هەموو حزبێک لە دەسەڵاتدا کردەوەکانی دەردەکەوێ. بزوتنەوەی گۆڕان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەشاری سلیمانی نیشانی دا کە هاوبەشی میلیشیاکانی یەکێتیە لە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی موچەدا. ئەمە هەموو پڕوپاگەندە و بەیانەکانی ئەم حزبە و ئەندام پەرلەمانتارەکانی سەبارەت بە مافی هاوڵاتیان و پشتیوانی داوای موچەیان بە درۆ دەخاتەوە..
دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە” پڕاوپڕ ڕوو بە قاڵبی بزوتنەوەی گۆڕانە و ئەبێت بەرامبەر بە گردی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی بەرزبکرێتەوە، چونکە گۆڕان هەم لە دەسەڵاتدا ستەمکارە و هەم کۆڵەکەیەکی پەرلەمانێکی کارتۆنیە و هەم ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەشە.
گۆڕان لە دەسەڵاتدا ئەندازیاری بڕینی موچەیە وەک وەزیری داراییەکەیان، لە پەرلەماندا کارتی فشارێکن بۆ بەشی حزبەکەیان لە ئیدارە و داهات شەڕ دەکا و بونەتە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و پۆستی حکومیان پێ وەرگرتوە. لە ئۆپۆزسیۆنیشدا خەریکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکن بەوەی دزیەکانی دەسەڵات ئاشکرا دەکەن وەک عەلی حەمە ساڵح و بەڵام لەپاڵ یەکێتیشدا فەرمانی سەرکوتی خۆپیشاندەران دەردەکەن و لە پاڵ پارتیشدا لە شیرینی نەوت موچەی پلەباڵاکانیان دابین دەکەن.
ئەم ڕاستیانە زیانباری ئەو خۆشخەیاڵیە دیموکراسیانەی ڕۆشنبیرەکانی گۆڕانی ،وەک مەریوان وریا قانع، دەرخست ، کە ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن هیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ و هەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی هەژارترکردنی هەژارەکان کۆکن و بە کردەوە پیادەیان کردوە لە کاتێکدا بەشێک بوون لە دەسەڵات یان ئەگەر ببنە بەشێک لەو دەسەڵاتە. هەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە.
لێرەدا خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی و پەرلەمان.
Add Comment