ڕیفراندۆم

“تۆنی کلیف” (TONY CLIFF) سەبارەت بە ڕیفراندۆم لە کوردستان

چاوپێکەوتنی گۆڤاری “ریفراندۆم” لە گەل “تۆنی کلیف” (TONY CLIFF) سەبارەت بە ڕیفراندۆم لە کوردستان

 

تۆنی کلیف لە ساڵی ١٩١٧ لە فەلەستین لە خێزانێکی زایۆنیستی لە دایک بووە. لە ١٦ ساڵیەوە دژایەتی زایۆنیزم و پشتیوانی فەلەستینییەکانی کردووە. لە ساڵی (١٩٣٩ -١٩٤٠) لە لایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە لە فەلەستین زیندانی کراوە. لە ساڵی ١٩٤٦ فەلەستینی جێهێشتووە و چوار ساڵ و نیو لە ئیرلەند ژیاوە و ساڵی ١٩٥٢ هاتۆتە بەریتانیا. ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی سۆسیالیست – بەریتانیایە (SWP)  کە رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕە لە بەریتانیا  و ١٠٠٠٠ ئەندامییان هەیە.

تێبینییەکی کورت:

ئەم وتارەی دەیخوێنیتەوە، دەقی چاوپێکەوتنێکی “تۆنی کلیف”ە لە گەل گۆڤاری “ریفراندۆم” لە ساڵی 1999دا، هاورێ ئاسۆ کەمال لە گەل تۆنی کلیف ئەنجامی داوە.

ئێمەش لە “ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی  – کوردستان” بە پێویستمان زانی لە بەر گرنگی مەسەلەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دووبارە هێنانەوە مەیدانی مەسەلەی ریفراندۆم، ئەم گفتوگۆیە بڵاوبکەینەوە، لە بەر ئەوەی ئەمرۆ بۆرژازی کورد بە گشتی و حکومەتی هەریم بە تایبەتی دەیەوێت بۆ چەواشەکاری بیخزینێتە مێشکی تاکی کورد و هەموو ئەزمە و شکستەکانی خۆی پێ بشارێتەوە. ئەم چاوپێکەوتنە بەرچاو روونیەک دەخاتە بەردەم سۆسیالیستە شۆرشگێرەکانی کوردستان و بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا بە تەواوی خەت و رێبازی کرێکاری سۆسیالیست لەکوردستان لە بۆرژوازی کوردو هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان و هەروەها هێزە ئیمپریالیستەکان جیادەکاتەوە. ئەم کارەش هەوڵێکی سەرەتایی یە ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان دەیخاتە بەردەم سۆسیالیستەکانی کورددستان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین هەلوێستێکی سۆسیالیستانە بخەیەن بەر دەم کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان.

لە کۆتایشدا سوپاسی هاورێ ئاسۆ کەمال دەکەین کە بە دەنگ داواکاریەکەمانەوە هات و بە سکان دەقی گفتوگۆیەکەی بۆ ناردین، ئێمەش سەرلەنوێ تایپمان کردەوە. وەکو ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی بڵاوی دەکەینەوە.

ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان 18/04/2017

ئاسۆ کەمال:- دەمەوێ پرسیاری یەکەمم، بە پرسیارێکی گشتی دەست پێ بکەم. ئەویش سەبارەت بە خودی کێشەی میللی یە، وەکو یەکێک لەو کێشانەی لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا هێشتا بەردەوامە. ئەوروپا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەویەتی میللی لە ناکاو سەردەردێنی و کێشەی میللی لێ بەرپادەبێ وەک لە بۆسنە و گۆسۆڤۆ و شوێنەکانی تر. هەندێ لە تیۆریینەکانی وەک ئەریک هۆبسبام و منسور حکمت دەڵێن کە ناسیونالیزم میللەت دروست دەکات و کێشەی میللی دەخوڵقێنێ، میللەت و مەسەلەی میللی یەکێک لەو مەسەلانەی دونیای ئەمڕۆیە کە قسەی تازەی لە سەرە. ڕاتان چی یە سەبارەت بەم مەوزوعە؟

تۆنی کلیف:- دەمەوێ قسەکانم بە ڕوونکردنەوەی راستیەکەوە دەست پێ بکەم. لە رۆژنامەی بەریتانیا و تەلەفزیۆنی بەریتانیا زۆر باسی کۆسۆڤۆ دەکرێ، باسی چەوسانەوەی ئەلبانەکان لە کۆسۆڤۆ دەکرێ. بەڵام هیچ کات باس لە سەر چەوسانەوەی کوردەکان لە تورکیا دا ناکرێ، وە هەروەها بۆیان گرنگ نییە کە باسی فەلەستین بکەن. ئەوە ڕاستە کە (٥٠٠) دێ لە کۆسۆڤۆ وێران بووە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە (٤٠٠٠) گوند لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا وێران بووە. ئەوە ڕاستە کە نزیکەی (٨٠٠،٠٠٠) هەزار ئەلبانی لە کۆسۆڤۆ بوونە پەنابەر و ئاوارە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە (٣) ملیۆن کورد ئاوارە و پەنابەرن. ئەوە ڕاستە کە خەڵکێکی زۆر بە دەست سربەکان کوژراون، بەڵام لە هەمان کاتدا هەزاران کورد بە دەستی حکومەتی تورکیا کوژراون.

من حەز ناکەم بە شێوەیەکی گشتی لە سەر ئەو مەوزوعە قسە بکەم، بێ ئەوەی چاو لە دونیای واقیعی بکەم. من کاتێ فەلەستینم لە ساڵی ١٩٤٦ بە جێهێشت ٨٠% ی خەڵکەکەی ئەوێ فەلەستینی بوون. فەلەستینیەکان لەو کاتەدا خاوەنی ٩٠% لە خاکی فەلەستین بوون. بەڵام ئێستا (٢،٥) ملیۆن فەلەستینی پەنابەرن لە وڵاتانی ئەردەن، سوریا، لوبنان. وە سەدان هەزار فەلەستینی تریش ئاوارەن لە کەمپە جۆر بە جۆرەکاندا. ئەمڕۆ کە فەلەستینیەکان تەنیا خاوەنی ٢% لە خاکی فەلەستینن.

پرسیارەکەم ئەوەیە کە بۆچی لێرەدا باسی کورد و فەلەستین ناکرێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە لە بەر ئەوەی تورکیا و ئیسرائیل پارێزەری سیاسەتەکانی ئەمریکان. هەر لە بەر ئەوەش تۆ ناتوانی چاو لە بەشێک لە دونیا بکەی بێ ئەوەی هەموو چوارچێوەکەی ببینی. تۆ ناتوانی لە کۆسۆڤۆ وە دەست پێ بکەی، تۆ ناتوانی لە کوردستانەوە دەست پێ بکەیت، بەر لەوەی چاو لە تەواوی وێنەکەی بکەیت. ناتۆ (NATO) ڕێکخراوێکە لە خزمەت ئەمریکادا، بودجەی سوپای ئەمریکا نیوەی بودجەی سوپای ناتۆ دابینی دەکا و گەورەترە لە بووجەی سوپای ئەمریکا و (١٠٠) جار گەورەترە لە بووجەی سوپای یوگسلافیا. پێکەنین دەمگرێ کاتێ دەڵێن میلۆسوڤیچ وەک هیتلر وایە یان دەڵێن هیتلری دووەمە. هیتلر ڕابەری دووەمین وڵات بوو لە گەورەترین وڵاتانی سەنعەتی دنیادا.

بەڵام بودجەی سوپای یۆگسلافیا زۆر زۆر بچوکترە لە هی ئەمریکا، بە ڕای من زۆر مەسخەرەیە کە ئەو دووانە بە یەکەوە بەراورد بکەی. تۆ ناتوانی ناسیونالیزمی کورد و ئیمپریالیستی ئەمریکا وەک یەک چاو لێ بکەیت. لە بەر ئەوەی ئێمە دوو جۆر ناسیونالیزمان هەیە، (ناسیونالیزمی چەوساوە و ناسیونالیزمی چەوسێنەر). من وەک شۆڕشگێرێک لە گەڵ لینین دا هاوڕام کە دەڵێ ئەبێ ئاگات لە وەزعیەتی چەوساوەترین خەڵک لە کۆمەڵدا بێت. دەبێت خۆت بخەیتە جێی ئەوان. ئێستا بۆ من مەسەلەی (ستیڤن لۆریش) کە بە دەست ڕاسیستەکان کوژرا زۆر گرنگە، من دەبێ لەو مەوزوعە ئاگادار بم و گرنگی پێ بدەم. ئەگەر دەتەوێ کۆمەڵ بناسی ئەبێ چەوساوەکان بناسی و لێیان تێبگەی. ئەبێ چاو لە چاوی مرۆڤێکی ڕەش بکەیت. ئەگەر مرۆڤێکی ڕەش وتی بەریتانیا وڵاتێکی عادلە من قەبوولی دەکەم. بەڕای من ئەوە ڕاست نی یە، ئەگەر بڵێی هەموو ناسونالیزمێک وەک یەک وایە، ناسیونالیزمی چەوساوە هەیە و ناسیونالیزمی چەوسێنەر.

گەورەترین بەشی مرۆڤایەتی چەوساوەن، چەند رۆژ لە مەوپێش چاوم لە رۆژنامە دەکرد بینیم سێ بنەماڵە لە دنیادا داهاتیان هێندەی (٦٠٠) ملیۆن کە س لە دنیادایە. سەروەتی ئەم سێ کەسە یەکسانە لە گەڵ سامانی ٤٣ وڵاتی زۆر هەژار لە دونیادا. من زۆر جار لە خۆم دەپرسم چۆن خەڵک ئەتوانێ کۆنترۆڵی ئەم هەموو سەروەت و داهاتە بکات. کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە یەکگرتوونین، ئەگەر یەکگرتوو بوینایە ئەمانتوانی سەرکەوتن بە دەست بهێنین. ئێمە لە جێی ئەوەی بە دژی دەسەڵاتداران هەڵوێست بگرین لە یەکتر ئەدەین، سیستەمی سەرمایەداری کاری ئەوەیە کە جیایی بخاتە نێوان مرۆڤەکان. ڕاسیست دروست ئەبێ بە هۆی ئەوەی کاتێ بێکاری ئەچێتە سەر، سەرمایەداری کۆچبەر و پەنابەرەکان خەتابار دەکات. بۆ من ئەگەر ناسیونالیزم بە دژی دەسەڵاتداران و چەوسێنەران شەڕ بکات من پشتیوانی لێ دەکەم.

ئاسۆ کەمال:- لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئەو هەڵوێستەی لینین دروست بوو کە مەوقعیەتی سیاسی ناسیونالیزمی میللەتی سەر دەست و ناسیونالیزمی میللەتی ژێر دەستەی ئیمپریالیزم جیاوازیان هەیە، لە بەر ئەوەی لەو کاتەدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر پشتیوانی لە وڵاتانی مستعمرە (کۆلۆنیالی) دەکرد بۆ سەر بەخۆبونیان و حەرەکەتی خەڵکی وڵاتانی ژێردەستە دژی ئیمپریالیزم حەرەکەتێکی پێشکەوتنخواز بوو. بەڵام ئەوزاعی ئەمڕۆ جیاوازە، ناسیونالیزمی وڵاتانی ئیمپریالیستی و ناسیونالیزمی جیهانی سێیەم  یان ناسیونالیزمی (چەوساوە و چەوسێنەر) وەکو جاران ناتوانیت پێناسەی بکەیت، هەردووکیان وەک یەک نەخشیان هەیە. تۆ ناتوانی دنیا بە هەمان شێوەی کە لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوو راڤە بکەی. بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەوە گرنگە کە نیشانی بدەین، لە ئەمڕۆدا ، کە بەرەو جیهانیبوون دەچین، ناسیونالیزم هەمیشە دژی کرێکاران بزووتنەوەی کرێکاریی یە و یەکێک لە ڕێگرییەکانی بەردەم شۆڕشی کرێکارییە بەوەی کە ڕیزی ئەم شۆڕشە بە ناوی نەتەوە و کێشەی قەومی یەوە کەرت کەرت دەکا. بۆیە ئێمە دەبێ دژی هە ر چەشنە ناسیونالیزمێک بین.

تۆنی کلیف:-  بە هۆی سەرهەڵدانی بۆرژوازییەوە زۆربەی دەوڵەتەکان و میللەتەکان دروست بوون. لە سەدەی ١٩دا دەوڵەتی میللەتی فەرەنسا و جودی نەبوو. میللەتی فەرەنسە لە گەڵ پێشکەوتنی بۆرژوازی  و بازرگانی دروست بوو، لە گەڵ بوونی دەوڵەت زمانیش بەرەو پێشکەوتن چوو. ئەوان بەو شێوەیە وڵاتیان لە ئیتالیا دروست کرد و لە ئەڵمانیا دروستیان کرد، بەڵام لە هیندستان دروستیان نەکرد، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستیان نەکرد.

ئیمپریالیستی بەریتانیا و فەرەنسا چاویان لە نەخشە کردو کوردستانیان دابەش کرد. بەشێکی گەورەیان دا بە عێراق بە نەوتێکی زۆرەوە لەو کاتەدا عێراق لە ژێر چاودێری بەریتانیا بوو وە مەلیک فەیسەڵ یەکێک لە نزیکەکانی بەریتانیا بوو. وە ئەوانەی تریش هەر یەک بەشی خۆیان لەم تەقسیمەدا وەرگرت.

مارکس دەستی کرد بە پێکەنین کاتێ لە ئەنتەرناسیونالی یەکەم دا کەسێکی فەرەنسی وتی کە مەسەلەی میللی گرنگ نییە. مارکس بە پێکەنینەوە وتی جا ئەگەر مەسەلەی میللی گرنگ نییە بۆ بە فەرەنسی قسە دەکەیت. من هاوجنسبازنیم، زۆر ناواقعی یە ئەگەر بە هاوجنسبازێک بڵێم کە کەس بۆی نییە کە تۆ هاوجنسبازی یان نا (وشەیە کەمە لێرە). ئەگەر کەسێ بڵێی کێ بۆی گرنگە کە تۆ سپیت یان ڕەش. هەموو مرۆڤەکان وەکو یەک وان. بەڵێ ڕاستە هەموومان وەک یەک واین. بەڵام من کوڕەکەم تا سەعات ٢ی نیوە شەو نەگاتە ماڵەوە نیگەران نابم. بەڵام ئەگەر کوڕەکەی من ڕەش بێت و بێ ئەوەی ئاگادارم بکاتەوە و تا سەعات ٢ی نیوە شەو نەیەتەوە بە ڕاستی نیگەران دەبم دڵم دەترسێ، تۆ ناتوانی بڵێی مەسەلەی میللی گرنگ نییە. ئێمە دەمانەوێ شۆڕشی سۆسیالیستی بکەین بۆ رزگاری بەشەریەت. رزگاری بەشەریەت تەنیا مەسەلەی چینایەتی ناگرێتەوە، شۆڕشی سۆسیالیستی دەبێ چارەسەری هەموو پرسیارێکی پێ بێت. چەوسانەوەی میللی، چەوسانەوەی جنسی، چەوسانەوەی مەزهەبی، من باوەڕم وایە کە شۆڕشی سۆسیالیستی مەسەلەی میللی حەل دەکات. ئێمە نابێ بڵێین گرنگ نی یە.

ئاسۆ کەمال:- لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای فەلەستین، مەسەلەی کورد مەسەلەی گەورەیە و لە ئارادایە، تۆ لە سەرچارەسەری ئەم کێشەیە چی دەڵێی؟

تۆنی کلیف:- وەڵامی من بەم پرسیارە ئەوەیە کە کوردەکان دەبو خۆیان بڕیار بدەن کە چیان دەوێ. ئێمە سنورمان هەیە کە بە وەسیلەی ئیمپریالیزم دروست کراوە. ئەبێ بڕیار بدەن ئەگەر ئەیانەوێ یەک کوردستانی سەربەخۆیان هەبێ یان ئەگەر ئەیانەوێ  لە گەڵ ئەو وڵاتانە بمێننەوە. ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە. ئەوان دەبێ خۆیان ڕای خۆیان بدەن و ئێمەش پشتیوانیان لێ بکەین بە هەر ڕایەک کە گەیشتن. باسی فەلەستینیشن  هەروایە. فەلەستینیەکان دەبێ ڕێ یان پێ بدرێ کە لە سەر چارەنووسی خۆیان بریار بدەن کە ئایا دەیانەوێ  بگەڕێنەوە یان نا. دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگا دەدات کە هەموو جولەکەیەک بێ گیروگرفت بگەڕیتەوە بۆ ئیسرائیل، تەنانەت ئەوانیش کە لەوێ لە دایک نەبوون. بەڵام عەرەبەکان دەبێ ئیجازەی تایبەتیان هەبێ بۆ ماڵ دروست کردن، مانای یەکسانی ئەوەیە کە عەرەبەکان دەبێ مافی یەکسانیان لە گەڵ جولەکەکان هەبێت. کوردەکان دەبێ لە تورکیا بمێنێتەوە دەبێ مافیان بە ڕەسمیەت بناسرێ، وە ئەگەر جیابوونەوەیان دەوێ دەبێ ڕێگای ئەوەیان پێ بدرێ.

ئاسۆ کەمال:- بەرامبەر بەم تەرحەی ئێمە پێشنیارمان کردوە کە کوردستانی عێراق دەبێ سەربەخۆ بێت، پێمان دەڵێن کە تورکیا و ئێران و جیهانی عەرەب ئەبنە دژی ئەم تەرحە، لە نەزەری تۆ دا چ حیمایەتێکی نێونەتەوەیی ئێمە دەتوانین بە دەست بێنین؟

تۆنی کلیف:- تۆ پێت وایە ئەمە تەنیا چارەسەرە، ئایا حەلی دیکە هەیە یا چاو لە حەلی تر بکەین. ئەگەر کەسێک بێت بە من بڵێ تۆ دەتوانی ئازادی بە دەست بێنی بۆ کوردەکانی عێراق بێ ئەوەی ئازادی بە دەست بێ بۆ کوردەکانی ئێران یان کوردەکانی سوریا یان کوردەکانی تورکیا، من باوەڕی پێ ناکەم. من باوەڕم بە تەدریج نییە، تەدریج و پروسە عەمەلی نییە، ئەگەر پێم وا بوایە حەلی مەسەلەی کوردی عێراق جیاوازە لە گەڵ کوردی تورکیا ئەموت وەری بگرە. لە بەر ئەوەی تۆ لە بەرامبەرت سەدام و ئیمپریالیستی ئەمریکایە. ئەگەر تۆ پێت وایە ئەمریکا ڕێگا ئەدات تۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لە باکووری عێراق دروست بکەی، ئەوە دەبێ بزانێ خەیاڵە.  لە بەر ئەوەی  ئەگەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووری عێراق دروست بکرێ کوردەکانی تورکیاش هەر ئەوەیان دەوێ. بە ڕای من ئەم تەرحی عەمەلی نییە. مەرزەکان ئیمپریالیست دروستی کردوون بۆ لابردنیان دەبێ دژ بە ئیمپریالیست هەڵوێست بکرێ.

ئاسۆ کەمال:- دەزگاکانی ڕژێمی بەعس و سەدام ئێستا لە کوردستانی عێراق نین، دەسەڵات بە دەست حیزبە کوردیەکانە. بۆچی عەمەلی نییە کە دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاگەیەنێت؟ ڕێگای عەمەلی لە ڕوانگەی تۆ وە چی یە؟

تۆنی کلیف:- تەسەورێک کە من لە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتم هەیە هەردووکیان فاسد بوون. بۆچی؟ لە بەر ئەوەی دەسەڵات فەساد دەکات، من بە دەسەڵاتم گەورەم، من بێ دەسەڵاتم ناتوانم بەردەوام بم. بۆ نموونە راسیسترین و خەراپترین راسیستەکان بێ کارەکانن کە لەم نیزامەدا مەینەتی دەکێشن. کاتێ کە بێ دەسەڵات دەبێ لەم سیستمەدا ستەم دەکێشێ و حەز دەکەی تۆڵە بسێنی. ئەگەر لە کوردستانی عێراقدا ژیان لەو پەڕی خراپیدایە و خەڵک بێ ئاسۆن (؟)فەسادەکە گەورەترە. ئێمە هەموومان زۆر تینوی ئازادین، تۆ زۆر بە پەلە ئازادیت دەوێ من پێم خراپ نییە. (١٠٠) ساڵ زیاترە کە مارکس مردوە، ئەمە لە مێژوودا وەک (٥) دەقیقە وایە، شۆڕشی فەرانساش هەروا نەهاتۆتە دی و بۆ بە دەست هێنانی خەباتێکی دوورو درێژ کراوە. ئەم داواکارییەی تۆ خەباتێکی دوور و درێژی دەوێ. مارکس دەڵێ دەسەڵاتداران دەسەڵاتیان هەیە، نە تەنیا بە ناو بەڵکو ئەوانە دەسەڵاتدارن  لە بەر ئەوەی خاوەنی هەموو هۆیەکانی بەرهەمهێنان وە هەر وەها خاوەنی TV و رۆژنامە وهەموو میدیان. بۆ تەوابوونی سەرمایەداری و دام و دەزگای پێویستیت بە خەباتێکی دوورو درێژە.

تۆ پێویستیت بە شۆڕشی سۆسیالیستی لە تورکیا و سوریا و عێراق و ئێرانە. بێ شۆڕش خەڵک بەردەوام دەبن لە سەر شەڕ بەڵام شەڕەکانیان بێ ئاکامە.

ئاسۆ کەمال:- بەڵام خەڵک لە سەر ئێمە ڕاناوەستن تا شۆڕشی سۆسیالیستی لە ناوچەکەدا دەکرێ. ٨ ساڵ لەمەوبەر وەعدی ئازادیان پێ دراوە. خەڵک داوای حەلمان لێ دەکەن، ئەبێ ئێمەش حەلیان پیشان بدەین. ناتوانین ٨ ساڵی تریش لە سەر شۆڕش ڕاوەستین کە ڕووبدات. بۆ ئێمە مەوقعیەتێکی باشە کە ریفراندۆم  بکەین خەڵک شانسی ئەوەیان هەیە کە بڵێین بەڵێ یان نا، ئایا پێت وایە ئەمە کات بە فیڕۆدانە؟

تۆنی کلیف:- تۆ بە ڕیفۆرم هیچ کات سەرکەوتوو نابی لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا. تۆ دەبێ سیستەمی سەرمایەداری تێک بشکێنی. ئەگەر بەیانی ڕیفراندۆم بکرێ لە ناو کوردستانی عێراقدا. بەڵێ تۆ داوات ئەوەیە کوردستان جیابێتەوە. بۆ من وەک شۆڕشگێرێک بەشداری دەکەم و پشتیوانی دەکەم لە داخوازی دیموکراتیکی خەڵکی کورد بۆ جیابوونەوە. ڕاستە ریفۆرم زۆر گرنگە بەشداری بکەین.. من کاتێ دەخوێنمەوە لە بارەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (puk) و پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP)ەوە زۆر فەسادی تیایە. بۆرژوازی میللەتی ژێردەست هەمیشە فاسدترە لە بۆرژوازی میللەتی گەورەتر و بە دەسەڵات تر. بۆرژوازی کورد فاسدترە لە بۆرژوازی عەرەب، ئەگەر تۆ لە بەریتانیادا ئیش بۆ کۆمپانیایەکی گەورە بکەی باشترە تا لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن بۆ کابرایەکی بنگلادیش کاربکەی. لە کۆمپانییە گەورەکە لەوانەیە مۆسیقاشت بۆ لێبدەن بەڵام خاوەن کارە بەنگلادیشیەکە تا پێنسێکت ئەداتی پشتت ئەشکێنێ. من باوەرم نییە ئەگەر کوردستانی عێراق جیابێتەوە دەبێتە بەهەشت بۆ کوردەکان.

ئێمە دەبێ هەنگاو هەڵگرین، هەنگاوەکانمان هەرچەند بچوکیش بێت دەبێ شەڕ بکەین. شۆڕشگێرەکان بێ لایەن نین بەرامبەر بە ریفۆرم بەڵام شۆڕشگێرەکان پێیان وایە ریفۆرم بە تەنیا ناتوانێ هەنگاوی کۆتایی بێت هەرچەندە دەبێ بۆ ریفۆرم خەبات بکەین، بەڵام هەنگاوی کۆتایی نییە.

ئاسۆ کەمال:- لە کۆتاییدا سوپاست دەکەین، ئێمەش ئەوە تەئکید دەکەینەوە وەک سۆسیالیستەکان پێمان وانییە کە ئەمە هەنگاوی کۆتایی ئێمە بێت بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان بەڵکو باوەڕمان بە وەیە شۆڕشی سۆسیالیستی دەتوانێ کۆتایی بە هەموو مەینەتەکان  و چەوساندنەوەی ئەم خەڵکە بهێنێ و بۆ یەکجاری یەکسانی لە نێو ئینسانەکاندا جێ بخات. بەڵام لە ئێستادا وەک ڕێگاچارەی  عەمەلی و فەوری ئەم هەنگاوە بە گرنگ دەزانین چونکە دەمانەوێ خەڵکە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی شۆفینیستی بەعس  و لە دەست ناسیونالیزمی عەرەب و کوردی رزگار بکەین  و بەمە زەمینە بۆ ئەو شۆڕشە سۆسیالیستی یە ئامادە تر بکەین.

Add Comment

Click here to post a comment