وتار

ئیعترافى یەکێتى بە پەلکێشکردنى تیرۆریزم بۆ سەر کوردستان و ئایندەیەکى تر

 

مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە راگەیاندینى نەوروزدا دانى بەوەدانا کە ئەگەر پرۆسەى سیاسى عێراق سەرکەوتو نەبێت خەتەرى پەل هاویشتنى تیرۆریزم کوردستانیش دەگرێتەوە و بۆیە سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە بە قازانجى خەڵکی کوردستانە. ئەمە ڕاگەیاندنى حزبێکە کە سکرتێرەکەى ئێستا سەرۆکى “دەوڵەتى” عێراقە و ئاگادارى رۆژانە و سەروبەرى ئەو هێزانەیە کە ئەم بەناو پرۆسەى سیاسیە دەبەنە پێشەوە لە عێراقدا. ئەمە ئەو زەنگى خەتەرەیە کە دەبێت لەلاى خەڵکی کوردستان بەجدى وەربگیرێت و خەڵک یەکێتى و پارتى بەبەرپرس بزانێت لەم خەتەرەى ئەمڕۆ ڕوبەڕوى ئایندەى خەڵکی کوردستان بۆتەوە و لەپێناو لابردنى ئەم خەتەرەدا ڕێگاچارەى فەورى هەڵبژێرێ تا کار لەکار نەترازاوە.
ئەم ئعیتراف کردنەى یەکێتى بەم خەتەرى پەلهاویشتنى تیرۆریزمە بۆ سەرکوردستان ، نیشانەى فەشەلى سیاسەتێکە کە یەکیتى وپارتى لەدواى ڕوخانى بەعسەوە گرتویانەتە بەر ئەویش بە پاشکۆکردنى جاریکى ترى کوردستانە بۆ عێراق. بەلام یەکێتى بەپیچەوانەوە سەرەراى ئەم ئیعترافە دیسانەوە ڕێگاى درێژەپیدانى ئەم ڕیگایەى ئێستایان بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەسەپێنێتەوە و بەم پآیە سوورە لە پەلکێشکردنى ئەم تیرۆریزمە بۆ سەر کوردستان .
دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعس هەرچەند حزبە ناسیونالیستە دەسەلاتدارەکانى کوردستان بەشداریان لە پرۆسەى سیاسى عێراق و هەلبژاردنەکان و دەستوردا کرد ،بەڵام ئەم پرۆسەیە نەبوە مایەى تێکەلاوبونەوەى سیاسی و کۆمەڵایەتى و تەنانەت ئابورى کوردستان لەگەلڕ باقى عێراقدا. ئەم پرۆسەیە بریتىبوو لەنەخشەى تەقسیمى دەسەلات بەپآى مەزهەب وقەومیەت و ڕێکەوتنى سیاسیانە لەسەرەوە و دابەشکردنى پۆستەکانى دەسەلات لە مەرکەزدا و وەرگرتنى بودجەیەک بۆ کوردستان. وەزعى سیاسى عێراق لەپاڵ ئەم پرۆسەیەى بەسەرپەرشتى ئەمریکا بۆ سازدانەوەى دەسەلات بەڕێوە دەچوو ، هاوکات شەڕى هێزە سونیە ئیسلامی و بەعسیەکان و تیرۆریزمى ئەلقاعیدە دژى ئەمریکا و دژى هێزە شیعەدەسەڵاتدارەکانیش بەشى تەواوکەرى بوو. بەم پآیە باردودۆخى نائەمنى و شەڕى دەسەڵات لە عێراقدا بۆ خۆى ئەجینداى تایبەتى خۆى هەیە و کوردستان وەک حالەتیکى شاز لەم چوارچیوەیەدا حساب دەکرێت. باڵادەستى فکرى و سیاسی ئیسلامى سیاسى لە عێراقدا و تەبدیل بوونى هێزە شیعە وسونیەکان بە چوارچیوەى کۆمەلایەتى بۆ پاراستنى ئەمنیەتى خەڵکی هەر ناوچەیەک و بەم پآیە سەپاندنى دابەشکردنى تایفی بەسەر ژیانى خەلکدا ، چوارچیوەیەکى سیاسى جیاوازى داوە بە ململانآى سیاسى لە عێراقدا و کە کوردستان ناتوانێت بەشێک بێت لەم ململانآ سەراسەریە و چوارچیوەیەکى تەواو جیاوازى هەیە. ئەوەى یەکێتى و پارتى بەهۆى پاشکۆییان بۆ سیاسەتەکانى ئەمریکا لەعێراق و چاولەدەست بوونى ئەمریکا بۆ هێشتنەوەى ئیدارە محلیەکانیان ئەمڕۆ وەزعى سیاسى کوردستانیان کردۆتە پاشکۆى ئەو بەناو پرۆسە سیاسیەى عێراق ، لەواقیعدا ئیلحاقێکی ئیجبارىیە کە لەسەرەوە بەزۆر ڕاگیراوە و کوردستان لەو کێشە و شەڕانەدا هیچ بەرژەوەندیەکی نىیە. بەلام ئەم نەخشە فۆرماڵیەى یەکێتى وپارتى لە دەسەلاتى مەرکەزیدا هەیانە لە نزیک خستنەوەى خەتەری ژێردەستەبونەوەى کوردستان و بونە قوربانى شەڕى دەسەلاتى شیعە و سونە و زەمینە خۆشکردن بۆ بەهێزبونەوەى ئیسلامى سیاسى لە کوردستان دەور و کاریگەرى هەیە. هەڵبژاردنەکانى تا ئێستا و رفراندۆمى دەستوور دەرخەرى ئەو ڕاستیەن کە وەزعى دیفاکتۆى کوردستان لەم پرۆسەیەدا بە زیانى سەربەخۆیی و دوبارە چوونە ژێر ڕەحمەت وڕکێفی حکومەتى ئیسلامى وعەرەبى عێراق رۆشتۆتە پێشەوە. بەلام ئەگەر یەکێتى وپارتى توانیویانە لەسایەى ئەم پرۆسە بەناو سیاسیەدا ببنە خاوەنى ملیارەها دۆلار و پۆستى سەرۆکایەتى ئەوە ئەمڕۆ باجەکەى دەبێت خەڵکی کوردستان بیداتەوە کە خەریکە دەکەوێتە ژێر خەتەرى پەلهاویشتنى تیرۆریزمى ئیسلامى و تەدەخولى ئیران وتورکیا و قوربانى شەڕى ناوخۆى هێزە شیعە وسونەکانى عیراقەوە.
ئەمڕۆ لە کاتیکدا شەڕى دەسەلات لەنیوان شیعە وسونە و لایەنگرە ناوچەیى و نیودەولەتیەکانیاندا کڵپەى سەندوە و ئەم پرۆسە بەناو سیاسیە ولەواقعدا جەنگىیە هەرەسى هێناوە بە هەرچى ئارامى و جێگیریە لە عێراقدا و تەنانەت کاریگەرى لەسەر ئایندە ناوچەى ڕۆژهەلاتى ناوەڕاستیش داناوە، ئیتر دانیشتن بەدیار ڕاگەیاندنى ئومێدبەخشانەى تاڵەبانى بەوەى سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە لەقازانجى خەڵکی کوردستانە خۆگێل کردنە لەو خەتەرەى ڕوبەڕوى خەڵکی کوردستان بۆتەوە و خۆکردنە قوربانى درێژەکێشانى پۆستى سەرۆکایەتى تالەبانى و بارزانىیە. نەخشەى ئەمریکا بۆ تەقسیمى دەسەلات لە عێراقدا بەپآى مەزهەب و قەومیەت نەخشەى شەڕێکی نەبڕاوە و درێژەکێشانى پەلهاویشتنى تیرۆریزمە بۆ هەموو لایەکى عێراق. یەکێتى وپارتى ئاگایانە دواى ئەم نەخشەیە کەوتون تاکو بەشە دەسەلاتى خۆیانى تێدا بهیڵنەوە و هەربۆیەش سەرەڕاى ئیعترافى ئەمڕۆى یەکێتى بەو ئاکامە خەتەرانەى سیاسەتى پاشکۆکردنى وەزعى کوردستان بە عێراقەوە هێناویەتیە پێش تەنها ڕێگاى خۆیان بە درێژەدانى ئەو پرۆسە بەناو سیاسیە دەزانن کە فەشەلى هێناوە.
دواى 15 ساڵ لە چاوەڕوانى و ژیانى ئۆردوگایى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستان ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەبەردەم دوو ڕێانێکدا قەرارى گرتوە و ڕۆژ بەرۆژ دەرگاکانى بەردەمى بۆ مانەوەى ئارامى و ئومید بە جێگیرى سیاسى وئابورى لەسەر دادەخرێت. ڕێگاى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستان هێشتنەوەى وەزعى کوردستانە لە سایەى نادیارى و ناجیگرى عێراق و درێژەکێشانى شەڕو داگیرکارى وتیرۆریزم کە هەر بەو ئیعترافەى یەکێتیدا ئاشکرایە کە کوردستان دەبێتە مەیدانیکى ئەم تیرۆریزمە وبە ئاگرى تیرۆریزم ژیان و ئایندەى خەڵکی کوردستان دەسوتى هەروەکو ژیانى ئێستاى خەڵکی عێراق دەسوتآ. لەسایەى ئەم راگەیاندنەى یەکیتى و سیاسەتى ئەم حزبە دەسەلاتدارانەوە ئایندەیەکى تر بۆ خەلکى کوردستان نىیە و ئەمە ڕێگاى ئەوانە.
بەلام رێگایەکى تر ئەمڕۆ لەبەردەم خەلکى کوردستاندا هەیە و مومکینە ئەویش جیابونەوەى لە عێراق و راگەیاندنى دەولەتى سەربەخۆیە لە کوردستاندا لەریگاى رفراندۆمیکى ئازادانەوە. ئەمە تەنها رێگایەکە کە دەتوانآ ئەو خەتەرەى یەکیتى باسى دەکات ، پەلهاویشتنى تیرۆریزم بۆ کوردستان ،لەسەر کوردستان لابەرێت. ئەمە تەنها ریگایەکى عەمەلى وکارسازە کە ئەمڕۆ ڕێگە لەوە بگرێت کە ئیسلامى سیاسى لە کوردستاندا سوود لەو وەزعى پاشکۆیەتیەى کوردستا بە عیراقەوە وەرگرێت و بتوانێت ئاگرى تیرۆریزمى ئیسلامى بگوێزێتەوە بۆ کوردستان. ئەگەر خەڵکی کوردستان دەیانەوێت 15 ساڵى تر لەسایەى دەسەلاتى میلیشیایى یەکیتى وپارتیدا ژیان بەسەر نەبەن و لەسایەى بآنا وئاو و کارەبایی ئەم حزبانەدا هێشتا فەزڵ فرشى ئەوەیان بەسەردا نەکریت کە لە دەست حکومەت و دەسەلاتى عەرەبى وئیسلامى دەیانپارێزن، پێویستە ئەمڕۆ داواى جیابونەوەى کوردستان و بەرپاکردنى رفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکەن. ئەمە ڕێگا چارەیەکە کە کۆمۆنیزمى کرێکارى لە کوردستان خستویەتیە ڕوو . ئەمە ئەرک و پىیامێکە کە کۆمۆنیزمى کریکارى لە کوردستان بەخەلکى کوردستانى دەلێت و ئایندەى پاریزراوى خەڵکی کوردستان و دورخستنەوەى خەتەرى تیرۆریزمى ئیسلامى لە سەرکەوتنى ئەم ڕێگا چارەیەدا. کۆمۆنیزمى کریکارى لە کوردستاندا بۆ وەڵامدانەوە بەم ئەرکە چارەنوس سازە پیویستى بە خۆڕێکخستنەوەى هێز و بزوتنەوەکەیەتى و هاتنەوە مەیدانێتى بۆ بینینى ئەم دەورە پێشڕەوانەیە. ئایندەى ئارامى و دامەزراندنى دەسەلاتیکى سکۆلار و دابینکردنى ئازادى وخۆشگوزەرانى و نەهێشتنى گەندەڵى بە ئامادەیى و بەهێزبوونى ئەم بزوتنەوەیە بەستراوەتەوە . لەسایەى بنبەستى ڕێگاچارەکانى ئەحزابى دەسەڵاتدارى ناسیونالیستدا و گەشەى نارەزایەتى دژ بەم دەسەلاتدارانە و قبوڵ نەکردنى ئیسلامى سیاسى وەک بەدیل و چوارچیوەى ئەم نارەزایەتیانە لەلایەن خەلکى کوردستانەوە ، زەمینە و فرسەتى بۆ کۆمۆنیزمى کریکارى فەراهەم کردوە تا وەکو قوتبى سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت دەربکەوێت و ئەم واقیعەتە پیویستى فەورى کۆمۆنیزمى کریکارى لە کوردستاندا بە هاتنە مەیدان وەک حزبیکى سەربەخۆى سیاسى و جەماوەرى هێناوەتە پێش.

‏27‏/03‏/2006

Add Comment

Click here to post a comment