وتار

خۆپیشاندانەکان و ترسی دەسەڵات و هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن

هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ترسی دەسەڵات و هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ لەچاوەڕوانی دا هێشتنەوەی جەماوەر

شۆڕش و ڕیفۆرم

لە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن دا

خەڵکی کوردستان پێویستیان بە شۆڕشێکە وەک ئەو شۆڕشانەی لە میسر و تونس و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەڕێ کەوتوە، هەر لەم پێناوەدا لە ١٧ شوباتەوە دەستیان برد بۆ هەستانێکی شۆڕشگێڕانە کە سەرەڕای سەرکوتکردنی لەلایەن میلیشیاکانی یەکێتی و پارتیەوە هێشتا خەڵک چاوەڕوانی و ئومێدیان بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە تەواو نەبوە. بڵاوبونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و ترسی دەسەڵات و هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ لەچاوەڕوانی هێشتنەوەی جەماوەردا ڕاستی زیندویەتی ئەم شەپۆلە شۆڕشگێرانەیە لە ناو ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستاندا نیشان دەدا.

بەڵام لەپاڵ ئەم ناڕەزایەتیانەدا ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامی و ناسیونالیستی هەیە کە خوازیاری ریفۆرمن لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا کە بەشێوەیەک دەسەڵات ڕيک بخرێتەوە کە فرسەت و بەشی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لەو دەسەڵاتە ئیداری و سیاسی و ئابوریەدا مسۆگەربکات . لەم پيناوەشدا پڕۆژەی ریفۆرمکردن لە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا لەلایەن ئەم ئۆپۆزسیۆنەوە خراوەتە ڕوو و ئێستا لەگەڵ دەسەڵات خەریکی گفتوگۆکردن و ڕێکەوتنن لەسەری.

هەلومەرجی ئێستای کوردستان بریتیە لە تێکەڵاویەک لە نێوان خواستی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ناڕازی و پڕۆژەی ڕیفۆرمی ئۆپۆزسیۆن و لەبەرامبەر هەردوولاشدا دەسەڵاتێکی میلیشیایی ڕاوەستاوە کەسەرکوتی ناڕەزایەتی خەڵک دەکات و فشار لەسەر ئۆپۆزسیۆنیش دادەنێ بۆ ڕازی بوون بەبەشیان لە دەسەڵات و بودجەدا.

خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیایی و گەندەڵدا کە قابیلی ڕیفۆرمێکی جدی نیە و ناکرێتە سیستمێکی سیاسی و مۆدێرن کە لانی کەمی خواستە سیاسی و ئابوریەکانی خەڵک وەڵام بداتەوە ڕێگایەکی تری نیە جگە لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین بۆ هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە. لە ١٧ شوبات تا ١٩ نیسان خەڵک خوازیاری گۆڕانی دەسەڵات بوون . گەنجان و ژنان بۆ دابینکردنی ئازادیەکان  ڕژانە سەرشەقام ، جەماوەری کرێکارو فەرمانبەر و بێکار و کەم دەرامەت بۆ ئاڵوگۆڕ لە گوزەران و ژیانیان هاتنە ڕیزی خۆپیشاندانەکان ، جەماوەری کوردستان خواستی چونەدەرەوەی بارەگا چەکدارەکان و هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانیان بەرزکردەوە.دروشمی نەهێشتنی گەندەڵی ولێسەندنەوەی داهاتی بەتاڵان براو لە دەسەڵاتداران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەردەوام پێی لەسەر دادەگیرا. خەڵک دەیانزانی کە بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافانە و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵات لە کوردستان دەبێت ئەم دوو حزبە لاببرێن لەدەسەڵات و لە ڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمان و گفتوگۆ وە ئەمانە نایەتەدی ،بەڵکو لە ڕێگای درێژەپێدان و سەراسەریکردنەوە و ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکانەوە دێتەدی و هەربۆیە ناڕەزایەتیەکان تا سەرکوت نەکرا درێژەی هەبوو.

 هەرچی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی یە، گۆڕان و ئیسلامیەکان، پرۆژەی ڕیفۆرمی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایەیان هەیە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی میلیشیایی بە دەزگای “زانیاری و پاراستن”ەکەشیەوە بکەن بەدامەزراوەی نیشتمانی. ئەم بەرنامەیە دەیەوێ دەسەڵاتی ئێستای میلیشیایی دوو حزبی بکاتە دەسەڵاتێکی چەند حزبی و تەوافقی. هەربۆیە ئەو بەرنامە و خواستە شۆڕشگێڕانەی خەڵکیان نیە . ئەوان سەرەتای خۆپیشاندانەکانیان بە ئاژاوەگێڕی دانا بەڵام کاتێک دەزانن لەڕێگای ململانێی سیاسیەوە واتە لە ڕێگای پەرلەمان و بانگەشەی بەرنامە و پڕۆژەکانیانەوە ناتوانن دەسەڵاتێکی میلیشیایی ناچار بە ملدان پرۆژە و خواستەکانیان بکەن هەربۆیە دەیانەوێ ئەمڕۆ سوود لەو ناڕەزایەتیانە وەرگرن کە جەماوەر بەرامبەر بەدەسەڵات هەیەتی و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە قاڵبی حەرەکەت و پرۆژەی ڕیفۆرمی ئەم دەسەڵاتە میلیشیایەدا قەتیس بکەن.

ڕێگای ئۆپۆزسیۆن و ڕێبازی جەماوەری شۆڕشگێڕ لەململانیدا لەگەڵ دەسەڵات جیاوازە. جەماوەر لەشەڕێکی ئاشکرای  هێرش و پاشەکشەدایە. هەرچی ئۆپۆزسیۆنە لە بازنەی  بەتاڵی شەڕو ئاشتیدا ڕۆژێک لە گفتوگۆدایە و ڕۆژێک یاری بە ناڕەزایەتیەکانیانی جەماوەر دەکات .

بەم پێیە ماناکانی شۆڕش و ڕیفۆرم لەناو هەرکام لەبەرەکانی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر و پڕۆژەکانی ئۆپۆزسیۆندا واتای جیاواز دەبەخشن و باسی توندوتیژی و ئاشتی خوازی بەڕووتی و بەدەر لە دانانیان لە چوارچێوەی ئەم دوو بەرنامە جیاوازەی جەماوەر و ئۆپۆزسیۆندا شیواندنی سنوری ئەو بەرنامە جیاواز و ناکۆکانەیە کە هەریەکەیان بە شوێن ئاڵوگۆڕێک و بەرژەوەندیەکی چینایەتی جیاوازەوەیە. جەماوەرێک کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە ناتوانێ لەڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتی خوازیەوە بەو شێوەی ئۆپۆزسیۆن ببێتە شەریکی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و میلیشیایی.

هەربۆیە جیاکردنەوەی بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە بەرنامەی ڕیفۆرمی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا ناسیونالیست ئیسلامی دەورێکی گرنگی دەبێ لە ئاراستەکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستا بەرەو پێکهێنانی بەرەیەکی شۆڕشگێڕانە کە بتوانێ ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسی و ئیداری کوردستاندا بەرێ.

Add Comment

Click here to post a comment