نارەزایەتیەکان

بۆچی کۆمۆنیستەکان ومارکسیەکان غیابن،لەو دەرفەتانەی خۆپیشاندانەکان زیاتر چاوەڕێی چی دەکرێت؟

هاوڕێ عمر سڵاو ..ببورە کە لە بەرنامەکەدا نەدەتوانرا وەڵامەکە بدرێتەوە چونکە ئەو بەرنامەیە پێشتر تۆمارکرابوو و هاوڕێ شەماڵ و کەناڵی هیوا ئەو ڕۆژە تەنیا بە لایڤ پەخشیان دەکرد.

پرسیارەکەی تۆ ئەمە بوو کە :” وایە کۆمۆنیستەکان ومارکسیەکان غیابن ،ئەی لەودەرفەتانەزیاتر چاوەڕێی چی دەکرێت و حزبەکۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی تائێستائەگەرڕێگەچارەی کۆمەڵگەیان نەدۆزیبێتەوە بۆدەربازبوون کەی ڕێگەچارەی ڕزگاربون دەدۆزنەوە،بۆچی تائێستا هەوڵی ئەوەنەدراوە؟

کۆمۆنیستەکان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا یەک هەڵوێستنەبن و بەردەوام ناکۆکی هەبێت چۆن کۆمەڵگەدەکرێت بەشورابوون و داوالەخەڵک دەکرێت شوراکان دروستبکەن؟”

سەرەتا پێویستە بڵێم کە پرسیار و سەرنجەکانت زۆر گرنگن. خۆزگە زۆربەی کۆمۆنیستەکانی کوردستان هەمان پرسیار و ڕای تۆیان هەبوایە، کە ئەگەر وابوایە ئێستا جوڵانەوەکەمان لە دۆخێکێ تردا دەبوو. ئەم پرسیارانە لە ئێوەوە کە هەڵسوڕاوێکی ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتیەکانی ڕانیەن ڕەنگدانەوەی فشارێکە کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و پێویستیەکانی خەباتی ڕۆژانەی چینەکەمان لەسەرمان دادەنێ و هاوڕییانی چالاکی وەک ئێوە زۆرتر ڕوبەڕوی دەبنەوە.

ئەم ڕوداو و خۆپیشاندانانەی کوردستان غیابی کۆمۆنیستەکانی تێدا بەڕوونی دەردەکەوێ و بەداخەوە ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم جوڵانەوە جەماوەریانە هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە نەنێت. بەڵام بۆچی غائبین ؟ ئەی گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێستا چی دەکەن و بۆچی ناتوانن دەوری بگێڕن و جەماوەری ئەم چینە لە ناڕەزایەتیەکان و خۆپیشاندانەکاندا ڕێک بخەن؟ یان وەک تۆ بەدروست وتوتە ”کۆمۆنیستەکان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا یەک هەڵوێستنەبن و بەردەوام ناکۆکی هەبێت چۆن کۆمەڵگەدەکرێت بەشورابوون و داوالەخەڵک دەکرێت شوراکان دروستبکەن؟”

بۆچی ئەم دۆخە بەم شێوەیە و ڕێگاچارە چیە؟ ئەمە مەسەلەی گرنگە کە دەبێ لەسەری هەڵوێستە بکەین.

یەکەم: ئەمە قەیرانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیە و دەبێ دانی پێدابنێین . لەکاتێکدا هیچ کات بە‌هێندەی مێژووی ئێستا دابەشبونی چینایەتی پێگەیشتوو و کامڵ نەبووە و سامان لەلایەن چەند کەسێک کەڵەکە نەبووە، وە هەروەها ناکۆکیە چینایەتیەکانیش لە زۆربەی شوێنەکان بەشێوەی شۆڕش و تەقینەوە جەماوەریەکان دەبینرێ، وەک کوردستان ، بەڵام هیچ کاتیش بە هێندەی ئێستا کۆمۆنیزم پەرژوبڵاو و بێ دەستپێشکەری و بچوک نەبووە. ئەمە دیاردەیەکی جیهانی و لۆکاڵیشە وەک لە کوردستاندا دەیبینین.

ئەمە مانای ئەو غیابەیە کە باسی دەکەین . ئەمە قەیرانی جوڵانەوەی کۆمۆنیستیە و دەبێ سەرەتا بە ڕەسمی بناسین لەلایەن هەموو گروپ و حزبە کۆمۆنیستیەکانەوە تا دواتر بتوانیین ڕێگاچارەی بۆ بدۆزینەوە. ڕێگاچارەی گشتی ئێمە بۆ ئەم دۆخەی کوردستان یەکگرتوکردنی چینەکەی خۆمانە لەم ناڕەزایەتیانەدا تا بتوانین بەدیلی خۆمان وەک دەسەڵات بسەپێنین. ئەم پلاتفۆرمە و بەرنامە سیاسیانە لە هەر دەورەیەکدا دەتوانین لەسەری ڕیک بکەوین و بەپێی پیویستیەکانی خەبات دایان ڕیژین پێکەوە و لەم بارەوە کێشەی گەورەمان نیە بەڵام ئەوەی کێشەی گەورەمانە یەکگرتوکردنی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانە لە ڕیزێکی سیاسی و جەماوەریدا کە ئەو بەرنامانە عەمەلی بکاتەوە.

دووەم: ناکۆکی گروپە کۆمۆنیستی و ڕۆشنبیرە کرێکاریەکانی ئێستا یان وەک تۆ دەڵێیت ” یەک هەڵوێست نین و بەردەوام ناکۆکیان هەیە “، خۆی بەرهەمی مۆدێلی دەورەیەکی مێژوویی سۆشیالیزمی دەوڵەتیە. لە مۆدێلی ئەم سۆشیالیزمانەدا هەر گروپێک خۆی بە نوێنەری چینی کرێکار دادەنێ و گروپ و دەستەکانی تر بە لادەر و نامارکسی و کۆمۆنیزمی بورژوازی و زۆر ناوی تر. ئەم دابەشبونە سێکتاریستی و دۆگماتیزمە فکریانە دەستوپێی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەستوە لەوەی بتوانن سەرجەم چینەکە و خۆیان خەریکی دابەشکردنی چینەکەن بەسەر گروپی جیاجیای فکری و سیاسیدا و بەم پێیەش ناتوانن هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکان لە دەوری یەکتر کۆبکەنەوە و یەکگرتو و ڕیکخراو بکەن لێرەشەوە، وەک تۆ دەڵێی؛ “ناتوانن شوراکان لە نێو خەڵک و کۆمەڵگەدا دروست بکەن”.

سێیەم: ڕێگاچارە بریتیە لە وەڵامدانەوەی هەڵسوروانی کۆمۆنیست بە پێویستیەکانی ناڕەزایەتیەکان و بەشداری چالاکانە لە خۆپیشاندانەکاندا و یەکگرتوکردنی هەڵسوڕاوان و کرێکاران و فەرمانبەران و گەنجانی بێکار و ژنانی ناڕازی لە شێوازی جۆراوجۆری جەماوەری کۆمیتەکانی ناڕەزایەتی وەک ئەوەی ئێوە لە ڕانیە و یان دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوی جەماوەری لە خەستەخانەکان و قوتابخانەکان ولە ناو بێکاران و شوێنەکانی تردا دەکرێ. ئەم کارە جەماوەریانە و فشاری وەڵامدانەوە بەم خەباتە چینایەتیەی ئەمڕۆی کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی هەژاری کوردستانە کە کۆمۆنیزمێکی نوێ دروست دەکا کە چیتر بەسەر ئەو سێکتاریستیەی گروپەکانی ئێستادا دابەش نەبن و گوێ بەو دابەشبونانە نەدەن کە قاڵبە ڕیکخراوەییەکان و بەرنامەجیاوازەکانیان دروستی کردوە. ئەمە ئەو ڕێگاچارەیەیە کە لەلایەک کۆمۆنیستەکان و گروپە ڕۆشنبیرەکانی لەناو چینەکەدا چالاک دەکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە لەنێوخۆیاندا یەکگرتوویان دەکا و هەردوو ئەم کارە پرۆسەی دروستکردنی حزبێکی کرێکاریە کە جێگای گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێستا دەگرێتەوە و سنوری ئەم دابەش بونەی کۆمۆنیستەکان بەسەر گروپەکانی ئێستادا تێدەپەڕێنێ. ئەمە هەم پرۆسەی گۆڕینی کۆمەڵگە و هەم پرۆسەی گۆڕینی جێگاوڕێگا و خۆپێناسەکردنەوەیەکی تیۆری و پراتیکی سەردەمی کۆمۆنیزمە. هەروەک تۆ بەدروستی دەلێیت ” لەودەرفەتانەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان زیاتر چاوەڕێی چی دەکرێت؟”.

هەربۆیە دەخاڵەتی یەکگرتوانەی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ جەماوەری ناڕازیدا ئەمڕۆ پێویستە. هەر لە خستنەڕووی دروشم و داواکاری ، بۆ نمونە لەجۆری ئەو دروشمەی ئێوە لە ڕانیە کە دەڵێ ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپۆزسێۆنی ساختە، یاخود پلاتفۆرمی “ڕاگەیاندنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ناڕازی کوردستان” کە وەک  کۆمەڵیک لە هەڵسوراوانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدەرەوەو ناوەوەی کوردستان بڵاومان کردەوە. وە هەروەها دروستکردنی گروپ و دەستەی ناڕەزایەتیەکان و کۆکردنەوەی هەڵسوڕاوان لە شیوازی جۆراوجۆری ڕیکخراودا دەتوانێ ئەو بەدیلەی دۆخی ئێستا بێت کە گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان بگۆڕێ. ئێمە دەبێ تەنیا چاوەڕوانی و گلەیی کردن نەبین لەوەی بۆچی کۆمۆنیستەکان لە ناڕەزایەتیەکاندا غائبن و یەکناگرن و بۆچی واز لە گروپ چێتی و دەستەچێتی و سێکتاریزم ناهێنن؟ بەڵکو دەبێ ئەو دۆخە نوێیە لە خەباتی چیانیەتیدا دروست بکەین کە ئەم واقعەی ئێستامان دەگۆڕێت. بێگومان ڕەخنەی تیۆری و سیاسی لە کەموکوڕیەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و ناسینی گرفتە فکری و سیاسیەکان و کەموکورتی تەجروبەکانی پێشوو گرنگە، بەڵام ئەم ڕەخنانە دەبێ لە پرۆسەیەکی پراتیکی جەماوەری و چینایەتیدا بچێتە پێشەوە تاکو گۆڕانکاری ڕیشەیی لەم دۆخە لاواز و نەخوازراوەی کۆمۆنیزمدا دروست بکا. ئەمانە ئەو هەوڵانەن کە هەرکاممان لەلایەن خۆمانەوە دەبێ بینێین و پێکەوە لەسەریان لەگەڵ یەکتردا کاربکەین بۆ گەیشتن بە ڕیزێکی یەکگرتووی کرێکاری و کۆمۆنیستی.

جارێکی تریش سوپاس بۆ خستنەڕووی ئەم پرسە گرنگانە و هیوادارم دایەلۆگی زیاتر  لەسەریان بکەین بۆ گەیشتن بە بۆچونی هاوبەش و ڕێگاچارەی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و پەرژوبڵاویەکانی بزوتنەوەکەمان. بێگومان بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە کێشە و ئەزمەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و تەجروبەی سێ دەیەیەی ڕابردوی پراتیکی ئەم کۆمۆنیزمە لە کوردستان دەتوانی سەیری کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” بکەیت کە لە بەشەکان و چاپتەرەکانی ئەم کتێبەدا لەسەر ئەو کێشانە و هۆکارەکان و لە چاپتەری ٢٤ یشدا لەسەر ڕێگاچارەکان قسەکراوە.

سەرکەوتوبن

 

 

 

Add Comment

Click here to post a comment