کۆمۆنیزم

دەبێ چی بکرێ؟

باسێک بۆ گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی لە گروپە کۆمۆنیستیەکانەوە بەرەو حزبی کرێکاری

لە دۆخی قەیراناوی سەرمایەداری و حکومەتی هەرێـمی یەکێتی و پارتیدا خەڵک بەدوای ڕێگاچارەدا دەگەڕێن تاکو ئەو ناڕەزایەتیانەی هەیانە سەبارەت بە نەبونی موچە و مەترسی تەندروستی گشتی و شێواوی دۆخی سیاسی و ئابوری بە کەناڵێکی شۆڕشگێڕانەدا بەرن بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە. لێرەدا هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە و گروپە کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵەکانی ئێستا ڕوبەڕوی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە دەبێ چی بکرێ؟

ئەم بەرپرسیارێتیە هەنگاوێک ئەم هەڵسوڕاوانەی لەدەوری یەکتر کۆکردۆتەوە و خەریکی دایەلۆگن لەگەڵ یەکتر و دەست دەبرێ بۆ کاری هاوبەش لە مەیدانی پاراستنی تەندروستی، کە ئێستا کێشەی سەرەکی هەموو کۆمەڵگەیە. بەڵام هێشتا پرسیاری دەبێ چی بکرێ وەک هەورێک بەسەر ئەم دۆخە قەیراناویەدا دێت و دەچێ.

وەڵامێکی ئایدیال

وەڵامی ئایدیالی بۆ دەبێ چی بکرێ؟ ئەوەیە کە قەیرانی بورژوازی لە دەسەڵاتدا تەنیا بە ئامادەیی ڕیکخراوی چینی کرێکار، واتە حزبێکی کرێکاری وەڵام دەدرێتەوە کە چینی کرێکار و چینە کەم دەرامەتەکانی یەکگرتوو کردبێ تاکو بتوانێ وەک هێزێکی سیاسی و ڕیکخراو بورژوازی لە دەسەڵاتدا لابەرێ و دەسەڵاتدارێتی چینی کرێکار و چەوساوەکان دامەزرێنێ.

ئەم ڕێگایەش بە پێی ئەو ئامۆژگاریە کلاسیکیەی مارکس جێ بەجێ دەبێ کە لە ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران دا ووتی :ئەبێ هەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاریی دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.”[1]

بەڵام ئەگەر ئەم ئامانجە لە لای هەموو کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕوانی بزوتنەوەی کرێکاری قبوڵە، کەواتە دەبێ بپرسین بۆچی ئەم هەموو گروپ و حزب و ڕیکخراوە جیاواز و دژ بە یەکەیان دروستکردووە و چۆن پابەندی پراکتیکی خۆیان بەم ئامانج و ستراتیژیەوە نیشان دەدەن؟

لێرەدا دەبێ لە بنەماکانی تێگەیشتنی کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمەمان لە حزب و ڕیکخراوی جەماوەری و ڕێگاکانی یەکگرتوکردنی چینی کرێکار و گرتنە دەستی دەسەڵات و بە کورتی دیدگا و پراتیکی کۆمۆنیستی بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم بڕوانین، تاکو ڕیشەی ناکۆکی نێوان ئەو دروشمانە و پراتیکی سێکتاریستی و دابڕاو لە خەباتی چیانیەتی کرێکارانی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانی ئەم سەردەمەمان تێ بگەین.

دیارە هەوڵەکانی ئێستا بۆ لێک نزیک بونەوە و گفتوگۆکردن و کاری هاوبەش گرنگە. بەڵام ئەگەر گروپەکان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە دۆخی زاڵی فکری و سیاسی ئێستایدا بمێنێتەوە و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەر دیدگا و پراکتیکی کۆمەڵایەتیدا نەیەت، ئەوا بێگومان ئەم هەوڵانەش وەک هەوڵەکانی پێشوو بەرتەسک و ناکام دەمێننەوە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی ئەم هەوڵە جدی و ڕیگا دروستەی دایەلۆگ و کاری هاوبەش بەرەو ئامانجی یەکگرتوکردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەرین پێویستە پرۆسەی تێپەڕبوون لە گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێستاوە بەرەو دروست بوونی حزبێکی کرێکاری بناسین و بزانین کە گرێ و کێشەکانی بەردەمی ئەم پرۆسەیە چیە و بە چ میکانیزم و پراکتیکێک دەتوانین بەسەرکەوتوویی ئەم پرۆسەیە بەرینە پێشەوە و بیگەیەنین بە ئەنجام.

ئێمەی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی هیچ ڕێگایەکی ترمان نیە جگە لە دایەلۆگ و پێکەوە کارکردن نەبێ بۆ تێپەڕبوون لەم دۆخی پەرژوبڵاوی و لاوازی و نایەگرتووانەی ئێستا. بەڵام پێویستە واقعیەتی جێگا و ڕیگای کۆمەلآیەتی ئەم گروپ و هەڵسوڕاوانە لە خەباتی چینایەتیدا بناسین تاکو بتوانین چارەسەری ئەو دابڕانەی ئەم بەش و گروپ و هەڵسوڕاوانە لە یەکتر و دابڕانی هەموومان لە کرێکاران و خەباتی چینایەتی ئەم چینە دژی حزبە بورژوازیەکان و دەسەڵاتەکانیان بکەین.

دۆخی قەیراناوی

دۆخی زاڵی فکری و سیاسی و ڕیکخراوەیی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، دۆخێکی چەق بە ستووە کە لە مێژووی سەدەیەک لەمەوبەری مۆدێلی سۆشیالزیمی دەوڵەتیدا جێماوە و پەیوەست نیە بە خەباتی چینایەتی ئەمڕۆی کرێکارانەوە. هەر بۆیە ناکۆکی گەورە لە ئاستی جیهانیدا دەبینین لە نێوان ناڕەزایەتی یەکگرتووانە و خەباتی هاوبەشی کرێکاران لەلایەک، وە پەراوێزەیی و جیابوونەوەی سێکتاریستی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان لە لایەکی ترەوە. ئێمە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، کە ئاخرین مۆدێلێکی سیاسی و ڕیکخراوەیی و ئابووری یە کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی پێی گەیشتووە، و گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار تا ئێستاکە پەیڕەو لەو مۆدێلە دەکەن، وەک هۆکاری  ناکۆکی و قەیرانی ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ناساندووە و کێشەکانی حزب و دەوڵەت و کۆمۆنیزمی سەردەم مان  پێ لێک داوەتەوە.

 مۆدێلی “حزبی نوێنەری چینی کرێکار” کە لە جیاتی چینەکە، نەک بڕیار دەدا و دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ، بەڵکو دیکتاتۆریەتی حزب بەسەر چینی کرێکار خۆشیدا دەسەپێنێ و شورا و سەندیکا و ڕیكخراوەی جەماوەری دەکاتە پاشکۆی حزب.  هەروەها بەرنامە و تێۆری دەکات بە “دیواری چین” لە نێوان گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار خۆیاندا و هاوکاتیش لە نێوان ئەم گروپانە و جەماوەری کرێکاراندا. حزبایەتی دەکاتە گوێڕایەڵی ئەندامانی بۆ “ڕابەری” هەڵبژاردەی کۆنگرەکانی حزب و هەر گروپێکیش بە دەوری ئۆتۆریتەی لیدەری و دەسەڵاتی ڤیتۆی تاکە کەسێکدا بەسەر هەموو ئەندام و ئۆرگانەکانیدا پەرژین دەکرێ. ئەم مۆدێلە بیرۆکراسیە قوتابخانەیەک دەبێ بۆ دووبارە کردنەوەی مۆدێلی دیکتاتۆری حزبی بەلشەفی و حکومەتی کەمینەی کۆمەڵگە کە بە پێویستی  بە هێشتنەوەی پەیوەندی بەرهەمهێنانە لەسەر بنەمای موڵکایەتی دەوڵەتی حزبێک و کاری بە کرێی زۆربەی کۆمەڵگە کە کرێکارانن، کە ئەمەش هەمان بنەمای بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایەیە کە هاوکات لەگەڵ چەند ڕیفۆرمێکی ئابووری بازاڕی سەرمایەدا و دابینکردنی لانی کەمێکی کرێی و گوزەران لە لایەن دەوڵەتەوە پێی دەگوترێ سۆشیالیزمی دەوڵەتی، وەک نمونەی چین و کوبا و ووڵاتانێکی تر کە بە سۆشیالیست و کۆمۆنیست ناوزەد کراون.

کەواتە تێپەڕ بوونمان لەم قۆناغە بە تێپەڕین لەم مۆدێلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و هێنانە ئارای کۆمۆنیزمیێکی نوێ یە. نوێ بەو مانایەی کە جیاوازە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست، کە سۆشیالیزمی دەوڵەتی یە.

خۆ ئاگایی چینایەتی و مێژوویی

ئەم مۆدێل و قاڵبە فکری و سیاسی و ڕیکخراوەیی و ئابووریانەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ڕەنگدانەوەی ئاستی گەشە و توانایی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیریەکەی بووە لە خەباتی چینایەتیدا لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی مێژوویی و ئابوری و سیاسی دیاریکراودا.  ڕەوت و دیدگای جیاجیای سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی بۆ وەڵامدانەوە بە کێشەکانی خەباتی چینایەتی دروست بوون و ئەمانەش مۆدێل و فۆرمی ڕیکخراو بوون و حزبی دروستکردووە. کاریگەری کەسایەتیەکان هەر چەند بووبێ، بەڵام ئەوانیش لەم چوارچێوە مێژوویی و ئابوری و سیاسیەدا کە چینی کرێکاری تێدا بووە هەنگاویان ناوە و تێگەیشتن و تیۆر و پراکتیکی ئەو دەورەیەی خۆیان دەربڕیوە.

لە لێکدانەوەی مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە فێر دەبین کە یاسای گشتی گەشەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی ئەوەیە کە، چینی کرێکار لە سیستمی سەرمایەداریدا لە ململانێ یەکی بەردەوامدایە لەگەڵ بورژوازی و یاسای کەڵەکەی سەرمایەکەیدایە، لەبەر ئەوەی کە ڕێگا دەگرێ لە چینی کرێکار بۆ بەهرەمەند بوون لە بەرهەمی کاری خۆی. ئاستی گەشەی ووشیاری ئەم چینە و گروپە ڕۆشنبیرەکانی بەم ناکۆکیە، وە تەجروبەی کرێکاران لە خەباتدا دژی چینی سەرمایەدار دیاری دەکا کە چ مۆدێل و قاڵبێک دەگونجێ لەگەڵ بەرەو پێشەوە چوونی ئەم خەباتە چینایەتیەدا.

ئەم دابەش بوون و جیاوازیانەی دروست بوون لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا خۆی ڕەنگدانەوەی واقعیەتەکانی گەشەی سەرمایەداری و جێگا و توانای کرێکاران لەو سیستمەدا و تەجروبەکانی بزوتنەوەی کرێکاری یە.

 شۆڕشی سۆشیالیستی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی تا ئێستا، خۆی بەرهەمی ئەو مێژووە لە خەباتی فکری، ئابوری، سیاسی و ڕیکخراوەییە کە چینی کرێکار، بەپێی ئامادە بوونی زەمینەکانی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پێی گەیشتووە، نەک بەرهەمی گروپێکی کۆمۆنیستی و فەردێک یان کۆمەڵە بیرمەند و سیاسەتمەدارێکی سۆشیالسیتی بێت.. هەروەها لاوازی و دابڕانی ئەم گروپ و حزبانەمان لە جەماوەری کرێکاران، وەک ئەنجامی کاریگەری ئەو مێژووەیە کە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەکان دروستیان کردووە و تا ئێستا وەک قاڵبی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی درێژەیان پێ دەدرێ.

 بەو پێیەی ئەمڕۆ چینی کرێکار لەخەباتێکی زیندووی چینایەتیدایە و بەپێی ئاستی گەشە و تەجروبەی خۆی بەو ڕاستیە دەگا کە چ ڕێگایەک ئەم چینە لە دەست چەوسانەوە ڕزگاردەکا؟ هەرچەند کۆمەڵگەی سەرمایەداری گەشە بکا و هێزی بەرهەمهێنەری کرێکار گەشە بکا و تەجروبەکانی خەباتی ڕۆژانە و “بازدان” وشۆڕشەکانی زیاتر بێت، ئەوەندە ئەم چینە نزیکتر دەبێتەوە لەو ئاسۆ و بەدیلەی کە دەتوانێ قاڵبی سیستەمی سەرمایەداری تێپەڕێنێ و ئەم وشیاری و تەجروبەیە دەبێتە “خواستێکی گشتی و کۆلێکتیڤی” ملێۆنەها و ملیارەها کرێکار. ئەم ڕاستیەش لە پێشدا لە نێو بەشی ڕۆشنبیری چینی کرێکاردا، جا کۆمۆنیست بێ یان ئەنارکیست بێ یان سەندیکالیست بێ، ڕەنگ دەداتەوە.

لەم تێگەیشتنەوە دەگەین بەو ئەنجامەی کە، هەروەک بورژوازی، چینی کرێکاریش پێویستی بە پرۆسەیەکە تاکو زەمینەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی ئامادە دەکا. ئەو مێژووەی لە دروستکردنی حزب و گۆڕانکاری لە فۆرم و پەیوەندی بە چینی کرێکارەوە هاتۆتە ئارا بەشێک لەو پرۆسەیە یە کە ئەم چینە لە خەباتی چینایەتیدا تەجروبەی کردووە. لە هەر دەورەیەکدا پێویستە ئاوڕ لە دەستکەوتەکان و ناکامیەکان بدرێتەوە، تاکو بتوانرێ ستراتیژیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی دروستکردنی بەدیلی سەرمایەداری و ئامادەیی چینی کرێکار بۆ گرتنی دەسەلآت و گۆڕینی سەرتاپای سیستمی بەرهەمهێنان و بەڕیوەبردنی سەرمایەداری.

تەجروبەی مێژوویی

لە تەجروبەی سۆڤیەتدا ئەو تێزەی گرامشی سەلماند کە حزب بچوکراوەی دەوڵەتە یان “ڕۆحی دەوڵەتە”. ئەگەر چینی کرێکار هەڵوێستێکی دیالەکتیکی بەرامبەر بە دەوڵەت هەیە و دەیەوێ دەوڵەتی بورژوازی هەڵوەشێنێتەوە و دەوڵەتێکی کرێکاری بخاتە جێگای، لەهەمان کاتدا کار دەکا کە ئەم دەوڵەتە کرێکاریەش بگۆڕێ بە ئامڕازێکی ئیداری و ڕیکخستنی کۆمەڵگە و هەرچی ئەرکی سیاسی دەوڵەتە نەیهێڵێ و لەم پرۆسەیەدا دەوڵەت نەهێڵێ. ئەی کەواتە دەبێ هەڵوێستی سەبارەت بە حزبیش هەمان شت بێ، چونکە حزب ڕۆحی دەوڵەتە.  بەم پێ یە دەبێ حزبی کرێکاری نەک پەیڕەو لە شێوازی بەڕیوەبردن و کارەکتەر و فەلسەفەی بوونی حزبی بورژوازی نەکا، بەڵکو دەبێ هەموو ئەو بنەمایانە لە حزبی کرێکاریدا هەڵوەشێنێتەوە کە هاوبەشی لەگەڵ ئەم پیوەرانەی حزبی بۆرژوازیدا نیشان دەدەن. پێویستە حزبی کرێکاری شێوازێکی نوێی ڕیکخراوەیی دروست بکا کە لە دیدگا و مۆدێلی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیەوە سەرچاوە دەگرێ. بەم پێ یە دەبێ حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی  ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی نمایش بکا. لێرەدا ناکۆکیەکانی نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بورژوازیمان خستە ڕوو.

 بەو پێیەی دەوڵەتی کرێکاری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بریتیە لە یەکگرتووبونی سەرجەم چینی کرێکار و پراتیکی ئازادانەی ئەم چینە بۆ نەهێشتنی سەرمایەداری، هەربۆیە حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی هیچ واتایەکی تری نیە جگە لە حزبی سەرجەم چینی کرێکار و پراتیکی ڕیکخراوانەی ئەم چینە بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگە لە پەیوەندیەکان و موڵکایەتی سەرمایەداری. حزبی چینی کرێکار دەبێ لەسەر هەمان بنەما دامەزرێ و کار بکا.

ئێنتەرناسیونالی یەکەم ئەم بنەمایانەی دەست نیشان کرد کە حزبی کرێکاری بریتیە لە یەکگرتوو کردنی خەباتی سیاسی و ئابووری سەرجەم چینەکە، نەک تەنیا بەشێک لە کرێکاران، بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و خەباتی چینایەتی ئەم چینە، وە ئەرکی ئامادە کردنی سەرجەم چینەکەیە بەرەو ستراتیژی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی ئەم سیستمی چەوسانەوەی سەرمایەداری.

 ئەم بنەمایە کە ئینتەرناسیونالی کرێکاری لەسەر دامەزرا لە ژێر کاریگەری سەرەتایی بوونی گەشەی سەرمایەداری و نەبوونی تەجروبەی پێویستی شۆڕشگێڕانە لای کرێکاران، لە ئینتەرناسیونالی دووەمەوە لە لایەن ڕەوتی ئۆپۆرتۆنیستی و ڕیفۆرمیستیەوە گۆڕانی بەسەردا هات بەوەی حزبی کرێکاری کرایە حزبێک کە خەبات بۆ ریفۆرمی سەرمایەداری دەکا و سۆشیالیزم لەم چوارچێوەیەدا وەک پراکتیک و سیاسەتێک کە لە سایەی  دەوڵەت و پەرلەمانی بورژوازیدا بەدی دێت. ئەم دیدگایە بۆ کۆمەڵگەی سۆشیالیستی وەک پراکتیکی حزبێک کە سۆشیالیزمێکی دەوڵەتی لە ڕیگەی ریفۆرمەوە بەدی دەهێنێ شێوازێک لە حزب و سیاسەت و پراکتیک بەرهەم دەهێنێ کە بیرۆکراتی و مانەوەیە لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی دەزگاکانی دەوڵەتی بورژوازی دا.

 دواتریش لە شۆڕشی ڕوسیادا لەلایەن بەلشەفیەکانەوە، هەرچەند توانرا پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار لە قاڵبی بەرتەسکی پەرلەمانتاریزم و ریفۆرم ڕزگار بکرێ و دەسەڵات لە دەست بورژوازی دەربهێنرێ، بەڵام گۆڕانێکی سەلبی بەسەر بنەماکانی ئینتەرناسیونالی کرێکاریدا هێنا، بەوەی کە حزبی کۆمۆنیستی جیا کردەوە لە باقی چینەکە و حزب و بزوتنەوەکانی تری نێو کرێکاران ، وە دیکتاتۆریەتی حزبی لە جێگای دەسەڵاتی شورایی سەرجەم چینەکە دامەزراند. ئەم ڕەوتە هەرچەند جیاواز بوو لە سۆشیال دیموکراتی بەوەی خۆی نەدەبەستەوە بە ڕێگای پەرلەمانی بە دەستهێنانی دەسەڵات، بەڵام هەمان دیدگای بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی هەبوو کە بریتیە لە پراکتیکی حزبێکی کەمایەتی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دیکتاتۆری حزبی و سیستمێکی ئابوری سۆشیالیستی لە ڕێگەی موڵکایەتی دەوڵەتەوە کە هەمان سەرمایەداری دەوڵەتی یە.

مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە بواری حزب و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری دا ناتوانێ لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداری تێپەڕ بکا، هەر چەند توانیویەتی هەلومەرجی خەباتی کرێکاران باشتر بکا و کۆمەڵیك ڕیفۆرم بەسەر سەرمایەداریدا بسەپێنێ. هەر بۆیە پەیڕەوکردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە ئێستادا لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و بەلشەفیزم سەرچاوەی قەیرانێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیە، بە هۆی ناکۆکی لە نێوان پێویستی و ئامادەیی زیاتری کرێکاران بۆ تێپەڕبوون لەسەرمایەداری لەلایەک،وە بەرتەسکی و نەتوانینی مۆدێلی گروپ و حزبە کۆمۆنیستیەکان بۆ وەڵام دانەوە بە نیازەکانی ئەم خەباتە چینایەتیە لە لایەکی ترەوە.

ئەم قەیرانەی ئێستا بەهۆی پەیڕەوی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیە لە مۆدێلێکی شکست خواردووی سۆشیالیستی، کە چیتر لە نێو چینی کرێکاردا ناتوانێ هەژموونی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە پەیدا بکاتەوە. لە بنەڕەتیشدا لە بەر ئەوەی کە ئەم مۆدێلە سۆشیالیستیە ناتوانێ لە بنەمای سەرمایەداری لابدا، کە ژێردەستەیی زۆرینەی زۆری کۆمەڵگەیە لە ژێر دەستی کەمینەیەکدا کە لەسەر بەرهەمی ئەو زۆرینەیە دەتوانێ قازانج بکا و دەسەڵاتی ڕابگرێ، هەربۆیە ناکۆکە لەگەڵ نیازی سۆشیالسیتی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە گلۆباڵەی کە کرێکاران لە مەیدانی بەرهەمهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێی گەیشتوون.

 موڵکایەتی و دیکتاتۆریەتی حزبی بۆ دەوڵەت و موڵکایەتی ئەم حزبە بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بێبەش کردنی زۆرینەی کرێکاران لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شورایی و کۆنترۆڵی کرێکاری لە کارگەکان و دەوری سەندیکا کرێکاریەکان لە داڕشتنی نە خشەی ئابووری و بڕیاری بەرهەمهێنان و نەبوونی ئازادی بەشداری سیاسی و ڕێگا نەدان بە موڵکایەتی هەرەوەزی و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیە فەرهەنگی و کە لتووری و ئازادیە شەخسیەکان، ئەمانە هەمووی مۆدێلێکن لە کۆیلایەتی بۆ حزبی کەمایەتی لە جێگای موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران. هەربۆیە شکست هێنانی ئەم مۆدێلە لە بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا بریتی نیە لە کەموکوڕی سیاسەتێک یان نەخشەیەکی ئابووری یان دیکتاتۆریەتی فەردی، وەک ستالین، وە یان نەبوونی دیموکراسی پەرلەمانی و ئازادی سیاسی.  بەڵکو کێشە لەوەدایە کە هەر سیستمێکی دەسەڵاتدارێتی کەمایەتی بهێنی و ئیدعای ئەوە بکا “بەهەشتێک” بۆ زۆرینە دروست بکا لە بەرامبەر ئەوەدا کە ئەم کەمایەتیە خۆی بکاتە جێ نشینی ئەو زۆرینەیە و لە جێگای چینی کرێکار حوکم بکا، ئەوا لە کۆتاییدا دیکتاتۆریەتی کەمینە پێویستە هەمان مۆدێلی ئیداری و دەسەڵاتداریتی کەمایەتی بەسەر زۆربەی کۆمەڵگەدا بسەپێنێ و ڕێگە لە  پراکتیکی کۆمەڵایەتی زۆرینەی چینی کرێکار بگرێ بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری.

 بزوتنەوە ڕەخنەگرەکانی ئەم دوو مۆدێلە حزبیە و لەوانەش ترۆتسکیزم و حیکمەتیزم، هەڵگری هەمان دید و قاڵبی مۆدێلی بەلشەفی حزبن، هەربۆیە سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ ژیاندنەوەی مارکسیزم و گەڕانەوە بۆ ناو کرێکاران، بەڵام نەیانتوانیوە ببنە بەدیلێکی کۆمۆنیستی بۆ تێپەڕین لە بیرۆکراتیزم و سێکتاریزم و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

 ئەم دوو مۆدێلە حزبیەی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی، کە تا ئێستا بزوتنەوەی کرێکاری لە قاڵب داوە، ئەم بزوتنەوەیەی دەرگیری قەیرانێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی کردوە و ڕێگای دەربازبوون لەم قەیرانە و هەستانەوەی بزوتنەوەکە لە جێ هێشتنی ئەم مۆدێل و سونەت و دیدگا و سیاسەت و قاڵبە ڕێکخراوەییانە و جێگرتنەوەیانە بە دیدگا و مۆدێل و قاڵبی ڕیکخراوەیی نوێی کرێکاری و کۆمۆنیستی.

جیاوازیەکانی حزبی بورژوازی و حزبی کرێکاری

جیاوازی حزبی کرێکاری لە حزبی بورژوازی لە ڕیگەی وەڵامی ئەو پرسیارەوە بۆ ڕۆشن دەبێتەوە کە بۆچی و چۆن حزبێکی کرێکاری شۆڕشگێڕی وەک  سۆشیال دیموکراتی یان بەلشەفیک گۆڕدران بۆ حزبێکی بیرۆکراتی پارێزەری سەرمایەداری دەوڵەتی؟ ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە لە نێوان تێڕوانین و میکانیزمی کارکردن و سیاسەتەکانی ئەم حزبە کرێکاریانەدا هەبوون کە هەمان تێگەیشتنی بورژوازیانە دەدەن بەدەستەوە لە حزب. بۆ نمونە لە تیۆری “حزب جێ نشینی چینی کرێکارە” لەلای لینین و بەلشەفیەکان. لێرەدا دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە! بەم پێیەش بەشیوەیەکی ئۆتۆماتیکی چینی کرێکار خۆی لە دەسەڵاتدا نامێنێ و تەنیا نوێنەرەکەی دەسەڵاتدارە. لێرەدا حزب چیتر بریتی نیە لە هەموو چینی کرێکار، بەڵکو حزبی بەشێکی جیاوازە کە ئیمتیازی نوێنەری تاقانە و مافی سەپاندنی دیکتاتۆریەتی هەیە.

 هەر بۆیە مۆدیلی دەوڵەتەکەشی بریتیە لە مۆدێلی دەوڵەتێکی تاک حزبی، کە تیایدا لە جێگای چینی کرێکار حوکم دەکا و ئەم دەستەی حوکمڕانەش جێگیرن و بەپێی سەنترالیزمێک کاردەکەن کە دەسەڵاتی نوخبە و تاکە کەسی سەرکردە دەکاتە مۆدیلی حوکمڕانی و سیستمی سیاسی. بەڵام  تیۆری”حزب و سێکتە جێگیرەکان و سەرکردە نەگۆڕەکان” ی لینین، وەک لە پراکتیکی حزبی بەلشەفیدا ڕوون بوەوە، لە ڕاستیدا یاسای زاڵ بەسەر گەشەی سیاسی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا نیە. وە ئەنجامگیری لەم جۆرانەی کە ، “چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە”، وە “حزب تەنیا ئەو مەیل و بەشەی لە کرێکاران نیشان دەدا کە بەدەوری بەرنامەیەکی حزبیدا کۆ بونەتەوە و پەیڕەو لەیەک ناوەند و دەستەیەک لە ڕابەران دەکەن”، هیچ کام لەم بنەمایانە بەو چەشنەی لای بورژوازی یاسایەکی سادەن، بەپێچەوانەوە لای چینی کرێکار ناتوانێ یاسا و بنەمایەکی سازگاربن. بەڵکو ئەم تیۆریە سازدانەوەی دەسەڵاتی کەمایەتی دەوڵەتە لەسەر هەمان بنەمای دەسەڵاتدارێتی بورژوازی. لەم ڕەخنەیەوە لە مۆدێلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەرەو دۆزینەوەی یاسای زاڵ بەسەر حزبی کرێکاریدا چووین.

چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. هەر بۆیە یاسای زاڵ بەسەر ڕیکخستنی ناوخۆیی و حزبی بورژوازیدا بریتیە لە ململانێ و پرۆسەی چڕ بوونەوەی دەسەڵات لە دەست کەمایەتیەکدا. بەڵام لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە نەهێشتنی ناکۆکی و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی.

 هەر بۆیە ململانێی نێوان بەشەکانی کرێکاران و جیابوونەوەیان کارێكە کە نەک حزب لەسەر بنەمای ئەوانە پێک نایەت، بەڵکو ئەرکی حزب کۆتایی پێ هێنانیانە. ئەم یاسایانە لە ڕاگەیاندنی ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکارانەوە خراونەتە ڕوو و وە هەموو حزبە کرێکاریەکان تەنیا لەسەر ئەم بنەمایانە دەتوانن حزب وەک ئامڕازێکی یەکگرتووکردنی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری بەکاربێنن. سڕینەوەی ئەم بنەمایانە و دروستکردنی گروپی جۆراوجۆر کە هەر کامەیان خۆی بە نوێنەری چینی کرێکار بزانێ و بەشەکانی تری ئەم چینە بەلادەر و تێکدەر و دوژمن بزانێ، ئەوا بێگومان پەیڕەو لە هەمان بنەمای ململانێی بورژوازی لەسەر دەسەڵات و کەڵەکەی سەرمایە دەکاتەوە و هەر ئەمەش ئەو زەمینە هاوبەشەیە کە حزبێکی کرێکاری شۆڕشگێڕ دەگۆڕێ بۆ حزبێکی بیرۆکراتی کەمینە، کە لە ئەنجامدا سیستمی سەرمایەداری دەپارێزێ.

 حزبی کرێکاری میتافۆر و مەجازێکە لای چینی کرێکار و ئەم خەسڵەتە دیالەکتیکە و ئەم یەکێتی دژانەی لە ناو حزبی کرێکاریدا هەیە، بریتیە لەوەی کە لەلایەک چینی کرێکار حزب وەک “ڕۆحی دەوڵەت” دروست دەکا تا بورژوازی لەسەر کورسی دەسەلآتی سیاسی لابەرێ و خۆی وەک چینێک حوکم بکا. وە لە لایەکی تریشەوە دەیەوێ دەوڵەت وەک ئیمتیازێکی چینایەتی لەناوبەرێ و بیگۆڕێ بە ئیدارەیەکی ناسیاسی و بەم پێیە حزبیش لە دەزگای ئیداری کۆمەڵگەدا ئینتگراسیۆن پێ بکا. هەربۆیە لە حزبی کرێکاریدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە، کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاریی چینی کرێکارن. بەڵکو حزب تەنیا بریتیە لە فۆرمێکی کۆنکرێت و دیاریکراو لە خواستێکی کۆلێکتیڤی چینی کرێکار کە لە پرۆسەی خەباتی فکری و سیاسی و ئابووریدا بووەتە پراکتیکێکی جەماوەری چینی کرێکار و ئامادە بۆ شۆڕش کردن بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا. کارێک کە حزب دوای دەسەڵات گرتن دەیبێ ئەوەیە کە ئەم پراکتیکە سیاسیەی حوکم کردن گشتی بکاتەوە، نەک بیکاتە موڵکی حزبێک. بەم پێ یە حزب نەک تەنیا بە گروپێکی کۆمۆنیستەکانەوە بەر تەسک نابێتەوە، بەڵکو پرۆسەی گەورە بوون و جەماوەری بوونی بەمانای پرۆسەی کەمبوونەوەی نوخبە و سادەکردنەوەی دابەشکردنی کاری ناو حزب و گۆڕانی بەردەوامی پۆستەکانی سەرەوە و خوارەوەی حزب و نەمانی لیدەر شیپی نوخبە و نەمانی پۆستی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی بە درێژایی تەمەنیشە.

حزب و ڕیکخراوەکانی چینی کرێکار بە پێچەوانەی حزبە بورژوازیەکانەوە خەریکی ململانێ و دژایەتی کردنی یەکتر نین لەسەر دەسەڵات و سەرمایە، بەڵکو هەموویان بەشە جیاوازەکانی یەک چینن، کە خواستێکی کۆلیکتیڤی سۆشیالیستی کۆیان دەکاتەوە دژی سەرمایەداری و حزب و حکومەتەکانیان. حزبی کۆمۆنیست لێرەدا پێشڕەو و نوێنەری چینەکە نیە و شورا و سەندیکا و ڕیکخراوە جەماوەریەکانیش پاشکۆی حزب بن، بەڵکو ڕیکخراو بوون و حزبیەتی چینی کرێکار بە مانای هەموو ئەم شێوازانەی ڕیکخراو بوونی چینەکە دێن کە پراکتیک و ئیرادەیەکی هاوبەشی ئەم چینە دروست دەکەن، کە لە دەسەڵاتدا بتوانێ هەموو چینەکە لە ڕێگایانەوە بە شداری ژیانی سیاسی و بڕیاری ئابووری و ئیدارەی کۆمەڵایەتی بکا. ناکۆکی نێوان دیکتاتۆری حزبی و شوراکانی کرێکاران و سەربازان و جوتیارانی ڕوسیا و دواتر نەهێشتنی دەسەڵاتی شوراکان و سەپاندنی دیکتاتۆری حزبی، هەموو ئەمانە بەهۆی مۆدێلی سۆشیالیزمێکی دەوڵەتیەوە بووە، کە تەنیا حزبێکی “یەک مەیل و یەک پایە” بە نوێنەری چینی کرێکار دەزانێ و باقی بەشەکانی تر دەبێ لە ژێر دیکتاتۆریەتی ئەم بەشە خاوەن موڵکایەتی دەوڵەتدا بن و ئەمە بووە کە بە ناحەق ناونرا ” دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا”. ئەمە ئەو ڕاستیەی نیشان دا کە دیدگای بەلشەفی و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بۆ کۆمۆنیزم و حزبی کۆمۆنیست، هەمان دیدگای حزبێکی بورژوازیە کە بریتیە لە هێزی گروپ و حزبێک بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لە جێگای حزبێکی تر بە بێ دەست لێدان و گۆڕینی  بنەماکانی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی کۆمەڵگە.

 ئەم هێشتنەوەیەی موڵکایەتی سیاسی ئامڕازی دەوڵەت و دەزگاکانی بۆ حزبێکی تایبەت، ئەم حزبە دەکاتە خاوەن موڵکایەتی سەرمایە و بەرهەمهێنانیش کە خۆی ئەمەش چینی کرێکار دەکاتە پاشکۆ و ژێر دەستەی نوێنەرەکانی و ئەو حزبەی بەناوی کرێکارانەوە حوکم دەکا. هەر بۆیە ڕیگرتن لە چینی کرێکار بۆ لێسەندنەوەی موڵکایەتی تایبەتی دەزگای سیاسی دەوڵەت لە حزبەکان لە ڕێگەی گرتنە دەستی هەموو دەسەڵاتێک لە لایەن شوراکانەوە، وەک دیموکراسی ڕاستەوخۆی هەموو کرێکاران کە جێگای دەزگای پیشەیی بیرۆکراتی و سوپای پیشەیی و حکومەتی حزبی دەگرێتەوە، بە مانای ڕێگری کردن لە لێسەندنەوەی موڵکایەتی سەرمایەداری و هەموو شێوازەکانی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارانە لە حزب و دەوڵەتی حزبی. هەر بۆیە شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕوسیادا شکستی شوراکان بوو. شکستی ئەم گواستنەوەیەی حزبی کەمایەتی چینی کرێکار بۆ حزبی زۆرایەتی ئەو چینە بوو لە کاتی دەسەڵات دا. شکستی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە حزبەوە بۆ شوراکان بوو. حزبی بەلشەفی لەم ئەرکەدا شکستی هێنا و پاوان کردنی دەسەڵاتی کردە موڵکایەتی کەمینەیەکی حزبی و بەم پێیەش موڵکایەتی هۆیەکانی بەرهەمهێنانیشی خستەوە ژێر دەستی ئەو کەمینە حزبیەی کە کرێکارانی بە هەمان یاسای کەڵەکەی سەرمایە لە ژێر ناوی “کەڵەکەی سەرەتایی سۆشیالیستی”دا لە سایەی هەمان سیستمی سەرمایەداریدا هێشتەوە.

 ئەمە ئەو هۆکارانە بوون کە حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و دیموکراسی شورایی و کرێکاری جیا کردەوە. هەر پاساوێک بۆ ئەم بنەما و سیاسەت و پراکتیکانە هیچ لەو ئەنجامە ناگۆڕێ کە ئەمانە سیاسەتێک بوون حزبی بەلشەفیان لە حزبی شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە گۆڕی بۆ حزبی بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی. سەرکەوتنی ڕەوتی ستالینیستی بەرهەمی ئەو مۆدێلە سۆشیالیزمە دەوڵەتیە بوو کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکرد و وەک مۆدێلێکی سیاسی وحزبی و ئابوری پیادەی کرد.

 سیستمی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی لەکۆمەڵگەدا بێگومان پێویستی بە حزبێک بوو کە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆشی دیکتاتۆریانە بێ. واتە حزبێک کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بەڕێوەببا، پێویستی بە دەزگایەکی حزبیشە کە دەسەڵات و ئیمتیازاتی نوخبەیەکی ناوخۆی حزب دابین بکا، بەم پێیەش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان لە ڕێگەی ئەو حکومەتە کەمایەتیەوە دابین دەبێ. بە پێچەوانەوە حزبێکی کرێکاری کە سیستمی سیاسی کۆمەڵگە دەگۆڕێ بە سیستمێکی بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو هاوڵاتیان ئیتر ئیمتیازاتێکی چینایەتی نامێنێتەوە بیپارێزێ و هەربۆیە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆی بریتی دەبێ لە فراوانکردنەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەندامانی لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئیدارەی حزب و کۆمەڵگەدا. حزب پێویستی بە بەشداری هەموو فراکسیۆن و بەشە جیاوازەکانی چینەکەیە لە ئیدارە و دانانی نەخشە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی پۆستە حزبیەکان، هەربەو شێوەیەی شوراکان دەیکەن. بەم پێیەش لابردنی بەرپرسە حزبیەکان کارێکی ئاسانی ئەندامان دەبێ و وەرگرتنی پۆستە حزبیەکان هیچ ئیمتیازاتێکی سیاسی و مادی نابێ و ئیتر حزب بریتی نابێ لە “گروپێکی ڕابەری نەگۆڕ” . هەربۆیە ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و فراکسیۆن و گروپی جیاجیای ناوحزب دەبێتە مافێکی سادە، وە میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حزبیش دەبێتە کارێکی دڵخوازانە و خود ووشیاری و خود چالاکانە دەبێ. شکستی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر پێش هەر ناڕۆشنیەکی ئابوری و بەرنامەیەکی ئابوری، بریتی بووە لە شکستی مۆدیلی بەلشەفیزم لە دەخاڵەت پێدانی کرێکاران لە سیاسەت و ئیدارەی کۆمەڵگەدا و بەکارهێنانی ئامڕازی حزب بۆ شۆڕشکردن بەسەر میراتی سیستمی حوکمی کەمایەتیدا.

 لێرەدا گەیشتین بەوەی کە حزبی کرێکاری ئەگەر پەیڕەو لە بنەماکانی حزبی بورژوازی بکا ئەوا لە دەسەڵاتیشدا کۆپی دەسەڵاتی سەرمایەداری دەکا. بەم پێ یەش پەیوەندی لە نێوان ئەم حزبە و چینی کرێکاردا دەگۆڕێ بۆ پەیوەندی خاوەن کارێکی حزبی بە کرێکارانێکەوە، کە دەبێ لە دژی ئەو دەسەڵاتە شۆڕش بکەن، کە لە ژێر ناوی “حکومەتی کرێکاری” دا دەیان چەوسێنێتەوە. حزب لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی چینایەتی کرێکاراندا دەردەکەوێ کە ئایا “ڕۆحی دەوڵەتی کرێکاریە” بۆ شکاندنی دەسەڵاتی کەمایەتی یاخود لەسەر نمونەی حزبی بورژوازی دروستکراوە و هێشتا لە چوارچێوەی جیهان بینی بورژوازیدا ماوەتەوە؟ حزب نەک تەنیا دەبێ لەگەڵ شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی کرێکاراندا بێ بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سیاسی بەسەر دەوڵەتی بورژوازیدا، وەک کۆمۆنارەکان و بەلشەفیەکان کردیان، بەڵکو حزبی کرێکاری دەبێ لە کاتی دەسەڵاتیشدا ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار بێت بۆ کۆتایی پێ هێنان بە هەر ئیمتیازێکی سیاسی و حزبی و دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە چینەکان و ئیمتیازاتی چینایەتی.

کەواتە دیدگا و مۆدیل و قاڵبی حزبی کرێکاری جیاوازە لە حزبی بورژوازی. حزبی کرێکاری، حزبیکە کە هەموو ڕەوت و گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینەکە و جەماوەری بەرفراوانی چینەکە بگرێتە خۆی. ئەم حزبە حزبی هەموو کرێکارانە، نەک تەنیا حزبی کۆمۆنیستەکان، نەک حزبی بەرنامەیەکی دیاریکراو و خەتێکی سیاسی دیاریکراو، نەک حزبی گروپ و سێکتێکی دیاریکراو، بەڵکو حزبی کرێکاری حزبێکی کۆمەڵایەتیە و هەموو بەرنامە و گروپ و فراکسیۆنەکان دەتوانن لە چوارچێوەی ئامانجە گشتیەکاندا بۆ گۆڕینی سەرمایەداری بە سۆشیالیزم کۆبکاتەوە. هەر بۆیە ستراتیژی ئێستای بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بریتیە لە دروستکردنی حزبی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کرێکاران و ئامادەکردنی سیاسی هەموو کرێکاران لە مەیدانی خەباتی چیانیەتیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداران و حکومەتەکانیان و ڕیکخستنی بەرفراوانی جەماوەری و سیاسی و حزبی بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی و فکری و پراکتیکی لە مەیدانەکانی خەباتی چیانیەتی و لە ئاستی کۆمەڵگە و دەسەلاتدا.

لێرەوە دیدگایەکی نوێ بۆ حزب سەری هەڵدا کە جیاوازە لە مۆدێلی بەلشەفی حزبی نوخبە و مۆدێلی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ” یەک ڕەوت و یەک مەیل” و هەموو ئەو جۆرانەی تر کە مۆدێلی دروست کردنی حزبێکن کە لە کەمایەتی چینی کرێکار و کۆمەڵگە دا بمێنێتەوە و ببێتە ڕۆحی دەوڵەتێکی کەمینەی سبەینێ و کۆمەڵگەیەک لەسەر حوکمی کەمینەی هەڵبژێردراو دروست بکاتەوە. ئەم مۆدێلە حزبیە کەمایەتیانە هەمان مانەوەیە لە چوارچێوەی دیدگا و جیهان بینی بورژوازی دا لەمەڕ حزب و جێگای ئەم ئامڕازە لە خەباتی چینایەتی و بینا کردنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا.

سۆشیالیزمی دەوڵەتی یان سۆشیالیزمی کرێکاران

ئەم مۆدێلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و حزبی جێ نشینی چینی کرێکار بریتی نیە لە ئازادی بۆ خۆنواندنی پراکتیکی هەموو چینی کرێکار و ئازادی هەموو چینی کرێکار لە دەست پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی بەڕیوەبردنی سەرمایەداری، بەڵکو ناکۆکە لەگەڵ پراکتیکی سیاسی چینی کرێکاردا کە دەیەوێ کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای دەسەڵاتی هەمووان دامەزرێنێ، یان باشتر بڵێین هەمووان لە ژێر دەستەیی بۆ هەموو دەسەڵاتێک ڕزگار بکا. سۆشیالیزم لای چینی کرێکار بریتیە لە ئازادی هەمەلایەنەی ئەم چینە لە دەست هەر حوکمێکی کەمینە. حکومەتی کرێکاری واتە دەسەڵاتێکی سیاسی کاتی کە ئەم ئازادیە بۆ هەموو چینەکە فەراهەم دەکا بەوەی کە ڕێگا نادات حوکمی کەمینە بگەڕێتەوە، جا لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی نوێنەرانی شورا دابێ یان هەڵبژاردنی حزبەکاندا بێ بۆ پەرلەمان. سیستمی شورایی کۆپی سیستمی پەرلەمانی نیە، کە کەمایەتیەک بۆ حوکم کردن هەڵبژێرێ یان شەرعیەت بدات بە دەسەڵاتی کەمینەیەکی حزبی، بەڵکو شێوازێکی جیاوازە لە دیموکراسی پەرلەمانی و دیموکراسیەکی ڕاستەوخۆیە کە لەوێدا نوێنەرایەتی ناوەرۆکەکەی نیە، بەڵکو ناوەرۆکی ئەم دیموکراسیە حوکمی ڕاستەخۆی زۆرینە خۆیەتی و نوێنەر تەنیا ئامڕازێکی کاتیە و گواستنەوەی پەیامی زۆرینەیەکی لەسەرە بە نوێنەری زۆرینەکانی تر و پێویستە تەنیا لەو پۆستە ئیداری و بەڕیوەبردن و ڕیکخستنەی بڕیارەکانی زۆرینەدا مونەسیق و ڕیکخەرێک بێ و هیچی تر. بە کورتی سۆشیالیزم خودی پراکتیکی زۆرینەی چینی کرێکار خۆیەتی بۆ بڕیاردان لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان و هیچ ڕێگریەکی دەوڵەت ناتوانێ نە بەشێوەی کاتی و نە بە یاسا ئەم ئیرادە و بڕیارە گشتیانەی کرێکاران و دەسەڵاتیان هەڵوەشێنێتەوە .

 سۆشیالیزم واتە پراتیکی سیاسی چینی کرێکار بۆ ڕزگاری ئابوری و هەمەلایەنەی خۆی. سۆشیالیزم نە خشەی ئابووری بۆ گەشەپێدانی هێزە بەرهەمهێنەرەکان نیە، سۆشیالیزم زاڵ بوونی ئینسانە بەسەر چارەنووسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیدا و هیچ قۆناغ بەندیەک لە نێوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا نیە و گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم تەنیا بریتیە لە شۆڕش کردنی چینی کرێکار بەسەر هەموو شێوازێکی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی چەوسێنەردا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و گواستنەوە بۆ سیستمی بەشداری ئازادانە و هەرەوەزی هەموواندا لە بەرهەمهێنان و خۆ بەڕیوەبردن و گەشەپێدانی توانا و خۆشیەکانی ژیانی ئینسانەکان و نەمانی هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی کەمینە، بە شێوەی نوێنەرایەتی بێ یان بە دیکتاتۆری حزبی. ئەمە جیاوازی سەرەکی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارانە لە دەوڵەتانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی وەک چینی ئێستا و سۆڤیەتی جاران.

ئەمڕۆ پێویستمان بە خستنەڕووی دیدگایەکی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە لە سایەی سیستمی سۆشیالیستیدا کە جیاواز بێ لەو دیدگایەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لەسەر مۆدێلی دیکتاتۆری حزبی و گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنی لانی کەمی کرێ و گوزەران و کەم کردنەوەی هەژاری هەیبووە و ئێستاش نمونەی چینی سەرمایەداری دەوڵەتی جێگای شانازیەتی. ئەمڕۆ تێپەڕبوون لەم دیدگا و جیهان بینیەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی وەک دیدگایەکی بورژوازی بۆ سۆشیالیزم و حزب و دەوڵەت و ئابووری دەمانگەیەنێ بە دیدگا و جیهان بینیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری کە دەتوانێ هێزی چینی کرێکار هان بدا بۆ بە دیهێنانی دنیایەکی باشتر و ئینسانی تر لەوەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی تا ئێستا نیشانی داوە. قەیرانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە مانەوە لەم دیدگا و جیهان بینیەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا یە و هەربۆیە ناتوانێ هەژموونی لەناو چینی کرێکاردا پەیدا بکا.

 

گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان و حزبی کرێکاری

یەکەم دیاردە کە ئێمە لەگەڵی بەرەو ڕوو بووین ئەوەیە کە ئەم گروپانە جێگا و ڕێگای واقعی و مێژوویی خۆیان دەرک ناکەن لە پەیوەند بە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیەوە. هۆکاری ئەمەشمان گەڕاندەوە بۆ پرۆسەی جیابوونەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و حزب و گروپەکانی لە جەماوەری کرێکاران، لە ژێر کاریگەری مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا و بە هۆی پەیڕەو کردنیان لەو تیۆری “حزب جێ نشینی چینی کرێکارە”. ئەم فاکتەرانە، گروپە ڕۆشنبیرەکانی کردۆتە خاوەن ووشیاریەکی هەڵگەڕاوە، کە گوایە ئەم گروپانە خۆبەخۆ نوێنەری چینی کرێکارن بە هۆی خاوەندارێتیان لە تیۆری کۆمۆنیزم، وە چینی کرێکار پاشکۆی ئەم گروپانەیە. ئەم حزب و گروپانە تەنیا بۆ کاتی دەسەڵات گرتن و شۆڕش پێویستیان بەم چینەیە، ئەگەر نا خۆیان و بەرنامە و ئەندامەکانیان کافین بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و دروستکردنی سۆشیالیزم و ئەوان لە پێش “کرێکاران لە مەیداندان”!

 هەر بۆیە ئەوەی لەم گروپە ڕۆشنبیرانەدا بە گشتی بەر جەستەیە خۆ جیاکردنەوە لە مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی یە و دروستکردنی مێژوویەکی تازەیە لە تیۆری دا. ئەم گروپانە هەموویان بە خۆجیاکردنەوە لە یەکتر مێژوویەکی تازە دروست دەکەن و ئەو بەرنامە و تیۆریەی ئەوان لە ڕابردووەکانیان جیا دەکاتەوە دەبێتە مێژووی “کۆمۆنیزمی گروپەکان” و مێژووی چینی کرێکاریش، چونکە ئەم گروپانە تەنیا خۆیان نوێنەری چینی کرێکارە و باقی گروپەکانی تر نوێنەری کۆمۆنیزمی بورژوازی و سۆشیالیزمی ناکرێکارین.

 بەڵام دوای هەر چەند ساڵ جارێک دیسانەوە ئەم گروپانە خۆیان لە دابڕاوی لە چینی کرێکار دەبینن و تیۆری و بەرنامەکانیان ناتوانێ ڕێنوێنی پراکتیکێک بکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی گروپەکەیان. هەربۆیە ئەزمە و قەیرانی پراکتیکی کە توشیان دەبێ پێویستی بە جارێکی تر خۆ جیاکردنەوە و سنوور کێشانێکی تیۆری ترە لە چەپ و گروپەکانی تر و جارێکی تر لۆمەی “غیابی سیاسەتی سۆشیالیستی” یان “ئاسۆی دەسەڵات گرتن” و “حزبی سیاسی” سەرهەڵدەداتەوە و “ئۆتۆریتە پلە تایبەتەکان” شەڕی ئاڵاهەڵگری “ئاراستە و جیهەتگیری نوێ” دەکەن و  بەم چەشنە زنجیرەی نەبڕاوەی جیابوونەوەکان درێژە پەیدا دەکا.

لەبەر ئەوەی ئەم کۆمۆنیزمی گروپیە بەرهەمی ڕەخنەی تیۆری بووە، کەواتە ڕەخنەیەکی تیۆری تر لەم گروپە کە تا دوێنێ “نوێنەری پرۆلیتاریا” بوو، ئەم گروپە کۆمۆنیستیە دەکاتە چەپێکی ناکرێکاری تر. ئەمە ئەو پرۆسەی بازنە بەتاڵەی نێو گروپە ڕۆشنبیریە سۆشیالیتەکانی چینی کرێکارە کە بەهۆی دابڕانیان لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتی کرێکاران بەردەوام دابەش بوونە ناچاریەکانی خۆیان تیۆریزە دەکەن. هەمیشەش بانگەوازی ئەوەدەکەن کە گروپە ڕۆشنبیریەکانی تر گۆڕاون بە چەپی ناکرێکاری و پاساوی جیا بوونەوە و دوور کەوتنەوە لە یەکتری و سێکتاریزمی گروپەکانیانی پێدەکەن.

 کێشەی خۆجیاکردنەوەی تیۆری لە گروپەکانی تر بەو خەیاڵەیە کە ئەم گۆڕانە تیۆریە ئەم گروپە بەرەو “چینی کرێکار و به‌ره‌و خۆ ڕێكخستن له‌گه‌ڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری” دەبا. بەڵام تەجروبەی نیو سەدەیەی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم پێمان دەڵێ کە جیابوونەوەی ئەم گروپانە ڕێگە چارە نیە، بەڵکو تێکەڵاو بوونی ئەم گروپانە لەگەڵ یەکتر و تیکەڵاو بوونی هەموویان بە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتیەوە گرێی گەشە نەکردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکاتەوە.

 بەڵام تەنیا کۆکردنەوەی هەموو گروپە ڕۆشنبیریەکان پێکەوە حزب دروست ناکا، وە حزب کاتێ دروست نابێ کە ئەم گروپانە لە دەوری بەرنامەیەکی “ڕێنماییە گشتیەکان” کۆببنەوە و بەرەیەکی چەپی گروپەکان دروست بکەن، بەڵکو کاتێک کە سێكتاریزم لەنێو زۆربەی گروپەکاندا نامێنێ و ئەم گروپانە خواستی کۆلێکتیڤ لەناو چینی کرێکاردا دروست دەکەن ئەو کات ئەم حزبە لەنێو خەباتی ڕۆژانەدا دروست دەبێ و گەشەدەکا. گەشەی ئەم پراکتیکە حزبیە لە نێو چینی کرێکاردا ئەم حزبە دەگەیەنێتە ئاستێک کە نەک حزب لەناوخۆیدا و لە دنیای تیۆری خۆیدا دەبێتە حزبی سیاسی، بەڵکو لە دنیای واقعی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ سەرمایەداریدا وەک دەسەڵاتی دەوڵەتی و بەدیلی دەوڵەتی بورژوازی دەبینرێ و حسابی لەسەر دەکرێ . واتە گواستنەوەیەک پێویستە ڕوو بدا بەوەی ئەم گروپە ڕۆشنبیرانە لەگەڵ جەماوەری کرێکاردا تێکەڵ بن و پێکەوە ببنە ئۆرگانێکی لێک هەڵپیکراو، ئەمە مانای واقعی پێکهاتنی حزب و چالاکی حزبیە و جێگیربونی پەیوەندی حزبیەتە لە نێوان گروپی ڕۆشنبیران و جەماوەری کرێکاردا.

 ئەم شەڕ و جیاکردنەوە تیۆری و ڕیکخراوەییانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنیا لە چوارچێوەی گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکاردا دێت و دەچێ . هەر بۆیە ئەم گیر خواردنە لە قاڵبی گروپە پەراوێز کەووتوەکاندا هۆکاری جیابوونەوە چار هەڵنەگرەکانێتی و مانەوەیەتی لە ئەزمەیەکی سەرتاپاگیردا.

 لەکاتێکدا تاکە پێوەری ئەم نوێنەرایەتیە لای ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە گروپیە پرۆسەیەکی تیۆری بۆ نووسینی بەرنامە و پلاتفۆرمێکە، ئەوا ئاشکرایە کە ئەم بەرنامە و پلاتفۆرمەش چونکە پەیوەندی نیە بە خەباتێکی چینایەتی کە لەئارادایە دەبنە بنەمایەکی گشتی و بێ گیان کە ناتوانێ لە دنیای واقیعدا هێزی مادی کۆمەڵایەتی هەڵخرێنێ. هەربۆیە هەمیشە بۆ دیاریکردنەوەی سنورەکانی ناو حزب پێویست بە پاکسازیەکی تیۆریە تا وەڵامی ئەو بنبەستە بداتەوە کە بۆچی تەنانەت ڕیزەکانی ئەم  گروپە کۆمۆنیستی یانە توشی ئەزمەی دەوری دەبن و ناتوانن تاسەر پێکەوە کاربکەن؟

 نەبوونی ئەم حزب و گروپانەی کۆمۆنیستیانە بەو هێزە مادیە کۆمەڵایەتیە پاش لە دەورەیەک چالاکی  پراکتیکی ئەم حزبە تووشی قەیران دەکا. وەڵام بەم قەیرانەش لە ڕێگەی دیسانەوە گەڕان بە شوێن شوێنەوارەکانی چەپی ناکرێکاریەوە یە لە حزبدا، کە بە سەرچاوەی کێشە وبن بەستی گروپە کۆمۆنیستی دادەنرێ. لێرەشەوە جگە لە جیاکردنەوەیەکی سەر لە نوێ لەم تارمایی چەپە ڕیگا چارەیەکی تر نیە. بۆ ئەمەش پێویست بە ئەپدەیت و داهێنانی تیۆری نوێ یە. هەربۆیە هەمیشە بۆ دیاریکردنەوەی سنورەکانی ناو حزب پێویست بە پاکسازیەکی تیۆریە تا وەڵامی ئەو بنبەستە بداتەوە کە بۆچی تەنانەت ڕیزەکانی ئەم  گروپە کۆمۆنیستی یە توشی ئەزمەی دەوری دەبن و ناتوانن تاسەر پێکەوە کاربکەن؟ ئەمە بازنەی بەتاڵی ڕیسایکلینی تیۆری نێو گروپی ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی.

 حزبێک کە خۆی لە گروپە ڕۆشنبیریەکانی تری ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ڕەوت و مەیلە سۆشیالسیتی و کرێکاریەکانی ناو چینی کرێکار جیاکردبێتەوە و بیەوێ بەپێی قاڵبی بەرنامەکەی خۆی هێز کۆبکاتەوە، بێگومان تەنیا کەسانێک پەیوەست دەبن بەم حزبەوە و کاری لەگەڵدا درێژەپێدەدەن کە خەریکی خۆجیاکردنەوەی تیۆری بن لە باقی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیریەکانی تری ئەم چینە. ئەمەش حزب دەکاتە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیەک کە تەنیا سێکتی بەرنامە و شێوەکاری سێکتاریستی خۆی پێ قبوڵە .

 لە کۆتایی ئەم پرۆسەی گۆڕانی حزبیشدا بە سێکتێکی ئایدیۆلۆژی دابڕاو لە چینەکە و لە ڕەوت و بزوتنەوەکانی نێو چینی کرێکار، ئەم جۆرە حزبانە دەبنە حزبی ژەنراڵەکان و چیتر جەماوەری نابنەوە.

 ئەگەر ئێمە پێشتر پێناسەی حزبمان لە حزبێکی جەماوەری کرێکارانەوە گۆڕیبێ بە حزبی نوخبەیەکی کۆمۆنیستی تاک خەت و تاک سەرکردە، ئاشکرایە کە ئیتر ئەم حزبە بە ڕیفۆرمی تیۆری نابێتە حزبی کرێکاری و حزبی سیاسی. چونکە حزبی کرێکاری بەپێی کۆمەڵێک بنەما و بەرنامەیەک خۆی جیاناکاتەوە لە باقی کرێکاران، بەڵکو هەوڵدەدا ئەو بنەمایانەی کە پێویستە بۆهەر دەورەیەکی بردنە پێشی خەباتی چینایەتی بکاتە بنەما و بەرنامەی هەموو بزوتنەوەی کرێکاری. بەم پێیە حزب دەتوانێ هەموو هێزی چینەکە کۆبکاتەوە و ڕیکخراو بکا، نەک لەم بنەما جێگیرانەی خۆی دایناوە بتی سێکتاریزم دابتاشێ و بەناوی نوێنەر و جێگرەوەی چینی کرێکار چوارچێوەی حزب بەرتەسک بکاتەوە لە قاڵبی حزبی گروپی ڕۆشنبیرانی هاوخەتی خۆی و ئەو کەسانەی لە باری تیۆری و بەرنامەییەوە ئەویان قبوڵە، وە بە “کۆمەڵێک بنەمای سێکتاریستی تایبەت بە خۆیان بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدەن”.

 مێژووی گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار، کە لەهەوڵی بەردەوامدا بوون کە کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست چارەسەر بکەن، بەڵام بەهەمان دیدگای زاڵ بەسەر کۆمۆنیزمی سەدەی بیستدا، کە دیدگای سۆشیالیزمی دەوڵەتی بووە. ئەم جۆرە سۆشیالیزمەش جۆرێک حزب بەرهەم دینێ کە حزبێکی سێکتاریستی گروپێکە کە خۆی بە نوێنەر و جێ نشینی چینی کرێکار دادەنێ و بەم پێیەش وەک نیو سەدەی ڕابردوو نیشانی داوە ناتوانێ ببێتە حزبی سیاسی چینی کرێکار، ئەگەر ئەم قاڵبە بیرۆکراتی و سێکتاریستیانە جێ نەهێڵێ.

 لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستاندا سەرنجی مەسەلەیەکی جیاوازماندا کە هەلسوڕاوانی کۆمۆنیست لە کارە جەماوەریەکانیاندا، وەک بزوتنەوەی شورایی ١٩٩١، یەکێتی بێکاران و ڕیکخراوە جەماوەریەکان لە دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، وە لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١دا، یەکیان گرتەوە و ئەمەش ناکۆکی لەگەڵ دابەشبونی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە گروپی جیاجیا و دژ بەیەک نیشاندا. بەڵام ئەم ناکۆکیانە زۆر زوو بە پاشەکشە کردنی سونەت و شێوازی هەڵسوڕانی جەماوەری لە بەرامبەر قاڵبی زاڵی سێکتاریستی و پاسیڤیستی سیاسی نێو گروپە کۆمۆنیستیەکاندا تەواو دەبێ.

 دەرک کردنی ئەم کێشەیەی کە ئێمە پشت دەکەینە تەجروبەی سیاسی خۆمان مەسەلەیەکی یەکجار پڕبایەخە. لەبەرئەوەی  دەرس وەرنەگرتن لەم تەجروبانە و جێگیرنەکردنیان وەک پایەیەکی بەهێزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، بزوتنەوەی ئێمەی لەگەشەکردن خست و بە جوینەری و ناپێگەیشتو لە مەیدانی سیاسیدا هێشتیەوە. هاوکات خستنەلاوە وبێ ئەهمیەتکردنی ئەم تەجروبەی سیاسیە جەماوەریانە ڕێگەی بە سەرلەنوێ بەهێزبونەوە و زاڵبونەوەی سونەت و نەریتە فکری و پراتیکیە سێکتاریستی و نا کۆمەڵایەتیەکان دا. لێرەشەوە بێ باوەڕی بە بەشداری سیاسی چالاکانە لە مەیدانی ململانێی سیاسیدا کردە پایەیەکی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستاندا و پاسیڤیزمی سیاسیشی کردە سیمای ئەم حزب و گروپانە.

 ئەنجامگیریەکی تر سەبارەت بە گروپە ڕۆشنبیرەکانی چینی کرێکار ئەوەیە کە لێکدانەوەی نا واقعی لە سەر هاوسەنگی هێزی خۆی لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارە بورژوازیەکاندا هەیە. بۆ نمونە لە لێکدانەوەی شکستی ساڵی ٢٠٠٠دا لە ئەنجامی هێرشی یەکێتی بۆ سەر حزبی ئێمە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ئەم ناکۆکیە دەبینین کە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری تێی کەوت. بەڵام لەڕاستیدا ناکۆکیەکە لە “نەبونی ئاسۆ و سیاسەتی سۆشیالیستی بۆ دەسەڵات گرتنی” حزبی ئێمەدا نیە، بەڵکو ئەو ناکۆکیەیە خۆی بەرهەمی دیدگا یەکە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر دەوری کۆمۆنیزم و حزب هەیەتی. بەرهەمی دۆگماتیزم و چەقبەستنی گروپی ڕۆشنبیری کۆمۆنیستە، کە دابڕاوە لە هێزی کۆمەڵایەتی چینەکەی. هەربۆیە لێکدانەوە لەسەر هاوسەنگی هێز و گەیشتن بەدەسەڵات و ناکامیەکانی ئەم هەوڵانە کاتێک لەدەرەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئاستی تواناییە ڕیکخراوەییەکانی کرێکاران لێک دەدرێتەوە، ئیتر دەبێت بەوە پاساوبدرێ کە،  کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستان “ئاسۆی گەیشتن بە دەسەڵاتی غائبە”![2]

 ئەمە زیاتر تێنەگەیشتنە لە کێشەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە دەرچونی لەو قاڵبە فکری و سیاسیە بەرتەسک و سێکتاریستیەی کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری توشی ئەزمە و جیابونەوەکان کردوە و توشی وەهم و ئیلوژنی کردوە لەسەر هیزی واقعی گروپی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و هاوسەنگی هێزی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی بورژوازیدا. هاوسەنگی هێز لەم جۆرە لە کۆمۆنیزمدا کورت دەبێتەوە بۆ سادەگەریەکی سیاسی، کە گروپی ڕۆشنبیر لە هێزی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەیەتی.

لێرەدا کۆمۆنیزم پێش ئەوەی وەک فۆرمێکی تری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار گەشەی کردبێ، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێ کە بە گروپێکی سیاسی چەند سەد کەسیەوە دەتوانن سەرمایەداری و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان لە کوردستان ڕابماڵن. ئەمە نیشانەی تێگەیشتنێکی بەرتەسکی سێکتاریستانەی گروپی ڕۆشنبیرانە لە کۆمۆنیزم.

 ئەم کەموکوڕیە تیۆریە سەرچاوەکەی لە دیدگا و تێگەیشتنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دایە لە کۆمۆنیزم، وە ڕەنگدانەوەی جێگا و ڕێگای کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی یە، وەک یەکێک لە گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە کوردستان و عێراقدا. ئەم تێگەیشتنە پێی وایە کە کۆمۆنیزم بریتیە لە پراتیکی گروپێک کە خەریکی پروپاگەندە و هاندانن بۆ بەرنامەیەکی سادە و گشتی دەکا و دەیەوێ لە ڕێگەی گرتنی ئەندامەوە ببێ بەو هێزەی کە دەسەڵات دەگرێتە دەست و کۆمەڵگە دەگۆڕێ. ئەم دیدگایەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ شۆڕش و خەباتی چینایەتی و هاوسەنگی هێز و دەوری حزب درێژەی ئەو دابڕانە و درێژەدان بەو دابڕانەیە.

 لەم تێگەیشتنەدا کۆمۆنیزم لێرەدا بڕیار و سیاسەتێکە کە حزب و گروپەکە دەیدەن لەسەر هەڵوێست دەربڕینی خۆیان وەک ئەوپەڕی ناڕازی ڕادیکال، وە دوای ئەمە هیچ پراتیکێکی کۆمەلآیەتی و چینایەتی لێ چاوەڕوان ناکرێ و هەربۆیە وەک ڕەخنەگرتن و سەرکۆنەکردنێکی بێ کردار و پاسیڤانە دەمێنێتەوە.

 لەم مۆدێلەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دا تێگەیشتن لە گۆڕینی کۆمەڵگە بێگومان پرۆسەیەک نیە لە گەشەی توانای سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران کە دەتوانن دۆخێکی نوێی سیاسی و هەژمونێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن. بەڵکو دۆخی ئامادە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە بریتی دەبێ لە ئامادەیی حزبی پێشڕەو و گروپی ڕۆشنبیر بەتەنیا خۆی. ئەمە پێچەوانەی یاسایەکی خەباتی چینی کرێکارە کە لە ئەنجامگیری یەکەمدا باسمان کرد کە پراکتیکی چینایەتی چینی کرێکارە کە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی نوێی کۆمۆنیستی بنیات بنێ، نەک تیۆری و پراکتیکی حزبێکی کۆمۆنیست.

 ئەم نەخشەی دەسەڵات گرتنە لەڕاستیدا نەخشەیەکی خەیاڵی و دوور لە واقعی هێزێک بوو کە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی ڕۆژانە و سیاسی کرێکاراندا نەبوو وە حزب هێزی خۆی و نەخشەی گەیشتن بەدەسەڵاتی لەو کۆبونەوە حزبی و مەراسیمانەدا دەبینی کە لە بۆنە مێژوویەکاندا ئاهەنگی دەگێڕا. بەڵام هەرچی چالاکی جەماوەری و بەشداری هەڵسوڕاوانی حزبە لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕۆژانە لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا نەدەبوە ئەو کەناڵەی کە لێوەی پەیوەندی خەباتکارانەی جێگیر و پەیوەندی ڕێکخراوبونی جەماوەری و پەیداکردنی نفوزی سیاسی و هەژمونی فکری و عەمەلی لە کۆمەڵگەدا. لێرەشەوە هەنگاو بنرێ بەرەو کۆکردنەوەی هێزی هەموو کۆمۆنیستەکان و هەڵسوراوانی کرێکاری و  جەماوەری لە حزبێکی کۆمەڵایەتیدا بنرێ. بەم پێیەش هەنگاوبەهەنگاو نەخشە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ئاسۆیەکی ڕۆشن نیشان بدرێ بۆ ململانێ لەسەر دەسەڵاتداریتی لە ئاستی لۆکاڵ و سەراسەریدا.

کەواتە کۆمۆنیزم لە پرۆسەی گەیشتن بەدەسەڵات و گۆڕینی هێزی هاوسەنگی بۆ پەیداکردنی هەژمونی سیاسی لە ئاستی کۆمەڵگەدا، پێویستی بە ئاستی گەشەی چینی کرێکار و توانا و دەوری لە بەرهەمهێنان و ئاستی ڕیکخراوبون و ووشیاری سیاسی و ڕوناکبیری چینەکەیە. ئەم تێگەیشتنە جیاوازە لە دیدگای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و بڕیارنامەکانی حزب و گروپەکان کە هەموو حساباتێکی هاوسەنگی هێز و بونە هێزی یەکەمی لە کوردستان و ئیراندا لە توانایی دیاریکراو و بەرتەسکی ڕیکخراوی حزبیدا، وە بە سیاسەت و بڕیارنامەیەکی “دۆخی سیاسی و گرتنی دەسەڵات”دا کورت دەکاتەوە.

 لێکدانەوەکانی لاوازی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە “غیابی سیاسەتی سۆشیالیستی” و “نەبونی ئاسۆی دەسەڵات گرتن”، هەمان میتۆدی لێکدانەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەر دەوری حزب و چینی کرێکار لە خەباتی دژی سیستمی سەرمایەداریدا و درێژکراوەی هەمان مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیە، کە حزب و گروپێک دەخاتە جێگای چینی کرێکار و لە بنبەستی ئەم گروپەدا بۆ گۆڕینی ئەم سیستمی سەرمایەداری لۆمەی “نەبونی ئاسۆی دەسەڵات و سیاسەتی سۆشیالیستی” وەک کەموکوڕیەک لە تیۆریی گروپ و حزبەکەدا دەکا.

 ئەم تەجروبانە نیشانمان دەدا کە بون بە هێز و هێزی یەکەم و پەیداکردنی هەژمونی سیاسی و دەسەڵات و بەگشتی سیاسەت و ستراتیژ و سۆشیالیزم بریتی نیە لە پرۆژە و پلاتفۆرمی لێکدانەوەی شکستەکان، بەڵکو چۆنیەتی کۆکردنەوەی هێزی چینایەتی و کۆمەلآیەتیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەیە لە نێو جەرگەی خەباتی ڕۆژانە و ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکاران ولاوان و ژنان و خەڵکی زەحمەتکێشدا.  پێمان دەڵی پڕۆژە و سیاسەتی سەرکاغەز ناتوانێ هیچ لەواقیع بگۆڕێ، ئەگەر هیزێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری ئەم پڕۆژە و سیاسەت و ستراتیژانە بەکردەوە پیادەنەکا. ئەمە خاڵی تێپەڕینە لە گروپێکی تەبلیغاتی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیستەوە بۆ حزبێکی کرێکاری کە دەتوانێ سیاسەت بکا و خۆی لە پاسیڤیزمی مانەوە لە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵ ڕزگاربکا و ببێتە هێزێکی سیاسی و دەخاڵەتگەر و ڕادیکاڵی کاریگەر.

لێرەوە لەسەر گروپە ڕۆشنبیرەیەکان و شکڵ و فۆرمی ڕیکخراوەیی، دەگەین بەوەی کە؛ ئەم سێکتە فکریە داخراوە بۆ سێکتێکی ڕیکخراوەییش دەچێ، لەبەرئەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەر گروپیکی ڕۆشنبیری تری کۆمۆنیستی بە کۆمۆنیست نازانێ، کە وەک بەشێک لە پێکهاتەی چینی کرێکار لە دنیای سەرمایەداریدا دروست دەبێ. وە تەنیا ڕیگەی کۆمۆنیست بون بریتیە لە قبوڵکردنی ئەم بەرنامەی حزب و گروپەکان و ئەندام بوون و کارکردن لەم ڕیکخراوانەدا.

 لە کاتێکدا بەرنامە بۆ خۆجیاکردنەوە لە گروپە کۆمۆنیستەکانی تر نیە  وکۆمۆنیستەکان ئەو بەشە ووشیارەن کە خەباتی چینایەتی کرێکاران لە چوارچێوەیەکی گشتیدا ڕۆشن دەکەنەوە، و لە پەیوەست بە خواستە دیاریکراوەکانی خەباتی سیاسی و ئابوری و لە هەلومەرجێکی فکری وفەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەورەیەکی دیاریکراودا هەموو کرێکاران یەکگرتوو دەکەن.

 هەربۆیە هەموو ئەم گروپە ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکار، وەک بەشێک لەو چینە، پێویستە یەکگرتوبن لە حزبێکی کرێکاریدا، سەرەڕای هەموو ئەم جیاوازیە فکری و سیاسیانەی کە لە نێو خۆیاندا هەیانە. ئەم گروپانە پێویستە یەکگرتووانە کاربکەن لە دەوری نەخشە و بەرنامەیەکی پراتیکی بۆ خەبات دژی سەرمایەداری و ئامادەکردنی سیاسی و ڕیکخراوەیی سەرجەم هێزی چینەکە و ئامادەیی لە کاتی شۆڕشدا بۆ سەپاندنی هەژمونی و گرتنە دەستی دەسەڵات. یەکگرتوبونی کۆمۆنیستەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک لێکدانەوەی گشتی بۆ سەرمایەداری و دانانی کۆمەڵیک داواکاری و یاسا نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەشداری پراتیکێکی هاوبەش لە خەباتێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدایە کە کرێکاران بەردەوام دژی سەرمایەداری دەیکەن.

 بەم شێوەیە دەبێ لە  ئێستادا هەموو سێکت و قاڵبێکی فکری، کە بزوتنەوەی کرێکاری و گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی دابەش دەکا و جیاوازیان لەنێودا دروست دەکا، دوور بخرێتەوە.سیاسەت و لێکدانەوە و تاکتیک و ستراتیژی کۆمۆنیستی جۆراوجۆر، هەمووی پەیوەستە بە ڕادەی گەشەی مێژوویی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەی کرێکارانەوە و تەعبیرێکن لەو پراتیکە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ڕێکخراوە، کە ئەمانە نەک بنەمای جیابوونەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری نین، بەڵکو نیشانەی زیندوویەتی و دیالەکتیکی ئەم بزوتنەوەیەیە کە لە خەباتێکی پراکتیکی و پڕ لە کێشە و جەدەلدا دەچێتە پێش.

 لەم تێگەیشتنە نوێ یەدا بۆ کۆمۆنیزم، حزبێکی کرێکاری کۆمۆنیستی دەتوانێ جێگای هەموو کرێکارانی تێدا بێتەوە بە سەندیکالیست و ریفورمیست و ئانارشیست و سۆشیالیستێکی تێداببێتەوە و حزبی چینی کرێکار بێت بۆ گەیشتن بەدەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی. ئەمە مانای حزبی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، حزبی جەماوەری کرێکار و حزبێکی کۆمۆنیستی.

 ئەگەر ئێستا بەراوردێکی حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکانی خۆمان بەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری و سیاسی بکەین دەزانین کە چ جیاوازیەکی گەورە لە نیوان ئەم دوو مۆدێلەدا هەیە.

 هەر بۆیە لە بەردەم پێویستی گۆڕانکاریەکی مێژوویی داین. گۆڕانی گروپە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستەکان بە حزبێکی کرێکاری. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانی بەرنامە و دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستیمانە سەبارەت بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و چۆنیەتی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانکاریە تیۆریەش لە جەرگەی پراتیکێکی چینایەتیدا ڕودەدا کە گروپە کۆمۆنیستیەکان دەرگیر و تێکەڵاو و یەکانگیربن لەگەڵ هەموو بەشەکانی چینی کرێکار و خەباتی ڕۆژانە و سەراسەریاندا.

 ئەنجامگیری کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەمان ئەوەیە کە ناسینی ڕیشەی قەیرانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕیکخراوەیی ئێستامان  بریتیە لە ڕەخنەیەکی پراکتیکی یە  لە دۆخی دابەش بوون و پەرژ و بڵاوی و ناکۆکی نێوان کۆمۆنیستەکان و دابڕانیان لە جەماوەری کرێکاران و خەباتی چینایەتی یە و هەنگاو نانی عەمەلیە بۆ تێپەڕینی ئەم دۆخە قەیراناوی و لاوازیانەی ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە پێکهێنانی حزبی کرێکاری جەماوەری کە نیشانەی دەورەی کۆمۆنیزمێکی نوێ بێت.

لە کۆتاییشدا دەمەوێت بڵێم ئەم لێکۆڵینەوە و ئەنجامگیریانە  پێویستی بە هەوڵی هەرەوەزی هەموو کۆمۆنیست و کرێکارانە کە بتوانین پێکەوە نەخشەی حزبێکی کرێکاری دابڕێژین.  ئەو شێوازانەی کە ئەمڕۆ کرێکارانی ناڕازی و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و سەندیکالیستەکان لە مەیدانەکانی مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی پاریس، بەغداد، شیللی، سودان و تاران و هەموو مەیدانەکانی تردا نمونەی لێ نیشان دەدەن لە ڕیکخراو بوون و کاری هاوبەش و هەرەوەزی، دەبێت ببێتە بنەمای فۆرمێکی نوێی ڕیکخراوەی حزبی و جەماوەری کە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران پەیڕەوی لێ بکەین. لەسەر بنەمای ئەم تەجروبە عەمەلیانە شێوازێکی نوێی ڕیکخراوەیی ساز بکەین.

کۆمۆنیزمی نوێ شێوازێکە کە ئیدارە و ڕیکخستنێکی کۆمەڵایەتی ئەم هێزە حزبی و ڕیکخراوەی چینی کرێکار تیایدا گونجاوە لەگەڵ خەسڵەتی کۆمەڵایەتی خەبات و پراکتیکی ڕیکخراوی کرێکاراندا. ئەم حزبە کرێکاریە ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی داهاتووە، کە لە ئێستاوە کرێکاران فێر دەکا کە خۆیان خاوەنی ئەم ئیدارە هەرەوەزیە و بەرهەمی کار و خەباتی خۆیان بن و هیچ  ئیمتیازاتێک بۆ هیچ “لیدەر” و “گروپیکی کۆمۆنیست” قبوڵ نەکەن، کە ببنە نوێنەر و حاکمیان. وە پێویستە ئەم حزبە کرێکاریە ببێتە موڵکی گشتی کرێکاران، وە بە هەمان میکانیزمی بەشداری و بڕیاردانی شورایی بەڕیوە ببرێ و ئیدارەی ئەم هێزە گشتیە بکرێ. حزبێک کە هەمیشە لە بەر فراوان بوون و یەکگرتنە لەگەڵ گروپە ڕۆشنبیرەکان و جەماوەری کرێکاران و سەندیکا و شوراکانیاندا و هەموویان پراکتیکێکی چیانیەتی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری نمایش دەکەن.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەم پرۆسەی گۆڕانە لە گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیست و هەرەوەزکاریە جەماوەریەکانی ئێستاوە بەرەو حزبێکی کرێکاری پرۆسەیەکی پڕ پێچ و جەدەل و فێربوونە کە ئاستێک لە گەشەی فکری و پێشڕەوی لە مەیدانەکانی خەباتی ڕۆژانە و ڕوبەڕوبوونەوەی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی دژ بە حزبە بورژوازیەکانی کوردستانی پێویستە تا بکەێتە سەر ڕێچکەی خۆی. هەوڵە تیۆری و دایەلۆگ کردن و کارە هاوبەش و هەرەوەزیە جەماوەریەکانی ئێستا پێویستە بە گیانێکی هاوخەباتی چینایەتی و پشوو درێژی و ئومێد بە ئایندەی بەهێزکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەرینە پێش تاکو بتوانین وەڵامی قەیرانەکانی بزوتنەوەی چینایەتی خۆمان بدەینەوە لە کاتێکدا لە قەیرانەکانی سەرمایەداریدا بەدوای ئەو فرسەتانەوە دەگەڕێین کە کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان هان بدەین و ڕێک بخەین بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەم میلیشیا مافیایانەی بورژوازی کورد.

بۆ ئەو خوێنەرە بەڕیزانەی پێیان خۆشە زیاتر بە دوای ناسینی سەرچاوەکانی ئەم باسەی مندا بچن تکایە “کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ” بخوێننەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و ڕەخنەگرانەی سیاسیە لە مەسەلەکانی حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم.

لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانن کتێبەکەتان دەست بکەوێ یاخود لە کتێبخانەکانی کوردستان دەتوانن پەیدای بکەن.

https://asokamal.com/index/?p=2058

ئاسۆ کمال

 

[1] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤، بە زمانی ئینگلیزی

The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
https://www.marxists.org/…/in…/iwma/documents/1864/rules.htm

[2]  مەنسور حیکمەت ، یاداشتێک بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕابه‌رایه‌تی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق

Add Comment

Click here to post a comment