بابەتی هەڵبژاردە

ئەو کاتانەی غەرقی ئەدەبیات دەبی تەمەن مانایەکی تری هەیە !

هەر لەو کاتەوە پێم نایە جیهانی چیرۆکی خانم و سەگەکەی چیخۆفەوە ئەفسونی ئەدەبیات بوە ئەو بانگێشتە نهێنیەی کە هەمیشە دڵت وەک یەکەم ساتی ژوانێکی تازە لێ دەدا،تا گەیشتم بە چیرۆکی “دەبێ چی بکرێ”ی تۆلستۆی کە سواڵکەرەکانی مۆسکۆ دەکاتە هاوڕێت ، ٣٨ ساڵی بڕی و هەر بەتاسەی گوێگرتن لە چیرۆکێکی ترەوەم کە دەرگای دنیایەکی تری ئەفسوناویم لێ بکاتەوە. ئەمانە تەنیا کاتێکی تەنیایی لەزەت بەخشی ژیانن کە خۆت ڕۆچویتەتە ناو کۆڵانەکانی شارێکی کۆنی سەردەمی فیرعەونی سینۆهە یاخود ڤینیسی شەکسپیر. وادەزانی لەسەردەمی دایکی مەکسیم گۆرکی لەگەڵ کرێکارانی کارگە ژیاویت ، وەیان لە کۆڵانەتاریکەکانی لەندەن ئاشنای ئەو مناڵە جل و دەموچاوڕەش داگەڕاوانەی چارلس دیکنزیت. یان لە ئەمریکای لاتین ئاگات لەدڵداریەکانی گابریل مارکیز و دڵدارە ناسکەکەی پۆشکینە لەڕوسیا. ئەوانەی تریش کە وەک حەمەدۆکی یەشارکمال کە شان و قۆڵم شل دەبو ئەوکات بەئاگادەهاتمەوە کە دەمزانی خۆم لە دنیای ناو ڕۆمانەکە نیم و دەبێ بکەومە سەر لاکەی ترم. یان بۆ کوژرانی غەزەل نوسی بەختیار عەلی دڵت پڕدەبوو. بەڕاستی ئەگەر ئەم جیهانی ئەدەبیاتە نەبوایە ئینسان چ تامێکی لەژیان وەردەگرت ؟ چەند بێبەری دەبوین لەوەی کە بتوانین ئینسانی چەند سەردەمێکی تر بین نەک هەر لەو سەردەمە چەند دەساڵەی خۆماندا بمێنێنەوە. لە کتێبخانەی فەرهەنگی بیرەوەریماندا دنیایەک هەیە هی هەموو سەردەمەکانە و هەر کاتێک حەزبکەی دەتوانی لە وێستگەیەکی خەیاڵیدا دانیشیت و خۆت ئەو دنیا پەلکە زێڕینەیە بکەیتە هاودەمی کاتێکی تەناییت و لەزەت لەو تەنیاییە ئەفسانییەی ناخت بەریت و خەیاڵ بەو نەمریەی ئینسانەوە بەریت کە لە ئەدەبیاتدا بەرجەستە دەبێ. ئەمە دەتوانێ ئەو خولیا گلگامشیەیە بێ کە ئێمەی مرۆڤ هەمیشە خولیای نەمری بوین و ئێستا لە ئەدەبیاتدا بەو ئاسودەییە و قەناعەتە گەشتوین کە ئێمە شەپۆلێکی بەردەوامی ئینسانی بێ کۆتایین.

Add Comment

Click here to post a comment