گفتوگۆ

دوو سالى تەمەنى ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان

پ1/ دوو سالى تەمەنى ئۆپۆزسیۆن ناو پەرلەمان  چۆن دەبینیت، پیت وایە توانیویانە ببنە ئۆپۆزسیۆنیکى راستەقینە ؟

وەڵام:ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان و ئیسلامیەکان بەرامبەر بەپارتی و یەکيتی لەسەر بەشی داهات و دەسەڵاتە و تاکو یەکێتی وپارتی داهات و حکومەت پاوان بکەن و میلیشیایان هەبێ بۆ پاراستنی خەونی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لەڕێگای پەرلەمانەوە نایەتەدی. ئیسلامیەکان کە لە ٢١ ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی کوردیدا لەهەردوو جۆگای بەشداری حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیدا بەئارەزووی خۆیان خواردویانە زۆر تورەکەیان بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە هەڵنەدوریوە. گۆڕان یەک بانگەشەیە بۆ گۆڕینی ئەم دەورەی ئۆپۆزسیۆن بەڵام بەرنامەی ئەم ئۆپۆزسیۆنە تەسلیم کردنی پاکيجەکانی چاکسازیە بۆ دەست دەسەڵات تا جێبەجێی بکا و وەک خۆیان دەڵێن ئيستا بونەتە دڵسۆزی دەسەڵات و لە شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەڕووی کابینەی نوێی دەسەڵاتدا خۆیان دەپارێزن.

پ2/ پیت وایە حزبیکى وەک گۆران دەتوانیت ئۆپۆزسیۆن بیت ، بەهۆى ئەوەى بەشیکى زۆر لەئەندامە بالاکانى پیشتر لەناو دەسەلات بون و بەشیکیشیان تۆمەت بارن بەکوشتن و لەگەندەلى یەوە گلاون؟

وەڵام: هەڵسەنگاندنی ڕادەی ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان بەپێی بەرنامە و ستراتیژیانە نەک تەنها دەستەی سەرکردایەتیان، وەک لەپرسیاری پيشتر باسم کرد ئەم بەرنامە و ستراتیژە دابەشکردنەوەی داهات و دەسەڵاتە لەگەڵ یەکێتی وپارتیدا. بۆ ئەم کارە گۆڕان پێویستی بە ئەندامی دوور لەدەسەڵات و دەست پاک و بێ گوناح نیە.  دەستەی سەرکردایەتی گۆڕان ئاوێنەی ئەو بەرنامەیەیە کە بۆ دەسەڵات دەیانەوێ. ئەگەر بەرنامەی گۆڕان بریتیە لەهێشتنەوەی دەزگای زانیاری و پاراستن وئاسایش و میلیشیای دەیان ساڵەی یەکيتی وپارتی و گۆڕینی ناوەکانیان لەدەزگای حزبیەوە بۆ نیشتمانی ئەوا پێویست بەو کەسانەیە کە پێشتر لەدەسەڵاتدا دەزگا سەرکوتانەکانی زانیاری و ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئیغتیالاتیان بەڕێوەبردوە. ئەگەر بەرنامەی گۆڕان دابەشکردنەوەی داهات و بودجە لەنێو حزبەکاندا و ئازادکردنی بازاڕی کۆمپانیای سەرمایەدارەکان و کرێی کەم و نەبونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان و نەبونی کۆنترۆلی کرێکاران و فەرمانبەرانە لە کارگە و دامەزراوەکاندا ،ئەوا پێویستت بە پاريزگاری پێشووی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی پێشووی دەزگا ئیداریەکانە. ئەگەر بتەوێ بزانی ئازادی سیاسی چەند پرەنسیپی باوەڕپيکراوە لەلایەن گۆڕانەوە دەبێ هەڵوێستی ڕێکخەری گشتی گۆڕان لەسەر داوای کوشتنی کۆمۆنیستەکان ببینی.

پ5/ چۆن دەروانیتە ئەو بۆچونەى کەپیى وایە ئیسلامیەکانى کوردستان داەبش بون بەسەر تورکیا و ئیران و سعودیا؟

وەڵام: ئیسلامیەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانیانەوە و بەتایبەت لە ١٩٩١ەوە نەک هەرلەباری فکری و سیاسیەوە بەشێکیان سەربەئێران وەک بزوتنەوە و بەشێکیان سەر بە تورکیا و سعودیە بوون وەک یەکگرتوو ،بەڵکو شەڕەکانی بزوتنەوە لەتارانەوە سەرکردایەتی دەکرا و ڕێکەوتنامەکانی مۆردەکرا و مزگەوت و پڕۆژەی بە ئیسلامیکردنی کوردستانی یەکگرتووش پڕۆژەی دەستێوەردانی سعودیە و پشتیوانی سیاسی پەیداکردنی تورکیا بووە لە کوردستاندا. ئیسلامیەکانی کوردستان ئایندەی خۆیان بە دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکیا و سعودیەوە بەستۆتەوە و ئەمە بەشێک لە ستیراتیژی بەدەسەڵات گەیشتنیانە لە کوردستان.

پ6/ باس لەوە دەکریت ئیسلامیەکانى کوردستان خۆیان بۆ گرتنە دەستى دەسەلات ئامادە دەکەن پیت وایە ئیسلامیەکان دینە سەرحکوم؟

وەڵام: بێگومان ئیسلامیەکان لەهەوڵی گرتنی دەسەڵاتدان بەڵام ئاسۆیەکی ڕۆشنیان نیە کە چۆن بەدەسەڵات دەگەن. ماوەیەک بەشەڕ کردیان و ناوچەی هەلەبجەیان کۆنترۆل کردو ئیمارەتی ئیسلامیان دامەزراند کە هاوشێوەی تالیبانی ئەفغانستان بوون و بەدوای ١١سێپتەمبەری ٢٠٠١ و  شەڕی ٢٠٠٣ئەمریکالەعێراق و ڕوخانی بەعس ئەم دەسەڵاتەیان نەما و ئەو هەلومەرجەی دەسەڵاتی عەسکەریەیان بۆ ناگەڕێتەوە. لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە ناتوانن دەسەڵات لەیەکێتی و پارتی بەرنەوە و زۆرجار بەوەی بەشێکیان لەدەسەڵاتدا بێت ڕازی بوون و لەڕێگای پەرلەمان و حکومەتەوە بەدوای یاسا و پڕۆژەی بەئیسلامیکردنی کوردستانەوە بوون . لەڕێگای هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕانیش لەهەمان بازنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەنها دەتوانن مایەی سەرئێشەی دەسەڵات بن. لەو شوێنەش وەک بادینان کە نفوزیان هەیە و باسی بەهاری ئیسلامی دەکەن بارەگاکانیان دەسوتێنن. ئەوان ڕێگای تیرۆر و دەستێوەردانی ئێران و تورکیا وسعودیەشیان تاقیکردۆتەوە. ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە شەریک بوونی دەسەڵات لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا خۆیان بۆ فرسەتی گرتنی دەسەڵات ئامادەبکەن و لە هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕانیشدا فشاربۆ دەسەڵات بێنن کە ئەو شەریک بونە یەکسانەیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی بۆ بسەلمێنێ .

پ7/  هەست ناکەیت لاوازى هیزە عەلمانیەکان واى کردوە ئیسلامیەکان ببنە ئۆپۆزسیۆن و لەئیستادا خۆیان بۆ گرتنە دەستى دەسەلات ئامادە بکەن؟

وەڵام: سەرەتا ئەوە بڵێم کە هەڵەیەکی گەورەیە هەیە لەوەی یەکێتی و پارتی بە هێزە عەلمانیەکان ناودەبرێن. ئەمانە چەند دیموکراتین ئەوەندەش عەلمانین. ئەگەر دیموکراتیەکەیان میلیشیاییە ئەوا شەهادەی عەلمانی یەکەشیان لەدیوەخانێکی ئیسلامیەوە وەرگرتوە. ئەگەر هیزە عەلمانیەکان ئەوانە بن لە پەرلەماندا یاسای فرەژنی دەسەپێنن ئەبێ چ ناوێک بۆ ئیسلامیەکان مابێتەوە؟ بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەگەر لە پارتی و یەکێتی زیاتر پابەندی ئیسلام نەبێ بێگومان کەمتر نیە. ئەوان لەزاری نەوشیروان مستەفاوە ڕایدەگەیەنن ئیسلام سەوابتی بزوتنەوەکەیانە و لەپەرلەمان دەنگ نادەن بەهەر یاسایەک پیچەوانەی ئیسلام بێ.

ڕاستە ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار و گەنجان و ئازادیخوازان نابێ بەدەوری بەدیلی ئیسلامیدا کۆبێتەوە و ئەمە بۆشاییەکە کە هێزە کۆمۆنیست و کرێکاری و چەپ و ئازادیخوازەکان دەبێ پڕی بکەنەوە و ببنە بەدیلی سیاسی و جەماوەری کە خۆیان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و ڕوخانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئامادەبکەن. ئەرکی ئەم بەرە سکۆلار وچەپەیە کە ناوەرۆک و بەرنامە و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی بۆ جەماوەر ڕۆشن بکاتەوە و بەرنامە و سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی گۆڕینی دەسەڵات بباتە ناو ڕیزی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی دژی دەسەڵاتەوە.

Add Comment

Click here to post a comment