هەموویان دەربکرێن و حزب لە تەنها خەت و گروپێکدا بمێنێتەوە کە خۆیان بە نوێنەری کرێکاران دەزانن و ٩٩٪ ئەوانی تر دەربکا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە چینی کرێکار؟

مەسەلەیەکی تری ناوحزب کێشە لەسەر دەسەڵاتی کۆمیتەکانی کارگە و سەندیکا کرێکاریەکانە. لە کۆنگرەی ١٠ ی حزبی بەلشەفی گروپی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی کە پێداگری لە مادەیەکی بەرنامەی حزب سەبارەت بە دەسەڵاتی سەندیکا و شورا کرێکاریەکان دەکەن لە بەڕیوەبردنی ئابوریدا بە “مەنشەویک” و “وردە بورژوازی” دەناسێنن. لینین “بۆچونەکانیان بە”خەتەری سیاسی ڕاستەوخۆ بۆسەر بونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و “کۆمەک بە دوژمنانی چینایەتی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکەن” دەناسینێ و دەڵێ “دەبێ ڕیگەی خەبات و پاکردنەوەش لەدژی بگیرێتە بەر و ئەم “تەبلیغاتانە لەگەڵ ئەندامەتی لە حزبدا ناهاوئاهەنگە.”*6

بێگومان پاکتاوکردنی ئەمانە نمونەیەکە لە دیکتاتۆریەتی حزبی. حزب چیتر ئەو ئامڕازە نابێت کە سەرجەم ئەم چینە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە بەرەو بەشداری سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارە و ژیانی سیاسیدا دەبا، بەڵکو سێکتێکی دیاریکراو و نوخبەیەکی سیاسیە کە حزب دەکاتە ئامڕازی بردنە سەرەوەی دیسپلین لە بەرهەمهێناندا و نەهێشتنی دەنگی جیاوازی سیاسی لەم دامەزراوە سیاسیەدا.

لێرەوە دەردەکەوێ کە حزب لە جیاتی بزوێنەری شۆڕشی کرێکاران بێت بەسەر دامودەزگا و شێوازی بەڕیوەبردنی کۆندا ، خۆی دەبێتە دەزگایەکی بیرۆکرات و جێگایەک کە دەسەڵات و دەوڵەت لە پێناو بەرژەوەندی ئەندام و بەرپرسەکانیدا بەکاردێت. بڕیاربوو کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر مۆدیلێکی نوێ لە کۆمەڵگە بێنێتە ئارا کە ئیمتیازاتی هەموو چینەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگەی چینایەتی لەناوبەرێ، نەک حزب و کەمایەتیەکی تر بەناوی کرێکارانەوە بکاتە خاوەنی ئیمتیازی دەوڵەت.

ئێمە دوای بەشی بەرنامەی ئابوری بەلشەفیەکان دەچینەوە سەر ناوەرۆکی ئەم کێشەیە، کە ئایا دەسەڵاتی کارگە دەبێ لەدەست کۆمیەکانی کارگە و سەندیکادا بێ یان تاک بەڕیوەبرێکی حزبی یان سەرمایەدارێک؟ بەڵام لێرەدا کە پەیوەندی بە ئازادی و پاکتاوکردنی ناو حزبەوە هەیە پیویستە ئەم بڕیارەی لینین لە کۆنگرەی ١٠دا بە بەڵگەیەک لەسەر مۆدیلی حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بزانین کە تەنانەت توانای قبوڵکردنی کرێکارانێکی نیە کە ڕایەکی جیاوازیان هەبی ، مەنشەفیک بن یان هەر شتێکی تر. ئەمەش سەرچاوەی ئەو سێکتاریزمەیە کە مۆدیلی بەلشەفی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروستی کرد و بوە مایەی دروستکردنی ئەو جۆرە حزبانەی کە لەدەسەڵاتدا دیکتاتۆری تاک حزبیان پەیڕەو دەکرد و بۆ هەمیشەش سونەت و نەریتی جیابونەوە سێکتاریستیەکانیان لە ئاستی ئەنتەرناسیونالیزم و لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا چاند و تا ئێستاش نەریتێکە درێژەی هەیە.

بەکورتی ئەم ئەزمەی پاکتاوکردنەی حزب ڕەوتی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی حوکمی کەمایەتی کۆن نیشان دەدا. بیرۆکراتیزم لەم جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکارەوە دێت نەک هۆکاری جیابونەوەکە وەک دەڵێن تەنیا بیرۆکراتیزمی ستالینی بێت. ئەم نەخۆشی بیرۆکراتیزمە خۆی ئەنجامی جیابونەوەی حزب و دەزگاکانی دەسەڵاتە لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سەرلەنوێ دروستبونەوەی بنەماکانی دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیە بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا.

بێگومان جگە لە پاکتاوکردنی ڕیزەکانی حزب ،هاوکات سەرکوتی نەیارانی سیاسی بەڕێوەبرا و بەتایبەت ئەو هێزانەی نێو چینی کرێکار و جوتیاران کە پێشتر دەوریان لە دروستکردنی شوراکان و سەندیکا و کۆمیتەکانی کارگە و سەربازاندا هەبوو . بەمەش دیکتاتۆریەتی تاک حزبی جێگای دیکتاتۆریەتی چینەکەی گرتەوە و ئازادیە سیاسەکان و کۆمەڵگەی سیاسی نوێ بەرەو ئاوابوون چوون.

نمونە زۆرن لەوەی چۆن نەک لە ناو حزب بەڵکو لەدەرەوەی حزبیش ڕیگە بە کۆبونەوەی دەنگی جیاوازی سیاسی نەدراوە و تەنانەت هەرچی کرێکارانی ناو سەندیکاکانیشە بەناوی مەنشەفیکەوە وەک خەتەری جدی بۆسەر شۆڕش دانراون. ” ئێمە مەنشەفیک و ئێس ئارەکان(سۆشیال شۆڕشگێڕ) ، ئەوانەی کە ئاشکران و ئەوانەی کە بە سەرپۆشی “ناحزبی” داپۆشیوە ، لە زیندان ڕادەگرین.” *7

دواتریش ئەم دەرکردنەی هەڵسوڕاوانی سیاسی لە سۆڤیەت ئیتر دەبێتە بەشێک لە سیستەمی سەرکوتی سیاسی .

لە کۆنگرەی ١١ ەوە کاتێک ستالین وەک سکرتێری حزب دیاری دەکرێ و بەمەش پرۆسەی چڕبونەوەی دەسەڵات لە دەست دەزگاکانی حزبی تاقانە و تاکە سەرکردەدا زیاتر دەردەکەوێ.”ئەم پۆستە گرنگ نابێ تەنیا لەگەڵ بەهێزبونی جێگای بیرۆکراتیزمدا و کۆنترۆڵی پەیکەرەی هەرەمی حزبی لەلایەن سەرەوە نەبێ.”*8

دواتر پۆستەکانی تریش لەلایەن حزبەوە بەهەمان شێوە گرنگی پەیدا دەکا” لە ساڵی ١٩٢٣ تەنیا ٢٩٪ بەڕیوەبەرانی کارگەکان لە حزبدابون، لە ١٩٢٥ بوبە ٧٣.٧٪ ئەندامانی ئیدارەی یەکیتیە مۆنۆپۆلیەکان،و ٨١.٥٪ لە ئەندامانی یەکێتی سەرمایەکان و ٩٥٪ بەڕیوەبەری پرۆژە گەورەکان ئەندامی حزب بوون . لە سوپاشدا سەرۆکەکانی سوپای سور لە ساڵی ١٩٢٠ ١٠.٥٪ ئەندامی حزب بون، و لەساڵی ١٩٢٤ بوبە ٣٠.٦ ٪ لە ١٩٢٩ بو بە ٥١.٥٪ و لە ١٩٣١بو بە ٧١.٨٪ وە ئێستا بێگومان هەموو ئەندامی حزبن.”*9

لینین ،کە تازە چاک بوەتەوە دوای سەکتەی مێشکی  جاری یەکەمی، دەبینێ ئەم پرۆسەی دیکتاتۆریەتی حزبیە گەیشتۆتە ئاستی گەشەی “بیرۆکراتی لە ناو دەوڵەت و حزبدا و بەڕاستی لە شەخسیەتی ستالین بێ باوەڕ دەبێ کە دەسەڵات و ئۆتۆریتەی مەکتەبی ستالین دەبینێ لە حزبدا.بەڵام ئەم پرۆسەی بیرۆکراتی بونی حزب و دەوڵەت گەیشتۆتە قۆناغێک کە لینین هیچ کارێکی بەرامبەرپێنەکراوە. لینین لە وەسێتنامەکەیدا دەیەوێ حزب لەم مەترسیانە ئاگاداربکاتەوە بەڵام دەستەی ڕابەری ،کە لەلایەن لینینەوە ڕەخنەیان لێگیراوە ڕێگە نادەن کە وەسێتنامەکەی لینین لە کۆنگرەی دوای مەرگی لینیندا بخوێنرێتەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتی کرۆبسکایای هاوسەری بەم بڕیارەی ڕابەری حزب.

ئاڵوگۆڕەکانی دوای مەرگی لینین زۆر فراوانتر و مەترسیدارترە کە ستالین کۆنترۆڵ و سانسۆری هەموو دەزگاکانی حزب دەکا و مۆدیلی سۆڤیەت لە دیکتاتۆری حزبیەوە بەرەو دیکتاتۆری فەردی ستالینی دەبا کە وەکو سکرتێری گشتی ٣٠ ساڵ لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە و ٣لەسەر ٤ی ئەندامانی ڕابەری حزب بە ناوی “دوژمنانی گەل” لە نێو کۆنگرەی ١٧و ١٨دا دەردەکرێن و لە سێدارە دەدرێن* 10. لێرەدا پیویست بە دوبارەکردنەوەی باسی گەشەی ئەم مۆدیلە حزبیە ناکا، چونکە هەرکام لە ترۆتسکی و تۆنی کلێف و ئی هێچ کار و ئەوانی تر لە نوسینەکانیاندا وردودرشتی ئەم دەورەیان باسکردوە. بەڵام پیویستە کە ئەم دەورەیە لە ژیانی حزبی بەلشەفی لە سایەی ستالیندا بە لێکدانەوە لەسەر دەوری ئەم حزبە لە ژیانی سیاسی و ئابوری چینی کرێکاردا هەڵسەنگێنین ،نەک دەوری شەیتانی شەخسیەتێک لە مێژوودا. مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەو جۆرە لە حزب و دەوڵەت و ئابوری دروست دەکا کە سەرمایەداری دەوڵەتی پێویستیەتی و دەوری تاکەکان لەم پرۆسەیەدا هەرچەند گرنگە بەڵام تەنیا هۆکار نیە و بەڵکو خۆی بەشێکە لە بەرهەمی ئەو پرۆسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیە کە خەباتی چینایەتی دەچێتە پێشەوە.

ترۆتسکی سەرەڕای ڕەخنە دروستەکانی لە بیرۆکراتیزمی ستالینی، بەڵام ئەو ئەم بیرۆکراتیزمە وەک بەشێک لە پرۆسەیەک نابینێ کە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبی دروستکردوە و خۆی و لینینیش بەشداربون تیایدا. ترۆتسکی خۆی وەکو بەشدارێکی ئەم سیاسەتانەی کۆنگرەی ١٠ ی حزب لەپاڵ لینیدا ، ئەوکات لە کۆنگرەدا دەیوت کە ؛ “ئێمە شورای نوێنەرانی خەڵکمان هەیە، بەڵام کاری ئەوانیش دەبێ لەژێر کۆنترۆڵدا بێت. بەڵام کۆنترۆڵ لەلایەن چ مەرجەعێک؟ کۆنترۆڵی چینی کرێکار وەک جەماوەرێکی بێ شکڵ و شمایل؟نا.کۆمیتەی ناوەندی حزب دەبێ سەبارەت بەم مەسەلەیە(ڕیکەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی پۆلەندە)دا بانگ بکرێ تا سەبارەت بەم مەسەلەیە باس بکا و بڕیار دەرکا و وەلامێکی پیویست بداتەوە..هەمان شێوە لەمەسەلەکانی تریشدا بەکاردێنین؛لە کشتوکاڵ، کۆکردنەوەی پیداویستی(تدارک)ولەهەموو مەیدانەکانی تردا.”*11

ترۆتسکی لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری”لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە.بە شیوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .”*12

 بەهەمان شیوە ترۆتسکی پشتیوانی لە مافی کاتی حکومەتی کرێکاری کرد”ئەسپارتای پرۆلیتیری” لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن.”*13

 ئەمە سیاسەتی ڕەسمی حزبی بەلشەفی بوە کە لە کۆنگرەی ١٠ دا لینین و ترۆتسکی لە پێش هەموانەوەبوون و پاساوی کاتی بونی ئەم سیاسەتانەی ،کە حزب لە چینی کرێکار و دیموکراسی شورایی و کرێکاری جیادەکاتەوە ،ناتوانێ بەهۆی” پێویستی کاتی شەڕ” هیچ لەو ئەنجامە بگۆڕێ کە ئەمانە سیاسەتێک بوون حزبی بەلشەفیان لە حزبی شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە گۆڕی بۆ حزبی بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

کەواتە مەسەلەکە دەرکەوتنی شەخسیەتێکی دیکتاتۆری وەک ستالین نەبوە کە شۆڕشی بەرەو شکست برد. بەڵکو خودی دەرکەوتنی ستالین و سەرکەوتنی ڕەوتی ستالیسنیستی بەرهەمی ئەو مۆدێلە سۆشیالیزمە دەوڵەتیە بوو کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکرد و وەک مۆدێلێکی سیاسی وحزبی و ئابوری پیادەی کرد.

سیستەمی دیکتاتۆریەتی حزبی لەکۆمەڵگەدا بێگومان پێویستی بە حزبێکە کە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆشی دیکتاتۆریانە بێ. واتە حزبێک کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بەڕیوەببا، پێویستی بە دەزگایەکی حزبیشە کە دەسەڵات و ئیمتیازاتی نوخبەیەکی ناوخۆی حزب دابین بکا، بەم پێیەش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان لە ڕێگەی ئەو حکومەتە کەمایەتیەوە دابین دەبێ. بە پێچەوانەوە حزبێک کە سیستەمی سیاسی کۆمەڵگە دەگۆڕێ بە سیستەمێکی بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو هاوڵاتیان ئیتر ئیمتیازاتێکی چینایەتی نامێنێتەوە بیپارێزێ و هەربۆیە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆی بریتی دەبێ لە فراوانکردنەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەندامانی لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئیدارەی حزب و کۆمەڵگەدا. حزب پێویستی بە بەشداری هەموو فراکسیۆن و بەشە جیاوازەکانی چینەکەیە لە ئیدارە و دانانی نەخشە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی پۆستە حزبیەکان ، هەربەو شێوەیەی شوراکان دەیکەن . بەم پێیەش لابردنی بەرپرسە حزبیەکان کارێکی ئاسانی ئەندامان دەبێ و وەرگرتنی پۆستە حزبیەکان هیچ ئیمتیازاتێکی سیاسی و مادی نابێ و ئیتر حزب بریتی نابێ لە گروپێکی ڕابەری نەگۆڕ. هەربۆیە ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و فراکسیۆن و گروپی جیاجیای ناوحزب دەبێتە مافێکی سادە و میکانیزمی جێبەجێکردنیشی دڵخوازانە و خود وشیاری و خود چالاکانە دەبێ.

لە پرۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیدا ئەم ناکۆکیانە دەردەکەون لە نێوان مۆدیلی حزبێکی کرێکاری کە دەیەوێ هەموو چینەکە بەدەوری ئامانجی شۆڕش لە سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زاڵدا دروست بکا ، لەگەڵ حزبێکی بیرۆکراتیدا دەبینین کە دەیەوێ لە ڕێگای نوخبەیەکەوە مۆدێلێک لە سۆشیالیزم پیادە بکا کە ناکۆکە بە بەشداری زۆربە لەدەسەڵاتدا و دەوڵەت و ئۆرگانەکانی و نەخشەکانی دەکاتە ئیمتیازی کەمایەتیەکی حزبی.

حزب لەڕەوتێکی شۆڕشگێڕانەوە کە دەیەوێ “هەموو چینەکەوە” لەناو خۆیدا یەکگرتوو بکا و مانای واقعی دەدا بە حزبی چینی کرێکار و ئەم مۆدێلە زۆرجیاوازە لەو حزبە بەلشەفیەی کە تەنیا یەک بەش و یەک دەستە و یەک خەت نوێنەرایەتی دەکا و خۆی لە هەموو بەشەکانی تری چینەکە لەناو حزبیشدا جیادەکاتەوە و حزب لە هەموو گروپ و بۆچونە جیاوازەکان بە خەتی ڕابەری پاک دەکاتەوە.

لەم بەشانەی مۆدیلی سیاسی و حزبی بەلشەفی لە دەسەڵاتدا نیشانماندا کە چۆن شکستی ئۆکتۆبەر پێش هەر ناڕۆشنیەکی ئابوری و بەرنامەیەکی ئابوری، بریتی بوە لە مۆدیلی بەلشەفیزم لە دەخاڵەت پێدانی کرێکاران لە سیاسەت و ئیدارەی کۆمەڵگەدا و بەکارهێنانی ئامڕازی حزب بۆ شۆڕشکردن بەسەر میراتی سیستەمی حوکمی کەمایەتیدا. بەڵام بەبێ تێگەیشتن لە چۆنیەتی شۆڕش بەسەر سیستەمی ئابوری سەرمایەداریشدا ناتوانین لە هۆکارێکی تری سەرەکی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر تێبگەین. هەربۆیە ڕەخنەکەمان دەبێ بچێتە سەر بنەما ئابوریەکانی ئەم مۆدێلە و پەیوەندی لەگەڵ چینی کرێکاردا. لێرەدا دوای باسی مۆدیلی سیاسی حزب دەچینە سەر مۆدیلی ئابوری حزب، کە تەواوکەری ئەو سیستەمەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی یان سەرمایەداری دەوڵەتیە. دوای ناسینی ئەم مۆدیلە سیاسی و ئابوریە لە کۆتاییدا دەچینەوە سەر چۆنیەتی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و لە شۆڕشی سۆشیالیستی ئەم چینە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری.

سەرچاوەکان:

*1 لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا،ساڵی ١٩٢١، ل ٧٩٠-٧٨٩، فارسی، منتخب اثار.

*2 ئی هێچ کار ،ل ٦٨-٦٩ ، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین،بە ئینگلیزی

*3 هەمان سەرچاوە

*4 لینین، ل ،٧٩٠ پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا،ساڵی ١٩٢١، فارسی، منتخب اثار.

*5 ل ٨٢١، لینین، فارسی، منتخب اثار.

https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/sep/20.htm

*6 لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا، ل ٧٩٠-٧٩١، فارسی، منتخب اثار.

*7ل ٨١٢، لینین، دەبارە مالیات جنسی، فارسی، منتخب اثار.

*8 تۆنی کلێف ،ل٧٠، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا، بەزمانی عەرەبی.

*9 هەمان سەرچاوە، ل ٧١.

*10 هەمان سەرچاوە

*11 ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

*12 هەمان سەرچاوە

*13 هەمان سەرچاوە

Add Comment

Click here to post a comment