کۆمۆنیزم

وەڵامێک بە هاوڕێ ئازاد ئارمان

وەڵامێک بە پرسیار و سەرنجەکانی هاوڕێ ئازاد ئارمان سەبارەت بە کتیبی “کۆمۆنیزمی نوێ”
وێڕای سوپاس بۆ پرسیار و سەرنجەکانی هاوڕێ ئازاد ئارمان و ئەمە بە کورتی وەڵامەکانی منە بە پرسیارەکان. پرسیارەکانی هاوڕێ ئازاد ئارمان سەبارەت بە نوسینێکی منە کە پوخت کراوەی “ئەنجامگیری کۆمۆنیزمی نوێ” وەک بەشی کۆتایی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” یە و لەبەر ئەوەی ئەم هاوڕێیە هەموو کتێبەکەی نەخوێندبۆوە لە کاتی ناردنی ئەم پرسیارانەدا، بۆیە من بۆ درێژەی ئەو وەڵامانە لێرەدا ئاماژەم بەو بەشانە کردوە کە درێژەی ئەم وەڵامانە لە خۆدەگرێ.
لێرەدا هەر پۆستە و پرسیارێک و وەڵامێک دادەنێم لەبەر درێژی باسەکان.
بێگومان ئەم جۆرە لە گفتوگۆی نێوانمان زۆر بەسودە بۆ گەیشتن بە دیدگایەک بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستای بزوتنەوەکەمان و لەم بارەوە من پێشوازی لە ڕای ئەم هاوڕێیەم و هەموو هاوڕییانی تر دەکەم سەبارەت بەم کێشە و ڕێگاچارانەی لە “کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ”دا خراونەتە ڕوو.
ئازاد ئارمان :” تۆ لە تەواوی باسەکەتدا بەشی شێرت داوە بە قسەکردن لە سەر سۆسیالیزمی دەوڵەتی. ئەگەر چی من دیدی جیاوازم هەیە بۆ بەڵشەفیزم و ئەزموونی سۆڤیەتی. من پێم وانییە سۆسیالیزمی دەوڵەتی بێت بەڵکو سەرمایەداری دەوڵەتییە. بەڵگەو نووسینیش زۆرە لەم مەیدانەدا. بەڵام بۆ دەبێت لە لای تۆش ئەزموونێک لە گشت ئەزموونەکانی سەد ساڵی رابردوودا ببێت بە تیۆرییەک و بیردۆزێکی نەگۆر و ئێستاشی پێ لە قالب بدەیت.”
ئاسۆ کمال: پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لە کوێوە هات؟ ئایا ” بەڵشەفیزم و ئەزموونی سۆڤیەتی” ئەم شێوازەی، واتە سەرمایەداری دەوڵەتی ، وەک سیاسەتی “نیپ” پەیڕەو نەکرد؟ بەڵێ ئەوە لینین وبەلشەفیزمە کە سەرمایەداری دەوڵەتی هێنا و لە کۆنگرەی ١٠دا بەفەرمی ڕایگەیاند .
ئەم لێکۆڵینەوەیە پێمان دەڵێ کە بۆچی مۆدیلی سیاسی بەلشەفی سەرمایەداری دەوڵەتی لە جیاتی سۆشیالیزم پیادە دەکا. لێرەدا ئەو وەڵامە خراوەتە ڕوو بە پێی بەڵگەکان کە مۆدیلی سۆشیالیزمی بەلشەفیزم مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیە و حزب بەپێی ئەم مۆدێلە کاردەکا و پەیوەندی بە چینی کرێکار و تێگەیشتنی لە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و مۆدیلی ڕیکخستن و بەرهەمهێنانی ئابوری بریتیە لە سۆشیالیزمێک کە لەلایەن دەوڵەتێکی تاک حزبیەوە دەچێتەپێش. ئەمە لە بەشەکانی ١٣-١٧ ڕۆشنکراوەتەوە. سەرمایەداری دەوڵەتی بەرهەمی ئەم مۆدێلە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی بوە. کەواتە ڕاستە سیستمەکە سەرمایەداری دەوڵەتیە بەڵام بەلشەفیزم و ئەزموونی سۆڤیەت بەرهەمی سۆشیالیزمی دەوڵەتیە کە سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیادا لە جێگای سیستمی سۆشیالیستی جێگیرکرد.
ئەم ئەزمونەی سۆڤێت و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکان بەشێکی گەورەی لەو مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی پێ لێکدراوەتەوە لە ڕابردوو و ئێستادا نەک هەموو مێژووی چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری. هەرچەند هاوکات باسی ئینتەرناسیونالی یەکەم و کۆمۆنە و ئێنتەرناسیونالی دووەم و سۆشیال دیموکراتیش کراوە وەک قۆناغە مێژوویەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی. بەڵام ڕاستە بەشی شێر بەر سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەردەکەوێت، چونکە مێژووی سەدەی بیست لەژێر کاریگەری سۆشیال دیموکراتی بەگشتی و بەتایبەت شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ڕوخانی دەسەلآتی بورژوازی و گرتنە دەستی دەسەلآت لە لایەن حزبێکی کرێکاری بەلشەفی لە دەورانێکی شۆڕشگێڕانەدا، ئەمانە ئەزمون و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیزمی کردە بێ ڕەقیب.
ئەوەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا خراوەتە ڕوو ئەوەیە کە بۆچی هەم سۆشیال دیموکراتی و هەم بەلشەفیزم پەیڕەویان لەیەک مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کردوە و بۆچی ئەم مۆدیلە وەک ئاخرین مۆدێلێکە کە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست و ئێستاشی پێ دەناسرێتەوە؟وە بۆچی تا ئێستا ڕەخنەیەکی سەرتاپاگیر لەم مۆدێلە سۆشیالیزمی دەوڵەتیە لە بواری حزب و دەوڵەت و ئابوریدا جێگەی نەگرتۆتەوە و هێشتا هەموو حزب و گروپە کۆمۆنیستیەکان پەیڕەو لەم مۆدێلە دەکەن؟ ڕەخنەکان لەسەر سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزم لە بواری حزبدا ڕەخنەیەکە لە بەشەکانی ٥ تا ١٧ دەیبینی و هۆکاری سیاسی و مێژوویی و ئابوری کە وای کردوە کۆمۆنیزم لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا دەرکەوێ بە دورودرێژی باس کراوە.
ئەم مۆدێلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دیدگا و تێگەیشتنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بوە لە هەلومەرجێکی مێژوویی و سیاسی و ئابوری دنیای سەرمایەداریدا و بەرتەسکی ئەم دیدگایە دەگەڕێتەوە بۆ جێگا و ڕێگای بزوتنەوەی کرێکاری و تەجروبەکانی لە دژی سەرمایەداری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و جێگای چینی کرێکار تیایدا. ئەم مەسەلەیە لە بە شی ٢ و ٣ دا بەدورودرێژی باسکراوە.
ئەم پرسیارەت ڕەوایە کە بۆچی” بۆ دەبێت لە لای تۆش ئەزموونێک لە گشت ئەزموونەکانی سەد ساڵی رابردوودا ببێت بە تیۆرییەک و بیردۆزێکی نەگۆر و ئێستاشی پێ لە قالب بدەیت.” ؟
بەڵێ هاوڕێ ئەم ئەزمونەی سۆڤیەت و بەلشەفیەکان ئاخرین نمونەیەک لە گەشەی فکری و بەدیلی سیاسی و ئابووری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریە کە تا ئیستا ئێمە وەک چینی کرێکار پێی گەیشتوین و هەموو سۆشیالیزمی سەدەی بیست و تا ئێستای سەدەی ٢١ یش لەژێر کاریگەری ئەو ئاخرین مۆدێلە لە سۆشیالیزمدایە کە چینی کرێکار بەرامبەر بەسەرمایەداری تاقیکردۆتەوە و کۆپی جۆراوجۆری سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ئارادایە. بەڵام ئەمە هەڵبژاردنێکی سەبژەکتیڤ و ئیختیاریانەی من نیە بەڵکو ئەمە واقعیەتی ململانێی خەباتی چینایەتی کرێکاران بووە کە تا ئەم ئاستە لە نیشاندانی بەدیلی فکری و سیاسی و ئابوری خۆی گەیشتوە و هەربۆیە ئێستا باسی ئەزمەی ئەم مۆدێلە و پیویستی تێپەڕبوون لەم مۆدێلە و نیشاندانی نۆدێلی تر لە سۆشیالیزمی چینی کرێکار هەیە کە بتوانێ سەرمایەداری و بنەما سیاسی و ئابوری و مۆدێلی حزبیەکەی تێپەڕێنێ و من ئەم ڕەخنەیەم لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکان و سۆشیالیزمی دەوڵەتی بە گشتی بە “کۆمۆنیزمی نوێ” ناوزەد کردووە و دیارە مەبەستم ئەوەنیە لەو مێژووەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردووی کۆمۆنیزمی چینی کرێکار داببڕێین بەڵکو پێویستمان بە ئیڤۆلوشن و گەشەپێدانی ئەم کۆمۆنیزمە و خەباتە چیانەیەتیەیە تاکو مۆدێلێکی نوێ لە سیاسەت و ئابوری و حزب بهێنێتە ئاراوە . ئەمە هەمان یاسا و پرۆسە بوە کە بورژوازیش لە دژی دەرەبەگایەتی پیایدا تێپەڕیوە تاکو وەک چینێک مۆدێلی سیاسی و ئابوری و فکری خۆی داڕشتوە و جێگیری کردوە.
چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست و سیاسەت و ئابوری کۆمەڵگە بە دەستەوە دەگرن ئەو ئاستە دەبێتە بەرزترین ئاستی فکر وتەجروبە و مۆدێلی کۆمەڵگەی سۆشیالیستیە کە بەواقعی پیادەی دەکەن و ئەم بەرزترین ئاستەی پراتیکی چینی کرێکارە کە وای کردوە سۆشیالیزمی دەوڵەتی ببێتە ” تیۆرییەک و بیردۆزێکی نەگۆر و ئێستاشی پێ لە قالب دەدرێت.” چینی کرێکار دەبێ لە شۆڕش و دەسەلآت بەدەستەوە گرتنێکی تردا جۆری سۆشیالیزمی جیاواز بسەلمێنێ تاکو بزانین چ جۆرێکی تر لە دەسەڵآتی سیاسی و مۆدیلی ئابوری و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی پیادە دەکەین. بەڵام لە ئاستی ڕەخنە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا هەر ئێستا دەتوانین بگەین بە مۆدێلێکی تری حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە “ڕۆحی دەوڵەتی کرێکاری” و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی لە خۆیدا نیشان بدا. وە هەروەها دەتوانین بنەما فکری و سیاسی و ئابوریەکانی کۆمۆنیزم لەم ڕەخنەیەوە دەست نیشان بکەین. بەڵام ئێمە کە سەیری تەجروبەکانی سەدەی ٢٠ و تا ئێستامان دەکەین دەبینین بەگشتی لەژێر کاریگەری ئەم تەجروبەیەی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدایە و لەم لێکۆڵینەوەیەمدا ئەم مەسەلەیەم لە بواری حزب دا سەلماندوە بەپێی لێکدانەوەی فاکت و ڕاستیەکانی حزبە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و ترۆتسکیستی و حیکمەتیستیەکان.
سەرەڕای خستنەڕووی ئەو ڕەخنە پێشڕەوانەی کە ترۆتسکی و تۆنی کلێف و مەنسوور حیکمەت کە لەم کتێبەشدا ئاماژەیان پیکراوە لە سەرمایەداری دەوڵەتی بەڵام هاوبەشی تێگەیشتنی ئەم ڕەخنەگرانە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی تا ئێستامان لەگەڵ مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە حزب و تێگەیشتن لە دەوڵەتی بەلشەفی و دیکتاتۆری حزبیدا نیشان داوە. هەربۆیە “کۆمۆنیزمی نوێ” نەک تەنیا وەک ڕەخنەگری سەرمایەداری دەوڵەتی بەڵکو وەک ڕەخنەگری سۆشیالیزمی دەوڵەتیش باسەکان و ئەنجامگیریەکانی خۆی پێشکەش کردووە. حزبی کرێکاری مۆدێلێکی جیاواز لە حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ناسێنراوە و بنەما جیاوازیەکانی ئەم سۆشیالیزمەی لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی تیادا نیشان دراوە.

Add Comment

Click here to post a comment