ژنان

یۆتۆپیای گەنجی


ئەو شەپۆلانەی خەیاڵی ئێمە ،کە دەمانباتە جێگایەکی تر کە سەر زەمینی نیە ،بەڵام سەرتاپامان هەستی شادی دەگرێتەخۆ ، ئەوە یۆتۆپیای گەنجی یە. لەو کاتانەدا گەنجین، دەتوانین هەموو شتێک بخوازین. تۆ هەر ئەو کەسەی کە لە دوێنێی دەرەوەی زەمەنی تەمەندا، لە کۆڵانەکەی خۆتاندا دڵت بۆ کچە دراوسێکەتان لێی دەدا. ئایا چی گۆڕاوە کە نەتوانی جارێکی تر لە یۆتۆپیای خەیاڵدا بچیت و ئەو شیعرەی بۆت نوسی ئەمجار شەرم نەکەیت بۆی بخوێنیتەوە تا بەدڵ گوێت بۆبگرێ کە پێت دەوت”لەگەڵ گوێم لەوشەی مەرحەبات بوو .. دڵم یەکپارچە هەلاهەلا بوو.”
ئەوە ئەو کاتانەیە کە دڵت وەک خونچە تازە پشکتوە و لەم بەهارەی ژیانتا هەر ڕۆژێک هەتاوی شۆخێک دەردەکەوێ دڵت وەک گوڵەبەڕۆژە بەرەو لای دەچەمێتەوە. منیش کە ماوەیەک بوو دراوسێ بوین حەزم بە بیستنی دەنگی ئەو شۆخە قژزەردە چاوکاڵەی بەرامبەر ماڵمان دەکرد. بەو مەرحەبایەی دڵی خۆی بۆ هەمیشە لای بەجێ هێشتم. بەڵام بەداخەوە ئەو هۆنراوەیەم هیچ کات بۆ نەخوێندەوە و تەنانەت لە پیاسەکردنەکەشم لەگەڵەیدا بە کۆڵانەکانی سابونکەراندا هەر پێم نەوت. چاوەڕێش نەبوم ڕۆژێ لە دەرگاکەمان بدا و داوای هۆنراوەکەمم لێ بکا. ئەمە کۆڵانە داخراوەکانی کەلتوری ئێمە بوو.
ئای ئەگەر بەو کلتورە ئێمە گەورەدەکراین کە هەموو شتەکانی دڵمان بۆ خۆشەویستەکانمان یەکسەر بدرکاندایە ئێستا چەندە خۆشحاڵ و ژیانمان چۆن سەرشاری شادی دەبوو.
ئەگەر ئەوکات وەڵامێکم لەو کیژۆڵەیە دەست کەوتایە منیش هۆنراوەیەکی ئەوم گوێ لێ دەبوو یاخود پەیامی خۆشەویستی خۆی پێ دەوتم و منیش لای هاوڕیکانم دەمکردە نەریتێک کە لەشاردا پاش ماوەیەک هەموو باخ و پارک و کۆڵان و کافتریایەک دەبوە باسی خۆشەویستی. شارەکەمان ئەوکاتە بە شاری کلتوری خۆشەویستی ناوی دەردەکرد.

من خولیام بوو کە هۆنراوە بۆ ئەو کچانە بنوسم کە لەدڵەوە خۆشم دەویستن و بەڵام زۆرکات وەک کاری سیاسیم بەنهێنی دەکرد لە ترسی بەعس،فێربوبوم کە شیعرەکانیشم لە ترسی کەلتور بشارمەوە و ئەو ڕازە خۆشەویستیانەی کە لەوانەیە هەریەکەیان ژیانێکی شادیان دروستکردایە چیترلە سەرزەمینی یۆتۆپیای عەشقەکەمدا بەتەنیا نەدەگەڕان.

بەڵام هەرکەسێک خولیای دزینی ئاگری خۆشەویستی هەبێ لە ئەفرۆدێت ئیتر لە زیۆسی خوای خواکانی کەلتور ناترسێ. ئەوکاتە بوو کە بڕیارمدا گەشتێک بۆ سەرزەمینی یۆتۆپای عاشقەکانم بکەم و شیعرەکانمیان بۆ بخوێنمەوە.
ئازادی ئەو سەرزەمینەیە ئێمە تیایدا بەگەنجی دەمێنینەوە. ئازادی خەیاڵ ، ئازادی خۆشەویستی، ئازادی خۆبوون. ئازادی سەرزەمینی یۆتۆپیایی خولیاکانی ئێمەیە. گەنجی جوانترین شتی ئێمەیە ئەگەر هەمیشە یاوەرمان بێت لە هەموو ساتەکانی تەمەندا. پیربونی فیزیکی کاری سروشتە کە دایکی هەمومانە ، بەڵام پیربونی خولیا و ئازادی و خو و نەریتی ژیانمان ئەوە وەک سەرزەمینی سروشت نیە کە بەبێ ئەو لەدایک نەبێ. نهێنی یۆتۆپیای گەنجی لای خۆمانە و دەبێ فەلسەفەی هۆشمەندی ئێمە ئەو زەمینە هەمیشە بەهارە لە دەرون و دەوربەرماندا بکاتە ئەمری ئیلاهی خۆی.
هەمیشە گەنج بە لە دەربڕینی ئازادانەی خۆشیەکانی ژیانت و کاتێک ئازاد دەبین کە سنوری پێویستی ڕۆتینی کلتوری مانەوەمان تێپەڕاند و پەیامەکانی خۆشەویستیمان گەیاندە ئەو دڵانەی حەزدەکەین گوێ بیستی بن.

Add Comment

Click here to post a comment