وتار

گیرخواردنی موچە لە گەروی درۆی دەسەڵاتدا

حزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی سەوز دوو ڕۆژە خۆپیشاندەرانی نوقمی گاز و لێدان و زیندانی کردن کردووە، بەڵام لاھوری ھاوسەرۆکی دەڵێت، “ئەمە بڕیار و سیاسەتی یەکێتی نەبووە و نابێت”!، دوای ئەم شکانی دارەی یەکێتی لە سەری خۆپیشاندەراندا بەڵێنی ئەوە دەدا کە پشک و مافی ھاوڵاتیان و موچەخۆران لە بودجەی فیدڕاڵی ٢٠٢١دا جێگیر بکرێت!

ئەم قسانە بەشێک لەو ھاتوھاوارە میدیاییەی پێشبڕکێی نێوان حزبە ناسیونالسیت و بورژوازییەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقە کە سەبارەت بە گیرخواردنی موچە لە نێوان ھەولێر و بەغدادا دەیکەن. لە ڕاستیدا بۆ شاردنەوەی بنبەستی سیستمێکی فیدرالی و گەندەڵیەکانێتی کە ھەرێمی سەوز و زەردی یەکێتی و پارتی تیایدا بەشدارن.

سیستمێک کە نە لە بەغداد و نە لە ھەولێر بۆ دابینکردنی موچەخۆرانی کرێکار و کارمەند و خانەنشین کارناکات. بەڵکو سیستمی شەڕکردنە لە سەر پاوانکردنی داھات و وەرگرتنی ئیمتیازات لەلایەن حزب و گروپی جیاوازی دینی و قەومیەوە. موچە و ژیانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و خانەنشین و کەمدەرامەت ھەمووی پاشکۆی شەڕی ئەو ھێزە سیاسیە بەشداربووانەیە بۆ مسۆگەرکردنی گەورەترین بەش لە سامان و داھاتی عێراق بۆ حزبەکەی یان گروپەکەی خۆی.

لێرەوە دەتوانین لەو دابەشبوونە درۆزنانەی نێوان حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراقدا تێبگەین کە گوایە لەسەر چۆنیەتی ڕزگارکردنی موچەیە.
ئێستا چۆن موچەخۆرانی شاری سلێمانی و خەڵکی کوردستان باوەڕ بە لاھور و حزب و حکومەتەکەی دەھێنێت کە لەم شەڕی حزب و پەرلەمانتارە دزانەدا بەڵێنیان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە پارە بۆ موچەخۆرانی ھەرێی سەرفبکات و بە یەکجاری ئەو “کێشە درێژخایەنە”‌ کۆتایی پێبێت؟

لە سایەی ئەم دەوڵەتە ترانسناشناڵەی عێراقدا، کە کوردستان بەشێک لەو پاکێجەیە، جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە، کە سیاسەت بەکارھێنراوە و دەھێنرێت بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە ھەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ھەم بۆ کۆمپانیا جیھانی و ئیمپریالیستیەکان.

جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی ھەرکام لە حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم  پەیوەستە بە پارسەنگی ھێز و رادەی ھێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە بەشداری لەو حکومەتانەدا دەکەن. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایەش بەردەوام بابەتی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان و دیعایەی ھەڵبژاردنەکان و شەڕ و چەلەحانێی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانە.

ئەم ھاوکێشە سیاسیە شەڕی حزب و کۆمپانیاکانی لەسەر بەگەڕخستنی سەرمایە، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوتە، ھەروەھا دابەشکردنی داھات و پارەی قەرز و ھتد.. لە عێراق و کوردستاندا بەڕێخستووە و موچە و بودجەی خستووەتە ژێر ڕەحمەتی ڕێککەوتن و شەڕی ئەم میلیشا چەکدارانەوە.

ھەربۆیە بەڵێنی ئەوەی بە یەکجاری “ئەو کێشە درێژخایەنە”‌ی موچە و بودجە کۆتایی پێبێت، ھیچ نییە جگە لە بەشێک لەو بەڵێنە زۆروزەبەندەی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەی کوردستان لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ خامۆشکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان ڕایدەگەیەنن.
لەم پڕوپاگەندانە بێ پەردەتر ئەوەیە کە حزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی سەوز دوو ڕۆژە خۆپیشاندەرانی نوقمی گاز و لێدان و زیندانیکردن کردووە، بەڵام ھاوسەرۆکەکەی دەڵێت، “ئەمە بڕیار و سیاسەتی یەکێتی نەبووە و نابێت”!

خەڵک لە بێ موچەیی و ھەڕەشەی مەرگ و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بەجێھێڵراوە و ھیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە. ھەر ئەمە ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستانە کە بتوانن فشار بۆ ئەم دەسەڵاتە بھێنن تاوەکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی کردووە و کەڵەکەی دەکات خەڵک زەوتی بکات و بەکاریان بێنێت بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و موچە و خزمەتگوزاریەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا.

ئەم حکومەتە لەم کاتی قەیرانی کۆرۆنایەشدا فشاری تایبەتکردنی خزمەتگوزاریەکان و سەکتەرەکانی بەرھەمھێنانیشی زیاترکردوە و خەستەخانە گشتیەکانی چۆڵکردوە و ھەموو مانگێکی لە موچە دەبڕێت و بە ھەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەمدەرامەتە.

ئەمانە ھەمووی کێشەی ناوخۆی کوردستان و کێشەی دەسەڵاتی تاڵان و بڕۆی یەکێتی و پارتین و چارەسەرەکانی لە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نییە. ھەربۆیە بەڵێنەکانی لاھوری ھاوسەرۆکی یەکێتی ھیچ شتێکی بۆ ئەم کێشانە تێدانییە و دەیەوێت لە ڕێگەی ھەناردەکردنی سەرنجی ناڕەزایەتیەکان بۆ لای کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر موچە و بودجە شانی حزبە دەسەڵاتدارە مافیاییەکەی خۆی لەم بەرپرسیارێتیە خاڵیبکاتەوە.

ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیاییەی یە زۆربەی خەڵکی کوردستانی ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت کردووەتەوە. خەڵک بەم ڕاستیانە گەیشتووە بۆیە بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە ھاتووەتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و بەھوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەوڕووی دەسەڵات بووەتەوە.

ھەربۆیە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ئەم ھاوسەرۆکەوە کە “روبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران بڕیار و سیاسەتی یەکێتی نەبووە و نابێت” سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری سەرخانێکی گونجاوە بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوریە سەرمایەداریەی کە ئابوریەکی رەیعی نەوت و ھەرزان ڕاگرتنی ھێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک پێویستیەتی.

پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە لای کەمایەتیەکی حزبی و ھەژارکردنی زۆربەی خەڵکدا، ئەو پەیوەندیەیە کە ھەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچاردەکات کە دەبێت ملکەچی بن. ئەمە پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانسناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە.

دوای تەجروبەی ١٧ ساڵ لە دەور و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی حزبە بورژوازیەکان لە عێراق و کوردستاندا ئاشکرایە کە ھەموو ئەو پاکێجی چاکسازیە دیموکراتیانە دەبێت ملکەچی سیستمی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانسناشناڵەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..ھتد. ھەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە و لەمەش زیاتر وشیاری خەڵک چووەتە سەر و بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لە قەڵەم دەدەن.

ڕێگای دەرچوون لە قەیرانی موچەش لە گەڕانەوەی موچە بۆ ژێردەستی حکومەتی مەرکەزی عێراقدا نییە، وەک بەشێک لە حزبەکان و ئەندام پەرلەمانەکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن و گوایە بەدەستی حکومەتی عێراقی ماری گەندەڵی پارتی دەبڕن. ئەم ئیدعایەی حزبەکان و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان و یەکێتی بۆ زیادکردنی بەشیانە لە کوردستان وەک شەریکی پارتی ھەوڵدەدەن و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێش وەک کارتی فشار بەکاری دژ بە یەکێتی و پارتی بەکاریدێنن.

رێگای دابینکردنی موچە و ژیانی شایستەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و خەڵکی نەداری کوردستان دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی و ڕیکخراوی ئەم جەماوەرەیە کە خۆی بەو بەدیلە بزانێت کە دەتوانێت ڕوبەڕوی دەسەڵاتدارانی ھەرێم ببێتەوە و داواکاریەکانی بسەپێنێت بەسەر حکومەتی ھەرێمدا.

لێپرسینەوەی جەماوەری لەم دەسەڵاتە و دامودەزگاکانی دەتوانێت بەرەو چاودێری جەماوەری بچێت تاوەکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لەم دامودەزگایانە بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە. چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێت ھێزی ناڕازی ئێستا لە ھەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکات.

دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە ھەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێت حکومەتێکی سێبەر دروست بکات و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.
داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێت ھێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕێگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێت.

ئەم جەماوەرە ناڕازیەی بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەت وەستاوە و ڕێگری لە گەندەڵی دەکات نابێت بەم پڕوپاگەندانەی دەسەڵات بۆ ھەوڵی چارەسەری موچە لە ڕێگەی بەغداوە ھەڵخەڵەتێت و پێویستە فشاری جەماوەری بخاتە سەر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بۆ دابینکردنی دەستبەجێی موچەی گیرخواردو لە گەروی دەسەڵاتدا، تا کاتێک کە ئەو ھێز و باوەڕە جەماوەریە دەتوانێت و ئامادەیە کە ئەم دەسەڵات و سیستمە بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێت.

Add Comment

Click here to post a comment