کۆمۆنیزم

سەبارەت بە دەوری حزبی بەلشەفی و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧

گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”
وەڵامێک سەبارەت بە دەوری حزبی بەلشەفی و شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧
هاوڕێیان ئازاد ئارمان، کارزان حمید و تاهیر حاجی حسن
سوپاس بۆ بەشداریکردنی پڕبایەختان لە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانەی کە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” خستویەتیە ڕوو. لە وەڵام بەسەرنجەکانتاندا کە لە دەوری ئەم تەوەرەیەی “حزبی بەلشەفی و لینین و ڕوسیای سەرەتای سەدەی ٢٠”ە ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانم کە بیخەمە ڕوو:
هاوڕێ تاهیر حاجی حەسەنیش دەڵێ” وەک ئەم هاوڕێیە باسی دەکات،پەرتوکەکە زیاتر بۆ خوێندنەوەی جێگەو پێگەی حزبی بۆلشەویک ولینین و دواتر ستالینە،ئەو بەشەی پەیوەستە بەشۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە،کەدەبوا بەگشتیش شرۆڤەو دیقەتی ورد بەکار بهێنرایە بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی ڕوسیاو جێگەوپێگەیەک کەلەنێو کۆمەڵگەو دەوڵەتانی جیهان هەیبوە،یان هەلومەرجی دەورانی جەنگی یەکەمی جیهان و ئاستی تێگەیشتنێک کە خودی سەرمایەو دەوڵەتانی سەرمایەداری ئیشیان لەسەر کردوەو جێگەو ڕێگەی چینی کرێکاری ئەوروپاو وڵاتانی دیکەی جیهان لەو نێوەدا،یانی بەبێ شرۆڤەیەکی وردی زانستیانەی ئەو سات و قۆناغانە،ناکرێت،لەدەرەوەی ئاوا دنیابینیەک،شرۆڤەی شۆڕی ئۆکتۆبەرو دیکتاتۆریەتی حزب و بەلاوە خستنی جێگەوپێگەی خودی چینی کرێکار لەنێو ئەو حزبەداو ئەوەی کەدەبوا چینی کرێکار ڕابەرایەتی کۆمەڵگە بکات،نەک حزب،زۆرتر پەیوەست بوە بەو هەلومەرجە ناوخۆی و دەرەکیانەوە کە شۆڕشی تێدا بەرپا دەبێت.”
هاوڕێ ئازاد ئارمان یش دەڵێ ” خالێکی تر لە باسەکەتدا ئەوەیە تۆ شورا کرێکاریی و جووتیاریی و سەربازییەکان دەکەیت بە پاشکۆی حیزب و بەڵشەفیەکان. بەڵام مێژوو شتێکی ترمان پێ دەڵێت. کاتێ ئەزموونی شووراکان لە ساڵی ١٩٠٥ دروست دەبێت حیزبی بەلشەفی و خودی لینینیش لێی بێ ئاگان. لەم دەورانەشدا بەلشەفیەکان لە ناو شووراکاندا زۆرینە نەبوونە هەتا لە شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩١٧ دا بەلشەفیەکان کەمایەتیەک بوونە لە ناو شووراکاندا هێزەکانی تر نفووزییان زیاتر بووە لەوانە مەنشەفیەکان و شۆڕشگێرە سۆسیالیستەکان. چۆن رێی تێدەچێت هێزێک لە دروست بوون و گەشەکردنی شوراکاندا دروستکەری نەبووبێت دواتر بتوانێ بیکات بە پاشکۆی خۆی؟”
هاوڕێ کارزان حمیدیش لە گۆشەیەکی ترەوە دەڵێ” دەبووایە پێش باسکردنى رووداوەکانى شۆڕشی ئۆکتۆبەرى ١٩١٧، دەبووایە نووسەر بەشێکی سەربەخۆ شیکارییەکى کۆمەڵناسى (سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەى رووسی) سەردەمی قەیسەرو پاش ئەوی بکردبا.
چونکە وەک لەناوەرۆکى ئەو بەشانەى تایبەتن بەو پرسە، زۆر تیشک دەخرێتە سەر دیکتاتۆرییەتى ستالین و، تاک حزبی و پەراوێز خستنى شوراکان و، ڕەخنەگران و، تەنانەت پاکتاو کردنى زۆربەى ئەندامانى خوودی حزبی بەلشەفی.”
لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا ١٠ چاپتەر و بەش (لە ٨ بۆ ١٨)بۆ ڕوسیا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و حزبی بەلشەفی و لینین تەرخانکراوە و ١٢١ لاپەڕە نوسراوە و دەیان سەرچاوەی مێژوویی و سیاسی و ئامارەکان ئاماژە پێکراوە تاکو خوێنەر بۆیان بگەڕێتەوە ئەگەر پێویستی بە وردەکاری زیاتر بوو و لەوانە کتێبەکانی لینین، ترۆتسکی، تۆنی کلێف و ئی هێچ کار و ئەوانی تر.. بەڵام ئەم کتێبە لێکدانەوە لە هەموو مەسەلەکانی مێژووی ڕوسیا و تەنانەت هەموو مەسەلەکانی نێو شۆڕشی کرێکاری و بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراسی ڕوسیە نیە، بەڵکو باسی حزبی بەلشەفی و مۆدێلی سیاسی و ئابوری ئۆکتۆبەرە هەموو مەسەلەکانی پەیوەند بە کێشەکانی مۆدێلی حزبی و مۆدێلی دەوڵەت و دیکتاتۆری حزبی و مۆدێلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی. لێرەدا باسی پرۆسەی حزبی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیە و جیاوازیەکانی بەلشەفی و مەنشەفی سەبارەت بە شۆڕش کراوە. باسی بەرنامەی حزبی بەلشەفی بۆ شۆڕشی دیموکراتی بورژوازی لە قۆناغە جیاجیاکانی ١٩٠٥ و ١٩١٧ دا کراوە. لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەکانی ناوخۆی حزبی بەلشەفی و کێشەی لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکان و شوراکاندا کراوە. هاوکات لەسەر بەرنامەی ئابوری حکومەتی بەلشەفیەکان لە ١٩١٨ بەدواوە کراوە. ئەمانە هەمووی لە پێناو خستنەڕوویەکی ڕۆشنی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە حزب و دەوڵەت و ئابوریدا کراوە و لێکۆڵینەوەکە کێشە ئابوری و سیاسیەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری خستۆتەڕوو.
بەڵام ئەم کتێبە، “کۆمۆنیزمی نوێ”، باسی مۆدێلێک دەکا کە بەلشەفیەکان لەڕێگایەوە ویستویانە سۆشیالیزمی پێ دامەزرێنن. ئەم مۆدێلە پەیوەندی بەوەوە نیە کە ڕوسیا دواکەوتوە یان پێشکەوتوە بەڵکو مۆدێلێکی سیاسیە کە خۆی بە دیکتاتۆریەتی سیاسی پرۆلیتاریا دەزانێ و دەیەوێ لە ڕێگای دیکتاتۆری حزبی بەلشەفی و سەرمایەداری دەوڵەتیەوە بە سۆشیالیزم بگات. ئەمە دادگایی کردنی لینین و بەلشەفیەکان نیە لەسەر ئەوەی کە سەرەڕای دۆخی سەختی شەڕی جیهانی و شەڕی ناوخۆ و دواکەوتویی ئابوری ڕوسیا دەبوایە هەندێ کاریان بکردایە کە لەوانەیە موستەحیل بێت بۆ ئەو دەورەیە. بەڵکو ئەمە باس لەو مۆدێلە لە حزب و دەوڵەت و ئابوریە کە ئایا ئەمانە سەرەڕای هەموو دۆخەکان دەیان توانی سۆشیالیزم لە ڕوسیادا دروست بکەن یان نا؟ حزبی بەلشەفی زۆر سەرکەوتوانە توانی خۆی لە شەڕی جیهانی یەکەم ڕزگاربکا و بە هەر سەختیەکەوە بێ توانی کە ئابوری ڕوسیا لە شکست و وێرانی و دواکەوتوویی ڕزگار بکا. هەروەها توانی بەسەر سوپای سپی بورژوازی ڕوسیادا سەرکەوێ. ئەمانە هەمووی هەنگاوێک بوون بۆ پێشەوە بەڵام ئەمانە بەمانای سۆشیالیزم نین. سۆشیالیزم بریتیە لە دەسەڵات گرتن و بەڕیوەبردن و گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنان لە لایەن سەرجەم چینی کرێکارەوە. سۆشیالیزم بریتی نیە لە نەخشە و پلانێکی ئابوری داڕیژراو، بەڵکو چالاکی سیاسی چینی کرێکار خۆیەتی لە خەباتی چینایەتیدا بۆ گۆڕینی سیستمێک کە ئەو تیایدا ژێردەستەیە. هەربۆیە، وەک گرامشی جەختی لەسەر کردۆتەوە، ” سیاسەت بریتی نیە لە ستراتیژیەک بۆ سەرکەوتنی سۆشیالیزم، بەڵکو سۆشیالیزم خۆیەتی” .پراتیکی سیاسی ئەم چینەیە نەک حزبەکەی کە “مێژووی خۆی دروست دەکا، بەڵام لەهەلومەرجێکدا نا کە خۆی هەڵی بژاردوە، بەڵکو هەلومەرجێک کە دراوە و لەڕابردوەوە هاتوە.” لاپەڕە ١٩٠ بەشی ١٧، کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ.
ئەوەی لە مۆدێلی بەلشەفیدا ڕەخنەی لێگیراوە ئەو ڕێگریە سیاسی و فکری و ئابوریانە بوون کە بەلشەفیەکان لە ڕیگەی گەشەی شۆڕشی چینی کرێکاریان گرتوە بۆ گەیشتن بە حکومەتی کرێکاری و دەسەڵاتدارێتی شورایی و سۆشیالیزەکردنی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان. لێرەدا باسی سۆشیالیزم وەک مۆدێلێکی ئابوری و سیاسی ئایدیاڵ نەکراوە کە لەو کاتەی ڕوسیادا دەبوایە بەلشەفیەکان جێبەجێیان بکردایە بەڵکو بە پشت بەستن بەو ئیمکاناتە شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاری ڕوسیە هەیبوە و سێ شۆڕشی لە ١٩٠٥ و ١٩١٧ دا کردوە و شورا و کۆمیتەی کارگە و سەندیکا و هێزی چەکدار و حزبی کرێکاری هەبوە دەیتوانی سۆشیالیزم وەک بە دەسەڵات گەیشتن و سەپاندنی دیکتاتۆری هەموو ئەم چینە دامەزرێنێ نەک تەنیا بەشێک لەم چینە و بەناوی ئەم چینەوە وەک بەلشەفیەکان دیکتاتۆری حزبی بسەپێنن و ئەوان ببنە خاوەن هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندی کرێکار بە دەوڵەت و ئابوریەوە هەمان پەیوەندی ژێردەستەی حزب و هەمان کرێکاری کرێگرتەی دەوڵەتی بەلشەفی بێ. لەم ١٠ چاپتەرەدا ئەم ئیمکانات و کێشمە کێشە چیانیەتیەی کرێکاران لەگەڵ بەلشەفیەکاندا خراوەتە ڕوو وێڕای ئەوەی ئەوە لە سەرەتاوە ڕۆشنکراوەتەوە کە ” کە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی مێژوو دروست دەکا نەک کۆمۆنیزم. کۆمۆنیستەکان ئەو بەشە ڕوناکبیرەیە ،وەک گرامشی دەڵێ؛ خۆی “دەربڕی گەشەی بونیاد وستراکتۆری چینی کرێکارە” ،کە وەک بەشی ڕوناکبیریی ئۆرگانی ئەو چینە دروست دەبێ و گەشە دەکا. وە لەوێدا ڕەخنەمان لەو بۆچوونە میتافیزکیە خستەڕوو کە مێژووی ئەم کۆمۆنیزمە دەکاتە مێژووی کەس و حزب و ڕێکخراوە و ڕەوتە سیاسیەکان و پێچەوانەی واقعیەتی دیالەکتیکی گەشەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیەکەیەتی، کە بنەمای دەرکەوتن و سەرکەوتن و شکستەکانی کۆمۆنیزمە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا.”لاپەڕە ٣٠ بەشی ٣، کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ. هەروەها ئەوەشمان بە بنەما وەرگرتوە کە ” چینی کرێکار لە سەرمایەداریدا، بەهەمان شێوەی چینی بورژوازی لە سیستمی دەرەبەگایەتیدا، خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بۆ سەرمایە بەسەریدا سەپاندووە. ئەم چینە لەم هەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری، تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە بەپێی دیدگای مارکس، ئەم هەوڵانە “ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەهاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”.
کەواتە ئێمە لە لێکدانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دەوری حزبی بەلشەفیدا ئەو واقعیەتەمان لەبەرچاوگرتوە کە ئەوە ئاستی گەشەی چینی کرێکار و سەرمایەداریە لە ڕوسیادا کۆمۆنیزم و بەلشەفیزمی خستۆتە قاڵبی سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە و نەیتوانیوە ئەو قاڵبە حزبی و سیاسی و ئابوریە تێپەڕێنێ و هیچ ئیرادەگەریەک لێرەدا نیە کە بەلشەفیزم بەهۆی مانەوەی شەخسی لینینەوە دەیتوانی سۆشیالیزم دامەزرێنێ بەڵکو قسە لەسەر ئەو قاڵبە مێژوویەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانەوەیە کە بوەتە هۆی ڕاگرتنی بەرەو پێشەوە چوونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی ڕوسیا و ڕەخنە لە قاڵبەکەیە نەک تەنیا لە کارەکتەرە شەخسیەکان و تەنانەت دادگایی کردنی ئەو ئاستە نزمە لە تێگەیشتنی کرێکاران و بەلشەفیەکان لە سۆشیالیزم. ئەمانە هەمووی لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەی واقعیەتی ئاستی تواناییەکانی چینی کرێکار و تەجروبەی خەباتی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ یە.
هاوکات ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بەلشەفیەکان تا شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەگەڵ ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاری ڕوسیا بوون و لە ئاستی جیهانیشدا ڕەوتێکی شۆڕشگێڕانە بوە دژ بە شەڕی جیهانی و دژ بە پیرۆزڕاگرتنی چوارچیوەی پەرلەمانتاریزمی بورژوازی بوە. بەڵام ئەوە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیەکانە کە دەبێتە ڕێگری گەشەی شۆڕشی کرێکاران بەرەو دامەزراندنی سۆشیالیزم لە ڕوسیادا و ئەمە دەرسێکە کە ئەم کتێبە لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەیخاتە ڕوو. “لە شۆڕشی ڕوسیادا لەلایەن بەلشەفیەکانەوە، هەرچەند توانرا پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار لە قاڵبی بەرتەسکی پەرلەمانتاریزم و ریفۆرم ڕزگار بکرێ و دەسەڵات لە دەست بورژوازی دەربهێنرێ، بەڵام گۆڕانێکی سەلبی بەسەر بنەماکانی ئینتەرناسیونالی کرێکاریدا هێنا، بەوەی کە حزبی کۆمۆنیستی جیا کردەوە لە باقی چینەکە و حزب و بزوتنەوەکانی تری نێو کرێکاران ، وە دیکتاتۆریەتی حزبی لە جێگای دەسەڵاتی شورایی سەرجەم چینەکە دامەزراند. ئەم ڕەوتە هەرچەند جیاواز بوو لە سۆشیال دیموکراتی بەوەی خۆی نەدەبەستەوە بە ڕێگای پەرلەمانی بە دەستهێنانی دەسەڵات، بەڵام هەمان دیدگای بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی هەبوو کە بریتیە لە پراکتیکی حزبێکی کەمایەتی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دیکتاتۆری حزبی و سیستمێکی ئابوری سۆشیالیستی لە ڕێگەی موڵکایەتی دەوڵەتەوە کە هەمان سەرمایەداری دەوڵەتی یە. ” لاپەڕە ٣٥٤ بەشی ٢٤، کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ.
هەروەها لە چاپتەری ١٥ی کتێبەکەدا هاتوە و دەڵێ سەرمایەداری دەوڵەتی و قەدەغەکردنی لە ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری لە حزبدا ” ئەمە سیاسەتی ڕەسمی حزبی بەلشەفی بووە کە لە کۆنگرەی ١٠ دا لینین و ترۆتسکی لە پێش هەمووانەوە بوون و پاساوی کاتی بوونی ئەم سیاسەتانەی، کە حزب لە چینی کرێکار و دیموکراسی شورایی و کرێکاری جیادەکاتەوە ، ناتوانێ بەهۆی ” پێویستی کاتی شەڕ” هیچ لەو ئەنجامە بگۆڕێ کە ئەمانە سیاسەتێک بوون حزبی بەلشەفیان لە حزبی شۆڕشی کۆمۆنیستیەوە گۆڕی بۆ حزبی بیرۆکراتی سۆشیالیزمی دەوڵەتی. “لاپەڕە ١٦١
ئەمانە وەڵامی ئەو پرسیارەی هاوڕێ “ئازاد ئارمان ” دەداتەوە کە چۆن بەلشەفیەکان لە کاتێکدا لەشوراکاندا لە ١٩٠٥ و پێش ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کەمایەتی بوون بەڵام لە دوای ئۆکتۆبەرەوە توانیان شوراکان بکەنە پاشکۆ . بەلشەفیەکان لە سێپتەمبەری ١٩١٧ ەوە داوای هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکانیان کرد وە ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی شوراکانیان دژ بە حکومەتی بورژوازی ڕوسیە بەرەو دەسەڵات گرتن برد و ئەمەش وایکرد ببنە زۆرینە لە شوراکاندا. بەڵام مۆدێلی دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی دواتر ئەم شورایانەی کردە پاشکۆی دیکتاتۆریەتی حزب و دواتریش کۆتایی بە دەوری شوراکان لە دەسەڵات و بەڕیوەبردندا هێنا. لە چاپتەرەکانی ١٤ و ١٥ و ١٧دا بە دوورودرێژی باسی ئەم پرۆسەیە کراوە. بەتایبەتی لەوێدا کە دەڵێ” لە کۆنگرەی یەکەمی شورکاندا دەبینین کە لە ژمارەی دەنگەکاندا ؛ سۆشیال شۆڕشگێڕەکان زۆرینەن، مەنشەفیەکان دوای ئەوان دێن و بەلشەفیەکان کەمینەن. بە کاریگەری شەپۆلی شۆڕش و چوونە سەری وشیاری و چالاکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران دژی حکومەتی بورژوازی کرنسکی، لە کۆنگرەی دووەمی شوراکاندا دەنگی بەلشەفیەکان دەبێتە زۆرینە (٣٩٩ لە کۆی ٦٤٩)
بەڵام ساڵێک دوای دیکتاتۆریەتی حزبی لە کۆنگرەی شوراکاندا لە کۆتایی ١٩١٨ ڕێژەی دەنگی نوێنەرانی بەلشەفی دەبێتە زۆربەی ڕەها لەبەرئەوەی پرۆسەی یەکلابوونەوەی دەسەڵاتی ڕەهای بەلشەفیەکان، بەپێی دیکتاتۆریەتی حزبی، هەرچی حزب و ڕێکخراوەی ترە کە لەشوراکاندا بوون لە گۆڕەپانی سیاسی کردە دەرەوە. بەم پێیە شوراکانیش بووونە پاشکۆی حزب، لە جیاتی ئەوەی حزب لەگەڵ شوراکان و کۆمیتە کرێکاریەکان و سەندیکا و حزبە کرێکاریەکانی تردا نمونە و مۆدێلێکی سیاسی نوێ لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی دروست بکا، حزب بووە قاڵبێک کە هەموو چالاکیەکی سیاسی چینەکەی تێدا بەرتەسک کرایەوە. ئەمەش نیشانەی جیابونەوەی حزبی بەلشەفی لە چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاران دروستکرد.” لاپەڕە ١٤٤، “کۆمۆنیزمی نوێ”
داواکەی هاوڕێ کارزان حەمیدیش بۆ ئەوەی کە شیکارییەکى کۆمەڵناسى (سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەى رووسی) سەردەمی قەیسەرو پاش ئەوی بکردبا.چونکە زۆر تیشک دەخرێتە سەر دیکتاتۆرییەتى ستالین و، تاک حزبی و پەراوێز خستنى شوراکان و، ڕەخنەگران و، تەنانەت پاکتاو کردنى زۆربەى ئەندامانى خوودی حزبی بەلشەفی.” پێویستە بڵێم هەرچەند ئەمە دروستە کە باس لە سۆسیۆلۆژی کۆمەڵگەی ڕووسی بکرێ بەڵام ئەم سۆسۆلۆژیە بەشێکە لە هەموو پێكهاتەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕوسیا و ئێمە بە لیکدانەوەی خەباتی چینایەتی و ململانێ سیاسیەکانی ڕوسیا و مۆدێلی سیاسی حزبی بەلشەفی هەوڵمان داوە دیاردەی ستالینیزم بناسێنین نەک تەنیا وەک دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژی بەڵکو بەشێکە لە پاکێجی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و لەگەڵ ئەوەشدا کە بێگومان دواکەوتویی سەرمایەداری و گەشەی چینی کرێکار لە ڕوسیادا دەوریان هەبووە لەوەی چینی کرێکار تەحەمولی سەرکوتی ستالینیزمی کردوە و وەک خۆت دەڵێی دوای ستالینیش ئەم دیکتاتۆریە حزبیە بەردەوام بوە. هەربۆیە لێرەدا زیاتر جەختمان لەسەر سیستمی سیاسی و ئابوری ڕوسیا کردۆتەوە کە ستالینیزمی هێناوەتە ئارا نەک شەخسیەتی ستالین وەک کارەکتەرێک ئەم سیستمەی دروست کردبێ. لێرەدا بەشێک لە لاپەڕە١٦١ و١٥٩ کتێبەکە دەهێنمەوە بۆ خستنەڕووی ئەم لێکدانەوەیە:
“مەسەلەکە دەرکەوتنی شەخسیەتێکی دیکتاتۆری وەک ستالین نەبووە کە شۆڕشی بەرەو شکست برد. بەڵکو خودی دەرکەوتنی ستالین و سەرکەوتنی ڕەوتی ستالیسنیستی بەرهەمی ئەو مۆدێلە سۆشیالیزمە دەوڵەتیە بوو کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکرد و وەک مۆدێلێکی سیاسی وحزبی و ئابوری پیادەی کرد.
پێویستە کە ئەم دەورەیە لە ژیانی حزبی بەلشەفی لە سایەی ستالیندا بە لێکدانەوە لەسەر دەوری ئەم حزبە لە ژیانی سیاسی و ئابوری چینی کرێکاردا هەڵسەنگێنین، نەک دەوری شەیتانی شەخسیەتێک لە مێژوودا. مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەو جۆرە لە حزب و دەوڵەت و ئابوری دروست دەکا کە سەرمایەداری دەوڵەتی پێویستیەتی و دەوری تاکەکان لەم پرۆسەیەدا هەرچەند گرنگە بەڵام تەنیا هۆکار نیە و بەڵکو خۆی بەشێکە لە بەرهەمی ئەو پرۆسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەیە کە خەباتی چینایەتی تێدا دەچێتە پێشەوە.
سیستمی دیکتاتۆریەتی حزبی لەکۆمەڵگەدا بێگومان پێویستی بە حزبێکە کە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆشی دیکتاتۆریانە بێ. واتە حزبێک کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی کەمایەتیەک بەڕێوەببا، پێویستی بە دەزگایەکی حزبیشە کە دەسەڵات و ئیمتیازاتی نوخبەیەکی ناوخۆی حزب دابین بکا، بەم پێیەش بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان لە ڕێگەی ئەو حکومەتە کەمایەتیەوە دابین دەبێ. بە پێچەوانەوە حزبێک کە سیستمی سیاسی کۆمەڵگە دەگۆڕێ بە سیستمێکی بەشداری ڕاستەوخۆی هەموو هاوڵاتیان ئیتر ئیمتیازاتێکی چینایەتی نامێنێتەوە بیپارێزێ و هەربۆیە میکانیزمی کارکردنی ناوخۆی بریتی دەبێ لە فراوانکردنەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەندامانی لە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ئیدارەی حزب و کۆمەڵگەدا. حزب پێویستی بە بەشداری هەموو فراکسیۆن و بەشە جیاوازەکانی چینەکەیە لە ئیدارە و دانانی نەخشە و هەڵبژاردنی نوێنەرانی پۆستە حزبیەکان، هەربەو شێوەیەی شوراکان دەیکەن. بەم پێیەش لابردنی بەرپرسە حزبیەکان کارێکی ئاسانی ئەندامان دەبێ و وەرگرتنی پۆستە حزبیەکان هیچ ئیمتیازاتێکی سیاسی و مادی نابێ و ئیتر حزب بریتی نابێ لە گروپێکی ڕابەری نەگۆڕ. هەربۆیە ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و فراکسیۆن و گروپی جیاجیای ناوحزب دەبێتە مافێکی سادە و میکانیزمی جێبەجێکردنیشی دڵخوازانە و خود وشیاری و خود چالاکانە دەبێ. “
لە پۆستی داهاتوودا لەسەر دەوری لینین وەڵامی هەندێ لە سەرنجەکانی تری هاوڕییان دەدەمەوە. سوپاس بۆ بەشداریکردن لەم گفتوگۆیانەدا بە ئامانجی ڕۆشنکردنەوەی مەسەلەکانی بەردەم شۆڕشی کرێکاری لەمڕۆدا.

Add Comment

Click here to post a comment