ئاسۆ كه‌مال ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حزبی «كۆمۆنیستی كرێكاری کوردستان
لەگفتوگۆ لەگەڵ کوردستانی نوێ دا *
كۆنگره‌ی ئاشكرای حزب ده‌ستكه‌وتی ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسییانه‌یه كه له 17شوباتەوە هاتۆته كایه‌وه و بەرهەمی هاوسه‌نگییه‌كی سیاسیی تازه‌یه له كوردستاندا له نێوان ده‌سه‌ڵات‌و حزبه‌كاندا
ئەنجامدانی ئه‌نوه‌ر حسێن 9/5/2012
له‌ڕۆژی 21-22ی نیسانی 2012 له‌شاری سلێمانی سێیه‌مین كۆنگره‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، له‌م كۆنگره‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای به‌ڵگه‌نامه پێشنیازكراوه‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌و ئه‌سناد، چه‌ندین دیالۆگ و گفتوگۆی چڕ‌وپڕ كرا له‌ناو كۆنگره‌كه‌دا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌ندامه حزبییه‌كانی كۆنگره، كۆنگره‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان كۆمه‌ڵێك میوانی له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب بانگهێشت كردبوو بۆ دیالۆگ‌و جه‌ده‌لی جیاواز جیاواز و راوبۆچوونی جیاواز، هه‌م له‌سه‌ر حزبی كۆمۆنیست هه‌م له‌سه‌ر رووداوه‌كانی كوردستان‌و ناوچه‌كه‌و جیهان.
كوردستانی نوێ به‌باشی زانی دیدارێك له‌گه‌ڵ ئاسۆ كه‌مال ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی سێیه‌می حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان ساز بكات.
*له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و به به‌رنامه‌یه‌كی كراوه كۆنگره‌ی سێیه‌می حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری به‌ڕێوه‌چوو، كۆنگره‌ی سێیه‌می ئه‌و حزبه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
-به‌پێی به‌رنامه‌ی كۆنگره، كۆمه‌ڵێك حزب و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه جۆراوجۆره‌كان به‌شداری كۆنگره بوون، ئامانج له‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو تاكو بتوانین له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا دیاڵوگ بكه‌ین و رابگۆڕینه‌وه و بۆچوونه پێچه‌وانه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، پێموایه هه‌نگاو و مۆدێلێكی سه‌ركه‌وتوو له كۆنگره‌كه‌دا هه‌بوو.
پێمان خۆش بوو نوێنه‌ری حزبه‌كان، نۆێنه‌ری ژنان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ئه‌كتیڤن له بواری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌شداری بكه‌ن و پێكه‌وه دیالۆگ بكه‌ین. ئه‌وان بزانن حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان چی ده‌ڵێت، حزبیش بزانێت ناڕه‌زایه‌تی ئه‌وان له‌سه‌ر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان چییه و چۆن بتوانین نمونه‌یه‌ك له په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌كان و په‌یوه‌ندی نێوان حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شانه‌ی تری كۆمه‌ڵگا دروست بكه‌ین.
ئه‌و فیدباكانه‌ی كه له به‌شداربووانمان وه‌رگرته‌وه، هه‌موویان ئه‌و هه‌نگاوه‌یان به نمونه‌یه‌كی تازه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان حزب و كۆمه‌ڵگا ده‌زانی. له‌كۆنگره‌كه‌دا هه‌موو نوێنه‌ره‌كان‌و میوانه‌كان گفتوگۆیان كرد، مناقه‌شه‌یه‌كی زۆر مۆدێرن، پێشكه‌وتووانه و سیاسییانه له نێوان ئه‌مانه هاته ئاراوه.
*كۆنگره‌ی سێیه‌می حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان به ئاشكرا له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێوه په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاسایی بۆته‌وه؟
-به‌ستنی ئه‌م كۆنگره ئاشكرایه‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان یه‌كێك له‌و دیاردانه‌یه كه ئێمه ده‌یبینین، له‌دۆخی سیاسی‌دا ئاڵوگۆڕێك بووه و سه‌رجه‌م خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و كوردستانیشی گرتۆته‌وه، پێم وایه دۆخی سیاسی گۆڕاوه، جۆرێك له هاوسه‌نگیی تازه هاتۆته ئاراوه له نێوان ده‌سه‌ڵات‌و حزبه‌كاندا، به‌م پێیه‌ش حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له دوای 17ی شوباته‌وه بووه به‌حزبێكی ره‌سمی‌و مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه و نووسینگه‌ی كردۆته‌وه و رادیۆشی داناوه. یه‌كێك له‌وكارانه‌ی تر ئه‌وه‌یه كه كۆنگره‌یه‌كی ئاشكراشی كردووه.
پێموایه ئه‌مه ده‌ستكه‌وتی ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسییانه‌یه كه له‌كوردستاندا هاتۆته كایه‌وه و هاوسه‌نگییه‌كی سیاسیی تازه‌یه له كوردستاندا. دیاره په‌یوه‌ندی ئێمه‌و یه‌كێتی شتێكی باشه، یه‌كێتیش وه‌كو حزبه‌كانی تر له‌كۆنگره‌دا ئاماده بوون، به‌ڵام پێموایه ئاسایی بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی یه‌كێتی‌و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان په‌یوه‌ندیی به‌مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه كه چه‌ند جارێكی تر باسمانكردووه، ده‌بێت ئه‌م په‌یوه‌ندییه ئاسایی بكرێته‌وه و له‌و دۆخه ده‌رچن كه په‌یوه‌سته به‌مه‌سه‌له‌ی رووداوه‌كانی ساڵی 2000.
به‌بڕوای من كه گۆڕانكاری له دۆخی سیاسی بووه و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندیی حزبه سیاسییه‌كان بچێته پێشه‌وه پێموایه حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه ئاڵوگۆڕێكی ریشه‌یی رووبدات.
*به‌شداریكردنی یه‌كێتی به‌وه‌فدێك‌و خوێندنه‌وه‌ی بروسكه‌یه‌كی مه‌كته‌بی سیاسی‌و به‌و جۆره جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی ئێوه‌ش بوو، سه‌ره‌تایه‌كه و ده‌ستیپێكردووه و ئێوه پێتان وانییه له گوتاری پێشووی ئێوه‌شدا گوتارێكی توندڕه‌وانه هه‌بووه، به‌ڵام له بارودۆخی سیاسی وڵاتانیشدا كه رووداوێك روو ده‌دات ناكرێت هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌كان به به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌ڵچنیت، پێویسته ئه‌جندایه‌كی تازه بكرێته‌وه؟
-ئێمه كێشه‌یه‌كمان نییه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌سه‌ر ئه‌ساسێكی ئازادانه بێت و هه‌ردوولا بتوانن له‌سه‌ر مه‌سه‌له هاوبه‌شه‌كان رێكبكه‌ون. به‌بڕوای من هاتنی یه‌كێتی نیشتمانی بۆ كۆنگره‌كه‌ی ئێمه به‌شێكه له‌و ئاڵوگۆڕه‌ی روویداوه، دیاره ده‌یه‌وێت هه‌نگاوێك بێته پێشه‌وه، ئێمه‌ش پێشوازیمان لێ‌كردن و له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌فده‌ی كه به‌شداری كۆنگره‌ی كرد، دیالۆگێكی باشمان كرد كه ده‌توانێت لێك تێگه‌یشتنێك هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ردوولامان چیمان ده‌وێت، چی مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌توانرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.
ئێمه ناڵێین هیچ له‌نێوانماندا نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌شی هه‌یه گرێیه‌ك نییه نه‌توانرێت بكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌توانرێت بكرێته‌وه. ئاڵوگۆڕێك له‌كوردستان بووه، ده‌بێت په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بێته‌وه.
*ئێوه باس له‌مه‌ترسی هێزه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كان ده‌كه‌ن له‌كوردستاندا، له‌كۆمه‌ڵگاشدا باس و خواسی له‌و بابه‌ته هه‌یه و ئه‌وه‌ش ده‌به‌سترێته‌وه به‌هێزی ئیسلامی له‌باكووری ئه‌فریقیا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئێوه له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا چوونه پاڵ ئیسلامییه‌كان، له‌خۆپیشاندانه‌كانی به‌رده‌ركی سه‌را ئێوه و ئیسلامییه‌كان به‌شێكی سه‌ره‌كی بوون، ته‌نانه‌ت ناسینه‌وه و جیاكردنه‌وه‌تان ئاسان نه‌بوو، ئێوه پێتان وایه كه هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیتان كردووه كه چوونه پاڵ ئۆپۆزسیۆنێكی ئیسلامی؟
-ئێمه نه‌چووینه‌ته پاڵ ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی، ناڕه‌زاییه‌كانیش له لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه هه‌ڵنه‌گیرسا، ئه‌وه‌ی روویدا به‌رامبه‌ر به سیستمێك بوو كه له سه‌رجه‌م ناوچه‌كه هاتۆته ئاراوه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوردستان هه‌بوو، سیستمێكه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی سیكۆلار و مۆدێرن دانه‌مه‌زراوه، ناڕه‌زایی له خواره‌وه دروست بووه و خه‌ڵك خوازیاری ئاڵوگۆڕه له‌م سیستمه‌دا، ئێمه پێمانوایه ناڕه‌زایه‌تیه‌كی جه‌ماوه‌ری هه‌بوو، ئیسلامییه‌كان به‌شێك بوون، حزبی كۆمۆنیست به‌شێك بوو، حزبی گۆڕان به‌شێك بوون له‌ناڕه‌زاییه‌كان، به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تییه‌كه له‌سه‌روو ئێمه‌و حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه بوو.
*به‌شێك له‌گفتوگۆكانی ناو كۆنگره‌ی ئێوه تایبه‌ت بوو به‌ڕووداوه‌كانی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی، ئێوه بۆچی دان به‌وه‌دا نانێن كه له‌و رووداوانه‌دا، له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا كه له‌وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بی كراون، ئیسلامییه‌كان له‌پێشه‌وه‌ن، بزووتنه‌وه چه‌پ و رادیكاڵه‌كان ئاماده‌بوونیان نییه و له‌پاشه‌كشه‌ی به‌رده‌وامدان؟
-پێموایه له راپۆرتی كۆنگره‌دا باسمان كردووه، به‌هاری عه‌ره‌بی شۆڕشێكی سیاسییه نه‌ك به ته‌نها بزووتنه‌وه‌یه‌ك بێت، شۆڕشه‌كان سیستمه دیكتاتۆرییه‌كانی پێچایه‌وه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كه خه‌ڵك بۆی هاتۆته مه‌یدان‌و ئه‌و داخوازییانه‌ی خه‌ڵك بۆی هاتنه مه‌یدان هێشتا زۆری جێبه‌جێ نه‌بووه، ئه‌و شۆڕشه كۆتایی نه‌هاتووه و به‌رده‌وامه.
راسته هه‌ڵبژاردن كراوه، به‌ڵام ئه‌وه كۆتایی هه‌موو شته‌كه نییه، راسته ئیسلامییه‌كان هاتوونه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و په‌رله‌مانیان وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت هێشتا ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی له میسر به‌رده‌وامه، ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌كان له تونس هه‌ر بوونی هه‌یه.
هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت مه‌سه‌له‌كه به‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێك كۆتایی پێبهێنن، به‌ڵام ئه‌م شۆڕشه سیاسییه له ژێره‌وه‌یه و ئامانجی گۆڕینی سیستمی دیكتاتۆرییه.
خه‌ریكه ئیسلامییه‌كان به ناوی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه جارێكی تر سیستمی دیكتاتۆری‌و ئیسلامی كۆنه‌په‌رستی ده‌سه‌پێنن، بۆیه پێویسته ئه‌م هێزه چه‌پ و رادیكاڵانه ریزه‌كانی خۆیان یه‌كبخه‌ن. هه‌ڵبژاردن مانای ئه‌وه نییه كه ئه‌مانه له‌سه‌ر هه‌قن، ده‌ورانێكیش مۆسۆلۆنی و هیتله‌ر به‌هه‌ڵبژاردن هاتنه سه‌ر حوكم، ئێمه ده‌ڵێین ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتێكی ناڕه‌وان، ده‌بێت خه‌ڵك مقاوه‌مه‌یان بكات.
*پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی ره‌وته چه‌پ‌و رادیكاڵ و هێزه كۆمۆنیسته‌كان ونن، بۆچی له پێشه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌دا نه‌بوون؟
-هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نها پێوه‌ر نییه له‌هه‌موو كاتێكدا، بۆ نمونه كاتێك ئیسلامییه‌كان به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن مانای ئه‌وه نییه هه‌موو خه‌ڵك خوازیاری شه‌ریعه‌تن خوازیاری ئه‌وه‌ن كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام پێموایه به‌شێكی زه‌مینه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئیسلامییه‌كان بۆ بوونی كه‌شێكی دیكتاتۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه.
خه‌ڵك ناڕازییه، به‌ڵام ناڕازی بوونی خه‌ڵك كاتێك به‌ئاكام ده‌گات كه حزبێك هه‌بێت و ناڕه‌زایی خه‌ڵك و چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش وه‌ربگرێت، به‌داخه‌وه له‌ئێستادا حزبێكی له‌و جۆره بوونی نییه. رۆژانه خه‌ڵك له‌مه‌یدانی ته‌حریر، له‌كارخانه‌كان كۆده‌بنه‌وه و مان ده‌گرن، به‌ڵام حزبێك نییه پێیان بڵێت به‌دیلی ئێوه ئیسلامییه‌كان نین، به‌دیلی ئێوه هه‌ڵبژاردن نییه.
*بۆچی نییه؟
-به‌شێكی هۆكاره‌كه مێژووییه، به‌شێكی تریشی ئه‌وه‌یه له‌وێ بۆچوونی ناسیۆنالیستی و بۆچوونی ئیسلامی له‌ناو چینی كرێكارانیشدا كاریگه‌ری هه‌یه، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه ئه‌وه نییه سنووردار بێت، ته‌نها دژی موباره‌ك یان دژی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی بێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ئاڵوگۆڕێكی ریشه‌یی بێت و ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌بێت له‌ناو خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵقوڵابێت.
حزبه ئیسلامییه‌كان و ره‌وته‌كانی تر پشتیوانیان هه‌یه، به‌ڵام له‌میسردا چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان لاوازن.
*تاچه‌ند پێتانوایه ده‌كرێت له‌ناو سیستمی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا جێگا‌و پێگه‌یه‌كی باشتر بۆ هێزه چه‌په‌كان و رادیكاڵه‌كان، له‌ناویشیاندا بۆ حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان هه‌بێت، تاچه‌ند ده‌توانن پشتیوانی دیموكراسی بكه‌ن، تاچه‌ند ده‌توانرێت به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو و هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسیی هه‌رێمی كوردستان گه‌شه بكات؟
-بۆئه‌وه‌ی باس له‌دیموكراسی بكه‌ین، ده‌بێت سیستمێكی دیموكراسیمان هه‌بێت كه فیعله‌ن رێگه به خه‌ڵك بدات ئازادانه به‌شداری ژیانی سیاسی بكه‌ن، من گومانم هه‌یه له‌وه‌ی كه ئه‌م شته له‌كوردستاندا هه‌بێت. كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی دیموكراسی هه‌یه كه نیشانی ده‌دات ئه‌م سیستمه دیموكراسییه په‌رله‌مانییه و شتێك هه‌یه به‌ناوی په‌رله‌مان‌و هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه ده‌كاته سیتمێكی سیاسی مۆدێرن ئه‌وه‌یه كه بتوانرێت هه‌موو حزبه‌كان ئازادانه به‌شداری تیادا بكه‌ن.
ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه ده‌بین بۆ گرتنه‌به‌ری رێگای كاری هاوبه‌ش‌و پێكه‌وه كاركردن، نمونه‌یه‌ك له‌سه‌ر یاسای فره‌ژنی ده‌هێنمه‌وه، با بچینه په‌رله‌مان و داوای گۆڕانكاری بكه‌ین، ده‌ورانێك بوو له ئیداره‌ی سلێمانی كارێكی زۆرمان كرد كه كوشتنی ژنان بكرێته به‌ندێك له‌قانونی ئه‌حوال شه‌خسی و ببێت به تاوان، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
*جێگای سەرنجە زۆر شت کەتیایدا لەسەر چۆنیەتی حوکمی یەکێتی وپارتی و کەیسی ١٤تەمووزی ٢٠٠٠ی تێدا نەهاتوە کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسکراوە
Add Comment