بابەتی هەڵبژاردە وتار

خەڵک دەیەوێ چی بگۆڕێ؟

سیستمی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان لە ئەزمەیەکی ھەمەلایەنەدایە. ھۆکارێکی سەرەکی ئەم ئەزمەیە نزمبونەوەی ئاستی ئاڵ و گۆڕی بازاڕی سەرمایەیە بە ھۆی پەتای کۆرۆناوە کە ئەم ئەزمەیەی کردۆتە قەیرانێکی سەرتاپاگیر و جیھانی .  لەم نێوەدا ووڵاتانێکی سەرمایەداری کە لە ژێر سایەی ھەژمونی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان و بانکی جیھانی و کۆمپانیا ترانس ناشناڵەکان و ئابوری رەیعی نەوتدان ، ڕوبەڕوی داڕمان و شکستی گەورە دەبنەوە.

لە کوردستان باری قورسی ئەم قەیرانە بە سەرشانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتدا شکاوەتەوە، وە  ئەم دەسەڵاتە سیاسی یە خەڵکی کردۆتە قوربانی پاراستنی سەرمایەی کەڵەکەبووی خۆی . ئەو ئامادەنیە لەو سەرمایە کەڵەکەبوەی لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوەوەی کوردستان کۆی کردونەتەوە ھیچ بودجەیەک بۆ دابینکردنی موچە و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگ بەھۆی کۆرۆنا و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان سەرف بکا ، وەک لە زۆربەی وڵاتانی تردا بەناچاری بورژوازی دەیکا.  بە پێچەوانەوە حکومەتی ھەرێم ژیانی خەڵکی داوەتە دەست مەرگی کۆرۆنا و برسیەتی و بێکاری یەوە. ھەربۆیە خەڵکی بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە ھاتۆتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان زۆر شوێنی گرتۆتەوە و بەھوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەڕووی دەسەڵات بۆتەوە.

لە دروشمی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی ڕانیەدا دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپزسێۆنی ساختە” بەرزکراوەتەوە. ئەم دروشمە نیشانەی وشیاریەکی تازەی خەڵکە بە ڕێگاچارەیەکی جیاواز لەوەی پێشترلە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ساڵانی دواتردا ھەیبوو ، کە بەرتەسک دەبوەوە لە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگای پەرلەمان و ئومێد بەستن بە ئۆپۆزسیۆنی حزب و لیستە بورژوازیەکان.

ئەم وشیاریەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا نەک ھەر بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و پەرلەمانەکەیانە بە ڵکو ڕوو لە “گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ” شە. خەڵکی ئیتر ئەزموونی ئەوەیان کردوە کە ئەم حزبە بورژوازیانە ھەمیشە پێ یەکیان لە ناو خەڵک و ھەموو لاشەیان لە لای دەسەڵاتە ، ئەوان خیتابی سیاسیان ڕووی لە خەڵک و پراتیکیان لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵات دایە . ھەوڵی چەواشەکارانەی ئەم حیزبانە بۆ خەڵک ئەوەندە ئاشکرایە ، کە خۆپیشاندەران بە ھوشیاریەکی تازەوە مامەلە دەکەن لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبانە. پێ دەچی خەڵکی نەھێڵن جارێکی تر ناڕەزایەتیەکانیان ببێتە ئامڕازی دەستی ئەم حیزبانە بۆ دابەشکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و بودجە و داھاتی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆیاندا.

لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە گرنگە لە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا ، ھوشیاریەکی فراوانتر پێویستە سەبارەت بەوەی  کە لە کوردستان چ سیستمێک دەسەڵاتدارە و چۆن ئەم سیستمە لەباری سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە بەرھەم دەھێنرێتەوە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی یەوە . ئەمە گرنگە تا بزانین دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی چیە ، وە بەرژەوەندی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیانەش لە ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمەدا چی یە  ، ئەوان لەگەڵ چ شتیکیدان و دەیانەوێ چی لەم سیستەم و ئیدارەیە بگۆڕن بە خۆپیشاندانی خەڵک؟

تێگەیشتن  لە بنەماکانی  سیستەمی سیاسی وئابووری ھەرێم دەتوانێت یارمەتی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان بدات لە دەستنیشانکردنی کێشە ئەسڵیەکانی ئەم جۆرە لە دەسەڵات ،  وە ھەروەھا لە دۆزینەوەی بەدیل و جێگرەوەیەکی ئیداری و سیاسی و ئابوری کە بتوانێت شوێنی ئەم سیستمی دەسەڵاتدارێتەی یەکێتی و پارتی بگرێتەوە بە جۆرێک کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و زەحمەتکێشانی کوردستان مسۆگەر بکات ؟ . لێرەشەوە دەتوانین بزانین  کە خۆپیشناندانەکانی ئێستا دەتوانێ بەرەوکوێ بڕوات ، وە چۆن خەباتێکی سەرتاسەری بۆ گۆڕینی بنەماکانی ئەم سیستەمە بە قازانج و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی بیگۆڕێ ؟.  گرنگیەکی تری ئەم بابەتە لەوەدایە کە یارمەتی دەدات کە چۆن بە ستراتیژ و تاکتیکی جەماوەری و سیاسی خەڵکی بتوانن نەک ھەر ئەم سیستەمە ھەڵوەشێننەوە ، بەڵکو رێگە نەدەن لە کاتی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا ھیچ حیزب و دەستە و گروپێک جارێکی کە سیستەمی لەم جۆرە بە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی بونیاد بنێنەوە.

زۆر گرنگە کە خەڵک بزانن کە ئەم سیستەمە سیاسی و ئابووری یەی پارتی ویەکێتی و ھاوپەیمانەکانیان چۆن کار دەکات ؟ ؛ بۆچی گەشتۆتە ئەم ڕادەیە ی ئێستا لە ناکۆکی ؟  بۆچی خەڵکی دەبێت باجی قەیرانە ئابوریەکانی بدات لە کاتێکدا سەرانی ئەو حیزبانە دەوڵەمەند تر دەبن؟ ئەم ناکۆکیە لە کوێدایە؟ مان و نەمانی ئەم سیستەمی دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی و لە دژی کێ یە؟

ئێمە لێرەدا دەمانەوێت بە سادەیی باس لەم خاڵە گرنگە بکەین بە و ئامانجەی کە بەشداریەک بکەین لە پرۆسەی دروستکردنی ھوشیاریەکی گشتی و چینایەتی سەبارەت بە تێگەشتن لە ئابووری سیاسی کوردستان . بۆ ئەم تێگەشتنە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی وا پێوسیت دەکات کە بچینەوە سەر بنەماکانی دامەزراندن و سەقامگیر بوونی ئەم دەسەڵاتەیان . لێرەدا بوار نیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەست پێ بکەینەوە ، بۆیە ڕاستەخۆ دەچینە سەر دەورانی دوای ٢٠٠٣. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە بنەماکانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە سەقامگیرتر بوون و ڕەسمیەتێکی نێو دەوڵەتیان پەیدا کرد ، ئەمەش لە بەرئەنجامی ئەو فرسەتانەی کە بۆیان ھەڵکەوت لە دوای ئەو گۆرانکاریە عەسکەری و سیاسی و ئابووریانەی دوای داگیرکاری ئەمریکا و ڕووخاندنی حکومەتی بەعس. کەوایە با بزانین ئەو فرسەتانە چی بوون:

دروست بوونی دەوڵەتی ترانس ناشناڵ
کوردستان لە ٢٠٠٣ ەوە بە فەرمی بوە بە بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق.  ئەم دەوڵەتە ئەمریکا و ئیدارەی بوش بە راوێژکاری لەگەڵ کەسانی وەک تۆنی بلێر و نیولیبرالەکانی ڕۆژئاوا نەخشەیەکی سیاسی و ئابووری تەواویان بۆ چوارچیوەی عێراقێکی فیدرالی سیکتاریستی و بەش بەش کراو دوای سەدام حسێن دانابوو. کوردستانیش بوە بەشدار لە پێکھێنانی دەولەتێکی لاوازی ” ترانسناشنال” کە تیایدا چیتر یەک بەرژەوەندی “نیشتمانی” سەرانی ئەو دەوڵەتە کۆناکاتەوە ، بەڵکو شتێک بە ناوی بەرژەوەندی گشتی نامێنێت ، وە جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی ھەر سێکست و ئەتنیکێک (وەک کورد) پەیوەست دەبێت بە پارسەنگی ھێز و رادەی ھێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە “نوێنەرایەتی”یان دەکەن.

ئەم ھاوکیشە سیاسی یە لەلایەک مەترسی گەورەی بۆ سەر ژیان و سەلامەتی وئەمنیەتی خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ خۆی ھێنا ، و تا زەمەنێکی نادیار تووشی شەڕێکی نەبڕاوەی مەزھەبی و تایفی کردوون؛ لە لایەکی کەوە بۆ ئەوانەی کە ڕەنگ ڕێژو پلاندانەری ئەم جۆرە لە دەسەڵات بوون بۆ ھەمان زەمەن بۆتە خێر وبەرەکەتێکی زۆری کۆکرنەوە و بەگەڕخستنی سەرمایە ، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوت ، ھەروەھا دابەشکردنی داھات و پارەی قەرز و فریاگوزاری دەزگا نێو دەولەتیەکان و بەشکردنی تەندەر و کۆنتراکتی کۆمپانیا جیھانیەکان کە سەرەیان گرتبوو بۆ دووبارە دروست کردنەوەی عێراق لە داھاتێک کە ئەمریکا لە نەوت بردبووی وبە ملیارەھا دۆلار مەزەندە دەکرێت.

واتە دەوڵەتی عێراق لەو مۆدێلەی “دەوڵەتی نەتەوە” ی بەعسەوە گۆڕدرا بە دەوڵەتێک کە سەرێکی بەسترایەوە بە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیھانیەکان و دەولەتانی ناوچە کە نیازی ئابووری و سیاسی گەورەیان ھەبوو لە عێراق . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ..ھتد ، وە ڕاددەی دەستێوەردانیان لە عێراق چەندە پەیوەندی بە ھەژمونی دەسەلاتی سیاسیانەوە ھەیە لە ناوچەکەدا ، سەرێکی تری وا بە بەرژەوندی ئابووری گەورە و ناوچەیی لە بواری نەوت و گاز و ئاو و کارەبا و بازرگانی و کالا ساغکردنەوە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان و ،،ھتد.

ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالە جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا ھێنا . سیاسەت کردن لە عێراق ، سەرباری ئیدعاکانی وەک سیاسەتێکی ‘ دژە دیکتاتۆری ، دیموکراتی ، مافی کەمەنەتەوەکان ، مافی ژنان و فرەیی و ..ھتد ” ، لە راستیدا بۆ ھەر ھێزێکی سیاسی بەشدار بوو بچوک بوەوە بۆ ھاوکێشەیەکی سادە کە بریتی یە لە شەڕکردن بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داھاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی.
ھەروەھا مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچە و جێگای خۆیدا بەسەر دابەش کردنی زەوی و زار و سەرچاوەکانی کارەبا و ئاو و سامانەسروشتیەکانی تر . بەم پێ یە سیاسەت بەکارھێنرا و دەھێنرێت بۆ پرۆسەی  کەڵەکەی سەرمایە ھەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەھەم بۆ کۆمپانیا جیھانی و ئیمپریالیستیەکان.

ئەم کەڵەکەی سەرمایەیەش لە ڕێگەی  داھاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان و ئابووری بەکڕێ دان، وە لە دەستبەسەردا گرتن و دابەشکردنی زەوی زار،  و ھەم لە دەستبەسەداگرتنی سەد و بەنداو و خاڵە سنوریەکان تا ئێستاش بەردەوامە. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایە پاڵنەر وبابەتی سەرەکی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان ، وە شەڕو و ئاشتی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە بەردەوامی .  ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن گەشتۆتە ڕاددەیەک کە لەم سالانەی رابردوودا ئەو پۆستە وزاری و گرنگانەی کە کۆنترۆڵی ھەیە بەسەر زۆرترین سەرچاوەی داھاتدا ، نرخی تایبەتی لەسەر بێت بۆ فرۆشتنەوە ؛ وە شەڕی گەورە ھەمیشە بە دەوری سێ پۆستە  گەورەکەدایە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانە.

فرسەت لە بواری سیاسی
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەم ماوەیەدا لە ڕەسمیەت دان بە دام و دەزگاکانی ، ناوبانگ و کردەی لە دنیای نێودەوڵەتیدا ، بەشداری لە پرۆسەی گۆرانکاری سیاسی و ئابووری لە عێراقدا و ڕەسمەیت دان بە دەسەلاتیان لە کۆمەلگەی نیو دەوڵەتیدا وەک بەشێک لە فدراڵیەتی عێراق دەرگای بۆ خرایە سەرپشت و بەپێی دەستور ئەم مافانەی حزبەکانیان و پۆستە وەزاریەکان و دەسەڵاتی ڕەھای خۆیان بەسەر کوردستاندا ڕەسمیەت پێدا.

لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا ئەم دەستکەوتە حزبیانەیان لەگەڵ خیتابیکی ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە بەھێز و حەماسی پێچرابوەوە کە خەڵک پێی وابوو کە لاپەڕەیەکی تازە ھەڵدەدرێتەوە و دنیا دەگۆرێت و لەگەڵیدا پارتی ویەکێتی دەگۆرێن و ژیان بۆ ھەموو لایەک باشتر دەبێت لە کوردستاندا.

لەسەرەتاوە پارتی ویەکیتی تا فێری چۆنێتی ئەم دابەشبوونە لە دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا بوون پێویستیان بەوەبوو کە پێکەوە فراکسۆن دروست بکەن  و یەکگرتووبن ؛ دواتر نەک ھەر ئەوان ، بەڵکو بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێش فێر بوون کە ئەوە ” کورد بوون” نی یە لەم دەوڵەتە نوێ یەی عێراقدا کە پاڵنەری سەرەکی پێکەوە کارکردن و دەنگھەڵبڕین بێت ؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دەست بۆ کێ ھەڵئەبڕی و دەنگ بە چی دەدەیت و ئەو دەنگدانە چ قازانجێک بۆ خۆت و گروپەسیاسیەکەت بەدی دێنی ؛ تەنانەت ھەندێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی نێو ئەنجومەنی عێراق ئەوەندە فێری ئەم ھونەرە سیاسی یە بوون کە زۆر ئاسایی سەربەخۆ کاردەکەن و مامەڵەی جۆرا جۆر بە پلە و پۆستەکانیانەوە دەکەن لە گەڵ ھەر لایەنێکی نێو پەرلەمانی عێراقدا کە نرخێکی زیاتریان لەسەر دانێ . ھەربۆیە دەبینین کە ئەم حیزبە کوردیانە کە کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە کەی پێویستیان بوو، خۆیان زۆر مەسەلە نیە لە لایان و تەنھا بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ئەو خیتابە بەکار دێنن .
گرنگترین شت کە پیویستە بیزانین ئەوەیە کە سیاسەت  بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندی ئابووری حیزبەکان و ھێزەکانی نیو پەرلەماندا بەکار ھێنراوە . بەڵام بەرژەوەندی حیزبەکان و لایەنەکان بە تەنھا خۆیان دیاری ناکەن ، بەڵکو کۆمپانیا جیھانیەکان دەستێکی باڵایان ھەیە لە ئاراستە کردن وکۆنترۆڵکردنی بەرژەوەندیەکانی ھەر لایەنێکدا . حکومەتی ھەرێمیش خۆی بوە باشترین نمونەی ئەم دەوڵەتی ترانس ناشناڵ و فرە کۆمپانیایە . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا..ھتد ، وە ڕادەی دەستێوەردانیان لە کوردستان چەندە پەیوەندی بە دەسەلاتی سیاسیەوە ھەیە ، سەرێکی وا بە بەرژەوندی ئابووری ناوچەیی بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز دا . پەرلەمانی کوردستانیش بوە بە ئەو دەزگایەی کە مۆر بدات لەو یاسایانەی کە دەرگا ئاواڵا دەکات بۆ مامەڵە و بازرگانی نێوان کۆمپانیا ترانس ناشناڵیکان لەگەڵ کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی یەکێتی و پارتی و بەم دواییانەش گۆڕان ؛ ھەر ئەم حیزبانەش  ئەم کەڵەکەی سەرمایە یە بۆ خۆیان بە ناوی دەستکەوتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابوری و سیاسیەوە دەفرۆشنەوە بە خەڵک ، بە بێ ئەوەی ھیچ جۆرە بوژاندەنەوەیەکی ئابووری و دەستکەوتێکی ماددی ئەوتۆ یان لێوە بەدەست ھاتبێ بە قازانجی خەڵک.

فرسەت لە بواری ئابووری
ئەو فرسەتانە چی بوون کە لە باری ئابووریە وە بۆ پارتی ویەکێتی ھەڵکەوت و ئێستاش بۆ گۆڕان و ئەوانی دی و کاریان پێ دەکەن.

1-  ١٠٠ بڕیارە بە ناوبانگەکەی پۆڵ بڕێمەر بۆ نیولیبرال کردنی ئابووری عێراق ؛ لەوانە ئازاد کردنی بازرگانی لەگەل کۆمپانیا جیھانیەکان ؛ داخستن و پشتگوێخستنی ٢٠٠ دەزگای کەرتی گشتی و دامەزراوەی حکومەتیەکان ؛ پەکخستنی بانکی نیشتمانی و بڕیاردان لەسەر ئازادی ھات وچۆی پارە ؛ لابردنی باج لەسەر بازرگانی جیھانی و ئەمانە و چەندینی تر.

2- فەندی بونیاد نانەوەی عێراق  و تەندەری شەریکات و کۆمپانیاکان ؛ ئەم فەندە لە و ساڵەی کە بریمەر حاکمی عێراق بوو بریتی بوو لە دەیان ملیار دۆلار ؛ کاتێ بریمەر لە کۆتایی ساڵەکەدا دەورەی حوکمی تەواو بوو ، تەنھا سەرفکردنی ٤ ملیاری ئەم پارەیە دیار بوو بۆ کوێ چووە . بریمەر زۆرێک لە تەندەرەکانی دا بە کۆمپانیا جیھانیەکان و تەنھا بەشێکی کەمیان بەرشەریکاتی عێراقی کەوتن .. تالان و بڕۆی ئەم فەندە بێ وێنە بووە.

3- حیزب و کۆمپانیا و بنەماڵەکان : سەردەم سەردەمی دروست کردنی کۆمپانیا و تەندەر و شەریکاتی بازرگانی و ..ھتد ؛ بەکارھێنانی پێگەی سیاسی ھەم لە ھەرێم و ھەم لە عێراق بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە نەک خەڵک ، نیشتمان و ھەرێم وە مافی گشتی.

4- کەڵەکەی سەرمایە لە ڕێگەی بەتاڵان بردن و کردنی زەوی بە موڵکی تایبەتی ؛ بەکار ھێنانی پێگەی سیاسی ، پەرلەمان و دەزگای دادوەری بۆ دابەشکردن وبەتاڵان فرۆشتنی زەوی زاری کوردستان ، لە شارەکان و لە دەرەوەدا؛ بەم جۆرە بە ھەزاران دۆنم زەوی لە موڵکی گشتی ەوە بوون بە موڵکی تایبەت و موڵکی بنەماڵەکانی نێو ھەردوو حیزب.

5- ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانویست کاڵا بێننە کوردستانەوە دەبوو لە کوردستان کۆمپانیا ھەبێت دابەشی کالایان بۆ بکات ؛ یان بیفرۆشێ و ساغی کاتەوە ؛ یان ئەگەر سەرمایەیان ھەبوایە دەبوونە شەریک ؛ ئەم چەند ساڵە کات کاتی دامەزراندنی کۆمپانیا و شەریکاتی بازرگانی و عەقار و خانووبەرەوە بوو . زۆربەی کۆمپانیاکان ھی بەرپرسەکانە و لە ڕیگەی کەس و کاری نێو حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و بەڕیوەبەرەکانەوە تەندەر و کۆنتراکەتەکانیان دابەش دەکردەوە بەسەر خۆیاندا . دروست کردنی شەریکاتی وەھمی و پشتی پەردە و وەرگرتنی عقود لە حکومەت خزم و کەس و بنەماڵەی خۆیان . کەلەکەی سەرمایە پرۆسەیەکی دوور و درێژ و ھەندێک جار ئازار بەخشە ؛ خەڵک زۆرن کە زەویان داگیر کراوە یان فیڵیان لی کراوە یان بە زۆر ئیمزای فرۆشتنی زەویە و ماڵەکەیان پی کراوە ، بە تایبەت لە ناوچە ستراتیچی و گرنگەکانی شارەکان و شارۆچکە سنوریەکان.

لە کوردستان حیزب ئامرازی مانەوەیە لە دەسەڵاتدا ؛ دەسەڵات بریتی یە لە قۆرخی جوڵەی ئابووری ؛ واتە وەبەرھینان و بازرگانی ؛ وە ھەروەھا بوونی میلیشیای چەکدار بۆ پاراستنی موڵکی بنەماڵەکان ؛ ئەمە دوو کۆڵەکەی دەسەڵاتن ؛ بۆیە بە تەنھا دەنگ نەدان بەم حیزبانە نایانکاتە دەرەوەی دەسەڵات ؛ بەڵکو دەبێت ھێزی چەکدار ھەبێت لە بەرامبەر بە ھێزەکانیان. وەیان ئامرازی تر ھەبێت کە خەڵک بەکاری بێنێت بۆ تێک شکاندنی ئەم تۆڕە کە پارێزەری لە بەرژەوەندی چەند بنەماڵەیەک دەکات و ٩٩٪ ی خەڵکی وکوردستانی کردۆتە قوربانی.

بەشێک لە دەرئەنجامەکانی نیو لیبرازە کردنی عێراق و کوردستان شان خاڵی کردنەوە دەسەلات بوو لە پەیدا کردن یان دابین کردنی کار بۆ دەرچوانی تازە ؛ بۆ بێ کاران ؛ بە تالان فرۆشتنی دەیان دامەزراوەو کارگەی کەرتی گشتی و کردنیان بەموڵکی تایبەت ؛ بە کالا کردنی سەرچاوەی کارەبایی و ئا و و مەوادی بینا و ئەمانە . ئیستا ھەریەک لەم کاڵایانە کە موڵکی گشتین ووردە ووردە بوونەتە ئامرازی فرۆشتن و قازانج پەیدا کردن بۆ بنەماڵەیەک یان بەرپرسێک یان چەند دانەیەکیان پیکەوە . چونکە لە ڕیگەی بە تایبەتی کردنی ئەم بوارانە دەیفرۆشەوە بە نرخی زۆر ھەرزان بە خۆیان ؛ دواتریش ھەر لە بودچەی گشتی فەندیان دەدەنی بۆ پیشخستن و کڕینی ئامێر و دابین کردنی بۆ خەڵک ؛ وە دواتریش خەڵک دەبێت پارە بدات بۆ بەدەستھێنانیان.

بانکی جیھانی ماوەی ٣ ساڵی بۆ حکومەتی ھەرێم دەست نیشانکرد بوو لە ٢٠١٧ەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ھەنگاوانە واتە تا ٢٠٢٠ ، بەڵام لە ڕاپۆرتێکیان دا دەڵێن کە حکومەتی ھەرێم توشی سەرسوڕمانی کردوین کە “ھەنگاوی خێرای وای ناوە لەیەکساڵی ڕابردودا کە %٣٧ سەرفیاتی کەمکردۆتەوە لە ڕێگەی  کەمکردنەوەی موچە و ریفۆرمی پشتیوانی نرخ و خزمەتگوزاریەکان (واتە گرانکردنیان).*

بواری عەسکەری
دەوڵەتی پڕ لە ناکۆکی و بەرژەوەندی جیا جیا ی ترانس ناشناڵ لە عێراقدا پێویستی بە ھێشتنەوەی میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی بوو ، ھەربۆیە وەک بەشێک لە ھێزی سەربازی عێراق قبوڵ کران.  ئەمەش ھێزی چەکداری ئەم دوو حزبەی کردە کۆڵەکەی بەھێزی ھێشتنەوە و پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتی ھەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێک لە بەرامبەریان.

لە دوای چەند ساڵێک ، لە لایەک شکستی ئەمریکا لە عێراق و زیاتر میلیشیایی بوونی دەسەڵات  لەعێراقدا و ململانێی فیدراڵی ، وە دواتر شەڕی داعش و کێشە لەسەر ناوچە ناکۆکەکان و بەردەوام دەستێوەردانی سەربازی تورکیا و ئێران ، ھەموو ئەمانە کوردستانی وەک ئیدارەیەکی سەربازی ھێشتۆتەوە و بیانووی داوەتە دەستی پارتی ویەکێتی کە ئەم ھێزە میلیشیانەیان نەک بەرامبەر بەو ھێزە دەرەکیانە و بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بەکار بێنن ، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵک و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەکاریان بێنن.
ھەربۆیە دەبینین کە ڕیژەی بودجەی ھێزی چەکدار و حزبی ئەم حزبانە لەسەرووی ھەموو بەشەکانی تری حکومەتی ھەرێمەوەیە و بریتیە لە نیوەی بودجەی ھەرێمی کوردستان.  ڕاگرتنی ئەم ھێزە  نیوملێونی یە لە ناوچەیەکی ٥ ملێۆنیدا ، پایەیەکی بەھێزی ئەم دەسەڵاتەی لەناو خەڵکدا دروست کردوە ، بەوەی کە بەشێک لەم خەڵکەی کردۆتە ئامڕازی سەرکوتی خۆیان تەنیا لەبەرئەوەی بژێوی ژیانیان لەسەر کاری سەرکوتگەری و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دوو حزبەیە. ھەر ئەمەش  ھۆکاری موچەی بن دیواری زۆروزەبەندی حزبیە.

قەیرانی ئێستای ئەم سیستمە
قەیرانەکانی ئەم سیستەمە ، وەک پێش ٢٠٠٣ ، تەنیا پەیوەست نیە بە کێشەی نێوخۆی ناسیونالیزمی کورد لە نەبونی ئاسۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیان لە ھەرێمدا، چونکە ئەم کێشەیە لە نێو دەوڵەتێکی پڕ ململانێێ ، فیدرالی ترانس ناشنال و میلیشیایدا بووەتە سیمایەکی ئاسایی سیاسەت کردن ؛ وەک ئەوەی پێویستیەکی سەرەکی کێشە و ململانێێ دەسەڵات بێت لە عێراقدا.

بەڵکو قەیرانی ئابوری لە ھەرێمدا ئیتر بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی فراوانتر کە ھەمیشە قەیرانی سیاسی و ئیدارییش بەدوای خۆیدا دێنێ. ھۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بەسترانەوەی ئابوری کوردستانە  بە بەرزونزمی نرخی نەوتدا، چالاکی و ئاستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ، بە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا و کێشەی بودجەی فیدرالی ، ئەمانە ھەمووی پێکەوە خەریکە حکومەت و دەسەڵاتی ئابوری یەکێتی و پارتی بەردەوام لە ژێر فشاری شکستی گەورەی ئابوریدا دادەنێ. لەم کاتی کۆرۆنایەدا کە ئابوری جیھانی ھەمووی تووشی قەیرانی گەورە بووە ، ئەوا ھەموو ئەو سەرچاوە و فاکتەرە ئابوریانەی سەرەوە حکومەتی ھەرێمی توشی بێ پارەیی کردوە.

ئەگەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی تری سەرمایەداری بەناچاری لەم کاتەدا لە سەرمایەی کەڵەکەبووی چینی دەسەڵاتدار خەریکن یارمەتی حکومەتەکانیان بدەن و دەوری حکومەت بە پێچەوانەی سیاسەتی نیولیبرالیەوە زیاتر بکەن لە سوڕانەوەی سەرمایە و دابین کردنی پێویستی یە دارایی و خەرجی یە تەندروستیەکانی خەڵکی ، ئەوا حکومەتی ھەرێم بە ھیچ جۆرێک نایەوێ ھیچ پارەیەکی کەڵەکەبووی ١٥ ساڵی ڕابردوو کە لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوخۆی بنەماڵە و سەرکردەی حزبەکانیدا بێنێتە دەرەوە و موچە و پێویستی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و خزمەتگوزاریەکانی بۆ خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستانی پێ دابین بکا.

بگرە بە پێچەوانەوە ئەم حکومەتە لەم کاتەدا خەریکە فرسەت دێنێ بۆ بە تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان ، لەوانەش تەندروستی بۆ فریاکەوتنی تووشبوانی کرۆنا ، چۆڵ کردن و پشتگوێخستنی خەستەخانە گشتیەکان ، بڕینی مووچە و بە ھەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەم دەرامەتە. بۆیە خەڵک لە بێ موچەیی و ھەڕەشەی مەرگ بە کۆرۆنا و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ ھێڵراوە ، وە ھیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ .
ڕێگا چارە چیە؟

ڕێگاچارەی بەردەم خەڵکی کوردستان لە ئێستادا تەنھا فشارھێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە، کە تاکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی چەند ساڵەی بەکاری بێنێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و چارەسەری کۆرۆنا و دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە سەرەکیەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا.

بەڵام چۆنیەتی کارکردن و مانەوەی ئەو سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیایی یەی باسمان کرد نیشانمان دەدا کە بۆچی سەرەڕای ئەم دۆخە قەیران گرتوەی ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت دەکاتەوە ؟ لەم قەیرانەشدا توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری لە ھەموو کات زیاتر پێویستە وەک سەرخانێکی سیاسی بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوری نیولیبرالی سەرمایەداری کە پشتی بەستووە بە ئابوریەکی رەیعی نەوت و ھەرزان ڕاگرتنی ھێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک.

پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ کەمایەتیەکی حزبی و ھەژارکردنی زۆربەی خەڵک، ئەو پەیوەندیەیە کە ھەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچار دەکا کە دەبێ مل کەچی بن. ئەمانە پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانس ناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە.

کەواتە ھانا بردن بۆ ئەمریکا یان بۆ فشاری تر لە پێناوھێنانی دیموکراسی زیاتر ، یان پەرلەمانێک کە ھەموو حزبەکان تیایدا بەشداربن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی نەھێڵێ و یاسا سەروەر بێ، شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێ لەم بەرنامە نیولیبراڵەی کە بانکی جیھانی دەیەوێت بەرقەرار بێت لە عێراق و کوردستان .  ھەربۆیەشە گۆڕینی ئەم سەرخانە میلیشیایی و بنەماڵەییە لە ھیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بورژوازی بەھرەمەند نی یە وەک ئەوەی گۆڕانخوازەکانی پێشوو و نەوەی نوێکانی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن.

دوای تەجروبەی ١٧ ساڵ لە دەوری ئەمریکا و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی لە عێراق و کوردستاندا ، ئاشکرایە کە ھەموو ئەم چاکسازی یە دیموکراتیانە ھێشتا ھەر دەبێ ملکەچی سیستمی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانس ناشنالەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..ھتد . ھەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان، خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە ، وە لەمەش زیاتر ھوشیاری خەڵک بە جۆرێک چوەتە سەر کە بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لەقەڵەن دەدەن. ئەمانە ھەنگاوێکن بۆ پێشەوە.

دروشمی نا بۆ پەرلەمانی کارتۆنی نیشانەی تەجروبەیەی ١٠ ساڵی ڕابردووی خەڵکە لە کوردستان بە ئومێد بەستن بەوەی ئەم پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆن ئەم سیستمەی بۆ بگۆڕێ. بەڵام دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنیا ڕیژەی کورسیەکانی یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو دەورێکە کە پەرلەمان لەم سیستمە سیاسی وئابووریەی یەکێتی و پارتیدا ھەیەتی. ئەم پەرلەمانە خەریکی سازکردنی ئەو یاسایانەیە کە سیاسەتی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم دوو حزبە  پێویستیەتی . ھەر حزبێکی تری وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ تەنھا دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سیاسەت و یاسایانەدا داوای بەشی خۆیان بکەن. بە تەجروبەش دەرکەوت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنەش لە پەرلەمان وەک کارتی فشارێک بۆ ئەم بەشە لە ئیدارە و داھات شەڕ دەکا و ھەر کات ئەم بەشانەیان پێ درا ئەوا دەبنەوە بە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و پۆستی حکومی وەردەگرن.
ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی ، و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن ، ھیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ ، وە ھەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی ھەژارترکردنی ھەژارەکان کۆکن ، وە ئەمەیان بە کردەوە پیادە کردوە ھەر کاتێک بوونەتە بەشێک لە دەسەڵات. ھەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە.

لێرەدا خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، کە ھەنگاوێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا. بۆ نمونە، ناڕەزایەتیەکانی شاری ڕانیە داوای دروشمی ” لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئەو دەڤەرە” بەرزدەکاتەوە  لەبەرامبەر گەندەڵی و نەبونی خزمەتگوزاری . لە بواری تەندروستیشدا دەنگی نارەزایەتی لەدژی تایبەتی کردن و بازرگانی کردنی دەسەڵات بە بودجەی دەرمانەوە بەرز بۆتەوە ، و خواستی دروستکردنی بۆردی نەخۆشخانە گشتیەکان ھەر لە کارمەندانی تەندروستی بەرز کراوەتەوە . ئەمانە ھەموو نیشانە سەرەتاییەکانن بۆ دەرکەوتنی بەدیلێکی جەماوەری دژ بە دام ودەزگاکانی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی ئێستای کوردستان. ئەم ھەوڵانە خاڵی ھاوبەشیان بریتیە لە دروستبونی ھێزیکی تر لە دەرەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی ئێستا و دامودەزگا سیاسی و حزبیەکانی و پەرلەمانەکەشی.

ئەم ھوشیاریەی جەماوەری ناڕازی بەوە دەگاتە  ئاستێکی باڵاتر کاتێک خەڵکی ناڕازی بروای بە بەدیلی خۆی ھەبێت کە داواکاریەکانی بۆ بەدی بێنێ، نەک بە ھێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆی.  ئەم چینە ناڕازیە لە کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و لاوان و خانەنشینان و ھتد ، لە تەجروبەی خۆیانەوە بۆیان دەرکەوتتوە کە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و ئازادی سیاسی لە ڕێگای ئەم حزب و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنانەوە دابین نابێ،  وە  بە ناچاری ھەست بە پێویستی دروستبوونی ھێزی ڕیکخراوی خۆیان دەکەن کە بێتە مەیدان و فشار دروست بکات بۆ بەدەستھێنانی ھەریەک لەم پێداویستیە سەرەتاییانە.
ھەنگاوی لێپرسینەوەی جەماوەری لە دامودەزگا لۆکاڵیەکان دەتوانێ ھەنگاوێکی پیشڕەوانە بێت، وە بەرەو چاودێری فراوانی جەماوەری بچێ لەسەر دەسەڵات و دەزگا کانی تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لێیان  بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەریان. دروستکردنی چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ ھێزی ناڕازی ئێستا لە ھەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە ھەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.

داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێ ھێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێ.  ئەم دەستە ناڕازیانە دەتوانن داوای ھەڵبژاردنی ھەموو بەڕیوەبەر و بەرپرسانی شار و دامودەزگاکان و وەزیرەکان و سەرۆکی حکومەت بکەن و لەم ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان بخەنە جێگای نوێنەرانی دەسەڵات.

ئەم ‌ستراتیژیەی کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە ھەموو شوێنێکدا چاودێربن بەسەر دام و دەزگای و حکومەتی ھەرێمەوە لە کاتی ھەر دزیەک کە لە نەوتدا دەکرێ، لەھەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، لەھەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەدزرێ، لەھەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، وە لە دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەی جەماوەری بۆ تەنگ ھەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا، دەتوانێ سەئەنجام ھێزی جەماوەر بکاتە حکومەتی سێبەر بەسەر ئەم  دەسەڵاتەدا، وەک دەسەڵاتێک دەربکەوێت لە بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا وەستاوەتەوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر، تا کاتێک کە دەسەلاتی جەماوەری ئامادەیە کە دەسەلاتی ئیستا وسیستمەکەی بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.

ئەمانە دەتوانن ڕێگای جۆراو جۆری جێبەجێکردنی ئەو دروشمی “نا” یە بن کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە . وە نیشاندانەری ھەبوونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازی یە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم ھەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە ھەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات بوەستەنەوە و ڕێگای پێ نەدەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە.

Add Comment

Click here to post a comment