سێکولار

هەوڵی داعشیانە دژی ئازادی هونەری شانۆگەری دەبێ شەرمەزار بکرێ

لە گەرمیان یەکێتی زانایانی ئیسلامی و دەزگای ڕۆشنبیری دژی شانۆگەری “وەرەببین بەسەگ” هەڕەشەی دادگاییکردنی دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی ئەم شانۆییە دەکەن. لەبەرئەوەی باسی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو مەلایانە دەکا کە هەمیشە خەریکی سوکایەتین بە ژن و پیاوی ئازادیخواز لە کوردستان و دژی هەموو هونەرێکن کە ئەم کردەوە دزێو و دژی شارستانیانەی مەلاکان پیشان بدات.

ئەم هەڕەشانە دژی هونەری شێوەکاری، بڕیارێکی دینیە و هیچ پەیوەندی بە دەزگای ڕۆشنبیری و هونەرەوە نیە کە بەپێی پێوەرە جیهانیەکان پێویستە سەربەخۆبێت لە دین و یاسا دینیەکان .
ئەم هەوڵانە بە ئاشکرا سەپاندن ودەستێوەردانی دینە لە ئازادی هونەر و ڕەخنەگرتن و ڕادەربڕین وداهێنانی شانۆییدا. پێچەوانەی ستانداری جیهانی و یاسای سەردەمیەکانی کاری هونەری و شانۆییە .

هەربۆیە پێویستە ئەم هەوڵانە لەلایەن دانیشتوانی هونەر دۆست و خەڵکی ئازادیخوازی گەرمیان وکوردستان و یەکێتی هونەرمەندانەوە شەرمەزار بکرێ و پشتیوانی ئەم گروپە شانۆییە بکرێ لە بەرامبەر فشارەکانی یەکێتی زانایانی ئیسلامی و فشاربهێنرێ کە دەزگا ڕەسمیەکانی گەرمیان دەست لەم جۆرە هەڕەشە و فشارە داعشیانە هەڵگرن.

دەزگای ڕۆشنبیری و هونەری پێویستە شوێنی ئازادی داهێنان و بیرکردنەوە و خەیاڵی هونەری بێت و هیچ یاسایەکی دینی نەکرێتە ڕێگر لە بەردەم شانۆکار و هونەرمەنداند کە کارە هونەریەکانیان ئەنجام بدەن. شانۆ و هونەری نواندن دەبێ ئازادبێ لە ڕەخنەگرتن لە دین و یاسا و کەسایەتیە دینیەکان و هیچ ڕەسم و یاسایەکی دینی نابێت بکرێتە پێوەری کاری شانۆیی و هونەری لەکوردستان .

ناوەندی سێکولار لە کوردستان سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەم هەوڵە داعشیانەی دەزگای ڕۆشنبیری گەرمیان و یەکێتی زانایانی ئیسلامی ،کە دەیانەوێ سانسۆری دینی بخەنە سەر کاری شانۆ و هونەر و دین و یاسا دینیەکان لە ژیانی گشتیدا بسەپێنن.

دەزگای ڕۆشنبیری پێویستە دین و یاسا و ڕێسا دینیەکان لە هەموو بەشێکی ژیانی گشتی و لە یاسا و پێوەرە فەرمیەکان جیابکاتەوە و پشتیوانی گەشەپێدانی هونەر و داهێنانی هونەری بکەن نەک ببێتە مەدرەسەی دینی و جێبەجێکردنی شەریعەت و بڕیاری داعشیانەی قەدەغەکردنی کاری هونەری.

ناوەندی سێکولار لە کوردستان
٢٤ شوباتی ٢٠٢٠

Add Comment

Click here to post a comment