بابەتی هەڵبژاردە کۆمۆنیزم

کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

تکایە بۆ خوێندنەوەی کتێبیکێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم کلیکی ئەم لینکە بکە

kteb17

 سەبارەت بە کێشەکانی حزب و دەوڵەت وکێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم

  • پێشەکی
  • چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟
  • حزب و خەباتی چینایەتی
  • بۆچی لای کرێکار حزب میتافۆرە؟
  • سۆشیال دیموکراتی چۆن بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری گۆڕی ؟
  • دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم
  • دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانە
  • ئایا بەلشەفیزم پێمان دەڵێ “دەبێ چی بکرێ” ؟
  • بەلشەڤیزم چ شتێکی گۆڕی؟
  • مافی شۆڕشکردن
  • مۆدیلی سۆشیالیزمی بەلشەفی چی بوو؟
  • دوالیزمی بیرۆکراتی و سەرمایەداری دەوڵەتی
  • مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیزم چیە؟
  • حزبی بەلشەفی لەدەسەڵاتدا چۆن دەگۆڕێ؟
  • مۆدیلی ئابوری بەلشەفی چی بوە؟
  • کۆنترۆڵی سەرمایەداری یا کۆنترۆڵی کرێکاری
  • کێشەی ترۆتسکیزم چیە؟

پێشەکی

ئەم وتارە دەیەوێ ڕیشەی ئەو قەیرانە سیاسی و ئایدیۆلۆژیە شی بکاتەوە کە کۆمۆنیزمی سەردەم ، واتە کۆمۆنیزمی دوای ڕوخانی سۆڤیەت و دەورەی کۆتایی دوو قوتبی ڕۆژهەڵاتی بەناو سۆشیالیستی و ڕۆژئاوای لیبراڵ دیموکراتی، تێکەوتوە. کۆمۆنیزم بزوتنەوەیەکە دوو سەدەی لە تیۆری و پراتیک پشت سەرناوە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەدوبارە خۆپێناسەکردنەوەیەکی تیۆری و پراتیکی سەردەمی خۆیەتی. لەبەرئەوەی هیچ کات بە هێندەی ئێستا کۆمۆنیزم پەرژوبڵاو و بێ دەستپێشکەری و بچوک نەبوە.

لەکاتێکدا هیچ کات بە‌هێندەی مێژووی ئێستا دابەشبونی چینایەتی پێگەیشتوو و کامڵ نەبوە و سامان لەلایەن چەند کەسێک کەڵەکە نەبوە، کە ڕێژەی سامان و داهاتی ١٪ی چینی سەرمایەدار داهاتی ٤٥٪ سەرزەوی لەژێردەستدایە*١.

ناکۆکیە چینایەتیەکانیش لە زۆربەی شوێنەکان بەشیوەی شۆڕش و تەقینەوە جەماوەریەکان دەبینرێ ، وەک بەهاری عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ، یان بەشێوەی وەستانەوە دژ بە قەیرانی دارایی وەک لە یۆنان و ئیسپانیا ، یان لە شێوەی شۆڕشی شەقامی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا و هتد..شەڕی کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکان لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆری و نیولیبرال و بانکی جیهانی و یەکێتی ئەوروپا.

قۆناغی گەشەی سەرمایەداری چینی کرێکارێکی گلۆباڵی دروستکردوە کە شێوازی ژیان و خەباتی هاوچەشنە دژ بە سیستەمێکی گلۆباڵی سەرمایە.

کۆمۆنیزم ئەگەر بەشی ڕۆشنبیری چینی کرێکار بێت، ئەوا دەبێ بەپێی ئەو واقعیەتانەی سەرەوە ئێستا هێزێکی گلۆباڵ و زۆرینە و دەستپێشکەر و ڕیکخەری ئەو خەباتە چینایەتیە بێت کە لە دنیادا دەچێتە پێش. بەڵام لەواقیعدا کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمەمان لەم خەسڵەتانە بێ بەشە و هەربۆیە لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتە چینایتیەدا نیە و گیرۆدەی ئەو کێشانەیە کە زیاتر پەیوەندیان بەمێژووی ڕابوردوە هەیە نەک بە پێداوستیەکانی سەردەم. هەروەک دابەشبونی کۆمۆنیزم بە سەر ڕەوت و حزبی جۆراوجۆری مارکسی، مارکسی لینینی، ترۆتسکییستی، ستالینی ، ماویستی و ئەنتی کاپیتالیست و حیکمەتیستی،سۆشیال دیموکراتی و سەندیکالیستی و هتد.. کە هەریەک لەمانەش دەیان گروپ و دەستەی تری لێ جیابۆتەوە وەک کەنیسەکانی کاسۆلیک و پرۆتستانتەکان و شیعەو سونەکان. ڕیزی چینی کرێکار بەهەمان شێوە پەرژوبڵاوە و سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕیکخراوە جەماوەریەکانی کرێکاران هەرچەند چالاکن بەڵام لە سەنگەری خۆپاراستندان و لە زۆرشوێنیش یان قەدەغەدەکرێن یان دانەمەزراون. ئەم خەباتە ” خۆبەخۆیە”ی شۆڕشی شەقام و تەقینەوە جەماوەریەکان هێشتا شکڵێکی ڕیکخراوەییی کارا و چالاکی بەخۆیەوە نەگرتوە کە بتوانێ لە ئاستی بەدیلی دەسەڵاتی بورژوازی ڕیکخراو بێت چ لە ئاستی لۆکاڵ و دەوڵەتەکاندا و چ لە ئاستی جیهانیدا.

ئەم قەیرانە بەرهەمی دوو دیاردەی لێکهەڵپێراوە. یەکەمیان؛شکستی مۆدێل و بەدیلێکی سۆشیالیستیە کە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە هاتە ئارا و نەبونی ڕەخنەیەکی تیۆری و سیاسی لە تەجروبەی شکست هێنانە، کە وەک وانەیەکیش بێت لە تەجروبەی شۆڕشەکانی پێشووی چینی کرێکار. دووەمیان؛ نەبونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی ڕۆشنە بۆ شێوەی ڕێکخستنی حزبی و جەماوەری و بەرنامەی سیاسی و ئابوری کەپشتی بە گۆڕانکاریەکانی سەرمایە لە سەدەی بیست و یەک بەستبێ. بەدیلێک کە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بە شیوەیەکی بەرجەستە و مومکین بکاتە دروشم و بەرنامەیەکی پراتیکی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا.

لەم شیکردنەوەیەدا دوو چەمک و ئامڕاز گرنگترین بەشن کە دەتوانێ هۆکارەکانی لاوازی و قەیرانی کۆمۆنیزمی پێ لێکبدرێتەوە. یەکەمیان حزب و دوەمیان دەوڵەتە. ئەم دوو ئامڕازە سیاسیە دەوری یەکلاکەرەوەیان هەیە لە شۆڕش و گۆڕانکاریەک کە چینی کرێکار بەهۆیانەوە دەتوانێ کۆمەڵگەی سەرمایەداری بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.ئایا تێگەیشتنی باو لەسەر حزب و دەوڵەتی کۆمۆنیستی چ دەورێکی لەسەر قەیرانی کۆمۆنیزم هەیە؟ بۆچی وانەوەرگرتن لە تەجروبەکانی پێشوو پەیوەندی لەگەڵ لێکدانەوەی مۆدێلی باوی حزب و دەوڵەت هەیە؟ حزب و دەوڵەت چ جێگایەکیان لە جیهانبینی کۆمۆنیستی و خستنەڕووی پایەکانی کۆمەڵگەی ئایندەی ئینسانیدا هەیە؟ ئایا حزبی کۆمۆنیستی حزبی نوخبەیەکی دابڕاوە و “ڕابەرە” کە بەرنامەیەک سنوری ڕێکخراوەکە دیاری دەکا ، یان حزبێکی جەماوەری کرێکارە کە لە مەیدانی جۆراوجۆر و لە شیوازی ڕیکخستنی جۆراوجۆردا دەردەکەوێ؟ ئایا دەوڵەتی کرێکاری هەمان دەوڵەتی تاک حزبی و نەبونی ئازادی سیاسیە کە لە سۆڤیەت و بلۆکی بەناو سۆشیالستیدا هەبوە یا خود دەوڵەتێکی جەماوەری و کاتی و پابەند بە ئازادی سیاسیە کە هەنگاوەکانی هەڵوەشانەوەی خۆی ناسنامەکەیەتی کە دوای نەمانی ترسی گەڕانەوەی بورژوازی بۆ دەسەڵات بەرەبەرە دەزگا سەروو خەڵکی و بیرۆکراتیەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە ؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر کە ئەمڕۆ دەبێ کۆمۆنیزمی سەردەم وەڵامی پێ بداتەوە تا بتوانێ سیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی وەک بەشێکی ڕۆشنبیری چینی کرێکار کە دەتوانێ هەژمونی ئەم چینە لە نێوخۆیدا و لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە بورژوازی و سیستەمە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکەی نیشان بدا و جیاوازیەکانی خۆی لەوان بخاتەڕوو. هەروەها ڕاشکاوانە ڕەخنە لەهەموو کەموکوڕیەکانی مێژووی ڕابردووی بگرێت تا وەک مارکس دەڵێ”دوژمن وا دەدات بە زەویدا تا هێزی زیاتری بکاتەوە بەبەردا و دیسانەوە بچێتەوە مەیدانی جەنگی یەکجاری لەگەڵیدا”*٢.

 لەم ووتارەدا دەچینە سەر لێکدانەوەی مێژووی دروستبونی ئەم ئامڕاز و چەمکانە و کێشە و جەدەلەکانی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەرحزب و دەوڵەت. دواتر ڕەخنە لەو تێگەیشتن و قاڵبانەی لە ئێستادا بونەتە مایەی قەیران و بەربەستی بەردەم گەشەی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران و بەدەسەڵات گەیشتنی کرێکاران و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی بێ چین و چەوسانەوە.

لە لایەک لەسەر؛ حزب و پەیوەندی بە چینی کرێکار و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی،حزب وەک نمونەی دەوڵەتی کرێکاری کاتی،حزب و شۆڕشی کرێکاری ،حزب و ڕێکخراوەی جەماوەری، توخمی وشیاری و خۆبەخۆیی و چەمکی نوخبە و جەماوەر ،جێگا و چەمکی رابەری و جەماوەری حزب ، حزبی کرێکاری و کێشەی سێکتاریزم و بیرۆکراتیزم ،سەنترالیزمی دیموکراتی و ناوەند و میکانیزمی بڕیاردان و هتد قسە دەکەین.

لە لایەکی تریشەوە باسەکانمان لەسەر : دەوڵەت دەسەڵاتی حزبی و دەسەڵاتی شورایی،دیکتاتۆری حزبی و دیکتاتۆری چینی کرێکار،ئازادی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی،ناکۆکی نێوان دامەزراندن و هەڵوەشانەوەی دەزگای دەوڵەت ،ئابوری کۆمۆنیستی و دەوڵەت ،پەرلەمان و شورا وهەڵبژاردن و دیاریکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت،دەوڵەت و بیرۆکراتی،خۆبەڕیوەبەری و دەزگای دەوڵەتی،پایەکانی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت،کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی و کۆمەڵگەی ئینسانی، و هتد دەبێت.

سەرچاوەکان:

1*

 (https://inequality.org/facts/global-inequality/, n.d.)

*2

١٨برۆمێر لویس بوناپارت

Click to access 18-brumaire.pdf

١

چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟

پێش ئەوەی بچینە ناو مێژووی لێکدانەوەکان و تیۆریەکان لەسەر حزب و دەوڵەت، پێویستە تێگەیشتنێکی ماتریالیستیانەمان هەبێ بۆ خودی مێژووی کۆمۆنیزم و لێرەوە دەتوانین ئەو تیۆر و هەوڵانە لە بواری حیزب و دەوڵەتدا بناسین کە لەم مێژووەدا دەرکەوتون. بەڵام سەرەتا مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە خۆی لە تێگەیشتنێکی میتافیزکیەوە پێچراوەتەوە و ئەم مێژووە کراوەتە مێژووی گروپ و دەستە کۆمۆنیستەکان و ڕەوتە سیاسی و ڕیکخراوەییە جیاجیاکان و مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران کە بنەمای کۆمۆنیزمە لەبیربراوەتەوە و هەر گروپە مێژوی خۆی بە مێژووی کۆمۆنیزم لەقەڵەم دەدا.هەربۆیە هەر بینەرێک ناهەقی نیه توشی سەرلێشوان ببێ و بڵێ لە بەر دارئەم دارستانەنابینرێ.

چینی کرێکار لە سەرمایەداریدا ،بەهەمان شیوەی چینی بورژوازی لە دەرەبەگایەتیدا ،خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بەسەریدا سەپاندوە. ئەم چینە لەم هەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە ئەم هەوڵانە ” ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەهاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”. *1

ئەم تێگەیشتنە ماتریالیستیە دوو شتمان بۆ رون دەکاتەوە؛
یەکەم: هەوڵە سیاسیە جۆراوجۆرەکان ناوی چینێک وەرناگرێ بەڵکو ناوی سەردەم و کەسایەتیەکان و حزبەکان و ڕەوتە سیاسیەکان وەردەگرن، بەڵام ئەمانە لەڕاستیدا خۆیان ئەنجام و پاشکۆی گەشەی مێژوویی چینی کرێکارن . هەربۆیە لە پشت ناو و مێژووی مارکس و لینین و مانیفیست و کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و حزبە جۆراوجۆرە کۆمۆنیستیەکانەوە دەبێ ئەو گەشە مێژووییە ببینی کە چینی کرێکار لەو قۆناغە جیاوازانەی گەشەی سەرمایەداریدا پێگەیشتوە و هەوڵە سۆشیالیستەکان بەپێی پیداویستیەکانی خەباتی چینایەتی لەو قۆناغەدا شکڵیان گرتوە. ئێمە بە لێکدانەوەی چوارچیوەی ئەو قۆناغە توانای تێگەیشتمان لەو هەوڵانە هەیە . ناتوانین ئەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بۆ هەموو قۆناغەکان بکەینە قاڵبێک وپێوەر و دۆگمێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ، وە بزوتنەوەی کرێکاری بەپێی ئەو قاڵبە مێژوویانە بەش بەش بکەین بەناوی مارکسیەکان ، بەلشەفیەکان ، کۆمۆنارەکان و ترۆتسکیەکان و کۆمۆنیتسە کرێکاریەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و هتد..
ئەم جۆرە تێگەیشتنە نامێژووییە کە کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان دەخاتە جێگای خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئەوان دەکاتە نوێنەری مێژوو و چینەکە، تێگەیشتنێکی باوە کە خۆی بەرئەنجامی پرۆسەی دابڕان و دورکەوتنەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سیاسیەکانی چینی کرێکارە لە خودی چینەکە و خەباتی چینایەتی و بونی بە گروپی تەبلیغاتی یان حزبی نوێنەرانی چینەکانی تر.
ئەم لێکدانەوە ماتریالیستیە تەواو پیچەوانەی ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکیەیە کە مێژووی کۆمۆنیزم وەک مێژووی گروپە جێگیرەکان و ڕوداوەکانیان دەبینێ، وە تەواو جیاوازە لەو داتاشینی جیاوازیانەی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کە قاڵبە مێژوویەکانی وەک مارکسیزم و بەلشەفیزم و سەندیکالیزم و ئانارشیزمیان کردۆتە قاڵبی جێگیر و پیرۆز و بەپێی ئەوانە دنیای ئێستا و خەباتی دژی سەرمایەداری چینی کرێکار لێک دەدەنەوە. ئەمە وەک کاری ڕێگرەکانی سەدەی ناوەڕاست وایە کە بەپێی ئەندازەی تەختەی ئایدیۆلۆژی تایبەت بەخۆیان جەستەی ئەم بزوتنەوەیە ڕێک دەبڕنەوە و ڕێکخراو و حزبی جۆراوجۆری لێ دروست دەکەن. لە کاتێکدا مانیفیست هاواردەکا: “كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە.”*2

دووەم:هەرکام لەم هەوڵە کۆمۆنیستیانە بەشێکن لە پرۆسەیەکی مێژوویی، کە هیچ کات نابنە خاڵی دەستپێکردن و جیاکردنەوە و کۆتایی مێژووی خەباتی چینایەتی، بەڵکو هەرکامەیان دەوروکاریگەری خۆی لە پرۆسەیەکی مێژوییدا دەنوێنێ ،کە بەردەوام لە گۆڕان و شکت و هەستانەوەدایە. مارکس ئەمە بە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکاران دادەنێ کە پێچەوانەی چینەکانی پیش خۆیەتی. ئەو دەڵێ؛ چینی کرێکار “ناتوانێ دروشمەکانی لەڕابردوو وەرگرێ بەڵکو تەنیا لە داهاتوو وەریدەگرێ. ئەو ناتوانێ ئەرکەکەی ئەنجام بدا ئەگەر هەموو ڕێزگرتنیکی ئەفساناوی ڕابردوو کۆتایی پێ نەهێنێ. شۆڕشەکانی پێشوو( بورژوایەکان) پێویستیان بە گێڕانەوەی یادەوەریەکانی ڕوداوە مێژوویەکانی جیهان بوو تاکو خۆیان هەڵخەڵەتێنن سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەیان.بەڵام شۆڕشی سەدەی نۆزدە(کرێکاریەکان)لەسەریەتی بۆئەوەی بۆخۆی ناوەرۆکی تایبەتی شۆڕشەکە ڕۆشن بکاتەوە دەبێ لێگەڕێ مردوەکان مردوەکانیان بنێژن..ئەم شۆڕشە پرۆلیتاریانە وەک لە سەدەی نۆزدەدا ڕودەدا،ئەوانە ، بە پێچەوانەوە بەردەوام ڕەخنە لە خۆیان دەگرن، وە لەکاتی بەرەوپیشەوەچوندا بەشێوەیەکی بەردەوام خۆیان دەوەستێنن لە ڕۆشتن، وەجارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دەستیان کرد بەوەی شتێک بەدەست بهێنن تاکو سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە، وە بەشیوەیەکی بەبێ ڕەحمانە گاڵتە بکەن بە کەموکوڕیە سەرەتاییەکانیان و وە خاڵە لاوازەکانی وە هەموو پوچیەکانی.” *3 ئەمە خەسڵەتی دیالەکتیکی خەباتی چینایەتی کرێکارانە.هەربۆیە ئەنگلس دەڵێ” بزاڤی کرێکاری ئەڵمانی وارسی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیە.”*4

بە پێچەوانەی ئەم میتۆدە دیالەکتیکیەوە ،کە پێویستە هەموو مێژووی سەدەی ١٩ و ٢٠ بداتە بەر ڕەخنەی بێ ڕەحمانە تاکو کەموکوڕیەکان و لاوازیەکانی کۆمۆنە و ئۆکتۆبەر و هۆیەکانی شکستی ئەم شۆڕشانە بکاتە دەرس بۆ شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە ، هێشتا دیدی میتافیزیکی و نامێژوویی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا ،نەک هەر چینی کرێکار بەپێی قاڵبە فکریەکان پەرت پەرت دەکا، بەڵکو کۆمۆنیزم خۆشی دەکاتە شتێکی جیاواز لە چینی کرێکار و ئەو خەباتەی ئەمرۆ لە مەیدانەکانی ئازادی لە ئارادایە. بەم شێوەیە هیچ کاتێ ئەو ناکۆکیەی لە فکری خۆیدا بۆ جیاکردنەوەی سنوری کۆمۆنیستی و ناکۆمۆنیستی دروستی کردوە، ناتوانێ چارەسەری کێشەی جیایی کۆمۆنیزمی لە کرێکار پێ بکا. پێی وایە پیویست بە کۆمۆنیزمێکی فکری خالسە و پوختە تا بتوانێ ئەم دوانە پێکەوە گرێ بداتەوە، وەک چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان بۆ دەقەکان و ڕەفتاری پێغەمبەرەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕزگارکردنی دنیای ئێستا.

ئێمـە بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکاری و جیاوازیانەی لە خەباتی فکری و سیاسی ئەم چینەدا دروست دەبێ پێویستە سەیری مێژووی بورژوازی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بکەین. دەبینین بەپێی گۆڕانکاری وگەشەی جێگە و ڕێگەی ئابوری بورژوازی لە سەردەمی ڕینیسانسەوە هەوڵی فکری و سیاسی بەردەوامی چەند سەدەی خایاند تاکو پێکهاتەکانی سیستەمی سیاسی خۆی کامڵ کرد. لە لۆتەریزمەوە دەست بە شەڕ لەگەڵ کەنیسەی کاسولیک دەکا،وەک پێکهاتەیەکی سیستەمی دەرەبەگایەتی، هەروەها لە میکاڤیللیەوە شۆڕش بەسەر فکری سیاسی دەرەبەگایەتی و کڵێسادا دەکا و زانستی سیاسەت لە دنیای واقعیدا دەهێنێتە ئارا و دواتر لەسەر دەستی هەر کام لە جان بۆدان، ئاڵتۆسیۆس،تۆماس هۆبس، جۆن لۆک،مۆنتیسکۆ،ڕۆسۆ،بنتام و ستیوارت میل و دەیان فەیلەسوف و یاساناس و سیاسی و بزوتنەوە سیاسیەکانیەوە ،کاری فکری و تێوری سەبارەت بە چەمکەکانی سەرەوەری، دەسەڵاتی یاسا، فۆرمی حوکمڕانی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دینی لە دەسەلاتی سیاسی، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕیوەبردن و دادوەری ودەوڵەت و دەستور و مافەکان فۆرمۆڵەکران و جێکەوتن. ئەم پرۆسەیەی شکڵگرتنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی سیستەمی سەرمایەداری لە ئەنجامی چەند سەدە له ململانێی فکری و سیاسی و سەربازی لە نێو چینی بورژوازیدا و دژ به فکر و بیرورای زالی ده ره به گایه تی ڕویداوە. لەگەڵ پێداویستیەکانی سەپاندن وڕاگرتن و گەشەپێدانی دەسەلاتی ئابوری ئەم چینەدا و کاریگەری خەباتی چینایەتی بەسەریانەوە ،قاڵبی حزب و حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی گۆڕانی بەسەرداهاتوە و شکڵی ئێستای پەرلەمانی و حکومەتی جێبەجێکردن و دەزگای دادوەری و سوپا و دەزگای ئاسایش و دەزگا نهێنیەکانی وەرگرتوە و لە ئاستی جیهانی UNوبانکی جیهانی ودەزگای جۆراوجۆری دروستکردوە.
حزب و دەوڵەت بۆ چینی کرێکاریش ڕەوتێکی ململانێی فکری و تیۆری و پراتیکی دوو سەدەیەی تێپەڕاندوە. لەهەر دەورەیەکدا چینی کرێکار کۆمەڵێک هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و لە خەبات و شۆڕشی بەردەوامیدا ڕاستی و دروستی تیۆریەکان و سیاسەتەکانی تاقیکردۆتەوە و سەلماندونی، یاخود لە شکستەکانیدا ناڕۆشنی و هەڵەکانی خۆی بۆ دەرکەوتوە. ڕەوتێکی مێژوویی ئەم چینە کە لە دوو سەدەدا لە شێوازی ئەنترناسیونال و سەندیکا و شورا و یەکێتیە کرێکاریەکان حزب و شۆڕش و مانگرتن و دەوڵەتدا خۆی نمایش کردوە. ئەمانە هەمویان هەوڵی جۆراوجۆری چینێکن کە لە پێناو کۆتایی هێنان بە کۆیلایەتی بۆ سەرمایەداری دەستی بۆبردوە و لە پرۆسەیەکی مێژوویدایە بۆ خۆ ئامادەکردن وەک بەدیلی ئەم سیستەمە چەوسێنەرە. پێ بەپێی ئەوەی «چینی کرێکار بەردەوام ژمارەی زیاد دەکات و بە دیسپلین دەبێت، یەکگرتوو دەبێت، ڕێکخراو دەبێت، لە ڕێگای میکانیزمە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری خۆیەوە”*5 ، له خەباتی چینایەتیدا مەسەلەی نوێ وەک حزب ، ئەنتەرناسیونال، دەوڵەت، شورا و سەندیکا و کەلتور و هتد دێتە پێشەوە.

کۆمۆنیزم لەگەڵ شۆڕشە بورژوازیەکاندا دژی دەرەبەگایەتی وەک بزوتنەوەیەکی ناڕازی کرێکارانی تازە پێگەیشتوو هاتەمەیدان و زۆر بەسادەیی خۆی لەبەرگی بەدیلی سەرمایەداریدا نیشاندا. هەرچۆن بورژوازی چەند سەدەی لە خەباتی فکری و سیاسی و ئابوری ویست تاکو لە کۆتوبەندەکانی فیۆدالی ڕزگاری بوو ، بە هەمان چەشن کرێکارانیش لە هەوڵێکی مێژوویی بەردەوامدان تا خۆیان وەک بەدیلی سەرمایەداری بسەلمێنن. ئەم چینە بە چەندین شۆڕش لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆری خۆی داوە لە مێژووی تا ئێستای دنیای سەرمایەداری.
ئەم کۆمۆنیزمە بەم تەجروبانەی نیشانداوە لە بواری فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بوەتە یەکێک لەو بزوتنەوانەی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئاڵۆز و قەیراناوی سیستەمی سەرمایەداریداهەیە. هەر قۆناغێکی ئەم هەوڵە فکری و سیاسیانە دەبێ وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو سەردەمە و پێداویستیەکانی خەباتی ئەو دەروەیە سەیربکرێن نەک وەک قاڵبێک و دۆگمێکی کە مێژووی تیاقەتیس بکرێ و لە ئێستادا دەبێ کۆمۆنیزم وەڵامی ئەو کێشە و مەسەلانە بداتەوە کە چینی کرێکار لە خەبات و ڕیکخراوبون و شەڕی لەگەڵ بزوتنەوە بورژوازیە نیولیبراڵ و پۆپۆلیست و ناسیونالیستەکانداڕوبەڕوە، نەک شەڕێک کە مارکس لەگەڵ باکۆنین هەیبوە ، یان لینین لەگەڵ کاوتسکی ، یاخود ترۆتسکی لەگەڵ ستالین. هەرچۆن بورژوازی ناڵی بۆچونەکانی هۆبز یان ڕۆسۆ قسەی ئاخری دەوڵەت و دەستور و پەیمانی کۆمەڵایەتیە. بێگومان چینە کۆمەڵایەتیەکان لە شەڕی سیاسی دنیای واقعیدا بەناچاری یان بەپێی بەرژەوەندیەکانی چینەکەیان ئەم یاسا و دەزگایانە دەگۆڕن. هەربۆیە چینی کرێکاریش پێویستی بە بەردەوام گەشەپێدانی گۆڕینی تیڕوانین و ئامڕازەکانی خەباتی هەیە.

تێگەیشتنی ماتریالیستی لە مێژووی چینی کرێکار پێمان دەڵی کە ئەم چینە لەگەڵ دروستبون و گەشەی چینی بورژوازی وشۆڕشی پیشەسازیدا دروست بوە و هەردوو ئەم چینە سیستەمی سەرمایەداریان پێکهێناوە. ناکۆکی چینایەتی نێوان ئەم دوو چینە لەناو جەرگەی شەڕی کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا بەرەبەرە زەق بوەتەوە و گەیشتۆتە شەڕی نێوان ئەم دوو چینە و لەهەر شەڕێکدا بۆ دیموکراسی و ئازادی زیاتر کە بورژوازی کردویەتی دژی سیستەمی پاشایەتی و فیۆدالی چینی کرێکار بەشداریکردوە وهەوڵیداوە ئەو دەستکەوتانە هەر تایبەت نەبن بە بورژوازی بەڵکو ئەویش وەک لێی بەهرەمەندبێت. چینی کرێکاریش هاوشێوەی بورژوازی سەدەکانی ڕینیسانس و ڕۆشنگەری، ئەویش لە سەدەی ١٩و٢٠دا کۆمەڵێک شۆڕشی کردوە و پرۆسەیەکی دانەبڕاوی لە خەبات و فشار دژ بە سەرمایەداری هەبوە. ئەم چینەش بەپێی جێگەوڕیگای ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی وشیاری و ڕێکخراوبونی کرێکاران تیایدا ئایدیاکانی دنیای کۆمۆنیستی و یەکسان و ئازادی سەریهەڵداوە و توێژی ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و بیریاران و هەڵسوڕاوانی سەر بەم چینەش تەعبیریان لەم خواست و ئامانجانە کردوە. کۆمۆنیزمیش وەک بەشێک لەم هەوڵە ڕۆشنبیری وسیاسیە، پێ بەپێی تەجروبە سیاسی و پراتیکە شۆڕشگێڕانەکانی کرێکاران گەشەی دەرکرد و لە کۆمۆنیزمێکی خەیاڵیەوە گەشتە ئاستی تیۆریەکی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و دواتریش بەشێوەیەکی زانستی لیکدانەوەکانی لەسەرسیستەمی سەرمایەداری و ناکۆکی و قەیرانەکانی و ئامڕازەکانی گۆڕانی بە سیستەمێکی کۆمۆنیستی خستەڕوو.

چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە مێژووی ئەم ململانێ سیاسی و چینایەتیەدا سەریهەڵدا. سەرەتا گروپە کۆمۆنیستیە نهێنیەکان و ڕیکخراوە جەماوەریە ئاشکراکان پێکدەهاتن و دواتر گرنگی ڕیکخستنی یەکپارچە و سەراسەری و جیهانی ئەم چینە هاتە ئارا وئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبە سۆشیال دیموکراتی و کرێکاریەکان لە ئەوروپا وڕوسیاو ئەمریکادا سەریان هەڵدا.
ئەم چەمکە دوو خەسڵەتی سەرەکی هەبوو، کە یەکەمیان باسی حزب باسی ڕێکخستنی سەرجەم چینی کرێکار بوو وە مانای حزبێکی تایبەتی نەبوو لە ناو کرێکاراندا. هەربۆیە لەئەنتەرناسیونالی یەکەم و حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا بۆچون و ڕیبازی سیاسی جیاجیا دەبینین و سەرەڕای ململانێی سیاسی و فکری نێوانیان بەڵام وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی وهێزێکی سیاسی ئەم مەیلانە پێکەوە کاردەکەن. مانیفیستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگلس تەعبیر لەم قۆناغە دەکا کە دەڵێ ” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیا لە حزبەکانی چینی کرێکار نین و ئامانجیان کۆکردنەوەی هەموو چینەکە و خستنەڕووی ئامانجی کۆتایی چینەکەیە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتیدا” ئەو پێناسەیەیە بۆ حزب کە بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی نیشان دەدا.
دووەمیان ؛ ئەم حزب و ڕیکخراوانە لەگەڵ شەڕی چینی کرێکار لەسەر دەسەڵات گرتنی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سەرمایەداریدا تێکەڵاون. وەک تێکەڵاوی ئەنترناسیونالی یەکەم لەگەڵ کۆمۆنەی پاریس و پەیوەندی بەردەوام بە خەباتی سیاسی و ئابوری کرێکارانی ئەوروپاوە، یان حزبە سۆشیال دیموکراتەکان و خەباتی پەرلەمانی و مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکاریەکان و بونی سەدان هەزار ئەندامی کرێکاری لەم حزبانەدا و بەشداری لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕاپەڕینەکانی ئەڵمانیا و مەجەر و مانگرتنە سەراسەریەکانی ئیتالیا وبەریتانیا و نەرویج و وڵاتانی تر.

لەم ئاستە لە گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی وجەماوەری وبەتایبەت لە کۆمۆنەی پاریسەوە چەمکی دەوڵەتیش دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەم خەباتە. دواتر لە شەڕی جیهانی یەکەمدا ئەم بزوتنەوەیە دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە و لەبەردەم ئەرکێکی مێژووییدا قەرار دەگرێت. ئەم شەڕە جیهانیه بۆ جیهانی مۆدێرن بەمانای ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی بورژوازیە،کە لەبەرامبەریدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی سەریهەڵدا و بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی خستە بەردەم ڕوبەڕوبونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ ئەم شەڕە جیهانی وبەربەریەتەی سەرمایەداری و نیشاندانی بەدیل و ڕیگاچارەی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی. هەربۆیە جارێکی تر مەسەلەی شۆڕشی کرێکاری دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وگرتنە دەستی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی دەبێتە پێویستیەکی ڕۆژ.
“دەوڵەت و شۆڕش” ی لینین تەعبیر لەم قۆناغە گەشەکردوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دەکا کە دەڵێ” ئامڕازەکانی دەوڵەتی بورژوازی دەبێ لەناوببرێ و دەوڵەتێک دروست ببێ کە پشتی بە چەکدارکردنی گشتی و نوێنەرانی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران ببەستێ”.
لەم قۆناغەدا ئێمە لەگەڵ دوو مەسەلە دەرگیر دەبین یەکەم؛ جیابونەوەیەک لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا لەسەر بنەمای تاکتیک لە بەرامبەر شەڕی جیهانی و دەوڵەتی بورژوازیدا.
ڕەوتێکی ناسیونالیستی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا پشتیوانی لە لایەکی شەڕ دەکەن بەرامبەرلاکەی تر و هاوکاتیش پشتیوانی لە ریفۆرمیزم دەکەن لە بەرامبەر گۆڕینی دەسەڵات بەشێوەی شۆڕشگێڕانە.
دووەم ؛لە ڕوسیادا کە زەمینەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تیایدا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لەبار دەبێت و ٣ شۆڕشی یەک لە دوای یەک ڕودەدەن و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی نمونەیەک لە شۆڕشی سۆشیالیستی و دەوڵەتی کرێکاری نیشان دەدا.

ئەم دەورەیە دەورەیەکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیە. هەردوو چەمکی حزب و دەوڵەت لەم دەورەیەدا دەکەونە قۆناغی پراتیکێکی کۆمەڵایەتی و گۆڕانێکی سەرتاپاگیری سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی ڕوسی دەگرێتەوە و کاریگەری خۆی بەسەر جیهاندا دادەنێ. سەدەی ٢٠ و تا ئێستاش مۆدیلی حزبی بەلشەفی و دەوڵەتی سۆڤیەتی وەک دوو مۆدیلی نەگۆڕ و پیرۆز سەیردەکرێن و هیچ ڕەخنەیەکی بنچینەیی لەم مۆدیلانە و نیشاندانی بەدیلی بەرامبەریان لە ئارادا نیە. ئەم دیدە میتافیزیکی و نامێژووییە لە حزب و دەوڵەت مەسەلەی سەرمێزی ئەم لێکۆڵینەوەیەیە. لێرەوە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ دەور و مێژووی چینی کرێکار گرنگی حەیاتی و بنەڕەتی پەیدا دەکا، بویه دەبێ لێکدانەوەی دروست و زانستی بۆ ئەم مێژووە و واقعی ئێستا بکا و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە بونەتە گرێ کوێرە لە بەردەم چینی کرێکار و ئایندەی خەباتەکەیدا. تێڕوانین بۆ حزب و دەوڵەت ئەو دوو ئەڵقەیەیە کە ئێمە لەم لێکدانەوانەدا بەدەستیەوە دەگرین تاکو دەرگابکاتەوە بەڕووی ڕۆشنکردنەوەی گرفت و کێشەکاندا.
لێرەوە دەبێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر دوو چەمکی حزب و دەوڵەتدا هات بە شیوەیەکی وردتر لێک بدەینەوە تا بزانین چ جیاوازیەکی لەگەڵ بنەما سەرەکی و سادەکانی پێش ئەم دەورەیە و دنیای سەردەمداهەیە؟

سەرچاوەکان:

*1 https://asokamal.com/index/?p=1616*
*2 https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf
*3 الثامن عشر من برومیر لویس بونابرت ل ١٤٣،مارکس انجلس ،مخارات، الدار التقدم
*4

https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1888_feurbax.pdf لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٨١، وەرگێڕانی سالار ڕەشید
*5 https://asokamal.com/index/?p=1616*

٢
حزب و خەباتی چینایەتی

لەبەشی پێشوودا وتمان کە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی مێژوو دروست دەکا نەک کۆمۆنیزم. کۆمۆنیستەکان ئەو بەشە ڕوناکبیرەیە ،وەک گرامشی دەڵێ؛ خۆی ” دەربڕی گەشەی ستراکتۆری چینی کرێکارە”*1 ،کە وەک بەشی ڕوناکبیری ئورگانی ئەو چینە دروست دەبێ و گەشەدەکا. وە لەوێدا ڕەخنەمان لەو بۆچونە میتافیزکیە خستەڕوو کە مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە دەکاتە مێژووی کەس و حزب و ڕیکخراوە و ڕەوتە سیاسیەکان و پێچەوانەی واقعیەتی دیالەکتیکی گەشەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیەکەیەتی وەک بنەمای دەرکەوتن و سەرکەوتن و شکستەکانی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا.
ئەم تێگەیشتنە خۆی لە باسی حزبدا بەڕونی نیشان دەدا. هەربۆیە ئیمەش دەکەوینە شیکارێکی هەمەلایەنەی دیدی ئێستا سەبارەت بەم چەمکە و مێژووەکەی و ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەریدا هاتوە تا لە ئەنجامدا جێگای واقعی حزب لە جیهانبینی کۆمۆنیستیدا بخەینەڕوو.

حزب وەک دەربڕینێکی موجەرەد و دیاردەیەکی جیابوەوە لەو کۆمۆنیزمە چینایەتیە و چینی کرێکاری لێهاتوە ،کە خودی خۆی لە ئامڕازێکەوە بوەتە ئامانج و پیرۆزکراوە. ئەم شت پەرستیە و فیتیشیزمە توشی کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمە هاتوە وەک دابڕانی دیالەکتیکی هیگڵە کە بە گەیشتن بەدەوڵەت و مافی بورژوازی گەیشتە کۆتایی مێژوو. هەربۆیە سەرەتا دەبێ چەمکی حزب خۆی لەم دنیای موجەرەد و جیابوەوەی سیاسەت دەرکێشین و بیخەینەوە ناو قاڵبی مێژوویی خۆی تا بیکەینە چەمکێکی واقعی و لەدنیای شەڕی چینایەتیدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی دوور لە بتپەرستیەکەی ببینین.
لە سیستەمی سەرمایەداریدا چینی دەسەڵاتدار لە پرۆسەیەکی مێژوویدا شێوازی ڕێکخستنی خۆی بە شێوەی حزبی سیاسی جیاجیا دەباتە پێشەوە ،کە ڕەنگدانەوەی توێژە جیاجیاکانی سەرمایە و شکڵگرتنی قاڵبە فکری و سیاسیە جیاوزەکانە لە پەیوەندی لەگەڵ کێشە ناوخۆییەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا.لە بەشێکی زۆری دنیای ئێستادا کە پەرلەمانتایزم بوەتە شێوەی ئیدارەی سیاسی دەسەلاتدارێتی بورژوازی ، ئەم چینە لە دەوری بەرنامەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جیاواز بەڵام لەسەر هەمان بنەمای پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری حزبی جیاجیا یان دژ بەیەکی هەیە کە لە پێشبڕکێدان بۆ بەدەستەوەگرتنی ئیدارەی حکومەت و دەوڵەت.ئەمە خۆی بەشێک لە پرۆسەی دەوڵەت دروستکردنە کە بورژوازی بۆ سەنترالیزەکردنەوەی بازاڕ و ناوچەکان و دروستکردنی شارە گەورەکان ودامودەزگاکانی بەڕیوەبردن و سەرکوت و وەڵامدانەوەی پیویستیەکانی گەشەی سەرمایە دەستی بۆبرد و جێگای سیستەمی دەرەبەگایەتی پێ گرتەوە کە لەسەر بنەمای لادێ و دەسەڵاتە فیدرالە پەرژوبڵاوەکان دامەزرابون.

لای چینی کرێکاریش چەمک و دیاردەی حزب پێبەپێی گەشەی ژمارە و جێگاو ڕیگای ئە م چینە لە ئابوری سەرمایەداری و هەروەها بەرئەنجامی تاقیکردنەوە شۆڕشگێڕیەکانی چینی کرێکار گەشەی کردوە. سەرەتا بزوتنەوە “خۆڕسک” و ئامانجە خەیاڵیەکانی ئەم چینە لە ئەوروپادا سەرهەڵدەدا. لە ژاکوبینەکانی شۆڕشی فەرەنسەوە تا چارتیەکانی بەریتانیا و شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپادا،کۆمۆنیزم وەک توخمێکی مێژوویی خەباتی چیانیەتی سەرهەڵدەدا نەک وەک تیۆریەکی چەند کەسێکی چاکخوازی لە چەشنی ئۆوین و پرودون و مارکس. لە نێو ئەو توخمە خۆڕسکانەی چینی کرێکاردا هەمیشە وشیاریەکی چینایەتی هەیە کە دەربڕینێکە لە بەرژەوەندیەکی مادی و چینایەتی. کۆمۆنیزم لە هەناوی ئەو پرۆسە خۆڕسکانەوە گەشەی کردوە و ئەو وشیاریە چیانیەتیەی ڕۆشنترکردۆتەوە و بەرگێکی زانستی خستۆتە جێگای خواستە خەیاڵیەکانی ئەو چینە. حزب و ڕێکخراوبونی کرێکاران بەرهەمی ئەو پرۆسە وشیارانە بوە کە ئەم چینە لە قۆناغی جیاجیادا بەشێوەی جیاجیا خۆی وەک چینێک تیایدا نمایش کردوە. هەربۆیە حزب قاڵبێکە کە چین دروستی دەکا نەک حزب چین و خەباتی چینایەتی دروست بکا. حزب قۆناغێکە لە خەباتی ڕێکخراو کە وشیاربونەوەی چینێک لە خۆی نیشان دەدا، نەک وشیاریەک بێت کە چینێک و خەباتی چینایەتی دروست بکا. کاتێ کە خواستی کۆلیکتیڤ و هاوبەشی کرێکاران گەیشتە ڕادەی شۆڕش دژی بورژوازی و سیستەمی سەرمایەداری، ئەوکات کۆمۆنیزم بوە تیۆریەکی شۆڕشگێڕانە کە تەعبیری لە پێویستی وچۆنیەتی ئەو گۆڕینەکرد. مانیفیست و ئەنتەرناسیونالی یەکەم دەرخەری ئەو واقعیەتەن کە چینێک لە مەیدانی خەباتی سیاسیدایە کە فۆرمێکی کۆنکریت و بەرجەستەی وەرگرتوە.وەک گرامشی دەڵێ”مێژوو ئەم ئۆرگانیزمەی پێشکەش کردوە، ئەمە حزبی سیاسیە، کە تۆوی سەرەتای ئەو خواستە هاوبەشە بەرەو جیهانی بون و گشتی بون دەچێ.”*2.

لێرەدا دەبێت لەسەر خاڵێک ڕاوەستین ئەویش پاشکۆبونی حزبە بۆ خەباتی چینایەتی. ئەگەر حزب بەرهەمی گەشەی ئەو خەباتەی کرێکاران بێت، کەواتە یاساکانی حوکم بەسەر گەشە و مانەوە و ئایندەی حزبدا دەدەن هەمان یاساکانی خەباتی چینایەتیە. ئەم هاوکێشەیە پێمان دەڵێ کە حزب بەشێک لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیە کە لەژێرکاریگەری ئەو هێزەدایە کە ئەم پرۆسەیە دەجوڵێنێ. ئەم هێزە ئەگەر سەرەتا بچوک و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامە و بێ تەجروبە بێت حزبیش بەهەمان شێوە دەبێ.بەڵام کاتێک بەشە ئۆرگانیکەکانی حزب واتە سێ پێکهێنەرەکەی حزب؛یەکەم، جەماوەرێکی کرێکاری بە دیسپلین و ڕێکخراو و،دووەم، ڕۆشنبیرانێکی سیاسی کە توانای یەکگرتوکردنی ئەم هێزەیان هەیە و سێهەم ئەو ئامڕازانەی کە ئەم دووبەشەی سەرەوە لێک هەڵدەپێکێ، ئەوا قۆناغی گواستنەوەی خەباتی چینایەتی بۆ ئاستی باڵا واتە دەستبردن بۆ دەسەڵات دەست پێ دەکا.ئەم گەشە و کامڵبونە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا دەست پێدەکا کە زەمینە مادی و کۆمەڵایەتیەکانی خەباتی چینی کرێکار لە دژی سەرمایەداری خەمڵیوە.بۆ نمونە لە فەرەنسە دوودەیە لە خەباتی چینایەتی و شەڕی چینایەتی لە شۆڕشی ١٨٤٨ەوەتا١٨٧٠ ئاکامەکەی دەگاتە کۆمۆنەی پاریس. لێرەدا وشیاری کۆمۆنیستی نەک بەمانای حزبێکی دیاریکراو بەڵکو بەمانای کارێکی جەماوەری کرێکاران دروست دەبێ سەبارەت بەوەی ئامانجی خەباتی سیاسی و چینایەتی کرێکاران گرتنەدەستی دەسەڵاتە. ئەمە یەکەم جارە کە کرێکاران هێزی سیاسی خۆیان تا ئاستی هەژمونی بەسەر کۆمەڵگەدا بەرزدەکەنەوە و لێرەوە شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەتی کرێکاری کۆمۆن دەبێتە سیمای داهاتوی حزبی کرێکاری. لێرەوە تیۆری یان جیهانبینی کۆمۆنیستی ، بەتایبەت لای مارکس و ئەنگلس،سەبارەت بە دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕۆشنتر دەبێتەوە.

ئەگەر لە مانیفیستدا حزب مانای چینی کریكاری ڕێکخراو بوو کە دەبێت وەک دەسەڵات خۆی ڕێکبخا، لەدوای تاقیکردنەوەی کۆمۆنەوە حزب مانای چینێکە لە شۆڕشێکی بەردەوامدا نەک تەنیا بۆ جێگۆڕکێ لەگەڵ حزبی بورژوازیدا لەسەر کورسی دەسەڵات بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو دامودەزگای دەوڵەتی بورژوازی و خودی دەوڵەتیش. ئەمە مانای حزب دەگۆڕێ و گەشەی پێدەدا و ئاسۆ و ڕوانگەی خەباتی چینایەتی لە خەباتێکی ئابوری و داواکاری دیموکراتی و ئابوریەوە دەبێتە خەباتێکی سیاسی ڕیکخراو کە دەیەوێ شۆڕش بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا بکا. لێرەوە تیۆری مارکس دەبێتە دەربڕینێکی کامڵتری کۆمۆنیزم لەچاو تیۆریە سۆشیالیستیەکانی پرۆدۆن و بلانکی و لاسال و ئەوانیتر.بەڵام ئەوە تیۆری مارکس نیە کە ئایندەی خەباتی چینایەتی دیاریدەکا و وشیاری چینایەتی لەقاڵبی حزبیدا دەخاتەڕوو، بەڵکو ئەو ململانێ سیاسی و ڕۆشنبیریەیە کە لەئاستی چینی کرێکار و لە مەیدانەکانی خەباتی ڕۆژانە و هەمەلایەنەدایە کە بڕیاردەدا لەسەر چۆنیەتی بەرنامە و تاکتیک و تێگەیشتنەکان لەسەر حزب و ئامڕازەکانی خەبات و ئایندەکەی بەرەو کوێ دەڕوا.

پێداگری مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەوەی حزب واتە هەموو چینی کرێکاری سیاسی و ڕێکخراو نەک حزبی گروپێکی جیاواز و نەک تەنیا حزبی کۆمۆنیستەکان ، جیاوازی لە تێگەیشتنی لینین هەیە لەسەر حزبێک کە تەنیا کۆمۆنیستەکان دەگرێتەخۆ و جەخت لەسەر بەرنامە و تاکتیکی سیاسی وەک خاڵی جیاکەرەوە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا دەکاتەوە. ئەمە بەرهەمی مێژوویەک لە خەباتی چینایەتی بوە لە ئاستی ڕۆژئاوا و ڕوسیادا، وەک لە خوارەوە ڕۆشنی دەکەینەوە.

لەدوای کۆمۆنەوە کە ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری گەورەین لە خەباتی چینایەتیدا،دروستبونی ئەنتەرناسیونالی دوەم و گەشەی حزبە کرێکاریەکانین لە ئەوروپا و ڕوسیا و ئەمریکا پاشکۆی ئەو گۆڕانکاریانەن . لەم قۆناغەدا دوو مەسەلە خۆی بەسەر تێگەیشتنەکان و بەرنامەکانی ئەم کۆمۆنیزمەدا زاڵ دەکا. یەکەمیان حزبی کرێکاری بۆئەوەی لەمەیدانی سیاسیدا بتوانێ هێزێکی جەماوەری کۆبکاتەوە و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی چینی کرێکار بکا پێویستە بەئاشکرا کاربکا و لە چوارچێوەی دیموکراسی پەرلەمانیدا هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات بدا.دووەمیان کە زیاتر لەژێرکاریگەری هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدایە کە لە ڕوسیادا هەیە و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی جیهانی یەکەمدا کاریگەری لەسەر هەموو ئەوروپا دادەنێ، حزبی کرێکاری بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگای شۆڕشەوە پێویستە دەرس لە کۆمۆنەی پاریس وەرگرێ و بورژوازی چەک بکا و دەوڵەتی حزبی خۆی دروست بکا.لەم تەجروبەی ڕوسیادا پێوەری حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەپێی ئەم ئامادەییەی بۆ شۆڕشکردن دیاری دەکرێ و حزب بە نوێنەری چینی کرێکار دادەنرێ و دیفاع لەوەدەکرێ کە دەسەلاتی حزبی دەخرێتە جێگای دەسەڵاتی چینی کرێکارەوە.

ئەم ڕەوەندە لەئاکامدا دوو جۆر لە حزبی سیاسی دروست دەکا. حزبی سۆشیال دیموکراتەکان کە لەگەڵ یەکێتیە کرێکاریەکان شیوەی ڕیکخستنی جەماوەری و پیشەیی و بەرنامەی ریفۆرم و لیستی پەرلەمانی دروست دەکەن و دەبنە بەشێک لە سیستەمی سیاسی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا.حزبی بەلشەفی ڕوسیش بەپێی هەلومەرجی سەرکوتی ڕوسیا شێوازی جۆراوجۆری ڕێکخستنی نهێنی حزبی پیشەیی و ئاشکرای سەندیکای جەماوەری و لیستی پەرلەمانی دەبێ و خاوەن بەرنامە و مەیلێکی شۆڕشگێڕانەیە کە ڕەنگدانەوەی دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیایە کە دەیەوێ سیستەمی سیاسی قەیسەری بگۆڕێ و سوشیالیزم وەک بەدیلی سەرمایەداری دامەزرێنێ. بەڵام لەئاکامدا حزبی بیرۆکراتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و قەدەغەکردنی فراکسیۆن و حزبی سیاسی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە.
لە بەرامبەر شیوازی سوشیال دیموکراتی ڕێکخستنی حزبی و جەماوەریدا ،کە ناوەرۆکێکی ریفۆرمیستانە و قاڵبێکی بیرۆکراتیانە وەردەگرێ، ڕەخنەگریەکی شۆڕشگێڕانە و بەدیلی دیموکراسی ڕاستەوخۆی جەماوەری سەرهەڵدەدا و ڕۆزالوکسمبورگ زۆرێک لە کەسایەتیە پێشڕەوەکانی تریش دەوری گرنگ دەبینن. کتێبی “دەربارەی بیرۆکراسی”*3 ئارنست ماندل تێگەیشتنێکی رونمان سەبارەت بە مێژووی ئەم بیرۆکراتیزمە دەداتێ کە لەم لێکۆڵینەوەدا بەکاری دێنین.

هاوکات ڕەوتێکی ڕەخنەگرانە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بەرامبەر بە سیاسەتی ناسیونالیستی حزبە سەرەکیەکانی ئەنتەرناسیونالی دوەم دێتەدەنگ و لینین لە پێشڕەوانی ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە. ئەم مەسەلە تاکتیکیەش دەبێتە یەکێکی تر لە کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی.
هەروەها لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕش دژی قەیسەریەت لە ڕوسیەدا خەباتی چینایەتی بە خێرایی گەشەدەکا و کاریگەری لەسەر مەسەلەکانی ئەوڕۆژانەی خەباتی سیاسی و شۆڕش دژی سەرمایەداری دادەنێ . ئەم خەباتە چینایەتیە ئاڵوگۆڕ لە حزبی سۆشیال دیموکراتەکانی ڕوسیەشدا دروست دەکا.

جارێکی تر لە دوای کۆمۆنەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکەوێتەوە بەردەم تاقیکردنەوەی پەیداکردنی هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا و دەبێت وەک بەدیلی دەسەڵاتی سیاسی بورژوازی هێزی خۆی نیشان بدا. ئەمە دابڕانێک دروست دەکا لە چاو شێوازی سۆشیال دیموکراتی باوی ئەو سەردەمە، کە لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانی و مانەوە لە چوارچیوەی سیستەمی سەرمایەداریدا بە شوێن گۆڕانکاریەوەیە. حزبی بەلشەفی دەبێتە شەخسیەتی دەوڵەت و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینی کرێکار بەدەوری بەدیلی بەلشەفی دەسەڵاتدا شکڵ دەگرێ. بەڵام لەناو حزبی بەلشەفی لەلایەن فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری و لەوانە کۆلۆنتای و لە دەرەوەی حزبیشدا لەلایەن ڕۆزالوکسمبورگەوە ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی لینین دەکەوێتە بەر ڕەخنە کە حزب و دەوڵەتی سۆڤێتی شیوازی حزبی بیرۆکراتی و دەسەڵاتی تاک حزبی و قەدەغەکردنی فراکسیۆن و حزبی سیاسی جیاواز دەگرێتەخۆ . لە شەخسیەتی دەوڵەتی سۆڤیەتدا دەبێ بەدوای تێگەیشتن و جیهانبینی لینیندا بگەڕێین لەسەر حزب و دەوری حزب لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا.

ئەگەر لە سەردەمی مارکسدا هێشتا چینی کرێکار لە تاقیکردنەوەی سەرەتایی خۆیدایە و مانیفیستی کۆمۆنیست بەشێوەیەکی سەرەتایی باس لە ڕیکخراوکردنی کرێکاران دەکا بۆ چینێکی دەسەڵاتدار کە کۆمەڵێک ریفۆرم دەکا، بەڵام لە تەجروبەی کۆمۆنی پاریسدا دەردەکەوێ کە ئەم سیستەم و جیهانە کۆمۆنیستیەی کرێکاران تا چ ڕادەیەک خواستێکی ناڕونە و چۆن ئامڕاز و هەنگاوی تر پێویستە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ؟

لینین بەپێی ڕاسپاردەکانی مارکس لەسەر کۆمۆنەی پاریس کار لەسەر دەوڵەتی کرێکاری دەکا کە دەبێ بورژوازی چەک بکرێ و چەکدارکردنی گشتی و کرێی نوێنەرانی دەوڵەت لە کرێکارێکی شارەزا زیاتر نەبێ و شوراکان لە جێگای پەرلەمان دادەنێ، ئەم هەنگاوانە بەرەو پێشەوە چونن لە دید و ستراکتۆری حزبدا وەک شەخسیەتی دەوڵەت ،بەڵام وەک لەدوای سەدەیەک ئێستا دەبینین هێشتا ئامانج و هەنگاوەکانی حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی وەک بەلشەفیەکان چەندە ناکامڵ و ناڕۆشنن و ئاکامەکانی چەند ناکۆکە لەگەڵ پێویستیەکانی ڕزگاری سیاسی و ئابوری چینی کرێکار لەدەست سیستەمی سەرمایەداری!
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ڕەخنەگرتن و جیابونەوەی بەلشەفیزم لە ڕەوتە سۆشیال دیموکراتیە ریفۆرمیستیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری بۆچی بەرەو دروستکردنی مۆدێلی حزبێکی بیرۆکراتی و دەوڵەتی بیرۆکراتی هەنگاوی نا؟ ئایا ئەم مۆدێلە چ کاریگەریەکی لەسەر هەموو شیوازەکانی حزب هەبووە لەسەدەی بیستدا و چۆن دروستبونی حزب بەپێی هەمان بەرنامە و لایەنگری لە دەوڵەتێک جێگای کۆنسێپتی یەکگرتوکردنی چینی کرێکاری لە حزبێکدا گرتۆتەوە؟ ئەم پرۆسەیە دەوری چی بوە لەسەر جیابونەوەی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کرێکاران؟ چۆن تێگەیشتن لەسەر خەباتی چینایەتی و حزبی چینی کرێکار گۆڕاوە بە حزبی نوێنەری چینی کرێکار و نوخبەیەک کە لەجێگای چینی کرێکار مێژوو بۆ چینی کرێکار دروست دەکەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و زۆری تریش دەبێ لێکۆڵینەوە لەم مۆدێلە حزبیە بکەین.

ئەگەر کۆمۆنەی پاریس لەسەر دەستی دوژمنانی چینی کرێکار توشی شکست هات ، بەڵام شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر دەستی حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی توشی شکست هات. بەڵام ئەم شکستانە پێمان دەڵێن کە خەباتی چینایەتی کرێکاران لەم دەورانەدا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی وا بونەتەوە کە ئەم چینە هێشتا ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی پێویستی نەبوە بۆ زاڵ بون بەسەریدا. ئەمەش وامان لێدەکا کە لەجیاتی پیرۆزکردنی ئەو ڕابردوە خەریکی لێکدانەوەی زانستی بین لەو کەموکوڕیانە و لەناو دڵی ئەو خەباتە چینایەتی و ئامڕازەکانی ئەو خەباتەدا بەدوای هۆکارەکانی شکستی ئەم شۆڕشانەدا بگەڕێین.

هەرچەندە کە مەسەلەی حزب و دەوڵەت دووڕوی یەک دیاردەن، یان یەک دیاردەن لەدوو ئاستی جیاوازدا. بەڵام بۆ ئەنجامدانی شیکاری دیاردەی کۆمۆنیزم دەبێ ئەم دوو ئۆرگانەی ئەم جەستەیە جیاجیا باس بکەین. لەم بەشەدا ئێمە جەخت لەسەر مەسەلەی حزب و مۆدیلی حزبی دەکەینەوە ،کە ئایا حزب چ کاریگەریەکی لەسەر سەرکەوتن و شکستی شۆڕش هەیە و لەمەش گرنگتر چ مۆدیلێک لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری نیشان دەدا و لە سیاسەت و پراتیکی حزبدا چۆن دنیای ئازاد و هەرەوەزی ئینسانی ڕەنگدەداتەوە؟

ئێمە دوای ئەم شیکردنەوەیە لەسەر پەیوەندی حزب و خەباتی چینایەتی و پرۆسە و مێژووی حزبیەت لە کۆمۆنیزمدا، لەبەشی داهاتودا دەچینە سەر خودی حزب وەک بەشێکی ئۆرگانی چین. تێگەیشتن لە کۆنسێپتی حزب و پەیوەندی لەگەڵ چین و دەوڵەت و بەرنامە و سیاسەتدا.

سەرچاوەکان:

*1Gramsci, Prison Notebooks, Problems of History and Culture,P5
*2 Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P129
*3 https://www.marxists.org/…/archive/mandel/works/1973/boorok…

٣
بۆچی لای کرێکار حزب میتافۆرە؟

حزبی کرێکاری لە میتافۆرێکی ئەفسانەیی دەچێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەرمایەداری. چینی کرێکار دەیەوێ خۆی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمێک ڕزگاربکا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام ئەم چینە بۆ ئەوەی ئەم کارەبکا دەبێ ئامڕازەکانی خەباتی لەسەر شێوەی دەزگاکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دروست بکا. دروستکردنی حزبی کرێکاران و دروستکردنی دەوڵەتی کرێکاری خۆیان پێچەوانەی ئامانجی سڕینەوەی کۆمەڵگە و دامودەزگای چینایەتین، هەربۆیە لەڕاستیدا حزبی کرێکاری و حکومەتی کرێکاری ئامانجی کریکاران نین و ئەمانە پیرۆزیەکانی ئەم چینە نیە و مانای واقعی خۆیان نابەخشن. حزب و دەوڵەتی کرێکاری میتافۆریکن)مەجازی) لە حزب و دەوڵەتی بورژوازی ،کە مانا و ناوەرۆکی جیاوازیان هەیە لەوەی کە لە ڕوناکبیری و کەلتوری کۆمەڵگەی بورژوازیدا ڕەواجی هەیە. لێرەدا هەوڵدەدەین جیاوازیەکانی نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بورژوازی و پەیوەندی حزب و چین لە ڕوانگەی چینی کرێکارەوە باس بکەین.

ئێمە بۆ سادەکردنەوەی باسەکە لەسەرەتادا ئەم حزبە لە پرۆسە مێژوویەکەی دەردەهێنین کە لە خەباتی چینایەتیدا چ ئاڵوگۆڕیکی بەسەردێت و لەبەشی دواتردا باسی ئەو نمونە مێژوویانە دەکەین ، وە لێرەدا بەشیوەیەکی گشتی دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستی بۆ حزب دەخەینەڕوو.

لەبەشەکانی پێشودا باسمان لەوەکرد کە کۆمۆنیزم و حزب پاشکۆی خەباتی چینایەتی کرێکارن. پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکاریش لە نێودڵی ئەم خەباتەدا شکڵ دەگرێ. دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستی بۆ ئەم پەیوەندیە لە ڕیگەی بەشداری کۆمۆنیستەکان لە خەباتێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ئەم چینەدا و هەوڵی بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا ساغ دەبێتەوە و هەژمونی پەیدادەکا.

بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان چۆنیەتی و ڕیگەی هەژمونی پەیداکردنی دیدگای کۆمۆنیستی و حزبێکی کۆمۆنیستی لە نێو چینی کرێکاردا لەچاو هەژمونی پەیداکردنی دیدگا و حزبێکی بورژوازی لە نێو چینی بورژوازی و لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە زانست و سونەت و یاساکانی کاری حزبی بورژوازی جیاوازە لەو یاسا و ڕێسایانەی لەکاری حزبی کۆمۆنیستدا کاردەکا.

شێوازی بەهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەربونی چینی کریکار ڕادەوەستێ و سەرمایە لەسەر بەدەستهێنانی زێدەبایی لە هێزی کاری ئەوانەوە توانای مانەوەی هەیە. هەروەها بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە شێوازی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی دەدا بەم چینە کە کرێکاران بەهۆی ئەم جێگاوڕیگایە وە توانای شۆڕشی کۆمەڵایەتیان هەیە. تایبەتمەندی ئەم شۆڕشەی کرێکارانیش لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چینێک کە زۆرینەی کۆمەڵگەیە موڵکایەتی هەرەوەزی دەکاتەوە ، بەپێچەوانەی شۆڕشی چینە کەمایەتیەکانی تری وەک دەرەبەگ و بورژواکان کە موڵکایەتی تایبەتیان لەدەستێکەوە دەدایە دەستەکەی تری کەمایەتیەکی کۆمەڵگە. ئەم موڵکایەتیە هەرەوەزیەی کرێکاران سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و خودی سروشتی مرۆڤیش دەگۆڕێت . گرامشی دەڵێ” بنەمایەک کە مارکس پێشکەشی زانستی سیاسی و زانستی مێژووی کردوە ئەوەیە کە نیشانی دەدا “سروشتی مرۆڤ”ی دابڕاو و ئەبستراکت و جێگیر و نەگۆڕ نیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤ خۆی گشتگیری ئەو چارەنوس و دیتێرمینە مێژووییەیە کە پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان هەیانە”. چینی کرێکار لە ڕیگەی گۆڕینی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە واتە لە ڕیگەی کۆتایی هێنان بە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارانەوە، سروشتی چینایەتی مرۆڤ دەگۆڕێ. ” ئەمە تێگەیشتنە لە” زانستی سیاسەت، بە هەردوو شێوەی ناوەرۆکی کۆنکرێتی و فۆرمۆلەی لۆجیکی، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی سیاسەت دەبێ وەک گەشەیەکی ئۆرگانیکی ببینرێ*1”.

ئەم گەشە ئۆرگانیکەی سیاسەت لای چینی کرێکار ،واتە دروستبونی وشیاری چینایەتی کرێکاران بەدەوری مێژوویی خۆیان، لە پرۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا دروست دەبێ و لەسەرەتادا لای گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار دەچێتە قاڵبی تیۆریەوە و دواتر لە خەباتی ڕۆژانە وئابوری پەرژوبڵاوەوە دەبێتە جوڵانەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینەکە دروست دەبێ و لە حزبدا فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ.

حزب لای چینی کرێکار وەک وتمان بەرهەمی پرۆسەیەک لە خەباتی چینایەتی بوە. سەرەتا ئەم چینە لە حزبدا بەدوای دروستکردنی ئەو ئامڕازەوەیە کە سەرجەم هێزی ئەم چینە یەکگرتوو بکات . هەروەک لە سەدەی ١٩ەوە دروشمی”هێزی چینی کرێکار لە ڕیکخرابونیدایە” بوەتە وشیاریەکی گشتی و بەرامبەر بە چینی بورژوازی ڕیکخراو لە دەزگای دەوڵەتی و سیاسی و ئابوری جیاوازدا ،کرێکارانیش خۆیان لە یەکێتی و سەندیکای کرێکاری و حزب و دەستەی جیاوازدا ڕیک خستوە. حزب لەم سەردەمەدا مانای ڕێکخراوێک کە چینێک ڕیک بخا نەک گروپێکی تایبەت و کەسانی سەر بە بەرنامەیەکی تایبەت. نمونەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم ئەم واقعیەتە نیشان دەدا.

فەلسەفەی پشتی ئەوەی حزب بریتی نەبێ تەنیا لە بەشێک و بەرنامەیەک ، بریتی بوە لەوەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی گروپێک نایکا بەڵکو بەرئەنجامی ئامادەیی چینێکە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمی کۆمۆنیستی. حزب دەبێ لەلایەن چینی کرێکارەوە بوبێتە ئەو ئامڕازە کە دەتوانێ ئەم کارەی پێ ئەنجام بدا، واتە بتوانێ بورژوازی و دەوڵەتەکەی لەسەر کارلابەرێت و موڵکایەتی لەسەرمایەداران بسەنێتەوە و سیستەمی موڵکایەتی هەرەوەزی و دەسەڵاتی شورایی کە لە خوارەوە دامەزراوە بخاتە جێگای دەزگای بیرۆکراتی دەوڵەت کە لەسەرەوە سەپێنراوە. کەواتە حزب دەبێ نەک تاڕادەیەکی پێویست ڕەزامەندی چینی کرێکاری لەپشت سەر بێت بەڵکو دەبێ بەشی چالاک و سیاسی ئەم چینەی یەکگرتوو کردبێ و لە حزبدا و لە ڕیکخراوە جەماوەریەکاندا ڕێکی خستبێ. هەر جۆرە سیکتاریزم و جیاکردنەوەیەکی ناو کرێکاران بەناوی کۆمۆنیستەکان ، سەندیکالیستەکان ، ئانارکیستەکان و هتد دەبێ وەک ڕێگریەک و کێشەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەیربکرێ کە دەبێ چارەسەربکرێ نەک گروپێک لەمانە بەناوی چینی کرێکارەوە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار و باقیەکەی بە دوژمنانی چینی کرێکار لەقەڵەم بدەن و بەم شێوەیە ببنە مایەی تێکدانی ئامانجی سەرەکی ،کە ڕیکخراوکردنی چینی کرێکارە تا بتوانێ شۆڕش بکا و دەسەڵات بگرێ و کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە دروست بکا. لێرەوە مانای ئەندامەتی لەحزبدا دەگۆڕێ و هەموو کریکارێک دەتوانێ و پێویستە لە حزبی خۆیدا ڕیکخراو و ئازاد بێت. دیسپلینی حزبی بریتی نیە لە پابەندبونی خوارەوە بەسەرەوە لەم ڕیکخراوەدا بەلکو بریتیە لە توانای خوارەوە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە بڕیارەکانی سەرەوە بە بڕیاری خۆی بزانێ و توانای گۆڕینی ئەم بڕیارانەی هەبێ ئەگەر لەگەڵ خواستەکانی ئەم چینەدا نەهاتەوە. “سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.*2

دروستکردنی حزب و گرنگی حزب لای کرێکاران وەک بورژوازی بۆ دروستکردنی دەسەلاتی کەمایەتی نیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە کە پرۆسەی چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنوسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. بەپێچەوانەوە کرێکاران لەنێویەکدا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوبون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە کە ڕیگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن. “مانیفیستی کۆمۆنیست” هەمووی جەختکردنەوە لەسەر ئەم فەلسەفەیەیە کە کرێکاران خۆیان وەک چینێک بە هۆی جێگای لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەتوانن ئەم سیستەمە بگۆڕن. ئەمە بنەمای دروستکردنی حزبە لای مارکس کە لە ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا پەیڕەوی لێکرد.

لەهەر هەنگاوێکدا حزب دەچێتە پێش و گەورە دەبێ و جەماوەری دەبێ دەسەلاتی نوخبەی سەرەوە کەمتر دەبێتەوە و پێویستی بە گۆڕینی شێوازەکانی ڕیکخستن و بەڕیوەبردن لە حزبدا دەبێتە پیویستیەک. ئەمە تەنیا بە هەڵبژاردنی پلەوپۆستەکان و ” سەنترالیزمی دیموکراتیک” بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە هەموو کرێکارێکی سادە دەتوانێ تیایدا بەشداری بڕیارەکان بکات و بڕیارەکان لای گروپێک کۆنابێتەوە کە ساڵی یان چەند ساڵ جارێک وەک سیستەمی پەرلەمانی هەڵدەبژێردرێن و تا ئەبەد لە پۆستە “ڕابەریەکانیاندا” دەمێننەوە. دابەشکردنی کار لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا سادە و ئاسان دەکرێ تا هەر کریکارێک بتوانێ هەر بەرپرسیاریەتیەک بگرێتەخۆ. ئەگەر بورژوازی حزب لەسەر بنەمای مەڵبەندەکانی دەنگدانی پەرلەمانی ڕیک دەخا ، کرێکاران ڕیکخستنەکانی لەسەر بنەمای شوێنی ژیان و کارەوە دەبێ، کە بنکەی خەباتی هەمەلایەنەن دژی بورژوازی. حزبی کرێکاری لە هەموو هەنگاوێکیدا بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حزبی و خەباتی جەماوەری لادەبا و بەم شێوەیە هەمیشە لە ڕیکخراوەیەکی تایبەتی پیشەییەوە بەرەو ڕیکخراوێکی جەماوەری هەموو چینەکە دەچێ و ڕیگە لە هەموو هەنگاو و سیاسەتێک دەگرێ کە حزب بکاتە سێکت و کۆمەڵێک فەرمانبەری بیرۆکرات کە ئیدارەی حزبێک بکەن کە خۆی بخاتە جێگای چینەکە. ئەم ئەو جیاوازیە سەرەکیەیە کە حزبی کرێکاری لە حزبی بورژوازی هەیەتی.

 حزبی کرێکاری نابێ و ناتوانێ وەک حزبی نوخبە و کۆمۆنیستەکان بمێنێتەوە. حزب وەک ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی ئایندە دروست دەبێ. هەربۆیە کار و بەرنامە و سیاسەتەکانی حزب و شێوازی کارکردن و پەیکەرەی ڕیکخستن تیایدا ڕۆحی هەنگاو و کارەکانی دەوڵەت و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەی نوێ و شێوازی حکومەتکردن و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەمان لە ئایندەدا نیشان دەدا. بۆیە هەر حزبێک وینەیەکمان لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و سیستەمێکی ئابوری ئایندە نیشان دەدا. حزبی کریکاری ناتوانێ بەهەمان شیوازی حزبە بورژوازیەکان ڕیکبخرێ و سیاسەت بکا و بەرنامە بۆ دەوڵەت و ئابوری دابنێ. حزبی کرێکاری ڕۆحی دەوڵەتێکی کرێکاریە کە دەیەوێ سیاسەت وەک دابەشکردنی کارێک نەهێڵێ و هەموو کۆمەڵگە و هاوڵاتیان بەشداری بکەن لە دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژی و بەرنامە و کارەکانی دەوڵەتدا. هەربۆیە حزب لە فەلسەفەی وجودی خۆیدا کاردەکا کە کۆمەڵگە بگاتە ئاستێک پێویستی بە حزب نەمێنێ و دوای شکاندنی بەرگری بورژوازی لەپێناو گێڕانەوەی دەسەڵاتدا بگاتە ئاستێک کە کۆمەڵگە بەبێ حزب بتوانێ بەڕیوە بچێ. وەک گرامشی دەڵێ ” کاتێ حزب بەتەواوەتی دروست دەبێ و کامڵ دەبێ کە ئیتر بونی نامێنێ کە لەباری مێژووییەوە بەسەر دەچێ. هەر حزبێک ناونانی چینێکە، ئاشکرایە کە حزب کاری کۆتایی هێنان بە جیاکاری چینەکانە ئەمەش کاتێک بەدەست دێت کە خۆی نامێنێ بەهۆی چینەکانەوە، وە تەعبیرەکەی نامێنێ.” *3.

جیهانبینی کۆمۆنیستی جێگای حزب لای چینی کرێکار وەک ئامڕازێکی کاتی سەیر دەکا کە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتدارێتی بورژوازی پێویستە و لەدوای ئەم بەروارەوە پێویستە حزب و دەولەتی کرێکاری لە زوترین کاتدا و وەک بەشێک لەو مێژووی دەسەڵاتی کەمایەتی دەبێ جێگاچۆڵ بکا بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوور لە دەسەلاتی سیاسی و یاسایی و بیرۆکراتی. کۆمەڵگەیەک کە ئازادی دەبێتە ناسینی پێویستیەکانی هەر تاکێک کە خۆبەخشانە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا.لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نیوان ئینسانەکاندا دروست دەبێ کە پیویستی بەهیچ ناوەندێکی یاسایی و دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە و لیدەری نابێ. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە تیایدا توانایی ئینسان تیایدا لەگەشەیەکی بەردەوامدایە و فەلسەفەی ژیان پێک دێنێ. هەربۆیە تاکی کرێکار کە دەبێتە ئەندامی حزبی کرێکاری نابێ بەناوی بەرنامە وبڕیارەکانی حزبەوە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵسورانی سیاسی خۆی لەدەست بدا ،بەڵکو دەبێ حزب چوارچیوەیەک بێت کە هەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و هەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغبونەوەی بڕیار و هەنگاوە عەمەلیە هاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی هەموو ئەندامان بێت. هەر کات کرێکاران نەتوانن لە حزبدا چالاکانە کاربکەن ئەوا ئەندامان دەبنە کەسانی پاسیڤی ژێردەستی فەرمانبەرانێکی ئیدارەی حزب کە ئەمە نەخۆشی بیرۆکراتیە،” دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” *4

پەیوەندی حزب و چین لای کرێکاران پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە. لەلایەک چینی کرێکار پێویستی  بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ . بەڵام لەهەمان کاتدا چینی کرێکار پیویستی بەوەیە کە خودی ئەم حزبە وەک دەزگایەکی چینایەتی لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە بگۆڕێ بۆ ڕیکخراوەیەکی ناچینایەتی کە وەک سان سیمۆن دەڵێ “ئیدارەی شتەکانی کۆمەڵگەی پێ بکا ،نەک بیکاتە فەرمانڕەوا بەسەر ئینسانەکانەوە”. ئەم کارە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە دەزگای بیرۆکراتی بورژوازی و سوپاکەی هەڵوەشینیتەوە،وەک کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر کردیان، وە تەنیا ئەوەندە بەس نیە کە فەرمانبەرانی حکومەتی کرێکاری بە هێندەی کرێکارێکی شارەزا موچە وەرگرن و دەزگاکانی دەوڵەتی کریکاری هەم یاسا دەرکەن و هەم یاساکان بەڕێوەبەرن لە جیاتی  ئەو دابەشکردنەی لە نیوان پەرلەمان و حکومەتی بورژوازیدا هەیە، بەڵکو دەبێ ئەم هەنگاوانە سەرەتایەک بن بۆ دروستکردنی سیستەمێک کە لەخوارەوەی کۆمەڵگەدا دەسەلاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بکرێنە کارێکی سانا و ڕۆژانە کە هەموو تاکێک بتوانێ بەشداری تیایدا بکا، وەک لینین دەڵێ”هەموو چێشت لێنەرێک بتوانێ حوکمی دەوڵەت بکا”. لە سۆشیالیزمدا بەپێی گەشەی تەکنەلۆژی و کۆمینیکەیشن سیستەمی ئیداری پیویستی بە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی نوێنەرایەتی نامێنێ و بەرەبەرە دەسەلاتی سیاسی دەبێ هەڵوەشینرێتەوە و بەشداری ڕاستەخۆی هەموو هاوڵاتیان لە بڕیارەکاندا جێگای ئەم پلەبەندیە سیاسیە بگرێتەوە. حزبی کریکاری دەبێ ئامڕازی ئەم شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بێت بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و حزبدا کە مێژووی کۆمەڵگای چینایەتی دروستی کردون و سیستەمی چینایەتی پێ دەپارێزێ. سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئینسانی ئازاددا ئیتر ئاگاداربونە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زاڵ و زاڵ بونە بەسەر ڕیکخراوەی کۆمەڵایەتیدا و ئەو چالاکیە وشیارانەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکترکە کۆمەڵگەی ئینسانی بەرەو شارستانیەتی ڕاستەقینەی ئینسانی دەبا و لەهەموو پاشماوەکانی مێژووی کۆیلایەتی و چەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی پێشوو پاکی دەکاتەوە.

لەم پێشەکیەوە دەبێ بچینە بەراوردی مێژووی حزبایەتی کرێکاری لەگەڵ ئەم جیهانبینی و بنەمایانەی باوەڕی کۆمۆنیستیدا و بزانین ئەو مۆدیلانەی تا ئێستا هەبون چ جیاوازیەکی لەم دیدگایانە هەیە و چۆن ڕەنگدانەوە و هەژمونی مۆدیلی حزبی بورژوازی بەسەر حزبە کریکاریەکانی دوو سەدەی ڕابردوەوە هەبوە ، بەتایبەت لەسەر مۆدیلی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیکی قسەدەکەین و دواتریش دیینە سەر مۆدیلی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مێژوویەک کە ئێمە تیایدا کاری حزبی کۆمۆنیستیمان کردوە.

سەرچاوەکان:

*1* https://asokamal.com/index/?p=1595

*2 https://asokamal.com/index/?p=1635

*3 Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P151

*4 https://asokamal.com/index/?p=1635

 

٤

سۆشیال دیموکراتی چۆن بنەماکانی

 ئەنتەرناسیونالی کرێکاری گۆڕی ؟

چینی کرێکار بۆ ئەوەی لە دەوری خۆی و پیویستیەکانی خەبات بۆ ڕزگاری لە دەست سیستەمی سەرمایەداری تێبگا پیویستی بە ناسینی مێژووی قۆناغەکانی سەرهەڵدان و شکست و سەرکەوتنەکان و یاساکانی گەشەی چینەکان و چینه که ی خۆی هەیە. هەرچۆن داروین لە ناسینی ئینساندا پشتی بە مێژوو و یاساکانی گەشەی هەموو بونەوەراندا بەست تا توانی زانستی پەرەسەندن بچەسپێنێ. لەم لێکۆڵینەوەدا ئێمە بەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانەوەیەن کە بەسەر حزبی کرێکاریدا هاتوە و هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکاریانە باس دەکەین تاکو بتوانین لەم ڕێگەیەوە ئەزمەی ئێستای کۆمۆنیزم و کێشەکانی بەردەم ئێستا و چۆنیەتی زاڵ بون بەسەریاندا بدۆزینەوە. ئێمە لەبەشەکانی پێشودا باسی “میتۆدی دیالەکتیکی و تێگەیشتنی ماتریالیستی”*1 مان کرد لەم لێکۆڵینەوەیەدا و لەم بەشەدا ئەم میتۆد و تێگەیشتنە بەسەر لێکدانەوەی مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا پیادە دەکەین.

لێکدانەوە و ناسینی گەشەی حزب لای چینی کرێکاردا پێویستمان بە ناسینی مێژووی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دواتر سۆشیال دیموکراتیە وەک یەکەم هەنگاوی دروستبونی حزب لای چینی کرێکار. دواتر باس لەو جیابونەوە سەرەکیە دەکەین کە لەم ڕەوتە حزبیەی کۆمۆنیزمدا دروست دەبێ و باڵەکانی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و کۆمۆنیستی لێک جیادەبنەوە. لێرەشەوە لەسەرچاوەی هەموو دابەشبونانە دەگەین کە بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هاتوە لە دوو سەدەی ڕابردوودا.

کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران
شۆڕشەکانی دەیەی چوارەمی سەدەی ١٩لەئەوروپا کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی لەو ڕاستیە تێدەگەیاند کە کرێکاران نابێ وەک پاشكۆی شۆڕشگێڕێتی وردە بورژوازی لەمەیدانی سیاسیدا خەبات بکەن و پێویستیان بەڕیزی سەربەخۆی خۆیانە. ئەم ڕاستیەی مانیفیستی کۆمۆنیست بە شێوەیەکی تیۆری دەریبڕی، لەمەیدانی پراتیکدا چەندین دەستەو گروپی جۆراوجۆری کۆمۆنیستی و ئەنارکیستی و سۆشیالیستی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا لێکەوتەوە. ئینگلتەرە کە پێشەنگی سەرمایەداری بوو ،جگە لە سۆشیالیستە خەیاڵیە ئۆوینیەکان ، بزوتنەوەیەکی ڕیکخراوی چارتیستی کرێکاری هەبوو کە بێ وێنەبوو لە دنیای ئەو کاتەدا.

ئەنتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. بنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕیکخراوەیە بریتی بوون لە ؛
١.ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.
٢.ئامانجی کرێکاران بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە.
٣. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.
٤.ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.
٥. ئەنتەرناسیونال ڕێکخراوی هەموو کرێکارانە بەبێ گوێدانە نەتەوە و ڕەنگی پێست و بیروباوەڕ. *2
هەرکەسێک بەرگری لەم بنەمایانە بکات دەتوانێ ببێتە ئەندامی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران.

ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و سەندیکا کرێکاریەکان و کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی کرێکاران هەبوو وە کاری لەسەر دەکردن و هەروەک لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالدا دەردەکەوێ. *3

لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ مارکس لە ئەنتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی (٢٩بەرامبەر بە ٥)دەبێتە بڕیار. لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لیکراوە:
١.لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکار ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕیک نەخەن.
٢.گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەهێشتنی چینەکانە.
٣.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.
٤. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار.*4
ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری دێتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئەنتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا بنەماکانی حزبی سیاسی کرێکاران ئامادە دەبێ . حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە پێش ئەم بڕیارەی ئەنتەرناسیونالیش لە مەیداندا دەبێ، وەک پێشەنگی حزبە کرێکاریەکان دەوردەگێڕی و مارکس و ئەنگلس بەردەوام و ڕۆژانە کار لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی سیاسی و ڕیکخراوەیی دەکەن.

تێگەیشتن لەم دەورەیە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ناسینی ئەو هەوڵە مێژوویانەی کە بنەماکانی کۆمۆنیزمی نەخشاندوە و کاریگەری بەسەر مێژووی تا ئێستای بزوتنەوەکەوە هەیە، هەروەها بە بەکارهێنانی میتۆدی بەراورد و لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان دەتوانین جیاوازی و گۆڕانەکان لە دەورەکانی دواتردا بدۆزینەوە.

ئەنتەرناسیونالیزم و ناسیونالیزم
ئەم دەورەیەی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە شۆڕشێکی کیشوەری لە ئاستی ئەوروپادا هاوکات لەچەندین وڵات ڕودەدا ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە خەسڵەتی سەروو میللی و سەروو دەوڵەتی بداتە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی. ئەنتەرناسیونالی کرێکاران خۆی بەرهەمی ئەم دەورەیە لە خەباتی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانە و کۆبونەوەی ئەو هەموو گروپە جیاوازە فکری و سیاسیە، کۆمۆنیست ، بلانکیەکان، ئەنارکیستەکان، پرۆدۆنیستەکان و هتد..نیشانەی بونی زەمینەی بزوتنەوەیەکی چینایەتی نوێیە کە پێشتر ئەوروپا و جیهان شتی لەم بابەتەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەوەی چینە چەوسێنەرەکانی تر لە مێژوودا کردویانە داگیرکردن و دروستکردنی ئیمپراتۆریەکان بوە بۆ کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردنە میللەت و ناوچە جیاوازەکان لە قاڵبێکی سیاسی و ئابوریدا، بەڵام چینی کرێکار لەسەر زەمینەی خەباتێکی هاوبەش دژی بورژوازی ئەوروپی وجیهانی جۆرێکی نوێی لە ڕیکخرابونی سیاسی هێنایە ئاراوە کە هاوپشتی خەباتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان بوو لەگەڵ یەکتردا. کرێکارانی ئەڵمانیا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی بروسیادا پشتیوانیان لە کرێکاران و خەڵکی فەرەنسا دەکرد دژی دەوڵەتی بیسمارکی بورژوازی و خاوەن موڵکەکانی بروسیا .ئەو بانگەوازەی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی ئەڵمانیا بۆ قبوڵکردنی پێشنیاری کرێکارانی فەرەنسا بۆ ئاشتی لەدژی داخوازی درێژەدانی شەڕ لەلایەن دەوڵەتی بیسمارکی ئەڵمانیەوە، نیشانەی پیشڕەوی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو کە دەوری پێشەنگی دەگێڕا لەم ڕوحیەت و تێگەیشتن و هەڵوێستە ئەنتەرناسیونالیەدا. “بەناوی هەموو دیموکراسی ئەڵمانیا و بەتایبەتی بەناوی کرێکارانێک کە سەربە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیاین ڕایدەگەیەنین کە ئەم شەڕەی ئێستا هیچ نیە جگە لە شەڕی خانەوادە خاوەن موڵکدارەکان..وە ئێمە بەخۆشحاڵیەوە ئەو دەستە دۆستانەی کرێکارانی فەرەنسا درێژیان کردوە بە گەرمی دەگوشین..وەئیمە،تێدەگەین لە مانای دروشمی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران”کرێکارانی جیهان یەکگرن!” وە هیچ کات ئەوە لەبیرناکەین کە کرێکارانی هەموو وڵاتەکان هاوڕێمانن وە ستەمکارانی هەموو وڵاتەکان دوژمنمانن” .5*

ئەم ڕاستیە لە سەرکوتی کۆمۆنەی پاریسدا دەرکەوت. “کە سوپای سەرکەوتو(ئەڵمانیا) و سوپای شکستخواردوو(فەرەنسا) پێکەوە کۆبونەوە بۆ تێکشکاندنی خوێناوی پرۆلیتاریا(پاریس)..دەسەڵاتی چینایەتی چیتر ناتوانێ بەرگی نەتەوایەتی بپۆشێ؛حکومەتە ناسیونالیستەکان دژی پرۆلیتاریا یەکدەستن!”*6
بەڵام ئەنتەرناسیونالیزم بۆ چینی کرێکار تەنیا بانگەوازێک و هاوپشتی کردن لە مەسەلەیەکی ڕۆژ و تاکتیکێکدا نیە، بەڵکو ئەم بنەمایە پەیوەستە بە مۆدێلەکەوە بۆ کۆمەڵگەی ئایندەی مرۆڤایەتی. کۆمەڵگەیەک کە چیتر ئینسانەکان بەهۆی زمان و ڕەگەز و ناوچەوە دابەش ناکرێن و جیاواز و هەڵاواردن لەنێوانیاندا پێک نایەت. هەروەها ناکرێنە قوربانی کێشەی دەولەت و هێزە بورژوازیەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە پێناو پاوانکردنی بازاڕو یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدا. هەرکاتێک کرێکاران بونە پاشکۆی ئەم پێشبڕکێیەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ئیتر ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە لەدەست دەدەن کە بەهۆی ژمارەی زۆریانەوە دەتوانن ببنە خاوەنی.”تەنیا هێزێکی کۆمەڵایەتی کرێکار هەیبێ ژمارەکەیەتی. بەڵام هێزی ژمارە بەهۆی نایەکگرتوبونەوە تێکدەشکێ. یەکگرتونەبونی کرێکاران بەهۆی پێشبڕکێی ناچاری نێوانیانەوە دروست دەبێ و درێژەی پێدەدرێ.”*7

خەبات و شۆڕشی کرێکاران ئەو وشیاریە دروستدەکا کە ڕێکخراوبون و سەربەخۆبون لە بورژوازی دەبێتە هۆی ڕزگاری چینی کرێکار لەدەست ئەم سیستەمەی سەرمایەداری کە کرێکار نەک هەر لەمەیدانی کاردا بەڵکو لە مەیدانی شەڕەنەبڕاوەکانی ئەم خانەوادە سەڵاتدارانەدا دەکاتە قوربانی بەردەوام. ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لە کاتێکدا بوو کە هێشتا بورژوازی ولاتانی جۆراوجۆر نەگەیشتبونە ئەو قۆناغەی کە پێشبڕکێ لە ئاستی جیهانیدا بە شێوەی شەڕی جیهانی ببنەپێشەوە و هێشتا لەسەرەتای شەڕە ناوچەیی و کیشوەریەکاندا بون. بەڵام کاتێک دەوڵەتە بورژوازیە نەتەوەییەکان شکڵدەگرن یان لە پرۆسەی کامڵبوندان، وەک یەکگرتنی ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەم قۆناغەدا ناسیونالیزم دەگاتە قۆناغی پێگەیشتوو و دەوڵەتی نەتەوەیی و بازاڕی نەتەوەیی دەبنە ئایدیۆلۆژیا و قاڵبی سیاسی و ئیداری کۆمەڵگە جیاجیاکان. بەتایبەت لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە بورژوازی جیهانی دژی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری دەبێتەوە و وەک دوژمنی ژمارە یەکی خۆی سەیری دەکا.

هەربۆیە ڕەنگدانەوەی ئەم فشارە لەنێو ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەڵمانیادا دەست پێدەکا و ئینگلس لەنامەیەکدا بۆ بیبڵ لە مارسی ١٨٧٥دا سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ لاسالیەکان دەنوسێ؛” بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکاری، بە کردەوە ، بنەمایەکی ڕەتکراوەیە لە ئیستادا، بنەمایەک کەسانێک ئینکاری لێدەکەن کە، بەدرێژایی ساڵانێک و لە قورسترین دۆخەکاندا، بە جوانترین شیوە پەیڕەویان دەکرد. ئەوەی ئێستا کرێکارانی ئەڵمانیا لە پێشەنگی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوروپادا وەستاون پشتی بەستوە پێش هەموو شتێکی تر بە هەڵوێستی ئەنتەرناسیونالیان لەکاتی شەڕدا.(شەڕی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا). ئەگەر ئێستا پیویست ناکا بەناوی ئەنتەرناسیونالەوە وەک ڕێکخراوێک قسەبکەین. بەڵام نابێ لانی کەم لەو بەرنامەیە (ئيزيناخ Eisenach ساڵی1869) پاشەکشەبکرێ و پیویستە لەم بارەوە شتێکی وا بوترێ؛ سەرەڕای ئەوەی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا پێش هەرشتێک لە سنوری دەولەتێکدا کاردەکا،لەگەڵ ئەوەشدا،دەرکی تەواو بە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی هەموو وڵاتان دەکا و ئامادەیە ئەرکەکانی پەیوەست بەم هاوپشتیە جێبەجێ بکا ، هەروەک تا ئێستا کردویەتی.ئەم ئەرکانە هەیە تەنانەت ئەگەر حزب ڕاشینەگەیەنێ کە ئەندامی ئەنتەرناسیونالێکە یان بڵێ من سەربەو ڕێکخراوەم. ئەم ئەرکانە وەک پێشکەشکردنی پشتیوانی و قەدەگەکردنی تێکشکانی مانگرتنەکان ،ڕیکخستنی کاروباری پێویست بۆ ئاگاداربونی لیژنەکانی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا لە دۆخی بزوتنەوەکە لەدەرەوەی وڵات، وە هاندان دژی ئەو شەڕانەی کە پاشاکان دەیکەن یان دندەی دەدەن، وە پابەندبون بە هەمان هەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک هەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون،هتد..”*8
بێگومان ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئینگلس نەیتوانی بەر بەو ڕەوەندە بگرێ کە نەک تەنیا کاریگەری بەسەر بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکاریەوە هەبوو بەڵکو سەرجەم بنەما و بوارەکانی تری خەباتی گرتەوە و گۆڕانکاری گەورەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هێنا. بورژوازی لەدوای کۆمۆنەی پاریس دەرسی لەو شکست و مەترسیە وەرگرت کە شۆڕشی کرێکاری بۆسەر سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری هەیە و هەربۆیە بەگرتنە بەری سیاسەتی لیبراڵی و هەندێ سازش توانی بزوتنەوەی کرێکاری لەقاڵبی دەزگا ڕەسمیەکانی بورژوازی وەک پەرلەمان و سیستەمی سیاسی خۆیدا جێگابکاتەوە و ئەمەش لەپاڵ تازەبونی بزوتنەوە و حزبە سیاسیەکانی کرێکاراندا کاریگەری سلبی خۆی دانا و جێگای بۆ سەرهەڵدان و گەشەی”ئۆپۆرتۆنیزم” و “ریفۆرمیزم” لە بزوتنەوەی کرێکاریدا کردەوە. ئێمە دواتر دەچینە سەر کاریگەری ئەم ڕەوەندانە لەسەر بنەماکانی تری بزوتنەوەی کرێکاری و چۆنیەتی گۆڕانی ئەم بزوتنەوەیە بە شیوەیەکی دیالەکتیکی،واتە لەکاتێکدا کە گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران زیادی کرد لەهەمان کاتدا ئاسۆی گۆڕانی شۆڕشگێڕانە وڕادیکالی سیستەمی سەرمایەداری جێگای خۆیدا بە دەستکەوتە کاتی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرمدا. ئەم ڕەوەندە ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستیە لە کاتی توندبونەوەی پێشبڕکێی جیهانی و ئەزمەی شەڕی جیهانی یەکەمدا بوە مایەی سەرهەڵدانی پاتریۆتیزم و نیشتمانگەرایی لەنێو ڕیزەکانی سۆشیال دیموکراتی جیهانیدا کە ئەوکات لە ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیستدا ڕێکخراوبوو.
هەرچەند پێش دەستپێکردنی شەڕ ئەنتەرناسیونالی دووەم ” ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیست” بەپێی هەمان ڕاسپاردەکانی سەرەوەی ئینگلس هەلوێستی لەسەر شەڕ نیشاندا و لە کۆنگرەی باسل لە ١٩١٢ڕایگەیاند”هەموو هەوڵێک دەدا تا بەر بە هەڵگیرسانی شەڕبگرێ” و “ئەگەر شەڕ دەستیپێکرد ئەرکێتی کاربکا بۆ ڕاوەستانی دەستبەجێی و هەموو تواناکانیان دەخەنەکار کە ئەزمەی سیاسی و ئابوری کە جەنگ دروستیکردوە بەکاربینن بۆ هاندانی خەڵک و خیراترکردنی ڕوخانی دەسەلاتی چینایەتی سەرمایەداران.”*9
بەڵام لە ٣ئابی ١٩١٤دا زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا (٩٦بەرامبەر بە ١٤) دەنگیان بە پشتیوانی شەڕی جیهانی یەکەم دا. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم حزبە لە پەرلەماندا٪٣٥ کورسیەکانی بەدەست هێنابوو لە ١٩١٢دا. ئەم سیاسەتە وەک ڕۆزا لۆکسبۆرگ دەڵێ”سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی کردە قەڵغانی پاراستنی ئیمپریالیزم لەم شەڕەدا”*10
ئەمە ئەو گۆڕانکاریە گەورەیەیە کە سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی لە بنەمای ئەنتەرناسیونالیستی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران دا کردی و وەدژ بەو ئاگادارکردنەوەی ئەنگلس بوون کە باسی لە پیویستی “پابەندبونی سۆشیال دیموکراتی دەکرد بە هەمان هەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک هەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون”.
دوای ئەوانیش سۆشیال دیموکراتی فەرەنسی و حزبی کرێکارانی بەریتانیا هەمان ئاوازی ناسیونالیستیان خوێند و کرێکارانیان لە بەرەی شەڕدا دژ بەیەکتر ڕاگرت و بەم شیوەیە بەرهەمی نیوسەدە خەباتی چینایەتی بەلاڕێدا برا و “ئەو ڕاهێنانەی مارکس و ئەنگلس و لاسال و لیکنخت و بێبڵ بە پرۆلیتاریایان کرد تا ژەنراڵەکانی سوپا وەک هایندینبێرگ پێشڕەویان بکا”*11. بەم شێوەیە ئەنتەرناسیونالی دوەم هەرەسی پێ هێنرا وئەم ڕیزە ئەنتەرناسیونالیستیەی کرێکاران کە نیوسەدە بوو لەگەشەکردندا بوو شەق کرا.

لەبەرامبەر بەم شەپۆلەی ناسیونالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانی و ئەنتەرناسیونالی دوەمدا، حزبی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیە*12 و گروپی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و چەندین گروپی تری سۆشیال دیموکراتی لەوڵاتە جیاجیاکانەوە درێژەیان دا بەهەمان هەلویشتی ئەنتەرناسیونالی و دژ بە شەڕی ئیمپریالیستی وەستان و بانگەوازی کرێکارانیان بۆ شۆڕش و وەرگێڕانی لولەی چەکەکانیان کرد بەرەو ڕوی بورژوازی وڵاتی خۆیان. لەدوای شۆڕشەکانی ئۆکتۆبەری ڕوسیا لە ساڵی ١٩١٧ و شۆڕشی ئەڵمانیا لە نۆڤەمبەری ١٩١٨ ئەنترناسیونالی کۆمۆنیستی *13لە مارسی ١٩١٩دروستکرا.

ئەم تەەجروبەیە چیمان فێردەکا؟
ئەم ڕوداوەی شەڕی جیهانی یەکەم لە شکستی کۆمۆنەی پاریس کاریگەری زیاتربوە لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و ئایندەکەی. بۆ لێکدانەوەی ئەم دەورەیە هەر ئەوەندە بەس نیە کە ئەمە وەک مێژوو و ڕابردویەک سەیربکەین کە پەیوەندی بەم ڕۆژگارەوە نیە و تەنیا بەوتنەوەی ئەوەی “ڕابەرانی کرێکاری ئەنتەرناسیونالی دوەم خیانەتیان کردو هەڵگەڕانەوە لە سۆشیالیزم” ئەمە شتێکمان فێرناکا. ئێمە دەبێ لە کاریگەری ناسیونالیزم لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری تێبگەین کە چ فاکتەرێک وایکردوە کە بتوانێ خەباتی نیوسەدەی کرێکاران بەهەدەر بدا و بورژوازی بتوانێ ڕۆحیەت و توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران تێکبشکێنێ؟

چینی کرێکار لە ئەوروپادا وێڕای گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی بەرچاوی لەو دەورەیەدا بەڵام هێشتا لە ئاستی تەجروبە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی بورژوازیدا نەبوە.

لیبرالیزمی بورژوازی توانیویەتی کە کاریگەری خۆی لەسەر ئاستی چاوەڕوانی و بەرنامەی سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاری دابنێ و لە چوارچێوەی ریفۆرمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا قەتیسی بکا و ئەم بزوتنەوەیە بکا بە بەشێک لەو دامودەزگا ڕەسمیانەی ڕێگاپێدراون. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پرۆسەی مەرکەزی بونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چوەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی ، ئەمانە هەمویان فاکتەربوون لەوەی ناسیونالیزم بتوانێ بزوتنەوەی کرێکاری کۆمۆنیستی بگۆڕێ بۆ بزوتنەوەیەکی “پارێزگاری لە نیشتمانی باوک” و دروشمی “بەرگری لە نیشتمان” بخاتە جێگای خەباتی چینایەتی دژی بورژوازی.

لەم دەورەیەی شەڕدا بزوتنەوەی کرێکاری لەسایەی سۆشیال – ناسیونالیزمیدا مانگرتنەکانی هەڵپەسارد و بزوتنەوەی ژنانی کرێکاری کردە یارمەتیدەری خێزانی بۆ بەرەکانی جەنگ و بێ دەنگی لە ئاست سانسۆری دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی دەوڵەت و کاری ڕۆژنامەگەری بوە هاندان بۆ بەشداری شەڕ و هتد..بەم شیوەیە بورژوازی لەڕیگەی شەڕەوە توانی بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو ڕەوەندە شۆڕشگێڕانەی لە نیوسەدەی پێش شەڕی جیهانی یەکەمدا ترسی بۆ دروستکردبوو پاشەکشە پێ بکا.لەمانەش کاریگەرتر ئەو بنەما ئەنتەرناسیونالیستیەی لە نێوکرێکاراندا ڕیشەی داکوتابوو لە ئەنجامی شۆڕشەکانی سەدەی نۆزدە توانی بگۆڕێ بە ناسیونالیزم و نیشتمان پەرستی و دوبەرەکی نەتەوایەتی. تێکشکانی ئەم بنەما ئەنتەرنسایونالیەی خەباتی چینایەتی و ئایدیای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی جیهانی و سەروونەتەوەیی کاڵ کردەوە و حزبە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکانی کردە حزبی لۆکال و نیشتمانی و بیرۆکراتی.

ئەم دابەشکردنەی هەرەسی ئەنتەرناسیونالی دوەم دروستیکرد بە ئەنتەرناسیونالی سێهەم نەسڕایەوە لەبەرئەوەی ڕەوتی ناسیونالیستی و ڕیفۆرمیستی لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیشدا کاریگەری خۆی هەبو و وەشەڕ تەنیا وەک تاکتیکێک و خاڵێکی جیابونەوە و دوکەرت بونی ئەنتەرناسیونال بوو نەک هەموو سیاسەت و خاڵەکانی ناکۆکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری.

ئەنتەرناسیونالی کۆمۆنیستیش بنەمای دژایەتی ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بوە بەشێک لە ناسنامەکەی و ئەمەش لەسەر ئایندەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە جیهاندا کاریگەری زیانباری دانا لە کاتێکدا کە خودی کۆمێنترن(ئەنتەرناسیونالی سێهەم)یش بوە قوتبێکی تری ناسیونالیستی و ریفۆرمیستی لەسایەی بەرنامە و مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتیدا.ئایا چ خاڵێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو مۆدێلەکەدا، سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیزمی ڕوسی،هەیە؟ ئایا دابەشکردنە جۆراوجۆرەکانی مارکسیزم، لینینزم، ترۆتسکیزم ،و هتد میراتی چ جۆرێک لە حزب و بزوتنەوەکانە و چ ڕیگریەکی لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانیداهەیە؟ ئایا زەمینەکانی دنیای گلۆباڵی سەرمایەداری ئەمڕۆ چ ئاسۆیەکی لەبەردەم هاتنەوە مەیدانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاریدا هەیە؟ ئایا زەمینەکانی شۆڕشی جیهانی و شۆڕشی بەردەوام لە دنیای ئەمڕۆدا لە هەموو کات لەبارترنیە؟ ئایا بۆسەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەهەر وڵاتێک و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی جیهانی ئەنتەرناسیونالیزم چ جێگاوڕیگایەکی هەیە؟ ئەو بۆشاییەی ئەم ئەنتەرناسیونالە کرێکاریە چۆن لە وەڵامدانەوە بە سیستەمی جیهانی و “نەزمی نوێی ئەمریکا” و کێشەکانی یەکێتی ئەوروپا و برێکزت و پێشبڕكێی نیوان ئەمریکا و چین و ڕوسیاوە دەردەکەوێ؟ یاخود زەمینەی ڕادیکاڵ بونەوە و فراوانبونی ناڕەزایەتی چینایەتی ئایا جارێكی تر لەژێر سایەی سۆشیال دیموکراتی نوێ لە ئەمریکا و بەریتانیا وە پۆپۆلیزم لە ئیسپانیا و ئیتالیا و یۆناندا یاخود بزوتنەوە خۆبەخۆییەکانی فەرەنسا و تونس و جەزائیر و ئیران ، پیویستیان بە چ ڕیزبەندیەکی ئەنتەرناسیونالی هەیە؟ چۆن ئەم بنەمایە لە بەرنامە و سیاسەت و ڕیکخستنی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا بەشێکی جیانەکراوەیە لەو ئایدیا و مۆدێلەی دەوڵەتی کرێکاری و شۆڕشی کۆمۆنیستی؟

هەربۆیە بۆ لێکدانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هات پێویست دەکا بچینە سەر مەیدانەکانی تری حزب ودەوڵەت و کێشەکانی تری خەباتی چینایەتی و بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر گۆڕانی بنەماکانی تری ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران درێژەپێبدەین تا هەموو چوارچێوەی تابلۆکە ببینین.دواتر دێینەوە سەر ئەوەی بنەمای ئەنتەرناسیونالیزم لەمڕۆدا چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستداهەیە؟ لێرەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین کە؛ ئایا سازدانەوەی حزب و دەوڵەت لەسەر بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم ئایا دەتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو کێشانە بێت کە بەهۆی گۆڕانی ئەم بنەمایانەوە هاتونەتە ئارا؟

سەرچاوەکان:

*1چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟
https://asokamal.com/index/?p=1681
https://asokamal.com/index/?p=1687حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
*2The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
https://www.marxists.org/…/in…/iwma/documents/1864/rules.htm
3*The International Workingmen’s Association, 1866,Instructions for the Delegates of the Provisional General Council, The Different Questions

https://www.marxists.org/…/…/documents/1866/instructions.htm
4*https://www.marxists.org/…/hague-conference/resolutions.htm2
5* https://www.marxists.org/…/w…/1871/civil-war-france/ch01.htm
*6 مارکس، الحرب الاهلية في فرنسا ل٢٠١،مارکس،انجلس،المختارات،دارالتقدم،موسکو،الجزء الثاني
*7https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1866/instructions.htm
*8 رسالة فريدريك انجلز إلى بيبل
https://www.marxists.org/…/archive/marx/1875-cg/engels_to_b…
*9 Social Democracy 1912, Manifesto of the International Socialist Congress at Basel
https://www.marxists.org/…/social-…/1912/basel-manifesto.htm
*10 Rosa Luxemburg , Rebuilding the International(1915)،
https://www.marxists.org/…/luxemburg/1915/xx/rebuild-int.htm
*11 هەمان سەرچاوە
12* Lenin The War and Russian Social-Democracy
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1914/sep/28.htm
*13 Lenin,The Third, Communist International
https://www.marxists.org/archi…/lenin/works/1919/mar/x04.htm

٥
دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم

یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست سەبارەت بە دەوڵەت بوو لەم بزوتنەوەیەدا.

لە دەورانی شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا و لە خەباتی دیموکراتی بورژوازی دژی دەرەبەگایەتی و خاوەن موڵکە ئەرستۆکراتەکان کرێکاران لە پێناو ئازادی و مافە ئابوریەکانی خۆیاندا بەشداری ئەم شۆڕش و خەباتە سیاسیە بوون. بەڵام بە سەقامگیری دەسەلاتی پەرلەمانی بورژوازی، وەک ئاکامی جیگیربونی ئیمتیازات و یاسا و باج و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و نەهێشتنی ئیمتیازاتی دەرەبەگایەتی ،ئیتر بورژوازی بوە هێزی دەسەڵاتدار کە سەرکوتی هەر خەباتێکی کرێکاری دەکرد کە دژ بە سیستەمی کاری بەکرێی سەرمایەداری دەوەستایەوە. سەرەتا بورژوازی تازە دەسەڵاتدار ئەم خەباتەی کرێکارانی ڕاستەوخۆ سەرکوت دەکرد و هەروەک لە ئەڵمانیا یاسای دژی سۆشیالیستەکانی سەپاند و لە هەموو وڵاتانی تریش هێرشی بەردەوامی دەکردە سەر یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕیکخراوە سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار.

بەڵام دواتر و بەتایبەت پاش کۆمۆنەی پاریس بورژوازی بە ناچاری و وەک ئەمری واقع دانی نا بە دەوری چینی کرێکار و ڕیکخراوەکانیدا و هەر بۆیە ڕێگای لە قاڵبدانی ئەم بزوتنەوەیەی گرتە بەر لە چوارچێوەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی بورژوازی خۆیدا و لە هەندێ لە وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا ڕیگا بە کاری یەکێتیە کرێکاریەکان و ڕۆژنامە سۆشیالیستیەکان درا وڕێگریەکانی بەردەم دەنگدانی گشتی کەمکرانەوە و نوێنەرانی سۆشیال دیموکراتەکان توانیان بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بکەن و کورسی بەدەست بهێنن.
ئێمە لەسەر بنەمای ئەم گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریانەی لە کۆمەڵگە و دۆخی خەباتی چینایەتی نێوان کریکاران و بورژوازیدا ڕویداوە دەچینە سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کریکاراندا هاتوە لەو دەورانەی سەرەوەدا لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە تاکو جەنگی جیهانی یەکەم.

دەورانی شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیونال و کۆمۆنە

یەکێتیەکی ئۆرگانیک کە لەنیوان خەباتی ئابوری و خەباتی سیاسی کرێکاراندا لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم سەبارەت بە “بنەماکانی ئەنتەرناسیونال و سەبارەت بە یەکێتیە کرێکاریەکان” هاتبوو، گۆڕدرا بە دوالیزمی شۆڕش و ریفۆرم.
لەم چوار خاڵەی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالدا لەساڵی ١٨٦٤و١٨٧٢داهاتوە کە:
” ١.ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.
٢.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.
٣. گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەهێشتنی چینەکانە. “*2
٤.دواتریش لە بڕیاری یەکێتیە کرێکاریەکان ، ڕابردوو،ئێستا و ئایندە” لە ساڵی ١٨٦٦دا هاتوە کە:” ئەم ‘سەندیکایانە’ جگە لەمەبەستی سەرەکی، کە یەکگرتوکردنی چینەکەیانە ، پیویستە بەشێوەیەکی وشیارانە وەک ڕیکخراوی ناوەندی چینی کرێکار کاربکەن لەپێناو بەرژەوەندی سەرتاپاگیری هەموو چینەکە بۆ ڕزگاری تەواو و کامڵ. ئەوان دەبێ قەناعەت بە جەماوەری فراوانی چینی کرێکار بهێنن کە ئەم خەباتەیان دوورە لە تەسکبینی و خۆپەرستی و ئامانجی ڕزگاری ملێۆنەها چەوساوەیە”.*3

هەموو ئەم هەوڵانەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بۆ ئەوەیە کە چینی کرێکار ،بە هەموو بەشەکانی و بیروڕا جیاوازیەکانی ناوخۆیەوە ، بتوانێ خۆی سەربەخۆ بکات لە بورژوازی و ببێتە خاوەن ڕیکخراوێکی سیاسی کە بتوانێ هەم خەباتی ڕۆژانە بکا بۆ باشترکردنی ژیان و ئامادەکردنی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری. بابزانین چۆن ئەم دوو بنەمایە گۆڕانکاریان بەسەردا هات. واتە هەم مەسەلەی سەربەخۆیی لە بورژوازی و دەوڵەت و دامودەزگاکانی و هەم پێکەوە بەستنی خەبات بۆ ڕیفۆرم لەگەل ئامانجی کۆتایی هێنان بەدەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداری.

پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان خەبات بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئیستای ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و پەیوەستکردنەوەی بە ئامانجی کۆتایی ڕزگاری ئابوری و شۆڕش بەسەر دەسەڵات و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، هەمیشە لای مارکس جێگای گرنگی پیدان بوە و ئەمەش بوەتە مایەی مشتومڕ و جەدەلێکی زۆر لەگەڵ ئەو بەشە لە کرێکاران و سۆشیالیستە ئەنارکیستەکان کە دەوری ئەم پرۆسەیەی گەشەکردنی ڕێکخراوەیی و تەجروبەی سیاسی کرێکارانیان بەلاوە گرنگ نەبو. مارکس خەباتی چینی کرێکاری بۆ ڕزگاری لە پرۆسەیەکدا دەبینی کە ئەم چینە ئامادەیی تەواوی هەیە و زەمینەی مادی لە کۆمەڵگەدا ڕەخساوە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هەرەوەزی بێ چین و چەوسانەوە.

هەر لەم تێگەیشتنەوە مارکس ،چەند مانگێک پێش لە کۆمۆنەی پاریس، کرێکارانی پاریسی لە نائامادەیی بۆ ڕوخانی حکومەتی بورژوازی ئاگادارکردەوە. ئەو و ئینگلس لە ڕوانگەی ئامادەکاری زەمینە و پێویستیە کۆمەڵایەتیەکانی شۆڕشی کرێکارانەوە گرنگیان دەدا بە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەری و سیاسیەکان و بەشداری لە خەباتی ڕۆژانە و وەلامدانەوە بە کێشە سیاسیەکانی بەردەم خەباتی چینایەتی و بەشداری لە پەرلەمان و ڕاکێشانی جەماوەری کرێکار بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی.
بەڵام ئەوان لە شۆڕشی کۆمۆنەدا نەکەوتنە سەرزەنشتکردنی کۆمۆنارەکان و کرێکارانی فەرەنسا بەڵکو بە پێچەوانەوە لەم پرۆسەی خەباتە چینایەتیەدا لە هەموو شت زیاتر گرنگیان بە تەجروبەی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنەی کرێکاران دا. کۆمۆنەی پاریس سەرەڕای هەر کەموکوڕیەکی تیۆری کرێکاران سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئایندەی کۆمۆنیستی دەیان ساڵ بزوتنەوەی کرێکاری نزیک خستەوە لەوەی چۆن ئەم چینە دەتوانێ بناغەی کۆمەڵگەیەکی نوێی ئینسانی دامەزرێنێ. هەڵوەشانەوەی دامودەزگای دەولەتی بورژوازی لە سوپای هەمیشەیی و بیرۆکراسیەت و جێگیرکردنی کۆمۆنە و چەکداربونی گشتی و هەڵبژاردنی هەموو پلەوپۆستەکانی بەڕیوەبردن و هتد..ئەمانە هەڵوێستی چینی کرێکاری بەرامبەر بەدەوڵەتی بورژوازی ڕەنگ ڕێژکرد و کردیە بنەما وبناغەی تێگەیشتن و هەڵوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەسەلاتدارێتی بورژوازی.

کۆمۆنەی پاریس مێژوویەکی گرنگی لە چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا دروستکرد ، کە بەرجەستەکردنی خەباتی نزیک بە نیوسەدەی کرێکاران بوو لە ڕاگەیاندنی ڕەشنوسی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی داهاتوودا.ئەمە بەرجەستەکردنی بڕیارەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بوو لەوەی کە ” ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.ئامانجی کرێکاران بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.”*٥
کۆمۆنە نمونەیەکی لە دەوڵەتی کرێکاری و دەسەلاتی سیاسی کرێکاران نیشاندا کە لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان و یاساکانی. دەوڵەتێکی کاتی کە پشتی بە “دیموکراسی” زۆرینە بەستوە ،کە نوێنەران کارگێڕیشن نەک وەک پەرلەمانتار قسەکەر بن و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەدەست کەسانی ترەوە بێ. هەربۆیە کۆمۆنەی کرێکاران ئەنتی تێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بوو.

بەڵام شکستی کۆمۆنە پرسیار و جەدەل و جیابونەوەشی بەدوای خۆیدا هێنا. دوو مەسەلەی سەرەکی دوای کۆمۆنە بریتی بوون لە مەسەلەی پیویستی حزبی سیاسی و هەڵویست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و پەرلەمان. ئەنتەرناسیونالی یەکەم دوای کۆمۆنە بڕیاری پێکهێنانی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار پەسەند دەکا و حزبە سۆشیال دیموکراتەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێک دێن . سەبارەت بە دەوڵەتیش مارکس لەسەر تەجروبەی کۆمۆنە و ئەنگلسیش لەسەر ” بنچینەی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت” تێگەیشتنی کۆمۆنیستی سەبارەت بە دەوڵەت دەخەنەڕوو. بەڵام ئەم بنەمایانە لە دەورەی دوای کۆمۆنەدا لە دڵی هەلومەرجێکی جیاواز لە دەورانی پێش کۆمۆنەدا پراکتیک دەکرێن و جیاوازی و کێشەکان لەسەر ئەم دوو تەوەرە شکڵ دەگرن.

دوالیزمی ئیڤۆلوشن

دەورەی دوای کۆمۆنە دەورەیەکی دوالیزمی ئیڤۆلۆشن و گۆڕانکاری بزوتنەوەی کرێکاریە. دیوێکی وەک لەسەرەوە باسمانکرد گەشەی سۆشیال دیموکراتی و یەکێتیە کرێکاریەکان و جیهانی بونەوەی خەباتی چینایەتیە.بەڵام ئەمە تەنیا دیوێکی ڕوداوەکان و دۆخی دوای کۆمۆنەی پاریسە. دیوەکەی تری بریتیە لە چەند ئاڵوگۆڕیکی دژ بەیەک و ئاڵۆز.

بورژوازی ئەوروپا و جیهان لەبەرامبەر شۆکی کۆمۆنەدا خەتەری ئەم چینەی لەسەر سیستەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری کرد و بەدیل و “گۆڕهەلکەنی” خۆی بینی. هەربۆیە لەلایەک کەوتە توندکردنەوەی فشار لەسەر هەموو ئەو ڕیکخراوانەی کە سەر بەو ” کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران” بوو و سیاسەتێکی ئەهوەن تریان بەرامبەر یەکێتیە کرێکاریەکان گرتە بەر. لەلایەکی تریشەوە لیبرالیزمی بورژوازی وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی و ئابوری باڵادەست بوو، وە لەسەر بنەمای گەشەی جیهانی سەرمایە کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری دانا و توانی ئاستی چاوەڕوانی و شێوازی کاری یەکیتیە کرێکاران لە قاڵبی ریفورمیزم و پەرلەمانتاریزم بەرتەسک بکاتەوە و ململانێی بیروڕای شۆڕشگێڕانەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بکا. لە چەشنی فابیەکانی بەریتانیا و “ئیمکانگەرا”کانی فەرەنسا.

چینی کرێکار لەم دەورەیەدا ڕوبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی نوێ بوەوە کە جیاواز بوو لە کێشەی دەورانی سەرکوتی دەوڵەت و برسێتی لەڕادەبەدەری جاران. لە کاتێکدا گەشەی سەرمایەداری بۆ دەورەیەک ڕەخسا بوو ، توێژێکی ئەرستوکراتی کرێکاری دروست بوبو کە پلە و پۆستی سەرەوەی سەندیکا و یەکیتیە کرێکاریەکانیان بەدەستەوە گرتبوو. لەهەمان کاتدا گەشەی سۆشیال دیموکراتی و سۆشیالیستەکان و یەکێتیە کرێکاریەکانیش گەیەیشتە ڕادەیەکی بەرز کە توانی زۆربەی فشارەکانی دەولەتە بورژوازیەکان لەسەر کاری سیاسی و جەماوەری لابەرێ و ئەمەش زەمینەی کاری یاسایی و پەرلەمانی کردەوە و ئەم چینە پێی نایە مەیدانێکی تازەی خەباتی سیاسیەوە.

ئەو پرسیارەی لەم دەورەیەدا دروست بوو ئەوە بوو کە دوای ئەو گەشە ئاسۆییەی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی کردی ستراتیژی گەیشتنە دەسەڵات چی یە؟ وەڵامەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی بەم مەسەلە و دۆخە نوێیە جیاوازبوون و هەربۆیە کێشە و ناکۆکی لە نێوخۆی بزوتنەوەکەدا سەریهەڵدا. ئەمە ئەو ئەزمە ودوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشی سۆشیال دیموکراتیە کە گەشەی کرد وچارەنوسی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕی . لێرەدا باسی ئەو کێشە و گۆڕانکاریانە دەکەین.

ستراتیژی حزبە جەماوەریەکان
مارکس و ئەنگلس ستراتیژی بزوتنەوەی کرێکاریان بە دروستکردنی حزبە جەماوەریە کرێکاریەکان دانا. هەربۆیە سەرەڕای جیاوازیەکان لەگەڵ لاسالیەکانی ئەڵمانیا، ئیمکانگەراکانی فەرەنسە و فابیەکانی بەریتانیا تەئکیدیان لەسەر یەکگرتوکردنی بزوتنەوەی سیاسی چینی کرێکار دەکردەوە سەرەڕای جیاوازیەکان و لێرەوە مارکس لە نامەیەکدا بۆ براکە دەڵێ” هەموو هەنگاوێک کە بزوتنەوەی عەمەلی ئێستا دەینێ گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە”*٦.

ئەمە ستراتیژیەکی سەرکەوتو بو لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە بۆ ئامادەکردنی چینی کرێکار و ڕیکخراوکردنی لە پێناو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. گەشەی مەزنی حزبە سۆشیالیستە جەماوەریەکان و بەشداریان لە پەرلەماندا و دەنگ و کورسی هێنانی زۆر وا دەکا کە ئینگلس لە ساڵی ١٨٩٥دا بڵێ (حکومەت و بورژوازی ئەڵمانی”لە خەباتی قانونی حزبی کرێکاران زیاتر دەترسێ وەک چالاکی ناقانونی، لە سەرکەوتنی هەڵبژاردن دەترسێ وەک لە یاخی بوون”.)*٧

پیشتریش مارکس باسی نمونەی لەم بابەتەی کردبوو ،وەک لە شۆڕشی فەرنسە و شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا، کە خەباتی شۆڕشگێڕانە فۆرمی شەڕێک لە نێوان “حکومەتێکی شەرعی و دژە شۆڕشی یاخی”دا دەگرێتەخۆ*٨. ئەمە لەدریژەی ئەو جەدەلەدا بوو لە ساڵەکانی ١٨٧٠دا کە مارکس سەرخەتی ئەوەی باسکردبوو کە لەوڵاتانێکدا ڕیگری دەستوری نیە بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی سۆشیالیستی.”*٩ ئینگلس لە پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایەشدادەلێ مارکس گەیشتۆتە ئەوەی کە “بەریتانیا تەنیا وڵاتێکە کە لەوانەیە ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتیەی کە هەرڕودەدا ،بەتەواوی ئامڕازی ئاشتیخوازانە و یاسایی ئەنجام بدرێت”.*١٠

ئینگلس ڕوو بە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ئەو پرسیارە دەکا کە ” ئاکامی هەموو ئەمانە دەبی چی بێ؟ ئەوەنەبێ کە حزب کتوپڕ ، لەکاتی بریاردا، نەزانێ چی بکا؟ لە کاتێکدا کە ناڕۆشنی و نادڵنیایی هەبێ سەبارەت بە خاڵە بڕێنەرەوەکان، ئەو خالانەی کە پێشتر هیچ کات گفتوگۆیان لەسەرنەکراوە؟”*١١
کەواتە ” ناڕۆشنی و نادڵنیایی” هەبوە سەبارەت بەم ستراتیژیەی حزبە جەماوەریە سۆشیال دیموکراتەکان بۆ گرتنی دەسەڵات و کاراکتەری خەباتی چینایەتی و پەیوەندی نێوان کرێکاران و بورژوازی لە کۆماری دیموکراتیدا و گەیشتن بە حکومەتی سۆشیالیستی لەڕیگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە .

بەلام دوایی ڕۆشن بوەوە کێشەکە هەر “ناڕۆشنی و نادڵنیایی” نیە لەوەی سۆشیال دیموکراتی دەبێ چی بکا؟ بەڵکو، “دەرکەوت کە گەشەی حزبە سۆشیال دیموکراتە جەماوەریەکان بەرەو شێوازێکی ڕوبەڕوبونەوە نەچو بەڵکو فۆرمێکی تیکەڵاوبونی بزوتنەوەکەی لەگەڵ سیستەمی مەوجوددا(سەرمایەداری) لێ دروست بوو.”*١٢
هەرچەند لای مارکس و ئەنگلس ئەم لادانانە لە بنەما کۆمۆنیستیەکان لە نیو بزوتنەوەکەدا هەستی پێکراوە و ڕەخنەی لێگیراوە .بەڵام بەتایبەت دوای ١٨٩٠ لە کاتێکدا کە بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی جەماوەری دەبێتەوە ئەم مەترسیەی کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری زۆرزیاتر گەشە دەکا. ڕەخنەیەک لە ئینگلس هەبێ ئەوەیە کە حسابی کەمی بۆئەم مەترسیە کردوە.

گۆڕان لە حزبێکەوە کە لە پێناو ئامادەکردنی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداریدا دروست بوە بەرەو حزبێک کە خۆی ببێتە بەشێک لە دامودەزگای بورژوازی و هێشتنەوە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری گۆڕانێکی ڕیشەییە. ئەمە خاڵی سەرەکی ئەم وتارەیە کە لێکدانەوە لە هۆکارەکان و پرۆسەی گۆڕانی حزبی کرێکاری دەکا. ئەمە هەرچەند لە ڕابردویەکی دوردا ڕویداوە بەڵام زەمینەکانی لە دنیای ئەمڕۆدا وەکو خۆی ماوە و سەرەتای ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دواتر ڕێڕەوی بزوتنەوەی کرێکاری گۆڕیوە . هەربۆیە جێگای گرنگی پیدانی ئەمڕۆمانە.

دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕش خۆی ناونیشانێک و نیشانەیەکی لادان و گۆرانکاری ڕیشەیی ترە کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو و هەر بەتەنیا بە باسی ناکۆکی نێوان خەباتی ئابوری و ریفۆرم لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆڕشدا لێکنادرێتەوە. بەڵکو پیویست بە لیکدانەوە لەو گۆڕانکاریە بنچینەیی و لاوازی و تەجروبانەدایە کە ئەم دوالیزمەیان خولقاندوە.
لەبەشی دوەمی ئەم وتارەدا باسی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریانەیە لە بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکەین.

سەرچاوەکان:

*١The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
*٢ https://www.marxists.org/…/in…/iwma/documents/1864/rules.htm
*٣https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1866/instructions.htm
* ٤ مارکس ، بەشداری لە ڕەخنەی ئابوری سیاسی
https://www.marxists.org/…/be…/works/1897/04/marx-reform.htm

*٥ https://www.marxists.org/…/1872/hague-conference/parties.htm
* ٦ نامەی مارکس بۆ براکە لە ٥ ئایاری ١٨٧٥
https://www.marxists.org/…/…/works/1875/letters/75_05_05.htm
*٧ ئینگلس، پێشەکی بۆ کتێبی ‘خەباتی چینایەتی لە فەرەنسە ‘ی مارکس
*٨ https://www.marxists.org/…/…/1872/hague-conference/index.htm
*٩هەمان سەرچاوە
*١٠ئینگلس پێشەکی ئینگلیزی کتێبی سەرمایە .ل ٩٩. سەرمایە.کارل مارکس، چاپی کوردی ، عەبدوڵا ڕەسوڵی. https://www.marxists.org/archive/marx/works/1867-c1/p6.htm
*١١ چۆن جیهان دەگۆڕین، مارکس و ئەنگلس و سیاسەت، ل ٦٩، هوبسباوم، بە زمانی ئینگلیزی.
*١٢ ل ٦٨ هەمان سەرچاوە

٦
دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانە

 

وەک لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا باسمانکرد*١ یەکێک لە ئاڵوگۆڕە ڕیشەییەکانی بەسەر سۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا هات لە دوای کۆمۆنەی پاریسەوە جێگای ریفۆرم و هەڵوێست سەبارەت بە دەوڵەت بوو لەم بزوتنەوەیەدا. بورژوازی ڕوخسارێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی لە دیموکراسی بونی دەزگای دەوڵەتی، دەزگای پەرلەمانی نیشاندا . لەژێر ناوی “پەرلەمان و حکومەت هی هەمو چینەکانە و هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی پەرلەمانی ڕیگەی هەموو چینەکانە بۆ گەیشتنە دەسەڵات”، ڕووی ڕاستەقینە و دەسەلاتی ڕاستەقینەی بورژوازی شاردەوە. بزوتنەوەی کرێکاری باجی گەورەی ئەم دیموکراسیە هەڵخەتێنەرەی بورژوازی داوە ،و گەورەترینیان باجی شەق بونی بزتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بوو. بەڵام ئەزمەی سیستەمی سەرمایەداری بەناچاری وەک لافاو هەموو ڕوپۆشێک لەسەر ڕوخسارە هەڵخەتێنەرەکانی ئەم سیستەمە چەوسێنەرانە دادەماڵێ.لەم دۆخەدا بزوتنەوەی ملێونی کرێکاران دەرک بە پێوستی شۆڕش و بەرەنگاری و تێپەڕبون دەکا لە چوارچێوەی سیستەم و دامودەزگای قەیرانگرتوی سەرمایەداری.

 جیاوازیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری سەبارەت بەم دۆخە خۆی لە بەرگی دوالیزمی ریفۆرم و شۆڕشدا نیشاندا ،و ئەنتەرناسیونالی دووەم و بزوتنەوەی کرێکاری لە ژێر ئەم ناونیشانەدا بوو بە دوو بەشەوە. لێرەدا باس لەو گۆرانکاریە ڕیشەییانە دەکەین کە لە ستراتیژ و ئامانجی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بوو. هەروەها باسی ڕەخنەی هەرکام لە مارکس و ئینگلس لەو هەڵوێستانەدەکەین کە بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرم لەنێو سۆشیال دیموکراتیدا خراوەتەڕوو. دواتریش ڕەخنەکانی پانەکوک و لینین و ڕۆزالوکسبورگ لە ریڤیژینزم و پەرلەمانتاریزم دەخەینەڕوو تاکو دیدێکی ڕۆشن لەو کێشمەکێش و ئاڵوگۆڕانەمان هەبێ کە لەم بزوتنەوەدا ڕویداوە ،وە بزانین چۆن ئەم بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بەپێی دۆخ و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان و مەسەلەکانی ناو خەباتی چینایەتی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هاتوە؟

 

نوقم بون لە پەرلەمانتاریزمدا

 

لە دوای کۆمۆنەوە مەسەلەی پەیوەندی نێوان کرێکاران و دەوڵەتی بورژوازی دەبێتە یەکێک لە کێشەکان و جیاوازیەکان .  لە ساڵی ١٨٧٥مارکس ڕەخنە لە لاسال دەگرێ و دەڵێ”تەنیا لاسال خۆی، بە لەخۆبایی بون و خەیاڵەکانیەوە، لەتوانایدایە کە باوەڕ بەوەبکا کە مومکینە، بەهۆی یارمەتی وەرگرتن لە حکومەتەوە، کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەی هەر بەو ئاسانیەی کە هێڵێکی تازەی ئاسن دروست دەکەی.”* ٢ ئەمە لەوەڵامی ئەو بەندەی “بەرنامەی گۆتە”دایە کە لاسال دەڵێ”بۆ ڕێگەکردنەوە بۆ چارەسەری مەسەلەی کۆمەڵایەتی، حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا داوادەکەن کە بەیارمەتیدانی دەوڵەت هەرەوەزیە بەرهەم‌هینەرەکان دروست بکرێ.”* ٣

مارکس درێژە بەم ڕەخنەیەی لە تێگەیشتنی لەدەوڵەتی بورژوازی و چۆنیەتی گۆڕینی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەگرێ و دەڵێ”کاتێک کریکاران هەوڵدەدەن بۆ بەدیهێنانی مەرجەکانی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان لە ئاستی هەموو کۆمەڵگەدا، ئەمە تەنیا بەمانای ئەوەیە کە کاردەکەن کە هەلومەرجی ئێستای بەرهەمهێنان شۆڕشگێڕانە بکەن ، ئەمە هیچ پەیوەندیەکی هاوبەشی نیە لەگەڵ دامەزراندنی هەرەوەزیە بەرهەمهێنەرەکان بەیارمەتی دەوڵەت. ئەوەندەی سەبارەت بە کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی ئیستاوە بێت ئەوەندە بایەخیان هەیە کە دەستکردی سەربەخۆی کرێکارانە، وە چ لەلایەن حکومەتەکان و چ لەلایەن بورژوازیەوە ناپارێزرێن.”* ٤

ئەم جۆرە لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی بورژوازیدا، دوای مارکس لەلایەن ئینگلسیشەوە دراوەتە بەر ڕەخنە. ئەمە کاتێکە نوێنەرانی کرێکاران چونەتە ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەشداری دەکەن. لەنامەیەکدا بۆ J.P. Becker دەنوسێ” ئەم نوێنەرانە لە پەرلەمان ‘پیشنیاری پۆزەتیڤانە’ بۆ حکومەتی ئێستا دەکەن کە چۆن لە شتە بچوکەکاندا کارەکان باشتر بکەن و هتد، وە کرێکاران کە بە کەسانی دەرەوەی یاسا دانراون و بە دەست و پێی بەستراوەوە دراونەتە دەست ڕەفتاری مەزاجی پۆلیس ، چاوەڕوانیان لێدەکرێ ئەمە بە نوێنەرایەتی کردنی خۆیان دابنێن! ئەوەی تایبەتمەندی سەرنج ڕاکێشی بزوتنەوەی کرێکارانی ئەڵمانیایە ئەوەیە کە هەڵەی لیدەرەکان لەلایەن جەماوەرەوە چاک دەکرێتەوە.”* ٥

لەفەرەنسا “ئیمکانگەراکان” و لە بەریتانیاش “فابیەکان” لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بە دەولەتی بورژوازی وەرگرت و هەمان بۆچونی لیبرالی بورژوازیان پەیڕەوکرد کە دەیانوت” پەرلەمان هەموو چینەکان وناکۆکە چینایەتیەکان لەناودەبا،بەبێ جیاوازی، لەڕیگەی مافی دەنگدان و مافی بەشداری لە حکومەتدا”*٦

ئەم تێڕوانینە سەبارەت بە دەوڵەت و دەزگاکانی ، وەک پەرلەمان و دەنگدان و دەستور و حکومەت وهتد..ئەو ئاڵوگۆڕە سەرەکیە بوو کە لە نێو سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاریدا سەریهەڵدا و بوە باڵێکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری کە لە فەلسەفە و ئابوری و سیاسەتدا دواتر بەشێوەی مەکتەبێکی فکری و سیاسی و ئابوری جیاواز لە کۆمۆنیزم خۆی ساغکردەوە. ئیتر مەسەلەی سەرەکی ئەم باڵەی نیو سۆشیال دیموکراتی چۆنیەتی بەشداری و پاراستنی ئەم دەوڵەتە قەومیانەیان بوو. چۆنیەتی پاراستنی پەرلەمانتاریزم بو ،کە ئەنجامەکەی دەنگدان بە پڕۆژەکانی چینی بورژوازی بوو. دەنگدان بە پاراستنی گومرگی، دەنگدان بەشەڕی جیهانی ئیمپریالیستی، هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە بورژوازیەکان و بەشداری لە حکومەتە بورژوازیەکاندا هتد..

ئینگلس لە ساڵی ١٨٩١دا لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا ئاماژە بە مەترسی گەشەی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزمە” دەکا و دەڵێ” ئەمە لە بیرچونەوەیەکی گەورەیە، مەبدەئەکان لەبەرامبەر بەرژەوەندیە کاتیەکانی ڕۆژدا هەڵدەسەنگێندرێ، ئەم خەبات و هەوڵدانانە بۆ سەرکەوتنی ساتە کاتیەکان بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی دواتری، ئەمە قوربانیکردنی ئایندەی بزوتنەوەکەیە لە پێناو ئێستایدا، لەوانەیە مەبەست “ڕاستگۆیانە” بێ، بەڵام ئەمە ئۆپۆرتۆنیزمە و هەروا دەمینێتەوە، وە ئۆپۆرتۆنیزمێکی “ڕاستگۆیانە” لەوانەیە ترسناکترینیان بێت.”* ٧

دوای دوو دەیە ئەم مەترسیەی ئینگلس دەبێتە ئەزمەیەکی جدی ،کە سۆشیال دیموکراتی دەخاتە ژێرئەو  پرسیارەوە کە ئایا لە ڕیگەی پەرلەمانەوە خەبات بۆ سۆشیالیزم بە کوێ دەگا؟

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ١٩٠٤ دا دەنوسێ” پەرلەمان بۆ بورژوازی ئەو قازانجەی جارانی نیە کە دژی دەرەبەگایەتی بەکاری دەهێنا و پەرلەمانی ئێستا بۆ دانانی بودجە و قەواڵەی سوپا، ئیعتباری نوێدان بە کۆلۆنیلەکانی شەڕ لە ئەفریقا و ناوچەکانی بازرگانیە”. ئەو پرسیارە دەکا کە سۆشیال دیموکراتی ” ناتوانێ لەوە زیاتر بکا، لەوە دەچێ، بەرەو خۆ قوربانیکردن بچێ، بەرەو قوربانیکردنی سۆشیالیزم دەچێ لە سەر مێزی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی، ئایا ئاکامی ئەمە چی دەبێ؟ هەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کرێکاری، ناڕۆشنی ئایدیاکان، لادانی ئەخلاقی نوێنەرانی حزب. ئاکامی پڕاوپڕی تاکتیکی وەزارەتی Jaurès’ (سۆشیالیست) لە فەرەنسا بەشیوەیەکی ڕۆشن خزمەت دەکا بە ئاگادارکردنەوەی هەموو بزوتنەوەی جیهانی پرۆلیتاریا، کە ئەمە ئەو ڕیگایە نیە بتوانی بەر بە داکشانی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بگرێ.” *٨

ئەم داکشانەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی ، نیشانەی سەرەتاکانی بنبەستی لیبرالیزمی بورژوازی و دەورانی ئەزمەی جیهانی و پێویستی ئیمپریالیزم بە شۆڤێنیزم و بە شەڕ بوو.

هاوکات ئەوەی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩٠٤دا باسی دەکا سەرەتای بنبەستی سۆشیال دیموکراتیە کە لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە نەیتوانیوە شێوازێکی تر جگە لە ڕیگەی پەرلەمانی بگرێتە بەر لە خەباتی چینایەتیدا!

هەربۆیە کاتێکیش ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دەستپێدەکا ولە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەچینە ناو دەورانی توندبونەوەی ململانێی ئیمپریالیستی و داڕمانی “ئاشتی و دیموکراسی” لیبرالیزم، ئیتر ئەم سۆشیال دیموکراتیەش توشی ئەزمە و جیابونەوەیەکی گەورە دەبێ. ئەو زەمینەیەی پەرلەمانتاریزمەی دوێنێ ،کە بزوتنەوەی کرێکاری لەسەری گەشەی سیاسی دەکرد، دەگۆڕدرێ و بورژوازی لەڕیگەی شەڕ و سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆی ڕادەگرێ. هەربۆیە ئیتر ئەوەی ئەنگلس لەسەر پەرلەمان دەیوت لەگەڵ دەورەی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم نەدەهاتەوە. ئەو دەیوت ” کەسێک دەتوانێ بێهێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ:وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا.”* ٩

لەم دەورەی نوێیەی ئەزمەی لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا گۆڕانکاری بەسەرسۆشیال دیموکراتی کرێکاریدا دێت و سۆشیال دیموکراتی بۆ گەیشتنە دەسەڵات پێویست بوو لە دەرەوەی پەرلەمانتاریزمدا بەدوای ستراتیژێکی تردا بگەڕێ.

بەڵام سەرەڕای  ڕەخنەکانی مارکس و هەوڵەکانی ئەنگلس لە خۆشباوەڕی بە دەوڵەتی بورژوازی و دورکەوتنەوە لە ئۆپۆرتۆنیزم ، سۆشیال دیموکراتی لە بزوتنەوەیەکەوە کە دەویست سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بە سۆشیالیزم ،وە لە ڕیگەی کۆمۆنەوە دەزگای دەوڵەتی بورژوازی هەڵوەشاندەوە ، گۆڕدرا بە بزوتنەوەیەک کە زۆربەی ڕیزەکانی کەوتە ژێرکاریگەری ڕەوتی لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و پەرلەمانتاریزم . ئەم ڕەوتە سەرەتا خۆی وەکو ڕیڤیژینیزم ناساند، واتە وەک ڕەوتێک کە بانگەشەی خوێندنەوە و چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی کۆمۆنیزمدا دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم دەورەیەدا، واتە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، سۆشیال دیموکراتی ڕەنگی ئەم ڕیڤیژنیزمەی گرت. هەربۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە زیاتر شرۆڤە بکەین تا بزانین چ پەیوەندیەک لە نێوان ریڤیژینزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم و سۆشیال دیموکراتیدا هەیە؟

 

پەتای ڕیڤیژینزم 

دیالەکتیکی گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای ریڤیژینزمدا لەهەموو وڵاتە سەرمایەداریەکان. لینین لە ساڵی ١٩٠٨ دا دەڵێ “چی ڕیڤیژینیزم دەکاتە کارێکی حەتمی کە دەبێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوبدا؟ لەبەرئەوەی ،لە هەموو وڵاتێکی سەرمایەداریدا، لەپاڵ پرۆلیتاریادا، توێژێکی زۆری وردە بورژوازی هەیە.بەرهەم‌هێنانی بچوک پێشتر و ئێستاش بەردەوام سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێتەوە.سەرمایەداریش ڕیزێکی تەواو لە “چینە ناوەندەکان” دروست دەکا(پاشکۆی کارگە ، کارکردن لەناو ماڵدا،کارگە بچوکەکان کە لە وڵاتدا بەفراوانی هەن،..).ئەم بەرهەمهێنەرە بچوکە نوێیانە پاڵ پێوەدەنرێن، بەپێی دەورەکەیان، حەتمەن بۆ ڕیزەکانی پرۆلیتاریا. هەربۆیە ئاساییە کە بیروبۆچونە وردەبورژوازیەکانیشیان بەردەوام بچێتە ناو ڕیزەکانی حزبە کرێکاریە بەرفراوانەکان.”*١٠

بێگومان ئەمە تەواوی کێشەی سەرهەڵدانی بۆچونی ناکۆک و لەوانە ریڤیژینزم لە ناو سۆشیال دیموکراتیدا نیە. واتە ڕیڤیژینیزم بەتەنیا لە کاریگەری هاتنی چینی وردەبورژوازی و بۆچون و جیهانبینیەکەیدا بەرتەسک نابێتەوە. هەربۆیە دواتر لینین لە ساڵی ١٩١٠ ئاماژە بە بۆچونەکانی ئەنتۆن پانیکوک دەکا*١١ و “ئەنجامگیریە زانستیەکانی”نامیلکەیەکی ئەو ڕوندەکاتەوە لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ریڤیژینزم لەناو بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی کرێکاری جیهانیدا.

پانیکوک ئاماژە بە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دروستبونی ناکۆکیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی دەکا. لێرەدا ئەوەی گرنگە لەم لێکدانەوەی پانیکوک دا ئەوەیە کە باسی چینی کرێکار خۆی دەکا کە بۆچی و چۆن توشی ئەم کێشانە دەبێ؟ باس لە ئاستی گەشەی سەرمایەداری و کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی سۆشیالیستی چینی کرێکار دەکا.باس لە ئاستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار و ڕادەی چڕبونەوەی ژمارەکەی لە یەک ناوەندا و ئاستی ڕیکخراوبونی و فێربونی پابەندبون بە سیستەم و ئاستی هەژاری دەکا و هاوکات باسی ئەو گۆڕانکاریانە لە شیوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەکا کە بەشێوەی”بازدان”ئەم بزوتنەوەیە دەگۆڕێ و ترس دەخاتە دڵی سیستەمی سەرمایەوە. بەشێوەیەکی سەرەکی تەئکید لە بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی زیندوو دەکا کە لە چوارچیوەی هەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا ڕەوت و دیدگای جیاجیای تێدا دروست دەبێ بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی.

ئێمە لە سەرەوە باسی لیبرالیزمی بورژوازیمان کرد وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی کاریگەری لەسەر دروستبونی ناکۆکی و لادانەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و دروستبونی باڵی ریفۆرمیستی لە نێو چینی کرێکاردا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەم بۆچون و دیدگا و لێکدانەوە لیبرالیستیە کاریگەری لەسەر خەباتی کرێکاران دادەنێ؟

وەڵامەکەی ئەوەیە کە چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا ،کە چ ڕیگایەک ئەو لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا. ئەم ئەنجامگیریە سادەیە خۆی لەدڵی دۆخێکی ئاڵۆزو دوالیزمی خەباتی ئابوری و سیاسیدا یەکلایی دەبێتەوە . هەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و “بازدان” وشۆڕشەکانی زیاتر بێت ئەوەندە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ لە قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە ببێتە “خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی” ملێۆنەها و ملیارەها کرێکار.

ئەمە پرۆسەی واقعی خەباتی چینایەتیە ،کە بەپێی ئاستی گەشە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی چینی کرێکار مەسەلەی شۆڕش و دەسەڵات مەترەح دەبێت نەک بەپێی عەقڵی شۆڕشگێڕانەی گروپێکی کۆمۆنیستی یان حزبێکی کۆمۆنیستی. وەک مارکس لە ڕەخنە لە گروپێکی ناو “کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان”دادەڵێ” بۆ ئەوان ئەو هەلومەرجە ڕاستەقینەی کە هەیە، هێزی پاڵنەری شۆڕش نیە بەڵکو بەتەنیا بونی خواستە. کاتێک ئێمە بە کرێکاران دەڵیین ، پیویستە ٥٠،٢٠،١٥ ساڵ بە شەڕو خەباتی ناوخۆ(چینایەتی) دا تێپەڕن، نەک تەنیا بۆ گۆڕینی دۆخ، بەڵکو بۆ چاکردنی خۆتان وە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە دەتوانن باڵادەستی سیاسیتان هەبێت. هەروەک دیموکراتەکان کە وشەی خەڵکیان کردوە بە بت ، ئێوەش وشەی پرۆلیتاریاتان والێکردوە.هەروەک دیموکراتەکان ،ئێوەش زاراوەی شۆڕشتان خستۆتە شوێن ئیڤولوشنی شۆڕشگێڕانە “*١٢

ئەم جۆرە ناسینەی شۆڕش کە بتێک نیە و تەنیا زاراوەیەکیش نیە، بەڵکو دیاردەیەکی دیالەکتیکی و یەکێتی دژەکانە خۆی کلیلی دەرک کردنی هەموو ئەو مێژوەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە پڕ لە هەوراز و نشێویە و سەرکەوتن و شکستە. دەرک کردنی ئەوەی بۆچی لەم دەورەیەدا کە چینی کرێکار لە باری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە گەشە دەکا بەڵام پەتای ریڤیژینیزم و لیبرالیزم و پەرلەمانتاریزم دایدەگرێ ؟ وەک بەدروستی لینین دەریدەبڕێ کە”ئەم جیاوازیانە سەرچاوەکەی خۆی ئەو خەسڵەتە دیالەکتیکیەیە کە گەشەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار هەیەتی کە لەدڵی ناکۆکیەکاندا و لەڕیگەی ئەم ناکۆکیانەوەیە دەچێتەپێش”*١٣.

سۆشیال دیموکراتی لەم دەورەیەدا بەباشترین شێوە ڕێگاکانی گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران لە مەیدانی کاری حزبی وسەندیکایی و پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری دەناسێتەوە و کاری جدی دەکا. ئەنەترناسیونالی دوەم و حزبە کرێکاریەکان لەزۆربەی وڵاتاندا دروست دەکا. لەم ماوەیەی  ١٩٠٥ تا ١٩١٣دا ژمارەی کرێکارانی سەندیکاکان لە ٣ ملێونەوە بوە ٦ ملێون و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی ، فینلاند و سوید لە ٪٣٠بۆ٪٤٠ی دەنگیان هێنا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکاندا.*١٤. هەروەها کۆمەڵەی فابینەکانی بەریتانیا کاریگەری گەورەیان لەسەر سۆشیالیستە ریفۆرمیستەکان و لەوانەش برنشتاین هەبوو،ئەم کەلتورە پەیوەندی پەیداکرد لەگەڵ هوڵندە و ئەسکەندناڤیشدا.*١٥. ئەمانە لەگەڵ پرۆسەی دروستبونی دەوڵەت ومەرکەزی بونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چوەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری حزبی و سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی و نوخبەیی، بەرتەسککردنەوەی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەپێی یاسا و فشار و سەرکوتی مانگرتن و چالاکی شۆڕشگێڕانە کرێکاران.ئەمانە هەمویان فاکتەربوون لە دروستبونی ئەو دوالیزمەی لە نیوان گەشەی سیاسی کرێکاران لەلایەک و کەوتنە ژێر هەژمونی فکری و سیاسی ناسیونالیزم و لیبرالیزم و پەرلەمنتاریزمی بورژوازی لەلایەکی ترەوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەزمەی سیاسی و سەربازی ئیمپریالیزم ئەم دوالیزمە بزوتنەوەی کرێکاری شەق دەکا. سۆشیال دیموکراتی ڕوبەڕوی دەورەیەکی نوێ دەبێتەوە کە دەبێ هەڵوێست بەرامبەر بە بورژوازی و دەوڵەتەکەی  و سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی دەرببڕی و ڕوبەڕویان بێتەوە. ئیتر ئەم کارە بە پەرلەمانتاریزم و لە چوارچیوەی کاری ڕیگاپێدراوی یاساییدا ناکرێ. چینی کرێکار چیتر ناتوانێ لە قاڵبی کاری سەندیکاییەکی پیشەییدا بمێنێتەوە کە تەنیا مەسەلەی کرێ و ریفۆرمی ئابوری هەبێ ،چونکە سەرجەم کۆمەڵگە و چینی کرێکار گیرۆدەی سیاسەتی شەڕ و تاڵانکاری و سەرکوتی بێ پەردەی بورژوازی و دەوڵەتەکەیەتی. هەربۆیە سۆشیال دیموکراتی پیویستی بە فکر و سیاسەتی کۆمۆنیستی نوێ دەبێ سەبارەت بە شۆڕش و دەوڵەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی .ئەم کێشانە خۆیان لە چەند مەیدانی سیاسی و ئابوریدا نیشان دەدەن ، لەوانە چۆنیەتی هەڵوێست بەرامبەر بە دەوڵەتی بورژوازی، چۆنیەتی بەشداری لە پەرلەماندا، شێوازی ڕیکخستنی جەماوەری کرێکاران، مانگرتنی گشتی و شۆڕش وشەڕی جیهانی و هتد..

ریڤیژینزمیش سەرەتا لەلایەن برنشتاینەوە وەک سەیرکردنەوە و چاوخشانەوە بە بنەماکانی بیروباوەڕی مارکسدا هاتە کایەوە سەبارەت بە گەشە و ئەزمەی سەرمایە و دواتر باسی گرنگی دەستکەوتی کاتی و ریفۆرم گرنگترە لە ئامانجی گۆڕینی سیستەم ” بزوتنەوە هەموو شتێکەوە ئامانج هیچ”، بەڵام دواتر بوە چوارچیوەیەکی سیاسی و عەمەلی بۆ ئامانجی ریفۆرم و بونە بەشێک لە خودی سیستەمی زاڵی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتەکەی و وەرگرتنی ئیمتیازاتێک بۆ توێژی کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەندیکایی کرێکاران. هەر ئەم بەرژەوەندیە مادی و بەرتەسکیە فکریانە بوون کە ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریدا زاڵ کرد. ئەم “گروپە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکی جیاوازیان دەکرد گەشەی سەرمایەداریان بە گەشەی سۆشیالیزم دەزانی”.*١٦

لەکاتی ئەزمەی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریەکاندا ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستی و ئۆپۆرتۆنیستیەی نێو سۆشیال دیموکراتی تەواو ڕەنگی ئەم ریڤیژینزمەی لێ نیشت و ئامانجی کاتی مانەوە لە پەرلەماندا و مانەوە لە قاڵبی دامەزراوە ڕەسمیەکانی دەوڵەتدا کرایە ئامانجی پیرۆزی”دیموکراسی”. ئیتر کاوتسکی وەک برنشتاین قسەکەری ڕەسمی ئەم “دیموکراسی بورژوازی”ە بوو. ئەمە تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاری بوو لەبەردەم بتی دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداریدا. شکست بوو بەهۆی دیموکراسی هەڵخەڵەتێنەرانەی بورژوازیەوە.

بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ئەزمەکانی سەرمایەدا شاهیدی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاران بوین. هەربۆیە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا پێویستی دەرک وستراتیژی تازەی هێنایە ئاراوە بۆ چۆنیەتی تێپەڕین لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و دروستکردنی بەدیلی ئەنتەرناسیونالی دوەمی سۆشیال دیموکراتی.

ئەم دۆخە نوێیەی خەباتی چینایەتی ئاڵوگۆڕ لە سۆشیال دیموکراتیی جیهانیدا دروست دەکا وژێرپێی تیوریەکانی ریڤیژنیزم سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و پیرۆزی دەوڵەتی بورژوازی ودیموکراسیە پەرلەمانیەکەی بۆش دەکا . وەک پێشتر ڕۆزا هەستی پێکرد کە سۆشیال دیموکراتی ناتوانێ لە قاڵبی تاکتیک و ستراتیژی جارانیدا بمێنێتەوە و بەتایبەت  لەژێر کاریگەری دۆخی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیادا شیوازێکی نوێی شورایی و مانگرتنی جەماوەری کە جیاوازە لە خەباتی پەرلەمانی دەردەکەوێ. ئەمە جارێکی تر ئەو حوکمە بنەڕەتیەی لە سەرەتای ئەم نوسراوەدا ئاماژەمان پێدا دەسەلمێنێتەوە کە خەباتی چینایەتی بە کێشە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتیەوە قەتیس نابێتەوە و لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی و بنبەستی سیستەمی سیاسی بورژوازی و پەرلەمانتاریزم و لیبرالیزمەکەی، جارێکی تر چینی کرێکار پێویست بوو وەڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی بە دەوڵەتی بورژوازی بداتەوە و سیستەمی سیاسیی ئەلتەرناتیڤی خۆی نیشان بداتەوە.

لێرەدا دەگەینە قۆناغێکی جیاواز و نوێ لە خەباتی چیانیەتیدا کە دیسانەوە چینی کرێکار لەڕیگەی شۆڕشەوە بەم وەڵامە ڕادیکاڵەی خۆی بە سیستەمی سەرمایەداری ئاشنامان دەکا. هەربۆیە لەبەشی داهاتوودا نمونەی شۆڕشەکانی ڕوسیا شرۆڤە دەکەین و دواتر دەچینە سەر لێکدانەوەی ئاکامەکانی شۆڕش و خەباتی چینایەتی لە دەورەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا.

سەرچاوەکان:

*١ دوالیزمی شۆڕش و ڕیفۆرم

https://asokamal.com/index/?p=1750

*٢ ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتە، مارکس، ل٢٣٣،مختارات مارکس و انجلز،جلد٢،دارالتقدم

*٣هەمان سەرچاوە،ل٢٣٢

*٤ هەمان سەرچاوە بە ئینگلیزی

https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1875/gotha/ch03.htm

*٥نامەی ئینگلس بۆ بیکەر https://www.marxists.org/archive/marx/works/1880/letters/80_04_01.htm

*٦ لینین، مارکسیزم و ریڤیژینیزم، ل ٤٢١،،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.بەعەرەبی.

*٧ ئینگلس ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm

 *٨ ڕۆزا لوکسبورگ، سۆشیال دیموکراتی و پەرلەمانتاریزم https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/06/05.htm

*٩ ئینگلس،ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفورتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵماندا لە ١٨٩١

https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm

*١٠ مارکسیزم و ڕەوتی ڕیڤیژینیزم،ل ٤٢٤،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.

*١١ پانیکوک The Tactical Differences in the Labour Movement (Die taktischen Differenzen in der Arbeiterbewegung, Hamburg, Erdmann Dubber, 1909), Anton Pannekoek

https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1910/dec/16.htm

*١٢مارکس ،کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانMinutes of Central Committee Meeting, 15 September 1850, in Karl Marx, The Revolutions of 1848 (Harmondsworth, 1978), p 341.

*١٣ لینین ، ناکۆکیەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکارانی ئەوروپا، ل ٥١٧،المختارات ، جلد٣،دارالتقدم.

*١٤ هۆبسباوم ،نفوزی مارکسیزم لە ١٨٨٠ تا ١٩١٤، چۆن جیهان دەگۆڕین ل ٢١٦، بەزمانی ئینگلیزی.

*١٥ ل ٢١٦ هەمان سەرچاوە

*١٦ ل ٢١٥ هەمان سەرچاوە

٧

ئایا بەلشەفیزم پێمان دەڵێ “دەبێ چی بکرێ” ؟

ێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم چ پەیوەندیەکی بە کۆمۆنیزمی ڕوسیەوە هەیە؟ چ مۆدێلێک لە بەلشەفیزم و سۆڤیەتەوە ڕەواجی پەیداکردوە و بوەتە بەرنامەی حزبە کۆمۆنیستیەکان لەسەدەی بیستدا ؟ئایا تائێستاش دەکرێ لەهەمان تەجروبەوە بزانین “دەبێ چی بکرێ”؟ ئایا کرێکاران دەبێ پەیڕەولە چ مۆدیلێکی ئابوری و تەجروبەی سیاسی نوێ بکەن لەسەدەی ٢١دا؟

 لەبەشەکانی پێشودا باسی چۆنیەتی گۆڕانی سۆشیال دیموکراتیمان کرد لە حزبی چینی کرێکارەوە کە دەیوست سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێ بۆ مۆدێلێک لە حزب کە دەیویست لە چوارچیوەی سەرمایەداریدا سۆشیالیزمی دەولەتی دروست بکا و خۆشی ببوە بەشێک لە دامودەزگای دەولەتی بورژوازی و سنوری دیموکراسی پەرلەمانی بورژوازی تێنەپەڕاند.

لەم بەشەدا باسی ڕەوتێکی تر دەکەین کە بەلشەفیزمە. ئەم ڕەوتە کرێکاریە لەنێو شۆڕشەکانی ڕوسیادا و لەژێرکاریگەری مێژووی نیوسەدە لەخەباتی چینی کرێکاری ئەوروپای ڕۆژئاوا و کۆمۆنیزمەکەیدا شکڵی گرت. لەبنبەستی مانەوەی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا لە چوارچێوەی دیموکراسی بورژوازی و کەوتنە دوای بورژوازی خۆماڵی ، بەلشەفیزم وەک بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران دەرکەوت کە تێپەڕینی لە سەرمایەداری کردە مەسەلەیەکی پراتیکی و بوە ڕەوتی درێژەدەری شۆڕشی کریکاران دژ بە سەرتاپای سیستەم و دامودەزگای بورژوازی لە سەرەتای سەدەی بیستدا. لەم پراتیکە شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی ڕوسیادا ئێمە ئاشنادەبین بە جۆرێکی تر لە حزب و گەیشتن بە ئاستێکی باڵا لە خەباتی چیانیەتی کە دروستکردنی دەوڵەتی کرێکاری و شۆڕشی سۆشیالیستیە. ئەو پێویستیانەی مارکس و ئەنگلس لەسەدەی نۆزدەدا باسیان دەکرد و کاریان بۆ دەکرد کە چینی کرێکار بتوانێ ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی خۆی لە شۆڕشی دیموکراتی بورژوازیدا بپارێزێ و هەنگاوبنێ بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی دژی سەرمایەداری و دەوڵەتەکەی، لە پراتیکی لینین و حزبی بەلشەفیدا بۆ یەکەم جار بونە ڕاستیەکی مێژوویی.

ڕۆزا لوکسبورگ دەڵێ”لۆژیکی پرۆسەی مێژوویی پێش لە لۆژیکی زاتی ئینسانەکانەوە دێت کە بەشداری لە پرۆسە میژوویەکەدا دەکەن.”* ١ کەواتە دەبێ لۆژیکی زاتی و پراتیکی بەلشەفیەکان لە لۆژیکی پرۆسەیەکی مێژوویدا سەیربکەین تا تێبگەین کە ئەم پرۆسە میژوویەی ناوی کۆمۆنیزم بوە لە ڕاستیدا چی بوو؟ وە بۆچی ئەم پرۆسەیە بەرەو سەرمایەداری دەگەڕێتەوە؟ ئەو گۆڕانکاریانەی لە بەلشەفیزم و شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەردا ڕویدا چی بوو؟ دەوڵەتی سۆڤیەت و سیستەمی سیاسی و ئابوریەکەی چ شتێک بوە لە ڕاستیدا؟

هەربۆیە دەبێ دیسانەوە بۆ هەمان تێگەیشتنی ماتریالسیتی مێژووی بەلشەفیزم و شۆڕشی ڕوسیا بگەڕێنینەوە و هەمان میتۆدی دیالەکتیکی بەکاربینین لە لیکدانەوەی ئەو ناکۆکیانەی کە بەلشەفیزم و شۆڕشی ئۆکتۆبەر تێی کەوت . ناکۆکی نێوان لۆژیکی پرۆسەی میژوویی ڕزگاربون لەدەست سەرمایەداری و لۆژیکی زاتی توخمە کۆمۆنیستیەکەی بەشدار لەو پرۆسەیەدا بناسین. ئەم ڕێبازە تەنیا دەتوانێ ڕاستیەکی زانستیمان پێ ببەخشێ، تا لە میتافیزیکی پیرۆزکردنی لینین و بەلشەفیزم و ئۆکتۆبەر ڕزگارمان بکا ، کە بوەتە خویەکی زیانبەخش و ناتەندروست کە فکر و پراتیکی کۆمۆنیستی کردۆتە توخمێکی بەبەرد بوو کە توانای تێگەیشتن و گۆڕینی دنیای سەرمایەداری سەدەی بیست ویەکەمی نیە.

ئەم تەجروبەیەی سۆڤیەت دەوڵەمەندترین و گەشەکردوترین ئاستی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە کە تا ئیستا چینی کرێکار پێی گەیشتوە لەڕوی تیوری حزب و دەوڵەت و شۆڕشەوە. هەربۆیە لەم بەشەدا بەناچار لێکدانەوەی حزب و دەوڵەت تێکەڵاودەبن لەبەرئەوەی ئەمانە دوو ئاستی یەک دیاردەی ئاڵۆزتر و پێکەوەگرێدراوترن، دیاردەی خەباتی چینایەتی. لێرەدایە کە حزب مانای ڕاستەقینەی خۆی، وەک دەوڵەتی ئایندە، وەردەگرێ. هەروەها لەم تەجروبەدایە کە خەباتی چینایەتی تا ئاستی باڵا و ئاڵۆزی خۆی دەچێ ، واتە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژی سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری.

کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دەبێ بزانن کە هەرچی بورژوازی لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، بۆ ماوەی سەدەیەک و تا ئێستاش، دژی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەلشەفیزم دەیکا ناتوانێ ئەو ئاستە لە باوەڕبەخۆبونی چینایەتی و ئەو ئاستە لە گەشەکردنی زانستی سیاسی چینی کرێکار کەم بکاتەوە، کە بەهۆی تەجروبەی هەژمونی پەیداکردنی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی حزبی سیاسی کرێکاران لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دامودەزگای دەسەلاتدارێتی بورژوازی لە روسیادا، چینی ئێمە فێری بوە. بەڵام دەبێ ئەم هەنگاوانە بە شیوەیەکی زانستی بناسین و بزانین کە چ شتێک ڕیگربوە کە ئەم هەوڵ و تەجروبەیە تا ئاستی گۆڕینی سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری هەنگاو نەنێ ؟ هەر تەقدیسکردنێکی میتافیزیکانەی بەلشەفیزم و ئۆکتۆبەر خۆی بەمانای تێنەگەیشتنە لە جەوهەری ئەم تەجروبەیە و نەبونی ئاسۆ و بەدیلێکی ڕۆشن بۆ شۆڕشی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەمڕۆدا. ئێمە لەم تەجروبەیەی شۆڕشی ڕوسیادا لەگەڵ کۆمەڵیک دیاردەی گشتگیر و بەرفراوان بەرەو ڕووین کە زانستی ناسینی چینی کرێکار و خەباتی ئەم چینە بۆ ڕزگاری نیشان دەدەن، لەوانە؛حزبی کرێکاری ، بزوتنەوەی جەماوەری و شوراکان، ، شۆڕشی بورژوازی و دەوری کرێکاران ، خەباتی ئەنتەرناسیونالی و شەڕی جیهانی سەرمایەداران، دەوڵەتی کرێکاری و دەسەڵاتی تاک حزبی و پەرلەمان، سەندیکای کریکاران و کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان، دەوڵەتی کردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و سەرمایە و بانکەکان، بەرنامەی گەشەپێدانی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی و هتد..بەکورتی ئێمە لەبەردەم بەدیلی سەرتاپاگیری سیاسی و ئابوری و ئیداری سەرمایەداریداین. هەربۆیە تەقدیسکردن یا ڕەتکردنەوەی ئایدیۆلۆژی ئەم دیاردە و سیاسەت و بەدیلانە ناتوانن هیچ دەستکەوتێکی نوێ بخەنە سەر ئەم ئاستە باڵایە لە زانستی سیاسەت لای چینی کرێکار و هەر هەنگاوێک بۆ سەرخستنی خەباتێک کە چینی کرێکار دژی سەرمایەداری دەیکا ئەمڕۆ پێویستی بە زانستێکی سیاسی و ئابوریە کە ئیڤلۆشن و گەشەپیدان لەم پرۆسەیەدا دروست بکا. زانستێک کە پێمان بڵێ شکستەکانی ئۆکتۆبەر لە چیدابوە ودەرسەکان و وەسیلەکانی سەرکەوتنی ئێستا چیە؟

ئێمە لە بەشەکانی پێشودا*2 باسی تەجروبە و مێژووی سۆشیال دیموکراتی و ئەنتەرناسیونالی دوەممان کرد و مەسەلەکانی پەیوەست بە حزب و دەوڵەت و خەباتی چیانەیتیمان لەو مێژووەی دوای کۆمۆنەوە تا شەڕی جیهانی یەکەم باسکرد.لێرەدا لەسەر مێژوو و تەجروبەی بەلشەفیزم و شۆڕشی ئۆکتۆبەر قسەدەکەین و خاڵە سەرەکیەکانی هۆکاری سەرکەوتن و شکستی ئەم تەجروبەیە لە پرۆسەیەکی مێژوویی دیاریکراوی ڕوسیا و هەلومەرجی جیهانیدا لیکدەدەینەوە تاکو لە کۆتاییدا دەرسەکانی ئێستای لێ هەڵهێنجین سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و شۆڕش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا.لێرەدا دەمانەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا میراتگری شۆڕشگێڕی بەلشەفیزم و مۆدیلی حزب و دەوڵەتی سۆڤیەتی لای چینی کرێکاری سەدەی ٢١ چی دروست دەکا؟ ئایا دەکرێ حزبی بەلشەفی و سیاسەتەکانی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا قبوڵ بکرێن بەڵام ئامانج و ئاکامی دەسەلاتدارێتی و مۆدیلی دەوڵەت و ئابوری سۆڤیەت ڕەت بکرێتەوە یان بەلاڕیداچونی سیاسی وناڕۆشنی ئابوری یاخود بە خیانەتی ستالینی بزانین؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ لە پیشدا ئەو مێژووە و لۆژیکی پرۆسەی مێژوییەکە سەیربکەین تا بتوانین حوکم بدەین لەسەر لۆژیکی زاتی بەلشەفی و لینین لەو مێژووەدا!

سەرچاوەکان:

*1 Rosa Luxemburg: Organizational Questions of the Russian Social Democracy

https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm

https://asokamal.com/index/?p=1763*2

٨

بەلشەڤیزم چ شتێکی گۆڕی؟

گرامشی لە وتاری “کێشەکانی مارکسیزم”دادەڵێ” لینین بەرپرسە لە گرنگی فەلسەفی ئایدیا و فاکتی هەژمونی”*١دا . کە ئەم ” گەشەی سیاسی فکرەی هەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسیشە”*٢. واتە دەرک کردن بەوەی کە “پرۆلیتاریا دەبێ خەبات بکا تا ببێتە چینی دەسەلاتدار لە پۆتانشێل و هێزی ناوەوەیدا”.”خەبات بۆ هەژمونی دەبێ پێش گەیشتن بەدەسەڵات بێت،وەلەکاتی ئەودا، و لەدوای دەسەڵاتیشدا بێت.”*٣  ئەمە ناوەرۆکی ئەو گۆڕانکاریەیە کە لینین و بەلشەفیزم بەسەر کۆمۆنیزمی سەردەمی خۆیاندا، کۆمۆنیزمی سەدەی بیستدا، هێنایان.

سۆشیال دیموکراتی لە ئەوروپادا تا ئەوکات لە پرۆسەی گۆڕان لە یۆتۆپیاوە بەرەو زانست ،وە لە بزوتنەوەی ئاڵوگۆڕی شێنەییدا بەرەو حزبی پانوبەرینی جەماوەری خاوەن کورسی لە پەرلەمانی بورژوازیدا گەشەی دەکرد. بەڵام شۆڕشی دیموکراتی لە ڕوسیادا دژ بەدەسەلاتی ڕەهای قەیسەری زەمینەیەکی نوێی دروستکرد کە چینی کرێکار کۆمۆنیزم وەک ڕیگاچارەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕزگاربون لە قەیسەریەتی ئۆرکستۆکراتی فیودالی تاقی بکاتەوە. ئەمە تایبەتمەندی ڕوسیا بوو کە لەسەرەتای سەدەی بیستدا هاوشێوەی شۆڕشە دیموکراتیە بورژواییەکانی ناوەڕاستی سەدەی ١٩ی ئەوروپا ، ئەم وڵاتە ببوە مەڵبەندی شۆڕش.

ئەوەی لینین و بەلشەفی لە مەنشەفی و سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی جیادەکردەوە ئەم خاڵە بوو، کە مارکس و ئەنگلس لە سەردەمی مانیفیستەوە تا کۆتایی سەدەی ١٩ هەوڵیان بۆ دەدا، بەوەی کە چینی کرێکار لە شۆڕشی بورژوازیدا نابێ ببێتە پاشکۆی حزب و ڕەوتە بورژوازیەکان ، بەڵکو دەبێ ڕیزی سەربەخۆی خۆی جیابکاتەوە لەو شۆڕشەدا و بەشوێن بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە بێ و ئامانجی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری بێ.

ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە لەناو چینی کرێکاردا بەرهەمی ئەو زەمینە شۆڕشگێڕانە بوو کە لە ڕوسیادا هەبوو کە دەیوسیت پەیوەندیە دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتە دیکتاتۆریە سەرەڕۆیە قەیسەریەکەی بگۆڕێ بە پەیوەندی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پەرلەمانی و فەراهەم بونی ئازادی سیاسی. بەپێی کاریگەری شۆڕشە کرێکاریەکانی ئەوروپا و بونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی سۆشیال دیموکراتی کە لە ئەنتەرناسیونالی دوەمدا خۆی نیشان دەدا و لە ڕوسیاشدا کاریگەری گەورەی هەبوو،وە هەروەها بونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جوتیاری، ئەمانە هەموویان ئاستی چاوەڕوانی و گەشەی سیاسی کرێکارانی ڕوسیای لە شۆڕشی ١٩٠٥ ەوە بردە سەر . بەتایبەت کە بورژوازی ڕوسیا دوای شۆڕش ببوە هاوپەیمانی قەیسەر و کرێکاران پێویست بوو خۆیان ببنە ڕابەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی قەیسەر و کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی و ئۆرۆستۆکراسی زەمینداران و بەدەستهێنانی ئازادیە سیاسیەکان.

ئەم ئامانجانە شتێکیان سەبارەت بە سۆشیالیزم و گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری تێدانەبوو، هەرچەند لە بەرنامەی سۆشیال دیموکراتیدا سۆشیالیزم ئامانج و خواستی کۆتایی بوو. تەنانەت تاکو نیسانی ١٩١٧ش لینین دەڵێ ” ئه‌ركی ده‌ستبه‌جێی ئێمه‌ نییه كه‌ سۆشیالیزم ’’پێشکەش بکەین‘‘ “*٤.بەڵام هەڵوێست و تاکتیک سەبارەت بە خودی شۆڕش خۆی لەڕوسیادا ببوە تەوەری ناکۆکی ناو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیال دیموکراتی. ئەمە لە کتێبی دوو تاکتیکی سۆشیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیک”*٥ی لینیندا دەبینین. ئەوەی لێرەدا مەسەلەی سەرەکیە دەوری چینی کرێکارە لە شۆڕش ودەسەڵات و دەوڵەتدا. گرامشی دەڵێ “کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن چینی کرێکار و ژێردەستەکان بتوانن هەژمونی پەیدابکەن،باوەڕیان بەوە هەبێ کەتوانایان هەیە وەک چینی دەسەلاتدار وئەم ئیعتبارەیان لای چینەکانی تر هەبێ.” *٦ .لای لینین ئەمە مەسەلەی سەرەکیە لە شۆڕشەکانی ڕوسیادا، جا لە شکڵی “دیکتاتۆریەتی دیموکراتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران”دا بێت وەک لە ١٩٠٥ یان لە”هەموو دەسەلاتێک بۆ شوراکان”ی نیسانی ١٩١٧ بێت یاخود لە “دیکتاتۆریەتی پرۆلیاتاریا”ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا.

دەوری خەباتی جەماوەری لە شۆڕشی ڕوسیادا کاریگەری خۆشی لەسەر سۆشیال دیموکراتی جیهانی دانا بە ئاراستەی ڕادیکال کردنەوەی ئەم بزوتنەوەیە و سەرهەڵدانی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران لە شۆڕشی ١٩٠٥ و دواتر گەشەکردنی ئەم شورایانە لە ١٩١٧،دەرگای بەڕووی دەرچون لە ئەزمەی بنبەستی پەرلەمانتاریزمدا کردەوە. ئەم شێوازە لە ڕیکخراوی چینایەتی دەورێکی گەورەی گێڕا لەسەر سەرخستنی دەوری بەلشەفیەکان بە ئاراستەی گەشەدان بەو ڕەوتە ڕادیکاڵەی داوای دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی کریکارانی دەکرد و دروشمی ” هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان”ی کردە بەدیلی حکومەت و پەرلەمانی بورژوازی.

لە ئەزمەی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی ڕوسیە و بنبەستی سۆشیال دیموکراتی مەنشەفیکی و سۆشیال شۆڕشگێڕەکاندا بەمانەوە لە پەراوێزی حکومەتی کرنسکیدا ، کە دریژەی بەهەمان سیاسەتی شەڕی ئیمپریالیستی و دەسەلاتدارێتی خاوەن زەویە گەورەکان و سەرمایەداران دەدا، بەلشەفیەکان لە ڕیگەی شوراکانی کرێکاران و سەربازان و جوتیارانەوە توانیان پەیوەندیەکی ئۆرگانی لەنێوان حزبی شۆڕشگێڕ و جەماوەری بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکە دروست بکەن. ئەم پەیوەست بونەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرە لە شوراکاندا و لەناڕەزایەتیەکاندا و خستنەڕووی ئاسۆیەک بۆ بەسەرئەنجام گەیاندنی خواستە شۆڕشگێڕیەکانی وەک مەسەلەی ئاشتی و زەوی بۆ جوتیاران و دەوری سەندیکاکرێکاریەکان لە کارگەکاندا، توانی خواستی گشتی سۆشیالیزم بکاتە بەدیل و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بەدەوردا کۆبکاتەوە. بەلشەفیەکان بەم کارەیان ئەوەیان لەخۆ نیشاندا کە تەنیا دەسەڵاتی ئەوان دەتوانێ درێژە بەو دۆخە شۆڕشگێڕانە بدا کە کرێکاران و جوتیاران و سەربازان بگەن بە خواستەکانی خۆیان .ئەم کارەی بەلشەفیەکان درێژەی ئەو ترادسێونە کرێکاریە بوو کە لە شۆڕشی فەرەنسا ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکانی پاریس هەڵگری بوون ، ئەویش تێگەیشتن و وشیاریە سەبارەت بە خەباتی چینایەتی و ئامانجەکەی کە گرتنە دەستی دەسەڵات و سەرکوتی بەرهەڵستکاری بورژوازیە.

بەلشەفیەکان دەرسیان لە شکستی ژاکۆبینەکان و کۆمۆنارەکان وەرگرتبوو و بەم پێیە لە پرۆسەی دوو دەیەدا حزبێکی سیاسی و جەماوەری کرێکاریان دروست کردبوو. ئەمە خاڵی سەرکەوتنی بەلشەفیەکان بوو لە مانەوە لەدەسەڵاتدا و شکست پیدانی سوپای سپی و هێزە بورژوازیە ڕوسی و جیهانیەکان بوو.

ئەم حزبە لە جەرگەی سێ شۆڕشدا دروست بوو ،کە چینی کرێکار تیایاندا چالاک بوە. وە کاتێ دەوڵەتی کاتی بورژوازی بوە ڕیگر لەبەردەم گەیشتنی کرێکاران و جوتیاران بە خواستەکانیان و دۆخەکە پیویستی بە حزبی کرێکاران هەبوو تاکو توانای شۆڕشگێڕانەی شوراکان بکاتە دەسەڵاتێک بەرامبەر بە بورژوازی ، بەلشەفیەکان بەوەڵامدانەوە بەم دۆخە بونە بەدیلی دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئەم پەیوەندیەی بەلشەفیەکان بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران لەم سێ شۆڕشەدا و ئاراستەکردنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانە بەدژی حزبە بورژوازیەکان و حکومەتەکەیان حزبی بەلشەفی کردە شەخسیەت وکاراکتەری دەوڵەتی ئایندەی بەلشەفیەکان. بەپێچەوانەی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی و مەنشەفیەکانەوە، بەلشەفیەکان نەبونە پاشکۆی حکومەتە بورژوازیەکان لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەم و لە دوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧دا بەڵکو لەڕیزی ئۆپۆزسیۆنی ئەم حکومەتانە و لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشی کرێکاران و جوتیاراندا بوون و دژ بە سیاسەتە ئیمپریالیستی و شۆڤینیستی و سەرکوتگەریەکانیان دەوەستانەوە. ئەمە بوە هۆی ئەوەی بەلشەفیەکان لە جەماوەری کرێکاران و ڕەوتی شۆڕش دانەبڕێن. ئەو پێداگریەی ئەم حزبە لەسەر “سەربەخۆیی کریکاران و گرنگی پەیداکردنی هەژمونیان بەسەر کۆمەڵگەدا نیشانەی فۆرمێکی نوێی دەوڵەت بوو”*٧ کە بەلشەفیەکان لە خۆیان نیشاندا.

بەڵام ئایا هەر حزبێک بەوەی پێکهاتەکەی کرێکاری بێ و بەرنامەکەی بانگەشەی سۆشیالیستیە دەتوانێ کۆمەڵگەی سەرمایەداری بگۆڕێ بە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی و کۆتایی بەدەسەڵاتی چینایەتی بهێنێ؟ لە لیکۆڵینەوەماندا لەسەر تەجروبەی سۆڤیەت و بەلشەفی بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە کە بۆچی حزبی بەلشەفی سەرەڕای ئەوەی کرێکاری بوو ، وە سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندیانە و پێشڕەویانەی سەرەوە باسمان کرد بۆ هێشتا نەیتوانی شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەرکەوتن بگەیەنێ؟ بێگومان دەبێ لەو خالانەی سەرەوە و پراتیکی دەوڵەتی بەلشەفیەکان بکۆڵینەوە بزانین ئەو هۆکارە شاراوە چین لە پشتی شکستی ئەم حزبە شۆڕشگێڕەوە بوە لەکاتێکدا گەیشتۆتە دەسەڵات؟

سەرچاوەکان:

*١ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم، ل٣٨١، بەزمانی ئینگلیزی

*٢ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، دراسەی فەلسەفی ،ل ٣٣٣، بەزمانی ئینگلیزی

٣* هۆبسباوم، چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٥، بەزمانی ئینگلیزی

*٤لینین، تێزەکانی نیسان ، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1917/apr/04.htm

* ٥ لینین، دوتاکتیک، https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1905/tactics/index.htm

*٦ هۆبسباوم، چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، ل ٣٢٤، بەزمانی ئینگلیزی

*٧  گرامشی، دەفتەرەکانی زیندان، کێشەکانی مارکسیزم،ل٣٨٨، بەزمانی ئینگلیزی

٩

مافی شۆڕشکردن

 

مافی شۆڕشکردن وشیاری چینێکە بەوەی کە سیستەمی زاڵی ئابوری و سیاسی ئێستا ناڕەوایە. ئەم شۆڕش و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانەی دنیای ئەمڕۆی سەدەی ٢١ی گرتۆتەوە لە فەرەنسا و ئیسپانیا، بەرازیل و چیلی، جەزائیر و سودان ، لوبنان و عیراق و زۆر شوێنی تری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکا، نیشانەیەکن لە وشیاری چینایەتی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان بەوەی ئەم سیستەمە نیولیبرالی و سەرمایەداریەی ئێستا ناڕەوایە و دەبێ شۆڕشی لەدژ بکرێ.

شۆڕش بە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک و چەند جارێک چونە سەر شەقام دەست پێ دەکا بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنە کە تیایدا هێزە شۆڕشگێڕەکان هەژمونی فکری و پراتیکی سیاسی خۆیان نمایش دەکەن. شۆڕش ئەوکاتە دەست پێدەکا کە چینی کرێکار  و چەوساوە بەو ڕاستیە دەگا کە مافی شۆڕشکردن مافێکی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگرە. بەڵام پەیداکردنی هەژمونی و دەسەڵاتی شۆڕشی کرێکاری لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەم چینە خۆیان بەساحێبی کۆمەڵگە دەزانن نەک سەرمایەداران و بورژوازی و حکومەتەکەی بەڕێگری بەردەم ژیان و گوزەرانی شایستەی ئینسانی دەزانن. هەربۆیە سەرەتا بە داوای لابردنی سەرۆکێک و حوکەمەتێک  و چەند داواکاریەکی چاکسازی دەست پێ دەکا و لەم ڕیگەیەوە ئەم چینە دەیەوێ مافی شۆڕشکردنی بەسەر بورژوازی و یاسا و دامودەزگاکانیدا بسەپێنێ.

لە ئێستادا تارمایی شۆڕش بەسەر جیهانی سەرمایەدا جارێکی تر لەهاتوچۆدایە . ئەم هەموو ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە گەورە و ملێونی و سەراسەریانە نیشانی دەدا کە بەشێوەیەکی خۆبەخۆیی مافی شۆڕشکردن بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا بوەتە وشیاریەکی گشتی و لێرەشەوە بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکانی چینی کرێکار هەنگاو بۆ سەپاندنی هەژمونی شۆڕش بەسەر چینی دەسەڵاتداردا دەدا. دوای شکستی بەهاری عەرەبی هەستانەوەی بزوتنەوەی داگیرکردنی گۆڕەپانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەریهەڵدا و دوای چەند ساڵی تر  شەپۆلی شۆڕش لە پاریسەوە بۆ چیلی و بۆ ئێران و سودان و جەزائیر و عێراق و لوبنان گەڕایەوە. ئەمە نیشانی دەدا کە ئەم چینە جیهانیە ئەمڕۆ مافی شۆڕشکردنی خۆی وەک مافێکی سروشتی خۆی سەیردەکا. لە یەکەم هەنگاودا جارێکی تر خەریکە مافی شۆڕش کردن بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا دەسەپێنین. بورژوازیش لە سەدەی ١٧ەوە کاری کرد بۆ ئەوەی مافی شۆڕشکردن بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا بکاتە مافێکی دەستوری تا لە ڕیگەی شۆڕشەکانی بەریتانیا وفەرەنساوە ئەم مافەی سەپاند.

چینی ئێمەش لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە کە لە شۆڕشی دیموکراتی بورژواکاندا بەسەر پاشماوەکانی دەرەبەگایەتیدا بەشداریکرد هەوڵی داوە ئەم مافی شۆڕشکردنە بکاتە مافێکی یاسایی و دەستوری . کرێکاران زۆر زوو فێربوون کە شۆڕش تەنیا بەسەر ڕابردوودا یەکسانی و مافی کرێکاران بەدەست ناهێنێ ، بەڵکو شۆڕشێکی بەردەوام و ڕادیکاڵ دژی سیستەمی نوێی سەرمایەداریش پێویستە تا بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بگەین . لێرەوە مافی شۆڕش کردن بوە تەوەرەیەکی بنەڕەتی لە فکری کۆمۆنیزم و کرێکاراندا. لە پرۆسەیەکدا ئەم چینە مافی شۆڕشکردنی لە ڕای گشتیدا جێگیرکرد و شۆڕش بوە فکرەیەکی خاوەن هەژمونی لە کۆمەڵگەدا. ئەم پرۆسەیە لەکۆمۆنەی پاریس ١٨٧١ دا بەشیوەی غەریزی و خۆبەخۆیی دەستی پێکرد.  کرێکارانی پاریس  مافی شۆڕشکردنیان بەسەر دەسەڵاتی بورژوازی فەرەنسیدا و دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاریان بەڕەوا لەقەڵەمدا. دواتر حزبی بەلشەفی لە ساڵی ١٩١٧ لەڕێگای ڕاپەڕینێکی چەکدارانەوە لە ئۆکتۆبەردا ڕەوایەتیدا بە مافی شۆڕشکردنی بەسەر دەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری کرنسکیدا و حکومەتی حزبێکی کرێکاری خستە جێگای حکومەتی سەرمایەداران. بەمەش مافی شۆڕشکردنی کرێکاران لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەی ئینسانیدا جێگیربوو .

لەسەرەتادا کاردانەوەی هەموو حکومەتە بورژوازیەکان هەوڵدانە بۆ سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران بەڵام ئەمەش سنوری هەیە. کاتێک دەزانن سەرکوت داد نادات ،لە کۆتاییدا ناچارن سازشێک بکەن لەگەڵ ناڕەزایەتیەکاندا تا کارنەگاتە شۆڕش.هەموو ڕیگایەکی بەڵێندان و فریودانی شۆڕشگێڕان ودواتریش  لۆمەی سەرکوتگەری خۆیان دەگرنەبەر تا ڕێگەیەک پەیدابکەنەوە بۆ قەناعەت پێ هێنانەوەی جەماوەر بە دوبارە شەرعیەت وەرگرتنەوەی دامودەزگای پەرلەمان و پۆلیس و سوپا و دادگا و ئیدارەکانیان. بەڵام کاتێک کە کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو دەزانن هیچ ڕیگەچارە و ریفۆرمێک کێشەی هەژاری و بێکاری و بێ مافی ئەوان چارەسەر ناکا، ئەوکات ئەوە مافی خۆیان دەزانن کە شۆڕش بەسەر هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی سەرمایەداریدا بکەن و شۆڕش بەسەر هەموو حزب و پەرلەمان و حکومەت و پۆلیس و ئیدارەی بورژوازیدا دەبێتە تەنیا ڕێگەچارە.

 لەم کاتەدا هەموو هەوڵی فەیلەسوف و سیاسی وڕۆشنبیرەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەتی مافی شۆڕشکردنی چینی کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکانە. بەتایبەت نیولیبرالیزم هەرچی بنەماکانی شۆڕشگێڕێتی و ئایدیای ئینسانی کۆلیکتیڤە گۆڕی بە تاکگەرایی و بەنگەشەی پوچی ئایدیا و ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێڕانە و یەکسانی خوازی و کۆمۆنیستی کرد تا بتوانێ سەرمایەداری لەدەست شۆڕشی کرێکاران ڕزگاربکا.

بەڵام ئەم هەوڵانە ناتوانێ ناکۆکی و کێشەکانی ناو سیستەمی سەرمایەداری بۆ هەمیشە داپۆشێ و کپ بکاتەوە. هەربۆیە دەبینین ئەم نیولیبرالیزمە و تەواوی مانگەکانی تری دەوری ئەم هەسارەی نیولیبرالیزمەی بورژوازی، لە حکومەتەکانی لە ئەمریکا و بانکی جیهانیەکەیەوە بگرە تا عێراق و پرۆژەکانی خسوسیکردنەوەی سەرمایە، ئێستا لە سایەی ناکۆکیەکانی دنیای سەرمایەدا ئیعتباری خۆی لای جەماوەری کرێکار و چەوساوە لەدەستداوە. لەدنیایەکدا کە چڕبونەوەی سەرمایە لە ١٠ ساڵی تردا واتە لە ٢٠٣٠ بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەری لێ دێت کە ٢/٣ هەموو داهاتی کۆمەڵگەی ئینسانی لەدەستی لە ٪١ ی چینی سەرمایەداردا کۆدەبێتەوە و ڕێژەی هەژاری وبێکاری و جیاوازی چینایەتی دەگاتە ئەوپەڕ و سەرمایەداران لەسەر ترلێۆنەها دۆلاری کەڵەکەبوو دادەنیشن. ئەم هێزی کارە خوێندەوار و ئەو هەموو ئامڕازەی بەرهەمهێنان کە دەتوانن بەهەشت لەسەر زەوی دروست بکەن بەڵام لەلایەن سەرمایەوە بێکاردەکرێ و پەراوێزدەخرێ. هەربۆیە ئەم چینە چیترناتوانێ ئەم سیستەمە قبوڵ بکا. ئەم توڕەوییەی خەڵک دەبێ بەرەو شوێنێک بچێ. هەردوو سیناریۆی چەپ و ڕاست لێرەدا مومکینە. سیناریۆی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی کۆمەڵگە و توڕەیی و ناڕەزایەتی بەلای پۆپۆلیزمی قەومی و دینی و فاشستیدا ،وەیان وەرچەرخان بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا. کاری چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار ئەوەیە کە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بەرەو ڕادیکالیزمی چەپ و سۆشیالیستی بەرن. بەڵام چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم کارە بکەن پێویستە لە مێژووی کەموکوڕی و لاوازیەکانی پێشووی خۆیان و چینی کرێکار تێبگەن تا بتوانن ڤێرژن ومۆدێل و ئاسۆیەکی نوێی شۆڕش بنەخشێنن و بزانن ئامڕازەکانی سەرکەوتنی شۆڕش و بنیاتنانی کۆمەڵگەی نوێی بێ چین و چەوسانەوە چین؟

 شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەرچەند بەم ئومید و بانگەشە سۆشیالسیتیەوە دەستیپێکرد بەڵام نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالسیتی بەرێت. ئەمەش پرسیاری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشی سۆشیالیستی کرێکاران دروستکرد. کە ئایا ئەو گۆڕانکاریەی شۆڕش دەیەوێ لە سیستەمی ئابوری و سیاسی سەرمایەداریدا بیکا چیە؟ کرێکاران چۆن دەتوانن شۆڕشێکی سەرکەوتوانە بەسەر شیوازەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی ودەوڵەت و چینەکاندا بکەن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ ئێمە لەو نمونەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە دەستپێبکەینەوە تا بزانین کە هۆی شکستی ئەو جۆرە لە شۆڕشی سۆشیالیستی چی بوو؟ چۆن شۆڕشی ئێستا دەتوانێ تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات لە حزبێک ودەسەڵاتێکی کەمینەوە بۆ دەسەڵاتی حزب و کەمایەتیەکی تر نەبێ؟ شۆڕشی کرێکاری شۆڕشی زۆرینەی کۆمەڵگەیە نەک هەر بۆ گۆڕینی ڕژێم و چونە سەرشەقام بەڵکو لە دامەزراندنی سیستەمی ئابوری و سیاسیشدا لەسەر بنەمای پەیوەندی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگە لە بەرهەمهێان و بەڕیوەبردندا و موڵکایەتی گشتی بنیات دەنرێ . ئەمە مانای واقعی شۆڕشە بەسەر شێوەی ژیان و ئیدارەی کۆمەڵگەدا. بۆئەوەی بتوانین متمانە و باوەڕ بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی لەمڕۆ بگێڕینەوە و تێگەیشتنێکی نوێ بخەینەڕوو لە ڕەوایەتی و ئایندەی سۆشیالیستیانەی شۆڕش پێویستە شۆڕشی سۆشیالیستی وەک کاری هەموو چینەکە و ڕیکخستنی هەموو چینەکە و دروستکردنی دەسەڵاتی زۆرایەتی کۆمەڵگە نیشان بدەین و نمونەی حزبی سەرکردە و تاقانەی دەسەڵات و دەسەڵاتی کەمایەتی بەجێبێڵین . لەجیاتی مۆدیلی شۆڕش لەسەرەوە و دامەزراندنی سۆشیالیزم لەلایەن حزب و دەوڵەتێکی حزبیەوە واتە سۆشیالیزمی دەولەتی لە نمونەی بەلشەفی ، پیویستە ئەمڕۆ مۆدیلی شۆڕش و سۆشیالیزم لە خوارەوە و لەلایەن هەموو هێزی سیاسی و جەماوەریەکانی چینی کرێکار و خەڵکی چەوساوەوە بخەینەڕوو. مۆدێلێک لەو کارە هەرەوەزیانەی لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکاندا سەرجەم هێزی ئەم چینەیە دێتە مەیدانی شەڕەوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە. ئەم هێزە چینایەتیە بەرفراوان وڕەنگاوڕەنگە سیاسیە دەبێ دەسەڵات و ئیدارە ببێتە بەدیلی حکومەتی کەمایەتی بورژوازی. پێویستە بەشی ڕۆشنبیر و کۆمۆنیست و پێشڕەوی ئەم چینە خۆی نەکاتە قاڵبێکی کەمایەتی و توانای شۆڕشگێڕانەی ئەم چینەی تێدا قەتیس بکرێ بەڵکو ئەم بەشە ڕوناکبیر و پێشڕەوە دەبێ هەموو چینەکە بۆ ئاستی گرتنە دەستی دەسەلات و بەڕیوەبردن گەشەپێبدا. هەژمونی ئەم زۆربەی کۆمەڵگەیە بەسەر کەمایەتی چەوسێنەردا دەبێ نەک لە پێش شۆڕش بەڵکو لە کاتی شۆڕش و لەدوای شۆڕشدا بتوانێ بەردەوام بێ ئەگەر نا دیسانەوە لە نمونەی شۆڕشی کەمایەتی و دیکتاتۆریەتی حزبی و بیرۆکراسی و سەرمایەداریەکی دەوڵەتی تر پیادە دەکرێ و لە گۆڕینی ئەم سیستەمە سەرمایەداریەدا شکست دێنین. دەبێ لە قوتابخانەی شۆڕشدا فێری ئەم دەرس و نەخشانە بین و لە مەیدانی شۆڕشیدا لەلایەن هەموو جەماوەری کرێکار و چینە شۆڕشگێڕەکانەوە ڕاستی و دروستیان بسەلمێنین.

لە تەجروبەی شۆڕشی بەلشەفیدا دەتوانین ٣ دەرس وەرگرین.

یەکەم؛ لینین لە فەلسەفەی ڕەوایەتی مافی شۆڕش و هەژمونی دەسەڵاتی کرێکاران بەسەر سەرمایەداراندا پێشڕەوی کرد. هەروەک گرامشی دەڵێ ئەم” گەشەی سیاسی فکرەی هەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسیشە”. بە هەنگاوی شۆڕشی سۆشیالیستی حزبی بەلشەفی نیشانیدا کە چینی کرێکار تائاستی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی گەشەی کردوە و دەتوانێ ئەم هێز و هەژمونیە بەرامبەر بە چینەکانی تر نیشان بدا. چینی کرێکار دەتوانێ ڕیکخراوترین بەشی بورژوازی کە حکومەت و دەوڵەتە لە دەسەڵات بخات و لە ڕێگەی چەکەوە ئۆتۆریتە و دەسەڵات و بەرنامەی خۆی بسەپێنێ. ئەمە مانای پڕاوپڕی حزبی سیاسی چینی کرێکارە ، حزبێک کە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ بورژوازی چەکدار و ڕیکخراودا بکا و بەسەریدا سەرکەوێ. حزبێکی کرێکاری کە بتوانێ ئەم کارە بکا واتە چینی کرێکار تا ئاستی مۆدێلی دەوڵەت گەشەی کردوە. دەوڵەت واتە چینێکی ڕیکخراو کە بەزۆری هێز و هەژمونی خۆی دەسەپینێ بەسەر کۆمەڵگەدا. مۆدیلی حزبی بەلشەفی نەک لەم بارەیەوە جێگای ڕەخنە نیە و نە ئەمەش خاڵی لاواز و هۆکاری شکستی ئۆکتۆبەرە بەڵکو بەپێچەوانەوە بەبێ تێگەیشتن لەم خاڵە بەهێزەی بەلشەفیەکان ناتوانین لە گەشەی سیاسی و فکری چینی کرێکار تێبگەین لە چۆنیەتی گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری و شۆڕشی سیاسی بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا. بەڵام ڕەوایەتی شۆڕش شتێک سەبارەت بە ئایندەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی نوێ ناڵێت، ئەگەر شۆڕشێک بەسەر دەسەڵاتی کەمینە و خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا نەهێنێ.

دووەم؛خاڵێکی تریش کە حزبی بەلشەفی پێشڕەوی تێدانواندوە کە ئەوەیە کە لە ساتەوەختی فرسەتی گرتنی دەسەڵات و شۆڕشی چەکداری بۆ گرتنی دەسەڵاتدا، ناتوانێ بەپێی پێوەری زۆرینە و کەمینەی ڕای کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار دیاری بکرێ ، بەڵکو پێوەری سەرەکی ئەوەیە ئایا لەتوانادایە دەسەڵات لە دەست بورژوازی دەربهێنرێ لە کاتی گونجاودا ؟ وە ئایا بەم هەنگاوە دەتوانرێ هەموو هێزی چینی کرێکار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر سەرمایەداریدا ئامادەبکا و بهێنێتە مەیدان؟  دیالەکتیکی گەشەی خەباتی چینایەتی و فراوانی جۆر و شێوەی ڕیکخراوبونی سیاسی و جەماوەری کرێکاران لەوانەیە چەندین حزب و ڕێکخراو و ناوەندی جیاجیای کرێکاری لێ پەیداببێ ، شۆڕشی کرێکاری بریتیە لە کۆکراوەی سەرجەم ئەم هەوڵە چینایەتیە بەرفراوانە و سەرکەوتنی شۆڕشیش لە گرەوی ئەم کۆکردنەوە و یەکگرتوکردنی هێزە چینایەتیەیە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە، بەڵام مەرجی دەستبردن بۆ دەسەڵات ڕیکەوتن و یەکگرتوبونی لە پێشەوەی هەموو ئەم هێزانە نیە لە ساتەوەختی گرتنی دەسەڵات و بە لوتکە گەیشتنی قەیرانی دەسەڵاتی بورژوازی.

سێهەم ؛لەپاڵ ئەم دوو حوکمەدا دەبێ حوکمێکی لەمانە گرنگتریش بڵێین ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو کەمایەتیە لە چینی کرێکار و حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە شۆڕشی چەکدارانە بەسەرکەوتن دەگەیەنێ ، نەتوانێ سەرجەم هێزی چینی کرێکار بۆ دەسەڵات و بەڕیوەبردن و بەرنامەداڕشتن، یەکگرتوبکا و بخاتەگەڕ و ئەم کەمایەتیە نەگۆڕێ بە زۆرایەتی و لە کەمایەتیدا بمێنێتەوە ئەوا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕوبەڕوی شکست دەکاتەوە. لەبەرئەوەی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی کەمینە و جێگرتنەوەیدایە بە بەشداری هەرەوەزیانەی هەموو هاوڵاتیان لە بەرهەمهێنان و بەڕیوەبردندا. بەداخەوە ئەمە ئەو شکستەیە کە مۆدیلی حزبی بەلشەفی لە شۆڕشی کرێکاری ڕوسیادا هێنای و نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو دامەزراندنی سیستەمێکی  سۆشیالسیتی و هەرەوەزی بەرێ . بێگومان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم ڕەخنەیە لە مۆدیلی سیاسی حزبی بەلشەفی پێویستە مێژووی ئەم حزبە لە پێش ئۆکتۆبەر و لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لە دوای دەسەڵاتدا باس بکەین، تا بزانین دەبێ چ بکەین تا شۆڕشەکانی سەدەی بیست بەو ئامانجە سۆشیالیستیانەی خۆیان بگەن.

بورژوازی هەوڵدەدا ئەم مێژووەی چینی ئێمە لە پێناو سەپاندنی مافی شۆڕشکردن بەسەر سەرمایەداریدا لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەدا بسڕێتەوە، ئێمەش بە ناسینی ئەم مێژووە خەباتکارانەی چینەکەمان جارێکی تر ئاڵای مافی شۆڕشکردن لە گۆڕەپانەکانی ئازادی و التحریر دەشەکێنینەوە.

١٠

مۆدیلی سۆشیالیزمی بەلشەفی چی بوو؟

 

بەلشەفیزم هەم لە مەسەلەی جەنگی جیهانی یەکەم و هەم لەمەسەلەی دەسەڵات گرتن لە ڕوسیادا لە مەنشەفیەکان و سۆشیال دیموکراتی جیاواز بوو.  بەڵام ئایا مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفیزم چ جۆرێک لە سۆشیالیزم بوو؟ ئەم پرسیارە لە بەراورد لەگەڵ جیاوازی بەلشەفیزم لە سۆشیال دیموکراتی مەنشەفیزمدا دەرناکەوێ بەڵکو لە هەنگاوەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت و ئاکامەکەیدا خۆی نیشان دەدا. هەربۆیە بۆ ناسینی سۆشیالیزمی بەلشەفی دەبێ لیکۆڵینەوەکەمان بەرینە سەرناسینی دەوڵەتی بەلشەفیەکانی ڕوسیا.

لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا شەپۆلێکی بەهێزی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاری ئەوروپای گرتەوە و لە ڕوسیادا ئەم بزوتنەوەیە تێکەڵاوی شۆڕشی دیموکراتی دژی قەیسەریەت بوو وە بەهۆی بەلشەفیزمەوە توانی تا ئاستی شۆڕشێکی سۆشیالیستی هەنگاو هەڵگرێ.

شۆڕشی ڕوسیا بوە زەمینەی دەرکەوتنی جیاوازیەکانی بەلشەفیزم لە سۆشیال دیموکراتی و مەنشەفیزم. جیاوازی سیاسی بەلشەفیزم  درێژەی ئەو خەتە شۆڕشگێڕانەی سۆشیال دیموکراتی بوو کە ڕەخنەگری ڕیڤیژنیزمی برنشتاین بوو کە تیکەڵاوێکی ئۆپۆرتۆنیزم و ریفۆرمیزم بوو ،کە لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە بوە خەتی ڕەسمی سۆشیال دیموکراتی ئەنتەرناسیونالی دووەم . لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم و سەرهەڵدانی قەیرانی شۆڕشگێڕانە لە ئاستی ئەوروپادا ئەم جیاوازیە چوە ئاستێکی سیاسی باڵا و لە مەسەلەی هەڵوێست بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی سەرمایەداری و پەرلەمانتاریزم و دەوڵەتدا چڕبوەوە. لینین بە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”*1 هەوڵیدا وەڵامێکی تیۆری  بەم پێداویستی گۆڕانکاریە بداتەوە . ئەو لە ڕوانگەی سیاسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریەوە مۆدیلی سیاسی دەوڵەتی کرێکاری داهاتووی خستەڕوو. تێزی” دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” بوە ناوەرۆکی مۆدیلی سیاسی بەلشەفیەکان و لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەم مۆدیلەیان پیادەکرد لەگەڵ گۆڕانکاریەکدا کە دیکتاتۆری حزبیان بەهەمان دیکتاتۆری چینی پرۆلیتاریا لەقەڵەم دا.

ئەم شۆڕشە لەڕوسیادا لە دوای یەکلاکردنەوەی مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی، مەسەلەی مۆدیلی ئابوری  ڕوبەڕوی بەلشەفیەکان کردەوە. بەلشەفیەکان سەرەتا بەرنامەی کۆمۆنیزمی جەنگی و دواتر سەرمایەداری دەوڵەتیان کردە مۆدیلی ئابوری لە ڕوسیادا.

ئەم مۆدیلە سۆشیالیستیەی بەلشەفیەکان ، کە لە ئاستی مۆدیلی سیاسی کە دیکتاتۆری حزبی بوو، وە لە ئاستی ئابوریدا کە سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، مۆدیلێکی لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی دروستکرد.  لەم مۆدێلەدا حزب ودەوڵەت سۆشیالیزم پیادە دەکەن بەپێی بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوری دیاریکراو و نەخشەداڕیژراو و لەسەرەوە . ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە سەرەڕای جیاوازی سیاسی بەلشەفیزم لە سۆشیال دیموکراتی، بەڵام بەلشەفیزم هەمان تێروانینی سۆشیال دیموکراتی بۆ ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی هەیە . ئەوەی لە مەیدانی سیاسیدا دەیبینین کە گۆڕانکاری لە تێڕوانین بۆ دەوڵەتی بورژوازی و سیستەمی پەرلەمانی  بورژوازی دروست بوە، لەم مەیدانە ئابوریەدا نایبینین.

ئەوەی ئێمە لەم لێکۆڵینەوەدا بەدوایەوەین ئەوەیە کە ؛ پەیوەندی نێوان حزبی بەلشەفی و ئەم مۆدیلە سیاسی و ئابوریەی دەولەت و موڵکایەتی و پەیوەندی چینی کرێکار بە بەرهەمهێنان و هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە چیە؟ ئایا ئەم مۆدیلە سۆشیالیستیە چ گۆڕانێکی لە بنەماکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا دروستکرد؟ وە ئایا چۆن گۆڕانی بەسەر حزبی کرێکاری بەلشەفیشدا هێنا ؟ هەروەها ئەم مۆدێلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی چۆن بزوتنەوە کرێکاری و کۆمۆنیستی لە چینی کرێکار و خەباتی بۆ ڕزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری دورخستەوە؟

لەم لێکۆڵینەوەدا گرنگیمان بەو هەوڵانەی کۆمۆنیستەکانی تر داوە وەک ترۆتسکی و تۆنی کلێف و مەنسور حیکمەت لە شرۆڤەی ئەم مۆدیلەی بەلشەفیدا ،بەڵام جیاوازی ئەم باسەی ئێمە لەو باس و لێکۆڵینەوانە ئەوەیە ،کە  کێشە تەنیا لە “نەبونی بەرنامەی ئابوری” بەلشەفیەکاندا نیە وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ*2 ، یاخود مەسەلە ئەوەنیە کە “دوای لینین ستالینێک دەبێتە ڕابەری حزبی بەلشەفی، وەک ترۆتسکی*3 و تۆنی کلێف *4لێکدانەوەی بۆدەکەن. بەڵکو کێشەکە لە خودی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفیەکان لە کاتی لینین و دوای ئەویشدایە .وە کێشە لە پەیوەندی حزبی بەلشەفی بە چینی کرێکار ودەوری بەلشەفی لە خەباتی چینایەتی بۆ گۆڕینی سەرمایداریدایە.

ئێمە لە بەشی ١و٢ی ئەم کتێبەدا 5*بە درێژی لەسەر ئەم جیاوازیە میتۆدۆلۆژیە دواین ،کە کۆمۆنیزم کراوەتەوە لێکدانەوەی دەوری کەسایەتیەکان و بەتایبەت ستالین یاخود تەنیا دەوری حزبێک وەک بەلشەفی لەو مێژووەدا . هەربۆیە ئێمە لێرەشدا ئەو میتۆدەی پشت بە لێکدانەوەی خەباتی چینایەتی و دەوری چینی کرێکار دەبەستێ بە بنەما وەردەگرین، نەک لێکدانەوەکان لە تاکەکەس و حزبێکدا بەرتەسک بکەینەوە. ئەم میتۆدە ڕیگەمان پێدەدا کە لەو باکگراوندە نۆستالجیایە دوورکەوینەوە کە مێژووی کۆمۆنیزمی سەدەی بیستی لەسەر بنیاتنراوە و بوەتە بەشێک لە کەلتوری کۆمۆنیستەکان، کە لەگەڵ هەر دەست بردن بۆ ڕەخنەیەکی ڕیشەیی و ڕادیکال لە تەجروبەی سۆڤیەت و لینین دا ئەم نوستالجیایە ڕێگردەبێ لەوەی کە بنەمای گرێ کوێرەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم بدۆزینەوە.

بۆناسینی مۆدیلی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری سۆشیالیستی بەلشەفیەکان دەبێ شرۆڤەی مێژوو و بەرنامەی حزبی بەلشەفی لەشۆڕشەکانی ١٩٠٥ و شوبات و ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ،وە لێکۆڵینەوە لە حکومەتی بەلشەفیەکان و هەنگاوە ئابوریەکانی دەوڵەتی سۆڤیەت بکەین.

ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لەم لێکۆڵینەوەیەدا بیدۆزینەوەیە پەیوەندی نێوان سەرمایەداری دەوڵەتی و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانە. لەم ڕیگەیەوە دەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ئاستی ئابوری و سیاسیدا خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ سەرمایەداری دەوڵەتی و حکومەتی بیرۆکراتی سۆڤیەت و مۆدیلی حزبی بەلشەفیدا چیە؟

ئەمە فاکت و ڕاستیانە تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازمان دەداتێ لەوەی کە تائێستا لەلایەن ترۆتسکی و تۆنی کلێف و مەنسور حیکمەت و زۆرێک لە کۆمۆنیستەکانی تر خراونەتەڕوو، کە بەگشتی ئەم لێکدانەوانە گۆڕانی ئابوری و سیاسی ڕوسیا بە کاری دوای مەرگی لینین و سیاسەتی ستالینی دەزانن. من دواتر دەچمە سەر ڕەخنە لەم بۆچون و شرۆڤانەی پێشووی سەبارەت بە مۆدیلی سۆشیالسیتی بەلشەفیەکان و هۆکارەکانی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی لەڕوسیادا ،چونکە پێویستە لە سەرەتادا چوارچیوەی گشتی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفی بناسێنین، تاکو بەرتەسکی و نادروستی ئەو تێگەیشتنانەی کۆمۆنیستەکانی پێشوومان بۆ دەرکەوێ لە نەبینینی بەلشەفیزم وەک مۆدێلێک لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و هاوبیری لێکدانەوانەکانیان لەگەڵ مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکاندا.

سەرچاوەکان:

*1  https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1917/staterev/index.htm

2* http://hekmat.public-archive.net/ هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت، مه‌نسوور حیکمه‌ت

*3  https://www.marxists.org/archive/trotsky/1936/revbet/index.htm

*4  https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

*5  https://asokamal.com/index/wp-content/uploads/2019/04/kteb-hizb.pdf

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

١١

دوالیزمی بیرۆکراتی و سەرمایەداری دەوڵەتی

 

بۆچونەکانی ترۆتسکی و تۆنی کلێف و مەنسور حیکمەت لەو شوێنەدا لەگەڵ یەکتر هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی کاتی لینین کۆمۆنیستیە و کێشەی بنەڕەتی نیە و حکومەتی کرێکاری بەرقەرار بوە، وە دوای لینین ئەم سیستەمە سیاسیە گۆڕاوە. هەرچەند لێکدانەوەکانیان جیاوازی تێدایە لە ناساندنی هۆکاری گۆڕانکاریەکە و ئەنجامی گۆڕانەکە ، بەڵام زۆربەی ئەم کۆمۆنیستەکانە ئەو سیستەمە سیاسیە بەلشەفیە بە دەوڵەتێکی کرێکاری دەزانن، نەک وەک هۆکاری بەرەو بیرۆکراتی چون و گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداری سەیری بکەن.

لای ترۆتسکی بەهۆی سیاسەتی “بیرۆکراتیانەی دەوڵەتی” ستالینەوە، حزبی بەلشەفی ودەوڵەتی کرێکاری داڕوخاوە” ،کە پیویستی بە شۆڕشی سیاسیە بۆ ڕاستکردنەوەی بیرۆکراتیزمەکەی ،نەک شۆڕشی کۆمەڵایەتی ، لەبەرئەوەی ئابوری بەرنامەداڕێژاو و موڵکیەتی دەوڵەتی”مانای سۆشیالیستی هەیە. *6. وە تەنانەت دەڵێ شتێک نیە بەناوی سەرمایەداری دەوڵەتی.*7

هەرچی تۆنی کلێفە پێی وایە کە ترۆتسکی ئەو ڕاستیەی نەبینیوە کە سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیادا زاڵە  بەڵام هۆکارەکەی ستالینیزمە *8. ئەم دوو نوسەرە لە هەردوو کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو” *9و “سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا”*10دا لێکۆڵینەوەیەکی ئابوری و سیاسی تێروتەسەلیان لەسەر ڕوسیا پێشکەش کردوە، کە کۆمەک دەکا بە تێگەیشتنێکی فراوان لەو گۆڕانکاریانەی لەڕوسیادا ڕویانداوە و بیرۆکراتیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی چۆن دروستبون و دەسەڵاتداربون.

مەنسور حیکمەتیش  ڕای خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەو گۆڕانکاریانەی لە سۆڤیەتدا ڕویداوە و لە وتاری” هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت “*11دا دەڵێ کە ڕەخنە لە سۆڤیەت دەبێ  ” مەسەلەی گۆڕانی ئابوری کۆمەڵی ڕوسیا لەپاش شۆڕش” *  12بێ، وکێشە ئەوەبوە کە “لینینزم لە قسەوباسە ئابوریەکانی ساڵەکانی ١٩٢٤-١٩٢٨دا نوێنەرایەتی نەکرا.”*13 هەربۆیە”شۆڕشی کرێکاری لە بەرامبەر ئەرکە ئابوریەکانی خۆیدا شکستی خوارد”*14.

بەپێچەوانەی ئەم نوسەرانەوە تێزی سەرەکی لەم لێکۆڵینەوەمدا ئەوەیە کە مۆدیلی سیاسی بەلشەفی هۆکاری سەرەکی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستیە لە ڕوسیادا . ئەم مۆدیلە لە حزبی بەلشەفی مۆدێلێک لە دەوڵەتی تاک حزبی و دیکتاتۆری حزبی دروست دەکا کە ڕیگرە لەوەی چینی کرێکار بتوانێ لەڕێگەی ئەم حزبەوە بتوانێ سەرجەم هێزی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەگەڕ بخا بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری. بەرنامەی گەشەپیدانی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی لەلایەن لینین و حزبی بەلشەفیەوە درێژە و تەواوکاری هەمان مۆدیلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتیە کە دەیەوێ لەڕێگای حزب و بەرنامەی داڕیژراوی کەمایەتیەکەوە موڵکایەتی سۆشیالیستی دەوڵەت دامەزرێنێ. ئەمە هەمان مۆدێلە کە سۆشیال دیموکراتی کۆتایی سەدەی ١٩و سەرەتای سەدەی ٢٠ کە دەیویست لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بەرەبەرەی دەوڵەتی سەرمایەداریەوە بە سۆشیالیزم بگات ، تەنیا جیاوازی لەوەدایە کە لینین و بەلشەفیەکان لەڕێگەی دەسەڵاتی حزبی کرێکارانەوە باوەڕیان بە جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە هەبوو بەڵام سۆشیال دیموکراتی ڕێگای بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دەگرتەبەر.

ئەم بۆچونانەی نێو کۆمۆنیزمی سەدەی بیست لە دوالیزمی دیاردەی بیرۆکراتیزم و بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی گیریان کردوە . هەر کام لەم لێکدانەوانە یەکێك لەم دووانە بە هۆکار و سەرچاوەی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی لەڕوسیادا دەزانێ. ترۆتسکی و ترۆتیسکیەکان بیرۆکراتیزمی ستالینی و حیکمەتیزمیش بەرنامەی ئابوری و سەرمایەداری دەوڵەتی. بەڵام لە ڕاستیدا دوالیزمی بیرۆکراتیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی هەمان دووڕوی یەک دراو و دیاردەی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیزمە.

هەموو چینە شۆڕشگێڕەکان کاتێک شۆڕشیان بەسەر چینە دەسەڵاتدارەکانی پێشودا کردوە تا ماوەیەک دەرگیری ناڕۆشنی بەرنامەی ئابوری سیستەمە نوێیەکە بوون ، بەڵام ئەوەی بڕینەرەوە بوە ئەوە بوە کە توانیویانە هێزی چینەکەی خۆیان بۆ سەپاندنی گۆڕانکاریە سیاسیەکان ڕێک بخەن بەجۆرێک کە چیتر لە پەراوێزی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا نەبن. هەربۆیە “نەبونی بەرنامەی ئابوری” هۆکاری سەرەکی شکستی شۆڕش نەبوە لە ڕوسیادا بەڵکو ئەنجامی مۆدیلێکی سیاسی بوە کە نەیتوانیوە هێزی سەرجەم چینەکە لە شۆڕشکردن بەسەر سەرجەم سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا بخاتەگەڕ و لە ئاکامدا پێویستی بەو مۆدێلە ئابوریەی سەرمایەداری دەوڵەتیە بوە کە سازگارە لەگەڵ دەسەڵاتی کەمایەتیەکدا کە موڵکایەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنانیان لەژێردەستدایە.

هەربۆیە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم باسە پیویستە لە دەوری  سیاسەت وپراتیک و خەباتی چینایەتی کرێکاران بکۆڵینەوە و بەتایبەت لەدەورانی شۆڕشگێڕانەدا، تابزانین چۆن بەرنامەی ئابوری و تیۆری، درێژکراوەی ئەم پراتیکە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەیە، نەک سەرچاوەی گۆڕانکاریەکان لەڕوسیای دوای شۆڕشدا. شەڕی چینایەتی و شۆڕش ، شەڕی پراتیکی چینەکانە نەک تەنیا بەرنامەکانیان. ئەم پراتیکە سیاسیە کۆمەڵایەتیەی چینی کرێکارە کە ئایندەی بەرنامەکان و کۆمەڵگە دیاری دەکا.  یان وەک هۆبسبام لەزمانی گرامشیەوە دەڵێ ” سیاسەت چەق و ناوەرۆکە نەک ستراتیژی سەرکەوتنی سۆشیالیزم ،بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی. ناوەندی چالاکی ئینسانە، واتە تاکە وشیاریە کە چوەتە ناو پەیوەندگرتن بە دنیای کۆمەڵایەتی و سروشتی لە هەموو فۆرمەکانیدا.” *15سۆشیالیزم ئەم پراتیکە سیاسیە شۆڕشگێڕانەیە کە چینی کرێکار بڕیاری لەسەر گۆڕینی سیستەمی ئابوری و نەهێشتنی موڵکایەتی سەرمایەدارانەی دەوڵەت و تاکەکان دەدا. خودی حزبیش دیاردەیەکی دابڕاونیە ، بەڵکو حزب واتە کۆمۆنیستەکان، کە ئەو بەشە ڕوناکبیرەیە لەم پراتیکە سیاسیە چینایەتیە، وە وەک گرامشی دەڵێ ” دەربڕی گەشەی ستراکتۆری چینی کرێکارە”*16. دەوری ئەم حزبە لەم پراکتیکە سیاسیەی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی پەیوەندیە ئابوریەکانی بەرهەمهێناندا ، واتە پەیوەندی هەرەوەزیانەی بەرهەمهێنەران بەبێ خاوەندارێتی ،چارەنوسازە نەک لە داڕشتنی بەرنامەیەکی ئابوری بۆ چۆنیەتی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان یان گۆڕینی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران بە موڵکایەتی دەوڵەت. شکستی ئۆکتۆبەر و بەلشەفیزم لە ڕیکخستنی ئەم پراکتیکە سیاسیەی چینی کرێکاردایە بۆ سازدانەوەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای هەرەوەزی و سۆشیالیستیانە.  گرامشی  بەمە دەڵێ”سۆشیالیزەکردن لەسیاسەتدا و بەمانای کۆمەڵایەتی ئۆتۆماتیک و وشیارانە دەبێ، وەک دروستکردنی ئینسانی کۆلیکتیڤ و گشتی کە هەڵسوکەوتی ئینسانەکان دەکاتە ئۆتۆماتیک و پێویستیان بەدەزگای دەرەوە و سەروو ئینسان ناهێڵێ تا نۆرمێک بسەپێنێ.”* 17مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکان بە خستنەبەری دیکتاتۆری حزبی لە جیاتی دیکتاتۆری چینەکە زۆربەی کرێکارانی لەم پرۆسەی سیاسیەی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە دورخستەوە و کردنیە ناسیاسی بەرامبەر بە مەسەلەی گشتی کۆمەڵگە. ئەمە مۆدێلێکی سیاسیە کە  دوالیزمی بیرۆکراتیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی نمایشکرد و ئەمە سەرچاوەی شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی بوو لەڕوسیادا.

لەم لێکۆڵینەوەی تەجروبەی سۆڤیەتدا دەمانەوێ ئەوە بسەلمێنین کە حزبی بەلشەفی ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سۆڤیەتی پێکهێنا و هەربۆیە لە لێکدانەوە لە شکستی ئەم تەجروبەیەدا پیویستە لەو گۆڕانکاریە سیاسیانەوە دەست پێبکەین کە مۆدیلی بەلشەفی لە دۆخی سیاسی و چینایەتی ڕوسیادا هێنایە ئارا و لێرەوە بگەینە سەر ئەم مۆدێلە لە دەوڵەت و ئابوری ڕوسیا.

سەرچاوەکان:

*6   ترۆتسکی، بەشی ٧، یەکێتی سۆڤیەت چیە؟، کتێبی شۆڕشی خیانەتلێکراو. https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch09.htm

*7 هەمان سەرچاوە، بەشی سەرمایەداری دەوڵەتی ، بەشی ٧، یەکێتی سۆڤیەت چیە؟

*8 ل ١٧٤، تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

*  9 ترۆتسکی،کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو” https://www.marxists.org/archive/trotsky/1936/revbet/index.htm

10*کتێبی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا

  https://www.marxists.org/archive/cliff/works/1955/statecap/index.htm

11* http://hekmat.public-archive.net

12* هەڵبژاردەیەک لە نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت ، بەرگی یەکەم ، ل ٤١٠، ئامادەکردنی سالار ڕەشید

13* هەمان سەرچاوە، ل ٤٢١

14* هەمان سەرچاوە، ل ٤٢٦

15* https://asokamal.com/index/?p=1592

16*. Gramsci, Prison Notebooks, Problems of History and  Culture,P5

17*هۆبسبام، چۆن جیهان دەگۆرین، بەشی گرامشی، ل٤٢١، بەزمانی ئینگلیزی

١٢

بەلشەفیزم چ بنەمایەکی ئەنتەرناسیونالی گۆڕی؟

حزبی کرێکاری یان حزبی کۆمۆنیستەکان

لادانی بەلشەفیزم لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران بریتیە لە گۆڕینی پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک وەک حزبی هەموو چینی کرێکار، کە مارکس و ئەنگلس پێناسەیان کردبوو. لێکدانەوەی ئەم لادانە گرنگە لەم لێکۆڵینەوەیەدا چونکە ، یەکەم ، زۆربەی مۆدیلی حزبی کۆمۆنیستی سەدەی ٢٠و٢١یش پەیڕەو لە مۆدیلی بەلشەفی دەکەن و ئەمە بە مۆدیلی حزبی چینی کرێکار لەقەڵەم دەدرێ و ئەمە ڕیگری بەردەم یەکگرتوبونی چینەکە و دەورگێڕانی بەشە ڕۆشنبیر و کۆمۆنیستەکەی چینی کرێکارە وەک ڕیکخەر یاخود یەکگرتوکەری چینەکە و مانەوەیەتی لەپەراوێز و سێکتی پاسیڤدا. دووەم، ناسینی ئەم لادانە ئەو خاڵە ڕۆشن دەکاتەوە کە بۆچی ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری ئیمکانی هەیە بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی و بیرۆکراتی لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتدا. سێهەمیش ، ناسینی بنەماکانی حزبی کرێکاری و جیاوازی سەرەکی لە مۆدیلی بەلشەفی حزبە و بەم پێیەش ناسینی مۆدێلی نوێی کۆمۆنیزمە چ وەک حزب و چ وەک دەسەڵات و بەرنامەی ئابوری.

بۆ چونە ناو ئەم باسە پێویستە سەرەتا ئەو بنەمایانەی ئەنتەرناسیونال بخەینەوە ڕوو کە پەیوەندی بە پێناسەی حزبی کرێکاریەوە هەیە و دواتر مێژوو و پرۆسەی گۆڕانکاریەکان لە ناو حزبی بەلشەفیدا شی بکەینەوە.

ئەنتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕیکخراوەیە بریتی بوو لە:
“خاڵی چوارەم.ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.”*1

لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ەوە مارکس لە ئەنتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار و دواتر لە ساڵی ١٨٧٢ زیادکردنی ئەم خاڵانەش تێدا دەبێتە بڕیار، کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی و دەنگی هەڵپەساردوو(٢٩بەرامبەر بە٥ و ٨). لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لێکراوە:
“١.لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکاران ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕیک نەخەن.

 ٣.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.”*2

ئەوەی لێرەدا هاتوە هەمان بنەمایە کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.” *3
ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری هاتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئەنتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا حزبی سیاسی کرێکاران لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزرا.

لە نێو سۆشیال دیموکراتیدا جیاوازی سەبارەت بە فۆرم و ناوەرۆکی کاری حزب هاتەئارا، کە هەرکامەیان بە جۆرێک لایان دا لەو بنەمایانەی ئەنتەرناسیونالی یەکەم بۆ پیویستی حزبی سیاسیان دانا بوو .

 فۆرمی یەکەم باسی لە ڕیکخراوەی فراوانی جەماوەری سیاسی دەکرد کە بەشداری کاری پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری و کاری جەماوەری سەندیکایی دەکرد، بەڵام لەسەر شۆڕش و گۆڕینی سیستەمی سیاسی خۆی لادەدا. هەروەک ئەنگلس لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفۆرتدا ئاماژەی بە مەترسی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزم”ە کرد کە لە قاڵبی پەرلەمانتاریزمێکی بێ دەسەڵاتدا دەیەوێ ئامانجی سیاسی بزوتنەوەکە بەرتەسک بکاتەوە.* 4

لە بەشەکانی پێشودا بە درێژی باسمان کرد کە چۆن مەیلێکی ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستیە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی گۆڕی سەبارەت بە ناوەرۆکی کاری حزب و دواتر چۆن حزبە سۆشیال دیموکراتەکان بونە بەشێک لە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و پەرلەمانی بورژوازی ،کە چیتر بەرنامەی شۆڕشی سۆشیالیستیان لەدەستور و بەرنامەیاندا نەما. لەم بەشەدا باسی چۆنیەتی گۆڕینی ئەم بنەمایانە لە لایەن بەلشەفیزمەوە دەکەین.

لادانی بەلشەفی لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونال بریتیە لە پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک حزبی هەموو چینی کرێکار.

ئەم پرۆسەی گۆڕانە لای بەلشەفیزم ئاڵوزترە لەچاو گۆڕانی سۆشیال دیموکراتیدا.چونکە؛ یەکەم ، لەڕوسیادا دەورانی شۆڕشی دیموکراتی بورژوازی بوو و وە چینی کرێکار بەشێک لە هێزی ئەو گۆڕانکاریە شۆڕشگێڕانە بوو و بەمەش زەمینەی دروستکرد بۆ ئەوەی بەلشەفیزم وەک باڵێکی شۆڕشگێڕ خۆی لە مەیلی ڕیفۆرمیستی سۆشیال دیموکراتی و مەنشەفیک جیابکاتەوە و ئەم کارە وەک پێویستی شۆڕش لەقەڵەم بدرێ. دووەم، هەڵوێست بەرامبەر بە شەڕی جیهانی یەکەم بوە مەسەلەیەک کە چینی کرێکار و بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی شەق کرد و دیسانەوە جیابونەوەی بەلشەفیزمی کردە واقعیەتێکی سیاسی.  سێهەم، بەلشەفیزم تا کاتی گرتنی دەسەڵات وەک حزبێکی نهێنی و نیمچە نهێنی کاری دەکرد کە هەموو کارەکتەرەکانی وەک سۆشیال دیموکراتەکانی ناو دەسەڵات و پەرلەمان دەرنەکەوتبوو و وە هەمیشە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوو.

سەرەڕای ئەم ئاڵۆزیەش بەڵام مۆدێلی بەلشەفی زوو کەوتە بەر ڕەخنەی ترۆتسکی*5 و ڕۆزا لۆکسبۆرگ*6 ،وە وەک فۆرمێکی حزبی جیاواز لە سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیستی سەرەتای سەدەی بیست باسی لێوەکراوە. بەڵام لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕۆحی دەوڵەتەی بەلشەفی جیاوازی سەرەکی خۆی لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاری نیشان دەدا کە لێرەدا دێینە سەر باسکردنی.

لیۆن ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٠٤دا لە ڕەخنەی لەم مۆدیلەی حزبی بەلشەفیدا لە کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”دا دەڵێ” ئەم شێوازە لە سیاسەتی ناوخۆی حزبدا بە دۆخێک کۆتایی دێت کە ڕابەری حزب جێگای حزب و دواتر کۆمیتەی ناوەندی جێگای ڕابەری دەگرێ و سەرئەنجام یەک دیکتاتۆر جێگای کۆمیتەی ناوەندی دەگرێت و دۆخێک دروست دەبێ کە کۆمیتە حزبیەکان بەبێ بەشداری جەماوەری خەڵک هەمیشە سیاسەتەکانی خۆیان دەگۆڕن.” *7

ئەم سەنترالیزمە بە تێۆری جێنشینی حزب و نوێنەرایەتی چینی کرێکار دەگات کە لەخوارەوە باسی دەکەین.  بەڵام هەر لەم دەورەیەدا ڕۆزا لۆکسبۆرگ ڕەخنەی لەلایەنێکی تری بەلشەفیزم گرت کە پەیوەست بوو بە دیسپلینی ناو حزب . بەلشەفیزم کاتێک حزب دەکاتە نوخبەیەکی ناو چینی کرێکار ئەوا پێویستی بە زاڵکردنی جۆرێک لە دیسپلینیش دەبێ کە جیاوازە لەو خۆدیسپلینەی کە چینی کرێکار لە خەباتی چینایەتیدا نیشانی دەدا.

ڕۆزا لۆکسبۆرگ کە هەر لە ساڵی ١٩٠٤ەوە ڕەخنەی لەم مۆدیلە بەلشەفیە گرت کە حزبی کرێکاری دەبێ پەیڕەو لە “دیسپلینی  کوێرانە و سەربازی بکا” . لە بەرامبەر ئەم تیۆریەی حزبی لینیدا لە کتێبی ” چەند پرسیارێک سەبارەت بە ڕێکخستن لە سۆشیال دیموکراسی ڕوسیا “دا دەڵێ” ئەو دیسپلینەی لینین لە خەیاڵیدایە بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنری نەک لەلایەن کارگەوە بەڵکو لە ڕێگەی سەربازی و بیرۆکراتیەتی دەوڵەتی ئێستاوە-لەلایەن هەموو میکانیزمی دەوڵەتی مەرکەزی بۆرژوازیەوە. ئایا چ هاوبەشیەک هەیە لە نێوان گوێڕایەڵی ڕێکخراو لەسەر چینی چەوساوە و خود دیسپلینی  و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی بۆ ڕزگاری؟ خود دیسپلینی سۆشیال دیموکراتی تەنیا جێگاگرتنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بورژوازیەکان نیە بە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی سۆشیالسیتی. چینی کرێکار هەست بە دیسپلینی نوێ بەدەست دەهێنێ ، خود دیسپلینێکی ئازادانەی سۆشیال دیموکراسی، نەک لە ئەنجامی سەپاندنی دیسپلینێک لەلایەن دەوڵەتی سەرمایەداریەوە، بەڵکو بە لەڕەگ هەڵکێشانی ئەم دیسپلینەی سەرمایەداری، ئەو خوە کۆنەی کە بەگوێڕایەڵی و ملکەچ کردنەوە گرتویەتی. *8

ئەم سەنترالیزم و دیسپلینە لەلای بەلشەفیزم کاتێک تێدەگەین کە تیۆری جێنشینی لای لینین بەکامڵی دەخرێتە ڕوو لەکاتی دەسەڵاتدا.

لینین لە کتیبی “نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆمنیزمدا دەڵێ” هەمو کەسێک دەزانێ کە جەماوەر دابەش دەبێ بەسەر چینەکاندا، وە دژایەتی جەماوەر بە چینەکان نامومکینە تەنیا بە دژایەتی زۆربەی زۆر نەبێ، بەبێ دابەشکردنی بەپێی سیستەمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەو توێژانەی کە جێگایەکی تایبەت لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا دەگرن، وە چینەکان بەشیوەیەکی ئاسایی، لەزۆربەی کاتەکاندا، لانی کەم لە وڵاتە مۆدێرنە هاوچەرخەکاندا، حزبەکان پێشڕەویان دەکەن، وە حزبە سیاسیەکان ، بە شیوەیەکی گشتی، چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان. ئەمانە هەموی سەرەتا ئەبجەدیەکانە، ئەمانە زۆر سادە و ڕۆشنن.” *3

لێرەوە لینین بەو ئەنجامگیریە دەگا کە ” دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی چینەکە؟ و دیکتاتۆریەتی حزبی سەرکردەکان و دیکتاتۆریەتی حزبی جەماوەر؟ ” هیچ جیاوازیەکی نیە و” ئەمە تێکەڵوپێکەڵی فکریە.”*9

  لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی  ئەڵمانیا و ڕۆزا لوکسبورگدا کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ” ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.” *10

بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بوە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا.هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە.

لێرەوە جیاوازی نێوان بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران لەگەڵ ئەم تیۆری جێ نشینیەی حزبی بەلشەفیدا ڕۆشن دەبێتەوە. ئیتر حزب نەک هەموو چینی کرێکاری ڕیکخراو نیە بەڵکو جێگر و نوێنەری ئەوە و دیکتاتۆریەتی ئەم بەشە کۆمۆنیستەش هەمان دیکتاتۆریەتی چینەکەیە. واتە مۆدیلی دەوڵەت مۆدێلی دەوڵەتێکی تاک حزبیە، کە لە جێگای چینی کرێکار حوکم دەکا و ئەم دەستەی حوکمڕانەش جێگیرن و بەپێی سەنترالیزمێک کاردەکەن کە دەسەڵاتی نوخبە و تاکە کەسی سەرکردە دەکاتە مۆدیلی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی.

بۆ ئەوەی پێویستی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە لە تیۆری حزبی سیاسی بناسین پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم حزبە لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا و لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو؟ وە دەزانین کە بنەما و کارەکتەرە سێکتیەکانی بەلشەفی چۆن بونە ڕۆحی دەوڵەتێکی تاک حزبی و دیکتاتۆری نوخبە و تاکەکەسی و بنەمای پەیڕەوکردن لە بەرنامەی موڵکایەتی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی؟

بەلآم پێش ئەوە گرنگە شرۆڤەیەکی ئەم بۆچونەی لینین لەسەر حزب بکەین و بزانین ئەم بەلشەفیزمە چ جیاوازیەکی ڕیشەیی لەگەڵ حزبی کرێکاریدا هەیە.

بنەمای یەکەم کە بەلشەفیزم گۆڕی ئەوەبوو کە، چیتر حزب بریتی نەبوو لە هەموو چینی کرێکار و خەباتی سەرجەم ئەم چینەشی لەخۆدا ڕەنگ نەدەدایەوە، بەڵکو تەنیا ئەو مەیل و بەشەی لە کرێکاران نیشان دەدا کە بەدەوری بەرنامەیەکی حزبیدا کۆبوبونەوە و پەیڕەیان لەیەک ناوەند و دەستەیەک لە ڕابەران دەکرد. ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو بنەمایە بو کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە” کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”

بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بنەمایەی ئەنتەرناسیونالی یەکەمدا ناکۆک بوو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد و دەڵێ” ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.” بەلشەفیزم ئەم هەڵەیەی دوبارەکردەوە بەوەی حزبی تەنیا وەک بەشێک و گروپێکی دیاریکراو کە خاوەن بەرنامەیەکی دیاریکراوە دەناساند ،وە مامەڵەی حزبی وەک یەکگرتنی هەموو بەشەکانی بزوتنەوەی کرێکاری نەدەکرد. بەپیچەوانەی  بڕیارنامەکەی ١٨٧١ی ئەنتەرناسیونال  کە ” حزب بۆ یەکگرتوکردنی هەمو چینە موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوکردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.”

بابزانین ئەم جیاوازیانەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئەنتەرناسیونالی کرێکاران و مارکسدا لە کوێوە سەرچوەی گرتوە؟

ئەم لێکدانەوەی لینین لە حزب لە زانستێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆ ڕۆشنکردنەوەی پێویستی و چۆنیەتی کاری حزبی سیاسی بورژوازی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕاستە، نەک بۆ حزبێکی کرێکاری کە فەلسەفە وبنەماکانی بون و کارکردنی پێچەوانەی حزبێکی بورژوازیە. بابزانین ئەم پێناسە لینینیە بۆ حزب کە بریتیە لە پلەکانی “جەماوەر- چین- حزب – سەرکردە” ، یان  ئەوەی” چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە” ، بۆچی لای چینی کرێکار ئەلف و بایەکی جیاوازە؟

 حزبی بورژوازی کە نوێنەری توێژێکە لە چینی بورژوازی دەتوانی ئەم پێناسەیە بکەی و بڵێی  کە گروپێکی تەقریبەن جێگرن. چونکە حزبە جۆراوجۆرە بورژوازیەکان بەرئەنجامی ململانێی توێژەکانی سەرمایەن کە لە نێو ئەم چینەدا بەهۆی چڕبونەوەی کەڵەکەی سەرمایەوە بەرژوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە کە پرۆسەی چڕبونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا واتە سەرکردەکان و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنوسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا. هەربۆیە ئەگەر چی بە گشتی هەموو ئەم حزبە بورژوازیانە پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری و کۆیلایەتی هێزی کاری کرێکارانن، بەڵام ئەم حزبانە لەنێوخۆیاندا هەندێ جار دەچنە شەڕی سەروماڵی لەگەڵ یەکتردا.

لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستەمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. هەربۆیە دروستبونی “حزب و سێکتە جێگیرەکان و سەرکردە نەگۆڕەکان” یاسای زاڵ بەسەر گەشەی سیاسی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا نیە. هیچ ئەنجامگیریەکی لەم جۆرە کە ،” چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە” ،بەو چەشنەی لای بورژوازی یاسایەکی سادەیە لای چینی کرێکار ناتوانێ سازگاربێ، مەگەر ئەوەی ئەم حزبە کرێکاریە ببێتە حزبێکی بیرۆکراتی و لەکاتی  بەدەسەڵات گەیشتنیشیدا بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی کەمینە.

بەپێچەوانەوە کرێکاران لەناو یەکتردا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوبون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە، لەبەرئەوەی ڕیگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن.

هەربۆیە بەپێچەوانەی فۆرم و میکانیزمەکانی کاری حزبە سیاسیە بورژوازیەکانەوە حزبە کرێکاریەکان بریتی نین لە ” چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان.”

گرامشی ئەمە زیاتر ڕوندەکاتەوە کە حزب و یەکێتی کرێکاری ڕیکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ئەم خواستە هاوبەشە دروست نابێ ئەگەر جەماوەری ئەم چینە نەیەنە مەیدانی سیاسەتەوە. حزب ئەو ئامڕازیە کە ئەم هاتنە مەیدانە ڕێکدەخا و چالاکی دەکا و جەماوەر ڕوناکبیر دەکا و ریفۆرمی مۆراڵی تیادا پێک دێنێ. بەڵام حزب نەک وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی بەڵکو وەک چینێک کە دەیەوێ دەوڵەتێک دروست بکا. چین حزب دروست دەکا ، وەحزبەکان شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەت پێک دێنن. حزب “ڕۆحی دەوڵەتە”. ئایا پرۆسەی ئەم دروستبونەی حزب چۆنە؟
هەموو چینێک ڕۆشنبیرانی خۆی هەیە. ئەمانە دەربڕینێکن لە گەشەی ستراکتۆری چینەکەیان و نوێنەرایەتی بەردەوامبونێکی مێژوویی دەکەن.ئەم کاتیگۆری و توێژی ڕۆشنبیرەی چینی کرێکار بە شێوەیەکی مێژوویی دروست دەبن ،لە ژێرکاریگەری گشتی لە کۆمەڵگەدا و بەپێی هەلومەرجی دروستبون ، ژیان و گەشەی چینەکەوە ،تا ئەرکی خۆیان نەک تەنیا لە بواری ئابوری بەڵکو لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا جێبەجێ بکەن، بەتایبەت لەوەڵامدانەوە بە مەسەلە ئاڵوزەکانی دەسەڵات پەیداکردنی چینەکە.

لەدرێژەی ئەم باسەدا کە چۆن گروپە جیاوازەکان دروست دەبن ؟ گرامشی دەڵێ؛”دروستبونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتون.

 بەڵام خۆجیاکردنەوەی ئەم گروپانە وەک سێکتی جیاجیا بەمانای زاڵبونی“سێکتاریزمە کە ناسیاسی بونە”. ئەم گروپانە ناتوانن حزبی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەن تالەم سێکتانە ڕزگاریان نەبێ. حزبی سیاسی کرێکاری پێویستە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و گروپ و بەرنامە پراتیکیەکانی سەرتاسەری چینەکەی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. حزب خۆی وشیاربونەوە و گەشەکردنی ئەم خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە لەناو ئەم چینە و توێژە ڕوناکبیرەیدا. ئەم حزبە کاتێ لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێ کە ” لێکدانەوەیەک لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هەبێ و نوێنەرانی هەوڵی خەبەرکردنەوەی ئەو خواستە هاوبەشە هەبێ و لە شکستەکانی ڕابردووی بکۆڵێتەوە” . هەروەها “کاتێک ئەم حزبە دەبیتە پێویستیەکی مێژوویی کە هەلومەرج بۆ “سەرکەوتن” ، و بۆ گەشەی بونی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لانی کەم لە پرۆسەی دروستبوندا بێت. وە ئەم دۆخە ڕێگە بە گۆڕان وئیڤۆلوشنی ئایندەی بدا و ئەم پێشکەوتنانە بەچاو ببینرێ.”

تێگەیشتنی مارکس و ئەنگلس لەم تێگەیشتنە بەرتەسک و سیکتاریستیە جیاواز بوە کە تا ئێستا زاڵە بەسەر هەموو بەشانەی بەناوی مارکسیزم ، لینینزم، ترۆتسکیزم ، ماویزم و حیکمەتیزم و هتد لەسەدەی ٢٠و تائێستاش هەرلەو قاڵبانەدان. ئەوان کۆمۆنیزمیان وا لێکداوەتەوە کە “ئامانج و مەیلە گشتیەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتی خۆیەوە سەرهەڵدەدا کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێ، هەروەها بزوتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە.”*11

ئەمە زانستی ئاناتۆمی سیاسی چینی کرێکار و خەباتە چینایەتیەکەیەتی . بەم پێی ئەم زانستە حزبی کرێکاری سەرەڕای بەرنامە و ڕەوت و مەیلە جیاجیاکانی نێو چینی کرێکار دەتوانێ هەموو ئەم بەرنامە و مەیل و ڕابەرانە جۆراوجۆرانە لەیەک قاڵبی حزبیدا کۆبکاتەوە ، چونکە بنەمای پێویستی حزبی کرێکاری  وەک ئەنتەرناسیونالی کرێکاری دەڵێ ” بۆ یەکگرتوکردنی هەمو چینە موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوکردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.” کەواتە حزبی چینی کرێکار دەبێ هەموو ئەو گروپە سیاسی و ڕیکخراوە جەماوەریانەی کرێکاران لە گشتێکدا دژ بە چینی بورژوازی و حکومەتەکەی کۆبکاتەوە لەبەرئەوەی کە”  ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ”*12

حزبی کرێکاری وەک ئەم ئامڕازە سیاسیە خۆی لەسەر بنەمای ململانێی مەیلەکان دروست نەبوە و ئامانجی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێو چینی کرێکار نیە، وەک لە حزبی بورژوازیدا وایە. بەپێچەوانەوە حزب لێرەدا ئەرکی نەهێشتنی ئەو ناکۆکیانەی نێو چینی کرێکار و یەکگرتوکردنی سەرجەم چینەکەیە و دواتریش کۆتایی هێنان بە خودی پێویستی حزب و دەسەڵاتی سیاسی حزبە لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا.

کێشەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئەم بنەمایانەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاریدا لەوەشدایە کە ئەم فۆرمە بەلشەفیە لە حزب، تەنیا یەک بەش و زیاتریش نوخبەیەک لە ڕۆشنبیران بە خاوەنی حزب دەزانێ، کە بە بەرنامەیەک و هێڵێکی سیاسی خۆی لە باقی چینەکە جیادەکاتەوە. ئەم جیابونەوەیە بە مانای هێشتنەوەی حزبە وەک کەمایەتیەک  و ئەم سێکتەش دواتر لەناو خودی حزبیشدا بەردەوام ڕوو لە چڕبونەوە لە دەستەیەکی هەڵبژێردراودا دەکا کە میکانیزمەکانی مانەوەی ئەم دەستەیە مسۆگەر دەکا. هەربۆیە لای لینین حزب لەکۆتاییدا بریتیە لە ” گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان” نەک لە هەموو چینی کرێکار کە دەیەوێ کۆمەڵگەیەکی دوور لەدەسەڵاتی سیاسی کەمایەتی و نوخبە دامەزرێنێ.

هەربۆیە حزبی کەمایەتی بۆ حوکم کردن بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگەدا بەناچاری فۆرمێکی بیرۆکراتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ . بیرۆکراتیزم حوکمی کەمایەتیە لە بنەڕەتدا و نیشانەی جیابونەوەی حزبە لە سەرجەم چینەکە. لە کاتێکدا حزب جێگای چینی کرێکار دەگرێتەوە و سەرکردەش جێگای حزب دەگرێتەوە، ئیتر حزب و سەرکردە وەک کەمایەتیەک حوکمی چینەکە دەکەن بەناوی نوێنەرایەتیەوە، ئەمە لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی بیرۆکراتی و دیکتاتۆری فەردیش بەرهەم دەهێنێ. هەربۆیە بیرۆکراتیزم لە دەولەتی سۆڤیەتدا بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئابوری نەبوە ، وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ 13*،بەڵکو بەرهەمی مۆدیلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کە کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکا و لەسەرەتاوە لە هەناوی حزبدا بوە و دواتر کە ئەم ڕۆحی دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتی بەلشەفی یەکسەر نیشانەکانی دەبینین.

هەربۆیە مانەوەی توخمی سیکتاریزم لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا نیشانەی ڕەنگدانەوەی نەبونی ئەو وشیاریە چینایەتیەیە سەبارەت بە خواستی هاوبەشی کرێکاران و مانەوەی سیکتاریزم بەمانای نەبونی دۆخی سەرکەوتنە و دروستنەبونی ئەو فشارەی پیویستی مێژووییەیە. هەربۆیە سێکتاریزم ڕوو لە فراکسیۆنیزم دەکا و ناتوانێ لە ناوخۆی حزب و چینی کرێکار لەو قۆناغانەدا کە توشی گۆڕانی هەلومەرجی دەرەوە دەبێ بەشێوەی فراکسێۆنی دەورەی ڕاگوزەری تێپەڕێنێ تا دواتر لە ڕیگەی یەکێتی ئیرادە و سەنترالیزمێکی دیموکراتیەوە سەرجەم ئاستەکانی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری و یەکپارچە کۆبکاتەوە. بەگشتی کاتێک ئەم جیابونەوە سێکتاریستیانە دەبێ لە ناو چینێکدا پێویستە ئەو”بنەما و مەبدەئە دیاریکراوەکانە چاک بکرێ ” کە زاڵن.

لێرەوە جیاوازی نێوان خۆدیسپلینی ڕۆزا لۆکسبۆرگ لەگەڵ دیسپلینی بیرۆکراتی لینین تێدەگەین.

ئەم حزبە سێکتاریستە نەک وەک ” ڕیکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ” بەڵکو وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی کە سێکتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسپلینێکی دیاریکراوی هەیە کاردەکا . خۆدیسپلینیەک کە کرێکار لە خەباتی چینایەتیەوە فێری دەبێ و پشت ئەستورە بە ئامانجی کۆمەڵایەتی گۆڕینی کۆمەڵگەی ئینسانی ، لەم حزبەدا جێگای نیە و لە جیاتی ئەو دیسپلینی کوێرانەی سەربازی جێگای دەگرێتەوە.

بیرۆکراتیەت لەگەڵ ئەم سێکتاریزمدا دوانەن و تەواوکەری یەکترن. کاتێک سێکتاریزم دەبێتە قاڵبی حزب و بزوتنەوەیەک ئەوا میکانیزمی کارکردنی ئەم حزب و گروپە بیرۆکراتیانە دەبێ. کێشانی ئەو سنورانەی کە حزب و گروپەکە خۆیان لە یەکتری پێ جیادەکەنەوە دەبێتە شێوازی جیابونەوەی ئەم گروپی ڕۆشنبیرانە لە چینەکەش. لەم حاڵەتەدا کە لیدەرەکان و جەماوەر هاوئاهەنگ نابن ئەوا “ڕابەرەکان” توشی شەلەل دەبن و حاشیەیی دەبن. “لە نەبونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە” ، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن. هەربۆیە توشی کاردۆنیزم دێن، واتە هەوڵنەدانی لیدەر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو کەسانەی لیدەریان دەکا و داوای دیسپلین و ملکەچیان لێ دەکات بەبێ نیشاندانی عەقلانیەت. لە کاتێکدا لە حزبی کرێکاریدا ئەبێ لە گروپی لیدەری بپرسرێتەوە نەک ملکەچی بیت. ئەمە جیاوازی فەلسەفەی حزبی کرێکاریە لە حزبی بورژوازی کە سەرەوە خزمەت دەکا نەک سەروەر بێت.

لە کتێبی “میری مۆدێرن”دا گرامشی ،باسی سەنترالیزمی دیموکراتیک وەک پێچەوانەی سەنترالیزمی بیرۆکراتیک دەکا. ئەو باسی پەیوەندی “ئۆرگانیکی” بەشەکانی حزب دەکا نەک دابەشکردنی پۆستەکانی ڕابەری و ئەندام و ملکەچی خوارەوە بۆسەرەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕیکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا ، وەک یەک بونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچیوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕیکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب ودەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.

دواتر لە پراتیکی حزبی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا ئەم ڕاستیە دەبینین کە “دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” هەربۆیە گرامشی بیروکراتیەت وەک خەتەرترین پەیوەندی شاراوە باس دەکا و وەک هوبسبام دەڵێ “گرامشی ئاگاداربوە لە خەتەری بیرۆکراتی و مەرکەزیەتی بیرۆکراتی و دژی گەشەی ستالینی بوە لە سۆڤیەتدا و ئەمە کێشەی لە زینداندا بۆ دروست کردوە. ئەمە هەمان ئەو هوشداریانەیە کە مارکس دەیدات کاتێک دەڵێت”چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرانەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ” و فێرمان دەکا کە حزب و سیاسەت ئامڕازن بەدەست چینی کرێکارەوە بۆ ئامانجی کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتی و هەرکات ئەم ئامڕازانە پیرۆزکران ئەوا بزانن کە ئامانجەکە لە پیرۆزی کەوتوە.

بەڕۆشن بونەوەی ئەم گۆڕانکاریانەی بەلشەفیزم بەسەر مۆدیلی حزبی کرێکاری جێگا مەبەستی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاراندا هێنای ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە کێشەی مۆدیلی بەلشەفی تەنیا ستالین نیە ، وەک ترۆتسکی و تۆنی کلێف دەڵێن ،یان “نەبونی بەرنامەی ئابوری نیە” وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ بەڵکو مۆدیلی ئەو سۆشیالیزمەیە کە خۆی لە حزب و دەوڵەت و ئابوریدا وەک پاکێجێک نیشان دەدا. مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی. هەربۆیە وەک لەسەرەتاوە وتمان پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم مۆدێلی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا و لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو.کە لەبەشەکانی داهاتودا درێژە بە شرۆڤەی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفی دەدەین بۆ تێگەیشتن لە سەرجەم ئەم مۆدیلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

ئەوەی ئەنجامگیری ئەم بەشەیە گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەمایەی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لەسەر پیویستی بونی حزبە کرێکاریەکان وەک حزبی هەموو  چینەکە و کارکردنی ئەم حزبە بۆ یەکخستنی خەباتی سیاسی و ئابوری دژی سەرمایەداران و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هەموو چینی کرێکارەوە بۆ گەیشتن بەڕزگاری ئابوری و نەهێشتنی چینەکان و کۆمەڵگەی چینایەتی. ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری دەتوانێ وەڵامی ئەو هەموو دابەشکردن و جیابونەوانە و لەیەکتر دابڕانە بداتەوە کە ئێستا ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان دەرگیرین و خستونیەتە پەراوێزی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی کرێکارانی لاوازکردوە. بەتایبەت ئەم باسە لەم دەورانە شۆڕشگێڕانەی جیهانی ئەمڕۆدا چارەنوسی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ئێستای دژی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری گلۆباڵ دیاری دەکا بەوەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەبنە هیزێکی کۆمەڵایەتی خاوەن هەژمونی سیاسی و حزبی کە وەک بەدیلی سەرمایەداری جارێکی تر هێزی چینایەتی خۆیان نمایش بکەن یان هێشتا درێژە بە مێژووی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی شکستخواردووی سەدەی ٢٠ و بەلشەفیزم دەدەین؟ ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە دەبێ بەپراتیکی لە خۆمانی بگرین تا بتوانین لەم پاژنەی ئەشیلەی سێکتاریزم ڕزگاربین.

سەرچاوەکان

*1 مارکس، ئەنتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1864/rules.htm

*2 مارکس، بڕیارنامەی ئەنتەرناسیونال ، ١٨٧٢https://www.marxists.org/archive/marx/iwma/documents/1872/hague-conference/resolutions.htm2

*3 مارکس و ئەنگلس، مانیفیستی کۆمۆنیست

https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf

*4 ئەنگلس ، ڕەخنە لە بەرنامەی ئیرفۆرت

 https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm 

*5 ترۆتسکی ، کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”  https://www.marxists.org/archive/trotsky/1904/tasks/ch04.htm

*6 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکان

https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm

 *7 ئارنست ماندل، سەبارەت بە خۆڕیکخراوەیی چینی کرێکار و حزبی پێشڕەو،  https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm

 *8 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکان

https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm

*9  لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا

https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm

*10 هەمان سەرچاوە

https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm

*11 گرامشی ، پەڕاوەکانی زیندان، سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

https://asokamal.com/index/?p=1577

*12

 https://asokamal.com/index/?p=1750

*13 ttp://hekmat.public-archive.net/ هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت، مه‌نسوور حیکمه‌ت

 

 

 

 

بەشی ١٣

 

مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتی بەلشەفیزم چیە؟

ناکۆکی نێوان دیکتاتۆریەتی حزب و هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان

 

لە کاتی دەسەڵاتدا مۆدیلی حزب لەبواری پراتیکی چینایەتی و کۆمەڵایەتیدا بەتەواوی دەردەکەوێ. تیۆری جێنشینی حزب  لە جێگای چینی کرێکار ،کە لەلایەن لینین هێنرایە ئارا ، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کاتێ بەلشەفیەکان دەسەڵاتیان گرت بەتەواوەتی جێبەجێ کرا. بە پێی ئەم تیوریە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بوە دیکتاتۆریەتی حزب، چونکە بەلای لینینەوە، حزب و چینەکە دوو شتی جیاواز نین، هەربۆیە جێنشینی حزب لە جێگای حزب و دیکتاتۆری بەلشەفیەکان لەجێگای پرۆلیتاریا لای ئەو ڕەوایەتی هەیە.

  لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی  ئەڵمانیا و ڕۆزا لوکسبورگدا ،کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ” ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.”*1

بەڕای لینین ئەم پرسیارە جگە لە تێکەڵوپێکەڵی فکری شتێکی تر نیە ، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بنەمای مۆدیلی سیاسی دەسەڵاتە لای بەلشەفیزم. بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بوە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا.هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە.

بەم پێیە مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم بریتیە لە دیکتاتۆری حزبێک کە بەناوی پرۆلیتاریاوە حوکم دەکا. واتە نەک حوکمی ڕاستەوخۆی چینێک بەڵکو حوکمی ڕاستەوخۆی حزبێک. بەڵام ئەگەر وایە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” ی شۆڕشی ئۆکتۆبەر چی لێهات؟ بەپێی تیوری جێنشینی ،حزب نوێنەری چینی کرێکارە کەواتە بۆچی شوراکان پێویستە و دیکتاتۆریەتی حزب چی لێ دێت ئەگەر شوراکان هەموو دەسەڵاتێک بن؟ ئایا ئەم دوو قوتبیەی دەسەڵاتدارێتی حزب و شورا چۆن چارەسەر کرا لە سۆڤیەتدا؟

لە سیستەمی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیدا شوراکان لەڕێگەی سیستەمێکی هەڵبژاردنەوە نوێنەرانێک هەڵدەبژێرن کە ئەوان دەبن بە نوێنەری چینەکە لە دەسەڵاتدا.بەڵام لەهەمان کاتدا لەم سیستەمەدا حزب ،کە تەنیا حزبی نوێنەری چینی کرێکارە و بەو پێیەش کە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ چینی کرێکاردا نیە، خۆی دەبێتە نوێنەری ئەم چینە ئیتر دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ شورادا ئەگەر شوراش ببێتە نوێنەری چینەکە. ئەم دوو نوێنەرایەتیە نابێ و دەبێ لایەک نوێنەر و دەسەڵاتداربێ. یاخود دەبێ لە شورادا جگە لە حزبی بەلشەفی هیچ نوێنەرێکی تر نەبێ. یاخود دەبێ لە کۆتاییدا نوێنەری شورا لەژێر دەسەڵاتی حزبدا بێ و نوێنەرە ناحزبیەکان دەسەڵاتیان نەبێ تاکو بتوانرێ نوێنەرایەتی حزب و دیکتاتۆریەتی حزب هەمان شت بن ،وە دیکتاتۆریەتی حزب ناکۆک نەبێ بەو نوێنەرانەی شورا کە دژبەحزبی بەلشەفین یان ناکۆکن لەگەڵیدا. چونکە ئەگەر لە شوراکاندا نوێنەرانی حزب قبوڵ نەکران ئەوکاتە چی لە دیکتاتۆریەتی حزب و تیۆری نوێنەرایەتی وجێنشینی حزب لە جێگای چینی کرێکار دێت؟ ئەمە ئەو کێشەیە بوو کە سیستەمی سیاسی بەلشەفیکی لەگەڵ سیستەمی شورایی و نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جوتیاران و سەربازاندا هەیبوو. بڕیاربوو سیستەمی بەلشەفی سیستەمی سیاسی سەرمایەداری هەڵوەشێنێتەوە و لە جێگای دەزگای نوێنەرایەتی کەمینە دەزگای ئیداری کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە هەموو بەشداربن تیایدا و کاروباری دەوڵەت ببێتە کارێکی ئیداری ناسیاسی کە هەموو هاوڵاتیەک بتوانێ بەشداری تێدابکا نەک ببێتە ئیمتیازی حزبێکی سیاسی دیاریکراو کە دەسەڵاتی کەمایەتی خۆی بەناوی نوێنەرایەتی چینەکەوە بسەپێنێ.

حزبی کرێکاری ئەو قوتابخانەیەیە کە کرێکاران تیایدا فێردەبن کە چۆن خۆیان ئیدارەی کۆمەڵگە بگرنە دەست کە چیتر هۆیەکانی بەرهەمهێنان بەدەست کەمایەتیەکەوە نەبێ کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی زۆربەی کۆمەڵگە بکاتە کۆیلەی کرێ. ئەم حزبە لەکاتی گرتنە دەست دەسەڵاتی سیاسیدا جیاوازی بنەڕەتی خۆی لە بورژوازی وەک کەمینەیەک بەوە نیشان دەدا کە دەسەڵات دەکاتە موڵکی گشتی و ڕیگە بە پاوانکردنی دەسەڵات نادات لەلایەن کەمینەیەکی حزبیەوە. لەم پێناوەشدا پێویستی بەفراوانکردنەوەی ڕیزەکانی حزب و ڕیکخراوە کرێکاریە جەماوەریەکان و ئەو دامودەزگایانەیە کە جەماوەر لەڕێگەیەوە ئیدارەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە دەگرنە دەست و پیویستیان بە بونی کەمایەتی و نوخبەیەکی سیاسی نامێنێ بۆ ئەوەی لە جێگای ئەوان و بەناوی نوێنەرایەتی ئەوانەوە حوکم بکا. ئەمە پێی دەوترێت دیکتاتۆری چینێک واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا. ئەمە ناوەرۆکی شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەلایەتیە کە چینی کرێکار تیایدا دامودەزگاکانی نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و ئیدارەی ڕاستەخۆ و خۆبەڕێوەبەری ڕاستەوخۆ دادەمەزرێنێ .

لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کۆنگرەی شوراکان کە زۆرایەتی بەلشەفیەکان بوون گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆ شورای کرێکاران و سەربازان و جوتیاران پەسەندکرد. سەرەتا حزبی بەلشەفیک و باڵی چەپی سۆشیال شۆڕشگێڕەکان حکومەتیان پێک هێنا و دواتر کۆنگرەی شوراکان ئەم نوێنەرانەی بەڕەسمی ناسی . بەڵام دوای ئەمە کاری شوراکان وەک دەسەڵاتی باڵا تەواو بوو و حکومەتی بەلشەفیەکان بوە دەسەڵاتی باڵا و شوراکان بونە جۆرێک لە پەرلەمان کە تەنیا جیاوازیان لەوێدا بوو کە لە خوارەوەش وەک ئۆرگانی لۆکاڵی هەبون. ئیتر سیستەمی شورایی بوو بە هەمان سیستەمی هەڵبژاردنی نوێنەران و ئەم نوێنەرانەش لە سیستەمی دەسەڵاتداری حزبدا جێگەوڕێگەیان دیاری دەکرا و لەژێر فەرمانی حزبدا بوون و نەک لە ژێر فەرمانی ئەو کەسانەی هەڵیان بژاردبون. بەم پێیە نوێنەرانی شورا و شوراکان دەبونە دەزگایەکی شەرعیەتپێدانی دەسەڵاتدارێتی حزب و حزبیش بەپێی ئەوەی خۆی نوێنەری چینەکەیە دەیتوانی ئەم جێگای ئەم نوێنەرانە لە دەسەڵاتدا دیاری بکا نەک نوێنەرانی شورا جێگەی حزب لە دەسەڵاتدا دیاری بکەن. حزب وەک  جێگرەوەی شورا و چینەکە خۆی بڕیاری لەسەر هەموو شتێک دەدا بەپێی ئەو شەرعیەتەی کە تیۆری “دیکتاتۆری حزب هەمان دیکتاتۆری پرۆلیتاریایە” پێی دابوو. بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە لە شۆڕشی چینێکەوە بەرەو دەسەڵاتی تاک ڕەوانەی حزبێک، لە پرۆسەیەکدا جێبەجێکرا و کارێکی یەکسەر و کتوپڕ نەبوو. گۆڕان لەوەی شورای چەکداری کرێکاری و سەربازی و جوتیاری هەبوو و وە کۆمیتەکانی کارگە و مانگرتنی کرێکاران و فراکسیۆنی ناو حزب و ناڕەزایەتی سەندیکا کرێکاریەکان بەدژی ئەم تیۆریەی کورتکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی نوخبەیەکی حزبیدا بە پرۆسەیەکی ململانێی سیاسی و فکری و سەرکوتی ئازادیەکاندا تێپەڕی. لێرەدا چەند نمونە لەم ململانێ و کێشمەکێشە لە سۆڤیەت و ناو حزبی بەلشەفیدا دێنینەوە.

سەرەتا ڕۆزا لۆکسبۆرگ لە ساڵی ١٩١٨یشدا وەڵامی ئەم تێۆری جێنشینیەی حزب و دیکتاتۆری حزب لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا و پەیوەندی سۆشیالیزم بە ئازادیە سیاسەکانەوە بەم شێوەیە دەداتەوە لە وتاری شۆڕشی ڕوسیادا دەڵێ: (پەرەگرافی ١،٢و٣ ئاخر)*2

شتێک هەیە (سۆشیالیزم) سیاسیە لە کاراکتەردا، هەمان شت ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە. هەموو جەماوەر دەبێ بەشداری بکا.ئەگینا سۆشیالیزم دەبێتە بڕیاردەرکردن لە پشتی چەند مێزێکی ڕەسمیەوە لەلایەن دەرزەنێک ڕوناکبیرەوە. لینین . بەتەواوەتی بەهەڵە مانای شتەکان جێبەجێ دەکا. بڕیار، هێزی دیکتاتۆری چاودێری کارگە، سزای وەحشیانە، حوکمڕانی لەڕێگای تیرۆرەوە- هەمو ئەم شتانە تەنیا ئازارشکێنە. تەنیا ڕیگایەک بۆ لەدایکبونێکی سەرلەنوێ قوتابخانەی ژیانی گشتی خۆیەتی، بێ سنورترینە، فراوانترین دیموکراسی و ڕای گشتی. حوکمڕانی بە تیرۆر تێکدانی ڕەوشتە.

بەبێ هەڵبژاردنی گشتی، بەبێ ئازادی ڕۆژنامەگەری و کۆبونەوەی ڕیگە لێ نەگیراو، بەبێ ئازادی ڕادەربڕین، ژیان دەمرێ لە هەموو دامەزراوەیەکی گشتیدا، ئەبێتە ڕوکەشێکی ڕوت، لەوێدا تەنیا بیرۆکراسی وەک توخمێکی چالاک دەمێنێتەوە. ژیانی گشتی بەشێوەیەکی پلەبەپلە خەوی لێدەکەوێ، چەند دەرزەنێک سەرکردەی حزب کە توانایەکی نەگۆڕ و تەجروبەی بەرتەسکیان هەیە بەڕیوەدەبەن و فەرمانڕەوایەتی دەکەن. لە نێویاندا ، لەڕاستیدا تەنیا یەک دەستە سەروکەلەیان دیارە کە لیدەری دەکەن و نوخبەیەکیش لە چینی کرێکار بانگێشت دەکرێن جاربەجارێک بۆ کۆبونەوەکان کە لەوێن بۆ چەپڵەلێدان بۆ وتاردانەکانی لیدەرەکان، بۆ سەلماندنی ئەو بڕیارە پێشنیارکراوانە بە شیوەیەکی نادیار- لە خوارەوە، ئیتر، کۆمەڵە مەسەلەیەک- دیکتاتۆریەتێک، ئەبێ دڵنیا بکرێتەوە، نەک دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەڵکو تەنیا دیکتاتۆریەتی دەستەیەکی سیاسی،ئەمە دیکتاتۆریەتە بەمانایەکی بورژوازی.”

بێگومان لەگەڵ ئەم قسانەی ڕۆزادا  لە ناو حزبی کرێکاری بەلشەفی ڕوسیادا فراکسیۆنی جۆراوجۆر هەمان ڕەخنەیان لە مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی هەبوو و دەیانویست کە وەڵام بەم لادانانەی حزب بگرن لەوەی لە حزبێکی کرێکاریەوە بەرەو حزبێکی بورژوازی هەنگاوبنێ.

ئەلیکساندرا کۆلۆنتای لەساڵی ١٩٢١ دا لە گروپی” ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی لە وتاری ” دەربارەی بیرۆکراسی و خود-چالاکی (Self-activity) جەماوەری”دا دەڵێ؛” ئێمە ئازادی نادەین بە چالاکی چینایەتی، ئێمە لە ڕەخنە دەترسین، ئێمە وازمان هێناوە لەپشت بەستن بەجەماوەر: هەربۆیە ئێمە بیرۆکراسیمان لەگەڵدایە.” تەنانەت دەوری شوراکان و هەڵبژاردنی شوراییش نامێنێ و لە جێگایدا دەست نیشانکردنی پۆست لەلایەن حزبەوە جێگای دەگرێتەوە و لێرەدا کۆلۆنتای هاوار دەکا” دەستنیشانکردن تەنیا وەک کارێکی دەگمەن ڕیگە پێدراوە. بەم دواییانە ئەمە ئاشکرابوە وەک یاسایەک. دەستنیشانکردن کارەکتەری بیرۆکراسیە، وە ئێستا گشتی کراوە، یاسایی کراوە و باش – ڕیکخراوە کە ڕۆژانە دەردەکەوێ.” *3

ترۆتسکیش لە کتێبی” شۆڕشی خیانەتلێکراو” ئەم واقعیەتەی کە لەنێو شوراکان و لەنیو حزبیشدا چینی کرێکار و حزب و فراکسیۆنە کرێکاری و جوتیاریەکان سەرکوت کران و قەدەغەکران باس دەکا و دەڵێ؛” حزب لەسەرەتادا دەیویست کە ئازادی ململانێی سیاسی لە چوارچیوەی شوراکاندا بپارێزێ. بەڵام شەڕی ناوخۆ لێدانێکی کوشندەی دا لەم ویستە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، یەک بەدوای ئەوی تردا قەدەغەکران، وە سەرکردەکانی بەلشەفی ئەم ڕێکارانەی دژی ئایدیای دیموکراسی شورایی بوو وەک پێویستیەکی کاتی بۆ بەرگری دەبینیەوە، نەک بڕیارێکی مەبدەئی.دواتر کاتێ ڕاپەڕینی کروتشتادت بوو کە ژمارەیەکی تاڕادەیەک باشی بەلشەفیەکانیشی لەگەڵ بوو، کۆنگرەی دەیەمی حزب بڕیاری هەڵوەشانەوەی فراکسیۆنی دا..تیوریەکی تریش لەپاڵ “تیۆری سۆشیالیزم لە تەنیا وڵاتێکدا” داڕیژرا، تیۆریەکی تر بە قازانجی بیرۆکراسی، ئەوەی کۆمیتەی ناوەندی هەموو شتێکە بۆ بەلشەفیەکان ، بەڵام حزب هیچ نیە.” *4

ئەم سێ نمونانەی ڕۆزا و کۆلۆنتای و ترۆتسکی لە شاهیدەکانی مۆدیلی سیاسی دەوڵەتی بەلشەفی نیشانمان دەدا کە چۆن دیکتاتۆریەتی حزبی ناکۆکە بەو تێڕوانینانەی مارکس و ئەنگلس ،کە لینین خۆی لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لەسەر دەوڵەتی کرێکاری هێناویەتی. لەوێدا ئینگلس دەڵێ” یەکەم هەنگاو کە دەوڵەت بەڕاستی وەک نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگە دەستی بۆدەبات ، واتە دەستبەسەرداگرتنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بەناوی کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا دوایین هەنگاوی ڕاستەوخۆی ئەوە وەک دەوڵەت.”*5

دەوڵەتی بەلشەفی دوای گۆڕینی موڵکایەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویە گەورەکان بە موڵکی دەوڵەت بەپێچەوانەوە لەسەرجەم بوارەکانی سیاسی ، ئابوری و فەرهەنگیدا ڕۆڵی تایبەتی دەوڵەتی حزبی زیادکرد.

لە کاتی دەسەڵاتدا ئێمە لەبەردەم حزبداین لە گەشەکردوترین ئاستی خۆیدا ،ئەویش گۆڕینی حزبە بە دەزگای دەوڵەت. بەڵام چ دەوڵەتێک؟ ئایا دەوڵەتێک کە تەنیا بەشێکی چینی کرێکار بەناوی هەموو چینەکەوە حوکم دەکا؟ بێگومان نەخێر. چونکە فەلسەفەی کۆمۆنیستەکان لە دەسەڵاتی سیاسی وەک مانیفیستی کۆمۆنیست دەریدەبڕێ بریتیە لە ” گرتنی دەسەڵاتی سیاسیە لەلایەن چینی کرێکارەوە”.* 6

لێرەدایە کە  حزب دەبێ ڕیگا بکاتەوە کە لەم خەباتە سیاسیەدا دژی بورژوازی هەموو چینی کرێکار و بە هەموو حزبەکانیەوە بەشداری بکەن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەلشەفیەکان لە پێش ئۆکتۆبەر ئەم دروشمەیان بەرزکردەوە کە ” هەموو دەسەڵات بۆ شوراکان”، بەڵام تیۆری دیکتاتۆری حزبی لە جێگای دیکتاتۆری پرۆلیتاریا خودی ئەم دروشمەی پێشێلکرد. لە کۆنگرەی یەکەمی شورکاندا دەبینین کە لە ژمارەی دەنگەکاندا ؛ سۆشیال شۆڕشگێڕەکان زۆرینەن ، مەنشەفیەکان دوای ئەوان دێن و بەلشەفیەکان کەمینەن. بە کاریگەری شەپۆلی شۆڕش و چونە سەری وشیاری و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران دژی حکومەتی بورژوازی کرنسکی، لە کۆنگرەی دوەمی شوراکاندا دەنگی بەلشەفیەکان دەبێتە زۆرینە (٣٩٩ لە کۆی ٦٤٩)* 7

بەڵام ساڵێک دوای دیکتاتۆریەتی حزبی لە کۆنگرەی شوراکاندا لە کۆتایی ١٩١٨ ڕیژەی دەنگی نوێنەرانی بەلشەفی دەبێتە زۆربەی ڕەها لەبەرئەوەی پرۆسەی یەکلابونەوەی دەسەڵاتی ڕەها بەپێی دیکتاتۆریەتی حزبی هەرچی حزب و ڕیکخراوەی ترە  کە لەشوراکاندا بوون لە گۆڕەپانی سیاسی کردە دەرەوە. بەم پێیە  شوراکانیش بونە پاشکۆی حزب لە جیاتی ئەوەی حزب لەگەڵ شوراکان و کۆمیتە کرێکاریەکان و سەندیکا و حزبە کرێکاریەکانی تردا نمونە و مۆدێلێکی سیاسی نوێ لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی دروست بکا، حزب بوە قاڵبێک کە هەموو چالاکیەکی سیاسی چینەکەی تێدا بەرتەسک کرایەوە. ئەمەش نیشانەی جیابونەوەی حزبی  بەلشەفی لە چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاران دروستکرد.

لینین و بەلشەفیەکان نەک بەهێزی حزبی بەڵکو بە هۆی لە ئارادابونی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار کە سێ شۆڕشی دژی قەیسەریەت و بورژوازی ڕوسیا کرد توانیان دەسەڵات بگرن. کۆمیتە کرێکاریەکانی کارگە و شورای جوتیاران و سەربازان دەوڵەتی بورژوازیان ئیفلیج کرد ، ئەمانە ئەو بەڵگانە بوون کە لای لینین جێگای جەختکردنەوەبون بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە بەلشەفیەکان دەتوانن سەرکەوتوبن و لە دەسەڵاتدا بـمێننەوە.*8

بەڵام لە پاش شۆڕش حزب لە جیاتی بەهێزکردنی ئەم ئۆرگانانە کەوتە جێگرتنەوەی ئەم ئۆرگانانە بە کەسانی حزب کە لەسەرەوە دیاری دەکران و مەکتەبی سیاسی حزب بوە هەمەکارەی دەوڵەتی سۆڤیەت. لینین خۆی شاهیدی ئەم دۆخەیە  کە باسی سەرهەڵدانی بیرۆکراتیزم وەک دیاردەیەک لە ١٩١٩ەوە دەکا و دواتر ١٩٢١ دەڵێ بیرۆکراتیزم “بەشێوەیەکی  ڕۆشنتر و ترسناکتر دەردەکەوێ”.”دەزگای مەرکەزی دەوڵەتی ئێمە لە ماوەی ٣ساڵ و نیوی ڕابردودا چوەتە قۆناغێکی واوەکە ئیتر شێوەی چەقینێکی زیانبەخشی’بیرۆکراتی’ بەخۆوە گرتوە”.”بۆ خەباتی سەرکەوتوانە دژی بیرۆکراتیزم و وەبۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو چەقینە زیانبەخشەدادەبێ هێزی نوێ لە خوارەوە بهێنین.”* 9 بەڵام “ئێمە بەهیچ شیوەیەک و بەهیچ شیوەیەک لە هێنانە پێشی سیستماتیک و پەیگیری هێزەکانی خوارەوە بۆ سەرەوە کارناکەین.”*10.

ئەو دەڵێ بنەمایەکی تری ئابوری ئەم دیاردەیە دەڵێ”لە وڵاتی ئێمەدا بریتیە لە ‘پەرژوبڵاوی بەرهەمهێنەرانی بچوک، هەژاری، بێ فەرهەنگی، نەخوێندەواری، نەبونی ئاڵوگۆڕ لە نێوان کشتوکاڵ و پیشەسازی و نەبونی پەیوەندی لەنێوان ئەم دوانە و کاریگەریان لەسەریەکتر.”بەڵام ئینکاری لەوە دەکا کە بیرۆکراتی لەناو دەزگای سەربازی و دادوەری و ئەوانی تردا هەبێ، هەرچەند لەو دەزگایانەدا هەن کە ئیدارەی سوپا دەکەن! *11

لە ئاستی حزبیشدا باسی ئەم بیرۆکراتیزمە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناکرێ لەلای لینینەوە، بەڵکو تەنیا ئاماژە بەو دیاردانە دەدا کە خۆی نیشانەی ئەم بیرۆکراتیزمەیە و دەڵێ “لەنیوان حزب و دەزگاکانی سۆڤیەتدا شیوازێکی ناتەندروست هاتۆتەئارا..هەموو شتێکی وەزارەتەکان دەبرێتە مەکتەبی سیاسی.پیویستە وەزارەتەکان بەرپرسی کاری خۆیان بن و وانەبێ کەیەکەم بچێت بۆ وەزارەتەکان و دواتر بۆ مەکتەبی سیاسی.دەبێ ئۆتۆریتەی شورای وەزارەتەکانی وڵات ببرێتەسەر.”*12

کەواتە بیرۆکراتیەت بەهۆی تەنیا شیوەی بەرهەمهێنانی بچوکەوە نیە بەڵکو بەپێی ئەم قسانەی سەرەوەی لینین ،لەوکاتەدا کە سەرمایەداری دەوڵەتی ، واتە بەرهەمهێنانی پیشەسازی گەورە،دەبێتە سیاسەتی حزب ئەم دیاردەی بیرۆکراتیەتە لەڕەوتی گەشەکردنیدایە چ لەناو حزب و چ لەدەوڵەتدا.

ئەم مۆدیلەی دیکتاتۆری حزبی کە خۆی سەرچاوەی بیرۆکراتیزمە زۆرزوو ناکۆکی لەگەڵ ئەو قسانەی لینیندا پەیدا دەکا کە لە کتێبی “دەوڵەت و شۆڕش”دا لە٦ خاڵدا دەیوت ” شوراکان نمونەیەکی نوێن لە دەوڵەت کە دەزگای کۆنی دەوڵەت تێک دەشکێنن و دەزگایەکی نوێی دوور لە بیرۆکراتی دروست دەکەن.”  * 13

ترۆتسکی دوای دەرکردنی لە دەسەڵات لەلایەن ستالینەوە لەباسی ئەم پرۆسەیەدا بە ڕاشکاوانە دەڵێ” قەدەغەکردنی حزبە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆن گەیشت بە قەدەغەکردنی چالاکی فراکسیۆنی. قەدەغەی فراکسیۆنی گەیشت بە قەدەغەکردنی بۆچونی ناڕازی بە ڕابەریەک کە هەڵە ناکا. دەسەڵاتی پۆلیسی و بێ ڕەقیبی حزب بوە هۆی پاراستنی دەزگای ئیداری و ئەمەی تا سەرکوت و گەندەڵیەکی تەواوبرد.” *14

ئەم مۆدێلەی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی لە ژیانی سیاسی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ڕوسیادا پرۆسەیەکی لە پێشێلکردنی ئازادیە سیاسیەکان دروستکرد کە نەک بورژوازی بەڵکو ناو چینی کرێکار و حزبی بەلشەفی کرێکارانیشی گرتەوە. شوراکانیش کە بنەمای بەدەسەڵات گەیشتنی بەلشەفیەکان بوو لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا وەک ترۆتسکی دەڵێ؛” شوراکان جێگای خۆیان چۆڵکرد بۆ دامودەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لە جەماوەر.” *15

حزب کە دەبوایە لەڕیگەی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیەوە جگە لە تێکشکاندنی بەرگری سەربازی بورژوازی ئەرکی تری سیاسی نەبوایە. بەوپێیەی ئەنگلس دەیوت ” کاتێک بەشی سەرەکی ئەرکەکانی دەوڵەت دەبێ بەحسابکردن و چاودێری لەلایەن کریکاران خۆیانەوە، لەکاتەدا دەوڵەت ئیتر “دەوڵەتی سیاسی” نامێنێ، لەوکاتەوە ” ئەرکە گشتیەکان لە ئەرکی سیاسیەوە دەگۆڕێن بە تەنها ئەرکی بەڕیوەبردنی ڕوت.” * 16

ئەمە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕزگاربون لە دەست دەوڵەتی بیرۆکراتی .واتە ڕیکخستنی چینی کرێکار و کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی بنەماکانی بەڕێوەبردن لە دەوڵەتی سەرمایەداری بە فۆرمی بیرۆکراتی و سەربازیەکەیەوە بۆ فۆرمی خۆبەڕیوەبردنی ئیداری بەبەشداری هەموو هاوڵاتیان. واتە هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگای بیرۆکراتی کەمینە و هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و دەزگایەکی  سەرکوت کە ئەم موڵکایەتیە دەپارێزێ و گشتی کردنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە. ئەمە واتە هەڵوەشانەوەی حزبیش لەنێو ئەو دەزگا ئیداریانەدا کە ئیتر مۆرکی سیاسیان پێوەنیە و هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی تیایدا بەشدارن وەک تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی پێداویستیە لۆکاڵی و سەراسەریەکان.

بەلآم بەپێچەوانەوە وەک دەبینین لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا “دەوڵەتی سیاسی” تۆخ دەبێتەوە وەک بەشێک لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و “دەوڵەتی ناسیاسی” لەهیچ شوێنێکی سۆڤیەتدا دەرناکەوێ چونکە حزب جێگای هەموو ئۆرگانە ئیداریەکانی چینەکەی گرتەوە و کردنی بە ئۆرگانی حزبی و کرانە پاشکۆی حزب.

ئەم چڕکردنەوەی دەسەڵاتە لەدەست یەک حزب و یەک ڕابەری و دواتر یەک کەسدا مۆدێلێکی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دروستکرد کە گونجاو بوو لەگەڵ مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتیدا. دواتر ئێمە دێینە سەر ئەم مۆدێلە ئابوریە بەڵام گرنگە سەرەتا باسێک لە دەوری ئەم مۆدیلە سیاسیەی حزب لە دەسەڵاتدا بکەین کە چۆن بوە هۆی چۆنیەتی گۆڕانی حزبی بەلشەفی لە حزبی کرێکاران و شۆڕشی سۆشیالیستیەوە بەرەو حزبێکی بیرۆکراتی و بەڕیوەبەری سەرمایەداری دەوڵەتی.

سەرچاوەکان:

 *1 لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا

https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm

*2 ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ، شۆڕشی ڕوسیا، بەشی شەش، کێشەکانی دیکتاتۆرشیپی،١٩١٨

https://www.marxists.org/archive/luxemburg/1918/russian-revolution/ch06.htm

*٣ئەلەکساندرا کۆلۆنتای، سەبارەت بە بیرۆکراسی و خودچالاکی جەماوەر،١٩٢١

 The Workers Opposition, Alexandra Kollontai 1921،On Bureaucracy & Self-activity of The Masses

https://marxists.catbull.com/archive/kollonta/1921/workers-opposition/ch03.htm

*4ترۆتسکی،کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو” https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm

*5 دولت و انقلاب ، فارسی ل ٥٢٢، هەڵبژاردەی نوینەکانی لینین.

  *6 مارکس و ئەنگلس ، مانیفیستی کۆمۆنیست،https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm

*7 ل ٦، ئی هێچ کار، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین بە ئینگلیزی

*8 لینین،٢٧٨ ، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.

*9 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.

*10 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٩، فارسی، منتخب اثار.

*11 لینین،ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی ١١ی حزب، ل٨٥٠ ،فارسی، منتخب اثار.

*12 لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٨، فارسی، منتخب اثار.

*13 ٢٧٧، ئایا بەلشەفیەکان دەتوانن دەسەڵاتیان بپارێزن؟ ،بەرگی ٧ ١٤هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ.

*14 ئارنست ماندل، دەربارەی خۆڕیکخستنی چینی کرێکار لەگەڵ حزبی پێشەنگ https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm

*15 هەمان سەرچاوە.

*16 ل١٢٦، لینین، دەوڵەت و شۆڕش، بەرگی ٧ هەڵبژاردەی لینین ، چاپی دارالتقدم، مۆسکۆ. بەزمانی عەرەبی.

بەشی ١٤

حزبی بەلشەفی لەدەسەڵاتدا چۆن دەگۆڕێ؟

لە دیکتاتۆری حزبیەوە بۆ دیکتاتۆری ناو حزب

 

لەدوای شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ وە لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، شوراکان و کۆمیتە کارگە و کۆمیتەی شۆڕشگێڕی سەربازان و جوتیاران لە سەرتاپای وڵاتدا دروست دەبن و جێگا بە دەسەڵاتی حکومەتی بورژوازی کاتی و سوپای پیشەیی لێژدەکەن. بەلشەفیەکان ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو دەسەڵات دەبەن و لە نێو ئەو ئۆرگانە جەماوەریە شۆڕشگێڕانە تازانەدا زۆرایەتی بەدەست دێنن. کەچی لە کاتی دەسەڵاتگرتندا لەجیاتی فراوانکردنەوەی ڕیزەکانی حزب ،تاهەموو ئەم هێزە شۆڕشگێڕەی چینی کرێکار بگرێتە خۆی، بە پێچەوانەوە دەست دەکەن بە پرۆسەی پاکسازی و دەرکردن لە ناو حزبدا و دواتر قەدەغەکردنی فراکسیۆنەکانی جیاواز لەخەتی دەستەی ڕابەری و دواتریش نەهێشتنی دەوری کۆمیتەی کۆنترۆڵی کرێکاری و دانانی تاک بەڕێوەبەری لە کارگە و پاشکۆیەتی سەندیکا کرێکاریەکان بۆ حزب و لابردنی سیستەمی هەڵبژاردن لە ناو سوپا و گێڕانەوەی پۆست و پلەداریە سەربازیەکان.

ئەم گۆڕانکاریانە بۆچی ڕوودەدەن و  سەرچاوەکەی چیە؟ بۆچی حزبێکی شۆڕشگێڕی کرێکاری لە جیاتی کۆکردنەوەی سەرجەم هێزی چینەکە خەریکی خۆجیاکردنەوەیەتی لەبەشێکی زۆری ئەو هێزەی شۆڕشی دروستکردوە؟

لە بەشی پێشودا لەسەر مۆدیلی سیاسی دەسەڵات لای بەلشەفیزم وتمان، کە ئەم مۆدێلە دیکتاتۆریەتی حزبە لەجێگای دیکتاتۆری چینی پرۆلیتاریا. کەواتە حزب دەبێ شەرعیەت بدا بەوەی کە ئەو لە جێگای چینی کرێکار مافی حوکم کردنی هەیە. ئەمەش ناکرێ بەبێ لێسەندنەوەی ماف لە چینەکە خۆی و ڕەوایەتدان بە نوێنەرایەتی حزب و ڕیگری کردن لە هەموو ئەو بەشانەی تری چینەکە کە ئەم نوێنەرایەتیە قبوڵ ناکەن. ئەگەر وا نەبێ ناتوانرێ دیکتاتۆریەتی حزب وەک دەسەڵاتی کەمایەتیەک پیادەبکرێ. هەربۆیە ئەم پرۆسەیەی سەپاندنی مافی نوێنەرایەتیەی کەمایەتی حزب، دەبێ چ لەناو حزبی بەلشەفی کرێکاریدا و چ لەکۆمەڵگەدا، وەک نوێنەرایەتی تاقانە خۆی بسەپێنێ. هەڵبژاردنی ئەم نوێنەرایەتی هیچ لەم ڕاستیە ناگۆڕێ،چونکە بورژوازیش بە ڕیگەی هەڵبژاردن دێتە سەرکار بەڵام دەسەڵاتی کەمایەتیەکە بەسەر کۆمەڵگەدا.مەسەلەی بنەڕەتی لە کۆمۆنیزمدا بریتیە لە بەشداری هەموو چینی کرێکار لە دەسەڵاتی سیاسی و لە بەشداری ئازادانە لە بەرهەمهێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکساندا نەک هەڵبژاردنی نوێنەرانێک کە لە جیاتی ئەوان حوکم بکا. ئەمە بنەمای سیستەمێکی نوێیە کە جیاوازە لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کەمینە جا چ لەڕیگای هەڵبژاردنەوە بێ یان دیکتاتۆری ڕاستەوخۆ.

با بزانین چۆن ئەم پرۆسەیە لەناو حزبی کرێکاری بەلشەفیدا دەچێتە پێشەوە کە نوخبەیەک دەبنە هەموو کارەی حزبەکە و کرێکاران لەم حزبەدا دەکرێنە پاشکۆ ئەم نوخبەیە؟

کێشە ناوخۆیەکانی حزب سەبارەت بە دەوری چینی کرێکار لەدەسەڵاتدا و پرۆسەی بەلاوە خستنی دەوری ئەم چینە لە ئیدارە و بەڕیوەبردن و دەوڵەتدا دەگاتە ئاستی دروستبونی دوو فراکسیۆنی ناڕەسمی؛ “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندی دیموکراسی”. بەڵام لە کۆنگرەی دەیەمدا بە پێشنیاری لینین بڕیارنامەیەک دەردەکرێ کە ” کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندی ڕادەسپێرێ کە هەرجۆرە فراکسیۆن بازیەک پاکتاوبکا ، وبەم پێیە کۆنگرە هەموو ئەو گروپانەی لەسەربنەمای پلاتفۆرمی جۆراوجۆر دروست بوون(لەچەشنی”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” و “ناوەندی دیموکراسی” و ئەوانی تر)بەبێ جیاوازی هەڵوەشانەوەیان ڕادەگەیەنێ و کەسانێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکەن بێ ئەملاولا لە حزب دەردەکرێن.”*1

دەرکردنەکانیش دەبێتە شەپۆلێکی بەرفراوان لە ناو حزبدا کە هەموو ئاستەکانی حزب دەگرێتەوە. لە کاتێکدا حزب لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ژمارەی ئەندامەکانی لە ٢٥ هەزارەوە بو بە ٧٠٠ هەزار ، ئەم شەپۆلی دەرکردنە لە ١٩٢١ کەدەستی پێکرد لە ١٩٢٤دا نیوەی ئەم ژمارەیە لە ئەندامی حزب مایەوە کە تەنیا ٣٥٠ هەزاربوون*2

٢٢کەسی ناڕازی فراکسیۆنی “ئۆپۆزسێۆنی کرێکاری و ٢ لیدەرلە ٥ کەسیان کە لە ناو ڕابەری حزبدا دەبن دەردەکرێن.*3 بڕیاری دەرکردنی کۆمیتەی ناوەندی ئاسان کاری بۆ دەکرێ.

“دەرکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیش لەڕیگەی پلنۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە بانگێشتی هەموو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پشکنین.ئەگەر دوولەسەر سێی ئەو کۆبونەوەیەی بەرپرسترین ڕابەرانی حزبی تێدایە بڕیاری دەرکردن یان هێنانەخوارەوەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیان بۆ قۆناغی یەدەکی کۆمیتەی ناوەندی دا، ئەوا بڕیارەکە جێ بەجێ دەکرێ.”*4

لینین بۆ دیفاع لەم سیاسەتی پاکسازیە لە وتاری “دەربارەی پاکسازی حزب” دەڵێ ” پاکسازی حزب وادەردەکەوێ کارێکی زۆر پڕبایەخ بێت. لەوانە بەهۆی ئابوری نوێ وە (NEP) کە پێویستی زیاتر بە زیادکردنی  توانای بەرهەمهێنەری کار و دیسپلینی کار ، وە یاخود بۆ دەرکردنی ئەوانەی خەڵک بە بیرۆکراتیان دەزانێ و بە نیاز وهەڵپەی پلە خۆیان بەحزبەوە نوساندوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١ مەنشەفیەکان بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حزب لەو ٪٩٩ لەو مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحزب.”*5

ئەم قسانەی لینین نیشانی دەدا کە حزب جێگای هەموو شتێکی گرتۆتەوە و ئابوری و خەباتی چینی کرێکار هەمووی بەدەوری حزبدا چڕبۆتەوە و کۆمەڵگەیەکی حزبی دروستکراوە کە لەجێگای چینی کرێکار کاردەکا و هەروەها ژیانی سیاسی کورتکراوەتەوە لە پەیڕەوکردنی خەتی ڕەسمی حزبدا.

دەبینین ئەگەر حزب پێویستی بە “زیادکردنی  توانای بەرهەمهێنەری کار و دیسپلینی کار”ە، ئەوا دەبێ ئەندامەکانی بەم شیوەیە لە بەرهەمهێناندا گوێڕایەڵی حزب بکەن . ئەمە مۆدیلی سۆشیالیزمێکە حزب ودەوڵەت خاوەنی کۆمەڵگەن و ئەوان دیسپلینی کار دیاری دەکەن. بەڵام بەشداری کرێکاران لە بەرهەمهێناندا بەپێی دەستوری حزب لە ناوەرۆکدا جیاوازە بە سیستەمی کۆمۆنیستی بەرهەمهێنان کە لەسەر خواستی بەشداری ئازادانە و وشیارانەی هەموانە. بەپێچەوانەوە هیچ پاسەوانێکی حزبی ناتوانێ دەستوەرداتە ناو بەشداری ئینسانەکان لە بەرهەمهێنانی ژیانی خۆیاندا لە سیستەمی کۆمۆنیستی بەرهەمهێناندا. لێرەدا پێچەوانە بۆتەوە کە هێزێکی حزبی دیاری دەکا کە دەبێ کرێکاران چەند توانای بەرهەمهێنان و سەعاتی کارکردنیان زیاد بکەن و چۆن وەک سوپایەک پابەندبن بە دیسپلینی خاوەنکارێکەوە کە ناوی حزبە.

هاوکات حزب لێرەدا بوەتە کۆمپانیا و خاوەنی داهات و هۆیەکانی بەرهەمهێنان و سەرچاوەکانی بژێوی، هەربۆیە بوەتە شوێنێک بۆ گەیشتن بە پلەوپۆست و بیرۆکراتیزمی حزب سەرچاوەی دروستبونی توێژو چینی وەزیر و کاربەدەستەکانە.لێرەدایە کە ناکۆکی دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەزەقی دەردەکەوێ. ئەگەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بکرێتە موڵکی دەوڵەت و دەوڵەتیش موڵکی حزب بێت یان لەژێر سایەی دیکتاتۆریەتی حزبدا بێت ، ئەوا بێگومان حزب دەبێتە ئەو شوێنەی کە پۆستەکانی و ئیمتیازاتەکانی بۆ ئەندامانی حزب دەبێ و حزب جێگای چینی دەسەڵاتداری پێشوو دەگرێتەوە وەک خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. ئەم سۆشیالیزمە دەوڵەتیەش دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی بەپێی خاوەندارێتی حزبی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان . پەیوەندی بەرهەمهێنایش لەژێر سایەی سیستەمی پلەوپایەی حزبیدا بریتی دەبێ لە کاری کرێ گرتەیی کرێکاران بۆ حزبی خاوەندارانی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و دەوڵەتی دیتکاتۆری ئەو حزبە. ئەمە سەرچاوەی دەرکەوتنی ئەو بیرۆکراتانەی حزبە کە خەڵک لێیان بێزارە و وەک لینین دەڵێ” بڕیاری پاکتاوکردنی حزب”! لەمانە دەدا. بەڵام بێگومان وەک بینیمان بەدەرکردنیان نەک کێشەی بیرۆکراتیزم لە سۆڤیەت چارەسەرنەکرا، بەڵکو حزب و دەوڵەت بەبێ ئەم بیرۆکراتیزمە نەیاندەتوانی حوکم بکەن، لەبەرئەوەی ئەوان نەسیجی کۆمەڵایەتی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوون، سۆشیالیزم لەسەرەوە.

 هاوکات بیانویەکی تری ئەم پاکتاوکردنە نیشانی دەدا کە ،هەر ئەندامێک هاتە ناو حزب و ڕای جیاوازی هەبوو ئەوا دەبێ بەناوی مەنشەفیک و سۆشیال شۆڕشگێڕەوە دەربکرێ. تەنانەت پاکتاوکردن بۆ ئەوەیە کە “ئەوەی ١٩١٨-١٩٢١ مەنشەفیەکان بونەتە ڕەوتێکی زاڵ لە نێو چینی کرێکاردا. پاکسازی حزب لەو ٪٩٩ لەو مەنشەفیکانەی دوای ١٩١٨ چونەتە ناوحزب”. ئایا ئەگەر بەشێک لە کرێکاران خۆیان بە مەنشەفی یان هەر ڕەوتێکی تری سیاسی بزانن و لەناو چینی کرێکاریشدا زاڵ بن ، پێویستە حزبی کرێکاری ئەمانە بگرێتەخۆ و بەشداریان پێ بکا لە دەسەڵات و بەڕیوەبردن و خەبات دژی بورژوازیدا یاخود دەبێ هەموویان دەربکرێن و حزب لە تەنها خەت و گروپێکدا بمێنێتەوە کە خۆیان بە نوێنەری کرێکاران دەزانن و ٩٩٪ ئەوانی تر دەربکا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە چینی کرێکار؟

مەسەلەیەکی تری ناوحزب کێشە لەسەر دەسەڵاتی کۆمیتەکانی کارگە و سەندیکا کرێکاریەکانە. لە کۆنگرەی ١٠ ی حزبی بەلشەفی گروپی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی کە پێداگری لە مادەیەکی بەرنامەی حزب سەبارەت بە دەسەڵاتی سەندیکا و شورا کرێکاریەکان دەکەن لە بەڕیوەبردنی ئابوریدا بە “مەنشەویک” و “وردە بورژوازی” دەناسێنن. لینین “بۆچونەکانیان بە”خەتەری سیاسی ڕاستەوخۆ بۆسەر بونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و “کۆمەک بە دوژمنانی چینایەتی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکەن” دەناسینێ و دەڵێ “دەبێ ڕیگەی خەبات و پاکردنەوەش لەدژی بگیرێتە بەر و ئەم “تەبلیغاتانە لەگەڵ ئەندامەتی لە حزبدا ناهاوئاهەنگە.”*6

بێگومان پاکتاوکردنی ئەمانە نمونەیەکە لە دیکتاتۆریەتی حزبی. حزب چیتر ئەو ئامڕازە نابێت کە سەرجەم ئەم چینە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە بەرەو بەشداری سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیدارە و ژیانی سیاسیدا دەبا، بەڵکو سێکتێکی دیاریکراو و نوخبەیەکی سیاسیە کە حزب دەکاتە ئامڕازی بردنە سەرەوەی دیسپلین لە بەرهەمهێناندا و نەهێشتنی دەنگی جیاوازی سیاسی لەم دامەزراوە سیاسیەدا.

لێرەوە دەردەکەوێ کە حزب لە جیاتی بزوێنەری شۆڕشی کرێکاران بێت بەسەر دامودەزگا و شێوازی بەڕیوەبردنی کۆندا ، خۆی دەبێتە دەزگایەکی بیرۆکرات و جێگایەک کە دەسەڵات و دەوڵەت لە پێناو بەرژەوەندی ئەندام و بەرپرسەکانیدا بەکاردێت. بڕیاربوو کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر مۆدیلێکی نوێ لە کۆمەڵگە بێنێتە ئارا کە ئیمتیازاتی هەموو چینەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگەی چینایەتی لەناوبەرێ، نەک حزب و کەمایەتیەکی تر بەناوی کرێکارانەوە بکاتە خاوەنی ئیمتیازی دەوڵەت.

ئێمە دوای بەشی بەرنامەی ئابوری بەلشەفیەکان دەچینەوە سەر ناوەرۆکی ئەم کێشەیە، کە ئایا دەسەڵاتی کارگە دەبێ لەدەست کۆمیەکانی کارگە و سەندیکادا بێ یان تاک بەڕیوەبرێکی حزبی یان سەرمایەدارێک؟ بەڵام لێرەدا کە پەیوەندی بە ئازادی و پاکتاوکردنی ناو حزبەوە هەیە پیویستە ئەم بڕیارەی لینین لە کۆنگرەی ١٠دا بە بەڵگەیەک لەسەر مۆدیلی حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بزانین کە تەنانەت توانای قبوڵکردنی کرێکارانێکی نیە کە ڕایەکی جیاوازیان هەبی ، مەنشەفیک بن یان هەر شتێکی تر. ئەمەش سەرچاوەی ئەو سێکتاریزمەیە کە مۆدیلی بەلشەفی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروستی کرد و بوە مایەی دروستکردنی ئەو جۆرە حزبانەی کە لەدەسەڵاتدا دیکتاتۆری تاک حزبیان پەیڕەو دەکرد و بۆ هەمیشەش سونەت و نەریتی جیابونەوە سێکتاریستیەکانیان لە ئاستی ئەنتەرناسیونالیزم و لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا چاند و تا ئێستاش نەریتێکە درێژەی هەیە.

بەکورتی ئەم ئەزمەی پاکتاوکردنەی حزب ڕەوتی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی حوکمی کەمایەتی کۆن نیشان دەدا. بیرۆکراتیزم لەم جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکارەوە دێت نەک هۆکاری جیابونەوەکە وەک دەڵێن تەنیا بیرۆکراتیزمی ستالینی بێت. ئەم نەخۆشی بیرۆکراتیزمە خۆی ئەنجامی جیابونەوەی حزب و دەزگاکانی دەسەڵاتە لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سەرلەنوێ دروستبونەوەی بنەماکانی دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیە بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا.

بێگومان جگە لە پاکتاوکردنی ڕیزەکانی حزب ،هاوکات سەرکوتی نەیارانی سیاسی بەڕێوەبرا و بەتایبەت ئەو هێزانەی نێو چینی کرێکار و جوتیاران کە پێشتر دەوریان لە دروستکردنی شوراکان و سەندیکا و کۆمیتەکانی کارگە و سەربازاندا هەبوو . بەمەش دیکتاتۆریەتی تاک حزبی جێگای دیکتاتۆریەتی چینەکەی گرتەوە و ئازادیە سیاسەکان و کۆمەڵگەی سیاسی نوێ بەرەو ئاوابوون چوون.

نمونە زۆرن لەوەی چۆن نەک لە ناو حزب بەڵکو لەدەرەوەی حزبیش ڕیگە بە کۆبونەوەی دەنگی جیاوازی سیاسی نەدراوە و تەنانەت هەرچی کرێکارانی ناو سەندیکاکانیشە بەناوی مەنشەفیکەوە وەک خەتەری جدی بۆسەر شۆڕش دانراون. ” ئێمە مەنشەفیک و ئێس ئارەکان(سۆشیال شۆڕشگێڕ) ، ئەوانەی کە ئاشکران و ئەوانەی کە بە سەرپۆشی “ناحزبی” داپۆشیوە ، لە زیندان ڕادەگرین.” *7

دواتریش ئەم دەرکردنەی هەڵسوڕاوانی سیاسی لە سۆڤیەت ئیتر دەبێتە بەشێک لە سیستەمی سەرکوتی سیاسی .

لە کۆنگرەی ١١ ەوە کاتێک ستالین وەک سکرتێری حزب دیاری دەکرێ و بەمەش پرۆسەی چڕبونەوەی دەسەڵات لە دەست دەزگاکانی حزبی تاقانە و تاکە سەرکردەدا زیاتر دەردەکەوێ.”ئەم پۆستە گرنگ نابێ تەنیا لەگەڵ بەهێزبونی جێگای بیرۆکراتیزمدا و کۆنترۆڵی پەیکەرەی هەرەمی حزبی لەلایەن سەرەوە نەبێ.”*8

دواتر پۆستەکانی تریش لەلایەن حزبەوە بەهەمان شێوە گرنگی پەیدا دەکا” لە ساڵی ١٩٢٣ تەنیا ٢٩٪ بەڕیوەبەرانی کارگەکان لە حزبدابون، لە ١٩٢٥ بوبە ٧٣.٧٪ ئەندامانی ئیدارەی یەکیتیە مۆنۆپۆلیەکان،و ٨١.٥٪ لە ئەندامانی یەکێتی سەرمایەکان و ٩٥٪ بەڕیوەبەری پرۆژە گەورەکان ئەندامی حزب بوون . لە سوپاشدا سەرۆکەکانی سوپای سور لە ساڵی ١٩٢٠ ١٠.٥٪ ئەندامی حزب بون، و لەساڵی ١٩٢٤ بوبە ٣٠.٦ ٪ لە ١٩٢٩ بو بە ٥١.٥٪ و لە ١٩٣١بو بە ٧١.٨٪ وە ئێستا بێگومان هەموو ئەندامی حزبن.”*9

لینین ،کە تازە چاک بوەتەوە دوای سەکتەی مێشکی  جاری یەکەمی، دەبینێ ئەم پرۆسەی دیکتاتۆریەتی حزبیە گەیشتۆتە ئاستی گەشەی “بیرۆکراتی لە ناو دەوڵەت و حزبدا و بەڕاستی لە شەخسیەتی ستالین بێ باوەڕ دەبێ کە دەسەڵات و ئۆتۆریتەی مەکتەبی ستالین دەبینێ لە حزبدا.بەڵام ئەم پرۆسەی بیرۆکراتی بونی حزب و دەوڵەت گەیشتۆتە قۆناغێک کە لینین هیچ کارێکی بەرامبەرپێنەکراوە. لینین لە وەسێتنامەکەیدا دەیەوێ حزب لەم مەترسیانە ئاگاداربکاتەوە بەڵام دەستەی ڕابەری ،کە لەلایەن لینینەوە ڕەخنەیان لێگیراوە ڕێگە نادەن کە وەسێتنامەکەی لینین لە کۆنگرەی دوای مەرگی لینیندا بخوێنرێتەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتی کرۆبسکایای هاوسەری بەم بڕیارەی ڕابەری حزب.

ئاڵوگۆڕەکانی دوای مەرگی لینین زۆر فراوانتر و مەترسیدارترە کە ستالین کۆنترۆڵ و سانسۆری هەموو دەزگاکانی حزب دەکا و مۆدیلی سۆڤیەت لە دیکتاتۆری حزبیەوە بەرەو دیکتاتۆری فەردی ستالینی دەبا کە وەکو سکرتێری گشتی ٣٠ ساڵ لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە و ٣لەسەر ٤ی ئەندامانی ڕابەری حزب بە ناوی “دوژمنانی گەل” لە نێو کۆنگرەی ١٧و ١٨دا دەردەکرێن و لە سێدارە دەدرێن* 10. لێرەدا پیویست بە دوبارەکردنەوەی باسی گەشەی ئەم مۆدیلە حزبیە ناکا، چونکە هەرکام لە ترۆتسکی و تۆنی کلێف و ئی هێچ کار و ئەوانی تر لە نوسینەکانیاندا وردودرشتی ئەم دەورەیان باسکردوە. بەڵام پیویستە کە ئەم دەورەیە لە ژیانی حزبی بەلشەفی لە سایەی ستالیندا بە لێکدانەوە لەسەر دەوری ئەم حزبە لە ژیانی سیاسی و ئابوری چینی کرێکاردا هەڵسەنگێنین ،نەک دەوری شەیتانی شەخسیەتێک لە مێژوودا. مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەو جۆرە لە حزب و دەوڵەت و ئابوری دروست دەکا کە سەرمایەداری دەوڵەتی پێویستیەتی و دەوری تاکەکان لەم پرۆسەیەدا هەرچەند گرنگە بەڵام تەنیا هۆکار نیە و بەڵکو خۆی بەشێکە لە بەرهەمی ئەو پرۆسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیە کە خەباتی چینایەتی دەچێتە پێشەوە.

ترۆتسکی سەرەڕای ڕەخنە دروستەکانی لە بیرۆکراتیزمی ستالینی، بەڵام ئەو ئەم بیرۆکراتیزمە وەک بەشێک لە پرۆسەیەک نابینێ کە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبی دروستکردوە و خۆی و لینینیش بەشداربون تیایدا. ترۆتسکی خۆی وەکو بەشدارێکی ئەم سیاسەتانەی کۆنگرەی ١٠ ی حزب لەپاڵ لینیدا ، ئەوکات لە کۆنگرەدا دەیوت کە ؛ “ئێمە شورای نوێنەرانی خەڵکمان هەیە، بەڵام کاری ئەوانیش دەبێ لەژێر کۆنترۆڵدا بێت. بەڵام کۆنترۆڵ لەلایەن چ مەرجەعێک؟ کۆنترۆڵی چینی کرێکار وەک جەماوەرێکی بێ شکڵ و شمایل؟نا.کۆمیتەی ناوەندی حزب دەبێ سەبارەت بەم مەسەلەیە(ڕیکەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی پۆلەندە)دا بانگ بکرێ تا سەبارەت بەم مەسەلەیە باس بکا و بڕیار دەرکا و وەلامێکی پیویست بداتەوە..هەمان شێوە لەمەسەلەکانی تریشدا بەکاردێنین؛لە کشتوکاڵ، کۆکردنەوەی پیداویستی(تدارک)ولەهەموو مەیدانەکانی تردا.”*11

ترۆتسکی لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری”لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە.بە شیوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .”*12

 بەهەمان شیوە ترۆتسکی پشتیوانی لە مافی کاتی حکومەتی کرێکاری کرد”ئەسپارتای پرۆلیتیری” لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن.”*13

 ئەمە سیاسەتی ڕەسمی حزبی بەلشەفی بوە کە لە کۆنگرەی ١٠ دا لینین و ترۆتسکی لە پێش هەموانەوەبوون و پاساوی کاتی بونی ئەم سیاسەتانەی ،کە حزب لە چینی کرێکار و دیموکراسی شورایی و کرێکاری جیادەکاتەوە ،ناتوانێ بەهۆی” پێویستی کاتی شەڕ” هیچ لەو ئەنجامە بگۆڕێ کە ئەمانە سیاسەتێک بوون حزبی بەلشەفیان لە حزبی شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە گۆڕی بۆ حزبی بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

کەواتە مەسەلەکە دەرکەوتنی شەخسیەتێکی دیکتاتۆری وەک ستالین نەبوە کە شۆڕشی بەرەو شکست برد. بەڵکو خودی دەرکەوتنی ستالین و سەرکەوتنی ڕەوتی ستالیسنیستی بەرهەمی ئەو مۆدێلە سۆشیالیزمە دەوڵەتیە بوو کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکرد و وەک مۆدێلێکی سیاسی وحزبی و ئابوری پیادەی کرد.

سیستەمی دیکتاتۆریەتی حزبی لەکۆمەڵگەدا بێگومان پێویستی بە حزبێکە کە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆشی دیکتاتۆریانە بێ. واتە حزبێک کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بەڕیوەببا، پێویستی بە دەزگایەکی حزبیشە کە دەسەڵات و ئیمتیازاتی نوخبەیەکی ناوخۆی حزب دابین بکا، بەم پێیەش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان لە ڕێگەی ئەو حکومەتە کەمایەتیەوە دابین دەبێ. بە پێچەوانەوە حزبێک کە سیستەمی سیاسی کۆمەڵگە دەگۆڕێ بە سیستەمێکی بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو هاوڵاتیان ئیتر ئیمتیازاتێکی چینایەتی نامێنێتەوە بیپارێزێ و هەربۆیە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆی بریتی دەبێ لە فراوانکردنەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەندامانی لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئیدارەی حزب و کۆمەڵگەدا. حزب پێویستی بە بەشداری هەموو فراکسیۆن و بەشە جیاوازەکانی چینەکەیە لە ئیدارە و دانانی نەخشە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی پۆستە حزبیەکان ، هەربەو شێوەیەی شوراکان دەیکەن . بەم پێیەش لابردنی بەرپرسە حزبیەکان کارێکی ئاسانی ئەندامان دەبێ و وەرگرتنی پۆستە حزبیەکان هیچ ئیمتیازاتێکی سیاسی و مادی نابێ و ئیتر حزب بریتی نابێ لە گروپێکی ڕابەری نەگۆڕ. هەربۆیە ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و فراکسیۆن و گروپی جیاجیای ناوحزب دەبێتە مافێکی سادە و میکانیزمی جێبەجێکردنیشی دڵخوازانە و خود وشیاری و خود چالاکانە دەبێ.

لە پرۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیدا ئەم ناکۆکیانە دەردەکەون لە نێوان مۆدیلی حزبێکی کرێکاری کە دەیەوێ هەموو چینەکە بەدەوری ئامانجی شۆڕش لە سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی زاڵدا دروست بکا ، لەگەڵ حزبێکی بیرۆکراتیدا دەبینین کە دەیەوێ لە ڕێگای نوخبەیەکەوە مۆدێلێک لە سۆشیالیزم پیادە بکا کە ناکۆکە بە بەشداری زۆربە لەدەسەڵاتدا و دەوڵەت و ئۆرگانەکانی و نەخشەکانی دەکاتە ئیمتیازی کەمایەتیەکی حزبی.

حزب لەڕەوتێکی شۆڕشگێڕانەوە کە دەیەوێ “هەموو چینەکەوە” لەناو خۆیدا یەکگرتوو بکا و مانای واقعی دەدا بە حزبی چینی کرێکار و ئەم مۆدێلە زۆرجیاوازە لەو حزبە بەلشەفیەی کە تەنیا یەک بەش و یەک دەستە و یەک خەت نوێنەرایەتی دەکا و خۆی لە هەموو بەشەکانی تری چینەکە لەناو حزبیشدا جیادەکاتەوە و حزب لە هەموو گروپ و بۆچونە جیاوازەکان بە خەتی ڕابەری پاک دەکاتەوە.

لەم بەشانەی مۆدیلی سیاسی و حزبی بەلشەفی لە دەسەڵاتدا نیشانماندا کە چۆن شکستی ئۆکتۆبەر پێش هەر ناڕۆشنیەکی ئابوری و بەرنامەیەکی ئابوری، بریتی بوە لە مۆدیلی بەلشەفیزم لە دەخاڵەت پێدانی کرێکاران لە سیاسەت و ئیدارەی کۆمەڵگەدا و بەکارهێنانی ئامڕازی حزب بۆ شۆڕشکردن بەسەر میراتی سیستەمی حوکمی کەمایەتیدا. بەڵام بەبێ تێگەیشتن لە چۆنیەتی شۆڕش بەسەر سیستەمی ئابوری سەرمایەداریشدا ناتوانین لە هۆکارێکی تری سەرەکی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر تێبگەین. هەربۆیە ڕەخنەکەمان دەبێ بچێتە سەر بنەما ئابوریەکانی ئەم مۆدێلە و پەیوەندی لەگەڵ چینی کرێکاردا. لێرەدا دوای باسی مۆدیلی سیاسی حزب دەچینە سەر مۆدیلی ئابوری حزب، کە تەواوکەری ئەو سیستەمەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی یان سەرمایەداری دەوڵەتیە. دوای ناسینی ئەم مۆدیلە سیاسی و ئابوریە لە کۆتاییدا دەچینەوە سەر چۆنیەتی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و لە شۆڕشی سۆشیالیستی ئەم چینە بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری.

سەرچاوەکان:

*1 لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا،ساڵی ١٩٢١، ل ٧٩٠-٧٨٩، فارسی، منتخب اثار.

*2 ئی هێچ کار ،ل ٦٨-٦٩ ، شۆڕشی ڕوسیە، لە لینینەوە تا ستالین،بە ئینگلیزی

*3 هەمان سەرچاوە

*4 لینین، ل ،٧٩٠ پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا،ساڵی ١٩٢١، فارسی، منتخب اثار.

*5 ل ٨٢١، لینین، فارسی، منتخب اثار.

https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1921/sep/20.htm

*6 لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا، ل ٧٩٠-٧٩١، فارسی، منتخب اثار.

*7ل ٨١٢، لینین، دەبارە مالیات جنسی، فارسی، منتخب اثار.

*8 تۆنی کلێف ،ل٧٠، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا، بەزمانی عەرەبی.

*9 هەمان سەرچاوە، ل ٧١.

*10 هەمان سەرچاوە

*11 ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

*12 هەمان سەرچاوە

*13 هەمان سەرچاوە

بەشی ١٥

مۆدیلی ئابوری بەلشەفی چی بوە؟

لە بەرنامەوە تا دەسەڵات

 

بۆ ئەوەی لە مۆدێلی ئابوری سۆشیالیستی حزبی بەلشەفی تێ بگەین دەبێ ئەو پرۆسەیە باسی بکەین کە جێگای چینی کرێکار لە بواری ئابوری و ئیداری دەوڵەتی بەلشەفیدا چیە؟ بزانین چ سیستەمێکی ئابوری و بەرهەمهێنان لەڕوسیادا لەلای بەلشەفیەکان دادەمەزرێ و بۆچی پێی دەوترێ سۆشیالیزم؟ ئایا کۆتایی هێنان بە موڵکایەتی تایبەتی و شەخسی سەرمایەدارەکان و موڵکایەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و کارکردنی هەموو هاوڵاتیەک وەک کرێکار و بەکرێی یەکسانەوە سیستەمی بەرهەمهێنان دەکاتە سۆشیالیستی؟ ئایا بونی بەرنامە و پلانی ئابوری و دابەشکردنی سەرمایە و بەرهەم بەپێی نەخشە و لەلایەن دەوڵەتەوە، لە دەست شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ئاژاوە و ئەزمەی بازاڕ و دابەزینی توانای کڕین و ئاستی گوزەرانی کرێکاران ڕزگارمان دەکا؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە ڕوبەڕوی سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠ و ٢١ بوەوە و بەلشەفیزم و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کە لایەک لە دنیای سەدەی ٢٠ و ئێستاش چین و کوبا و بەرنامەی زۆرێک لە حزبە کۆمۆنیستەکانی گرتۆتەوە، تەنیا مۆدێلێک بوە کە لە زیاتر لەسەدەیەکە بە کردەیی بینیومانە و هێشتا لەناو مۆدیلی چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکاندا ڕەواجی هەیە. هەربۆیە لێکدانەوە لەم تەجروبەیەی مۆدیلی سۆشیالیستی بەلشەفی و بەرنامە ئابوریەکەی گرنگیەکی زۆر و چارەنوسازی هەیە لە خستنەڕووی مۆدێلێکی نوێی کۆمۆنیزم کە جیاوازبێ لەم مۆدێلە و ڕەخنە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی پێویستە بەرەو مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی و ئابوریمان بەرێ.

 سۆشیالیزم لە بەرنامەی بەلشەفیدا

 

حزبی بەلشەفی وەک حزبێکی کرێکاری لە دڵی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەدا شکڵدەگرێ و گەشەدەکا کە هەر سێ چینی کرێکار و جوتیار و سەرمایەداریش پێکەوە دەیانەوێ لەدەست قەیسەریەت و ئەرستۆکراسی ڕزگاریان بێ چونکە قەیسەریەت ڕیگرە لەبەردەم گەشەی سەرمایەداریدا. تێگەیشتنی سۆشیالیستی باو لەڕوسیادا ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بەم سۆشیالیزمە پێویستە سەرمایەداری لە ڕوسیادا گەشەبکا. بەڵام جیاوازی حزبی بەلشەفی لەسیاسەتدایە لەگەڵ باقی سۆشیالیستەکاندا،بەوەی دەڵێن ئەم حزبە لە شۆڕشێکی دیموکراتی بورژوازیدا بەدوای گەیشتن بە سۆشیالیزمەوەیە لەڕیگای گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە.

لە سێ قۆناغی جیای شۆڕشدا ئەم حزبە سێ دروشم بۆ گەیشتنە دەسەڵات بەرزدەکاتەوە، “دیکتاتۆریەتی دیموکراتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران”دا لە ١٩٠٥ ،”هەموو دەسەلاتێک بۆ شوراکان”ی نیسانی ١٩١٧ وە “دیکتاتۆریەتی پرۆلیاتاریا” لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە، وەکو دەسەڵاتدارێتی حزبی بەلشەفی باس دەکرێ.

 ئەم دروشمانە جەختکردنەوەیە لەسەر دەوری ڕابەری چینی کرێکار لە شۆڕش و دەسەڵاتی سیاسیدا. هەلومەرجی ئابوری هەر شتێک بێت لینین، بەپێچەوانەی مەنشەفیەکانەوە، جەخت لەسەر دەوری ڕابەری و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بەلشەفیەکانەوە دەکاتەوە.لە دوو بەشی ٨و٩پێشودا ئەم مەسەلەیەمان وەک ناسێنەرەوە و جیاکەرەوەی بەلشەفیزم لە سۆشیال دیموکراتی ئەنتەرناسیونالی دووەم باسکرد.

بەڵام سۆشیالیزم لەم سێ دروشم و سێ قۆناغەدا مانایەکی ڕاستەوخۆیان وەک دامەزراندنی سیستەمێکی ئابوری نیە، بەڵکو لای بەلشەفیەکان سیستەمی ئابوری لە هەر سێ قۆناغەکەدا باسی گەشەپیدانی سەرمایەداریانەی ڕوسیایە. لەبەرئەوەی بەلای ئەوانەوە هێشتا ئوبەری ڕوسیا بۆ سۆشیالیزم ئامادەنیە و لەڕیگەی گەشەپێدانی سەرمایەداری دەوڵەتیەوە بنەمای شۆڕشی ئابوری سۆشیالیستی فەراهەم دەکرێت.

هەربۆیە ئێمە لە لێکدانەوەماندا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبێ ئەم بنەما ئابوریەی شۆڕشی ڕوسیا لە بەرچاوبگرین و بزانین ئایا بەلشەفیەکان چۆن ویستویانە لە ڕێگەی گەشەی سەرمایەداریەوە سۆشیالیزم دامەزرێنن؟

وەک پێشتر وتمان ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لەم لێکۆڵینەوەیەدا بیدۆزینەوەیە پەیوەندی نێوان سەرمایەداری دەوڵەتی و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیزمە. لەم ڕیگەیەوە دەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ئاستی ئابوری و سیاسیدا خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ سەرمایەداری دەوڵەتی و حکومەتی بیرۆکراتی سۆڤیەت و مۆدیلی حزبی بەلشەفیدا چیە؟ لەبەشەکانی پێشودا سەلماندمان کە چۆن مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی چارەنوسی هەنگاوە ئابوریەکان دیاری کرد و نیشانماندا کە چۆن شۆڕشی کرێکاری لەبەرامبەر ئەرکە سیاسیەکانی، واتە هێنانەئارای مۆدێلی دەسەڵاتدارێتی هەموو چینی کرێکار شکتی هێنا و هەربۆیە ئەرکی ئابوری سۆشیالیستیشی پەیڕەو نەکرد و مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی گونجاو لەگەڵ دیکتاتۆری حزبیدا جێبەجێکرد.

هەربۆیە ئێمە لە لێکدانەوەماندا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبێ ئەم بنەما و ئەرکە ئابوریەی بەلشەفیەکان لە شۆڕشی ڕوسیا لە بەرچاوبگرین، کە خۆیان قەناعەتیان پێی بوە و بەرنامەیان بۆداناوە،وە بزانین ئایا بەلشەفیەکان چۆن ویستویانە لە ڕێگەی گەشەی سەرمایەداریەوە سۆشیالیزم دامەزرێنن؟ وە ئەم لێکۆڵینەوەیەمان بۆئەوەیە بزانین بەلشەفیزم چ مۆدێلێکی سۆشیالیستی دامەزراندوە ؟وە لەم پرۆسەیەدا چ گۆڕانکاریەک بەسەر پەیوەندی ئەم حزبە کرێکاریەدا لەگەڵ سەرجەم چینی کرێکارداهاتوە کاتێک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتوە؟

لەشۆڕشی یەکەمدا

لینین لە ساڵی ١٩٠٥دا دەڵێ” شۆڕش دەسەڵاتی بورژوازی بە‌هێزدەکا.ئەم مەسەلەیە لە ڕژێمی کۆمەڵایەتی و ئابوری ئێستادا واتە سەرمایەداری ناچاریە.”*1هەروەها دەڵێ”مارکسیستەکان بەتەواوەتی باوەڕیان وایە کە شۆڕشی ڕوسیە خەسڵەتێکی بورژوازی هەیە. ئەمە مانای چیە؟ واتە ئەو ریفۆرمە دیموکراتیانە لە ڕژێمی سیاسی و ئەو ریفۆرمە کۆمەڵایەتی و ئابوریانەی کە بۆ ڕوسیا خەسڵەتی پێویستی پەیداکردوە،خۆبەخۆ نەک تەنیا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارێتی بورژوازی فەراهەم ناکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ یەکەم جار زەمینەی واقعی بۆ گەشەی فراوان و خێرای ئەوروپایی، ونەک ئاسیایی ، سەرمایەداری ئامادە دەکەن و بۆیەکەم جار دەسەڵاتدارێتی بورژوازی وەک چینێک ڕێگەپێدەدەن.” *2

لینین لەساڵی ١٩١٢ش دەڵێ”ئێستا ڕوسیا دەورانی ریفۆرمی بورژوازی بەسەردەبا نەک دەورانی ریفۆرمی پرۆلیتاری، مەسەلەیەک کە ئێستا بە گەیویی کۆتایی خۆی گەیشتوە ئازادی ئابوری پرۆلیتاریا نیە بەڵکو ئازادی سیاسی واتە(لە ناوەرۆکی مەسەلەکەدا) ئازادی تەواوی بورژوایانەیە.”*3

 

لەشۆڕشی دووەمدا

لینین لەساڵی ١٩١٧دا دوای شۆڕشی شوبات دەڵێ” شەڕی ئیمپریالیستی لەڕوانگەی ئۆبژێکتیڤەوە دەبوایە بەناچاری بەشێوەیەکی بێ وێنە خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریای دژی بورژوازی خێرابکردایە و بیگۆڕیایە بە شەڕی ناوخۆیی نێوان چینە دژ بەیەکەکان.

ئەم گۆڕینە بەهۆی شۆڕشی شوبات-مارسی ١٩١٧ دەستی پێکردوە کە لەیەکەم قۆناغیدا یەکەم لێدانی هاوبەش بوو لە قەیسەریەت لەلایەن دوو هێزەوە بوو کە بەئیمەی نیشاندا ؛یەکێکیان تەواوی بورژوازی ڕوسیا و دوەمیان لەلایەن شورای نوێنەرانی کرێکاران کە دەستی کردوە بە ڕاکێشانی نوێنەرانی سەربازان و جوتیاران.”*4

” خەباتی نێوان ئەم سێ هێزە(پاشماوەی قەیسەریەت، بورژوازی و شورا کریکاریەکان) دیاریکەری وەزعێکە کە ئێستا هاتۆتە ئاراوە و ڕاگوزەرە لە قۆناغی یەکەمی شۆڕش بە قۆناغی دوەمی شۆڕش.”*5

بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستیە چیە؟

لینین دەڵێ” سەرکەوتنی پرۆلیتاریا ئیمکانی نیە لەڕوسیا، لە داهاتویەکی نزیکدا، مەگەر یەکەم هەنگاوی ڕیگەبدات کە کرێکاران پشتیوانی زۆربەی جوتیارانی خەباتکار لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵکایەتی زەویوزاری گەورە بەدەست بێنن (وە خۆماڵیکردنی هەموو زەویەکان، ئەگەر دانماننا بەم بەرنامەیەی ‘١٠٤’ کشتوکاڵدا.کەوەک بەرنامەی جوتیاران لەناوەرۆکدا مایەوە). لەپەیوەند بەم شۆڕشە جوتیاریەوە و لەسەر بنەمای ئەمە ئیتر دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە و پێویستە، لەپێناو چاودێری بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەرهەمەکاندا، وە کارکردن بە ‘سیستەمی کاری ناچاری’،هتد..ئەگەر لە تێکڕای خۆیدا و لە گەشەکردنیدا سەیری بکەین ، دەبینین ئەم کارانە گواستنەوەیەکە  بەرەو سۆشیالیزم، کە لەڕوسیا یەکسەر دەست پێ ناکا ، بەیەک کەڕەت، بەبێ هەنگاوی گوزەر و تێپەڕین ، بەڵام جێبەجێکردنی مومکینە بەتەواوەتی و خۆی دەسەپێنێ بەشیوەی جەختکردنەوە بەهۆی ئەم هەنگاوانەوە.” *6

کاتێک لە دروشمی ئەم قۆناغەی دوەمی شۆڕشی ١٩١٧ دەڕوانین بریتیە لە” ئاشتی ، نان و ئازادی”.” پرۆلیتاریا بەڕێکەوتن لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەیدا( جوتیاران و پرۆلیتاریای وڵاتانی شەڕکردوو و پرۆلیتاریای جیهانی) دەتوانێ سەرەتا لەڕیگای بەدەستهێنانی کۆماری دیموکراتی و سەرکەوتنی تەواوی جوتیاران بەسەر خاوەن موڵکەکان و سەرنگومی نیوە دەسەڵاتی گوچف-میلیوکف و دواتر لەڕێگای گەیشتن بە سۆشیالیزم، واتە تەنیا ئامڕازێ کە دەتوانێ ” ئاشتی ، نان و ئازادی “بداتە میللەتانی ستەملێکراو لەدەست شەڕ ، هەنگاو هەڵگرێ و هەنگاو هەڵدەگرێ.”*7

لەشۆڕشی سێهەمدا

 

لینین دروشمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە” ئاشتی ، نان و ئازادی” دادەنێ .

کەواتە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەگەر هەلسەنگێنرێ دەبێ لە ڕوانگەی ئەم دروشمەی شۆڕشەوە بزانین کە تا چ ڕادەیەک سەرکەوتوبوە؟

“ئاشتی” دژی شەڕی جیهانی یەکەم دروشم و داوایەکی ڕۆشنە کە پەیوەندی بە کۆتایی هێنانی بەشداری ڕوسیا لە جەنگی جیهانیدا هەیە و ئەمە ناوەرۆکی سۆشیالیزم ڕۆشن ناکاتەوە، بەڵام داوایەکی چینی کرێکار و جوتیاران وسەربازانی ڕوسیا بوە و بەلشەفیکەکان توانیویانە لەڕێگەی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە ڕوسیا لەو شەڕە جیهانیە دەربهێنن.

لە دروشمی “نان و ئازادی”دا سۆشیالیزم بەوە ڕۆشن کراوەتەوە کە “خەڵک دەتوانن لەبەرامبەر”گرانی و نەبونی” نان بەدەست بهێنن تەنیا لەڕێگەی ئەو هەنگاوانەی کە لەبەرامبەر پیرۆزبونی سەرمایە و موڵکایەتیدا سەری ڕیز دانانەوێنن.” لەم بارەیەشەوە دەوڵەتی سۆڤیەتی موڵکایەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویەکانی کردە موڵکی دەوڵەت و هەوڵی دابینکردنی “نان”ی دا.

“ئازادیش ، لەبەرئەوەی ئەم حکومەتە، حکومەتی خاوەن زەویەکان و سەرمایەداران لەخەڵک دەترسێت و لەگەڵ خانەدانەکانی رۆمانوفەکاندا خەریکی بەندوبەستە.”*8 بەلشەفیەکان بە لەدەسەڵات خستنی کرنسکی و کادیتەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزە بوروازیەکان هێنا و بەم مانایە “ئازادی” لەدەست دەسەڵاتی بورژوازی جیبەجێکرد.

گرنگی ئۆکتۆبەر لەوەدایە کە چینی کرێکار شۆڕش بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەبا و چاوەڕوانی بورژوازی ناکا و ناکەوێتە دوای جێگیر بونی دەسەڵاتی “دیموکراتی”  بورژوازیەوە تا داخوازیەکانی شۆڕشی بۆ جێبەجێ بکا.وەک لینین دەڵێ”مەسەلەی سەرەکی هەر شۆڕشێک مەسەلەی هێزی دەسەڵاتدارێتیە لەوڵاتدا.بەبێ ڕۆشنکردنەوەی ئەم مەسەلەیە ناتوانرێ سەبارەت بە بەبەشداری ئاگایانە لەشۆڕشدا و بەشێوەیەکی سەرەتایی باسی ڕابەری بکرێ.”.”لەڕوسیا دەوڵەتێک لە چەشنی کۆمۆنەی پاریس هەیە(شورای کرێکاران وسەربازان)”هەربۆیە دەبێ “حکومەتی کاتی (بورژوازی) یەکسەر لەکاربخرێ” و “کرێکارانی وشیار لایەنگری تاک دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازانن”.*9

شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەم گرتنە دەستی دەسەڵاتەدا و جێبەجێکردنی دروشمی شۆڕش” ئاشتی ، نان و ئازادی” سەرکەوتوبوو، بەڵام دەبێ بزانین کە لەم سێ شۆڕشەدا لای بەلشەفیەکان باس لە گۆڕینی سیستەمی ئابوری ڕوسیا بە سیستەمێکی سۆشیالیستی نیە .بەڵکو ناوەرۆکی ئابوری ئەم شۆڕشانە باسی گەشەپیدانی سەرمایەداریە و لەدواتردا و تەنیا لەم “دەرگایەوە” گواستنەوە بۆ سۆشیالیزم ئیمکانی هەیە.

سۆشیال دیموکراسی ڕوسیا ،بە هەموو باڵەکانیەوە، لینین و بەلشەفی و بلیخانوف و مەنشەفیەکان، لەسەر پێویستی گەشەپێدانی سەرمایەداری لەڕوسیا هاوڕابون .لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەم دەورانە شۆڕشگێرانەیەی ڕوسیادا دژ بە یۆتۆپیای پۆپۆلیستەکانی نارودنیک و سۆشیال شۆڕشگێڕەکان بوە کە دەیانویست لە قەیسەریەتی فیودالی و ئەرۆستۆکراسیەوە بچن بۆ سۆشیالیزم بەبێ تێپەڕین بە سەرمایەداریدا. بەڵام لەهەمان کاتدا بەلشەفیزم دژی ئەو ڕەوتە سۆشیال دیموکراتیە مەنشەفیەش بوو ،کە لەم شۆڕشە دیموکراتیە و لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیا و ئەزمەی دەسەلاتدارێتی بورژوازی ڕوسیادا ، دەیویست لە سایەی دیموکراسی پەرلەمانی و دەوڵەتی بورژوازیدا وەک ئۆپۆزسیۆنێک بمێنێتەوە و لەگەڵ شۆڕشی سیاسی سۆشیالیستی بەسەر حکومەتی کاتی بورژوازیدا نەبوو. بەڵام لێرەدا پرسیارەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بەلشەفیەکان لە شۆڕشی ڕوسیادا و دوای گەیشتن بەدەسەڵات چیانکرد بۆ قۆناغی” گەیشتن بە سۆشیالیزم”؟ وەچ جۆرە سۆشیالیزمێکیان دامەزراند؟

سۆشیالیزم دوای دەسەڵات

 

چۆنیەتی گەیشتن بە سۆشیالیزم گرێ کوێرەی بەلشەفیەکان و شۆڕشی ئۆکتۆبەرە. بۆ تێگەیشتن لەم ڕیبازە سۆشیالیستیەی بەلشەفیەکان ئێمە دەبێ لە سێ بواری جیادا هەنگاوەکانی حزبی بەلشەفی هەڵسەنگێنین لەبوارەکانی ئابوری ، لەبواری پەیوەندی لەگەڵ چینی کرێکار و بزوتنەوەی شورایی و سەندیکایی ، وە لەبواری حزب و دەسەڵات – دەوڵەت تابزانین بەرنامەی “گەیشتن بە سۆشیالیزم” چی بوە و بەرەو کوێ چوە؟

دوای گرتنی دەسەڵات ئابوری ڕوسیا بەناوی کۆمۆنیزمی جەنگی بەڕیوە دەچوولە ١٩١٨تا ١٩٢١ ،کە وەک ترۆتسکی دەڵێ” ڕیکخستنی بەکاربردن بوو لە قەڵایەکی گەمارۆدراودا” کە پشتیوانی پیشەسازی جەنگ و ڕزگارکردنی خەڵک بوو لە برسێتی*10 و بە “هاوشیوەی ‘سۆشیالیزمی جەنگ’ی وڵاتە سەرمایەداریەکان”ی دادەنێ.!

ئەم بەرنامە سۆشیالیستیە لە کانونی دوەمی ١٩١٨ پەرلەمانی ڕوسیا بەناوی” جاڕنامەی مافەکانی خەڵکی کرێکار و چەوساوە” بڵاویدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێ کە ” هەڵوەشانەوەی مولکایەتی تایبەتی زەوی. دەکرێتە موڵکی گەل. چاودیری کرێکاری و لیژنەی باڵا بۆ ئابوری نیشتمانی . کردنی کارگە و کانەکان و هێڵی ئاسن و بانکەکان دەکرێتە موڵکی دەوڵەت. هەموو کەس دەبێ کار بکا و چەکدارکردنی کارگەران و دروستکردنی سوپای سوری سۆشیالیستی و چەک کردنی هەموو چینە موڵکدارەکان.” *11

دواتر لەساڵی ١٩١٩لینین لە “پێشنیاری تەواوی بەرنامەی حزب کۆمۆنیستی ڕوسیا “*12دا باس لەو هەنگاوە ئابوریانە دەکا کە دەوڵەتی سۆڤیەت دەیگرێتەبەر. لێرەداشدا ڕۆشنە کە سۆشیالیزم بریتیە لە “گواستنەوەی موڵکایەتی تایبەتی زەوی و کارگەکان و دامودەزگاکان و بانک بۆ موڵکایەتی دەوڵەت”. هەروەها باسی “دروستکردنی سەندیکا و هەرەوەزیە بەرهەمهێنەر و بەکاربردن” کراوە “*13 بەڵام سەرەڕای ئەمانەش بەرنامەی حزب لە ١٩١٩ ئەوە پەسەند دەکا کە” دەسەڵاتی شوراکان لە بواری دابەشکردندا بەردەوام دەبێ لە جێگرتنەوەی بازرگانی لەڕیگەی دابەشکردنی بەرهەمەکان بەشیوەی دابەشکردنێکی ڕیکوپیك لەئاستی نیشتمانیدا بەپێی نەخشەیەکی سەرتاپاگیری.” * 14

ئەمە پوختەی موڵکایەتی سۆشیالیستی بوو لە ڕوسیادا کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویەکانەوە کردبوە موڵکی دەوڵەت. جگە لەمە شێوازێکی تری موڵکایەتی گشتی بەرهەمهێنەران لە ڕوسیادا لەبەرنامەدا نەبوە و جگە لە موڵکایەتی دەوڵەت هیچ مۆدێلێکی تر لە شیوەی موڵکایەتی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنەران نابینین.

بەڵام وەک ترۆتسکی دەڵێ ” گۆڕینی فۆرمی موڵکیەت مەسەلەی سۆشیالیزم چارەسەر ناکا بەڵکو تەنیا دەیخاتەڕوو.” *15

هەربۆیە موڵکیەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە هەروەک موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران تەنها یەکێک لە شێوەکانی موڵکایەتیە نەک گۆڕینی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت. ئەمە شتێک سەبارەت بە سۆشیالیزم ناگەیەنێ . بەم شێوەیە بەرنامەی بەلشەفیەکان لە ١٩١٧ تا ١٩١٢١ باسی گۆرینی فۆرمی موڵکایەتیە لە سەرمایەداری خسوسی و فەردیەوە بە موڵکایەتی دەوڵەت و خۆماڵیکردنی زەوی و بانک و کارگەکان.

وەک مارکس دەڵی ” ‘پەیوەندی موڵکایەتی’ بریتیە لە ‘دەربڕینێکی قانونی’ یە لە ‘پەیوەندی بەرهەمهێنان’ێکی دیاریکراو*16.

 کەواتە مەسەلەی سەرەکی سۆشیالیزم بریتیە لە گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنان نەک شکڵە قانونیەکەی کە موڵکایەتیە. ئەم شکڵە قانونیە دەتوانێ لە سەرمایەداریشدا لە فۆرمی موڵکایەتی تایبەتی تاکە کەسیەوە بگۆڕێ بە موڵکایەتی چینایەتی دەوڵەت،17* بەبێ ئەوەی پەیوەندی بەرهەمهێنان و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هیچ ئالوگۆڕێکی بنەڕەتی و چینایەتی بەسەردا هاتبێ.

باسەیری ئەم واقعیەتە بکەین لە ڕوسیادا.

لینین پێشتر وتی کە ” لەپەیوەند بەم شۆڕشە جوتیاریەوە و لەسەر بنەمای ئەمە(شۆڕشە جوتیاری) ئیتر دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە”. *18ئەم شۆڕشە زەوی خاوەن موڵکە گەورەکانی کردە موڵکی دەوڵەت و هاوکات “دابەشکردنی کشتوکاڵی کە میراتی ڕابردوو بوو دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر زیادی کرد ، وە لە ١٩٢٦ تا ١٩٣٦لە ١٦ ملێۆنەوە بوە بە ٢٥ ملێۆن پارچە زەوی.”*19

دواتر گەشەی موڵکایەتی تایبەتی جوتیاران بوە مایەی گەشەی جوتیارە دەوڵەمەندەکان کە سلفەیان لەدەوڵەت وەردەگرت و باجی سەر جوتیارە هەژارەکان کاریگەری زیاتری هەبوو لەسەر ژیانیان و زێدەبەرهەمی گەنمی عەمباری دەوڵەمەندەکان بوە ئامڕاز کۆیلەکردنی جوتیارە هەژارەکان. و پاشان ئەمە کاریگەری لەسەر دەولەت دانا و یاسای کریکاری کرێگرتە لە کشتوکاڵدا و بەکرێدانی زەوی لە ساڵی ١٩٢٥ دەرکرا و ٦٠٪ گەنمی ئامادە بۆ بازرگانی لەدەستی ٦٪جوتیاراندابوو و بەشیوەیە گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ هەلوەشانەوەی خۆماڵیکردنی زەوی لە ١٩٢٥ دەستیپێکردەوە. *20

ئەمە شکستی سۆشیالیزم بوو لە کشتوکاڵدا کە لینین و بەلشەفیەکان پێیان وابوو لەسەرکەوتنی شۆڕشی جوتیارانەوە “دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە”.

هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە لای بەلشەفیەکان ئەوە ڕۆشن بوە کە جێبەجێکردنی سۆشیالیزم وەک سیستەمێکی ئابوری مومکین نیە و پێویستە سەرەتا سەرمایەداری دەوڵەتی پەرەپێبدرێ.  لینین لە ساڵی ١٩١٨دا دەڵێ” لە کۆماری سۆشیالیستی سۆڤیەت گواستنەوە بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی هەنگاوێکە بۆ پێشەوە؟ ئایا ئەمە خیانەت لە سۆشیالیزم نیە؟”*21. ئەو بۆ پاساوی ئەم سیاسەتە ئابوریە باس لە شێوازەکانی موڵکایەتی لە ڕوسیاسا دەکا و دەڵێ “توخمەکانی شیوازە کۆمەڵایەتی-ئابوریە جۆراوجۆرەکانی ڕوسیە بریتین لە:

١-ئابوری پاتریارکال،ئابوریەک کە بەڕادەیەکی زۆر خەسڵەتی سروشتی و جوتیاری هەیە.

٢- ئابوری کاڵایی بچوک (هەموو ئەو جوتیارانەی دەغڵ و دان دەفرۆشن لەم گروپەن)

٣-سەرمایەداری تایبەت

٤- سەرمایەداری دەوڵەتی

٥- سۆشیالیزم

ئەمانە وەک ئابوریەکی تێکەڵاو کە لە سەرەوە باسکراوە و بە “قۆناغی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ کۆمۆنیزم” ناسێنراوە. دواتر لە ١٩٢١ حزبی بەلشەفی بەرنامەی نوێی ئابوری “نیپ” جێبەجێ دەکا. لینین لە پاساوی ئەم سیاسەتەی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیادا گەشەپیدەدا دەڵێ؛”مەگەر ڕۆشن نیە کە، ئێمە لە باری مادی،ئابوری و بەرهەمهێنانەوە هێشتا لە’بەردەگای’سۆشیالیزمدانین؟ وە هیچ ڕیگەیەککی ترمان جگە لەم ‘دەرگایە'(سەرمایەداری دەوڵەتی) ناتوانرێ لەدەرگایەکی ترەوە بەرەو سۆشیالیزم هەنگاو بنێین؟”.*22

هەروەها لینین لەنێو ئەم شێوازە ئابوریانەدا دۆست و دوژمنەکانی سۆشیالیزم دیاری دەکا و دەڵێ:

“ئەوە سەرمایەداری دەوڵەتی نیە کە لێرەدا خەبات دژی سۆشیالیزم دەکا، بەڵکو وردەبورژوازی سەرەڕای سەرمایەداری خسوسیە کە بە ڕیکەوتن و لەیەک کاتدا هەم دژی سەرمایەداری دەوڵەتی و هەم دژی سۆشیالیزم دەجەنگن.”*23.

لە ڕوانگەی ئابوری بەلشەفیەکانەوە لە بەرئەوەی سەرمایەداری دەوڵەتی دژی سۆشیالیزم ناجەنگێ کەواتە ترسی شکستی سۆشیالیزم لە ئابوری کاڵایی بچوک و لەگەڵ وردەبورژوازیدایە.

هەربۆیە لینین دەڵێ:”یان ئێمە وردەبورژوازی دەکەینە پاشکۆی کۆنترۆل و حسابی خۆمان ، یان ئەو ئێمە بەناچاری و حەتمی حکومەتی کرێکاری دەپوکێنێتەوە. بەهەمان شێوەی ناپلیۆنەکان و کاونیاکەکان، کە بەهەمان شێوە لەسەر زەمینەی هەمان وردە خاوەن موڵک سەریان بەرزکردەوە و شۆڕشیان لەناوبرد.”*24.

پەنابردنە بەر ئەم نەخشە ئابوریە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە “گەیشتن بە سۆشیالیزم” پیویستی بە گەشەپیدانی هیزەکانی بەرهەمهێنانە و ئەمەش لەڕیگەی سەرمایەداری دەوڵەتیەوە دەکرێ. هەڵسەنگاندنی لینین ئەوەیە کە “ئێمە دەبێ لە سەرمایەداری وەک ئەڵقەیەکی ناوەڕاستی پەیوەستکردنی بەرهەمهێنانی بچوک و سۆشیالیزم ،و وەک ئامڕازێک، ڕیگایەک، شێوە و چۆنیەتی بردنەسەرەوەی ئاستی هێزە بەرهەمهێنەرەکان سودی لێوەرگرین.”*25

لەبەرئەوەی “سەرمایەداری دەوڵەتی لە باری ئابوریەوە لەئاستێکی باڵاتر لە ئابوری ئێستای ئێمەدایە”*26

لەدرێژەی ڕۆشنکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی سەرمایەداری دەوڵەتی دا باس لەڕیگەی ئیمتیازات و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان’کۆپراسیۆن’ەکانەوە و دەڵێ”نمونەی ئەوەی چۆن حکومەتی سۆڤیەت گەشە بەسەرمایەداری دەدا تا بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی دەبا، بریتیە لە ئیمتیازەکان. ئەمە بریتیە لە ڕیکەوتنامەی نێوان حکومەتی سۆڤیەت لەگەڵ سەرمایەداری دەوڵەتی.خاوەن ئیمتیازەکە –سەرمایەدارێکە،کۆمپانیایەکە،یانەیەک و کارتل وترەستێکە.ئەم ئیمتیازە لەبورای پیشەسازی گەورەی ئامێرەکاندایە.

 کۆمەڵەی هەرەوەزیش جۆرێک لە سەرمایەداری دەوڵەتیە کە لە بەرهەمهینەرانی کاڵابچوکەکاندایە.ئازادی ئەم کۆمەڵە هەرەوەزیانە لە دۆخی ئێستای ڕوسیادا بەمانای ڕیگەدان بە ئازادی و مافە بە سەرمایەداری.

“ئەمە تاقیکردنەوەیەکە لە پیشبڕکێ لەگەڵ سەرمایەداری تایبەت(خسوسی)دا،یان ئێمە لەم پێشبڕکێیەدا بەسەر سەرمایەداری تایبەتدا سەردەکەوین یان شکستی تەواو دێنین.”*27

حزبی بەلشەفی لێرەوە دەبێ وەک سەرمایەدارێکی دەوڵەتی کە بەرهەمهێنان و بازرگانی و ئیدارەی دەوڵەتی بەدەستەوەیە پێشبڕکێ بکا لەگەڵ سەرمایەداری خسوسی و کۆمپانیا و ترەستە بازرگانی و خاوەن موڵک و سەرمایەدا.

وەک ترۆتسکی دەڵی ” خەبات لە پێناو زیادکردنی داهاتی کار، ناوەرۆکی چالاکی حکومەتی سۆڤیەتی پێک دەهێنێ.” *28

ئەم زیادکردنە پێیوستی بە”کاری بەپارچە” و سەعات کاری زیاتر لە “٧” سەعاتی فەرمی بوو. لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا لەساڵی ١٩٣٦ کە ستالین ڕایگەیاند سۆشیالیزم لە ڕوسیادا بەئەنجام گەیشتوە بەوەی کە “ڕۆبل بوەتە تاکە ئامڕازی ڕاستەقینەی جێبەجێبونی بنەمای سۆشیالیزم بۆ کرێی کار.”*29

 لێرەوە هەموو شێوازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ڕوسیای بەلشەفیدا دەستی بەکارکردەوە و لەپاڵ ناچارکردنەوەی کرێکاران بە کارکردن بە کرێ بۆ دەوڵەت و لێسەندنەوەی زەوی لە جوتیاراندا و خاوەندارێتی سەرمایەداری دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پارە ، یاسایی کەڵەکەبونی سەرمایە دەستپێکردو ئەمەیان بە “کەڵەکەبونی سەرەتایی سۆشیالیستی”  لەقەڵەمدا هەرچۆن کەڵەکەبونی سەرەتایی سەرمایە لەسەرمایەداریدا هەیە.*30

“سەرمایەی جێگیر لە پیشەسازی ڕوسیادا بازیدا لە ١٠،٣ملیار ڕۆبلەوە لە ١٩٢٨بۆ ٢٢،٦ملیار ڕۆبڵ لە ١٩٣٢ و بۆ ٥٩،٩ ملیار ڕۆبڵ لە ساڵی ١٩٣٧دا”*31. لەگەڵ ئەم گەشەی گەورەیەی سەرمایەشدا “ئەگەرچی ڕێژەی توانای بەرهەمهێنەری کاری کرێکاری ڕوسی نزیکەی ٤لەسەر ٥ی توانای بەرهەمێنەری کاری کرێکارێکی بەریتانی بوو، لەم کاتەدا ئاستی گوزەرانی کرێکاری ڕوسیا چارەک یان ١لەسەر ٣ێی ئاستی گوزەرانی کرێکارێکی بەریتانی بوو.”*32

ئەمەش نیشانی دەدا کە یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زێدە بەرهەم و چونە سەری توانای بەرهەمهێنەری کاری کرێکاران لەلایەک، وە هەژاری و کەمبونەوەی توانای کڕین و دابەزینی ئاستی گوزەران لای جەماوەری کرێکار لەلایەکی ترە ،کە دەبێتە هۆی دروستبونی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری ،لەڕوسیاشدا هەر هەمان یاسا بەسەر سەرمایەداری دەوڵەتیشیدا زاڵ بوو.

 کاتێکیش کە ئابوری ڕوسیا توشی” هەڵئاوسانی گەورەی مالی بوو ئەمە بوە هۆی سەپاندنی باجی قورس بەسەر هاوڵاتیانی زەحمەتکێشدا.”*33.

بەکورتی ئەم سیاسەتەی “نیپ” کە ١٩٢١ داڕیژراو لە “کۆنگرەی ١٢ ساڵی ١٩٢٣ گەشەی پیدرا” لە کۆتاییدا بوە سەرکەوتنی هەموو میکانیزمەکانی سەرمایەداری لەچەشنی بازاڕ و بەهای گۆڕینەوە و بازرگانی و کاری بەکرێ و پارە و سەعات کاری زۆر و جیاوازی کرێ و ئیمتیازات دان و پاداشت وکاری بە پارچە و توندبونەوەی  سەختی کار و کەڵەکەی سەرمایە و هەڵئاوسانی مالی. بەم پێیە “یاساکانی مافی بورژوازی” لەپرۆسەیەکدا جێگیرکران، کە لینین لەسەرەتاوە دەیوت”ترسی لە “نیپ” نەبوو چونکە لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.” *34

بەڕای من ئەمە پرسیاری سەرەکیە لە لینین و بەلشەفیزم کە چۆن سەرەڕای “نیپ” و سازدانەوەی سەرمایەداری لەڕوسیادا “چۆن لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.”؟!

هەر چەند لە بەشی ١٣و١٤ ی پێشودا ئەم مسۆگەریەی کە لینین باسی دەکا نیشانمان دا کە لەسایەی دیکتاتۆری حزبیدا بەرەبەرە هیچ شتێک لە دەسەڵاتدارێتی شورایی و ئازادی سیاسی لەناو حزب و لە کۆمەڵگەدا نەماوەتەوە.

بەڵام پیویست دەکا بەتایبەت بزانین کە مۆدیلی ئابوری سۆشیالیزمی دەوڵەتی و “نیپ” چۆن ئەم مسۆگەریەی لینینی بەتەواوەتی نەهێشت؟ زۆر پیویستیشە بزانین ئەم ئابوریەی سەرمایەداری دەوڵەتی چ ئاڵوگۆڕێک لە پەیوەندی حزبی بەلشەفی بە چینی کرێکارەوە دەهێنێتە ئاراوە؟ وە ئایا حزب و دەوڵەتی بەلشەفیە چۆن دەگۆڕێن لەگەڵ ئەم سەرمایەداریە دەوڵەتیەدا؟

سەرچاوەکان:

 

*1 دوتاکتیکی سۆشیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیدا،ل٢٤٦،فارسی، منتخب اثار.

*2هەمان سەرچاوە ، ل ٢٥٤

*3لینین،دوو ئۆتۆپی،ل٣٤٦، فارسی، منتخب اثار.

4* لینین ، نامەکان لە دوورەوە، ل ٤٥٠، فارسی، منتخب اثار.

5*لینین، بەرنامەی جەنگی شۆڕشی پرۆلیتاریا،ل ٤٤٩، فارسی، منتخب اثار.

6* لینین، نامەکانی دووری، نامەی پێنجەم، ئەرکەکانی ڕیکخستنی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ بۆ دەوڵەت،مارسی ١٩١٧.https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1917/letters.htm

7* لینین ، نامەکان لە دوورەوە، ل ٤٥٠، فارسی، منتخب اثار.

8* لینین، بەرنامەی جەنگی شۆڕشی پرۆلیتاریا،ل ٤٤٩، فارسی، منتخب اثار.

9* لینین ، دەربارەی دەسەڵاتی دوولایەنە،ل ٤٥٦و٤٥٧، فارسی، منتخب اثار.

10* ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ و سیاسەت بەرامبەر بە کۆلاک.*https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm

*11 لینین، المختارات، ل ٤٤٥-٤٤٤، بەرگی ٧.

12* بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/lenin/works/1919/tarhe-barnameh.pdf

13* هەمان سەرچاوە ل ١٧

*14 هەمان سەرچاوە

*15 ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ و سیاسەت بەرامبەر بە کۆلاک.

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm

*16مارکس، بەرەو ڕەخنە لە ئابوری سیاسی

https://libcom.org/library/economic-content-socialism-lenin-it-same-marx ‘Towards a Critique of Political Economy’ (Preface), MESW: p 181

*17 مارکس ، کاپیتاڵ

45 DK III, ibid; Capital III, ibid

18لینین، نامەکانی دووری، نامەی پێنجەم، ئەرکەکانی ڕیکخستنی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ بۆ دەوڵەت،مارسی ١٩١٧.

*19ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm

*20 هەمان سەرچاوە

*21لینین، دەربارەی چەپڕەوی مناڵانە و مەیلی بورژوازی بچوک، ل ٥٢٠، المختارات، عەرەبی،مجلد٧، دارالتقدم.

22* هەمان سەرچاوە ، ل ٥٢١-٥٢٢

23* لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل٧٩٩و ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

24* هەمان سەرچاوە، ل ٨٠٧

25* هەمان سەرچاوە ، ل ٨٠٠

26* لینین، دەربارەی چەپڕەوی مناڵانە و مەیلی بورژوازی بچوک، ل ٥٣٠، المختارات، عەرەبی،مجلد٧، دارالتقدم.

27* لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٥-٨٠٧، فارسی، منتخب اثار.

*28 ترۆتسکی،” شۆڕشی خیانەتلێکراو”، بەشی چوارەم، بزوتنەوەی ئیستاخانوفیزم.

 https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch04.htm

*29 هەمان سەرچاوە

*30 ئارنست ماندل، بیرۆکراسی،

https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1973/boorkorasi3.pdf

*31 تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا،ل٢٢

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

*32 هەمان سەرچاوە ، ل٣١

*33 ، ترۆتسکی،” شۆڕشی خیانەتلێکراو”، بەشی چوارەم، هەڵئاوسانی دارایی سۆشیالیستی

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch04.htm

*34 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

بەشی ١٦

کۆنترۆڵی سەرمایەداری یا کۆنترۆڵی کرێکاری

پرسیاری سەرەکی شۆڕشی ئۆکتۆبەر

گۆڕانکاریەکی گەورە کە لە “سیاسەتی ئابوری نوێ “نیپ” دانی پێدا دەنرێ بریتیە لە گواستنەوە لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە هەبوە بۆ کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی بە شێوەیەکی فەرمی لەڕوسیادا. بابزانین ئەم گۆڕانکاریە چی بەسەر جێگاودەسەڵاتی کرێکار و شورا و سەندیکا و هەموو جۆرە ڕیکخراو و دەسەڵاتێکی کرێکاریدا دەهێنێ. ئەم پرسە گرنگە چونکە هەموو ترسێکی گەڕانەوەی سەرمایەداری لای بەلشەفیەکان بەو وتەیەی لینین ڕەوێنراوەتەوە کە ” لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.”!*1 هەربۆیە لێرەدا لەسەر ئەم گۆڕانەی بەسەر ئەم گرەنتیەی لینیندا دێت لێکۆڵینەوەکەمان درێژە پێ دەدەین. بابزانین ئەگەر ئەم گرەنتیە نەمێنێ بەهۆی “نیپ”ەوە چی لە سۆشیالیزم لە سۆڤیەتدا دەمێنێتەوە؟!

لینین دەڵێ؛”سیاسەتی ئابوری نوێ “نیپ” کۆمەڵێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دۆخی پرۆلیتاریادا دروست دەکا..لەوانە بازرگانی ئازاد و سەرمایەداری ڕێگەپیدراوە و پەرەی پیدەدرێ و کاروباری بازرگانی و سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەتەوە ڕیک دەخرێ و لەلایەکی ترەوە ئەو دامەزراوە دەوڵەتیانەی کراون بە سۆشیالیستیی دەبێ پەیڕەوی لە بنەمای بازرگانی بکەن وە ئەم کارە لە هەلومەرجی دواکەوتویی گشتی فەرهەنگی و هیلاکی وڵاتدا بەناچاری کەم تازۆر دەگات بەوەی کە لەزەینی جەماوەردا دەستەی بەڕێوەبەری ئەم دامەزراوانە بەرامبەربە کرێکارانێک دەوەستنەوە کەلەم دامەزراوانەدا کاردەکەن.”*2

بەم پێیە پەیوەندی نێوان سەندیکا کرێکاریەکان و دەوڵەتی سۆڤیەتە دەگۆڕێت. لەبەرئەوەی دەوڵەت وەک سەرمایەدارێک بەرامبەر بە کرێکار وەستاوە. هەربۆیە لینین دەڵێ” ڕوبەڕوبونەوەی چینایەتی نێوان کاروسەرمایە بێ گومان دەمینێتەوە،بەم پێیە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی سەندیکاکان پاریزگاری هەمەلایەنەیە لە بەرژەوەندی چینایەتی پرۆلیتاریا لە خەباتیدا دژی سەرمایە.سەندیکا بەپێی ئەم ڕوانگەیە سەرلەنوێ خۆی ڕیکبخاتەوە، شکلێ بگۆڕێ یا کامڵ بکرێ.”*3

بەم پێیە “هەرجۆرە دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی سەندیکا لە ئیدارەی کاروباری دامەزراوەکاندا. لەم جۆرە دۆخەدا، دەبێ بەبێ شک زیانبار و ڕیگەپێنەدراو دابنرێ.”*4

سنوری ئەم خەباتە سەندیکاییەش دیاریکراوە بەوەی “دژی کەموکورتیە بیرۆکراتیەکانی دەوڵەت بێ و زیان بە پەرەپیدانی دەولەتی کرێکاری و ئابوریەکەی نەبێ.سەندیکا کاری میانجیگەریە و نابێ گفتوگۆکان بگاتە مانگرتن لە دامەزراوە دەولەتیەکاندا.” *5

“هاوکات لەساڵانی یەکەمی دوای شۆڕشدا ، چ بە یاسا و چ لەواقعدا ، سەندیکا کرێکاریەکان تەنیا مافی دیاریکردنی کرێیان هەبوو.بەڵام لەکاتی سیاسەتی نوێی ئابوریدا،نیپ، کرێ لە ڕیگەی ڕیکەوتنی نیوان سەندیکا و ئیدارەوە دیاری دەکرا و دواتر لەگەڵ سەرەتای پلانی ٥ ساڵەدا، کرێ بەزۆری لەلایەن دەستەی بەڕیوەبەرایەتی ئابوریەوە دیاری دەکرا، وەک کۆمیسارەکان، بەڕێوەبەری تاکی کارگەوەدواتریش لە ١٩٣٣ پارێزگاری کرێکاران لەخۆیان قەدەغەکرا بەوەی دژی حکومەتەکەیانە و ئەمە هەڵەیە.”*6

 ئەم گۆڕانکاریانە لە هەڵوێستی دەوڵەتی بەلشەفی لە دروشمی “بەڕیوەبەرایەتی کرێکاری و شورا کرێکاریەکان” لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ دا بەرەو ئەوەی کە سەندیکای کرێکاران دەبێ “خۆی دژی دەوڵەتی سەرمایەداری سۆڤیەت ڕێکبخا،وە نابێ دەست وەربداتە ئیدارەوە ، وە هەروەها مافی مانگرتنیشی نیە”، گۆڕانکاریەکە کە حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار جیادەکاتەوە .

لێرەدا چینی کرێکار لە دەوڵەتی کرێکاری جیادەبێتەوە و دەبێ وەک چینێک لەڕیگەی سەندیکاوە دژ بەم دەوڵەتە کرێکاریە خۆی ڕێک بخا. کەواتە خەباتی چینایەتی دژ بەم دەوڵەتە لە ئارادایە ، هەروەک بەڵگەی مانگرتنە بەردەوامەکانی ساڵانی ١٩٢١تا دوایی دەیسەلمێنێ. لینین خۆی دەڵێ ئەمە”خەباتی چینایەتی دژی سەرمایە”یە ، کەواتە دەوڵەتێکی سەرمایەداری لە ئارادایە نەک دەوڵەتێکی کرێکاری. ئەگەر نا چۆن دەکرێ چینێک لە دژی دەسەڵاتی خۆی خەبات بکا؟!مەسەلەکە ئەوە نیە سەرمایەداری وەک شێوازێکی  بەرهەمهێنان هێشتا لە هەندێ شوێنی ڕوسیادا ماوە و دەوڵەتی کرێکاری لەدژی خەبات دەکا، بەڵکو مەسەلە لێرەدا ئەوەیە کە خودی دەوڵەتی کرێکاری دەیەوێ دەوری مۆنۆپۆلی سەرمایە بگێڕێ و چینی کرێکار دەبێ وەک کرێ گرتەی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریە کاربکا و زێدەبایی بەرهەم بهێنێ و کەڵەکەی سەرمایە بکا. ئەمە ئەو پەیوەندیە بەرهەمهێنانەیە کە هەموو موڵکایەتیەکی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەکاتە موڵکی دەوڵەتێکی مۆنۆپۆلی سەرمایەداری کە ناوی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیە. کەواتە ئەگەر کرێکاران خەباتی چینایەتی بکەن دەبێ دژی حزبی بەلشەفی بیکەن، هەربۆیە دەبینین کە دیسپلینی حزبی و دەزگای بیرۆکراتی حزبی بەپێی پێوەری ڕادەی گوێڕایەڵی کریكارانی ئەندامی حزب بۆ قبوڵکردنی ئەم کۆیلایەتی کاری کرێ گرتەییە و ملکەچی بۆ یاساکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بەلشەفی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. ڕێژەی دەرکردنەکان لە حزب و مانگرتنە کرێکاریەکان نیشانی دەدەن کە ئەم سیاسەتەی “نیپ” قۆناغی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتە لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بەرەو کۆنترۆڵی سەرمایەداری.

ئەمەش بنەمای هەموو لادان و بەئەنجام نەگەیشتنی شۆڕشی کۆمۆنیستیە لە ڕوسیادا. گۆڕانی بنەماکانی شۆڕشێک کە بۆ دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەسەر سەرمایەداریدا بەرپاکرا بەرەو دیکتاتۆریەتی حزبێک کە لەڕێگای سەرمایەداری دەوڵەتیەوە ڕێگە لە کۆنترۆڵی کرێکاری و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا.  لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسە مادیەی جیابونەوەی بنەڕەتی و ژێرخانەیەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار، بیرۆکراتیزم و سەرکوتی ناوخۆی حزب و سەرکوتی حزبە کرێکاریەکانی تر و هەموو ئەو بێ مافیە سیاسی و ئابوریانەی کە چینی کرێکار لە ڕوسیادا بەرەو ڕوی بوەوە، بە شیوەیەکی مادی ، بەشکڵی  تەواوەتی خۆی گەیشت و سەرمایەداری دەوڵەتی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی جێگای بەرنامە و خەباتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی گرتەوە.

لێرەوە بەلشەفیزم حزب دەکاتە بەڕێوەبەری کارگە و بازرگان و سەرمایەدار، وە کرێکارانیش دەبێ خەباتی چینایەتی دژی سەرمایەدارێکی حزبی درێژە پێبدەن. ئەمە ناکۆکیەک و ئەنتاگۆنیسمێکە کە لەنێوان حزبێکی کرێکاری و دەسەڵاتێکی دەوڵەتی بەلشەفیدا دروست دەبێ .ناکۆکی نێوان مۆدیلی حزب و کۆمۆنیزمی بەلشەفی لەگەڵ دەوری چینی کرێکار لە بنیاتنانی سیاسی و ئابوری کۆمەڵگەی سۆشیالیستیدا. لێرەوە شکستی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی نێو حزبی کرێکاری بەلشەفی دەبینین لە خەباتی چینایەتی کرێکارانی ڕوسیادا.

ئیتر ئەم قسەیەی لینین کە دەیوت”ترسی لە “نیپ” نەبوو چونکە لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.” *7 نەیدەتوانی ئەو ناکۆکە چینایەتیە لە نێوان دەوڵەتی بەلشەفی و چینی کرێکاردا پەردەپۆش بکا کە،بۆچی ئەگەر دەسەڵات و حکومەتی کرێکاری هەیە، کرێکاران سەعاتی کاری زیاتر کاردەکەن و دەسەڵاتیان بەسەر بەرهەمهێناندا نیە ؟بۆچی حزب و بەڕیوەبەری سەرمایەدار پێیان دەڵێن کرێ یان چەندە و ئەگەر ناڕازیش بن ناتوانن مانبگرن؟دروستکردنی فراکسیۆن و حزبی تریش قەدەغەیە؟ چۆن حزبی بەلشەفی و دەستەجێگرە سەرکردایەتیەکەی تاکە نوێنەری چینی کرێکارە، “لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە” ، ئەگەر لەم مۆدیلی سیاسی و ئابوری هیچ دەسەڵاتێکی کرێکار و زەحمەتکێش نەک لە ئارادا نیە بەڵکو دەبێ دژی ئەم دەسەڵاتە خەبات بکا؟ چۆن حزب و دەوڵەتێک کۆمۆنیستی دەبن ئەگەر جێگای کرێکار تیایدا کرێ گرتەی بەڕیوەبەرێکی حزبی بێ؟ ئەگەر بڕیاری ئابوری ئەو دەوڵەتە و کرێ و بەرهەمهێنان لەدەستی کەمایەتیەکی حزبی سەرمایەداری دەوڵەتیدا بێ؟ ئازادی مانگرتن و فراکسیۆن و هەموو ئازادیەک لەژێرناوی حکومەتی خۆماڵی چینی کرێکاردا قەدەغەبێ؟

 زەوتکردنی ئەم مافانە لە چینی کرێکار بەناوی حکومەتی کرێکاریەوە نیشانی دەدا کە ئەمە حکومەتی کرێکاران خۆیان نیە. قەدەغەبونی بڕیاری بەرهەمهێنان لەدەستی سەندیکا و شورا کرێکاریەکاندا لێسەندنەوەی مافی بەشداری ڕاستەوخۆی ئازادانە و هەرەوەزیانەی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیدا و سەپاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری حزبیە بەسەر بەرهەمهێنەرانی واقعی کۆمەڵگەدا. ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە شۆڕشی کۆمۆنیستی بە هەڵوەشانەوەی ئەم دەستێوەردانە دەوڵەتیە دەست پێ دەکا نەک بە جیگیرکردنی.ئەم جیاوازی بنەڕەتی سۆشیالیزمە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

 لینین لە وەڵام بەم ناکۆکیەدا دەڵێ؛”سەرەکی ترین و بنەمای ترین مەسەلەیەک کە پرۆلیتاریا ،دوای گرتنی دەسەڵاتی دەوڵەتی بەدەست دەهێنێ ،سودی هەبێ بۆی، بریتیە لە گەشەی ئاستی بەرهەم و بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە تا ئاستێکی باش..لەدۆخی ئێستای ڕوسیادا بێ شک پێویستی بە کۆکردنەوەی تەواوی هێزە لەدەستی بەڕیوەبەرایەتی کارگەکاندا.ئەم بەڕیوەبەرایەتیەش، بەپێی بنەمای گشتی لەسەر بناغەی یەک سەرۆکی دروست دەکرێ و پیویستە جدی ترین شیواز لە هەڵبژاردنی بەرجەستەترین و بەتواناترین بەڕیوەبەرەکان و بەشیوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێ.”*8

ئەم تێگەیشتنە لەوەی کە مەسەلەی سەرەکی پرۆلیتاریا دوای گرتنە دەستی دەسەڵات “گەشەی ئاستی بەرهەم و بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە” یە ، تێگەیشتنێکی بەرتەسکە لە سۆشیالیزم هەرچەند لەباری مێژووییەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست و بەتایبەت بۆ ڕوسیا مەسەلەیەکی جدیە و وەک مارکس دەیوەت” کۆمۆنیزم بریتی نیە لە دابەشکردنی هەژاری”. بەڵام مەسەلەی گەشەی ئابوری ناوەرۆکی سۆشیالیزم نیە. داینەمیزمی سیستەمی کەڵەکەی سەرمایە لای بورژوازیش گەشەی ئابوری دروست دەکا . لای بورژوازی مەسەلەی سەرەکی لەم یاسا ئابوریەدا کەڵەکەی سەرمایەیە. لای چینی کرێکاریش گەشەی ئابوری ئامانجی سەرەکی نیە، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی سازدانەوەی کۆمەڵگەیە لەلایەن چینی کرێکار خۆیەوە و بۆ کۆتایی هێنان بە کۆیلەتی خۆی وەک چینێک بۆ دەسەڵاتێکی سەروو خۆی، بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کەمایەتیەکی سەرمایەدارە ،جا چ ئەم کەمایتیە سەرمایەدارە دەوڵەت بن یان کۆمپانیای تایبەت بن. هەر پلانی گەشەیەکی ئابوری بەمانای دەوری ئەم چینە خۆیەتی لە ئابوری و سیاسەتدا نەک ئەم چینە خۆی ناچاربکرێ لە سایەی دەوڵەتێکی سەرمایەداری دەوڵەتیدا لەلایەن حزبێکەوە ،جا کرێکاری بێ یان بورژوازی، دەوری ” بردنە سەری هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە “بۆ دابنرێ.

سۆشیالیزم هیچ شتێک نیە جگە لە چالاکی سیاسی چینی کرێکار خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بۆ گۆڕینی سیستەمێک کە ئەو تیایدا ژێردەستەیە. هەربۆیە وەک گرامشی جەختی لەسەر کردۆتەوە ” سیاسەت بریتی نیە لە ستراتیژیەک بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم، بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی”*9 .پراتیکی سیاسی ئەم چینەیە نەک حزبەکەی کە “مێژووی خۆی دروست دەکا، بەڵام لەهەلومەرجێکدا نا کە خۆی هەڵی بژاردوە، بەڵکو هەلومەرجێک کە دراوە و لەڕابردوەوە هاتوە.”*10

لینین بۆ گەیشتن بەم گەشە ئابوریە کە گەشەدان بە سەرمایەداری دەوڵەتیە ، وەک لە پێشودا باسمانکرد، سیستەمی “یەک سەرۆکی” لە بەڕیوەبردنی کارگەکاندا دروست دەکا. بێگومان ئەمە پێچەوانەی بەرنامەی حزبە ،کە لینین لەساڵی ١٩١٩ نوسیبوی، هاتبوو کە ” کاریگەری دانانی ڕاستەخۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە بینای حکومەت و ئیدارەی هەموو وڵات لە ڕێگای گۆڕینی یەکەی ئابوری-پیشەسازی(کارخانە)-نەک دابەشکردنی ناوچەیی- بەشیوەی یەکەی سەرەتایی هەڵبژاردن و ناوکی بینای حکومەت لەسایەی دەسەلاتدارێتی هیزی شوراکاندا جێبەجێ دەبێت. ئەم پەیوەندیە نزیکترە لە نێوان دەزگای دەوڵەت و جەماوەری پرۆلیتاریای پێشکەوتو کە سەرمایەداری یەکگرتوی کردون، سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی باڵاتر لە دیموکراسی بەدی دێنێ، لەهەمان کاتدا جێبەجێکردنی ریفۆرمی قوڵی سۆشیالیستی مومکین دەکا.”*11

ئەم هەنگاوە تازەیەی “یەک سەرۆکی” کارگەکان لەپاڵ ئەو بڕیارەی کە دەوری سەندیکای کرێکاری “کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان نیە”، دابڕینی چینی کرێکار و سەندیکا و شوراکانی لە بەڕیوەبەری کارگە و لە ئیدارەی دامەزراوەکان و جیابونەوەی پۆستە حکومیەکان و چینی کرێکارە لەیەکتر.

ئەم ناکۆکیە لەنێوان بەرنامەی حزب و سیاسەتی “نیپ”دا دەبێتە مایەی ململانێ لەنێو حزبدا . لەکۆنگرەی دەیەمی حزبدا، لینین و بەدواشیدا زۆربەی کۆنگرە، ئەم ناکۆکیەی نێوان سەندیکای کرێکاری و دەوڵەتی سۆڤیەت بە “لادانی سەندیکالیستی و ئەنارشیستی” دەدەنە قەڵەم. گروپی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ناو حزبی بەلشەفی کە پێداگری لەو مادەیەی بەرنامە سەبارەت بە دەسەڵاتی سەندیکا و شورا کرێکاریەکان دەکەن لە بەڕیوەبردنی ئابوریدا بە “مەنشەویک” و “وردە بورژوازی” دەناسێنن. لینین “بۆچونەکانیان بە”خەتەری سیاسی ڕاستەوخۆ بۆسەر بونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و “کۆمەک بە دوژمنانی چینایەتی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکەن” دەناسینێ و دەڵێ “دەبێ ڕیگەی خەبات و پاکردنەوەش لەدژی بگیرێتە بەر و ئەم “تەبلیغاتانە لەگەڵ ئەندامەتی لە حزبدا ناهاوئاهەنگە.”*12

ترۆتسکیش لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری”لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە.بە شیوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .”*13

بەڵێ ئەمە جیاوازی بنەڕەتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمە وەک دیموکراسی کرێکاری یان بەشداری ڕاستەوخۆی کرێکاران لەگەڵ مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبیدا. گۆڕینی بەرنامەی بەلشەفی ١٩١٩ بەشێکە لەو پرۆسەیەیە کە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی جێگای سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی واقعی کرێکاران دەگرێتەوە.

لێرەدا تەنیا باسی سۆشیالیزم وەک مەسەلەیەکی ئیداری و ئابوری نیە، بەڵکو باسی بیناکردنی سۆشیالیزمە وەک کارێکی سیاسی کە هەموو چینێکە پێی هەڵدەستێ و ئازادانە بەشدارە تیایدا  نەک وەک بڕیار و سیاسەتی دەوڵەت و حزبێک. هەروەک گرامشی دەڵی “لەوانەیە بڵێن ئایا بنەمای کۆمۆنیزم سۆشیالیزەکردنی ئابوری نیە وەک سۆشیالیزەکردنی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەرنامە داڕیژراو، بەڵام پێویستمان بە سۆشیالیزەکردن لە سیاسەت و بەمانای کۆمەڵایەتی ئۆتۆماتیک و وشیارارانە دەبێ، وەک پرۆسەی دروستکردنی ئینسانی کۆلێکتیڤ و گشتی کە هەڵسوکەوتی ئینسان دەکاتە ئۆتۆماتیک و پێویستی بەدەزگای دەرەوە و سەروو ئینسان ناهێڵێ تاکو نۆرمێک بسەپێنێ.”*14

گۆڕان لەو بەرنامەیەوە کە ” ” کاریگەری دانانی ڕاستەخۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە بینای حکومەت و ئیدارەی هەموو وڵات لە ڕێگای گۆڕینی یەکەی ئابوری-پیشەسازی(کارخانە)-نەک دابەشکردنی ناوچەیی- بەشیوەی یەکەی سەرەتایی هەڵبژاردن و ناوکی بینای حکومەت لەسایەی دەسەلاتدارێتی هیزی شوراکاندا جێبەجێ دەبێت. ” بەرەو ئەوەی “یەک سەرۆکی” کارگەکان لەپاڵ ئەو بڕیارەی کە دەوری سەندیکای کرێکاری “کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان نیە”، ئەڵقەی گۆڕانی پەیوەندی نێوان حزبی بەلشەفی و چینی کرێکارە. ئەمە دروستکردنی ڕژێمێکی سیاسی و ئابوریە کە چینی کرێکار تیایدا نەک دەوری نیە بەڵکو دەوڵەت وەک “وەک گروپێکی خاوەن هەیمەنەی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ ڕەفتاردەکا”.*15

لێرەوە ئەو خەتەرەی مارکس باسی دەکرد سەرهەڵدەدا کە دەیوت” چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ . تاکو ڕێگە نەدا بەگواستنەوەی دەوڵەت لە ئۆرگانی خزمەتکردنی کۆمەڵگەوە بە سەرۆک کە لە هەموو دەوڵەتەکانی پێشودا ڕویداوە.” بەپێچەوانەی ئەم ئاگادارکردنەوەی مارکسەوە دروستکردنی سیستەمی ئیداری فەردی و حزبی هەموو بنەماکانی خۆبەڕیوەبردن و شورایی بەرەبەرە هەڵوەشاندەوە. ئەم سیاسەتانە لەئاکامدا بوە هۆی ئەوەی کە ئەزمەی نێوان حزبی کرێکاری و دەسەڵاتی دەوڵەتی چ لە ناوحزب و چ لەئاستی چینەکەدا گەشەبکا، هەروەک گرامشی دەڵێ لەم کاتەدا ” دۆخی ناکۆکی دەکەوێتە ناو “نوێنەران و نوێنەرایەتی کراوانە”.ئەمە لە ئەنجامی کاریگەری دۆخی حزبە لەناو ئۆرگانی دەولەتدا، دیسانەوە هێز دەسەپیننەوە بەشێوەیەکی نسبی دەسەلاتی بیرۆکراسی..ئەمە ئەزمەی هەژمونی چینی دەسەڵاتدارە.کە بەهۆی ئەوەوە دروست دەبێ کە ئەم چینە شکستی هێناوە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی سیاسی گەورەدا هێناوە کە لێی داواکراوە جەماوەر قەناعەت پێ بێنێ پێی..ئەمە پێی دەڵێن “ئەزمەی دەسەڵاتداریتی”، بە تەئکید ئەزمەی هەژمونیە یان ئەزمەی گشتی دەوڵەتە.”*16

بەلشەفیزم ئەگەر لە پرۆسەی پێش شۆڕش و لەکاتی شۆڕشدا نوێنەرایەتی هەژمونی چینی کرێکاری دەکرد بەڵام لەدوای شۆڕش و لەکاتی دەسەڵاتدا چیتر نابینین زانستی سیاسەت سەبارەت بە چۆنیەتی گەشەی هەژمونی جەماوەری چینی کرێکار گەشەبکا و ئاسۆیەک و مۆدێلێک بۆ گەشەی هەموو سەرخانی سیاسی بخاتەڕوو کە چۆن پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت یەکسەر دەست پێ دەکا. لینین لە “دەوڵەت و شۆڕش”دا نوسینێکی ئینگلس دەهێنێتەوە کە دەڵێ ” دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن پرۆلیتاریاوە و گواستنەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێنان پێش هەموو شتێک بۆ موڵکایەتی دەوڵەت..یەکەم کاری دەوڵەت ئەوەیە کە وەک نوێنەری هەموو کۆمەڵگە دەردەکەوێ – بەناوی هەموو کۆمەڵگەوە دەبێتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان- ئەمە لەهەمان کاتدا ئاخر کارە کە وەک دەوڵەت پێی هەڵدەسێ.”*17

بەڵام لە مۆدێلی سۆڤیەتدا بەپێچەوانەوە دوای ئەوەی کە دەوڵەتی بەلشەفی دەبێتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان ئەوکات ” تاک بەڕیوەبەری کارگە” و “وەزیری تاک حزبی” و قەدەغەبونی دەخاڵەتی سەندیکا لە بەرهەمهێنان و مانگرتندا دەست پیدەکا و دەوڵەت و حزب دەبنە خاوەنی هەموو شتێک و هەموو بڕیارێک. ئەمە لە جێگای “کۆمەڵگەیەک کە بەرهەمهێنانی بەشیوازێکی نوێ لەسەر بنەمای یەکێتی بەرهەمهێنەران بەشیوەیەکی ئازادانە و لەسەر بنەمای یەکسانی ڕیک دەخا”*18

بەکورتی لەم مۆدێلەی سۆشیالیستیە دەوڵەتیەدا بینیمان کە چۆن دەسەڵاتدارێتی شورا کان و تەنانەت بەشێکی دەسەڵاتی چینی کرێکاریش لەناو حزبدا چۆن مسۆگەر نەبوون، بەڵکو مۆدیلی دیکتاتۆری حزبی دەسەڵاتدارێتیەکی کەمایەتی بیرۆکراتی دروستکرد. لەسەر بنەمای مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی ئەم پاشکۆیەتی و چەوسانەوەی چینی کریکار لەلایەن دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفیەوە قوڵتربۆوە و سەپاندنی سیاسەتی نیپ بوە مایەی سەرلەنوێ سازکردنەوەی سیستەمی ئابوری سەرمایەداری و  جێگیرکردنەوەی سەرخانی سیاسی دیکتاتۆریەتی کەمایەتیەکی کە پەیرەو لە چەوسانەوەی هێزی کاری کرێکاران لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەداری دەوڵەتدا دەکا.

بێگومان ناکۆکە چینایەتیەکان کە کرێکارانی ڕوسیای گەینابوە ئاستی شۆڕشێک دژی حکومەتی سەرمایەداری کرنسکی و ئەم حکومەتەی ڕوخاندبوو ، بەرامبەر بەم فشارانەی حزبی بەلشەفی ڕاوەستا و “لە چەند ساڵی دوای شۆڕشدا مانگرتنی بەرفراوانی کرێکاران بەردەوام بووون.لە ساڵی ١٩٢٢دا ١٩٢٠٠٠کریكار مانیانگرتوە لە پرۆژەکانی دەوڵەت خاوەنداریان بوە، لە ١٩٢٣دا ١٦٥ هەزار،ولە ١٩٢٤دا ٤٣ هەزار کرێکار.*19

بەڵام خەباتی چینی کرێکار لەسایەی سەرمایەداری دەوڵەتیدا  کەوتە هەلومەرجێکی سەختەوە کە پێشتر وێنەی نەبوو و وەک هیچ تەجروبەیەک لەسەری نەبوو ، ئەویش ڕووبەڕووبونەوە بوو لەگەڵ دەوڵەتێکدا کە خۆی بە کرێکاری دادەنێ بەڵام کرێکاران سەرکوت دەکا و دەیان چەوسێنێتەوە. لەڕوسیادا کریكاران نەک هەر وەک کرێکار کۆیلەی کاری کرێگرتە بوون بەڵکو سەرمایەداری لەژێر ناوی سۆشیالیزمدا و بە کەڵک وەرگرتن لە ئۆرگانی حزب دیسپلینی توندکردنەوەی کار و درێژکردنەوەی سەعاتی کار چەوساندنەوەیەکی لەڕادەبەدەری بەسەر ئەم چینەدا سەپێنرا. بۆنمونە “لەساڵی ١٩٣١دا نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە سەربازگەی زۆرە ملێی کاردا بون وەک سزای حزبی، لە ١٩٣٣-٣٥ نزیکەی ٥ ملیۆن و لە ١٩٤٢ لە ٨بۆ١٥ ملیۆن کەس بوون”. *20

لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین کە شکستی شۆڕشی سۆشیالسیتی ئۆکتۆبەر لە گەڕانەوەوە بوو لە کۆنترۆڵی کرێکاریەوە بۆ بەرهەمهێنان و دەسەڵات بەرەو دواوە بۆ کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبی بەسەر چینی کرێکاردا.

سەرچاوەکان:

*1 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

 

2* لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٢٨، فارسی، منتخب اثار.

*3 هەمان سەرچاوە،ل٨٢٩.

*4 هەمان سەرچاوە،ل٨٣٠

*5 هەمان سەرچاوە،ل٨٣١.

*6 تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا،ل٦

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

*7 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/lenin/works/1921/apr/21.htm

*8 لینین دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە سیاسەتی ئابوری نوێ دا، ل ٨٣٠، فارسی، منتخب اثار.

*9 ئیریک هۆبسباوم. ل٣٢١ چۆن جیهان دەگۆڕین، گرامشی، بە زمانی ئینگلیزی.

  *10هەمان سەرچاوە ل ٣٤١

*11 پڕۆژەی سەرتاپاگیری بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا، لینین،ل ١٠ ، خاڵی ٥، بەشی ‘لەبواری سیاسیدا’.

*12لینین، پرۆژەی سەرەتایی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەیەمی حزب سەبارەت بەلادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لەحزبدا، ل ٧٩٠-٧٩١، فارسی، منتخب اثار.

*13 ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

*14١ گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، ل٣، بەزمانی ئینگلیزی

*15١ هەمان سەرچاوە، ل٨، بەزمانی ئینگلیزی

*16 گرامشی ، دەفتەرەکانی زیندان، ل ٢١٠ دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی.

*17 لینین مختارات، بەرگی ٧, ل٢٧، بەزمانی عەرەبی.

*18 ل ٢٦ دەوڵەت و شۆڕش ، هەمان سەرچاوە

*19 تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا،ل٨

https://ayman1970.files.wordpress.com/2010/12/d8b1d8a3d8b3d985d8a7d984d98ad8a9-d8a7d984d8afd988d984d8a9-d981d98a-d8b1d988d8b3d98ad8a7-pdf.pdf

*20 هەمان سەرچاوە ، ل١٦

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەشی ١٧

کێشەی ترۆتسکیزم چیە؟

ترۆتسکی وەک ڕەخنەگرێکی بیرۆکراتیزمی ستالینی بەشێک لەو ڕەوتە شۆڕشگێڕانەی بەلشەفیە کە لەگەڵ دیاردە و دەرکەوتەکانی بیرۆکراتی لەناو حزب و لەدەوڵەتدا ناڕازین و دەیانەوێ ئاڵوگۆڕ بکەن لەو واقعیەتە بیرۆکراتیەی دوای شۆڕش دروستبوە. بەڵام ترۆتسکی جگە لە بیرۆکراسی ستالین لە هەموو بنەماکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا هاوڕا و بەشداربوو، کە لە بەشەکانی ١٠تا ١٦ باسمان کرد وەک هۆکاری شکستی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەڕوسیا. کێشەی ترۆتسکی لە دیکتاتۆریەتی حزب و سەرمایەداری دەوڵەتی و سیاسەتی نیپ دا نیە بەڵکو، وەک خۆی دەڵێ لە ” پشتیوانی کردنی دەوڵەت بۆ کۆلاک لە (١٩٢٣-١٩٢٨) کە خەتەری کوشندەی هەبوو بۆ ئایندەی سۆشیالیزم، بەڵام بیرۆکراسی، کە بورژوازی بچوک پشتیوانی دەکا، سەرکەوتوبوو لە بەرتەسکردنەوەی پرۆلیتاریای پێشرەودا، هەروەها لە تێکشکاندنی ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیدا.” *1

تێگەیشتنی ترۆتسکی بەو شێوەیەیە کە سیاسەتی ئابوری دوای لینین لەلایەن ستالینەوە بریتی بوە لە گرنگی نەدان بە پیشەسازیکردنی وڵات و پشتیوانی جوتیارە دەوڵەمەندەکان(کۆلاک) و بەمەش وردە بورژوازی بوژاوەتەوە و بونەتە پشتیوانی چینایەتی بۆ بیرۆکراتی ستالینی و ئەمەش شکستی بە پرۆلیتاریای پیشەسازی هێناوە و بەو هۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی بەلشەفیش کە پشتی بەم پرۆلیتاریای پیشەسازی بەستوە لەلایەن ستالین و بیرۆکراتیزمەوە توانراوە تێک بشکێنرێ.!

ئەمە هەرچەند لێکدانەوەیەکی چینایەتی لە گەشەی سیاسەتی ئابوری نوێ نیشان دەدا، کە بوژانەوەی بورژوازی لادێ و لاوازبونی پرۆلیتاریای پیشەسازی نیشان دەدا ، بەڵام لە ١٩٢٨ەوە کە سیاسەتی پلانی ٥ ساڵەی پیشەسازی کردنی ڕوسیا دەست پێدەکا، ئیتر ئەم لێکدانەوە چینایەتیە ناتوانێ هۆکاری مانەوەی بیرۆکراتیزم و گەشەی سەرمایەداری لە ڕوسیادا بخاتەڕوو.

هەربۆیە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ،ترۆتسکی و ئەو ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنە چەپەی لە بەرامبەر ستالینیزمدا ڕاوەستابون، پشت بەستبوو نەبوون بە ئەلتەرنایتڤێکی تری سیاسی و ئابوری کە کرێکارانی ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتی کرێکاران بەرێ و بەپێچەوانەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە سۆشیالیزمێک دروست بکا کە لەخوارەوە و لە کۆمیتەکانی کارگە و شوراکان و سەندیکاکان و هەموو بەشەکانی چینی کرێکار بکاتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی سیاسی و ئابوری لە سۆڤیەتدا.

ترۆتسکی لە کۆنگرەی ١٠دا  لەدژی هەردوو فراکسیۆنی ناڕەسمی ” ئۆپۆزسیۆنی کریكاری و “ناوەندی دیموکراسی” دەوەستێتەوە و لەگەڵ سیاسەتی  لینیندایە بۆپاکتاوکردنی حزب لەو فراکسیۆن و ئەندامە کرێکارانەی حزب کە فەرمانی دژی فراکسیۆنی حزب جێ بەجێ ناکەن .

ترۆتسکی لە هێرش بۆسەر “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری”لە دەیەمین کۆنگرەی حزبدا دەڵێ”ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری بە دروشمی مەترسیدارەوە هاتوتە مەیدان. بتی لە بنەما دیموکراتیەکان دروستکردوە و مافی کرێکارانی لەهەڵبژاردنی نوێنەراندا خستۆتە سەروو حزبەوە.بە شیوەیەک کە حزب نابێ دیکتاتۆری خۆی پیادەبکا، تەنانەت ئەگەر ئەو دیکتاتۆریە بەشێوەیەکی کاتی ناکۆک بێت بە دیموکراسی کرێکاری .”* 2

بگرە زیاتر لە لینین و بەلشەفیەکانی تر ترۆتسکی خوازیاری ” لەپێناو سەربازگیری و میلیتاریزەکردنی کار وەک ئامڕازی توندوتۆڵی کارکردن.”* 3

هەر ئەمەش وایکرد کە پەیوەندی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ کە ئەو نوێنەرایەتی دەکرد لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکاندا و شورا کرێکاریەکاندا لاوازببێ لە کاتێکدا ئەم ڕیکخراوە کرێکاریانە بنەمای چینایەتی خەبات دژی بیرۆکراتیزم بوون. هەربۆیە بەپێچەوانەی بەرنامەی حزبی بەلشەفی لە ١٩١٩دا ترۆتسکی و زۆرینەی بەلشەفیەکان دەنگیان بە بڕیارنامەی دژی دەوری ڕاستەوخۆی سەندیکا و شوراکان لەبەرهەمهێناندا دا کە جیاوازی نێوان ئەم دوو بەرنامەیە زۆر ڕۆشنە کە یەکەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی کرێکاری و دوەمیان پەیڕەو لە کۆنترۆڵی سەرمایەداری دەوڵەتی “نیپ”دەکا.

بەرنامەی حزب دەڵێ”٨-تەنیا ڕیکخراوی شورایی دەوڵەت کە وادەکا شۆڕشی کرێکاری بتوانێ دەزگای کۆنی دەولەتی بورژوازی بەیەک زەربە و بنەماکەی نابود بکا.ئەگەر ئەمە ڕونەدا هیچ گەشەی سۆشیالسیتی دەست پێ ناکا.پایەکانی بیرۆکراتی کە  پەیوەندی دەوڵەتی پاشایەتی و دیموکراسیە بورژوازیەکان لەگەڵ بەرژەوەندی خاوەن زەویەکان و سەرمایەداران دەپارێزێ. لەڕوسیە شکاوە. بەدڵنیاییەوە خەبات دژی بیرۆکراتیەت هێشتا کۆتایی نەهاتوە. بیرۆکراتی هەڵدەدا کە بەشێک لە جێگەکانی بەدەست بێنێتەوە ولەڕیگەی ئاستی نزمی فەرهەنگی خەڵک .”

٩-ڕێکخستنی هەموو زەحمەتکێشان لە سەندیکاکاندا.بەشیوەیەکی سیستماتیک سەندیکا ببێتە ئۆرگانی ئیدارەی ئابوری.”*4

لەکاتێکدا کۆنگرەی دەیەمی حزب 5 *ئەم بڕگەیە ڕەت دەکاتەوە کە ئیدعای فراکسیۆنی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری” ڕاست بێ کە حزب لە بەرنامەی ١٩١٩ لایداوە، بەڵام لینین لە بڕیارنامەی “دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکاندا دانی پێدا دەنێ و دەڵێ” سیاسەتی ئابوری نوێ زنجیرەیەک گۆرانکاری بنەڕەتی لە دۆخی پرۆلیاتاریا ،و لە ئەنجامیشدا لە دۆخی سەندیکاکاندا پێک دەهێنێ.

بەشی زۆری هۆیەکانی بەرهەمهێنان لەدەستی دەوڵەتی پرۆلیتاری دەمێنێتەوە.”بەڵام گۆڕانکاریەکان پاشەکشەیەکن “لەوانە بازرگانی و سەرمایەداری ڕیگەپێدراو دەبن و گەشەدەکەن.کاروباری بازرگانی و سەرمایەداری لەلایەن دەوڵەتەوە ڕیک دەخرێ و لەلایەکی ترەوە دامەزراوە سۆشیالیستی کراوە دەوڵەتیەکان دەبنە سەربەو شیوەیەی پێی دەوترێ خود حساباتی ، واتە پاشکۆی ئەسڵی بازرگانی دەبن.ئەم کارە لە هەلومەرجی دواکەوتویی فەرهەنگی گشتی و هیلاکی وڵاتدا بەناچاری دەکێشێتە ئەوەی کە لە زەینی جەماوەردا ئەنجومەنی بەڕیوەبەری ئەم دامەزراوانە دەکەونە بەرامبەر ئەو کرێکارانەی کە لەم دامەزراوانەدا کاردەکەن.”6*

ئەم سیاسەتە ئابوریە نوێیە کە دەوڵەت دەکاتە سەرمایەدارێک و لە کارگەدا تاک بەڕێوەبەرێکی سەرمایەدار بەرامبەر کرێکاران دادەنێ ، بێگومان هەمان واقعیەت لە زەینی کرێکاراندا ڕەنگ دەداتەوە کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان لە دەست سەندیکای زەحمەتکێشان وەک ئۆرگانی ئابوری دەرهێنراوە و دراوەتە دەست تاک بەڕیوەبەرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی.

ترۆتسکی بەرامبەر ئەم سیاسەتە نەک وەک فراکسیۆنی “ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری ” نەوەستایەوە بەڵکو “لایەنگری ئەو لە میلیتاریزەکردنی کار گومانی لای بازنەی سەندیکاکان لەسەر دروستکرد.”7*

ئەم دۆخەی چینی کرێکاری ڕوسیا لەسایەی “نیپ”دا بۆی هاتە پێشەوە، لە گەڕانەوەی کاری بەکرێ و تەنانەت بە پارچە و پێشبڕکێ، هەروەها نەمانی دەوری سەندیکا و شوراکان و زاڵبونی دەوری تاک بەڕێوبەری حزبی ، ئەمانە هەمووی بونە هۆی ئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەپی ناو حزب کە ترۆتسکی ڕابەری دەکرد لە بازنەیەکی تەسکی حزبیدا دژی بیرۆکراتیزمێکی حزبی کە پایەی ئابوری و دەوڵەتی و حزبی خۆی قایم کردبوو شکست بهێنێ و نەتوانێ ئەو کێشمە کێشە چینایەتیەی لەنێو دەوڵەت و دەزگای نوێی بەڕیوەبردندا هاتبوە ئاراوە بەرەو فشارێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران بەرێ بۆسەر دەزگای حزبی و دەوڵەتی بیرۆکراتی و پاشەکشەپێکردنی ئەم ڕەوتە دیکتاتۆریەتە حزبیەی ستالین و زۆرینەی سەرکردایەتی بەلشەفیەکان نوێنەرایتیان دەکرد.

هەربۆیە ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەناوحزبدا و تەنیا لەدژی بیرۆکراتیزمی ستالیندا قەتیس مایەوە و باقی مەنهەجی دیکتاتۆری حزبی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەبێ ڕەخنە و بەقبوڵکراو دانرا. هەربۆیە لەکاتێکدا کە ئەم دیکتاتۆریە حزبیە پێویستی بە چڕکردنەوەی دەسەڵات لەدەست کەمایەتیەکی حزبیدا بوو بۆ بەڕیوەبردنی سەرمایەداری دەوڵەتی ئیتر بیرۆکراتیزم وەک پیویستیەک چ لە حزب و چ لە کۆمەڵگەدا خۆی سەپاند . شکستی ترۆتسکی و ئۆپۆزسیۆنی چەپ لەم بێ تواناییە فکری وسیاسی و ڕیکخراوەەییەدا بوو کە بتوانێ ببێتە قاڵبی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ڕوسیا بۆ تیثەڕاندنی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دەوڵەتی دیکتاتۆری حزبی و هێنانەمەیدانی چینێکی کرێکاری ڕیکخراو لە شورا و کۆمیتەی کارگە و سەندیکا و حزبێکدا کە پێچەوانەی بەلشەفیزم و سەرمایەداری دەوڵەتی کاربکا.

بەم پێیە ترۆتسکی و ترۆتسکیزم نەیانتوانی بەدیلێکی جیاوازی کۆمۆنیستی لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی بخەنەڕوو و هەربۆیە ئەم ڕەوتە زیاتر ناسنامەکەی وەک سێکتێکی دژی کەمپی ستالینیزم و ڕەخنەگری بیرۆکراتیزم و دواتر سەرمایەداری دەوڵەتی دەرکەوت، بۆ نمونە تۆنی کلێف وەک ڕەخنەگرێکی سەرمایەداری دەوڵەتی بەرامبەر بە دەولەتی سۆڤیەت دەرکەوت، بەڵام لەهەمان قاڵبی ئەنتی ستالینیزمەوە.

ماویزم هەمان کێشەی ترۆتسکیزمیان هەبوو کە پەیڕەویان لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دەکرد، بەڵام جیاوازیان لەگەڵ لە سیاسەتی دەوڵەتی سۆڤیەت هەبوو. کۆمۆنیزمی ئەوروپاییش  ڕەخنەگریان تەنیا لە دیکتاتۆریەتی تاک حزبی و نەبونی دیموکراسی هەبوو، بەڵام هیچ کام لەم ڕەوتانە مۆدیلیکی جیاوازیان لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی نەخستۆتەڕوو.

ترۆتسکی کێشەی دیکتاتۆری ناوخۆی حزبی خستۆتەڕوو بەڵام هۆکاری ئەم دیکتاتۆریەتەی لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و دیکتاتۆری حزبیدا پەی پێ نەبردوە. ئەو تەنانەت کاتێک نمونەی راکۆفسکی دەهێنێتەوە، کە پێشتر سەرۆکی لیژنەی نوێنەرانی گەلی ئۆکرانیابوە و لە دورخراوەکەیدا وتویەتی، “ئەگەر سەیری دەوڵەتی کرێکاری بکەین کە ڕێگە نادرێ بەوەی ئەندامانی حزبی دەسەڵاتدار کەڵەکەی سەرمایە بکەن دەبینین کە جیاوازیەکان لەسەرەتادا بەهۆی ئیش و کارەوەیە و دواتر دەبێ بە جیاوازی کۆمەڵایەتی، وە من ناڵێم جیاوازی چینایەتی بەڵکو کۆمەڵایەتی.” لە لێکدانەوەی دەرکەوتنی ئەم جیاوازیە کۆمەڵایتیە لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا ترۆتسکی بەو ئەنجامگیریە دەگا کە دەڵێ” دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا تەنیا هەڵوێستی پرۆلیتاریا بەرامبەر بەچینەکانی تر ناگۆڕێ، بەڵکو لەهەمان کاتدا پێکهاتەی ناوخۆیی پرۆلیتاریاش دەگۆڕێ و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتدارێتی بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام هەوڵ دەدا چارەسەری “کێشەی” کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی بکا، بەوڕادەیەی کە ئەرکەکەی خۆی بە گرنگ دادەنێ.”8*

کێشەی ترۆتسکی لەم بەرتەسکیە فکری و سیاسیەدایە ،کە بەلشەفیزمی هەر لەو لە قاڵبەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دا دەبینی، سەرەڕای کێشەو ناکۆکیەکانی ئەم سیستەمە سۆشیالیستیە دەوڵەتیە لەگەڵ سۆشیالیزمی واقعیدا. بەڵام هێشتا کێشەکە لە مۆدیلەکەدا نابینێ بەڵکو لە دەرکەوتە زیانبارەکانیدا دەبینێ. تەنانەت کاتێ دەڵێ” بەرنامەی حزب کە دەرکەوتنی بیرۆکراتیزمی بە نەزانی ئیداری جەماوەر و سەختیەکانی لە جەنگەوە کەتبوەوە لێکدەدایەوە ، چەند ڕاسپاردەیەکی سیاسی ڕوتی پێشنیارکرد بۆ تێپەڕاندنی ” تێکدانە بیرۆکراتیەکان”، وەک هەڵبژاردنی هەموو بەرپرسان و لابردنیان لەهەر کاتێکدا، وە لابردنی ئیمتیازاتی مادی، و چاودێری چالاکانە لەلایەن جەماوەرە. بڕوا وابوو کە ئەم ڕێگایە وادەکا کە کاربەدەستەکان دەکاتە کرێکارێکی پیشەیی سادە، وە کاتی،دوای ئەوەی دەبێتە سەرۆک، بەمەش دەوڵەت بەرەبەرە ون دەبێ، بەبێ ژاوەژاو.ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە شوراکان جێگەی خۆیان چۆڵکرد لەم ماوەیەدا بۆ دەزگایەکی بیرۆکراتی سەربەخۆ لەجەماوەر.”9*

سەرەڕای هەموو ئەم واقعیەتانەی کە ئەوەی لە ڕوسیادا زاڵە دیکتاتۆریەتێکی حزبیە کە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەپارێزێ، بەڵام ترۆتسکی لەبەر تێگەیشتنی لەڕوانگەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە ئەم دەوڵەتە سۆڤیەتیە بە تێکەڵاوێک لە  سۆشیالیزم و سەرمایەداری دەزانێ، لەبەرئەوەی موڵکایەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام بە شیوەیەکی بیرۆکراتیانە و لە پێناو بەرژەوەندی توێژێکی کۆمەڵایەتی بیرۆکراتدا بەکاردەهێنرێ!هەربۆیە پێشنیاری شۆڕشێکی سیاسی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دەکا کە ئەم هەڵە بیرۆکراتیانە ڕاست بکاتەوە کە ستالینیزم دروستی کردوە. هۆکارێکی تری زاڵبونی ئەم بیرۆکراتیزمەش بە پەیڕەوکردنی تیۆری ” جێبەجێکردنی سۆشیالیزم لەیەک وڵاتدا” دەزانێ*10. ئەمە دەکاتە پاساوی سەرنەکەوتنی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ڕوسیادا. واتە مانەوە لەهەمان مۆدیلدا بەڵام لە ئاستێکی جیهانیدا نەک لۆکاڵدا چارەسەری کێشەکەیە.

بەکورتی  سەرەڕای گرنگی دەرکەوتنی ترۆتسکی وەک ڕەخنەگری بیرۆکراتیزمی ستالینی بەڵام بەهۆی مانەوەی ترۆتسکی لەهەمان مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیدا، ئەم ڕەوتە کۆمۆنیستیە نەیتوانی گۆڕانکاری لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا دروست بکا و تەنیا وەک ڕەوتێکی حاشیەیی ڕەخنەگر مایەوە و لە ئێستاشدا وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی سەردەم لە بەردەم هەمان کێشەکانی نەبونی بەدیلێکی تری شۆڕشگێڕانەیە بەرامبەر بە سیستەمی سەرمایەداری.

لەئاستی ئەنتەرناسیونالیزمیشدا دیسانەوە ڕەوتێکی سیکتاریستی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاریدا هەبوو لەسەرەتای دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی سێهەم، کۆمێنتێرنەوە ئەمەش بەڕۆشنی دەبینین لە پێشنیاری ترۆتسکی بۆ بانگێشتی کۆمێنتێرن11*

دواتر کە مانیفیستی ئەنتەرناسیونالی سێهەم ڕاگەیەندرا ئەم ڕەوتە سیکتاریستیە دەبینین  کە بەشەکانی چینی کرێکار بەبنەما وەرناگرێ و لەسەر بنەمای نزیکی لەبەرنامەی بەلشەفیزم و سپارتاکیستەکانەوە ، واتە ئەو ڕەوتە کۆمۆنیستیەی کە لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ئەنتەرناسیونالی دوەم جیابۆتەوە، دەکاتە بنەمای وەرگرتنی حزبەکان . لێرەدا ناسنامەی ئەنتەرناسیونالی سێهەم بە دژایەتی ئەنتەرناسیونالی دوەم ڕەنگ ڕێژ دەکرێ و باڵی ڕاست و ناوەڕاستی ئەو ئەنتەرناسیونالیستە دەکرێنە ڕەقیبی پلەیەک.12*

ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانە کە بنەماکانی خەباتی سەرجەم چینەکە و ڕیکخراوەکانی بوو دژی سەرمایەداری بە جیا لە بیروڕای سیاسی جیاواز و تاکتیکی جیاوازەوە. هەر ئەم سێکتاریزمە تاک ڕەوتیەی کە دەسەڵاتی بەلشەفیەکانی پێ قبوڵە دواتر دەبێتە میحوەری ئەوەی کە لە ئەنتەرناسیونالیزمی سێهەم هیچ نەمێنێتەوە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا نەبێ.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدایە کە ئەنتەرناسیونالی چوارەمی ترۆتسکیش ئەم ناسنامەیە دەبێتە دژایەتی ستالینیزم*13و ئەنتەرناسیونالیزم و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەم قاڵبە سێکتاریستیە دەگرێتە خۆ کە تا ئێستاش گروپە ترۆتسکی و مارکسیستی و لینینستی و حیکمەتیستی و ماویستی و هەموو جۆرەکانی کۆمۆنیزمی سەردەمی پێ دەناسرێتەوە. ئەم قاڵبە بریتیە لە دانانی سنوری تیوری و سیاسی وتاکتیکی گروپ و  حزبە کۆمۆنیستیەکان بە بەرنامە و چوارچیوەی ڕێکخراوەیی لەژێر ناوی نوێنەرایەتی چینی کرێکاردا و باقی چینەکە بە پێی ئەم پێوەرانە دەکەونە دەرەوەی ئەم گروپ و جۆرە حزبانەوە.

ترۆتسکیزم بەشێک لەم مێژووەی چین و بزوتنەوەی ئێمەیە کە دەرگیری هەمان گرفت و کێشەی مێژوویی کۆمۆنیزمە. ئەم ڕەوتە جێگای هەبوە وەک بەشێک لە ڕەوتی ڕەخنەگرانەی سەرمایەداری و بەشێک لەو ئومیدە بوە کە ڕەوتی تێکشکانی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر بەرپێ بگرێ بەڵام وەک لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد کە ترۆتسکی هەمان پێوانەکانی لینین و باقی بەلشەفیەکانی تری هەبوو لە مەسەلەی دیکتاتۆری حزبی و سەرمایەداری دەوڵەتی و بەگشتی مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا. بە جیاوازیەکەوە کە ترۆتسکی لەسەر تێزی “شۆڕشی بەردەوام” پێی دادەگرت وەک بنەمایەکی ستراتیژی بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم بەڵام ئەم بنەمایە لە چوارچیوەی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا شتێکی لەبابەتی پڕۆژەکانی چاکردنی سیاسەت و تاکتیکەکانی کۆمێنترن یاخود دروستکردنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمی لێ دەردەهات کە هیچ ستراتیژیەکی بۆ شۆڕشی جیهانی چینی کرێکار نەدەدا بەدەستەوە. هەربۆیە ترۆتسکیزم نەیتوانی ڕەوتێکی نوێی سیاسی و چینایەتی نوێ بهێنێتە ئاراوە کە وەڵامی کەموکوڕیە مێژوویی و تیۆری و سیاسیەکانی بەلشەفیزم بداتەوە بەڵکو درێژەپێدەری بەلشەفیزم بووە تا ئێستا. هەربۆیە هەمان کێشەکانی سەردەمی ئێستای کۆمۆنیزم لەم ڕەوتەدا دەبینینەوە.

سەرچاوەکان:

1* ترۆتسکی، کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ١١

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch11.htm

*2 ئارنست ماندل، دەربارەی بیرۆکراسی، تیۆری “جێنشینی”، فارسی.

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/mandel/works/1973/boorokrasi.htm

*3 هەمان سەرچاوە

*4 پێشنیاری تەواوی بەرنامەی حزب کۆمۆنیستی ڕوسیا. لینین . ١٩١٩

https://marxists.catbull.com/farsi/archive/lenin/works/1919/tarhe-barnameh.pdf

*5 لینین، پێشنیاری یەکەمی بڕیارنامەی کۆنگرەی دەمەی حزب سەبارەت بە لادانی سەندیکالیستی و ئانارشیستی لە حزبی ئێمەدا، لاپەڕە ٧٩٠، هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی

*6 ، لینین ،”دەربارەی دەور و ئەرکی سەندیکاکان لە هەلومەرجی سیاسەتی ئابوری نوێدا., ل٨٢٨، ،١٩٢٢،هەڵبژاردەکانی لینین، بەزمانی فارسی

*7،شۆڕشی ڕوسیا، ل ٦٤، بەشی ٧، ئاخرین ڕۆژەکانی لینین،ئی ئێچ کار.بەزمانی ئینگلیزی.

*8 ، ترۆتسکی، کتێبی “شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی ٥

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch05.htm

*9هەمان سەرچاوە ، بەشی ٣

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1936-rb/ch03.htm

*10ترۆتسکی، شۆڕشی بەردەوام، شۆڕشی بەردەوام چیە؟ بەشی ٩

https://www.marxists.org/arabic/archive/trotsky/1930-pr/ch09.htm

11* ترۆتسکی ، پێنج ساڵی کۆمێنتێرن، بەشی ٢ هەڵوێست سەبارەت بە حزبە سۆشیالیستەکان

 https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/app04.htm

*12 ترۆتسکی ، مانیفیستی کۆمێنتێرن

https://www.marxists.org/archive/trotsky/1924/ffyci-1/ch01.htm

*13 ترۆتسکی، لە دامەزراندنی ئەنتەرناسیونالی چوارەمدا، ئۆکتۆبەری ١٩٣٨

https://www.marxists.org/archive/trotsky/1938/10/foundfi.htm

Add Comment

Click here to post a comment