ژنان

هیستریای بەرپرسی ژنۆلۆژی لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان”چی دەگەیەنێ؟

هیستریای بەرپرسی ژنۆلۆژی لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان”چی دەگەیەنێ؟
نەجیبە قەردەاغی بەرپرسی دەزگای ژنۆلۆژی پەکەکە پۆستێکی لە فەیس بوک کردوە لەسەر کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” ڕەخنە لە “تێزەکانی ژنۆلۆژی سەبارەت بەمەسەلەی ژن و سێکس و ئازادی” کە من لە ١٨٨لاپەڕەدا خستومەتە ڕوو.
سەرەتا با بەوە دەست پی بکەم کە من پێشوازی لە هەر جەدەل و ئارگومێنتێک و سەلماندنێکی زانستیانە دەکەم ئەگەر ڕەخنە بێ لە بۆچونەکانم لەو کتێبەدا ، ئەوانەشی وەک نەجیبە قەرەداغی دەیانەوێت ڕەخنە بە دادگا لێ گرتن وەڵام بدەنەوە هەر ئازادن .
لە کۆتایی ئەم وەلامەدا تێکستەکەی نەجیبە قەرەداغی دادەنێم بۆ ئاگاداری خوێنەر. هەروەها لە کۆمینتی یەکەمدا لینکی ئەلیکترۆنی کتێبی ” ژنۆفۆبیای ئۆجەلان ” دادەنێم .
نەجیبە قەرەداغی هەروەک خۆی دەڵێ” زۆرم بۆ خۆم هێنا کە تا لاپەڕە ٢٠ تەواو بکەم و بەر لەوەی تەواوی بکەم وازم لێهێنا” ، بە ڕاستی سەیرە کە کەسێک کە بەرپرسی دەزگای بڵاوکردنەوەی فکری ئۆجالانە بۆ “ژنۆلۆژی” نەتوانێت بەرگەی ڕەخنە لێ گرنتی ئەو فکرە بگرێت تا بزانێت رای جیاوازی و دەرەوەی خۆیان چیە لەسەری !! .. لەجیاتی ئەوەی جەدەل و ئارگومێنت بکا ، دەستی کردوە بە بوختان بەبێ ئەوەی بیسەلمێنێ ، بە داخەوە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەزگایە و ئەم بەرپرسەکەی کاریان سەپاندنی ئەو فکری ئۆجەلانە و هیچی تر.
بۆیە لەبەرئەوەی نەجیبە قەرەداغی زانیاری لەسەر بۆچون و ڕەخنەکانی من لەو کتێبەدا نیە و نەیخوێندۆتەوە، من وەڵامی هیچ کام لەو ئەنجامگیریانەی نادەمەوە و بەگرنگی نازانم. بە ڵام چەن خاڵێک گرنگە بۆ بەرچاو ڕۆشنی خوێنەر :
– ئەو پەنا بۆچەواشە کاری دەبات تا خوێنەر دوورخاتەوە لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان ” ، هەربۆیە هەوڵێکی داوە کە دەمی ڕەخنە لە ئۆجەلان داخات بە پەنا بردن بۆ تۆمەت دانە پاڵ نوسەر بەوەی کە ئەمەی بوختانە و ئەوەی درۆیە و شتی لەم بابەتە ، کە هیچ کام لەوانە ئەسڵی نیە و راست نیە . کتێبەکەی منیش و کتێبی “ژنۆلۆجی” ئۆجەلانیش وا لەبەردەست هەر کە سێکدایە کە بیەوێت بۆ خۆی هەڵیسەنگێنێت و ئەنجامگیری لی بکات و تەنانەت بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت تۆمەتەکانی نەجیبە خان بسەلمێنیت . لێرەدا هەم من و هەم نەجیبە خان و دەزگاکەی دەبێت ڕێز لە خوێنەر بگرن و وازیان لێ بێنن ئازادانە کتێبەکان بخوێننەوە ، نەک پەنا ببەین بۆ چەواشەکاری ، کە بە داخەوە ئەوە ئامانجی سەرەکی پۆستەکەیەتی بۆ خوێنەرەکانی ، نەک زانینی حەقیقەت و ڕاستی ڕەخنەکان لە ژنۆلۆژی ئۆجەلان و ئەو بەڵگە و سەلمێنراوە زانستیانەی من لەو کتێبە ١٨٨ لاپەڕەیەدا هێناومە .
هەموو بۆچونەکانی ئۆجەلان لەسەر ژن و لەسەر ئایین کە لەم کتێبەدا ڕەخنەی لیگیراوە لە هەردوو کتێبی ” ژنۆلۆژی ” و ” ئۆجەلان – کتێبی(خەڵک و ڕێبەری)” وەرگیراوە ، و هەموو قسەکانی ئۆجەلانم لەسەر دین و ئیسلام هێناوەتەوە و ژمارەی لاپەڕەکان و سەرچاوەکەم داناوە. نەجیبە خان دەتوانێت بیسەلمێنێ کە ئەو قسانە لەو کتێبەی ئۆجەلاندا نەهاتوە. تا خوێنەر بزانێ کێ درۆ دەکات ؟
هەروەها نەجیبە دەڵێ” ئەوەش زیاد بکەم بەکارهێنانی دەستەواژەی ” ژن بەڵایە” دەستەواژەی ئۆجالان نیە و نوسەر درۆ دەکات و نازانم ئەوەی لە کوێ هێناوە. ” ..
لەوەڵام بەم بوختانەی دا من وێنەی ئەو لاپەڕەیەتان بۆ دادەنیم لە کتێبی ” ژنۆلۆژی ” و لێرەشدا دەقی قسەکانی دەنوسمەوە ، ئۆجەلان دەڵیت
“بابەتی ژن دەستی پێکرد.تامۆخی ئێسقان هەستم بەو بەڵایە کردبوو کە لە ڕێگای ژنەوە بەسەر من و بزوتنەوەکەماندا کەڵەکە ببوو..زیادبونی ژمارەی کچە لاوەکان لە ڕیزەکانی بزوتنەوەکەمان دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کێشەی ئازادی ژن دەبوو بە ناچاریەک”* . ل ١٦٨-١٦٩ (ئۆجەلان – ژنۆلۆژی)
ئەم پۆستەی نەجیبە قەرەداغی پڕە لە بوختان و چەواشەکاری ، ئامانجی یەک شتە ، ئەویش گەوجکردنی خوێنەرەکانێتی بەوەی نەفرەتی کوێرانە لەهەر ڕەخنەیەک بکەن کە لە ئۆجەلان و فکر و بۆچونەکانی و ڕەخنە لەپەکەکە بگیرێت. ئەمە شێوازێکی دیماگۆگیانەی حزبە ڕەفتار سەرکوتگەرەکانە کە ڕێگە بەهیچ ڕەخنەیەک و ئۆپۆزسیۆن بونێکیان نادەن و هیچ تۆلیرانس و فەرهەنگێکی گفتوگۆ و ئارگومێنتیان نیە. بەڵام خوێنەری خوێنەری کوردستان ئەمڕۆ لەوە هوشیارتر و زانستخوازترە کە دەرگای ڕەخنە و زانینی ڕاستیەکان بەم شێوازە هیستیریایی یە لەسەر مێشکی خۆی دابخا !
من بەدوور لە تەشهیرات و جیاواز لە فەرهەنگی ترس لە ڕەخنە و زانست، کە نەجیبە قەرەداغی پەنای بۆبردوە، بە میتۆدێکی زانستی بەراوردی “ژنۆلۆژی” ئۆجەلانم لەگەڵ زانستێکی کۆمەڵایەتیدا کردوە و نازانستی تێزەکانی ئۆجەلانم لەم بوارەدا خستۆتە ڕوو ، هەربۆیە لایەنگرانی ئۆجەلانیش دەتوانن هەمان کاربکەن ئەگەر جەدەلی زانستیان دەوێ نەک بوختان و تەشهیر، کە بەڕای من نیشانەی داماوی فکر و نەبونی دیدی زانستیە.
ئاسۆ کەماڵ
نوسەری کتێبی ژنۆفۆبیای ئۆجەلان
———————————————————————————————-
پۆستەکەی نەجیبە قەرەداغی :
” دەیان کەس کتێبێکیان بۆ ناردوم کە لە ژێر ناوی رەخنە گرتن دا کەسێک بەناوی ئاسۆ کەمال بەناوی ژنۆفۆبیای ئۆجالان لە دژی کتێبی دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی نوسیویەتی
لەگەڵ ئەوەی کە تایتلی کتێبەکە زۆر مەبەستدار و راستەوخۆ خودی ئۆجالان دەکاتە ئامانج من کاتم بۆ تەرخان کرد کە بیخوێنمەوە بەلام راستیتان بوێت زۆرم بۆ خۆم هێنا کە تا لاپەڕە ٢٠ تەواو بکەم و بەر لەوەی تەواوی بکەم وازم لێهێنا لەبەرئەوەی کە شایانی تەواو کردن نیە و حەیفە کات لە خوێنندەوەی دا بە فیرۆ بدرێت. بەلام لە دەرئەنجامی ئەو ٢٠ لاپەڕەیە دەبێ بلێم نوسەر
١- زۆر بێ ئاگایە لە ئۆجالان و کارەکانی و بزوتنەوەکەی
٢- ماڵت بڕمێ هەر ئەوەندە تێگەیشتووی لە چەمکی خوداوەند لای ئۆجالان ؟. زەحمەتت بکێشایە لە دەرەوەی ئۆجالان بە دوای ئەو سەرچاوە، نوسەر و ئاکادیمیسیان و ئەو هەزاران کتێبە مێژووییەدا بچوتیایە کە لەسەر چەمکی خوداوەند، فریشتە و ئەفرۆدێت نوسراوە
٣- ئەو تەسک کردنەوەی واتای سێکس لە مەسەلەیەکی جەستەیی دا تەواو تێگەیشتنی سیستەمی سەردەستە و دەسەڵاتدار و ناوەندەکانیەتی و زۆر زۆر دووری لەوەی لە تێگەیشتنی ئۆجالان لە سێكس تێبگەی.
چارەسەرنەکردنی چەمکی سێکس و بەردەوام بەستنەوەی بە جەستەوە، لە جەستەی دا ژن دا مرۆڤایەتی هێناوەتە بەردەم کاوۆسێکی گەورە
بۆ ئاگاداریت تا سەدەی ١٧ مرۆڤایەتی تەنیا ٢٠٠ ملیۆن بوو ئێستا ٧ ملیار و ٦٠٠ ملیۆنە لەسەر حسابی جەستەی ژن. ئۆجالان باس لەو سێکسە دەکات کە تێکەڵ بە چەمکی دەسەڵات و هێز کراوە و ژن قوربانیەکەیەتی.
٤- نوسەر میتۆدی دەستبردنی بۆ چەمکەکانی ئابوری و ئازادی و هتد نەک هەر نەزانانەیە بەڵکو ئابوری لە واتا راستەقینەکە دووردەخاتەوە و دەگەرێنێتەوە باوەشی سیستەم
٥- لەگەڵ ئەوەی کە سەربەستە لە ئاست ئایین و بە تایەت ئیسلام چۆن بیر دەکاتەوە بەڵام درۆ کردن و لێکدانەوەی نابەجێ لەسەر ناوی ئۆجالان و ئەو هەموو دژایەتیە بێ واتایەی ئایین جگە بەرهەمهێنانی دژبەرێتی و بەهێز کردنی کۆنەپەرستی ئایینی نەبێت هیچی دیکە نیە. بێ ئاگایە لەوەی ئۆجالان جیا لە دەقەکانی پێشوتری لە ٥ کتێبی دوایی دا ئایین و پەیوەست بەوە ژن و خێزانی زۆر کۆمەڵناسیانە شیکردۆتەوە.
٦- ئەوەی کە نوسەر کردوویەتی هێرشێکی ناڕەوا و ئایدۆلۆژیە لەسەر ئۆجالانێک کە ١٨ ساڵە لە ژوورێکی زیندانێکی تاکەکەسی دایە. ئۆجالان ریفرانسی نوسینەکانی لە سەدان نوسەر،ئاکادیمی، بیرمەند و شوێنەوارناس، رێبەری بزوتنەوە و فێمینیست وەرگرتووە من پێم وایە کە ئەو هێرشەی کراوەتەسەر ئۆجالان لەسەر تەواوی ئەوانەی دیکەشە بە تایبەتی لە پرسی لێکدانەوەی کۆمەڵناسیانەی ئۆجالان بۆ چەمکی خوداوەند
ئەو کتێبەی نوسراوە هیچ بابەتیانە نیە و گوزارە لە راستی ناکات
مرۆڤ چۆن دەکرێت هێندە بێ ئاگا بیت لە شتێک و لەسەری بنوسی؟. لانی کەم داوای بکردایە دەرگای گفتوگۆیەکی بکرایەتەوە لەسەر ئەو بابەتە، ئەگەر بە راستی لانی کەمی وەلامی پرسیارەکانی نەگرتایە دەکرا پێداگری لەسەر دیدی خۆی بکات، لە جێی ئەوەی کە گەمە بە رستە و زانیاری بکات.
ئەوەش زیاد بکەم بەکارهێنانی دەستەواژەی ” ژن بەڵایە” دەستەواژەی ئۆجالان نیە و نوسەر درۆ دەکات و نازانم ئەوەی لە کوێ هێناوە. “
جێی ئەوەیە کە هاوڕێکانم لە کوردستان لێکۆڵینەوەی لێ بکەن و نوسەر بدەنە دادگا ئەگەر ئەوە نەکەن من لە رێی پارێزەرەوە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ئەوە دەکەم چ جورئەتێکە پێت وایە کە ئەو مرۆڤە هەموو ژیانی بۆ ئەو دۆزە داوە تۆ بە ئاسانی بەسەری دوگمەی کۆمپیتۆرەکەت لەسەر ناوی ئەو درۆ بکەی.
لێرەدا مەبەست دەم قفلکردنی خەڵک نیە کە چی بنوسێ و چی بلێ بەڵام نەزانانە نوسین و وتن لەسەر کەسانێک کە نایناسی دەبێ هەروا بە ئاسانی تێپەڕ نەبێت بەسەر هیچ کەسێکی کە باوەڕی بە دادوەری و ئازادی هەیە. چ جا کەسێک کە خۆی ناتوانێ وەلامت بداتەوە لەبەرئەوەی کە لە زینداندیە، بەڵام من بەدلنیاییەوە بە رێی نامەیەک پاریزەرەکانی ئاگادار دەکەمەوە بە تایبەت لەسەر ئەو دەستەواژە و وشانەی کە بەناوی ئەوەوە بەکارهێنراوە