نارەزایەتیەکان

کێ لە نەوەکانی بەعس چاوەڕێی ئاشتی خوازی دەکا؟

خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازی کوردستان بە دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار” هاتە مەیدان و یەکێتی و پارتیش بەعس ئاسا گولەیان نا بەسەر دڵی چەند گەنجەوە. ئایا کێ دوای ئەم بەربەریەتە خەبەری نەبۆتەوە و باسی ئاشتیخوازی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا دەکا. ئایا هیچ کات کەسێک بە خەیاڵیدا دەهات بڵێ با بە ئاشتی خۆپیشاندان دژی بەعس بکەین؟ ئەم خۆشخەیاڵیە دەبێ کۆتایی پێ بێت.
ئەم دەسەڵاتە ئێمە خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و جوتیار و دەستفرۆش و خانەنشین و موچە پلە نزمەکان بە دوژمنی خۆی دەزانێ کاتێ داوای موچە و مافەکانمان دەکەین و دەزانێ لە خەزێنەی دزی ئەو کەم دەبێتەوە بۆیە ئامادەنیە هیچ کات بە ئاشتی دەست بەرداری ئەو بەهەشتە ملیارداریەی بێت کە بەلولەی چەک سەپاندویەتی و هەر بە زەبروزەنگیش دەیپارێزێ. هەربۆیە دەبێ بزانین دروشمی ئاشتیخوازی خۆهەڵخەڵەتاندنە و ناتوانێ و نەیتوانیوە لە ١٠ ساڵی ڕابردودا ئێمە بەشوێنێک بگەیەنێ.
چار چیە؟ پێویستە هێزی جەماوەری خۆمان بۆ ئەم ڕوبەڕوبونەوەی لەشکری تاڵانچیانە ڕێک بخەین. هێزی ئێمە لە ژمارەماندایە بەڵام ئەم ژمارەیە بە بێ یەکگرتوبون و ڕیکخراوبون ناتوانێ بەسەر دوژمنێکدا سەرکەوێ کە خۆی ڕیکخستوە. پێویستە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی جۆراوجۆر دروست بکەین و خۆمان لە یەک شێوازی ناڕەزایەتیدا قەتیس نەکەین.
ڕوخانی بەعس چەندە سەخت بوو کە ٣٠ ساڵی برد، بەڵام ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە سەختترە چونکە هێشتا ئێمە خۆمان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم سیستمە سیاسی و ئابوری و چەکداریە ئامادە نەکردوە.
ئامادەیی لە مەیدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایتیەکاندا بەدەست دێنین . ئەم کاتەیە کە جەماوەر ئامادەیە بۆ کاری شۆڕشگێڕانە. ئەوەی لاوانی شۆڕشگێڕ کردویانە قارەمانێتیەکە کە دەبێ هەموو خەڵکی کوردستان بیگەیەنن بە ئەنجام. ئێستا کاتی دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکان و بۆردی نوێنەرایەتی و شورا و سەندیکای ڕاستەقینەی خۆمانە لە هەموو دائیرە و کارگە و مەیدانێکی خۆپیشاندانەکاندا. کاتی ئەوەیە دەسەڵات هێزی یەکگرتوو و ڕیکخراوی ئێمە بەرامبەر بە بەڕیوەبەر و وەزیر و سەرۆکی حکومەتەکەیان ببینن. ئەمانە شەڕی سیاسی و توندوتیژن دژی دەسەڵات کە بە هێزی چەک شەرعیەتی خۆی دەپارێزێ. دەبێ لە بەرامبەر هەر موچە باڵایەکی ئەم دەسەڵاتە هەزاران موچە نزمەکان ڕاست ببنەوە. لە بەرامبەر هەر دەستەیەکی سەرکوتی دەسەڵاتدا جەماوەرێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو بێنە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوە. تەنیا لەم مەیدانەندا ئەم بەعسە کوردیە چۆک بۆ جەماوەر دادەدات نەک بە بێدەنگی و پەرژوبڵاو مانەوە. ئەمە شەڕێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ دەسەڵاتێکی میلیشیایی و ئێمە لە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەدا فێری تاکتیک و چۆنیەتی هێرش و خۆپاراستن دەبین. با هەموو مەیدانەکانی خەباتی جەماوەری کراوەبێت و جارێک لەسەر شەقام ڕێگەی دانانەوەی بارەگا چەکدارەکانیان نەدەین و جارێک مانگرتنی سەراسەری و خۆپیشاندانی سەراسەری بکەین. بەڵام با وەک ١٧ شوبات لە مەیدانێکدا بۆ وتاردانی موچە باڵاکان و نوێژی گەیشتنە پەرلەمان هێز و قوربانیدانی ئەمجارەمان قەتیس نەکەین و هەموو مەیدانەکانی خەبات دژی ئەم دەسەڵاتە بگرینە بەر.

Add Comment

Click here to post a comment