وتار

چەمانەوەی پەکەکە لەبەردەم شێخی کەسنەزانی کۆنە موستەشاری ئەنفالدا!

پەکەکە خەریکی پێشبڕکێیە لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا لە چەمانەوە بەرامبەر بە کەلتوری کۆنەپەرستی و رەمزی کۆنە موستەشارە بەعسی و تاوانبارانی ئەنفالدا. لە نامەیەکدا “کەجەکە” بە بۆنەی مەرگی ئەم تاوانبارەی ئەنفال کە ناوی لای ( دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ) تۆمارکراوە، دەڵێ؛

“شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی زانایەک بوو، خزمەتکارێکی رێگای باوەڕەکەی بوو و تاوەکو کۆتایی ژیانی و سەرباری ھەموو زۆر و زەحمەتییەکان ھەوڵی دەدا درێژە بەو نەریتە بدات. کەسایەتییەکی بێ ھاوتا بوو، کە نوێنەرایەتیی بەھا ئایینی و نەتەوەییەکانی دەکرد.

یەکێک لە ھەوڵە بنەڕەتییەکانی تەریقەت ئەوەیە، کە ئیسلامی محەمەدی بە پاکی بە موسوڵمانان بناسێنێت.بەم بۆنەیەوە ئێمە زۆر بە کۆچی دوایی خەمناک و ناڕەحەت بووین و ئێمە لەو بڕوایەداین ھەموو شوێنکەوتوان و دەروێشە دڵسۆزەکانی کە یادی دەکەنەوە، ئەم نەریتە ئیسلامییە کوردییە درێژە پێبدەن، کە شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی ھەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات. “

ئەم ھەموو ستایشەی پەکەکە بۆ ئەم کۆنە موستەشارە لە پای چی یە؟

بێگومان پەکەکە و ھەموو حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بەھای ئەم کۆنە موستەشارە لەو لەشکرە لە دەروێش و خەڵکی ھەژاردا دەبینن کە شێخ لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتور و خورافیاتی دینیەوە توانیویەتی بیانکاتە سەربازی بێ کرێ و ھەرزانی خۆی کە بەکاریان بھێنێ. ئەگەر تا دوێنێ ئەم موستەشارە “رێزداری شێخ ھەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات ئەو پێوەرانە بوو” لە خزمەتی ئەنفال و بەعسدا دژ بە خەڵکی کوردستان ئەم ھێزەی بەکار دەھێنا، ئەوا ئێستا یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی سوود لەم خزمەتەی ئەم کەلتور و فەرھەنگە ئیسلامیە وەرگرن کە خەڵکی کوردستان زیاتر نوقمی دواکەوتوویی و بێ مافی بکەن لە خزمەتی شێخی نوێدان تاکو پەیوەندیەکی توندوتۆڵتر لەگەڵ ئەم جێگرەوە سیاسی و سەرمایەدار و سی ئای ئەیەی شێخدا گرێ بدەن.

بەڵام چەمانەوەی پەکەکە لەبەردەم شێخدا مانایەکی قوڵتری ئایدیۆلۆژیشی ھەیە. ئەم ھێزە ھەر دەرگایەک بە رووی کەلتوری خێڵەکی و “ئیسلامی پاکی محمدی”دا بکرێتەوە یەکەم پێشوازیکاری دەبێ، چونکە کەلتور و فەرھەنگی دواکەوتوانەی دژی مۆدێرنێتەی لەم چەشنە تەنیا دەتوانێ خەڵکی کوردستان لەسایەی ئایدیۆلۆژیەکی پۆپۆلیستیدا رابگرێ کە لە جەژنی رەمەزان و قوربان و سەرفترەوە تا ئیمام عەلی و بەرەی شیعە و سەرۆکی نەتەوەیی و “سەرۆک بارزانی و تاڵەبانی” و ھەموو موستەشارێکی وەک شێخی کەسنەزانیشی پێویستە.

ئەم ئاوە ئیسلامیەی پەکەکە لە سەرچاوەکەیەوە لێڵە.

ئۆجەلان وەک رابەری پەکەکە ھەر ھەمان ئەو نەریتە ئیسلامییە کوردییە درێژە دەدا، “کە شێخ محەمەد عەبدولکەریم کەسنەزانی ھەوڵی دەدا نوێنەرایەتیی بکات. با نمونەیەک لەم “ئیسلامی پاکی محمدی” پەکەکە لای ئۆجەلان بھێنینەوە تا بزانین چیە؟

ئۆجەلان لە -کتێبی(خەڵک و رێبەری) دا لە لاپەڕە ١٢٥- دا کۆیلایەتی ژنان لە ئیسلامدا بە شۆڕش ناودەبا و دەڵێ؛”(محمد) لە میانەی پەیوەندی لەگەڵ خەدیجە شۆڕشی ژن..ئەنجام دەدرێت.” .”چەمکی حەزرەتی محەمەد سەبارەت بە ئەشقیش سەرسوڕھێنەرە.لە پەنجاساڵیدا ئەڤینداریەکەی لەگەڵ عائیشەی نۆساڵی، ئاستی بەرزی پەیوەنداربونی حەزرەتی محەمەد بەژن نیشان دەدات.”

لە ئوجەلان پرسیار دەکرێت ، ڕای تۆ چیە؟، “محمد پێغەمبەری ئیسلام ١٣ ژنی بەعقد (مارەبڕی) ھەبووە.

ڕابەر ئاپۆ: ئەزانم ھەیبووە، من ئەم کارەی محمد بە دروست ئەزانم و بە کارێکی گرنک لێکی ئەدەمەوە. ھەن کەسانێک کە ئەڵێن: بۆچی محمد ئەم ھەموو ژنەی مارە کردوە؟ من ئەڵێم کە کارێکی باشی کردوە. تەنانەت ئەگەر چەند ژنێکی دیکەشی مارە کردبا، کارێکی ھەڵە نەبوو. چون دەتوانین بە یەکێک لە عاشقانی گەورە لە قەڵەمی بدەین. محمد لەگەڵ ژنان ھەر وەک مناڵان رەفیق و یار بوو، کەسایەتیەکی دیموکرات بوو. من ئەم کارەی محمد بە بەزر دەنرخێنم.” “محمد ١٣ ژنی مارەکردوە. ھەروەک ئاشکرایە بەخواست و ھەڵبژاردەی خۆیان زەواجیان کردوە، نەک بەزۆر و بەفشار و بەبێ ئارەزوی خۆیان. ئەمە خاڵێکی گرنگە.”

لێرەدا بە ئاشکرا و بێ پەردە فرەژنی و زەواجی مناڵی نۆساڵان پیرۆزکراوە و بە عەشقی سەرسوڕھێنەر و عاشقانی گەورە ناوبراوە. ناوەرۆکی عەشقی “ئەفلاتونی” ئۆجەلان لێرەدا دەرکەوتوە. عەشقی ١٣ ژن و عەشقی مناڵی ٩ ساڵانی کچ. ئایا ژنۆلۆژی ئەگەر پێوەری بەرز و گەورەی عەشقی پێ سێکسکردن لەگەڵ ١٣ ژن و مناڵی ٩ ساڵان بێت چۆن باسی ئازادی و رزگاری ژن دەکا؟

ئەمە چ دەبڵ مۆرالیەکە دژی مۆدێرنیتە بیت لەبەرئەوەی “گەورەترین سەرکەوتنی مۆدێرنیتە لەوەدایە: تێڕوانینی کولتوریمانی روخاندوە کە لەمیانەی پانزدە ھەزار ساڵ ئاواکراوە” و بەڵام مۆراڵی سەدەکانی پێش سەرمایەداریت بەلاوە پیرۆز و سەرسوڕھێنەربێ و پاساوی بکەی و بڵێیت کە لەو کاتانەدا ھیچ فشار و زۆرێک لەسەر ١٣ ژن بۆ پیاوێک و زەواجی مناڵێکی ٩ ساڵان وجودی نەبوە؟

لێرەوە دەردەکەوێ کە ژنۆلۆژی ئۆجەلان مامەڵەیەکی سیاسی لەگەڵ ئیسلام و محمدا دەکا و پشتیوانی لە رەوشتی دینی ئیسلام سەبارەت بە سێکس و عەشق و ژن دەکات. بەڵام کاتێک ئەم بزوتنەوەیە لەبەرانبەر داعشدا لە سوریادا شەڕ دەکا بەشێک لە پرەنسیپەکانی ئەم شەریعەتە لادەبا لە یاسای باری کەسێتیدا، لەوانە چەند ژنە و دابەشکردنی میرات . ئەم بزوتنەوەیە لێرەدا ناچارە رووی مۆراڵە ئینسانیەکە بخاتەڕوو و بەبێ ئەوەی رەخنە لەو وتانەی سەرەوەی ئاپۆ بگرێ. ئەمەش خەسڵەتی بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستیە کە پرەنسیپەکانی بەپێی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەگۆڕێ تا ھێزی جەماوەری لەدەست نەچێ.

کاتێک تێزی ژنۆلۆژی دەڵێ؛ “گەورەترین سەرکەوتنی مۆدێرنیتە لەوەدایە: تێڕوانینی کولتوریمانی روخاندوە”، دەبێ بپرسین مۆدێرنێتە چ کلتورێکی وخاندوە؟

ئۆجەلان دەڵێ: “پێشنیاری من بۆ ھەرکەسێک ئەوەیە دوای نەھێشتنی قاڵبەکانی مۆدێرنیتە، سەرلەنوێ تەماشای پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دایک و باوکیان بکەنەوە. خوازیارم بەھەمان روانگە تەماشای تەواوی “پەیوەندییەکانی گوند”یش بکەن، کە لە چاخی بەردینی نوێوە(نیولتیکەوە)ماونەتەوە. “

ئەگەر باسی کلتوری “گوند -خێڵ”ی فرەژنی و زەواجی مناڵانە ئەوە روخاندنی ئەم کلتورە گەورەترین پێشکەوتن بوە. کلتوری مۆدیرنێتەی سەرمایەداری ئەم کلتورە دواکەوتوانەیەی لە رۆژئاوادا روخاندوە و ئێستا جگە لە دەوڵەتانی ئیسلامی و لای ناسیونالیزمی کورد لە ھیچ شوێنێک ئەم کەلتورە کۆنەپەرەستانە نەماوە.

پاراستنی ئەم کەلتورە ئیسلامیە لای ئۆجەلان و رێبازی پەکەکە بنەمایەکی ئایدیۆلۆژی ھەیە. کلتوری ئیسلام و کۆمەڵگەی خێڵەکی پێش سەرمایەداری، کە تائێستاش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەموو بزوتنەوە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکان زیندوو رایدەگرن پایەی ھەژمونی دەسەڵاتی فکری و سەربازی ئەم حزبانەیە بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتی کوردستاندا . ھەربۆیە دەبینین کە لە ھەر پەنجەرەیەک کە بەسەر کرانەوەی ئەم کەلتورە خێڵەکی و دواکەوتوانەی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکرێتەوە پەکەکە لە بەردەمیدا سەری ڕێز دادەنەوێنێ ، تەنانەت ئەگەر ئەمە کۆنە موستەشارێکی تاوانباری ئەنفالیش بوبێ لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا.

Add Comment

Click here to post a comment