کۆمۆنیزم

حزبی کرێکاری و پراتیکی کۆمۆنیستی

لەبەشی پێشووی ناساندنی” دەفتەرەکانی زیندان”ی گرامشیدا دا باسی ٣ توخممان کرد کە بەبێ ئەوان حزب بونی نیە، ئەویش جەماوەری کرێکار و تیپێکی ڕێکخەر و کۆکەرەوەی ئەو جەماوەرە و پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەشەی حزبە. لەم بەشەدا سەرەتا لەسەر ئەم پەیوەندیە دەدوێین.
واقعیەتێکی دیاری حزب و گروپە کۆمۆنیستیەکانی دەورانی ئێمە ئەوەیە کە ئەم پەیوەندیەیان لەگەڵ جەماوەری کرێکاردا نیە، سەرەڕای ئەمەش نەبونی چینی کرێکار نەبوەتە مەسەلە. دەبێ بزانین بۆ حزبی کۆمۆنیستی ئەم فۆرمە ئایدیۆلۆژیەی وەرگرتوە؟ شێوەی گروپێکی وەرگرتوە کە لایەنگری ئایدیۆلۆژی بە کۆمۆنیزم هەیە بەڵام لە پراتیکدا ئەوەی خاوەنی ئەم پراتیکە کۆمۆنیستیەیە کە چینی کرێکارانن خۆیان لەم فۆرم و ڕیکخستنەدا نین. ئەم جیاوازیە لە نیوان تیۆر و پراتیکدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە؟
گرامشی بۆ لێکدانەوەی ئەم ناکۆکیە پەنا دەباتە بەر شیکردنەوەی پێکهاتەکان و دیاردەکانی چالاکی سیاسی و ڕیزێک لەمانە باس دەکات ؛ دەوری ڕوناکبیران و عەفەویەتی جەماوەر و وشیاری لیدەرشیپ، سیکتاریزم و حزبی جەماوەری، حزب وەک پێویستی و وەک ئازادی، گەشەی ناوخۆیی حزب و گەشەی کلتوری و مۆراڵی ودروستبونی بەهاکان ، هەژمونی چینی کرێکار و حزب وەک قوتابخانەیەک بۆ فێربونی ژیانی دەوڵەتی.
فۆرمی ئایدیۆلۆژی و چالاکی سیاسی
بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ناوخۆییانەی حزب دەبێ سەرەتا گرنگی پراتیک و چالاکی سیاسی و ئەو شێوازانە تێبگەین کە ئەم پەیوەندیەی تێدا دەردەکەوێت و پرۆسەی شکڵ گرتنی ئەم پەیوەندیە بە ئەنجام دەگات.
سیاسەت لای گرامشی” چەقی چالاکی ئینسانە، تێگەیشتنە لە دنیا و گۆڕینیەتی لە یەک کاتدا”. “پراتیکێکە کە ئینسانەکان مێژووی خۆیانی پێ دروست دەکەن ، لە هەلومەرجێکدا ،کە لە پێش ئەو چالاکیەدا، بونی هەیە و ئەوان بەکردەوە ئەو گەشە مێژووییە بە ئەنجام دەگەیەنن، نەک بەسادەیی بریتی بێت لە فۆرمێکی ئایدیۆلۆژی کە ئینسان تیایدا وشیار دەبێ لە ناکۆکیەکانی کۆمەڵگە. بەڵکو وەک مارکس دەڵێ”لە دەرەوە شەڕ دەکات لەگەڵیدا”، کە بەکورتی پێی دەوترێ چالاکی سیاسی.”
چینی کرێکار ئەم پراتیکە بەشێوەیەکی خۆڕسک و عەفەوی لە یەکێتیە کرێکاریەکان و خەباتی ئابوریەوە ئەنجامدەدات و لەڕێگەی حزبەوە ئەم چینە وشیاری سیاسی گەشەدەکا و لە ڕیکخراوێکی ئابوریەوە بەرزدەبێتەوە تا هەژمونی سیاسی پەیدا دەکا. واتە “چینی کرێکار باوەڕیان بەوە هەبێ کە تواناییان هەیە وەک چینی دەسەڵاتدار و ئەم ئیعتیبارەیان هەبێ لای چینەکانی تر.” ئەمە پرۆسەیەکە لە دنیای واقعدا ڕودەدات و لەدەوەرە چینی کرێکار شەڕی سیاسی دەکات لەگەڵ بورژوازیدا و ئەم پەیوەندەی نیوان “ڕوناکبیرانی حزب” و “جەماوەری حزب” لەم پرۆسەیەدا دروست دەبێت و “سیاسەت دەبێتە چالاکیەکی هەمیشەیی و ڕیکخراوێکی هەمیشەیی دروست دەکا”. بەڵام ئەوەی ئێمە لەواقعیەتی حزب و گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئەم دەورەیەدا دەیبینین ئەوەیە کە حزب لەباری ئایدیۆلۆژی و بەرنامەوە کۆمۆنیستی یە بەبێ ئەوەی ڕۆژێک مانگرتنێک و خۆپیشاندانێکی خۆڕسکی ڕێک خستبێ و ڕێکخراوبونی کرێکارانی بەشێکی بەرزکردبێتەوە بۆ ئاستی دیفاعکردن لە یەکێتیەکەیان .هەربۆیە ناتوانین بە ئەم جۆرە حزبانە بە حزبێکی کۆمۆنیست و ڕێکخراوێکی سیاسی چینی کرێکاری دابنێین و ئەم پەیوەندیەش لە نیوان “سەرەوە” و “خوارەوەی” حزبدا دروست نابێ، ئەمە لە فۆرمی ئایدیۆلۆژیدا دروست نابێ بەڵکو لە چالاکی سیاسیدا دروست دەبێ.
گرامشی ئەم قاڵبەی حزب زیاتر پەیوەست دەکاتەوە بە پراتیکێکی چینایەتی کرێکاران خۆیانەوە و دەڵێ ؛”ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە حزبەکان تەنیا بۆدی و قاڵبن بۆ چینەکان، ئەوەش ڕاستە کە حزب دەربڕینێکی میکانیکی و پاسیڤ نیە لەو چینانە، بەڵکو کاردانەوەیەکی پڕ وزەی ئەوانە لەپێناو گەشەکردندا، پۆڵایین بونیان و جیهانگیربونیان.”
یەکێتی و ناکۆکی نیوان تیۆری و پراتیک
گرامشی بەراوردێک لە نێوان کەنیسە و حزبی کۆمۆنیستدا دەهێنێتەوە لە بواری پەیوەندی ڕوناکبیران بە خەڵکی سادەوە. ئەو دەڵێ “کەنیسە کاتێک بەدوای کێشەی خەڵکی ئاساییدا دەچێ کە بە تەئکید مانای ئەوەیە کە جیابونەوەیەک لە نێوان بڕواداراندا پەیدابوە. لێرەوە کەنیسە دیسپلین دادەنێ لەسەر ئەو ڕوناکبیرانەی کە جیاوازی تێنەپەڕێنن و کارەسات بقەومێنن.وەک پرۆتستانت کە بە هۆی ئەم جیابونەوەیە ڕویدا. کۆمۆنیزم ئەنتی تێزی کاثولیکیەتە. خەڵکی بەجێ ناهێڵێ لەگەڵ “نەستی گشتی” فەلسەفەی سەرەتاییاندا، بەڵکو لیدەریان دەکا بۆ جیهانبینیەکی نوێ. کاتێکیش تەئکید لە پێویستی پەیوەندی نێوان ڕوناکبیران و کرێکارانی سادە دەکا، لەبەرئەوە نیە کە چالاکی زانستی ئەوان بەربەست بکا و یەکێتی لە ئاستی نزمی جەماوەردا بپارێزێ، بەڵکو بە تەئکید لەبەرئەوەیە کە بلۆکێکی ڕوناکبیری- مۆراڵی بنیات بنێت ، کەوا بکا لە باری سیاسیەوە گەشەی ڕۆشنبیری جەماوەری کرێکار مومکین بکا نەک بەتەنیا گەشەی گروپی ڕوناکبیران.
ئەم گەشە سیاسیە کاتێک دەگاتە ئاستی پەیدابونی فکرەی هەژمونی چینی کرێکار نیشانی دەدا کە پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسی ڕویداوە لە حزبدا. لێرەوە ئەندامێکی حزب کاتێک”وشیاری لا پەیدا دەبێ سەبارەت بەوەی بەشێکە لە هێزی هەژمونی چینەکەی ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو پێشکەوتنی خۆئاگایی کە تیایدا تیۆری و پراتیک دەبن بەیەک.” هەربۆیە جەماوەری کرێکار خۆی لە بورژوازی “جیاناکاتەوە” و سەربەخۆ نابێت تەنیا سەبارەت بەو ڕاستیانەی لە ناخی خۆیدا هەڵی گرتوە ، بەبێ ئەوەی لە نەستێکی فراواندا ، خۆی ڕیک بخا. وە هیچ ڕیکخراوبونێکیش بەبێ ڕۆشنبیرانی بونی نیە، بەبێ ڕیکخەران و لیدەرەکانی، بەمانایەکی تر بەبێ لایەنێکی تیوری لە پەیوەندی تیوری – عەمەلی کە ناسێنراوە لەلایەن گروپێک لە خەڵکی “تایبەتمەند” کە لەباری فکری و فەلسەفیەوە ئایدیاکان ڕۆشن دەکەنەوە.” ئەم پرۆسەی گەشەکردنە پەیوەندیەکی دیالەکتیکی هەیە لە نیوان ڕوناکبیران و جەماوەردا. گەشەی چەندایەتی و چۆنایەتی توێژی ڕۆشنبیران پەیوەندی دەبێ بە جەماوەریشەوە کە ئەویش دەچێتە ئاستێکی بەرزتری کەلتوری وسیاسی لەهەمان کاتدا و بەمە بازنەی ڕۆشنبیران گەورەتر دەبێ و تاک و گروپ و ئەلقە کەمتر گرنگەکان دروست دەبن.لەم پرۆسەیەدا کاتێک ئەم پەیوەندیە لاواز دەبێ و هەست دەکرێ کە تیوری “ڕازاندنەوە” و “تەواوکردنە” و گرنگیەکەی لە پلەیەکی خوارترە. ئەمە مانای ئەوەیە کە سەرخانی حزب هێشتا دروست نەبوە.” کۆمۆنیزم وەک مەسیحیەت و ئاینەکان توشی جیابونەوەی ڕوناکبیرانی لە جەماوەری کرێکار و خەڵک نابێ چونکە پەیوەندیەکی داینەمیکی بەردەوام ڕادەگرێ و بەردەوام هەوڵدەدا کە توێژی نوێی جەماوەر بەرزبکاتەوە بۆ ژیانی کەلتوری بەرزتر ، بەڵام مەسیحیەت بەشێوەی میکانیکی ئەو یەکێتیە دەرەکیە بەسەر قەرەباڵغیدا دەسەپێنێ.کە بە پیرۆزدانانی کەنیسە ئەم کارەدەکا.” کۆمۆنیزم تەنیا بەوتنەوەی ئەوەی حزب موقەدەسە ئەم یەکێتیەی “ڕابەری” لەگەڵ”ئەنداماندا” ڕاناگرێ، بەڵکو لەخەبات بۆ هەژمونی و گرتنە دەستی دەسەڵاتدا لەلایەن کرێکارانەوە ئەم زانستە سیاسیە لای ئەندامان گەشە دەکاو لێرەدا ” وشیاری ئەوەیە کە لە بیری خەڵکدا کاردەکات، ئامانجی کۆنکرێت دادەنێ بۆ وشیاری بەکۆمەڵ ، بڕوا و قەناعەتی ئاڵۆز بنیات دەنێ کە بە هێزەوە کاردەکات لە دروستکردنی “باوەڕی جەماوەری”.
ئەوەی تازەیە لە چاودێریکردنەکەی گرامشیدا،وەک هوبسبام، دەڵی؛”ئەوەیە کە هەژمونی بورژوازی ئۆتۆماتیکی نیە بەڵکو لە ڕێگەی چالاکی سیاسی و وشیارانە و ڕیکخراوەوە بەدەستی دەهێنێ”.هەربۆیە چینی کریكاریش ئەگەر بیەوێ شۆڕش بکا دەبێ لەم ڕیگایانەوە “باوەڕی جەماوەری کرێکار” بە پیویست بونی هەژمونی و دەسەڵاتدارێتی خۆی بەسەر سەرمایەداراندا بخوڵقێنێ و ئەزمە بۆ هەژمونی بورژوازی بەسەر کۆمەڵگەدا دروست بکا. ئەمە ئەساسی چالاکی کۆمۆنیستیە کە ناهێڵێت تیۆر و پراتیک لەیەکتر جیاببنەوە و کۆمۆنیستەکان ناکاتە فیرقە و دەستەیەکی دابڕاو لە چینی کرێکار.
“لە نەبونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە” ، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و توێژێکی بیرۆکرات وەک پیاوانی کەنیسە.
ئەم بەشە لە پۆستی داهاتودا درێژەی هەیە کە لەسەر بیرۆکراسی و سێکتاریزم، ڕۆشنبیران و پرۆسەی دروستبونی لیدەرشیپی، چۆنیەتی دروستبونی هەژمونی بەسەر بزوتنەوەی عەفەوی و جێگای تێگەیشتنی حزب لە دەوڵەت لە پراتیکی سیاسیدا تەواو دەکەین.

Add Comment

Click here to post a comment