گفتوگۆ

له‌باره‌ی ” که‌مپینی بەرگرتن بەسنووردار کردنی ئازادی ڕادەربڕین”

“ئەم کەمپینە بەڕووی هەردوو لایەنی پارتی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیدایە کەدەیانەوێ یاسایەک بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەربکەن”

 

ئاسۆ کمال: ئامانجی کورت ماوەی “کەمپینی بەرگرتن بەسنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین” وەڵامێکە بەهێرشی پارتی و هێزە ئیسلامیەکان بۆ سەر ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان و ئامانجی شکست پێهێنانی ئەو هەوڵانەیە کەئەم دوو هێزە دەیدەن بۆ سەپاندنی یاسای “پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان”. خواستی ئەم کەمپینە ڕێگەنەدان بەسەپاندنی ئەم یاسایە وهەر هەوڵێکە بۆ سنوردارکردنی زیاتر لەئیستای ئازادی ڕادەربڕین وئازادی سیاسی وڕۆژنامەگەری لەکوردستان. ئەم کەمپینە لەیەکەم هەنگاودا توانی نوێنەرایەتی بەرەیەکی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بکات وخودی ڕاگەیاندنی کەمپینەکە وپشتیوانی لێکرانی لەلایەن بەشێکی بەرفراوان لەکەسایەتیە ڕۆشنبیر وچالاکوانی بواری سیاسی ومەدەنی وڕۆژنامەنوسی ومیدیایی وژنان وکرێکاری ولاوان نیشانەی ئامادەیی ئەم بەرە ئازادیخوازەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرش وهەوڵەکانی دەسەڵاتداران و هێزە دژی ئازادیەکان.

ئەم بەدەنگەوە هاتنەی ئازادیخوازان لەم کەمپینەدا جارێکی تر تەئکید لەو ڕاستیە دەکاتەوە ئەم بەرە ودەنگە ئازادیخوازە لە ١٧ شوباتەوە بەڕاستی مێژووی بێدەنگی لەکوردستاندا کۆتایی پێ هێناوە. ئەمساڵ  لەیادی یەکەمین ساڵی ١٧ شوبات ولەیادی دووەمین ساڵی تیرۆری سەردەشتدا ئێمە ئەم هێزەمان بینی. ئامانجێکی داهاتووی ئەم کەمپینە کار کردنە لەڕاستای پرۆسەی یەکگرتووبون و ڕێکخراوبونی ئەم بزوتنەوە ئازادیخوازانەیە کە لەکوردستان و لەدەرەوەی ووڵات بوونی هەیە و فشارێکە لەسەر دەسەڵات و ئەو لایەنانەی ئۆپۆزسیۆنیش کە دژ بەئازادیەکانی خەڵکی کوردستانن.

بەڕای ئێمە ئەم بزوتنەوەیە کەئەمڕۆ خۆی لەچەندین ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری وگروپی ئاکشن وچالاکی سیاسی وجەماوەریدا ڕێک خستوە پێویستی بە کۆکردنەوە و یەکگرتوکردنی هەوڵ و چالاکیەکانێتی بۆ سەپاندنی خواستەکانی ئازادی و مافە مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان بەسەر دەسەڵاتداراندا وپلاتفۆرمی ماف وئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بکاتە یاسایەک لە کوردستاندا کە دەسەڵاتداران و حزب وهێزە سیاسیەکانی کوردستان پابەندبوونی خۆیان بەو یاسایەوە ڕاگەیەنن.

سەرکەوتنی کەمپینی بەرگرتن بەسنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین هەنگاوێکە کە دەرگا بەڕووی سەرکەوتنی ئەم بەرە ئازادیخوازە دەکاتەوە بۆ مسۆگەر کردنی یاسایەک بۆ پاراستن و پابەند بوون بە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان .  ئۆکتۆبه‌ر: له‌کوردستان که‌مپینی هاوشێوه‌ی وه‌ک که‌مپینی ئێوه‌ بۆداکۆکی له‌ئازادیه‌کان وئازادی بیروڕاو ڕه‌خنه‌و قه‌ڵه‌م له‌ئارادایه‌ که‌وایه‌ زه‌روره‌تی ئه‌م که‌مپینه‌ی ئیوه‌ چیه‌و ده‌تانه‌وێت چ هه‌نگاوێکی جیا له‌م که‌مپینانه‌ بکه‌ن؟

ئاسۆ کمال: ئێمە هەموو ئەم هەوڵ و هەڵمەت و کەمپینانە بە کاردانەوەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەزانین و بۆیە هەموویان بەلای ئێمەوە گرنگە و ئێمە بۆ یەکگرتووکردنی ئەم هەوڵانەی ئەم بەرە و بزوتنەوە ئازادیخوازە تێدەکۆشین. “کەمپینی بەرگرتن بەسنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین” تەنیا ڕاگەیاندنێک نیە بۆ دیفاع لەئازادی قەڵەم کە ئەمە خۆی ئامانجێکی کەمپینی ئێمەشە. ئێمە دەمانەوێ کارێکی زیاتر بکەین و ڕووبەڕووی ئەوانە بوەستینەوە کە خەریکن بەیاسایەک ئازادی قەڵەم سنورداردەکەن. هەوڵێکی عەمەلی لەلایەن لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە کە پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی لەپێشەوەی ئەم هەڵمەتەدان کە دەیانەوێ یاسایەک بسەپێنن وە یاخود ئازادی ڕادەربڕین لەوەشی هەیە سنوردارتر بکەن و هێڕش بکەنە سەر ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان . هەربۆیە بەڕای ئێمە بۆ تێکشکاندنی ئەم هەوڵە دژی ئازادیانە زیاتر لە ڕاگەیاندنێکی دەوێ و ڕووبەڕووبونەوەی لە میدیاکاندا دەوێ کە تائێستا بەشێکی بەرچاوی میدیاکان لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکاندا ئەمە ڕەنگی داوەتەوە. بەشێکی تر خستەڕووی ئەو ناڕەزایەتیەدا بەڕووی پەرلەماندا و ڕەنگدانەوەی ئەو فشارەی خەڵکی ئازادیخوازە لەسەر حزبەدەسەڵاتدارەکان و هێزە ئیسلامیەکان،کەدەستمان بەم کارەش کردوە و ئێستا کارلەسەر ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی دەکەین بۆ ئەم کەمپینە. لەم هەنگاوەدا ڕوومان لەو کەمپینانەی تریش کردوە و ئێستا لەگەڵ بەشێکیان ئەم کارە پێکەوە دەکەین و ئێمە نامەمان بۆ هەڵمەتی “وەڵامی قەڵەم  بەقەڵەم ” ناردوە و چاوەڕێین ئەو هەڵمەت و کەمپینانەی تریشین کە لەم ڕووبەڕووبونەوەدا پێکەوە کاربکەین چونکە ئامانجی هاوبەشمان هەیە.

 ئۆکتۆبه‌ر: ئه‌م که‌مپینه‌ هه‌وڵێکه‌ به‌ڕووی ده‌سه‌ڵات یان کۆنه‌په‌رستیه‌ک که‌ئیسلامیه‌کان ده‌ستیان بۆ ڕاکێشاوه‌ وده‌یانه‌ویت فه‌زای کۆمه‌لگای پێ ئیسلامی بکه‌نه‌وه‌؟

ئاسۆ کمال: ئەم کەمپینە بەڕووی هەردوو لایەنی پارتی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیدایە کەدەیانەوێ یاسایەک بۆ سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەربکەن یاخود یاساکانی ئێستا توندتربکەنەوە و ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری بەرتەسکتر بکەنەوە.

دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی قازانجی هاوبەشیان لە سەپاندنی “یاسای پیرۆزە ئاینیەکان” و شەریعەتی ئیسلامیدا هەیە. لە لایەکەوە دەسەڵات یاسا ئیسلامیەکان وەک وەسیلەیەکی بەرتەسکردنەوەی ئازادی و مافە مەدەنیەکان بەکاردەهێنێ بۆ توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و ڕاگرتنی چینی کرێکار و توێژە کەم دەرامەتەکان لە ئاستی نزمی کرێ و بێ مافی ئابوری وسیاسی و کۆمەڵایەتیدا وە هەروەها کپکردنەوەی ئەو دەنگی ناڕەزایەتیە کە بەرامبەر بە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرمایەدارانەی هەردوو حزبی حاکم هەیە. لەلایەکی ترەوە سەپاندنی یاسا و شەریعەتی ئیسلامی بۆ هێزە ئیسلامیەکانیش دەبێتە مایەی بەهێزکردنی قانونی وکۆمەڵایەتی ئەم هێزانە و ڕێگەخۆشکردن بۆ باڵادەستکردن و زیاتر کردنی ڕێژەی دەنگەکانیان وە سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان بەسەر کۆمەڵگەدا.

هەربۆیە ئەم کەمپینە بەواقعی خۆی لەبەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتیەی پارتی وهێزە ئیسلامیەکاندا دەبینێ. هەربۆیە وەک بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان و بەدەرس وەرگرتن لە تەجروبەی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی پێویستمان بەوەیە کە ئەم هاوپەیمانێتیە کۆنەپەرستانەیەی لەپشت ئەم هێرش و هەوڵانەوەیە دژ بەئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری بۆ خەڵک ئاشکرا بکەین و پەردە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشی پارتی و هێزە ئیسلامیەکان لەم هێرشەدا هەڵماڵین. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە ئازادیخوازە ئەمڕۆ لە کوردستان دژ بەسەرکوت وگەندەڵی دەسەڵاتە، لەهەمان کاتدا پێویستی بەوەیە کەبەدیلی ئازادیخوازانەی بەرامبەر بەهێزە ئیسلامیەکانیش ڕاگەیەنێ وئامادەی ڕوبەڕووبونەوەی هەر هێزێک بێت کە دەیەوێ لەڕێگەی سنوردارکردنی ئازادیەکان و بەرتەسکردنەوەی فەزای مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستانەوە بەدیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێ.

 ئۆکتۆبه‌ر : چ ڕێگایه‌کتان له‌به‌ر ده‌مه‌ وئه‌وکارانه‌ چین که‌ده‌تانه‌وێت له‌ڕیگای ئه‌م که‌مپینه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ن؟

ئاسۆ کمال: ئێمە نامەی ناڕەزایەتی بە ئیمزای کەسایەتی و ڕێکخراوەکانمان ئاراستەی پەرلەمان و حکومەت کردوە و ڕامان گەیاندوە کە هەموو ڕێگایەکی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ ڕێگرتن لەسەپاندنی ” یاسا پاراستنی پیرۆزیە ئاینیەکان”. لە میدیاکاندا بەردەوامین لە کارکردن بۆ دەنگدانەوەی زیاتری ئەم کەمپینە و ڕوبەڕوبونەوەی ئیعلامی لەسەر یاساکە و لە بەرامبەر هەوڵەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی بۆ سەپاندنی ئەم یاسایە و یا هەر هەوڵێ بۆ سنوردارکردنی ئازادیەکان. ڕاکێشانی پشتیوانی ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ،ڕێکخراوە کانی ڕۆژنامەنوسان ،ڕیکخراوە و پارت و ئەندام پەرلەمان و کەسایتیە ئازادیخوازەکان. دانانی کۆڕ و کۆبونەوە و یەکگرتوکردنی هەڵسوراوانی ئەم کەمپینە و هەوڵەکانی تر کەلەم پێناوەدا دەدرێ و خستنەڕووی پڕۆژە بۆ دانانی یاسای مافە مەدەنی و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم هەوڵانەی دەسەڵات و هێزە ئیسلامیەکان و کۆکردنەوەی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بەدەوریدا. دیارە ئەم کارانە پێویستە لە کوردستان و لەدەرەوە ئەنجام بدرێ و هاوکاری و هاوئاهەنگیەک لەنێو هەڵسوڕاوانی کوردستان و دەرەوەی ووڵاتدا دروست بکرێ و ئەم هاتنە مەیدانەی ئازادیخوازانی کوردستان جدی تر و لێبڕاوانەتر بەردەوام بێ. 

 

Add Comment

Click here to post a comment